Home / هاوپۆلنه‌كراو / ئافرەتی رووناكبیری هۆشیاری كورد نەجیبە خانی جەلیل زادە 1917 – 1999

ئافرەتی رووناكبیری هۆشیاری كورد نەجیبە خانی جەلیل زادە 1917 – 1999

18644583_1425642930851149_738808580_n

نةجيبة

ئا: كەریم شارەزا

نەجیبە خانی جەلیل زادە كچە گەورەی مەلا محەمەدی كۆیی، زاناو شاعیری ناسراو بە (مەلای گەورە)، لە ڕۆژی 8/9/1917 دا لە گەڕەكی بایزاغای شاری كۆیە، شاری ئەدەب‌و هونەرو خەباتی كوردایەتی چاوی ژیانی هەڵێناوە. مەلای گەورە باوكی مەلایەكی زاناو شاعیرێكی شیعری نەتەوایەتی‌و كۆمەڵایەتی لێهاتوو بووە. لەو كاتەی كە خەڵكی شاری كۆیە لەدوای بڕانەوەی جەنگی یەكەمی جیهانیدا كوڕەكانیان نەدەناردە تۆپخانەی ڕەسمی، ئەو زانا واقیعی‌و پێشكەوتنخوازە ئەم كچەی خۆی لەگەڵ كوڕان لەساڵی 1924دا لە قوتابخانە سەرەتاییەكەی كۆیەی لەبەر خوێندن دانا.
ئەو هەڵوێستە بەرزەی ئەو زانایە باوكانی هاندا تاكو ڕۆڵەكانیان بخەنە بەر خوێندنی قوتابخانەكەو نەجیبە خان تاكو پۆلی پێنجەم لەو قوتابخانەیەدا لەگەڵ كوڕان خوێندی‌و بەو پێیە قوتابخانەكەی كۆیە بووە یەكەمین قوتابخانەی تێكەڵاو (مختلگ)ی كوڕان‌و كچان لەهەموو كوردستان‌و ئیراقدا. یەكەمین قوتابخانەی كچان بەجودا لە پایزی 1933 دا لەكۆیە كراوەتەوەو لەسەرەتادا نەجیبەخان بووەتە سەرپەرشتی تاكو بەڕێوەبەرو مامۆستای ئافرەتی بۆ هاتووە.
ئەم خاتوونە زیرەك‌و هۆشیارە لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمەوە تێكەڵ بە خەباتی سیاسی میللەتەكەی بووەو لایەنگرێكی دڵسۆزو چالاكی(حزبی هیوا) بووەو ئافرەتانی هۆشیار كردۆتەوە بۆ خەبات كردنی لە پێناوی وەدەستهێنانی مافی خۆیان‌و نەتەوەكەیان.
لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16/8/ 1946دا بە سەرۆكایەتی مەلا مستەفای بارزانی نەمر، بووەتە ئەندامێكی دڵسۆزی ئەو حزبە دیموكراتیە نەتەوەییە پێشكەوتنخوازەی كورد‌و دەورێكی باشیشی بووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سیاسی لەنێو ئافرەتانی كوردستان لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازی محەمەد لەگەڵ دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە 11/12/1952 دا دەورێكی باشی لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا تییا گێڕاوەو بەنهێنی بە سەرۆكی لقی ئەو یەكێتیە لەشاری كۆیە دانراوەو دەورێكی باشی لەنێو ئافرەتاندا گێڕاوە بۆ كۆبوونەوەیان لەدەوری ڕێكخراوەكەیاندا.
نەجیبەخان لە ساڵانی 1958، 1959، 1960یشدا لەدوای هەڵگیرسانی شۆرشی 14ی تەمووزی 1958 بە شێوەیەكی ئاشكرا بەسەرۆكی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان- لقی كۆیە هەڵبژێردراوەو بەناوی ئەو ڕێكخراوەوە لە ئاهەنگ‌و بۆنە نیشتیمانییەكان وتاری خوێندۆتەوەو مێژووی بزووتنەوەی ئافرەتانی كوردی بۆ خەڵكەكەشی كردۆتەوە.
جگە لە چاڵاكیی سیاسی، لەناو كۆمەڵی ئافرەتان دەورێكی باشیشی بووە لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری كۆمەلایەتیان‌و رێزلێنان لە دەوری ئافرەت لەبەرەو پێشەوە بردنی كۆمەڵی كوردەواری‌و دووركەوتنەوە لە دابو نەریتی كۆنی لە كەلك كەوتوو ‌و گرتنی دابوو دەستووری نوێی سوود بەخش بۆمیللەتی كوردو لە كۆڕو كۆبوونەوەی جەماوەریی هەموو هەولێكی ئەوەبوو پیاوان ڕێز لە ئافرەتان بگرن‌و بە چاوی یەكسانی لەگەڵ پیاودا لەمافی ژیان‌و هەڵس‌و كەوتیان‌و دەوریان لە كۆمەڵگادا بنواڕن‌و جیاوازیی لەنێوان پیاو ژن لە پێشخستنی كۆمەڵی كوردەواریی نەهێڵن.
خاتوو نەجیبە خان لەدوای نسكۆهێنانی شۆڕشی ئەیلوولی ڕزگاریخواز بەپیلانە چەپەلەكی جەزائیر 6/3/1975، لەساڵانی 1975-1977 لەئیران ماوەتەوە، ئەشكەنجەو ئازاری ژیانی ئاوارەیی‌و دەربەدەری چ ەشتووە، ئینجا گەڕاوەتەوە شاری كۆیەو دەورێكی كۆمەڵایەتی وەك حەپسەخانی نەقیب لە سلێمانی ئەم لە شارەكەی خۆی بینیوە‌و هەموو لایەكیش ڕێزێكی زۆریان لێناوە، تاكو لەدوا دوای ژیانی هاتۆتە شاری هەولێری پایتەخت‌و لەئەنجامی پیریی تووشی نەخۆشیی ئێسكە نەرمەی لاقی بووە تاكو لە شەوی 11 لەسەر 12ی حوزەیرانی 1999دا لەتەمەنی 82 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە‌و تەرمەكەی لە بەرەبەیانی 12/6/1999 دا لە گۆڕستانی دەروێش خدر لەكۆیە، لە پاڵ گۆڕی باوك‌و باپیرانی بەخاك سپێردراوە.
ئەم ئافرەتە ڕۆشنبیرو ئەدەب پەروەرە لە ماوەی ژیانیدا 3 بەرگ لە (تەفسیری قورئان) كە مەلای گەورەی باوكی كردوویەتی بە چاپ گەیاندووە. لەنووسینەكانی خۆیشی كۆمەڵێك بەرهەمی مێژوویی بەدەستنووسی لەپاش بەجێماوە لەوانە:
1-مێژووی كۆیە
2-مێژووی بنەماڵەی جەلیل زادە
3-ڕووداوەكانی شۆڕشی ئەیلوول
4-كۆمەلێك لە چیڕۆكی فۆلكلۆری كوردی.
ئەو ئافرەتە، كەسایەتیەكی ڕاستگۆیی قسە لەڕووبوو، لەهەر كۆڕو دانیشتنێكدا گەر ئافرەتێك قسەیەكی ناشایستەی كردبایە ڕایدەگرت‌و هەڵەكەی بۆ ڕاست دەكردەوە.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

پێگەی ئافرەت لە شارستانیەتی یۆنانی کۆندا

ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح هەروەک لای هەموومان زانراوە کە کۆمەڵگای یۆنانی کاریگەری بەسەر بیرکردنەوەکانی تەواوی کۆمەڵگاکانی …