Home / بەشی مێژووی كورد / شەڕی مجاهیدین مانگی ١٩٩١/٣

شەڕی مجاهیدین مانگی ١٩٩١/٣

sengawi
مه‌حمود سه‌نگاوی

لە قۆڵی ئێمەشەوە کە قۆڵی جەلەولا بوو دوژمن هێزێکی زۆری مجاهیدینی کۆکردبووەوە بۆ پەلاماردان، شەوی پێش هێرشەکە و بەر لە ڕۆژبوونەوە واتە لە ڕۆژی ٣/٢٥ بۆردومانێکی چڕی تۆپ و ڕاجیمە دەستی پێکرد، ئەمە کاری لەو خەڵکە کرد کە هاتبوونە بەرەی جەلەولا و لە شێخ باوە بوون و پاشەکشەیان کرد و هێزێکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیش لەوێ بوون و دوو تانکیان پێبوو کە لەو بەرەیەدا گرتبوویان، کاک مەلا ئەحمەدی دسکەرە بەری بەو خەڵکە و هێزەکەی ئەنجومەنی باڵا گرتبوو نەڕۆن بەڵام خەڵکەکە ئامادە نەبوون بمێننەوە وهێزەکەی ئەنجومەن مابوونەوە و کاک مەلا ئەحمەدی دسکەرە داوای لێکردبوون بە تانکەکانیان بەرەو گوندی ئیسلاح و بەهانای هێزەکەی ئەوێوە بچن کە لە چەند قۆڵێکی جیاوە بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسی هێزی پێشمەرگە لەسەر جەلەولا هێرشیان بۆ کردین، لە جەلەولاوە بۆ کەلار، لە خانەقینەوە بەرەو مرواری، لە قەرەتەپە وە بەرەو بان ئاسیاو و لەوێوە بەرەو کەلار، کە پێشتر لە قۆڵی کفرییەوە پەلاماریاندا بەڵام تێکشکان. شەڕ بە سەختی دەستی پێکرد، هێزەکانمان ئابڵۆقە دران، تاکو ئەهات ناوچەکە لەسەرمان تەنگەبەرتر ئەبوو، کە کاک مەلا ئەحمەد و ئەوان ئەگەنە ناو ماڵەکانی ئەو پەڕی دێیەکە و تانکەکانی دوژمن پەیدا ئەبن و تەقە لە دوو تانکەکەی لای خۆمان ئەکەن و هەردووکیان تێک ئەشکێنن و کاک مەلا ئەحمەد و ئەوان بەرگریەکەی باش ئەکەن و بۆ ماوەیەک ڕێگری لە پێشڕەوییەکەیان ئەکەن، لەو کاتانەدامن و کاک حەمەڕەشید عەلی شەریف و فاروقی قادری حەمەساڵەح بە هێزێکەوە گەشتینە لایان و کۆپتەر لێمان تاین بوو، دوو تانکیش ڕوویان تێکردین، هەرچەندە کۆپتەرەکان تەقەیەکی ئەوتۆیان نەکرد بەڵام کاری لە وورەی هێزەکەمان کرد… ناهەقیش نەبوو، ناوچەکە زۆر ڕووتەنە و شوێنێک نەبوو پەنای بۆ ببرێ وەکو سەنگەر شەڕی تیا بکرێت.. لەگەڵ تانکەکاندا شەڕێکی سەخت کرا.. برادەران لەگەڵماندا قسەیان کرد و وادانرا من بچمە سەرگردێکی ئەو لا تر لە دووری٥٠٠ م و دواتر برادەران بێنە لای من بەڵام من نەمتووانی بگەمە شوێنەکە.. پاشان لەگەڵ برادەران یەکمان گرتەوە و کاتژمێر ٥:١٠ ی سەر لە بەیانی توانیمان لە ٥٠٠م سەروو دێی ئیسڵاحەوە لەگەڵ کاک مەلا ئەحمەدی دسکەرە و محەمەد قەرەبڵاخی کە دواتر شەهید بوو ڕێگەکە تاقی بکەینەوە و هێزەکەمان گەیاندە ناو باخەکانی شێخ باوە و هەندێک لە هێزەکانی دوژمن دووربکەوینەوە، لەوێ کۆبوونەوەیەکم بە هێزەکە کرد کە ئێمە بۆ شەڕی بەرگری هاتووین، مەرج نییە شەڕ هەموو کاتێک سەرکەوتن بێت، هەندێ جاریش تووشی گیر و گرفت ئەبین و تەنگمان پێ هەڵ ئەچنرێ و ئەکەوینە تەنگانەوە، ئەبێ خۆ ڕاگر بین و وورە بەرز بین. لە یادم چوو کە هێشتا لە لەلای دێی ئیسڵاح بووین کاک حەمەڕەشیدی عەلی شەریف لێی پرسیم : چارەسەر لای تۆ چییە بۆ ئەم وەزعە؟ منیش پێمووت: کاکە گیان چەند جار شەڕی مان و نەمانت بینیوە، وا ئەمڕۆ شەڕی مان و نەمانە، شەڕ ئەکەین تا هەموومان ئەکوژرێین، لەوانەشە دوژمن تێکبشکێ و ڕزگارمان بێ. وەڵامی دامەوە: ووتی یاخوا ماڵت بڕمێ بۆ خۆت و چارەسەرت. لەم شەڕەدا مستەفا حەسەن حسێن و باقی محەمەد شەهید بوون و هەوڵماندا تەرمەکانیان ڕزگار بکەین و دوژمن ڕێگەکانیان گرتبوو هیچمان پێ نەکرا بە داخەوە.

بە ناو قووڕ و زەلکاو و قامیشەڵانی چەمی سیرواندا ماوەی ٢٠ کم زیاترمان بە پێ بڕی. بەیانییەکەی کاتێک شەڕەکە دەستیپێکرد لەگەڵ کاک شێخ جەعفەردا بە جیهاز قسەم ئەکرد ئەمویست تێیبگەیەنم کە ئێمە ئابڵوقە دراوین و پێم ووت: ئێمە وەکو دوێنێ سدیقی سۆفی مەجید واین. لەو کاتەدا پەیوەندی نەما و ئیتر نەهاتەوە سەر خەت. ئێمە بێئاگا بووین لەوەی کە هێزەکانی مجاهیدین پەلاماری کەلاریشیان داوە و لە کاتی پەیوەندی کردنەکەدا لەگەڵ کاک شێخ جەعفەر هێزەکانی دوژمن تۆپێک ئەنێنە قەڵای شێروانەوە و بەشێکی ئەڕوخێنن. ئیتر ئێمە کەوتینە چاڵی نەمانتوانی لەگەڵ کەسدا پەیوەندی بکەین چونکە جیهازەکانمان لە جۆری تەلەفۆن کنی ئەڵمانی بوو، ڕووبەڕوو پەیوەندی ئەکرد، بەڵام لە چاڵیدا نەی ئەکرد، بۆ ئەوەی ئاگاداری وەزعەکە ببین بەدەم ڕێگاوە گوێمان لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان ئەگرت و گوێمان لێ بوو برووسکەیەکی کاک نەوشیروانی پەخش ئەکرد:

لە/ نەوشیروان مستەفاوە
بۆ/ مەحمود سەنگاوی
(لە هەر جێگایەک هەیت جیازە بچووکەکانت بکەرەوە، پەیوەندی بە برادەرانەوە بکە).
بەڵام ئێمە بەهۆی چاڵیەوە نەمانتوانی کەس لە خەت پەیدا بکەین، کە گەیشتینە بان ئاسیاو زانیمان هێزەکانی مجاهیدین گەیشتوونەتە ناو کەلار و پێشمەرگە پەلاماریان داوە و تێکیان شکاندوون و چەند دەبابەیەکیان سوتێنراوە و کۆمەڵێک چەکداریان کوژراوە و ئەوانەشی مابوونەوە بە پەلەپڕوزێ دەرباز بووبوون. ئەوەی پێم زانیبێت زیاتر لە ٦٥ پێشمەرگە شەهید بوون، تەنیا دوانیان لەگەڵ مندا شەهید بوون، ئەوانی تر لە شوێنە جیاجیاکانی جەبهەکەوە شەهید بوون. هەر لە تیپەکەی کاک مەلا ئەحمەد زیاتر لە ٢٠پێشمەرگە دیار نەبوون، کە ١٧ کەسیان شەهید بووبوون، هەندێکیان وونکردبوو وە چەند کەسێکیشان کەوتبوونە دەست مجاهیدین لەوانە عومەری برای کاک مەلا ئەحمەد و ڕەفیقی خوشکەزای کە دوای ٣ مانگ بەریان دان و گەڕانەوە کە پرسەشیان بۆ دانرابوو.

هەر چەندە ئەو هێرشە بۆ ئێمە زۆر خراپ بوو، لەو ناوچەیەی بە دەستمانەوە بوو هەڵکەندراین و شەهیدی زۆرمان دا، بەڵام لە هەمان کاتدا تەمبێکردنێکی باشیش بوو بۆ مجاهیدین و لووت شکاندنیان وەکو چۆن لە کفریدا لووتیان شکا و نەیانتوانی هیچ بڕگەیەکی نەخشەکەیان بە ئەنجام بگەیەنن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە. لە ڕاستیدا ئەمە سەرەتای هەنگاوی پەلامارەکانی ڕژێم بوو بۆ گرتنەوەی کوردستانی ڕزگار کراو و ئەیویست لەم سنوورە وە درز بخاتە ناوچکەوە، بەڵام بە ئاسانی بۆی نەکرا کەچی لە قۆڵی کەرکووکە وە ئەوەی بۆ ڕەخسا.

لە ڕۆژی ٣/٢٧ دوای خۆکۆکردنەوە بە هێزی زۆرو زەوەندەی زەمینی و فڕۆکە و کۆپتەریش لە ئاسمانە پەلاماری ناو شاری کەرکوک و ئەو گەڕەکانەی لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون بداتەوە و دوای شەڕێکی سەخت و دژوار توانی بەسەر دۆخەکەدا زاڵبێ و هێزی پێشمەرگە ناچار بێ لە شار بکشێتەوە بۆ دەرەوە، خەڵکەکەش لە ناوشار دەربچن و بە ڕووت و قووتی ڕەوو بکەن، ئەمەوایکرد ئیتر دوژمن بیر لە پەلاماردانی ناوچەکانی تریش بکاتەوە، ئەمە بووە سەرەتای ئەو کۆڕەوەی کە دوونیای هەژاند.

چەند ڕۆژێک لە کەلار بووم، وەزعی گەدەم خراپ بوو ئیجازەیەکم کرد بۆ سەردانی کرماشان بۆ چارەسەرکردنی خۆم. چووم و ڕۆژی ٤/١ گەڕامەوە کەلار..

ڕۆژی ٤/٢ بوو هەڤاڵ مام جەلال و کاک جەبار فەرمان لە سووریاوە گەیشتنە سەر سنوری کوردستان و لە بادینانەوە گەڕانەوە سلێمانی، کە وەزعەکە زۆر شەڵەقابوو.

هەر ئەمڕۆ چوومە دەربەندیخان و سلێمانی، تەماشا ئەکەم ناوشار هەڵڵایە، ڕاکە ڕاکەیە، دوژمن بە هێز‌ێکی زۆرەوە گەیشتۆتە بازیان، هێزەکانمان بە پەڕاگەندەیی ئەگەڕێنەوە ناو شار و شاریش بەرەو چۆڵ بوون ئەچێ، بەشێکی خەڵکی بە ڕێگای ئەزمەڕدا ئەڕۆیشتن و بەشێکی تریشی بە ڕێگای عەربەتدا، بە جۆرێک قەرەباڵغ بوو من بە سێ کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل گەیشتمەوە دەربەندیخان. خەڵکەکە لە بارێکدا بوون بەردی ئەهێنایە گریان، ئەوەی ئوتۆمبێلی هەبوو باش بوو، ئەوەی نەیبوو بە پیادە و هەندێکش پێخاوس بوون، هیچیان لە سامان و کەلوپەلی ماڵ پێ نەبوو دەستی منداڵەکانیان گرتبوو ، ملی ڕێگای چارەنووسی نادیاریان گرتبووە بەر، بە پێی هەندێ زانیاری کە بیستمان ڕۆژی ٣/٣١ دوژمن لە قۆڵێ هەولێریشەوە هێرشی کردبوو بۆ گرتنەوەی، دوای تۆپبارانێکی قورس و شەهیدکردنی خەڵکێکی زۆر توانیبووی دەست بەسەر شارەکە و دەوروبەریدا بگرێتەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …