Home / بەشی مێژووی كورد / هەموو شتێک لەبارەى زانکۆ دێرینەکەى ئامێدى

هەموو شتێک لەبارەى زانکۆ دێرینەکەى ئامێدى

هەموو شتێک لەبارەى زانکۆ دێرینەکەى ئامێدى

پێش سەتان ساڵ لە ئامێدى خوێندنگەیەکى گەورە هەبوو، کە بە خوێندنگەى قوبەهان دەناسرا، نزیکەى 2 هەزار دەستنووس لەو خوێندنگەیەدا پارێزراو بوون، بەڵام پێش نزیکەى سەدەیەک دەستنووسیەکان ون بوون، جگە لە 400 تا 450 دەستنووش کە ئێستە لە بەغدا هەڵگیراون.
خوێندنگەى قوبەهانى ئامێدى یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانى ئامێدى و لە وەختى خۆیدا بۆ هەموو کوردستان سەرچاوەى دەستکەوتنى زانست و زانین بووە، هەزاران بڕوانامە لەو خوێندنگەیە بەخشراون، بەڵام ئێستە تەنیا شوێنەوارەکەى ماوەتەوە.
خوێندنگەى قوبەهان کە هەندێک بە زانکۆى قوبەهان ناوى دەبەن، دەکەوێتە سەر رووبارى ئامێدى لە نێوان هاوینەهەوارى سۆلاڤ و قەڵاى ئامێدى کە بە گەورەترین خوێندنگەى مێرنشینى بادینان دادەنرێت و خوێندکاران لە هەموو کوردستان وانەیان تێدا خوێندووە و هەزاران مەلا و رۆشنبیر و هەڵبەستڤان و کەسایەتى ناسراوى کوردستان لەو خوێندنگەیەدا خوێندوویانە.
محەمەد عەبدوڵا ئامێدى شارەزاى کەلتور و مێژووى ئامێدى بۆ “وشە”ى روون کردەوە، سێ بۆچوون دەربارەى ناوى قوبەهان هەیە، ئەوەى زیاتر دەگوترێت ناوى قوبەهان لەو سێ گومبەت “قوبە”یەوە هاتووە کە لەسەر مزگەوتى خوێندنگەکە هەبوون، بەڵام هەندێک دەڵێن، ناوى قوبەهان بۆ کوڕى سوڵتان حوسێن وەلى دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو خوێندنگەیە لە سەردەمى ئەودا نۆژەن کراوەتەوە و سوڵتان حوسێن ناوى کوڕەکەى خۆى خستووەتە سەر خوێندنگەکە، لەکاتێکدا بۆچوونێکى تر هەیە، کە ناوى قوبەهان بۆ مزگەوتى قوبەهان لە وڵاتى سعودیە دەگەڕێتەوە.
مێژوونووسان و شارەزایانى مێژوویى دووپات لەوە دەکەنەوە، بە درێژایى 800 ساڵ خوێندن لە خوێندنگەى قوبەهان بەردەوام بووە، لەسەردەمى سوڵتان حوسێن دروست کراوە و لە سەردەستى سوڵتان حوسێن وەلى کوڕى سوڵتان حەسەن لە ساڵى 1534ى زایینى نۆژەن کراوەتەوە.
خوێندنگەى قوبەهان لە پێنج بەشى سەرەکى پێک هاتووە، بەشێکى بۆ قوتابیان تەرخان کراوە، بەشێک یان دوو بەشى بۆ شوێنى پشوودان و مانەوەى مامۆستایان، بەشێک بۆ ئامادەکردنى خواردن و خواردنەوە و شوێنى دەست شووشتن و بەشەکەى دیکەى مزگەوت و شوێنى نوێژکردن بووە.
شارەزایەکەى مێژووى ئامێدى دووپاتى دەکاتەوە، لەو قۆناغەدا خەڵکى دەڤەرى ئامێدى لە مزگەوتى خوێندنگەى قوبەهان نوێژیان کردووە و گوێیان لە گوتارى رۆژانى هەینى گرتووە، جگەلەوەى چەندین ژوور لە دەورى مزگەوتەکەدا هەبوون و وەک حوجرەى فەقێیان بەکارهاتوون.
محەمەد عەبدوڵا ئامێدى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بەپێى لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، 2 هەزار کتێبى دەستنووس لە خوێندنگەى قوبەهان هەبوون، بەڵام لە شەڕى ساڵى 1919 کە بە شەڕى “گەلى مزریکا” ناسراوە، بەشێکى زۆر لە دەستنووسەکان ون بوون، جگە لە 400 تا 450 دەستنووس کە بۆ ماڵى “موفتى ئامێدى” گوازراونەتەوە، بەو هۆیەوە کە موفتى ئامێدى دواکەس بووە لەو خوێندنگەیەدا خوێندوویەتى، بەڵام دواتر لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە دەستنووسەکان بۆ ” دار المحفوڤ” لە بەغدا گوازراونەتەوە و ئێستە لەو خانەیەدا هەڵگیراون.
بەگوتەى ئەو شارەزا مێژووییە، شێوازى خوێندن لە خوێندنگەى قوبەهان لە وەرزى هاویندا بووە، هەندێکجار 60 مامۆستا لە یەک کاتدا وانەیان بە 400 خوێندکار داوە، خوێندن تەنیا “پەسەندکردن” بووە لەلایەن میرى ئامێدى و نزیکەى 12 زانستى جیاجیا لەو خوێندنگەیەدا خوێندراوە، ئەو مەلایانەى لەو خوێندنگە دەردەچوون، بە “مەلاى دوازە عیلم” دەناسران.
لەو خوێندنگەیەدا زانستەکانى “کەلام، نەحو، مەنتق، بەیان، بەدیع، مەعانى، سرف، ئەدەب، هەیئە، ئوسوڵى فیقهە و زانستى تەفسیر” لەگەڵ هەندێکى زانستى پزیشکى و ئەندازیارى وەک “ژمێریارى، ئەندازیارى، فەلسەفە، زانستى پزیشکى و ئەستێرەناسى و … هتد” خوێندراون. خوێندنگەى قوبەهان پەیوەندى لەگەڵ زانکۆى ئەسهەردا هەبووە، چەندین کەسایەتى و زانا لەناویاندا “ئەبو سعوود عەمادى، شێخ عەبدولسەلام بەرزنجى، شێخ محەمەد مەغریبى و شێخ غەیاسەدین نەقشبەندى و … هتد” لە خوێندنگەى قوبەهان خوێندوویانە.
پانى خوێندنگەى قوبەهان 25.30م  و درێژییەکەى دەگاتە 28 مەتر، لە رۆژئاواى تەلارى خوێندنگەکە بەرزییەکەى دەگاتە 3.80 مەتر و فراوانى دەرگەى 2.80 مەتر و لە بەردى کلس دروست کراوە و قوبەکانیش لە بەردى حەلانى سوور دروست کراون، ئاوى سۆلاڤ سەرچاوەى ئاوى خوێندنگەکە بووە.
وشە/ ئامێدى . نەوزاد هلۆرى

About كه‌یفی عمر

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …