Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا لوڕەکان کوردن؟

ئایا لوڕەکان کوردن؟

ئایا لوڕەکان کوردن؟

 

لە ژینگەیەکی سروشتیدا و دوور لە کاریگەری دەرەکی سەپێنراو، خەڵک خۆی بریاری هەڵبژاردنی ناسنامەی خۆی دەدات و کەس مافی سەپاندنی ناسنامەی بەسەر خەڵکانی تر دا نیە. لە ژینگەی کوردستاندا مافی خەڵک و راستی مێژوویی ههەووی تێکەڵ کراوە و بە گشتی راستیەکان لە خەڵک تێکدراوە. لە رووی مێژوویی و فەرهەنگیەوە، لوڕەکان بە درێژایی مێژوو بە کورد دانراون و خۆشیان بە کورد داناوە. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا و لە ژێر کاریگەری لێکۆڵەرە ئەوروپیەکان و ئایدۆلۆژیای پان ئێرانیزم و ناسیۆنالیزمی فارسی و ئێراندا، گۆڕان لە بۆچوونی هەندێک لە لوڕەکان روویداوە.
ناوی لوڕەکان وادەردەکەوێ کە پێکهاتبێ لە وشەکانی(لو هوری)(۱) کە ماناکەی بە زمانی کوردی دەبێتە(لاوە هوریەکان، لاوە خۆرپەرستەکان) و بە زمانی هوری(۲) وشەکانی (لو خورویی) ماناکەی دەبێتە (لاوە هوریەکان). ئەو ناوە لە ناو کەڵهوڕەکانیش دەردەکەوێت کە دراوسێی لوڕەکانن.
کەڵهوڕەکان ناوەکەیان پێک دێت لە (کەڵ+هوڕ) کە ماناکەی دەبێتە (ئازا/نایاب/مەزن+هوڕ) واتا (هوریە نایابەکان، خۆرپەرستە نایابەکان) لە زمانی هوری (کڵ خورویی) ماناکەی دەبێتە (هوریە نایابەکان) ئەوەی کە دڵنیایی دەدات وشەی (خور،هوڕ)ی کوردی هەر مانایەکی نزیکی هەبووە لە زمانی هوریدا، ئەوەیە کە هوریەکان بە کاتی بەیانیان دەڵێن (خوری) کە ماناکەی لە (خۆری) کوردی نزیکە و دەبێت ئەوەش بزانرێت کە وشەی (خۆر) لە کوردیدا بە هەردوو شێوەی (هۆر/خۆر) هەیە.
ئەو پەیوەندیە هەر لە ناو نیە، دەبینرێت شەرەفخانی بەدلیسی کە مێژووی نەتەوەی کوردی نوسیووە، لوڕەکانی بە بەشێک لەو چوار گروپەی پێکهاتەی نەتەوەی کوردی داناوە و هەتاوەکو سەدەی بیستەم کاتێک کە لە لوڕەکانیان پرسیوە رەچەڵەکی لوڕ لە کوێوە هاتووە، لوڕەکان هاوشێوەی هەموو کوردێک چیرۆکەکەی سلێمانیان گێراوەتەوە.
جگە لەوەش ئەگەر سەرنجی هەندێک دیاردە و لایەنی کلتوری لوڕەکان بدرێت، راستیە مێژوویەکە بە روونی خۆی دەنوێنێ. بۆ نمونە ئەگەر ئەمرۆ سەیری ناوچەی لوڕەکان بکرێت، دەبینرێت یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی نیشتەجێبوونی لوڕ بکرێ بریتیە لە (شهر کرد) کە مانای شاری کورد دەدات.
بە درێژایی مێژوو، ئەو ناوچەیە هەر لوڕەکانی تێدابووە. ئایا دەکرێت شاری لوڕەکان بە ناوی کوردەوە بێت و خۆیان کورد نەبن؟ ئەی کوردەکان کێ بن کە ئەو شارەیان بەناوەوە ناونراوە؟ هەروەها دەبینرێت کە لوڕەکان وەکو هەموو کوردەکان هەڵپەرکێ دەکەن و دەهۆڵ و زورنا، کە ئامێری تایبەت بە هەڵپەرکێی کوردیە، لە ناو لوڕەکاندا هەیە و وەکو هەموو بەشەکانی تری کوردستان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەڵام بە تەواوی جیاوازە لە فارسی.
لە ئایینی یارسانی کە دانەر و پەیرەوکارانی لە ناو گۆران و لوڕەکان و هەندێ جار لە سۆرانەکانیش هەبوون. لە کتێبێ سەرەنجامی یارسانەکان شعری لوڕی و گۆران بە شێوەیەک تێکەڵ بووە کە لە یەکتر جودا ناکرێنەوە. کەسایەتی وەک شاخۆشین و بابە تایەری هەمەدانی و چەندانی تر کە بە کەسایەتی گرنگی ئەو ئایینە دادەنرێن، هەموویان لوڕن، لە هەمان کاتدا زۆرینەی پەیرەو کارانی ئەو ئایینە لە گۆرانەکانن. گوێزرانەوە و بۆچوونی ئایینی و روانگەی فەرهەنگی نێوان لوڕ و گۆرانەکان بە ڕوونی ئەو هاوبەشیە مێژووییە نیشان دەدات کە لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردا بە درێژایی مێژوو هەبووە.
یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی کە لە ناو کوردا دەرکەوتووە مێژوونوسان ئاماژەیان پێداوە، دیاردەی دەسەڵات دارێتی ئافرەت بووە. دەرکەوتنی ئافرەتی بە دەسەڵات هەمیشە بەشێک بووە له فەرهەنگ و مێژووی کورد، بە پێچەوانەی زۆر لە نەتەوە دراوسێکانی، کورد بە سەدان ئافرەتی ناوداری تێدایە. یەکێک لەو ئافرەتە لوڕە بەناوبانگانەی کە بەتوندی بەرامبەر رەزا شا وەستایەوە، (قەدەم خێر) بوو. قەدەم خێر بە فەرهەنگ و هەڵسوکەوت وەک هەموو ئافرەتێکی کورد بووە بە درێژایی مێژوو هەموو رۆڵێکی کۆخمەڵایەتی و سیاسی پیاویان بینیوە.
بەداخەوە لایەنی سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر دانانی لوڕەکان لە خانەی دەرەوەی کوردا دا. چونکە ئەگەر سەرنج بدرێت زاراوەی لوری هەمان ئەو زاراوەیە کە فەیلیەکان ‌لە باشوری کوردستان لە ناوچەکانی نزیک بەغدا قسەی پێ دەکەن.فەیلیەکان لەبەر ئەوەی لەژێر کاریگەری نسیۆنالیزمی فارسی و پان ئێرانیزم دا نین هەر خۆیان بە کورد دەزانن. ئەگەر لەسەر بنەمای زمان لوڕەکان لە فارسەکان نزیک بخرێنەوە، ئەوا ئەو بۆچوونە هەڵەیە. چونکە بە پشت بەستن بە سەدان بەڵگەی مێژوویی و زمانەوانی، دەردەکەوێت فارسی نزیک بۆتەوە بەلای کوردی نەک کوردی بەلای فارسی.
هیچ گومانێک نیە کە بە درێژایی مێژوو لوڕەکان خۆیان بە کورد ناساندووە، تەنها لە سەدەی بیستەمدا و لەژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی فارسی و پان ئێرانیزمدا و لێکۆڵینەوە ئەکادیمیە ئەوروپیەکاندا گومانیان لە کوردبوونی خۆیان لا دروست بووە. دەنا لوڕەکان بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، لێکچوونی مۆسیقا و سەما، زمان، ئایین، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، هتد.
وەکو هەموو کوردێکی ترن.

سەرچاوە:کورد کێیە (سۆران حەمەڕەش)

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …