Home / بەشی مێژووی كورد / کوردانی خوراسان مێژویەکی کۆن و گەنجینەیەکی لە بیرکراو

کوردانی خوراسان مێژویەکی کۆن و گەنجینەیەکی لە بیرکراو

257492_800

شاسوار هەرشەمی…

چی له‌سه‌ر کوردستانه‌ دووره‌که‌ ده‌زانیت؟

ئێمە ھەمیشە و لە ھەموو بۆنەیەکدا، باسی کوردستان و گەلەکەی دەکەین. باسی بێمافی و بەشخوراوی گەلەکەی دەکەین. لە مێشکیشمان چەسپیوە، کە ئەو کوردستانەی مەبەستمانە، ھەمانە کە لە ساڵی ١٥١٤ز، بووە دوو پارچە و، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمیشەوە، کرا بە چوار پارچە. واتا ئەو (یەک) کوردستانەی لێی دەدوێین، ھەمان ئەو چوار پارچە ناسراوانەن. بەدەگمەن بەبیر خۆمانی دێنینەوە، کە دوو کوردستان ھەن. واتا ئێمە ھەر جەخت لەسەر ئەو پارچە گەورەترە دەکەین، کە کراوەتە چوار پارچە و، بەسەر دەوڵەتەکانی دەوروبەر دابەشکراون. لە ڕاستیدا کوردستانێکی دووری دیش ھەیە، کە بە ڕووبەری خاک و ژمارەی دانیشتوان، لە زۆر وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ و ناسراوی دنیا گەورەترە. با بە زمانێکی ڕوونتر بدوێم و بڵێم، کە لەناو سنوری دەوڵەتی ئێراندا، دوو کوردستان ھەن، کە لە ڕووی جوگرافیەوە، لێکدابڕاو و لێکدوورن. کوردستانی دووەم، کە ئێمە لەم گوتارەدا مەبەستمانە بیناسێنین، کەوتۆتە ئەوپەڕی باکوری ڕۆژھەڵات. واتا لە باکوری هه‌رێمی پان و پۆڕی خوڕاسان ھەڵکەوتووە. کوردەکانی ئەوێ، بە خاکی وڵاتی خۆیان دەڵێن (کوردخانە) و، ئێرانیەکانیش ناویان لێناوە (ئوستانی باکوری خوراسانی).

با بزانین ئەوانە کێن و بۆ لەوێن و لە کەیەوە لەوێ دەژین؟

بونی کورد لە خوراسان، کە بە سەدان میل لە کوردستان دوورە، بونێکی کاتی و ڕابردەیی و سەرپێیی نیە. کوردان لە خوراسان، خاوەنی نیشتمان و وڵاتێکن. ئەوان لەوێ، ھەموو مەرجەکانی گەلێکی ئازادە و سەربەخۆیان تێدایە. وەک خاک، زمان، مێژوی ھاوبەش و سەربەخۆ و، دابونەریتی تایبەت بە خۆیان. تا ئێستا بە دەیان نوسەر و مێژونوسی کورد، بە شێوە و ئاستی لێکجیا، لەسەر ئەو بەشەی کوردستانیان نوسیوە. ھەموو نوسینەکان، لە (خەوشێک)دا ھاوبەشن. خەوشەکە ئەوەیە کە ئەوان کوردیان لەوێ دیوە و خەڵکەکەیان، بە شێوەیەکی ئەتنی و نەژادی، وەکو کورد ناساندووە. واتا کوردانی کوردخانە، یان باکوری خوراسان، هه‌بوون و مێژویان، بە شێوەیەکی ئەتنی نوسراوەتەوە و، لە خاکەکەیان داپچڕێندراون، که‌ پتر له‌ هه‌زار ساڵه‌ تێیدا ده‌ژین و، گۆڕی باوک و باپیرانیان له‌وێیه‌. ئەمەش ھەمان ئەو ھەڵەیەیە، کە نوسەرو مێژونوسان، لە بارەی مێژومان بە گشتی دەینوسن. واتا لەجیاتی نوسین و ناساندنی مێژوی (نیشتیمانی)، ئەوانە مێژوی (نەتەوەیی) یان (ئەتنی) کوردان، بێ خاک و وڵات دەنوسنەوە. ئێمە لە گوتاری (ساسانیەکان، شانازیەکی تۆراو)دا، بە درێژی ئەو بۆچوونە ھەڵەیەمان، بۆ نوسینەوەی مێژو دەرخستووە.

لە بارەی ژمارەی کوردانی خوراسانەوە، تا ئێستا وەڵامێکی دروستی پشت بەستو بە ئامارمان لەبەردەستدا نیە. ئاماری سەرژمێری کردنی دانیشتوان لە ئێران، ھەروەک وڵاتانی دی ناوچەکەش، کە بەشێکی کوردستانیان لە ژێر دەستە، خۆی دەپارێزێ لە ھێماکردن بۆ پێکھاتەی نەتەوەیی گەلانی ناو سنوری دەوڵەتەکە. دیارە ئەمە بەو واتایە نیە، کە سەرژمێری لەم بابەتە بوونی نیە. ئەو جۆرە سەرژمێریانە، لەسەر ئاستی دەوڵەت و ناوچە و شار، لە ھەموو پارچەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن، بەڵام تەنیا بۆ دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی، سەر بە دەوڵەت ھەیە، تا سودیان لێ وەربگرن. واتا زانیاری زۆر نھێنین و، لە خەڵکی دی دەشاردرێنەوە. زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی کوردان، لە وڵاتانی ھاوسێ، به‌ لای به‌رپرسانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌، وەکو بۆمبێکی ئەتۆمی وایە و، ئاسایشی (دەوڵەت) تێکدەدات، بۆیەشە ئەو زانیاری و سەرژمێریانە، بە نھێنیه‌کانی دەوڵەت دادەنرێن. بە گوێرەی سەرچاوە کوردیە خۆجێییەکان و خەمڵاندنی شارەزایانی بیانی، ژمارەی کوردان لە باکوری خوراسان، خۆی لە دوو ملیۆن کەسێک دەدات.

به‌شی هه‌ره‌ زۆری کوردانی خوراسان، ھێشتا بە زمانی کوردی، شێوەزاری باکور، یان کرمانجی دەدوێن، سەرەڕای ئەوەش کە دەوڵەتی ناوەندی، ھەرگیز ڕێگای پێنەداون، گەشە بە زمان و فەرھەنگ و دابونەریتی کۆمەڵایەتی خۆیان بدەن. یاخود ڕێکخراوو دامەزراوەی تایبەت بەو مەبەستانەیان ھەبێت. یان بتوانن منداڵەکانیان فێری خوێندن و نوسین بە زمانی دایک بکەن.

بەھۆی ئەو لەمپەرە زۆرانەی لەسەر ڕێگای گەشەپێدانی فەرھەنگی، لەبەر دەمیان دایە. ھەروەھا بە ھۆی ڕێگری بەردەوامی دەوڵەت، لە بایەخ پێدان و گەشەپێدانی زمان. ھەروەھا بە ھۆی نەبونی ھیچ بوارێکی پەیوەندی نێوانیان، لەگەڵ خاکی دایک، کوردستان، زمانەکەیان کەموو زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانی فارسی، بە ھۆی خوێندن و فێرمی بوونی زمانی فارسی له‌ خوێندنگا و دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تدا. ھەروەھا زمان و زاراوەگەلی تورکیش، کاریگه‌ری به‌سه‌ر زمانی ڕۆژانه‌ی کوردانی ئه‌وێ دیاره‌. زمانه‌کانی تورکی، هێشتا لە لایەن بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاخاوتنی پێدەکرێت. وەک زمانه‌کانی ئۆزبەکی، کازاکی و تورکمانی. ئەو زمانە کوردیەی کە بە دابڕاوی لە کوردستانی گەورە، بۆ سەتان ساڵ بەکارھاتووە و، ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆی بۆ گەشەکردن وەرگرتووە، لە زۆر لاوە شێوازێکی کۆنی کاریگەریەکانی سەدەی ناوەڕاستی باکوری کوردستانمان بۆ دەردەخەن، کە ھۆزە تورکەکانی ئەوێ لەگەڵیان تێکەڵ ببوون. ھەروەک زۆر دیاردە و باری زمانی کۆن و پوکاویش، لەو زاراوەیەدا پارێزراوە، بۆیە زمانی کوردی کوردخانە، خەرمانەیەکی دەوڵەمەندە بۆ لێکۆڵەرەوان، تا کاری بەراوردکردنی لەسەر بکەن.

کوردخانە دەکەوێتە کوێوەی خوراسان؟

خوراسان ناوچەیەکی گەورەو پانوبەرینە. نزیکەی ھەموو سنوری ڕۆژھەڵاتی ئێران دەگرێتەوە. واتا لە لای ڕۆژھەڵات، لە سنوری تورکمەنستان لە باکورەوە، بە درێژایی سنوری ئەفغانستان دادەکشێت، تا بۆ سنوری پاکستان درێژ دەبێتەوە. لە ڕۆژئاواش، بیابانی گەورە و قاتوقڕی (لوت)، لە ھەرێمەکانی دی ناوه‌ڕاستی ئێرانی دادەبڕێت. ھەرێمەکە کراوەتە سێ ئوستان: باکوری خوراسان، خوراسانی رەزەوی و، خوراسانی گوڵستان.

کوردان، بە زۆری لەوپەڕی باکور، لە ئوستانی باکوری خوراسان، لە چەند شارو شارۆچکەیەک و دێھاتی تایبەت بەخۆیان دەژین. کوردان بۆخۆیان ژمارەی خۆیان بە پتر لە ٢ ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. بە گوێرەی سەرچاوە ئێرانیەکان، لە ٨٥٠ ھەزار کەسی دانیشتوانی ئوستانی باکوری خوراسان، پتر له‌ ٥٩٥٠٠٠، پێنج سه‌ت و نه‌وه‌د و پێنج ھەزار که‌سیان، یان ٧٠% لە سەدی دانیشتوانی ئوستانەکە کوردن. واتا کوردان گەورەترین پێکھاتەی نەتەوەیی ئوستانەکەن. ئۆزبک و کازاک ١٥٣٠٠٠ ھەزار کەسن. واتا ١٨% ی دانیشتوان. فارسەکان ٦٠٠٠٠ ھەزار کەسن. واتا ٧% دانیشتوان. ھەروەک تورکمانی سوننە مەزھەبیش ٤٥٠٠٠ ھەزار و ٥%ی دانیشتوانی ئوستانەکەن. لە ئوستانی خوراسانی رەزەویشدا ٦٠٠٠٠٠، شه‌ش سه‌ت ھەزار کورد دەژین. ئه‌وانه‌ی دی، له‌ شاره‌ گه‌وره‌کانی دی ناوچه‌که‌، وه‌ک مه‌شهه‌د نیشته‌جێن.

جگە لە قوچان و شیروانە، ئەوان چەندان شاری دی تایبەت بە کوردانیان ھەیە. دەکرێت بە زمانی ژمارە بڵێین کە لە خوراسان، ١١ شارو ١٩٠٠ گوندی کوردنشین ھەن. ناوی هه‌ندێک له‌ شارەکانیان بریتین له‌: ئەسفەرایێن. چناران. بوجنورت. باجگیران. ئاشخانێ. دەرەکەز. قەڵات. لاین. مانە و سیمیلقان. ڕاز. ڕادکان. فاروج.

کوردخانه‌

کوردانی ئەو دەڤەرە، لە ٢٢ ھۆزی گەورە و، ١٢٢ بنەماڵەی بچوکتر پێکھاتوون، کە ناوی ١١٢ یان لای من پارێزراون. ئەوان بە خاک و وڵاتی خۆیان دەڵێن (کوردخانە). ڕووبەری گشتی خاکی کوردان، یان کوردخانە، بریتیە لە ٦٤.١٤٤ ، شه‌ست و چوار هه‌زار و سه‌تو چل و چوار کیلۆمەتری چوارگۆشە. بۆ ئەوەی لە گەورەیی و پان و پۆڕی ئەو خاکە بگەین، دەمەوێت لەگەڵ ڕووبەری چەند وڵاتێکی ناسراوی دنیا، بەراوردی بکەم. ڕووبەری قەتەر ١١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ڕووبەری تەیموری ڕۆژھەڵات ١٤ ھەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ھەروەک سلۆڤێنیا ٢٠ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئیسرائیل ٢١ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەلبانیا ٢٩ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەرمەنستان ٢٩ ھەزارو ٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە. بەلجیک ٣١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. مۆلداڤیا ٣٤ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. تایوان ٣٦ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. سویسرا ٤١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ھۆلەندا ٤٢ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. دانمارک ٤٣ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. کرواتیا ٥٧ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. وەک دەردەکەوێت، ھەموو ئەو دەوڵەتە ناسراوانەی سەرەوە، ھەروەک زۆری دیش، بە ڕووبەر لە کوردخانە بچوکترن.

جگە لە کوردخانە، ژمارەیەکی زۆر کوردی ناوچەکە، بۆ ئیش و کار، یان ھۆکاری دی، لە دەرەوەی کوردخانە و، لە شارە گەورەکانی خوراسان دەژین. وەک مەشھەد، نیشاپور و سەبزەوار. ھەندێک سەرچاوە، تەنیا ژمارەی کوردانی دانیشتوی (مەشھەد)، بە ٤٠٠ ھەزار کەس دەخەمڵێنن. دیارە زۆری دیش، بە ھۆی خوێندن و کارەوە، پەڕیوەی شارەکانی دی ئێران، وەکو تاران بوون.

ئەگەر پێناسەی تۆپۆگرافیای کوردخانە بکەین، ئەوا دەڵێین ناوچەیەکی شاخاوی بە پیتە. دوو ڕوباری تێدایە. ئاست و ڕێژەی باران بارین، لە ناوچەکە بەرزە. کشتوکاڵ بە ڕێژەیەکی بەرز دەکرێت. لە ھەردوو ناوچەکانی قوچان و ڕاز، نەوت و گاز بە بڕێکی کەم دۆزراونەتەوە.

کوردانی خوراسان، ھەروەک کوردانی ناو کوردستان، خاوەنی سامانێکی گەورەو دەوڵەمەندی فۆلکلۆرین. ئەوان دابونەریت و فۆلکلۆری خۆیان، بە شێوەی جۆراوجۆر و، نەوە دوای نەوە، تا ئەمڕۆ پاراستووە. تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش، کوردانی ناوچەکە، بە گشتی خەریکی کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداری، (شوانکارەیی) بوون. ئێستا لەوێش، وەک ھەر شوێنێکی دی، کاروپیشەی جۆراوجۆر سەریان ھەڵداوە. لە شارەکانیشیاندا، بە تایبەت قوچان و شیروانە، ھەروەھا بوجنورت، ئەسفەرایێن و تا ڕادەیەک شارەکانی دیش، کاروپیشەی باوی شاری و، کارو کارمەندی لە دەزگاکانی دەوڵەت، شان بە شانی دوکانداری و بازرگانی، باوە. بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە ٦٠% لە سەدی کوردانی ئەوێ، ھێشتا لادێ نشینن و، کاری ئاژەڵداری و جوتیاری دەکەن. ٣٥% لە سەدی دانیشتوانیش، لە شارەکان نیشتەجێن. ھەروەک ٥%یان، ھێشتا بە ژیانی کۆچەری، یان ڕەوەندی دەژین و کوێستان و گەرمیان دەکەن. ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی کوردان، له‌ لادێ و ئاژه‌ڵداری، یان ڕه‌وه‌ندی و کوێستان و گه‌رمیان کردن، هۆکاری سه‌ره‌کی پاراستنی زمان و داب و نه‌ریتی دی وه‌ک جلوبه‌رگ و خواردن و ئاواز و گۆرانی و داستان و لاوکه‌کانیان بووه‌.

کوردانی باکوری خوراسان، بە تێکڕایی موسوڵمانی شیعەی دوازدە ئیمامین، واتا سه‌ر به‌ (مەزھەبی دەوڵەت)ن. ئەوان تا ئەم ساڵانەی دوایش، کۆمەڵگایەکی دابڕاوو داخراو و بێئاگا، لە ڕووداو و کاریگەریەکانی کوردستانیان پێکدێنا. لەو سی ساڵەی دوایی دا، ئەو بارو دۆخە بە شێنەیی، بەرەو گۆڕان چووە. ئەوان یەکەمجار لە ڕێگای تارانی پایتەختەوە، توانیان پەیوەندی بە کوردانی کوردستانەوە بکەن. واتا لەڕێی دیتنی ئەو کوردانەی کە بۆ خوێندن، یاخود کارو گەشت، لە تاران دەمانەوە. له‌ دوای ئاشبه‌تاڵی شۆڕشه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا و، ئاواره‌ بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری کورد له‌ ئێران، به‌شێکی ئه‌و کوردانه‌ له‌ شیروانه‌ نیشته‌جێ کران. ئه‌وان تازه‌ترین کوردی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌که‌ بوون، که‌ که‌وتنه‌ به‌ر چاوی خه‌ڵکی کوردخانه‌. من هه‌ندێک له‌و کوردانه‌م بینی، که‌ دواتر گه‌ڕابوونه‌وه‌. لەم ساڵانەی دوایی، ئەو پەیوەندیانە له‌ گه‌ڵ هاوزمانانی دی کورد، ھێدی ھێدی ئاڵوگۆڕی فەرھەنگی و مۆسیقاو شێوازی دیشی وەرگرت. ئێستا ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت و کەناڵە ئاسمانیەکان، ھۆکارێکی تازەی دی ھەڵوەشانەوەی ئەو دابڕانە دوورو درێژەی ئەوانن. سود وەرگرتن و بەکارھێنانی چالاکانە، لە ئینتەرنێت و کەناڵە ئاسمانیەکان، بە داخەوە بە شێوەیەکی زۆر بەرتەسک سودی لێوەردەگیرێت. ئەمەش لەبەر دواکەوتویی کۆمەڵگای کوردی لە لایەک و، قەدەغەی زۆر لەسەر ئەو دوو ئامێرە لە لایەن دەوڵەتیشەوەیە. ئەو سەرە داوە پەیوەندیە کەمانەی، کە ئەوان بۆ کوردستانی گه‌وره‌ ڕایەڵیان کردووە، بە ئەندازەی پێویست نین. ھێشتا ھەڕەشەی توانەوە و لە ناوچوون و نەمانیان، لە ڕووی زمان و فەرھەنگەوە، بە توندی لە ئارادایە. ئەگەر بارو دۆخی رۆشنبیری و، ئاستی پەیوەندیەکانی ئەو چەند ملیۆن کوردەی خوراسان، ھەر بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، ئەوا زۆر ناخایەنێت، کە ئەوان نامێنن و، تەنیا مێژویەکی ئاڵۆزو دوورو درێژ، لە دوای خۆیاندا، بۆ ئێمە بەجێدێڵن.

مەبەستی ئێمە لەم وتارەدا، ناساندنی کوردانی خوراسان بە خوێنەری کورد نیە. تا ڕادەیەک سەرچاوەی باش و بەڵگەنامەی زۆر لەمبارەیە، لەم ساڵانەی دواییدا کەوتوونەتە بەردەست. کارەکانی کلیم اللە توحدی، لەو بوارەدا جێگای سوپاس و بایەخن. مەبەستی سەرەکی من لەم وتارەدا، ئەوەیە کە نابێ ئێمە چیدی بێدەنگ بین و، ئەوان لەو دابڕاویەدا بێڵینەوە. کوردستانی خوراسان، یان کوردستانی بچوک، یان کوردخانه‌، مەڵبەندێکی گەورەیە بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، فۆلکلۆر و دابونەریت. ئەوان بەھۆی چەند سەدەیەک دوورکەوتنەوە و دابڕانیان لە کوردانی کوردستان، بەشێک لە دیاردەکانی زمان و دابونەریتی ئەو کاتانەیان بۆ ئێمە پاراستووە، که‌ لە زمان و زاراوەکانی مەدا نەماون. ھەروەک ئاست و ئاراستەی گەشەکردن و کاریگەریەکان، لوسه‌ر زمان، لەوێ زۆر جیاوازترن، بە بەراورد لەگەڵ کوردستانی گەورە. پاراستن و کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە، لە ژیان و دابونەریت و زمانیان، دەرگایەکی گەورەی توێژینەوەمان بۆ دەکاتەوە.

لە کەیەوە کوردان لە خوراسانن؟

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد لە خوراسان، ماوەیەکی زۆرە سەرنجی مێژونوسان و گەڕیدە و سەرلەشکرو جیھانگەڕان و، تەنانەت ھاووڵاتیانی ئاساییشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کوردان، کە لە ڕووبەری خاکێکی بەسەریەکەوەیی، لە سەدان گوندو، چەندان شارو شارۆچکەدا بڵاوبوونەتەوە، کۆمەڵێک پرسیارمان ڕووبەڕوو دەکاتەوە: گەلۆ دەبێ ئەوانە ھەر خەڵکی ئەوێ بن و، ئەو ناوچەیە وڵات و نیشتمانی ھەمیشەیی ئەوان بووبێ؟ یاخود بە دوای لەوەڕو بژێوی، ڕۆژگارێک وڵاتی خۆیان بەجێھێشتبێ و، ڕوویان لە ڕۆژھەڵات کردبێت؟ تا قۆناغ به‌ قۆناغ و درەنگتر، لە خوراسان گیرسانەوە؟ یان شەڕو ھەرای ناوخۆیی، ناو تیرەو ھۆزەکانی کوردستان، وای لە ھەندێکیان کردبێت، تا سەری خۆیان ھەڵبگرن و، لەو شوێنە دوور و دەست پێنەگەیووە بگیرسێنەوە؟ یاخود ڕاگوێزراوی دەستی سوپا داگیرکەرەکانی کوردستانن؟ یان کرێگرتەو جیرەخۆری یەکێ لە ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی ناوچە بوون و، فەرمانیان پێدراوە، تا لەو ناوچە سنوریە گرنگە نیشتەجێ بن، بە نیازی پاسەوانی لێ کردنی؟ ئەی بۆ بیر لەوە نەکەینەوە کە لەوانەیە چەند ھۆیەک، لەو ھۆیانەی سەرەوە، لە چەند سەردەمێکی لێکجیا، کوردی لە چەند لایەکی کوردستانەوە، ناچاری ڕاگواستن و ڕەو کردن بەرەو خوراسان کردبێت!. با دوور نەڕۆین، شتی لەم جۆرە ھەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە کوردان قەوماوە. لە گەرمەی شەڕی جیھانی یەکەمدا، بە ھەزاران کوردی ئێزدی، کەوتنە ئەرمەنستان وگورجستان. کوردانی ئەرمەنستان، تا ئێستاش دان بە کوردبوونیان نەندراوە، بەڵکو کاربەدەستانی ئەرمەنی، ئەوان بە (نەتەوەی) ئێزدی ناو دەبەن. من خۆم لەسەر پاسپۆرتی ئەو کوردانە بینیومە، کە نوسراوە نەتەوەیان ئێزدیە. ھەروەک دوای بڕانەوەی جەنگ و، دوای گوشاری زۆری سوپای ئەتاتورک، بە ھەزاران کوردی دی باکوری کوردستان، ڕوویان لە شام و لوبنان کرد و، لەوێ گیرسانەوە. ئەوان تا ئێستاش وەکو کەمایەتی کورد، لەو وڵاتانە چاویان لێدەکرێت.

بۆ لێکۆڵینەوەی ھەندێ لەو پرسانەی سەرەوە، دەڵێین مێژو و جوگرافیای مێژویی، فێری کردوین کە لە ھیچ سەردەمێکدا، خەڵکی کوردستان و میزۆپۆتامیا، بە دوای لەوەڕ و بژێوی و ژیانی باشتر، ڕوویان لە ڕۆژھەڵات، یان باشور و ڕۆژئاوا نەکردووە. چونکە وڵاتەکە، ھەمیشە باران و لەوەڕگای، بەشی پێویستی خەڵکی خۆی ھەبووە، بۆیە ئەو ھۆکارە لە لێکدانەوەکانماندا دەردەھاوێژین، یاخود پێچەوانەی دەکەینەوە. کوردستان بەتایبەت و میزۆپۆتامیا بە گشتی، دەکەونە نێوان دوو بیابانی گەورە و قاتوقڕ. یەکێکیان بیابانی نیوە دورگەی عارەبیە لە باشور، کە تا دەشتی شام لە ڕۆژئاوا ھەڵدەکشێ. دووەم بیابانی گەورەی ئاسیای ناوەڕاست (قەرەقوم)ە. ھەر لەگەڵ داھاتنی نوسین و دەستپێکردنی مێژوەوە، دەرکەوتووە کە میزۆپۆتامیا و کوردوستان، ھەمیشە کەوتونەتە بەر شاڵاوی کۆچی ھۆز و تیرەی ئەو دوو بیابانە گەورەیە. ھەردوو بیابانەکە، نەیانتوانیوە بژێوی بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن، بۆیە ناو بە ناو، خەڵکی ھەردوو بیابانەکە، سەری خۆیان ھەڵگرتووە و، ڕوویان لە نزیکترین ناوچەی بە لەوەڕگا کردووە، کە میزۆپۆتامیا و ناوچە دەشتاییەکانی پاڵ زنجیرە شاخەکانی کوردستان و ئاسیای بچوکن. ئەو کۆچکەرانە، جاری وا بووە، بە پەلامار و شەڕ و داگیرکاری و وێرانکاری ھاتوون و، خۆیان داسەپاندووە. ھەندێ جاریش، بە ھێمنی و ئاشتیانە، پێدزەیان بۆ ناوچه‌که‌ کردووە و، خزمەتی جۆراو جۆریان پێشکەشی دانیشتوانە بنەڕەتی و بومیەکە کردووە، تا توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە. لەو ھۆز و شەپۆڵە کۆچانەی، کە لە نیوە دورگەوە ھاتوون، دەتوانین ناوی ئەمانە بەرین: ئاموریەکان، کلدان و ئەکەدیەکان، ئاشوریەکان، عیبریەکان، ئارامیەکان، عارەبەکان.

ئەوانەی لە بیابانی ناوەڕاستی ئاسیاش ھاتوونەتە وڵاتی ئێمە، دەشێ ناوی ئەمانە بەرین: سەلجوقی، غەز و تورکمان، ئەتابەگ، مەغۆل(ئێلخانیان و جەلایەریان)، تەتەر و تورکان. بێگومانین کە ئەو جوڵە سروشتیە، لە پێش مێژوشەوە ھەر ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبونی نوسین، ناو و سەردەمەکانیان تا ئێستا بۆ ئێمە ڕوون نەبۆتەوە. دەکرێ ھەر بۆ نمونە ناوی تیرەو ھۆزە ھیندۆروپیەکان بەرین، کە لە شوێنێکی باکوری ڕۆژئاوای ئاسیا، یان باشوری ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاوە، بە چەند شەپۆلێک ڕوویان لە ھەمان ناوچە کردووە.

زۆرێک لە مێژوونوسانی ھاوچەرخ، ھێما بۆ ئەوە دەکەن کە کوردانی ئەمڕۆی خوراسان، لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی (١٥٨٧-١٦٢٨زاینی)یەوە، بە بڕیارێکی شا، بە مەبەستی پاراستنی سنورەکانی باکوری خوراسان، لە پەلامارو پێدزەکردنی ھۆزە تورکمانە سوننەکانی باکوور، بۆ ئەو شوێنە نێردراون. بێگومان ئەوانەی بوونی کوردان بۆ ڕاگواستنەکانی سەردەمی شا عەباسی سەفەوی دەگێڕنەوە، ھەندێ بەڵگەنامەی مێژویی و، ھەندێ نوسراوی مێژونوسانی ھاوچەرخی شا عەباسیان لە بەر دەستە، کە پشتیان پێبەستوون. من نامەوێ ڕاگواستن، یان ناردنی کوردان بۆ خوراسان، لە لایەن شا عەباسی سەفەوییەوە بخەمە ژێر پرسیارەوە، بە پێچەوانەوە دواتر ھەوڵدەدەم پاشخانی ئەو ڕووداوانەش تاووتوێ بکەم، بۆ ئەوەی بزانین کە ئاخۆ ئەو کوردانە کێ بوون، تا ئەوەندە جێباوەڕی شا عەباس بن و، ئەو ئەرکە گەورەیان پێ بسپێردرێت. یان با بزانین ئەو کارەی، تەنیا دوور خستنەوە و ڕاگواستنێکی ئاسایی بوو، لە دژی ئەو ھۆزانەی کورد، که‌ دژایەتی دەستەڵاتی سەفەویانیان دەکرد؟

ئەوەی جارێ بەر لەو باسە، من بەدوایدا وێڵم، ئەوەیە کە، ئاخۆ ھەموو ئەو ملیۆنان کوردەی خوراسان، نەوەی ڕاگوێزراوەکانی سەردەمی شاعەباسن؟ من بە دڵنیاییەوە دەڵێم نــــــا. وەک دواتر بە ھێنانەوەی بەڵگەی جۆراو جۆر دەیسەلمێنم، کە بوونی کوردان لە خوراسان، زۆر لەو ڕووداوەی دەدرێتە پاڵ شاعەباس کۆنترە. تەنانەت بەڵگە لەبەر دەستن، کە ئەوان زۆر پێش دروستبوونی دەوڵەتی سەفەویش لە ساڵی ١٥٠٢ز، بە شاره‌کانی قوچان و شیروانەیان گوتووە (وڵاتەکەمان).

شەپۆلە کۆچەکانی نیوە دوورگەی عارەب لە خوارو، ئەوانەی دیش لە ناوەڕاستی ئاسیا، ھەمیشە مەترسی گەورە بوون، بۆ سەر دەوڵەت و فەرمانداری و دامەزراوەکانی میزۆپۆتامیا. خودی شا عەباس و تیرەکەی، (مەبەستم تورکزمانەکانی عەجەمە)، بەری یەکێ لەو شەپۆلانە بوون و بوونه‌ ده‌سته‌ڵاتداری ناوچه‌که‌. مێژونوسان باس دەکەن کە چۆن پاشاکانی ساسانی، لە زنجیرە چیای قەفقاس و خوراسان، پایگای قایمی سەربازیان دامەزراندووە. لە تەنگەبەرو دەروازەکانی ھاتوچۆشدا، لە زنجیرە چیای قەفقاس، چەندان تیرەو ھۆزیان، کردۆتە پاسەوانی سنور، یان (مەرسەوان). ساسانیەکان بەو دەروازانەیان دەگوت (دەربەند)، کە دوای ھاتنی عاربان، ئەوان ناوەکەیان بۆ (بابولئەبواب) وەرگێڕا. من بە دووری نازانم، ھەر لە سەردەمی ساسانیدا، دەستە سەربازی کورد، یان ھۆزو تیرەی شەڕکەرو جەنگاوەری کورد، کاری پاسەوانی و مەڕسەوانیان، لە سەر سنورەکانی خوراسان کردبێت و، لەوێش گیرسابنەوە. جارێ ئەم گریمانەیە تەنیا پشتی بەیەک بۆچوون بەستووە، ئەویش بوونی کەونارای کوردانە لە خۆراسان. جگە لەو بنەمایە، بە داخەوە بەڵگەیەکی دی مێژویی، جارێ لەبەر دەستدا نیە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریە پەرتوبڵاوانەی، کە مێژونوسانی بەرایی ئیسلام، تۆماریان کردوون، شەپۆلی گەورەو یەک لە دوای یەکی کوردان بۆ خۆراسان، لە دوای نەمانی دەستەڵاتی خانەدانی ساسانی و، لەدەستچوونی دەستەڵات و سەروەری کوردانەوە، دەستی پێکردووە.

ھەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، کۆچی کوردان بۆ خوراسان، لە باکورەوە نەبووە، بەڵکو لە ناوچەی پان و پۆڕو بەرفراوانی (پارس)ەوە بووە. ناوچەی پارس، کە تا ڕادەیەکی زۆر ھەمان (ئوستانی فارس)ی ئەمڕۆی ئێرانە، ھەروەکو چەندان مێژونوسی سەردەم و سەدە جیا جیاکان باسیان لێوەکردووە، یەکێک بووە لە ناوچە ھەرە گەورە و گرنگەکانی کوردنشین، لە سەروبەندی زاڵ بوونی لەشکری عارەب و، بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا. ئەو کاتە ھێشتا زمانی ھاوچەرخی فارسی دروست نەببوو (زمانی فارسی ھاوچەرخ، زادەی سەدەی ھەشتەمی زاینیە). دیارە کوردانی پارس، بە شێوازێکی ناوچەیی خۆیان، (پارسی) دەدوان، ھەروەکو چۆن ناوچەکانی دیش، شێوەزاری خۆیان ھەیە، (گۆرانی، ھەورامی، موکریانی، بادینانی ،..ھتد). بە بۆچوونی من، میللەتی فارس، دوای ده‌رکه‌وتنی زمانی فارسی و، بە گرتنەخۆی ئەو زمانە، بەرە بەرە ھاتۆتە کایەوە و دروست بووە. واتا زمانی فارسی، یەک دوو سەدە لە نەتەوەی فارس کۆنترە. (بۆ زانیاری پتر دەربارەی ئەم بابەتە، سەیری شاسوار ھەرشەمی، ھەندێک زانیاری گشتی لەبارەی زمانەوە، کوردۆلۆژی. سلێمانی ٢٠٠٩ لاپەڕە ٦٨ بکە). بەر لەوەی باسی ھۆکارەکانی کۆچی کوردانی پارس بۆ خوراسان بکەین و، ئەو سەرچاوانەش دەستنیشان بکەین، کە ئاماژەیان بۆ ئەمە کردووە، ھەروەھا ئاماژەش بۆ ئەو سەرچاوانە بکەین، کە بونی کۆنی کوردان لە خوراسان دەسەلمێنن، بە باشی دەزانم بۆ سەلماندنی بوونی چڕو پڕو ھەمیشەیی کوردان لە پارس، پەنا بۆ قسەی چەند مێژونوسێکی ناسراوی سەردەمە جۆراو جۆرەکان بەرم.

مێژونوسان، بنەچەی ئەردەشێری ساسانی، دامەزرێنەری خانەدانی دەستەڵاتداری ساسانیان، بۆ ناوچەی پارس و، لەوێش بۆ شاری (ئەستەخر) دەگێڕنەوە. لەسەر کورد بوون و بە کورد ناسرانی ئەو بنەماڵەیە، بە دەیان بەڵگەنامەی مێژویی ھەن. ئێمە بە پێویستی نازانین لێرەدا دوپاتیان بکەینەوە. دەکرێت لەم بوارەدا، سەیری ئەم سەرچاوەی خوارەوە بکەیت: (شاسوار .خ. ھەرشەمی: کارنامەی ئەردەشێری بابەکان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٠). چ پێش ساسانیان و، چ لە سەردەمی ساسانیشدا، ناوچەی پارس، ناوچەیەکی ستراتیژی ناسراو و جێبایەخ بووە. کەچی خەڵکەکەی ھەرگیز وەکو نەتەوە یان گەلێکی سەربەخۆ ناو نەبردراون. زۆر جار پارس، بە ھەموو جوگرافیای ناوچەکە گوتراوە. لە دوای پەلاماری عارەبان و سەقامگیربوونی ئیسلام بە چەند سەدەیەکیش، سەرچاوە ئیسلامیەکان باسی نەتەوەی فارس ناکەن، بەڵکو باسی کوردانی پارس یان فارس دەکەن، کە بوونیان دیارو گەورە و کاریگەر و بەرچاو بووە. با بە چاوخشاندنێکی خێرا ببینین جوگرافیزان و مێژونوسانی بەرایی ئیسلام، چیان لەسەر (فارس) نوسیوە: (استخری) جوگرافیزانی ناسراو و گەورە، لە ساڵی (٣٤٠)ی کۆچی نوسیویەتی ( بنەماڵەی کورد لە پارس ئەوەندە زۆرن کە لە ژماردن نایەن). (ابن حوقل) لە ساڵی (٣٦٧)ی کۆچی نوسیویەتی، (کوردانی پارس، لە سەر زەوی پارس, پتر لەسەت تیرەن، من سی و ھەندێکم ناوبردون.. خەسرەوی، شاکانی، ستامھیری، ئازەرکانی، بەندادمیھری، رامانی، میھرکی، شاھۆیی…) تا دوایی.

نەختێک درەنگتر، (مقدیسی) لە ساڵی(٣٧٥)ی کۆچیدا، لە کتێبە ناسراوەکەی (أحسن التقاسم فی معرفە الأقالیم)دا نوسیویەتی، (سی و سێ خێڵی کورد لە پارسن، کە پێنجسەت بنەماڵەن). من گومان دەکەم مقدیسی، مەبەستی تەنیا ئەو سی و سێ خێڵەن، کە چەند ساڵێک پێش ئەو، (ابن حوقل) لە ناو پتر لە سەت خێڵی کورد لە پارس، ناوی ھەر سی و سێی تۆمار کردوون. (إبن بلخی) لە کتێبی ناسراوی (فارسنامە)دا، دێرێکی گرنگی لەسەر کوردانی پارس نوسیوە: (شان و شەوکەتی لەشکری فارس کە ھەیە، لە کوردانەوەیە). نوسەری ناسراو (یاقوتی حەمەوی)، لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا، ناوی شارۆچکەیەکی لە کتێبەکەیدا بە (کورد) تۆمار کردووە، کە کەوتبووە ناوچەی ((بەیزای فارس)). قسەی ئەو نوسەر و مێژونوسانە، لە سەردەمی جیا جیادا، ھەموی ئەوە دەردەخەن کە بوونی کوردان لە پارس، ھەروا ڕاگوزاری و کاتی نەبووە، بەڵکو بەڵگەکان وای دەردەخەن کە پارس, پێش پەلاماری عارەبەکان، شان بە شانی ماد، یەکێک بووە لە ناوەندە گەورەو گرنگەکانی کوردنشین.

(شوانکارە)کان، خێڵکی ناسراوی دی کوردن. (ئیبن بەڵخی) لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا، بە درێژی باسی ئەو خێڵەی کردووە، لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوونیان، لە ناوچەی پارس.(ئیبن بەڵخی) شوانکارەکان بە کورد ناو دەبات، ھەروەک کە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت، ھۆزی ناسراوی شوانکارە، خۆیان بە کورد و، نەوەی ئەردەشێری بابەکانی، دامەزرێنەری دەستەڵاتی ساسانی دەزانن. (موحەمەد شوانکارەیی) لە نامیلکەکەیدا (مجمع الانساب)، کە لە ساڵی ٧٣٣ی کۆچیدا نوسیویەتی، دەنوسێ: ( ڕەچەلکی پاشاکانی شوانکارە، لای نزیکەی تەواوی مێژوناسان و زانایانی ڕەچەلەک ڕوون و دیارە، کە ئەوان لە نەوەی ئەردەشێری بابەکی ساسانین و، لە زۆر کتێبیشدا ئاماژە بۆ ئەمە کراوە … ).

ئەم نمونانەی سەرەوە، مشتێکن لە خەروارێک ھێماو ئاماژە، بۆ ھەبوونی بەربڵاوی کوردان لە پارس. وەک نوسینەکان دەریدەخەن کە کورد لە پارس بێگانە نەبوون، بەڵکو بە چڕی تێیدا دانیشتوون. جگە لە نیشتەجێبوون، کوردان لەوێ، لە ھەموو بوارەکانی ژیانیشدا ڕۆڵیان ھەبووە. ناوچەکە لە ڕووی جوگرافیشەوە، درێژبووەوەیەکی ئاسایی و سروشتی کوردستان بوو. لێرەدا ئەم پرسیارە لای خوێنەر قوت دەبێتەوە و، داوای وەڵاممان لێدەکات: گەلۆ ئەگەر ناوچەی پارس کوردنشین بووبێ، ھەروەک ئەو ھەموو نوسەرە ناسراوانەی سەرەوە، باسی زۆری ژمارەی کوردان دەکەن لەوێ، ئەی ئەوانە چیان لێھات؟ بۆچی ون بوون و نەمان! لە کەیەوە ناوچەکە لە کورد چۆڵ بووە؟. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێ لەو گۆڕانکاریانە بکۆڵینەوە کە لە دوای نەمانی دەستەڵاتی ساسانیان و، سەقامگیربوونی دەسەڵاتی عارەبان، ھاتنە پێش. کوردانی دانیشتوی پارس، ھەروەک کوردانی پەھلەوی = پەھلی = پەیلی = یان فەیلی، کە دانیشتوانی شاری تەیسەفونی پایتەختی ساسانیان و دەوروبەری بوون، خۆیان بە بەشێک لە دەستەڵاتی ساسانی داناوە. بۆنا؟ ئەی بنەماڵەی ساسانیش لە پارسەوە نەھاتوون! ھەر بۆیەشە ئەوان، لەناوچوون و نەمانی دەستەڵاتی خۆماڵیان، زۆر بەگران لەسەر ھات و، نەیانتوانی وا بە ئاسانی باوەڕ بە واقیعی تازە بکەن و، مل بۆ ئەو بارە تازەیە شۆڕ بکەن. خەڵکی پارس و تەیسەفون. لە ھەموو شوێنێک پتر بەرگریان لە دەستەڵاتی ساسانیان کردو، دواتریش لە ھەموو ئەو ڕاپەڕینانە بەشدار دەبوون، کە لە ناوچەکەدا، لە دژی دەستەڵاتی ھەڵپڕوکێنەری عارەبان، بەرپادەکران. زۆر ھۆکاری دیش ھەبوون، کە ئەوانی لەسەر خەبات سورترو شێلگیرانەتر دەکرد، لەوانە: جیاوازی ئاین و زمان و دابونەریت. سەپاندنی ئاینی تازە بە سەریاندا و، لەمەش گرانتر، لە دوای شەڕ، کە کوشتارو وێرانی و بە کۆیلەکردنی ژن و کچان و تاڵانی زۆری بە دواوە بوو، ناچاریش کران تا باج و سەرانە (جزیە)یەکی یەکجار زۆریش، بە دەستەڵاتدارانی تازە بدەن. مێژونوسان ئاماژەیان بۆ ئەمە کردووە، کە دەستەڵاتدارانی تازەی عارەبی موسوڵمان، سیستەمێکی بەرنامە بۆ داڕێژراویان پیادە کردووە، بۆ نیشتەجێ کردنی عارەبان لە خاکی ساسانی. نیشتەجێکردنی ئەو بێگانانەش، بە پارەو پوڵ ئەرک و ماندوبوونی خەڵکەکەشی جێبەجێکراوە. دەستەڵاتدارانی تازەی عارەب، ھەر زوو دوو شاریان بۆ نیشتەجێ کردنی عارەبەکان دروستکرد، بە ناوەکانی کوفەو بەسرا، بۆ ئەوەی خەڵکە ڕەوەندو بیاباننشینەکان ڕابێنن بە ژیانی شاری و نیشتەجێ بوون. دەستەڵاتداران، خەڵکی شاری (دینەوەر)یان ناچار کرد، تا بە پارەو پولی خۆیان، عارەبی کوفە بژێنن. لەو کاتەشەوە بە دینەوەریان گوت (ماە کوفە)، یان (مادی کوفەییان). بەھەمان شێوەش (نەھاوەند)یەکانیان ناچار کرد، تا عارەبە تازە ھاتووەکانی بەسرا بژێنن و، ناوی نەھاوەندیش بۆ (ماە بەسرا) گۆڕدرا.

ئەو دوو نمونەیە دەریدەخەن کە تاڵان و ڕەتاندنی خەڵکەکە، ھیچ سنورێکی نەبووە. کاتێک کە حەجاجی کوڕی یوسف، دەبێت بە والی کوفە و، دەستەڵاتی بەسەر خوزستان و پارسیش ڕادەگات، ئەو لە ھیچ کارێکی دڕندانە و نامرۆڤانە ناپەنگێتەوە. مێژونوسان، بە درێژی باسی کارە دڕندەییەکانی حەجاجیان تۆمار کردووە، بەڵام کەمیان جەختیان کردۆتە سەر ئەوەی کە ئەو بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵک، پرەنسیپەکانی ئیسلام و بەڵێنە چەورەکانی بەھەشتیش دەخاتە ژێر پێیه‌وه‌. حەجاج بە ڕووتاندنەوەی جوتیاران بە ناوی (جزیە)، یان سەر کڕینەوەی ئەو ناموسوڵمانانەی، که‌ لە ژێر دەستەڵاتی ئیسلام دەژین، ساڵانە پارەیەکی مفتی دەست دەکەوت و، خەزێنەی دەوڵەتی ئەمەوی پێ دەوڵەمەند کردبوو. کاتێ کە جوتیاران دەیانبینی کاربەدەستانی حەجاج، چۆن بە ناوی (جزیە)وە، بەرھەمەکانیان لەژێر دەست دەردەھێنن و، ژن و منداڵەکانیان بە برسێتی دەمێننەوە. ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە جزیە، ناچار بوون تا بە لێشاو ببنە موسڵمان، بەو ھیوایەی وەکو موسوڵمانانی دی، ھەر (خەراج) و (زەکات) بە (بەیتولمال) بدەن و، (جزیە)دانیان لەکۆڵ ببێتەوە، کە بڕێکی زۆری داھاتیان بوو. حەجاج نەیتوانی بپەژیرێنێ کە خەزینەکەی وەک جاران پڕنابێتەوە، بۆیە کەوتە ھەڕەشەو ڕێگرتن لە موسوڵمان بوونیان.

دەستەڵاتدارانی بەرایی ئیسلام، جیاوازیەکی ئاشکرایان لە نێوان موسوڵمانی عارەب و گەلانی دی موسوڵمان دەکرد. عومەری کوڕی خەتاب، پارەی ده‌ست به‌سه‌ر داگیراو و کۆکراوەی وڵاتانی ساسانی و شام و میسری، بە خۆڕایی بەسەر ھەموو تاکێکی عارەبی مەدینە دابەش دەکرد. ھەر لە منداڵی تازەبوو، تا بەساڵداچوان، شتێکیان لەو پارە کۆکراوەیە دەستکەوت. لە کاتێکدا، موسوڵمانانی ئەو شوێنانە، بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک بۆ منداڵەکانیان، ڕەنجیان دەکێشا. ئەگەر موسوڵمانێکی نا عارەب، لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەریانەیان بێدەنگ و ملکەچ و گوێڕایەڵ با، ئەوا ناویان لێدەنا (موالی). خۆ ئەگەر دەنگیشی ھەڵبڕیبا و، بیگوتبا کە موسوڵمانان ھەموویان دەبێت مافیان وەکو یەک بێت و، نابێت جیاوازیان پێ بکرێت، ئەوا ئەو موسوڵمانە زۆڕەو و، زۆر بڵێیە، ناوی لێدەندرا (شعوبی). چەندان بنەماڵە و خێڵی نەوموسوڵمانی عارەب، ھاتنە دەشتی بە پێزی خوزستان و پارس و تێیدا نیشتەجێ بوون. ئەوان دەستیان بەسەر زەویوزاری خەڵکیدا گرت. دیارە ئەو کارو ڕەفتارانە، بەرەنگاریی و ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە. مێژونوسان باسی سەرکوتکردنی چەندان ڕاپەرینیان بۆمان تۆمار کردووە. بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکان، گوشاریش لەسەر خەڵکی ناوچەکە پترو پتر دەبوو. ئەم دێرانەی سەرەوە، وەسفێکی گشتی ئەو بارودۆخ و، ئەو زەمینەیە بوون کە کوردانی پارس تێی کەوتبوون. بەشێکی زۆریان، یان ڕاونران و لە زێدو بوومی خۆیان وەدەرنران، یاخود ناچار کراون، تا سەری خۆیان ھەڵگرن و کۆچ بکەن. پێشەنگی ئەو کۆچانە، تا ئێستاش لە ناو شاری چەند ملیۆنی مۆمبای (بۆمبای جاران) دەبیندرێن، کە بریتین لەو زەردەشتیانەی، لەو کاتەوە وڵاتیان بەجێھێشت و، تا ھیندستان سەری خۆیان ھەڵگرتووە.

کۆچ بۆ خوراسان

خوراسان ناوچەیەکی دوورە دەست بوو. خەلیفەی ئەمەویان، کە لە شام و شاری دیمەشق فەرمانڕەوایەتی دەکرد، وا بە ئاسانی زانیاری لەسەر ئەو ناوچە دوورە دەستە وەرنەدەگرت. ئەگەر زانیاریشی لەسەر چالاکی ناڕازیان ھەبا، ئەوا پێڕانەدەگەیی، تا بە ئاسانی و بێ گیروگرفت، کۆنترۆڵی دەڤەرەکە بکات. زنجیرە چیاکانی کوردستان و بیابانی وشکی لوت لە ناوەڕاستی ئێران، گەیشتن بە خوراسانی ھەندەی دی زەحمەت کردبوو. ئەو تایبەتمەندیەی خوراسان، ھەرێمەکەی کردبووە مەکۆی کۆبونەوەی ناڕازیانی دەستەڵاتی ئەمەوی. جێگای سەرنجە، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە عارەبی ناڕازی دەستەڵاتی ئەمەویش، بە تایبەت لایەنگرانی عەلی و عەباس (ئامۆزا و مامی پێغەمبەر)، خوراسانیان کردبووە پەناگەی خۆیان و، لەوێوە خەریکی خۆسازدان و خۆڕێکخستنەوە بوون، تا بۆ ئەو ڕۆژە ئامادەبن کە چاوەڕوانیان دەکرد. ژمارەی کوردان لە خوراسان، ھەر ئەو سەردەمە زووە، ئەمەندە زۆرو بەرچاو بووە، کە سەرنجی ناڕازیانی لایەنگری عەلی و عەباسی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. من گومانم بۆ ئەوە دەچێت، کە کاتێ کوردانی پارس ھەڵاتوون و ڕوویان لە خوراسان کردووە، (دواتر بە بەڵگەوە باسی دەکەین)، ھۆزو تیرەی دی کورد لەوێ ھەبووبن، جا چ ئەوانەبن کە ڕاستەوخۆ دوای گیرانی تەیسەفون و شکانی ساسانیان ڕوویان لەوێ کردووە، یان وەکو ھۆزی جەنگاوەر، لە سەردەمی ساسانیاندا بۆ پاراستنی مەرزوبوومی ناوچەکە، لەوێ گیرساونەتەوە. دەکرێت بوونی کوردان ھێشتا کۆنتر و سروشتی بووبێت، بەڵام سەلماندنی ئەمە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و مەیدانی ورد ھەیە. مێژونوسی ناسراوی ھەولێری، (ئیبن خەلیکان، ابن خلکان) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (وفیات الأعیان)، سەرنجی ئێمە بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری خێڵ و تیرەو ھۆزی کورد، لە خوراسان ڕادەکێشێ، لە سەدەی دووەمی کۆچیدا. ئەو بە زمانێکی ڕوون دەنوسێ (ئەبو موسلیمی خوراسانی، لەو دەستانە بوو, و لە ناو کوردان سەری ھەڵداو ڕاپەڕی …).

ئەبو موسلیم، ڕێبەری سەرەکی ڕاپەڕینەکان بوو لە دژی ئەمەویان. ئەو بە لەشکرێکەوە بۆ شەڕی ئەمەویان داکشاو، لە جیاتی ئەوەی ڕووبکاتە کوفەی مۆڵگەی لایەنگرانی عەلی و عەباس، یەکسەر ڕووی لە کوردستان کرد. ئەو لە ساڵی ٧٥٠ی زاینی، لەسەر زێی بادینان، کە بە زێی گەورەش ناسراوە، ڕووبە ڕووی لەشکری ئەمەویان دەبێتەوە و تێکیان دەشکێنێ. دوای ئەو شکانە، ئەمەویەکان دەستەڵاتیان دادەتەپێت. ئەبو موسلیم، دوای سەرکەوتنی، ھەڵسا (ئەبولعەباسی سەفاحی (٧٥٠-٧٥٤زاینی) لەسەر تەختی دەستەڵات دانا، بەمەش زنجیرەی خەلافەتی عەباسیان دەستی پێکرد، کە تا ساڵی ١٢٥٨ زاینی خایاند. ئەو سەردەمە، ڕەگەزو ڕەچەلەک، بایەخی یەکجار زۆری ھەبوو، لە دەستەڵات گرتنە دەست. تەنانەت زۆر دوای ئەو سەردەمەش و، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، زۆر لە ڕۆشنبیرانی نوێخوازی ئیسلام، لایان وابوو کە خەلیفەی موسوڵمانان، دەبێت کەسێک بێت، لە نەوەکانی پێغەمبەرەوە ھاتبێت. ئەو کارەی ئەبو موسلیم، دەبێ لەو چوارچێوەی بیرکردنەوەیەدا لێکبدرێتەوە. ئەبو جەعفەر مەنسوری برای سەفاح (٧٥٤-٧٧٥ زاینی)، لە توانا و دەستەڵاتی ئەبوموسلیمی کوردی خوراسان تۆقی بوو، بۆیە لە ھەلێک دەگەڕا تا کۆتایی پێبھێنێ. ئەوەبوو بە پێی نەخشەیەک پاسەوانەکانی وی، لە ناو دیوەخانی کۆشکی خەلیفە و، بە بەرچاوی ئەبو جەعفەر خۆی، ئەبوموسلیمیان گرت و کوشت. ھەرھەمان ڕۆژیش، بە شمشێر کەوتنە ناو خزم و کەس و کارو ھاوکارانی و، ھەموویان قڕ کردن. (أبو دلامە)ی شایەری خەلیفە، لە خۆشی کوژرانی ئەبو موسلیم، پارچە شیعرێکی ھۆنیوەتەوە کە سەرەتاکەی ئاوایە:

أیـــــا مـجرم مـــا غیر اللە نعمـــــە علی عبدە حتی یغیرھا العبد

أفی دولە المنصور حاولت غدرە ألا أن أھل الغدر آبائک الکـرد

واتا: ئەی تاوانبار، خودا لە بەندەی خۆی ناگۆڕێت، تا بەندە خۆی، لە خۆی نەگۆڕێت. تۆ لە ناو دەوڵتی مەنسوردا ویستت ستەمی لێ بکەیت، چونکە باوکە کوردەکانیشت ھەر ستەمکار بوون.

ئەبو موسلیم، ھەر لە بنەڕەتدا دەستەڵاتخواز نەبووە، گەر نا بە ئاسانی دەیتوانی ببێت بە پاشایەکی بەتوانا. ئەو بە دوای دادپەروەری و یەکسانیدا وێڵ ببوو. ئەو و زۆری دی دوای ویش، بوونە قۆچی قوربانی ئەو بیرۆکەیە. دەستەڵاتدارانی عارەبی عەباسیش، زۆر بە توندی ھەوڵیاندا، ھەر بە شێوەی ئەمەویان، خۆیان بەسەر گەلانیدا بسەپێنن، بەڵام نەیانتوانی ڕەوڕەوەی مێژو بگێڕنەوە دواوە. ئەو ئامانجەی کە ئەبو موسلیم خوێنی بۆ ڕشت، درەنگتر بەدیھات. دەوڵەتی عەباسی، ڕەنگی نەتەوەیی لێ پەڕی و، لەبەری داکەندرا. خەلیفە، لە زوربەی سەردەم و کاتەکاندا، تەنیا وەکو سیمبولێکی ئاینی چاوی لێدەکراو، دەستەڵاتی لە دەست نەمابوو. لە گۆشەو کەناری وڵاتی پانو بەرینی خەلیفەدا، دەیان میرنشین و دەوڵەتی جۆراو جۆری سەر بە تیرەو ھۆزو نەتەوەکانی دی، لە ناویاندا کوردیش، سەریان ھەڵداو قوت بوونەوە و، ڕۆڵی مێژویی خۆیان گێڕا، بەڵام تا ئەو ڕۆژگارو سەردەمە ھات، زۆرانی دیش، توشی دەردو مەینەتی بوون. لە ناویاندا کوردانی پارس بوون. مەبەستمان کۆچی کوردان بوو، کە لە پارسەوە ڕوویان لە خوراسان دەکرد، تا لە دەست جەوری خەلیفە و دەستو پێوەندەکانی دەرباز ببن. با بزانین دانەری کتێبی مێژوی سیستان، کە لە ساڵی ١٠٣٠ زاینی نوسراوە، لەمبارەیەوە چی نوسیوە: { بەھۆی زۆربوونی کوردان لە سیستان، (یعقوب لیث صفاری)، ھەڵسا میرێکی ڕاسپارد بە ناوی عبدالرحمن خارجی، بۆ ڕێکخستنی کاروباری کوردەکان. ئەوانە کوردانی پارس بوون، کە یارمەتی یەعقوبیان دابوو لە دژی دەستدرێژیەکانی خەلیفەی عەباسی}. دەبێ مەبەست لە خەلیفەی پازدەمی عەباسیان (المعتمد (٨٧٠-٨٩٢ز) بێت، کە شەڕی لەگەڵ یەعقوبی سەفاری کرد. سەفاریەکان، لە نێوان ساڵانی (٨٦٨-٩٠٨ز)، لە سیستان حکومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندبوو. ئەو کاتە عەباسیەکان توشی گرفتی دی ھاتبوون. واتا ئەمە لە کاتی شۆڕشی کۆیلاندا بووە، لە خاکی سوادی عێراق. لە نێوان ساڵانی (٨٦٨-٨٨٣زاینی). بە ھەزاران زنجی کۆیلە، شان بە شانی موالیەکان، یان خەڵکی ناعارەبی نەو موسوڵمان بووی دانیشتوی ناوچەکە، لە دژی خاوەنەکانیان ڕاپەڕین و دەستیا بەسەر ناوچەکەیاندا گرت. کوردانی پارس، کە لەوانەیە ھەمان ئەوانە بن کە بە موالی ناویان ھاتووە، دوای شکانی ڕاپەڕینەکان، لەوێ و لە سیستان پەنا درابوون. ئه‌وان لەو حکومەتەدا بە زمانی ئەمڕۆ، وەزارەتێکیان ھەبووە، بۆ ڕێکخستنی کاروبارو ژیان و گوزەرانیان. وەک دەزانین سیستان دەکەوێتە بەشی خواروی خوراسانەوە. دەبینین مێژونوسی بە توانای سەدەی دەیەمی زاینی، ئەلمەسعودیش، لەمیانەی ئاماژەکردنی بەو ناوچانەی کە کوردی لێ دادەنیشن، ئاماژە بە خوراسان دەکات. ئەو دەنوسێ کە: ھۆزو تیرەی دی کوردیش ھەن لە ناوچەکانی: پارس، کرمان، سجستان، خوراسان، ئەسبەھان، کوێستان (ناوی ھەرێمی ساردو شاخاوی کوردستان بووە و، لە سەرەتای دەستەڵاتی عارەبان پێیگوتراوە قھستان، دواتر شێوە عارەبیەکەی “الجبال، ئەلجیبال” بەکاربردراوە). ھەروەک دەنوسێ لە ماھەکانیشدا( مەبەست ناوچەکانی میدیایە)، ماھی کوفە ( مەبەست شاری دینەوەر و دەوروبەریەتی)، ماھی بەسرا( مەبەست شاری نەھاوەند و دەوروبەریەتی)، ماھی ھەبەدان، ئیگارین، کەرج، بورج، ئەبی دەلەف، ھەمەدان، شارەزور، داراباد، ئاران، بەیلەکان، بابولئەبواب (مەبەست لە دەربەندی گوزەرگای کێوی کەفکاسە)، کورد ھەن. ئەو سەرچاوە زۆرو پەرتو بڵاوانەی ئاماژەمان بۆ کردن، لەگەڵ ئەو نمونانەی ھێمامان بۆ کردوون، بوونێکی گەورەو پەرت و بڵاوی کوردانمان بۆ دەسەلمێنن، لە ناوچەکانی سیستان و خوراسان. ئەم بوونە، لانی کەم ھەر لە سەدەی شەشەمی زاینیەوە، تا سەدەکانی درەنگتریش دیارە. واتا بەڵگەی بوونی کوردان لە خوراسان، ھەشت سەت ساڵ پتریش، پێش پەیدابوون و ھاتنە سەرکاری پاشایانی سەفەوی (١٥٠٢-١٧٣٦ز) لە بەر دەستدایە.

قوچان و شیروانە

ئەمڕۆ ھەردوو شارەکانی قوچان و شیروانە، بە لادێکانی دەوروبەریشیانەوە، گەورەترین و ناسراوترین ناوەندی کوردین، لە باکوری خوراسان. زۆر جاران کە باسی ڕاگواستنی کوردان بۆ خوراسان دەکرێت، لە لایەن شا عەباسی سەفەویەوە، ئەوا پەنجە بۆ دانیشتوانە کوردەکەی ئەو دوو شارە ڕادەکێشرێت، وەکو نەوەکانی پاشماوەی ئەو ڕاگوێزانە مێژوییە. ئێمە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتەش دەخەینە ژێر پرسیارەوە، چونکە بەڵگەی مێژویی پێویست لە بەردەستدان، کە زۆر بە ئاسانی دەیسەلمێنن، قوچان و دەوربەری، زۆر پێش شاعەباس و، تەنانەت پێش پەیدابوونی دەستەڵاتدارێتی سەفەویانیش، شارو ناوچەیەکی تەنیا کوردنشین بووە.

لامان وایە باشترین و زیندوترین بەڵگەنامەی مێژویی لەو بارەدا، ئەو تێبینیانەن کە تەیموری لەنگ، لە دوو گەشتی دا بەناو قوچان، لە سەر شارەکە نوسیونی. جاری یەکەم، لە بەھاری ساڵی ٧٧٩ی کۆچی بوو، کاتێ کە تەیموری لەنگ، بە نیازی پەلامار بردنە سەر شاری شیعەنشینی (سەبزەوار)، بە قوچاندا تێپەڕی. تەیمور لە یادەوەریەکانیدا لەسەر قوچان نوسیویەتی: (من کاتێک کە گەیشتمە قوچان، پیاوانی ئەوێم دیت. ئەوان باڵا بەرزو پەیکەر توندو تۆڵ بوون. ئەوان ھێشتا لبادیان(٤) لەبەردا بوو، چونکە ھەوای بەھاران لە قوچان ساردە. ھەر یەکێک لەوان دارێکی لە دەست بوو، کە ھەندێک جاریش دارەکە (گۆپاڵەکە)یان لە سەر شانیان دادەنا. ئەوان بەوە نەدەچوو کە نیازی پەلامار بردنە سەر لەشکری منیان ھەبێت، بەڵام لە تێڕوانینیاندا، بۆمان ڕوون بوو کە لێشمان ناترسن. ھەندێ لەوان چاوانی شین و موی زەردیان ھەبوو. بە زمانێک دەدوان، کە نە فارسی بوو، نە عەرەبی و، دەرکەوت کە ئەوانە کوردن و لە کوردستان کۆچیان کردووە و لە (قوچان) نیشتەجێ بوون). “. چونکە پیاوانی کورد بە ھێزو بە توانا بوون، من ھەندێکیانم بانگ کرد و بە ھاوکاری دیلماج قسەم لەگەڵ کردن ” و پرسیم کە ئەگەر پێیان خۆش بێت، بێنە ناو لەشکری من؟ ئەوانیش لێیان پرسیم کە من کێم ؟ پێیانم گوت من تەیمورم، سوڵتانی (ما وەرائولنەھر)م و بەمزوانەش دەبمە سوڵتانی خوراسان. کوردەکان گوتیان ئێمە نامانەوێ لە ژن و منداڵ و وڵاتی خۆمان دوور بکەوینەوە ” و پێویستیمان بە سەربازی نیە. ئێمە مەڕدارین و لە ڕێگای مەڕداریەوە ژیانی خۆمان دابین دەکەین. سەرەڕای ئەوەش کە کوردانی قوچان ” پیاوانی بە تواناو بەھێزن، بەڵام بێوەی دەھاتنە بەرچاوان. دوای ئەوەی من لەوان دڵنیا بووم، بەرەو توس بەڕێکەوتم(٥).

تەیموری لەنگ، جارێکی دیش، لە بەھاری ساڵی ٧٨٨ی کۆچیدا، کاتێک کە لە داگیرکردنی شاری (ھەرات) دەگەڕایەوە، بە قوچاندا تێپەڕی. ئەو خۆی لەو بارەیەوە دیسان نوسیویەتی: (من جارێکی دیش ژنان و پیاوانی قوچانیم دیت، کە ھەموویان موزەرد و چاوشین بوون. دیسان پێشنیازم پێکردن تا بێنە ناو لەشکری من، بەڵام پێشنیازەکەمیان پەسەند نەکرد(٦)).

لەو چەند دێڕە کەمە، بەڵام زۆر گرنگ و پڕ لە زانیاریەی تەیموری لەنگدا، ھەندێ ڕاستی سەرنجڕاکێش دەردەکەون. لە پێش ھەمووانەوە دەرکەوتنی بوونی کۆن و لەمێژینەی کوردانە لە قوچان. تەیمور دەنوسێت کە ئەوان کوردن و لە کوردستان کۆچیان کردووە و، لە قوچان نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەو باسی ھۆ، یان ھۆیەکانی، ئەو کۆچەی ئەوانی بۆ ئه‌وێ نەکردووە. ھەروەک دوور و نزیک، باسی مێژوی کۆچکردنیشیانی نەکردووە. دیارە ئەمە کاری ئەویش نەبووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەو زۆر ڕاستی بۆ دەرخستوین. کاتێک کە تەیمور لەگەڵیان دەدوێت و داوایان لێ دەکات تا بێنە ناو لەشکرەکەی، ئەوان ئامادە نابن بەگەڵ تەیمور بکەون و، لە وڵاتی خۆیان دوور بکەونەوە. کەواتە کوردەکانی باکوری خوراسان، شاری قوچانیان بە وڵات و نیشتمان ناوبردووە. گەلۆ دەبێت چەند پشت بەسەر مانەوەیاندا لە خوراسان تێپەڕیبێت، تا ئەوێ بە نیشتمان و وڵاتی خۆیان ناو ببەن؟ بێگومان ئەوان بە کەمی، چەند سەد ساڵێک زووتر بە بەردەوامی و بێ پسانەوە لەوێدا ژیاون. لەوەش سەیرتر، لەناو ئەو چەند دێڕە کەمەی تەیموردا ڕاستییەکی دی گرنگ خۆی دەردەخات. بەلای کەم کوردانی شاری قوچان، لەوێ کەمایەتیەکی ئایینی یان نەتەوەیی نەبوون. وەک دەردەکەوێت تەیمور کەسێکی لەوان دستنەکەوتووە کە فارسی، عارەبی یان تورکی بزانێ، کە تەیمور لە ھەرسێ زمان شارەزا بوو، بۆیە لە ڕێگای دیلماج، یان بە زمانی ئەمڕۆ وەرگێڕ، قسەی لەگەڵ کردوون. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە قوچاندا کوردان نە کەمایەتی و نە زۆرایەتی بوون، بەڵکو ھەموو دانیشتوانی شارەکە پاک لە پاک کورد بوون و، ھەر بە کوردیش دەدوان. ھەر لە نێوان دێرەکانی تەیموردا، دەتوانین لە باری ئاینی و مەزھەبی ئەو کوردانە بگەین کە ئەو سەردەم، وتا لە کۆتاییەکانی سەدەی چواردەی زاینی، لەوێ پێڕەویان لە کام مەزھەب یان ئاین کردووە. تەیموری لەنگ لە سەرجەم کار و کردەوە و چالاکییە سەربازیەکانی و، تەنانەت لە یادەوەریەکانشیدا، وەکو سەرکردەیەکی تەنگەتیلە و بیرتەسکی سوننە خۆی دەنوێنێ، کە بە ئاشکرا شیعەکان بە لادەر و بێباوەڕ دەزانێت. ئەو کە جاری یەکەم لە قوچان لادەدات، بۆ پەلامار بردنە سەر شاری شیعەنشینی (سەبزەوار) بە ڕێگاوە بوو. ئەو شارەی لەگەڵ خاک یەکسان کردو، خەڵکەکەیشی کوشت و بڕ کرد. کەواتە ژیرانە نییە گەر وا تێبگەین کە ئەو لە قوچان، داوای لەو کوردانە کردبێت بێنە ناو لەشکرەکەی و، کوردەکانیش شیعە مەزھەب بووبن، وەک کە ئەمڕۆ وان! کەواتە دەکرێت بگەینە ئەو باوەڕە، کە کوردانی قوچان، تا کۆتایی سەدەی سێزدەمی زاینیش، سوننە مەزھەب بوون. دەبێ ئەوان درەنگتر مەزھەبیان گۆڕیبێت. بە دووریشی نازانم، دوای سەقامگیربوونی سەفەویان و سەپاندنی شیعەگەری بەسەر خەڵکی ھەر شوێنێک کە داگیریان دەکرد، ئەوانیش مەزھەبیان گۆڕیوە. ھەروەک دواتر و لەسەر دەستی سەفەویان، ژمارەیەکی زۆر کوردی چەمەشکەزەکی کۆنە عەلیپەرست و تازە شیعە، ناردرانە ئەوێ. دیارە تێکەڵاوبوونیان، ھۆکارێک بووە بۆ مەزھەب گۆڕینیان، ته‌نانه‌ت گۆڕانی زاراوه‌ی ئاخاوتنیشیان.

پەیوەندی تورکە سەفەویەکان، بە کوردانی خوڕاسانەوە

وەکو سەرچاوەکان ڕوونیان کردۆتەوە، شێخ صفی الدینی باپیرە گەورەی سەفەوییەکان، شێخێکی ناسراوی سوننەی شاری ئەردەوێل بووە، بەر لە ھاتنی تورکان بۆ ئازەربێجان. تەنانەت نوسەری ناسراوی ئازەری ئێران (ئەحمەدی کیسرەوی)، لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا لەو بارەیەوە، بەوەش گەیشتووە کە بنەماڵەکە، بە بنەچە کوردی دەڤەری شنگالن. نەوەکانی شێخ سەفی، ڕوو لە ئەنادۆڵ دەکەن و، قزلباشە عەلی پەرستەکانی ئەوێ لە خۆیان کۆدەکەنەوە. ئەو کاتە شیعەگەری لە ئێران بە پەرتوبڵاوی، لە ھەندێک شوێن ھەبوون. مستەوفی قەزوینی، وەزیری دوا پاشای مەغۆل (ئەبو سەعید خان ١٣١٦-١٣٣٥ زاینی)، لە کتێبە ناسراوەکەیدا (نزھە القلوب) نوسیویەتی، کە شارە گەورەکانی وەک تەورێز، ئەردەوێل، شیراز و ئەسفەھان، ھەموویان سوننەی شافیعی بوون. دوای ئەوە و لە کۆتایی سەدەی چواردە، تەیموری لەنگ قسەکانی قەزوینی پشتڕاست دەکاتەوە و لەو بارەیەوە دەنوسێت (بێ بۆنە نابێت گەر بڵێم، ناوەندەکانی شیعە بریتین لە خوراسان و ڕەی و کەنارەکانی دەریای ئابسکون (واتا خەزەر، مازندەران یان قەزوین: شاسوار)، لە شوێنی دی شیعە نین، مەگەر بە پەرتوبڵاوی(٧)). باوکی شا ئیسماعیل لە شەڕی شیروانە دەکوژرێ و ئیسماعیلی مێردمنداڵ، بۆ شاری گیلانی کەناری دەریای ئابسکون (خەزەر) دەبردرێت. ئەو لەوێ و، ھەرلەو شارە شیعەنشینەدا پەروەردە دەکرێت. شا عیسماعیل، کە نەیارەکانی لەسەر ڕێگای خۆی ڕاماڵی و، بووە تاکە فەرمانداری گەورەی ناوچەکە، لە ساڵی ١٥٠٢ زاینی، ڕێبازی شیعەی دوازدە ئیمامی، کردە تاکە ئاینی دەستەڵات و دەوڵەتەکەی. شا ئیسماعیل و شا سەفەوییەکانی دی، بە ھەموو شێوەیەک کەوتنە بڵاوکردنەوە و داسەپاندنی شیعەگەری، لە ھەر شوێنێک کە کەوشەنیان پێی دەگەیشت. ئەو سەردەمە ھێشتا زوو بوو، بۆ سەرھەڵدانی بیری نەتەوەیی لای گەلانی ناوچەکە. نەتەوەگەری (لەخۆی)دا ھەبوو، بەڵام (بۆ خۆی) نەبوو. گەلان، یان ڕاستتر بڵێین، تیرە و ھۆزەکان، بەگوێرەی بیری ئاینی، یان بەرژەوەندی ھۆزەکانیان، لایەنگیریان لەم و لەو دەکرد. عەلیپەرستانی کورد و تورک، لە دەوری سەفەویەکان کۆبوونەوە و، کەوتنە خزمەتکردنی ئەو دەستەڵاتە تازەیە. چەمشکەزەک، بە گوێرەی شەرەفنامە، یەکێک بوون لە ناودارترین و بە شۆڕەتترین خانەدانەکانی کوردستان. چەمشکەزەکەکان عەلی پەرست بوون، بۆیە لە شەڕەکانی شا ئیسماعیل دا، بۆ سەپاندنی شیعەگەری لە کوردستان، چوونە پاڵ سەفەوییەکان. ئاغای چەمشکەزەک، حاجی ڕۆستەم بەگ، لە شەڕی چالدێراندا، ئەندامی ئەنجومەنی قوماندانی لەشکری قزلباشانی شا ئیسماعیل بوو. لە شەڕی چالدێران حاجی رۆستەم و ژمارەیەک لە ئاغاو کوێخای دی کوردی عەلی پەرست، بە دەستی سوڵتان سەلیمی یاوز (١٥١٢=١٥٢٠ز ) کوژران. ھۆزەکەشی بوونە دوو بەش. بەشێکی بۆ ناوچەکانی خۆیان لە دێرسیم گەڕانەوە و، بەشەکەی دیشی، کە بە گوێرەی شەرەفنامە، ھەزار خێزانی قزڵباشی چەمشکەزەک بوون، دایانە پاڵ سەفەویان و، چونە ئازەربێجان. دیارە جگە لەو ھەزار ماڵە کوردە، بە دەیان تیرەو ھۆزی بچوکترو، بنەماڵە و خێزانی دیش، کە لە بەرەی قزلباشاندا بوون، ھەر ئەو کارەیان کردووە و زێدو بومی خۆیان بەجێھێشتووە.

سەد ساڵێک لە دوای شەڕی چالدێران، شا عەباسی گەورە (١٥٨٧-١٦٢٨ ز ) شای تورکە سەفەویەکانی ئێران، دێتە سەر دەسەڵات. شا عەباسیش لە کوردستان گەلێک شەڕو تەراتێن دەکات. ئەو دەتوانێت ھەندێک لە خان و میرە کوردەکانیش، لە سۆماو برادۆست و موکریان دەستەمۆ بکات. چەمشکەزەک و کوردەکانی دیش، وەک قەرەچۆرلو، جەلالی، زەعفەرانلو، شادلو و ھیدی، کە ئەو کاتە ھەمویان وازیان لە ئاینی عەلی پەرستی ھێنا بوو و ببوونە شیعە، ھەر لە ناوچەکانی ئازەربێجان مابوون. یەکێک لەو کارانەی کە شا عەباس کردی، ئەوە بوو کە ئەو کوردە شیعانەی ناردە خوراسان، بۆ ھەمان ناوچەی قوچان و شیروانە. وەک دەزانین شوێنی مانەوەی بنەڕەتی چەمشکەزەکەکان و ھەندێک لە ھۆزەکانی دی ناوھاتوو، بریتی بووە لە ناوچەکانی دەرسیم، ئەرزنجان، مەلاتیە، ئەلازیگ و ئادییەمان. لە ناو خەڵکی ئەو ناوانە باوە، کە ئەوان لە خوراسانەوە ھاتوونەتە ئەو ناوە. دیارە ئەمە ڕاست نیە، بەڵام ھەروا بێ ھیچ سۆنگە و ھۆش ناگوترێت. ئەوان دەزانن بەشی زۆری ھۆزو خزمەکانیان کەوتوونەتە خوراسان. ھەروەک بە دووریشی نازانم، ھەندێکیان دره‌نگتر پێدزەیان کردبێت و، دیسان لەوێوە گەڕابنەوە ناوچەکانی پێشویان. تا ئێستا بەڵگەی ڕوون و دیار لەسەر ئەمە لەبەر دەستدا نیە. ئەوەی ھەیە تەنیا ئاماژە بۆ یەک ھۆ کراوە، ئەویش گوایە شا عەباس ئەو کوردانەی بە لایەنگرو دڵسۆزو ھاو مەزھەبی سەفەویان داناوە و، ئەرکی پاراستنی سنوری خوراسانی پێ سپاردوون، لە دەست تورکمانە سوننەکانی ئەو ناوە. من دڵم بەوە ئاو ناخواتەوە، تا وا به‌ ئاسانی ئەمە پەسەند بکەم، کە شا عەباس ئەوانی بۆ پاراستنی سنوری خوراسان ناردۆتە ئەوێ، چونکە سنورەکانی خوراسان، زۆر ئارامتر بوون، بە بەراورد لەگەڵ سنوری ئازەربێجان، لەگەڵ تورکانی سوننەی عوسمانی، (دوژمنی ھەمیشەیی تورکانی شیعەی سەفەوی) و، کوردیش، کە بە بەربڵاوی لەو سنورانە دەژیان. کوردە شیعەکان، ئاشنایەتی باشیان بە سنورەکانی ئازەربێجان و کوردستان و ئەنادۆڵ ھەبووە. ئەوان ژمارەیەکی زۆر خزم و ناسیاو و دۆستیان، ھێشتا لە بەری تورکانی عوسمانی دەژیان. بە ھەمان زمانی باوی کوردی ناوچەکە دەدوان. کەواتە مانەوەیان لەوێ کاریگەری زۆر پتر بوو، بۆ پاراستنی دەستەڵاتی سەفەویان، تا ناردنیان بۆ خوراسان. دەکرا کەسانی دی بۆ خوراسان بنێردرێن. لەبەر ئەو ھۆیە، دەبێ بیر لە ھۆکاری دی بکەینەوە، کە بۆتە ھۆی دوورخستنەوەی کوردان لە ئازەربێجان. جارێ تا بەڵگەنامەی مێژویی پترمان دەست دەکەوێت، دەکرێ بیر لەو ھۆکارانەی خوارەوە بکەینەوە، کە بە بیری مندا دێن:-

یەکەم:- ھێزو توانای سەفەویان، لەو ھۆزو تیرە تورکە شیعانەوە دەھات، کە لە دوای پەلاماری مەغۆلانەوە، کەوتبونە دەست بەسەرداگرتنی زەوی کوردان و نیشتەجێ بوون تێیدا، لە ئازەبێجان. ھەر ھۆزێکی شەڕکەری تورک، (تیولی) ناوچەیەک یان پتری ھەبوو. شا سەفەویەکان، دەبا دەستیان بۆ ئەو ھۆزانە ئاوەڵە بێت، بەڵام لە کیسەی خۆیان نا، بۆیە دوور نیە یەکێ لەو ھۆزە تورکانە، داوای خاکی چەمشکەزەک و زافرانلو وھۆزە ھاوپەیمانەکانی دی سەفەویانیان کردبێ و، شاش نەیتوانیوە بڵێ نا. بۆ چارەسەری ئەمەش، کوردەکانی ڕاگواستووە.

دووەم:- گومانێکی دی بۆ دوورخستنەوەیان، ئەگەری ئاینی یە. لەوانەیە کوردەکانی ئازەربێجان، تا ئەوکاتەش ھەر عەلیپەرست یان قزلباش بووبن. ئەوان ھۆزو تیرە و خزم کەس و کاری زۆری دی عەلیپەرستیان لە ناو خاکی عوسمانیدا مابووەوە. ئێستاش کوردێکی زۆری ناوچەی دێرسیم عەلیپەرست یان عەلەوین. لەوانەیە پەیوەندی و ھاموشۆی ئەوان لەگەڵ خزمەکانیان، وایکردبێت، کە کاریگەری عەلیپەرستی لایان بەھێزبێت، لە کاتێکدا سەفەوێکان شیعەی دوازدە ئیمامی بوون. بۆیە دوورخستنەوەیان، لەوانەیە بە مەبەستی دوورخستنەوە لە کاریگەری و ژینگەی خزمە عەلەویەکانیان بێت، بۆ چەسپاندنی مەزھەبی شیعەگەری لە ناویاندا.

سێیەم:- گومانی ئەوەش ھەیە کە کوردەکانی خوراسان، ھەر وەکو سەردەمی تەیموری لەنگ، ھەر سەر بە مەزھەبی سوننە بووبن. ناردنی کوردانی چەمشکەزەک و کوردانی دیش، لە لایەن سەفەویانەوە بۆ لایان، ڕەنگە وەکو ھەوڵێک، بێت بۆ بە شیعەکردنی ھەموو کوردانی خوراسان، ھەروەک ئێستا دەیبینین.

چوارەم:- سزادانی بەکۆمەڵ، لە لایەن دەستەڵاتدارانی ڕۆژھەڵاتەوە، بە درێژایی مێژو، کارێکی باو و چاوەڕوانکراو بووە. سەفەویەکان لە سزادانی بە کۆمەڵی کوردان، ھەموو یاساو ڕێسایەکیان بەزاندبوو. دوور نیە ئەو کوردانە، یان فەرماندارەکانیان، لە جێبەجێکردنی فەرمانێکی شا عەباسدا خۆیان گنخاندبێت، یاخود بە دڵی ئەو جێبەجێیان نەکردبێت و، لەسەر ئەمە بە کۆمەڵ سزادرابن و، بۆ خوراسان دوورخرابنەوە.

ھەر کامە لەو ھۆکارانە بووبێت، ھیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕبێت کە شا عەباسی سەفەوی، بەئاگا یان بێئاگایانە، بناغەی کۆمەڵگای کوردی لە خوراسان دانەناوە، وەک لە زوربەی سەرچاوەکاندا نوسراوە. چونکە وەک دەرمانخست، بەڵگەو نوسراوی پێویست لەبەردەستدان، کە دەیسەلمێنن، بوونی کۆمەڵگای کوردی لە خوراسان، ڕەگێکی زۆر کۆنتری ھەیە. بێگومان شا عەباس، بە ناردنی ژمارەیەکی دی کوردان لە کوردستانەوە بۆ خوراسان، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر کۆمەڵگای کوردی، لەوێ داھێناوە. ئەوەی کە لای من زۆر جێی سەرنجە، بریتیە لە زاڵبوون و باڵادەستی زاراوەی باکور (کرمانجی)، لە ناو کوردەکانی قوچان و شیروانە، کە بە گوێرەی بەڵگەکان، کوردانی پێش ئەو دوا شەپۆلی کۆچە، نابێ لە باکوری کوردستانەوە ھاتبن، بەڵکو کوردی باشور بە گشتی و، پارس بە تایبەتی بوون. ئەمە گومانی ئەوەمان لا دروست دەکات کە کوردانی کۆن، لە ماوەی دوو سەت ساڵدا، ( لە تەیموری لەنگەوە تا شا عەبباس)، زمانی کوردیان لە بیرچووبێتەوە و توابنەوە. وەک دەزانین تەیموری لەنگ لە دەوروبەری ساڵی ١٣٨١ زاینی، بینیویەتی کە کوردانی قوچان، جگە لە کوردی چ زمانێکی دیان نەزانیوە، کەچی لە سەردەمی شا عەباسدا (١٥٨٧-١٦٢٨ زاینی )، واتا دوای دوو سەت ساڵ، ھەر زاراوەی باکور (کرمانجی) لەوێ دەمێنێت. ئەرکی زمانەوانانی کوردە کە لە نزیکەوە کاری مەیدانی لەسەر زمانی ئەو ملیۆنان کوردەی خوراسان بکەن و، شوێنەواری زاراوە کۆنەکان و، ئەو تێکھەڵکێشەی دواتر بدۆزنەوە و لێی بکۆڵنەوە. بێگومان بەھۆی دابڕانی کوردانی ئەوێ، زمانەکەیان زۆر دیاردەی زمانەوانی کۆن و، وشەگەلی تایبەتی سەردەمە کۆنەکانیشیان پاراستووە و، دەکرێت سودی زۆریان لێ وەربگیرێت.

جگە لە کاریگەری زمان، دەکرێ بڵاوبونەوەو چەسپانی شیعەگەریش، لای کوردانی خوراسان، بۆ دوای ڕاگواستنەکانی شا عەباس بگێڕینەوە. ھاتنی کوردانی تازە بەگشتی، دەبێ وەکو خوێن تێزانەوەیەکی تازە لە دەماری کوردانی دوورە وڵاتی ئەوێ لەبەر چاو بگرین. بە جۆرێک کە چەرخی چەپگەردی ڕۆژگار، لەو ٥٠٠ ساڵەدا، ئەگەرچی شوێنەواری قوڵی خۆی بەسەردا بەجێھێشتوون، بەڵام نەیتوانیوە بیانتوێنێتەوە و، لە ناویان بەرێت.

سەرەنجامی بابەتەکە

بوونی کورد لە خوراسان، ڕەگی زۆر لە سەدەکانی ناوەڕاست کۆنترە. ڕاگواستنی کورد لە سەردەمی سەفەویاندا، تەنیا مەڵۆیەک بووە و، خراوەتە سەر گیشە سەرەکیەکەوە. ھەڵوەدابوونی کوردان، زۆر پێش ڕاگواستنی سەفەویان دەستی پێکردووە. بەڵگەکان وای دەردەخەن کە شەپۆلی کۆچی بە کۆمەڵی کوردان، چ بۆ خوراسان بووبێت، یان شوێنی دی، تا ھیندستانیش (وەک پاشماوەی زەردەشتیەکانی شاری بۆمبای)، بۆ دوای نەمان و لەناوچوونی دەستەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ساسانی دەگەڕێتەوە. ئەو کاتانە چەوسانەوە و زۆرداری دەستەڵاتدارانی تازەی عارەبی موسوڵمان، لەسەر خەڵکی ھەندێ ناوچەی باشوری کوردستان، لە ڕادەبەدەر زۆر بووە و، بەشێکی ئەو خەڵکانەی کە بەرگەیان نەگرتووە، سەری خۆیان ھەڵگرتووە. گومانی ئەوەش ھەیە کە زووتر و لە سەردەمی ساسانیاندا، کوردان ئاشنایەتیان لەگەڵ خوراسان ھەبووێت و، وەکو مەرسەوان و پاسەوان، لەوێ کاریان پێسپێردراوە و ماونەتەوەش.

زانیاریمان لەسەر سەرەتاکانی بوونی کوردان، ئەمەندە کەمە کە پتر دەچێتە بواری ئەگەر و گریمانەوە. دیارە لەملاو لەولا، فاکتە و زانیاری نوسراویش ھەن، کە کەمێک ڕۆشناییمان پێدەدات. وەک لە ھەندێک نوسراوی کۆندا دەرکەوتووە، کوردانی خوراسان، لە ساڵانی بەرایی سوڕگومیاندا، بەوە دەناسرێنەوە کە ھەمیشە گورج و گۆڵ و چالاک بوون. ئەوان لە بواری سیاسی و سەربازیدا، ڕۆڵی بەرچاویان لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی خێڵەکی و پان عارەبیستانەی کاربەدەستانی ئیسلام ھەبوو .

ڕۆڵەی کوردی خوراسانی وەکو (ئەبو موسلیم)یان تێدا ھەڵکەوت، کە بەرەنجامی کارە جەنگی و سەربازیەکانی ئەو لە کوردستان، کۆتایی بە دەستەڵاتی تەنگەتیلەی عەرەبی ھێنا و، دەستەڵاتێکی (نێونەتەوەیی ئیسلامی)، یان خەلافەتی عەباسی، جێگای گرتەوە. بە ھۆی ھەوڵ و کۆششی ئەو و، کوردانی خوراسان بوو، گەلانی ناعەرب، دیسان ڕۆڵی ئاسایی خۆیان وەرگرتەوە. بە دەیان میرنشینی کوردی دامەزران و، سه‌ره‌نجام زمانی کوردیش بوژایەوە. کوردانی خوراسان لە ڕووی ڕۆشنبیریشەوە، ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان بینیوە. ڕۆشنبیرانی ھەرسێ دەستە و نەتەوەی ناڕازی، کە لە خوراسان یەکیان گرتبووەوە، واتا کوردانی پارس و سامانیە (دەری) زمانەکان و عارەبەکانی (توس) و خوراسان، کە لایەنگرانی عەلی و عەباس بوون، بە یەکەوە (زمانی ھاوچەرخی) فارسیان بە گەڕخست. ئەو زمانەی، ھەر لە دروستکردنیەوە، بە تێکھەڵکێش کردنی زاراوەی کوردی پارس و زمانی دەری و زمانی عارەبی، لە سەدەی ھەشتی زاینی، بوو بە زمانی نێو نەتەوەیی، ھەموو نەتەوە نا عارەبەکانی ڕۆژھەڵات(٨).

ئەمڕۆش، بایەخی کوردانی خوراسان، بۆ ئێمەی کوردستانی، لە دوێنێیان کەمتر نیە. یەکێک لەو بایەخە زۆرانەی کە ھەیانە، لە بواری زمانەوانیە. دەکرێت لە ڕووی زمانەوە، کارێکی زۆرو زەوەندی مەیدانیان لە ناودا بکرێت. واتا شارەزایانی زمان، بە ھاوکاری ڕۆشنبیرانی زمانزانی کوردی خوراسان، دەتوانن کارێکی زۆر لەسەر زمانی خەڵکی بکەن. بەراوردی دیاردە زمانەوانیە لێکچووەکان و لێکجیاوازەکان بکەن. ھەروەک ئەو دیاردە زمانەوانیانەی کە لە زاراوە کوردیەکاندا نەماون و، تا سەر زمانی کۆنینەی پەھلەوی دەچنەوە. لەمانەش گرنگتر، کۆکردنەوەی فەرھەنگی وشەی ھەموو ھۆزو تیرە کوردیەکانی ئە، لە چوارچیوەی دوو بەرگی کتێبێکدا. زمانی کوردی ئەوێ، سەدان ساڵە بە جیا لە کاریگەریەکانی گەشەی زمانی کوردی لە کوردستان و، بە ئاراستەیەکی جیاواز و سەربەخۆو، بە کەرەستەی تایبەت بە خۆی، دەچێتە پێش. دەکرێت کاری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بەراوردکاری فراوانی لەسەر بکرێت. بە دووری نازانم زۆر لایەنی ڕێزمانی، لە ئێمە شاراوەی زمانی کوردی، لەوێ بدۆزرێنەوە.

کوردەکانی خوراسانیش، وەکو ھەموو ھەرێمەکانی کوردستان، خاوەنی سامانێکی گەورەی فلکلۆری و گەلێرین، کە بۆ ئێمە بایەخی تایبەتیان ھەیە. داستانەکانیان، لاوک و ئاوازو چیرۆک و بەسەرھاتی ڕۆژگار، ھەروەک زۆر لایەنی شاراوەی مێژوی ئەوانیش لەوێ، یان لە نیشتیمانی زووتریان دەردەخات. ئەم دەقە فۆلکلۆریانەی ئەوێ، کە پشتاو پشت پارێزراون، لە زۆر بواری بەراوردکاریشدا، سودیان لێوەردەگیرێت. بۆ نمونە ئەو توخمانەی لە گێڕانەوەکانی ئێمەدا ھەن و لای ئەوان نین، ئەوا ھەندێکیان ھێمان بۆ توخمی تازە ھاتوو بۆ ناو فلکلۆرمان. ھەروەک بوونی توخمی ناوازە و نەبیستراویش، لە فۆلکلۆری ئەوێ، ھەمان واتای تازەیی و وەرگیران لە دەرو دراوسێ، یاخۆ داھێنان دەگەیەنێت.

ئەگەر سەرنجێکی خێرا لە دابونەریتیان بدەین، شەقڵی ژیانی ڕەوەندی و مەڕداری، زۆر بە زەقی، بە ھەڵسوکەوت و جلوبەرگ و پێکھاتەی ناو ماڵیانەوە دیارە. بێگومانم بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی تێرو تەسەل و گشتگیر، ھێشتا زۆر لایەنی شاراوەی دی ئەو (کوردستانە) دوورەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

کوردانی خوراسان، چ لە ڕووی ژمارەو، چ لە ڕووی ڕووبەرو پانتایی ئەو خاکەی کە لە سەریدا نیشتەجێن، وڵاتێکی تایبەت بە ھەموو مەرجە پێویستیەکان، بۆ خۆیان پێکدێنن. بەداخەوە دەڵێم تا ئێستا ئەو بایەخەی (ھەر بۆ نمونە) بەو چەند ھەزار کوردە دراوە، کە لە دوای تێکشکانەکانی شەڕی یەکەمی جیھانیەوە، لە باکوری کوردستانەوە ڕوویان لە لوبنان کردووە، بە چارەکی ئەوەش بایەخ بەو کوردستانە، تا ڕادەیەک گەورەو پڕ لە دانیشتوانە نەدراوە. دەکرێ و زۆریش پێویستە، بە ھەوڵ و تێکۆشان و بەشداری دامو دەزگا و ڕێکخراوە سیاسی، ڕۆشنبیری جەماوەریەکان، ھەنگاوی گەورە بھاوێژرێت، بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندی ھەمیشەیی، لەگەڵ ئەو کوردانەی ئەوێ. ڕایەڵی پتەو لە نێوان دامودەزگا و ڕێکخراوە ھاوپیشەییەکانی ھەردوولا ببەسترێت، تا بواری ئاڵوگۆڕ و پێکەوە کارکردن بێتە گۆڕێ. کوردستانی خوراسان، بە ھۆی سیاسەتی دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی، لە دان نەنان، یاخود پشتگوێ خستنی بوونی گەلانی نا فارس و، بایەخ نەدان بە باری ڕۆشنبیری و زمانی ئەوان لە لایەکەوە، ھەروەھا بەھۆی پاشکەوتنی باری سیاسی و ڕۆشنبیری کوردەکانی ئەوێ خۆشیان، شان بە شانی ھۆکاری ئایینی، کە ئەوان بە ھۆی ئەوەی لەگەڵ زۆرینەی فارس زمانەکان ھاو مەزھەبن، بە ئاسانی (جیاوازیەکانی) دی خۆیان لە بیر دەکەن و، خێراتر لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان ڕادێن، ھەموو ئەو ھۆیانە بە یەکەوە، ھەڕەشەیەکی گەورەو مەرگباریان لەسەر ئەو گەلە پێکھێناوە. زمان و فەرھەنگ و دابونەریتیان، وا لە ئاستانەی نەمان و لەناوچوون دایە.

ئەرکی بە پەلەی رۆشنبیران و دامو دەزگاو دامەزراوە فێرمی و ڕۆشنبیریەکان ئەوەیە کە لە ھەموو بوارە جۆراو جۆرەکاندا بکەونە جوڵە. دەبێ بەپەلە، پەیوەندی چەند سەرە و فراوان، لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی (کوردخانە، کوردستانی خوراسان) دروست بکەن. تیپە وەرزشیەکانیان، نوسەران، گۆرانیبێژان و تیپە مۆسیقیەکانیان، پەیوەندیان پێوە بکرێت. بۆ دەرەوە و ناو ڕەوەندی کوردی دەرەوەی کوردستان، ھەروەک بۆ باشوری کوردستان، بانگێشت بکرێن. چاک وایە لە کەناڵە ئاسمانیە کوردیەکاندا، بەرنامەی تایبەتیان، لەسەر و بۆ، تەرخان بکرێت. ڕۆڵەکانی خۆیان بانگھێشت بکەن، تا سەرپەرشتی ئەو جۆرە بەرنامانە بکەن. بۆرسی تایبەتی خوێندن و ڕاھێنانیان، لە زانکۆکاندا بۆ دیاری بکرێت، تا بتوانن لە کاتی گەڕانەوەیاندا، باشتر خەریکی گەشەپێدانی باری ڕۆشنبیری گەلەکەیان بن. پێویستە سودی زۆر لە ماڵپەڕەکانی ئینترنێت وەربگیرێت، کە ئاسانترین و ھەرزانترین ھۆکاری (تا ڕادەیەک) ڕێگاپێدراوە لە ئێران، بۆ پەیوەندی گرتن. بەرھەم و بابەتەکانیان لەو ماڵپەڕانەدا بڵاوبکرێنەوە. ھەواڵ و ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، وەرزشی و ڕۆشنبیریەکانیان، بایەخی گونجاویان پێبدرێت. شه‌پۆڵی ڕادیۆیی ئاراسته‌ کراو، به‌ زمان و زاراوه‌ی خۆیان دابندرێت، تا ئاگاییان بۆ سه‌ره‌وه‌تر ببردرێت. لەمانەش ھەموی گرنگتر، دەبێت ڕێکخراوەکانیان، لە ڕووی داراییەوە پشتگیری بکرێن. داخوازی و پێویستیەکانیان جێبە جێ بکرێن، تا بتوانن لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستن و، لە کارکردن پەکیان نەکەوێت. دەبێ ھان بدرێن تا حیزب و ڕێکخراوی سیاسی تایبەت بە خۆیان پێکبێنن، بۆ دەستەبەرکردنی مافە مرۆڤایەتی و ڕۆشنبیریەکانیان. ئەگەر بتوانن خۆیان ڕێکبخەن، ئەوا دەتوانن وشیارانە ھەڵسو کەوت لەگەڵ داخوازی و مافە ڕۆشنبیریەکانیان بکەن و، شێلگیرتربن لە بەدەست خستنیان. پەیوەندی ھەراو و ھەمەلایەنەی ئەوان، لەگەڵ باشوری کوردستان و ناوەندە ڕۆشنبیریەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ھەروەھا لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی کوردستان، بە تایبەت پایتەختی ئێران، تاران، لەبەر نزیکی و ئاسانی پەیوەندی بە کوردانی ھەموو ناچە جیاوازەکان. ئەمانە ھەمووی، ڕەنگە بتوانرێت ئەوان لە نەمان و توانەوە دەرباز بکات و، تەنانەت بکەونەوە سەر پێی خۆیان، تا ئەو ڕۆژە دێت بە مافە ڕەواکانی خۆیان شاد دەبن. ئەگەر بتوانین، بە ھەوڵ و کۆششی ھەموو لایەک، کوردستانی خوراسان، لەو چارەنوسە خراپەی کە تێی کەوتوون، دەربێنین و، بوونی کوردان لەوێ (لانی که‌م جارێ لە ڕوی زمان و ڕۆشنبیریەوە)، لە نەمان بپارێزین، ئەوا ئەوێ، لە دواڕۆژی پڕ لە جەنجاڵ و نادیاری کوردستاندا، پشت و پەنا و قوڵاییەکی ستراتیژی ئێمە دەبێت. ئەگەر توانیشمان لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین و سەربەخۆ بین، دیسان کوردستانی خوراسان، دەبێ بە پردی پەیوەندی ئێمە، لەگەڵ وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا. کوردانی خوراسان، ئەو گەنجینە شاراوەیەن، کە دۆزینەوە و پاراستنی، ئەرکی ھەموومانە و ھەمووشمان بە بوونی سودمەند دەبین.

لەم دواییانەدا و لە ڕێگای ھەندێک ھەواڵی ماڵپەڕەکان و کوردانی ڕۆژھەڵاتەوە، بۆم ئاشکرابوو کە حکومەتی ئێران، ترسێکی زۆری لە چالاکی ڕۆشنبیری کوردانی خوڕاسان لێنیشتووە. چەند گۆڤارو بڵاوکراوەیەکی کوردی، کە له‌وێ بە توانای کەمی ڕۆشنبیران بڵاودەکرانەوە، ھەموویان داخراون. ڕۆشنبیران خراونەتە زیندانەوە. ھەموو جۆرە چالاکیەکی ڕۆشنبیرییان لێ قەدەغە کراوە. دیارە ئەمە ئەو پێشبینیە مەترسیدارە بوو، کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد. ئێستا درەنگە و، دەبێ ڕۆشنبیرانی کوردی خوراسان، لە باشوری وڵات و ھەندەران، کۆبکرێنەوە و ھەموو توانایەکیان بخرێتە بەردەست، تا لە ڕێگای میدیا کۆمەڵایەتیەکان، تۆڕەکانی ئینتەرنێت و، کەناڵە ئاسمانیەکان، هه‌روه‌ها ڕادیۆی ئاراسته‌ کراودا، پردی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی خۆیان دامەزرێننەوە.

لە ھەندێک لە شارەکانی کوردخانە، ڕێگا بە بڵاوکردنەوەی پەخشی ڕادیۆیی بە کوردی دراوە، بەڵام دیار نیە کە بۆ ماوەیەکی کاتیە، یان بەشێکە لە دەستەبەرکردنی داخوازیەکیان. ناوەندی چاندو فەرھەنگی کوردی لە شاری قوچان، ڕەنگە گەورەترین ناوەندی ڕۆشنبیری کورانی خوراسان بێت. ھەروەک ناوەندی پەخشی کوردی رادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەت بە کوردی، لە شاری بوجنورت داندراوە. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەر دەستدان، ساڵانە لە نێوان ٨ تا ١٠ کتێبی کوردی، لە شارە کوردیەکانئ کوردخانه‌ چاپ دەکرێن.

پەراوێزەکان:

١- کتێبی نایابی (حرکت تJریخی کرد بە خراسان)، لە نوسینی کلیم اللە توحدی، کە سێ بەرگە و پڕیەتی لە بەڵگەنامەی بە سود، لەو سەرچاوە باشانەیە کە باسی ڕاگواستنی کوردان لە سەردەمی شا عەباس دەکات، بە داخەوە ئێستا کتێبەکەم لا نەماوە و نەمتوانی سودی لێوەربگرم. ئەم نوسەرە بەڕێزە چەندان کتێبی دی بەسودی بڵاوکردونەتەوە و من نەمبینیون.

٢- شاسوار.خ.ھەرشەمی، کارنامەی ئەردەشێری بابەکان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،٢٠٠٠ سلێمانی، ل٢٤.

٣- ھەمان سەرچاوە. ل٢٩.

٤- بە گومانی زۆر، مەبەستی تەیموری لەنگ لە لباد، کەپەنەک بووە, کە ڕەوەندو مەڕدارانی کورد، تا ئێستاش، بۆ خۆپاراستن لە باران و بەفرو ساردی، لەبەری دەکەن.

٥- مارسل بریون، منم تیمور جھانگشا، سرگدشت تیمور لنگ ، بقلم خود او، اقتباس ذبیح اللە منصوری، تھران ص ٦٣-٦٤.

٦- ھەمان سەرچاوەی پێشو، ل٢٤٦.

٧- ھەمان سەرچاوەی پێشو، ل٦٢.

٨- شاسوارھەرشەمی، ھەندێک زانیاریەکی گشتی لەبارەی زمانەوە. کوردۆلۆژی. سلێمانی. ٢٠٠٩.

٩- ابن خلکان. وفیات ألأعیان وأنباء أبناء الزمان. تحقیق احسان عباس. دار صادر. بیروت. ١٩٩٤.جزء ٧.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …