Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / دەستنووسە کوردییەکان لە ئەرشیڤی ئەڵمانیدا

دەستنووسە کوردییەکان لە ئەرشیڤی ئەڵمانیدا

بەکر شوانی

August Petermann

ئەوگوست پیتەرمان

پسپۆر و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕۆژئاوایی لە نیوەی یەکەمی سەدەیەی نۆزدەیەمدا گرانیان خستووە سەر لێکۆڵێنەوەی زمانەکانی فارسی و عەرەبی و عوسمانی و لە نیوەی دووەمی هەمان سەدەیشدا دەستیان کردووە بە توێژینەوەی زمان و ئەدەبی کوردی. لە ئەنجامدا لە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر دەستنووسی کوردی ئەرشیڤ کراون و پارێزراون. دیارە لە ئەرشیڤ و کتێبخانەکانی تورکیا و ئێران و چەند وڵاتێکی عەرەبیشدا ژمارەیەکی زۆر دەستنووسی کوردی هەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەناوی دەستنووسی کوردی و کوردەوە تۆمار نەکراون. ئەمەیش گەڕان بەدوای ئەو دەستنووسانەدا دژوار دەکات و لەبەرئەوە نازانین چەند دەستنووس و کتێبی کونی کوردی لە ئەرشیڤی ئەو وڵاتانەدا هەیە.

بەڵام ئەو دەستنووسانەی کە لە سەدەکانی ڕابردوودا لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەکانەوە لە کوردستان بە دەست خراون، لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕووسیادا پۆڵێن کراون و لە مۆزەخانە و کتێبخانەکاندا پارێزراون. هەموو ئەو دەستنووسە کوردییانەی کە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا لەلایەن باڵیۆزی ڕووسیا ئەلێکساندەر ژاباوە لە باکوری کوردستان و ئەوانەی لەلایەن نیکۆلای خانیکۆڤەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆ کراونەتەوە، لە شاری سانت پێتەرسبورگ پارێزراون.

پسپۆر و ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانیش لە هەمان ماوەی زەمەنیدا ژمارەیەکی زۆر دەستنووسی کوردییان پەیداکردووە. جوگرافیاناس ئەوگوست پیتەرمان لە ساڵانی ١٨٥٠دا کۆمەڵێك دەستنووسی بۆ ئەڵمانیا هێناوەتەوە. ڕۆژهەڵاتناس ئێدوارد شاو لە ساڵانی ١٨٧٠-١٨٨٠ لە سووریا و میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی زنجیرەیەك لێکۆڵینەوە و گەڕاندا ژمارەیەك دەستنووسی زمانەوانی و وێژەیی کوردی پەیدا کردووە و هێناوێتییەوە بۆ ئەڵمانیا. شاو لە موسڵدا مەم و زینی ئەحمەدێ خانیی بۆ عەرەبی بە وەرگێڕان داوە و ئەو نموونەیەشی هێناوەتەوە بۆ ئەڵمانیا. ئۆسکار مانیش لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بڕێکی زۆر دەستنووسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیدا کردووە کە بەشی زۆریان بە شێوەزارەکانی موکریانی (کرمانجیی ناوەڕاست) و گۆرانی نووسراون.

Eduuard Sachau

ئێدوارد شاو

دەستنووسە کوردییەکانی پارێزراو لە ئەرشیڤەکانی ئەڵمانیادا بە ڕێنووسی فارسی یان عەرەبی نووسراون و زیاتریش بە زاراوەکانی کرمانجی و موکری و گۆرانین. ئەوەی مایەی سەرنجە، سەدان ساڵ لەمەوبەر شیعری هەندێك لە شاعیرانی کورد لە زاراوەی شاعیرەوە بۆ زاراوەیەکی تری کوردی وەرگێڕدراوە. هەر لە میانەی ئەو دەستنووسانەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت شیعری هەندێك لە شاعیرانی ئێمە پێش ١٥٠-٢٠٠ ساڵ بۆ عەرەبی و فارسی و تورکی وەرگێڕدراون. خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە مەم و زین و نوبەهاری خانی و دیوانی مەلای جزیری و شێخی سەنعانی فەقێی تەیران لەو سەردەمەدا بە هەموو کوردستانی گەورەدا بڵاو بوونەتەوە، چونکە ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمان لە نزیکەی هەموو سەرزەمینی کوردستان دەستنووسی ئەو بەرهەمانەیان کۆ کردووەتەوە.

ژمارەی نووسەران و شاعیرانی دەستنووسە کوردییەکانی ئەڵمانیا نزیکەی ١١٠ کەسن و ئەمەیش نیشانەی دەوڵەمەندیی ئەو سەرچاوانەیە. بەشێکیش لەو شاعیر و نووسەرانە تەنیا لە ناوچە و هەرێمەکانی خۆیاندا ناسراو بوون و هۆکاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ نالەباریی بارودۆخی پەیوەندیکردن لەو سەردەمەدا. هەر لە ناو ئەو دەستنووسە کوردییانەدا دەستنووسی وەهای تێدایە کە تا ئێستا توێزژینەوەی لەسەر نەکراوە. بۆ نموونە؛ ئەلێکساندەر ژابا ساڵانی ١٨٧٩-١٨٨١ کۆمەڵێك دەستنووسی مەلا مەحموود بایەزیدی بۆ پرۆفیسۆر فەردیناند جوستی ناردووە، ئەویش هەندێکی لێیان جاپ کردووە و پاشماوەیەکەشی وەك خۆی بە دەست لێ نەدراوی ماوەتەوە. دەستنووسە کوردییە دەست لێ نەدراوەکانی ناو ئەرشیڤەکانی ئەڵمانیا و ڕووسیا چاوەڕێی لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوە و چاپکردنن. ئاخر ئەو دەستنووسانە گرنگترین میرات و سەرچاوەی مێژووی کولتووری ئێمەن و بایەخێکی زۆری هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوو و زمان و وێژە و ئەنتۆگرافیای کوردی و هەمان کاتیش بەشێکن لە مێژووی کولتووری مرۆڤایەتی لە سەردەمەکانی ڕابردوودا.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …