Home / بەشی مێژووی كورد / ئاوڕدانەوەیەک لە نیگارە تەمەن نزیکی چوار هەزار ساڵەکەی دەربەند بێلولەی ناوچەی دەربەندیخان

ئاوڕدانەوەیەک لە نیگارە تەمەن نزیکی چوار هەزار ساڵەکەی دەربەند بێلولەی ناوچەی دەربەندیخان

10522601_814505975344121_1040167858657508375_n

ئاوڕدانەوەیەک لە نیگارە تەمەن نزیکی چوار هەزار ساڵەکەی دەربەند بێلولەی ناوچەی دەربەندیخان
نووسینی سۆران حەمەڕەش
کەم نەتەوە هەیە هێندەی کورد لە فەرهەنگی خۆی دابڕابێت و بزر بووبێت. هەر لە منداڵیەوە فارس و عەرەب و تورک هێندە بابەتی مێژوویی دوێنێی خۆیان خستۆتە مێشکیەوە، لە ئاکامدا کورد وایلێهاتووە زۆر جار وەک کەسێکی نامۆ بەم خاک و فەرهەنگە مامەڵە دەکات. کۆڕشی فارس کە دڵۆپێکە بەرامبەر بە دەریای فەرهەنگ و مێژووی کورد، وا لە کورد مەزن کراوە کە لە ناوەکەی بترسێت. فیردەوسی، کە لە فیکرا ناگاتە ئەژنۆی فەیلەسوفێکی وەک سورەوەردی و شەمسەدینی شارەزووری، کراوەتە فەیلەسوفێک کە کوردی داماوی پێ سەرسام کراوە. من لەوە تێدەگەم کە بۆ لە ڕابردوودا ئەوە ڕوویداوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم هەلومەرجە نەگونجاو و نالەبارە هەر بەردەوامە.
ناکرێت هەر لۆمەی خەڵک بکەین، زۆر جار دەبێت گلەیی لە خۆشمان بکەین. لە وڵاتی بەریتانیادا شوێنەوارێکی مێژووییی هەیە کە پێی دەگووترێت Stonehenge ، ئەوەی کە لەو شوێنەوارە جێماوە کۆمەڵێک گابەردن، بێ ئەوەی کە شوێنی نووسینێک یان نەخشێک جێمابێت، سەرەڕای ئەوە بە سەدان لێکۆڵینەوە و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی لەسەر ئەو شوێنەوارە کراوە و بووەتە سیمبوڵێکی مێژوویی ئەو وڵاتە. کەچی لە کوردستاندا دەیان نیگاری هەڵکەندراوی سەر چیاکان هەن کە باوباپیرانمان لە ڕێگایانەوە ویستوویانە بەشێک لە ژیان و کەسایەتی سەردەمە جیاوازەکانی خۆیانمان بۆ تۆمار بکەن، سەرەڕای ئەوە زۆرینەیان خەڵک لێی ئاگادار نین و خوێندەوارەکانیشمان شتێکی ئەوتۆ سەبارەتیان نازانن.
ئەو نیگارانە هەندێکیان تەمەنیان هەزاران ساڵە و هەندێکی تریان تەمەنیان نزیکی دوو هەزار ساڵە. هەندێکیان دەمێکە خەڵک لێیان ئاگادارە و هەندێکی تریان لە ساڵی ١٩٩٩ دا دۆزراونەتەوە. هەندێک لەو نیگارانە لەسەر چیا هەڵکەندراون و هەندێکیان لەسەر پارچە بەردن و براون بۆ مۆزەخانەی وڵاتانی تر. گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
نیگاری پاشای دەربەند گاورەی قۆپی قەراخ لە نزیک سلێمانی (بە هەڵە ناسراو بە نارام سین)
نیگاری دەربەند بێلولەی نزیک دەربەندیخان.
نیگاری بێتواتە کە لە نزیک ڕانیە دۆزراوەتەوە (ئەم نیگارە کە هی پادشا ئیدی سین- ە و پاشایەکی ناوچەکە بووە، لە ساڵی ١٩٧٢ وە لە کوردستاندا نەماوە و بازرگانێکبە مۆزەخانەی ئیسرائیلی فرۆشتووە).
چوار نیگار لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو کە ناودارترینیان ئەوەی ئانوبانینیە
نیگاری میرقوڵی نزیک چیای پیرەمەگرون/سلێمانی
نیگاری ڕەبەنە نزیک چیای پیرەمەگرون/سلێمانی
نیگاری ئێزدی هەزەبانی لە ناوچەی هەریر/هەولێر
چەند نیگارێک لە نزیک شاری دهۆک کە هەندێکیان لەم دواییەدا زۆر زیانیان پێ گەیەندراوە
لە ڕاستیدا چەندین نیگاری تری هەڵکەندراو لە کوردستاندا هەن، ئەوانە تەنها هەندێکیان بوون. یەکێک لەو نیگارانەی کە دەمێکە دەمەوێت بیبینم و لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە، نیگاری دەربەند بێلولەیە. خۆشبەختانە هاوڕێیەکی خۆشەویستم کە خەڵکی ئەو ناوچەیەیە، ئاسانکاری بۆ کردم کە لە ڕۆژی ٢٢/٣/٢٠١٦ دا بتوانم بۆ یەکەم جار سەردانی ئەو ناوچەیە بکەم. ناوچەی دەربەندیخان ناوچەیەکی گرنگی مێژووییە و بە دڵنیایی لەو دەڤەرەدا چەندین پاشماوەی دێرین هەیە. لە هەندێک دەربەند دا لەو ناوچەیە، پاشماوەی قەڵای زۆر نایاب لەسەر لوتکەی شاخەکان بەدی دەکرێت و لە زۆر شوێندا مەزاری دێرینی پیاوی ئاینی بەدی دەکرێت. تەنانەت ناوی گوند و شاخەکانیش دێرینیان پێوە دیارە. ناوی وەک شاخۆشین، پساکان، بەمۆ، شەیتا بازاڕ… لەوێ دەبیستیت. بەڵام بە گشتی ناوچەکە و ئاسەوارەکانی بە تەواوی لەبیرکراون و کە دەچیتە ئەو دەڤەرە، لە کاتێکدا هەست بە دێرینی ناوچەکە دەکەیت، لە هەمان کاتدا هەست بەوە دەکەیت کە ناوچەکە دابڕاوە.
لە دەڤەری دەربەندیخان نیگارە گرنگەکەی دەربەند بێلولەی تێدایە. ئەو نیگارە لەسەر شاخێک لە دەربەندێکدا دروستکراوە. لە تەنیشت نیگارەکەوە هەندێک نووسین بەرچاو دەکەوێت. نیگارەکە پانی ٨٣ سم و بەرزی ٨٩ سم، واتە نزیکی نیوەی بەرزی باڵای مرۆڤێکە. لەبەر ئەوەی کە شوێنەکەی سەختە، بۆیە زۆر بەجوانی ماوەتەوە و نووسراو و ووردەکاری نیگارەکە دەتوانرێت بە ڕوونی ببینرێت (لەوە دەچێت لەم دواییەدا پاکرابێتەوە). بە گشتی نیگارە هەڵکەندراوەکە زیانی پێ نەگەیشتووە و دوای نزیکی چوار هەزار ساڵ مرۆڤ سەری لە پاکی و پوختی ئەو نیگارە سوڕدەمێنێت.
نووسراوەکە بە زمانی ئەکەدیە بەڵام پادشاکە پاشایەکی ناوچەکەیە و دەشێت گوتی، لۆلۆبی یان هوری بێت و زمانی خۆیان ئەکەدی نەبووە. جگە لەو شوێنە هەتاوەکو ئەمڕۆ ناوی ئەو پادشایە لە نووسراوی تردا نەدۆزراوەتەوە. هەندێک لە نووسراوەکە ناتوانرێت بخوێنرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە هەتاوەکو ئەمڕۆ خوێنراوەتەوە جگە لە ناوی پاشاکە کە بریتیە لە “تاردونی کوڕی ئیکی”، ئەمەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
……………………..
……………………
…. کوڕی………..
……………………..
نیگارێکی دروستکرد کاتێک ئەو/من (؟)..
لە خاکی…………..
هەر کەس ئەو نیگارە بشکێنێت
نەوەکان و ناوی
با خوداکانم عەداد (ئیشکور)
و شەماش (وتو)
لێرەدا ئەو نووسراوە تەمەن نزیک چوار هەزار ساڵە تەواو دەبێت کە تۆماری سەردەمێکی دێرینی کوردستانە. نووسراوەکە زیاتر بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوی پادشاکە و هەروەها تۆمارکردنی هەڕەشەی خوداکانە بە مەبەستی پاراستنی نیگارەکە لە دەستکاری. پادشاکە ویستوویەتی لە ڕێگای ئەو نیگارەوە دەسەڵات و هێزی خۆی بخاتە ڕوو لە ناوچەکەدا و بۆ نزیکی هەتایی ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار بکات.
وەک دەبینرێت لەو نیگارەدا، پادشاکە ڕیش تاشراوە و سنگی ڕوتە و پەشتەماڵێکی کورتی لەبەردایە کە لە کەمەرەوە تا ئەژنۆ دەگات، یەکێک لە دوژمنەکانی لەژێر پێیدان و ئەوی تریان لێی دەپاڕێتەوە. لە ڕاستیدا نیگارکێشانی پادشاکان بە چەکەوە و دوژمن لە ژێر پێدا و پاڕانەوە لێی، لە زۆربەی نیگارە دێرینەکانی کوردستاندا بە شێوەی جیاواز دووبارە بووەتەوە. لە نیگارەکانی سەرپێڵی زەهاو و نیگاری بێتواتەی نزیک ڕانیە و نیگارەکەی دەربەند گاورەی نزیک قەرەداخدا هاوبەشی زۆر بەدی دەکرێت.
ئەوەی مایەی سەرنجە، مرۆڤ بۆ ئەوەی ئاشنای ئەو نیگارانە بێت، دەبێت پەنا بۆ سەرچاوە ئەوروپیەکان بەرێت، دەنا لە کوردستاندا کاری زۆر دەگمەن سەبارەتیان کراوە. لە ڕاستیدا بەراوردکردنی نیگارە هەڵکەندراوەکانی کوردستان و لێکۆڵینەوە لەسەریان، زۆر لایەیەنی پەیوەندی ئاینی و فەرهەنگی سەردەمی دێرینی کوردستان و گۆڕانکاریەکانی دەخەنە ڕوو. بە داخەوە لێکۆڵینەوەی دەوڵەمەند و بەرنامەی دۆکیومێنتاری، هێشتا ئەو نیگارە جوان و دێرینانەی کوردستانی نەگرتۆتەوە و بەو جۆرە ئەو نیگارانەی کە تەمەنیان هەزاران ساڵە و لە کرماشانەوە هەتاوەکو باکوری کوردستان بەدی دەکرێن و پێش دەرکەوتنی ناوی فارس لە مێژوودا لەوێدا نەخشێراون، ئەمڕۆ بەبێ ناز و بێ ناسنامە و بەپشتوگێخراویی لەوێدا لەیادکراون و زۆرینە لێیان ئاگادار نین.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …