بۆچوونی مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد‌و ره‌وشی رووناكبیری و سیاسیی كوردستان
ئه‌م دیداره یه‌كێكه له‌و دیداره رۆژنامه‌وانیانه‌ی كه گۆڤاری (نڤار) له هاوینی ساڵی 1998 له‌گه‌ڵی سازكردبوو له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووس كازیوه ساڵح-ه‌وه، كه تێیدا چه‌ندین لایه‌نی گرنگی ژیان و بۆچوونی مامۆستا مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت-ی له‌خۆگرتووه، له‌به‌ر گرنگی دیداره‌كه، واجارێكی تر له‌م دووتوێ تایبه‌ته‌ی بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه:
گه‌شه‌كردنی باری ڕۆشنبیری و بوژاندنه‌وه‌ی مێژوو پابه‌ندی دامه‌زراندن و بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه
به‌ڕێز مه‌حمود مه‌لا عزه‌ت ڕوناكبیر و سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌رێكی كوردی دیار و ناسراوه و، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی BAبه‌كالۆریۆس له مێژوودایه، كه ساڵی 1962 له كۆلیجی په‌روه‌رده له زانكۆی به‌غداد وه‌ری گرتووه. خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می بڵاوكراوه و ئاماده‌یه.
له به‌رهه‌مه بڵاوكراوه‌كانی، نووسین و دانراو:
-دیبلۆماسێتی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه-1973، خه‌باتی كرێكاران-1973، كۆماری میللی مه‌هاباد-1984-1986، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژووی ته‌قه‌لای به عێراقی كردنی كورد و مه‌سه‌له‌ی كوردستان-1987، كورد و ململانێ و ستراتیجی ئاسایشی نه‌ته‌وه-1977.
ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی وه‌ری گێڕاون:
-شانۆنامه‌ی ده‌روێشه‌كان به دوای ڕاستی‌دا ئه‌گه‌ڕێت-1983، جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كورد له خه‌باتی‌دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی و نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسی- 1985-1986، كورته‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه به‌رگی یه‌كه‌م-1986-1988، له‌گه‌ڵ ده‌یان نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ی (قازی محه‌ممه‌د له ناو بڵاوكراوه‌ی مێژوودا) یه‌كێكیانه… كه له‌گه‌ڵ ئه‌م دیده‌نییه‌دا بڵاو ده‌كرێته‌وه.
*نامه‌وێ له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بكه‌م كه كۆتاییه‌كانیش بۆ خۆیان سه‌ره‌تایی دیكه‌ن، بۆ مێژوو به‌ڵگه‌نامه مێژوویه‌كانت هه‌ڵبژارد و ژانرێكی ڕووناكبیری دیت هه‌ڵنه‌بژارد؟
-مه‌حمود مه‌لاعززه‌ت: چیرۆكی ده‌ستكه‌وتن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه نامانه‌ی سه‌رده‌می جه‌مهوریه‌تی كوردستان، له سێ به‌رگی (ده‌وڵه‌تی جمهوری كوردستان)دا 1992، 1995، 1997-دور و درێژه.
پوخته‌كه‌ی له هه‌ردوو چاپه‌كه‌ی (كۆماری میللی مهاباد) 1984، 1986، و پێشه‌كی و نووسینه‌كانی ناو ئه‌و سێ به‌رگه‌ی د.ج.ك و هه‌ندێ دیده‌نیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه… ئه‌م كۆتاییه‌ی به‌رهه‌مه‌كانم به‌و سێ به‌رگه‌ی كه سه‌ره‌تاكه‌ی له ئازاری 1973دا سه‌ری هه‌ڵدا ده‌بوو ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌و سه‌ره‌تایه بووایه و ڕووناكی ببینن… ژیانی سیاسی خۆم، بارودۆخی وڵات، ئاواره‌یی و دابڕان له نووسین و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه، ئاڵۆزیی ڕوداوه‌كان، خوڵقێنه‌ری ئه‌و جێ گۆڕكێیه‌ی نێوان ئه‌و سه‌ره‌تا و كۆتاییه بوون.. بۆیه سه‌ره‌تاكان به لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی هه‌مان بابه‌ت. به باسه‌كانی له‌مه‌ڕ دیپلۆماسێتی سه‌ركردایه‌تی كورد و شیكردنه‌وه‌ی لایه‌نی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری بوون. دواتریش بۆ ئه‌و بابه‌ت و باسانه‌ی كه له به‌رهه‌مه‌كانمدا ده‌بینرێن.
*ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، به‌رهه‌مه‌كانی به‌ڕێزتان له‌سه‌ر پێشه‌وای نه‌مر و ده‌وڵه‌تی جمهوری كوردستانن كه له سێ به‌رگدا خستووتانه‌ته ڕوو واته زیاتر له‌سه‌ر كۆماری مهاباد ده‌دوێن، ئایا زیاتر مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه بڵێن ئه‌و مهاباده‌ی 52ساڵه له‌ناو چووه و بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ سه‌ربورده‌یه‌كی گه‌وره‌ی كورده، یا ڕایه‌كی دیتان هه‌یه له‌سه‌ری؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (ڕزگاری 1969-1970 و نووسینی زنجیره‌یه‌ك باس له‌سه‌ر ج.ك) یه‌كه‌م سه‌ره‌تای نووسینه‌كانم بوو له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه. (ك.م.م)یش درێژه‌پێدانی ئه‌و باسانه بوو.. له دواییشدا زیاتر له‌وه‌ی خۆم بیرم لێ ده‌كرده‌وه و ده‌مویست ئه‌و هه‌له مێژوویه كات و كاره‌كانمی بۆ خۆی زه‌وت ده‌كرد، له‌به‌ر گه‌لێ هۆ كه هه‌ره گرنگه‌كه‌یان هه‌ستیاری و گه‌وره‌یی و پڕ له ده‌رس و په‌ندی ئه‌زموونه‌كه بوو…
جۆری خولقاندنی ئه‌و هه‌له مێژووییه، ژیانی سیاسی و سه‌ربازیی و دیپلۆماسی، ئه‌ده‌بی و ڕۆژنامه‌گه‌ریی و، لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و زاڵ بوونی هۆز و ئه‌قڵی خێڵه‌كی، ڕۆڵی زلهێزه‌كان و مانۆڤره سیاسییه‌كان، ڕۆڵی جیۆپۆلیتیك له ئاڕاسته‌كردنی ڕووداوه‌كان… هۆ و فاكته‌ره ڕووخێنه‌ره‌كان.. تاد چوونه ناو قووڵایی ئه‌وانه و هه‌ڵهێنجانی ده‌رس و په‌نده‌كان، بۆ سوود وه‌رگرتن لێیان، ئه‌و تاقیكردنه‌وه و دیاردانه و گه‌لێ خاڵ و ڕووداوی له‌یه‌ك چوو له‌گه‌ڵ ئه‌زموونێكی پێشووی تر (حوكمداری و مه‌لیكایه‌تیه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مر) و ئه‌نم ئه‌زموونه‌ی كوردستانی فیدراڵ، ئه‌وانه گیانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه و باسه‌كانم بوون… چه‌ند له‌م ئه‌زموونه بكۆڵرێته‌وه، هێنده په‌ندی لێ هه‌ڵده‌هێنجرێ و سوود به‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی ئێستامان ده‌به‌خشێ…
*ڕاتان چییه به‌رامبه‌ر كتێبه‌كه‌ی ولیه‌م ئگلیتن كۆماری كورد 1946، كه له لایه‌ن (سه‌ید محه‌مه‌د سه‌مه‌دی)یه‌وه وه‌رگێڕراوه؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: ئه‌و كتێبه‌ی ئیگلتن كه له ساڵی 1963دا چاپكرا.. تا ئێستاش یه‌كێكه له‌و سه‌رچاوه سه‌نگینانه‌ی كه بایه‌خی مێژوویی خۆی پاراستووه.. ئه‌گه‌ر هه‌ندێ ورده هه‌ڵه و ناوگۆڕین نه‌بێ كه له سه‌لیقه‌ی شاره‌زایان به‌ده‌ر نییه، وا ئه‌و ڕه‌خنانه‌شی ئاڕاسته نه‌ده‌كرا… ئه‌و نووسه‌ره له ناو ژیانی ناو ڕوداوه‌كان و دیده‌نیی زۆر له لێپرسراوانی كۆماره‌كه له سه‌رده‌می دوا هه‌ره‌سدا، ئه‌و كتێبه‌ی داناوه، نووسه‌ر تا ئێستاش به‌رده‌وامه له‌سه‌ر وه‌رگرتنی زانیاریه‌كانی له‌مه‌ڕ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه. كه به‌رگی یه‌كه‌می د.ج.ك-م بۆ نارد له سوپاسنامه‌یه‌كدا ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و كاره مێژووییه ده‌ره‌بڕی… هه‌روه‌ك له نامه بڵاوكراوه‌كه‌یدا له ب3-ی-د.ج.ك دا ده‌رده‌كه‌وێ. لێره‌دا ده‌بێ بڵێم كه ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی سه‌مه‌دی كه‌موكورتی زۆری تێدایه و چاپه‌كه‌شی جوان نییه، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی كاك جه‌رجیس فه‌تحوڵا بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی سه‌ركه‌وتوو پڕ سووده.
*وه‌كو ده‌زانین ئه‌رشیفی ده‌وڵه‌تان (30-40)ساڵ جارێك ده‌كرێته‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌رشیفی به‌ریتانی كرایه‌وه و بیستمان كه مه‌ڵبه‌ندی كوردی له له‌نده‌ن، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار دیكۆمێنتی كۆپی كردووه و هه‌ر له به‌ریتانیا سێ كتێبی (محمد رسول هاوار) ده‌رچووه كه دوو به‌رگیان له‌سه‌ر شێخ مه‌حمود و ئه‌وه‌ی دیشیان له‌سه‌ر (سمكۆی شكاك)ه، وه ئێستا جالیه‌ی كورد له ئه‌وروپا زۆره، هه‌ندێكیان ئاستی ئه‌كادیمیان باشه و زمان ده‌زانن له‌وانه‌یه بیانه‌وێ ئه‌و دۆكۆمێنتانه‌ی ئه‌وێ كۆپی بكه‌نه‌وه- یا پێشه‌كی بۆ بنووسن وه‌كو ئه‌وه‌ی گه‌رده لێنسكی له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌سه‌ر كورد نوسیویه‌تی و (د.كمال مه‌زهه‌ر) فۆتۆكۆپی كردووه، هه‌روه‌ها (ئیرلی پیته‌ر لیف) سێ به‌رگی نووسیوه و (د.جه‌مشید حه‌یده‌ری) پێشه‌كی و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نووسیوه. جا نازانم وه‌زعی ئێستای كورد له‌وێ ڕێگای پێ ده‌دات به ئه‌ركی كۆپی كردن و له‌سه‌رنووسین و كۆكردنه‌وه‌ی دیكۆمێنته‌كان هه‌ستن؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: سامانی مێژوویی و كولتوریی كورد له ناو ئه‌رشیفی ده‌وڵه‌تانی: به‌ریتانیا و، فه‌ره‌نسا و، ئه‌ڵمانیا، و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئێران، توركیا، عێراق، سوریا، كۆماره‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست، چاوێنی و تاڕاده‌یه‌ك زۆره، ئه‌مڕۆ زۆر له به‌ڵگه‌نامه و دۆكۆمێنته‌كانی هاوپه‌یوه‌ند به كورده‌وه ئاسان ده‌ست ده‌یانگاتێ، نموونه ئه‌وانه له د.ج.ك به‌رگی 3دا ده‌بینرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌تی دابه‌ش بوون و خۆپه‌رستی و له یه‌ك دابڕانه‌ی نووسه‌ر و ڕۆشنبیران له هه‌نده‌ران نه‌مێنێ، ده‌توانرێ كاری گرنگ له‌و بواره‌دا ئه‌نجام بدرێ، گه‌وره و گرنگتر له‌و كارانه‌ی كه هه‌ندێ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر پێ‌ی هه‌ستاون ئه‌و سێ به‌رهه‌مه‌می مامۆستا محه‌مه‌د ره‌سول هاوار، بایه‌خێكی گه‌وره‌یان هه‌یه سه‌باره‌ت به‌و دۆكۆمێنتانه‌ی تیایاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نی سستی و كه‌مته‌رخه‌میه نه‌بێ وا ئه‌و به‌ڵگانه جێگه‌یان له ده‌یان دانراوی له‌و بابه‌تانه‌دا نابێته‌وه… به‌مه‌ش ده‌توانین مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌ك بووه به گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ڵگه‌نامه‌ی ڕه‌سه‌ن بنووسینه‌وه.
*بۆ زیاتر بایه‌خ دان به‌و لایه‌نانه‌ی پێتان وانی‌یه پێویسته كورد مه‌ڵبه‌ندێكی هه‌بێت، بۆ پاراستنی به‌ڵگه‌نامه‌كان، یا بڵێم له‌م زروفه‌ی ئێستادا پێویستی به دوو مه‌ڵبه‌ند یان چه‌ند مه‌ڵبه‌ندێك هه‌یه بۆ پاراستنیان له كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت:وه‌ك ده‌زانن پار، ساڵی له دایك بوونی ئه‌و ئه‌رشیفه بوو كه ده‌مێك بوو بیرۆكه‌كه‌ی له مێشكمدا گه‌ڵاڵه ببوو وه یه‌كێك له ئاواته‌كانم ئه‌وه بوو كه له كوردستاندا ئه‌رشیفی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان دابمه‌زرێنرێ ئه‌وه بوو به یارمه‌تی دڵسۆزانه‌ی مام جه‌لال و كاك كۆسره‌ت و هاوكاریی گه‌لێ ڕۆشنبیر و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئه‌و پڕۆژه مێژوویی و شارستانییه بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی كورددا له شاری سلێمانیدا له‌دایك بوو… ئه‌وه‌ی پێویست بێت له ڕووی یاسایی و ستره‌كتور و پرنسیپه‌كانی ڕێكخستنی ئه‌رشیف و پۆلێن و دۆسیه و ئه‌رشیف كردنی بابه‌ته جۆربه‌جۆره‌كانی، له ناو ئه‌زموونی ئه‌و لایه‌نانه‌دا له‌و ئه‌رشیفه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌م به یارمه‌تی و ڕێنمایی ئه‌رشیفكار و پسپۆڕانی ئه‌وێ به‌درێژیی خستمه به‌رده‌ستی لێپرسراوان له‌م كاره، هه‌وڵ ئه‌ده‌م ئه‌مساڵیش زیاتر ڕووناكی بخرێته سه‌ر لایه‌نه نادیاره‌كان له‌و دامه‌زراندنه‌دا كردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندێ یان چه‌ند مه‌ڵبه‌ندێكی تر له هه‌نده‌ران، كارێكی زۆر گرنگ و ته‌واوكه‌ری ئه‌و پرۆژه‌یه‌یه. هه‌م بۆ پارێزگاری كردنی ئه‌و دۆكۆمێنت و به‌ڵگه‌نامانه تیایاندا كۆده‌كرێته‌وه، وه هه‌م بۆ ڕه‌خساندنی سه‌نته‌رێكی ڕۆششنبیری كه لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تی و زانستیانه‌ی ئازادی تێدا ئه‌نجام بدرێ. جگه له‌وه‌ی كه ده‌شبێته سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌كردنی سامانی مێژوویی و ڕه‌خساندنی كه‌شێكی دیموكراسی بۆ وشه‌ی ئازاد..
*به حوكمی ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان زۆر وڵاتان گه‌ڕاون، باری ڕۆشنبیری ئه‌و میلله‌تانه‌ت له سایه‌ی حكومه‌ته‌كانیاندا بینیوه. بار ڕۆشنبیری كورد له سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا چۆن ده‌بینی؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: گه‌شه‌كردنی باری ڕۆشنبیری و بوژاندنه‌وه‌ی مێژوو و سامانی كولتوری نه‌ته‌وه، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر و دوور به‌ستراوه و پابه‌ندی دامه‌زراندن و بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه، كاریگه‌ری ده‌وڵه‌ت ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی كه بڕیارده‌ری چاره‌نووسسازبێ له سه‌قامگیركردنی بنه‌ماكانی دروستبوونی نه‌ته‌وه و كامڵبوونیان، له خولقاندنی زمانی یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه، له جێگیر كردنی هه‌یه و پێناسه و بوونی یاسایی و نێو نه‌ته‌وه‌ی و سیاسی میلله‌ت، كاریگه‌ریی بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر ئازاد و دیموكرات و شارستانی بێت، نه‌ته‌وه ده‌خاته به‌رده‌م ئه‌و گۆڕان و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنه هه‌مه‌لایه‌نانه‌ی كه سیما و ڕوخسار و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وتی ژیان ده‌خاته سه‌ر ڕێگه‌ی ئاسایی و مێژووییه‌كه‌ی.
ڕابوردووی ژیانی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان و هی ئه‌مڕۆی به‌شه‌كانی تر ئاوێنه‌ی بێگه‌ردی ئه‌و بۆچوونه‌ن.. بۆیه له سایه‌ی ئه‌م نیمچه ئازادییه‌ی كوردستان له‌م قه‌واره فیدراڵییه‌ی كه تا ئێستا له پێناسه‌ی یاسایی و ناوچه‌یی و هه‌رێمی نێوده‌وڵه‌تی بێبه‌شكراوه، وه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرفته قه‌به و كۆسپه گه‌ورانه‌ی به‌رده‌می و سه‌ره‌ڕای نائارامی و شه‌ڕی ناوخۆ و ژیان و گوزه‌رانی سه‌ختی ڕۆژانه… ئه‌مڕۆ له ژێر سایه و سێبه‌ری ئه‌م ئه‌زموونه به‌رده‌وامیی بوونی ناوچه‌ی ئارام وپاراستنی ناوچه‌كه له هه‌ڕه‌شه‌ی ڕژێم و نه‌خشه‌ی ناحه‌زان، بێ له‌و هه‌ڕه‌شه و له‌شكركێشیه‌ی توركیا كه ناهه‌ق و زاڵمانه چاوی لێ ده‌رشرێ.. باری ڕۆشنبیریی ئازادیی وشه و بڵاوكردنه‌وه و ڕاده‌ربڕین گه‌شه‌یان كردووه و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه زیاتر چوارچێوه‌ی یاساییان بۆ بڕه‌خسێنرێ. ئه‌مڕۆ زه‌مینه‌یه‌كی كه‌مێ له‌بار و ئاووهه‌وایه‌كی تاڕاده‌یه‌ك سازاو بۆ مشتومڕی ئازاد و دیالۆگی سه‌ربه‌ست، له ئارادان ده‌یان گۆڤار و ڕۆژنامه و بڵاوكراوه، ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ… بۆ چه‌ندین لایه‌ن و گروپی سیاسی ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن و ته‌عبیر له ڕا و بۆچوون و هه‌ڵوێسته جیاجیاكانی خۆیان ده‌كه‌ن..
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌توانرێ ئه‌وانه به‌رفراوان و ئازادانه‌تر بكرێن، له سنووری ته‌سكی هه‌ندێ دیارده‌ی به زیانی وه‌ك: به‌ربه‌ره‌كانی نائاسایی، ئیستیغلالی قه‌ڵه‌می نووسه‌ر، ته‌نگ هه‌ڵچنین به هه‌ندێ قه‌ڵه‌می پێگه‌یشتوو، زۆر و بۆریی هه‌ندێ بڵاوكراوه، سه‌پاندنی بیروڕای نائاسایی پشت به‌ستوو به هه‌ندێ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و خۆسه‌پاندن و خۆپه‌رستی… ده‌ربهێنرێن و بخرێته سه‌ر ڕێبازی ئاسایی شه‌ڕه نه‌عله‌تیه سه‌پاوه‌ی ناوخۆ لابه‌لابكرێ و دروستی خۆیان… ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌كان له‌وه گه‌وره‌تر ده‌كرێن… به‌راوردێكی ئه‌م سه‌رده‌م و سه‌رده‌مه ڕه‌شه‌كانی حوكمی ڕژێمی به‌غدا، جیاوازییه‌كی گه‌وره ده‌هێنێته به‌رچاو، ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیر و خه‌ڵكی خوێنده‌وار چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن، بۆ پێشه‌وه‌چوون و گه‌شه‌پێكردنه، سوود وه‌رگرتنه له هه‌موو تواناكان. هه‌رچه‌نده حاڵه‌تی وه‌ستاو، یان جووڵه‌ی كه‌م سوود، له‌و داموده‌زگایانه‌دا ده‌بینرێ كه له‌و بوارانه به‌رپرسیارن لام وایه هۆی ئه‌وانه شارراوه‌نین و كاتی ئه‌وه هاتووه ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه…
*جه‌نابتان له دیدارێكدا، باس له عه‌قڵیه‌تی سیاسی كورد ده‌كه‌ن، پێتان وایه عه‌قڵیه‌تی سیاسی كورد، توانیویه‌تی له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بگات و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: نه‌خێر، به‌پێچه‌وانه‌وه، چونكه له هیچ یه‌كێك له پله و سه‌رده‌مه جیاجیاكانی مێژووی سیاسی و هه‌له‌مێژووییه‌كاندا، دیارده‌ی تێنه‌گه‌یشتن له به‌رامبه‌ره‌كه، مه‌به‌ستم له‌وه، زیاتر گه‌وره هێز و ده‌وڵه‌تی بڕیار به‌ده‌سته، تێنه‌گه‌یشتن له‌و نه‌خشه و سیاسه‌ت و دیپلۆماسیه‌ته ناوه‌ندییه كه ڕاسته‌وخۆ ئاینده‌ی كێشه‌كه‌ی كوردی پێوه به‌ستراوه بووه، له ئارادا بووه، ئه‌قڵی سیاسی كورد په‌ی به ڕۆڵی چاره‌نووسساز و مانۆڤره سیاسیه‌كانی زلهێزه‌كان نه‌بردووه و نه‌گه‌یشتبوونه ئه‌و ئاسته‌ی كه بتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه سازاوه‌كاندا بگونجێنن، له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون كه به‌رامبه‌ر دیپلۆماسێتی سه‌رده‌مه‌كه، نه‌خشه و كاری دیپلۆماسییانه‌ی خۆیان هه‌بێ بۆ سوود وه‌رگرتن له دۆخه ڕه‌خساوه‌كه و سه‌رچاوه‌كه‌ی، بۆ خۆ لادان له به‌ڵای ناكۆكییه سه‌ره‌كییه‌كه و سڕكردنی لامه و ناكۆكییه ناسه‌ره‌كییه‌كان و ئاڕاسته‌كردنی تواناكان ڕووبه‌ڕووی دوژمنی سه‌ره‌كی وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌ی بۆش یان ئه‌ڵقه بۆشه‌كانی ده‌وری كێشه‌كه له‌سه‌ر شانۆی سیاسی نێونه‌ته‌وه‌یی. دیاره له‌وانه‌دا مه‌به‌ستم لایه‌نه سه‌ره‌كی و ناوه‌نده‌كانه، نه‌ك سیاسه‌ته ئاشكراكان… با له هه‌ر یه‌ك له‌و سێ هه‌له مێژووییه‌ی له‌م سه‌ده‌یه‌دا بۆ كورد ڕه‌خسا سه‌ر و نموونه‌ش بخه‌مه پێش چاو:
-له سه‌رده‌می حوكمداری و مه‌لیكایه‌تییه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی نه‌مردا 1918-1924 كه به سێ پله‌دا تێپه‌ڕی… ئه‌قڵی سیاسیی كورد نه‌یتوانی له‌م دیارده ناوه‌ند چاره‌نووسسازانه بگات:
یه‌كه‌م: ستراتیج و نه‌خشه و سیاسه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی بریتانیا به‌رامبه‌ر به كورد وه له سه‌ره‌تادا، وه‌ك بڕیار و به‌رنامه بۆ كار له‌سه‌ركردن له ئارادا نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌فسه‌ره سیاسییه‌كان كه كاره‌كانیان درابووه ده‌ست سه‌رچاوه‌ی بڕیار و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن بوون، ئه‌وانه‌ش له سێ گروپی سه‌ره‌كیدا خۆیان ده‌نواند:
گروپی یه‌كه‌م: له‌گه‌ڵ به‌ستنه‌وه‌ی باشووری كوردستاندا بوون به میسیۆپۆتامیاوه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سوننه مه‌زه‌بی عه‌ره‌بی ڕه‌گه‌ز.
گرووپی دووه‌م: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون كه نابێ پێش لێكۆڵینه‌وه له كورد و له كێشه‌كان، هه‌ڵوێستێكی سه‌قامگیر وه‌ربگرێ، به‌ڵكو ئه‌مه دوا بخرێ بۆ ئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه.
وه گروپی سێیه‌م: له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بوون بۆ كورد…
له دواییدا، سه‌باره‌ت به گه‌لێ هۆ كه یه‌كێكیان ئه‌م دیارده‌یه‌یه كه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، یه‌كه‌م گروپ سه‌رده‌كه‌وێ، ڕا و هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانی ده‌بنه زه‌مینه بۆ سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ی ئینگلیز له دژی كورد و بۆ ڕووخاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كوردستان…
دیسان ئه‌قڵی سیاسی كورد مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه كرد كه په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی به‌ریتانیاوه هه‌یه له دژی توركه‌كان، هیچ لێپرسراو و ئه‌فسه‌رێكی سیاسی ئینگلیز چاوی له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ توركدا نه‌ده‌پۆشی و ڕاسته‌وخۆ له دژی ده‌وه‌ستا، هه‌روه‌ك چۆن چاویان له جۆری به‌ربه‌ست كردنی هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمۆنیزم نه‌ده‌پۆشی.
ئه‌و تێنه‌گه‌یشتنه بۆ ئه‌و دیارده مێژووییه، له ناو نووسه‌ر و ڕۆشنبیراندا یان له ناو زۆربه‌یان، تا ئێستاش به‌رده‌وامه…
دووه‌م: له سه‌رده‌می جمهوریه‌تی كوردستان -1946-و ئه‌زمونه‌كه‌ی مهاباددا 1941-1946، ئه‌قڵی سیاسی كورد مامه‌ڵه‌ی واقیعی ڕا و بۆچوون و نه‌خشه و هه‌ڵوێسته‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی نه‌ده‌كرد، له مانۆڤره سیاسییه‌كان له پێناوی نه‌وت و سه‌پاندنی نفوزدا، نه‌ده‌گه‌یشت، ته‌نانه‌ت نه‌یده‌توانی له به‌ڵاو كاری به زیانی تاكه دۆسته ستراتیجیه‌كه‌شی (ئازه‌ربایجان) خۆی لابدات، بۆیه له‌گه‌ڵ ئازربایجاندا به ئاسانی له ناو ئه‌و داوه‌ی بۆیان سازكرابوو خنكێنران..
سێیه‌م: ئه‌م كوردستانه فیدراڵییه‌ی ئێستایه: ئه‌گه‌ر ورد سه‌رنج له‌و ده‌رفه‌ت و مامه‌ڵه و هه‌ل و مه‌رج و دیاردانه بده‌ین كه ده‌وری ئه‌م فیدراڵه و ناوچه‌ی ئارامی داوه، وا دوو دیارده‌ی زه‌ق ده‌كه‌ونه به‌رچاو، دوو دیارده‌ی دژ به‌یه‌ك، یا نه‌گونجاو نه‌سازاو له‌گه‌ڵ یه‌ك: ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستای كوردستانی عێراق له ناو ناوچه‌ی ئارام‌دا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ یان نیمچه سه‌ربه‌خۆ وجوودی هه‌یه و مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ. به شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمی نیمچه ڕه‌سمی وه ناڕه‌سمی له‌به‌ر گه‌لێ هۆ، له‌وانه: بوونی په‌رله‌مان و حكومه‌ت به هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد، مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا به تایبه‌تی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و… سه‌ردان و كۆبوونه‌وه یارمه‌تی و پارستنی.. تاد، ئه‌مانه بۆ ئه‌م قه‌واره‌یه پێناسه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و هه‌ندێ جار ڕاسته‌وخۆیه، زه‌مینه‌یه‌كی ته‌واو له باره بۆ ئه‌و بۆچوونه كه كورد له‌سه‌ر ڕێبازی خۆی بۆ ئامانجه دووره‌كه‌ی هه‌نگاو ده‌نێ یا هه‌نگاوی پێده‌نرێ… ئه‌گه‌ر به مه‌زه‌نه و خه‌یاڵیش بێ..
كه‌چی وه‌ك له هه‌مان كاتدا نه‌بوونی پێناسه‌ی یاسایی و سیاسی دیپلۆماسی، چ هی ناو سنووری جوگرافی عێراق و چی له هه‌رێمه‌كه‌دا وه‌چی بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن كه گه‌وره‌ترین كۆسپی به‌رده‌مێتی و ته‌م و مژیشی خستۆته سه‌ر پاشه‌ڕۆژی ئه‌زموونه‌كه.
به‌ڵام ئه‌مه‌یان بۆ ئه‌و واقیعه‌ی تر كه‌وا زیاتر له شه‌ش ساڵه ده‌وامی هه‌یه، نه‌بۆته هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌قڵی سیاسی كورد بزانێ و بتوانێ واقیعبینانه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا بجووڵێته‌وه كه، وه نه‌یه‌ڵێ له‌وه زیاتر له بایه‌خی ئه‌زموونه‌كه كه‌م بكرێته‌وه، زیاتر جێگه‌ی پێ له‌ق بكرێ.
جا له ناو ئه‌و بارودۆخه‌دا، به‌لاخستنی مێژووی پڕ له كاره‌سات و ئه‌نفال و چه‌كی كیمیاوی و جینۆسایدی كورد، بادانه‌وه بۆ لای به‌غدا، به‌بێ بوونی چه‌ترێكی نێوده‌وڵه‌تی، بڕوا بوون به‌وه كه چاره‌سه‌ر هه‌ر له به‌غدایه، ئه‌و واقیعه پێنه‌گه‌یشتووه‌ی ئه‌قڵی سیاسی كورد ده‌رده‌خات… ئه‌مڕۆ له هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به تێگه‌یشتنی بارودۆخه‌كان، به‌سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌كانی پێشوو، به‌ر له خۆ و له ده‌وروپشت و له سه‌رچاوه‌ی بڕیار تێگه‌یشتنه.. تا بتوانین ژیرانه مامه‌ڵه‌یان بكه‌ین و ئه‌م ئه‌زموونه بپارێزین و گه‌شه‌ی پێ‌بده‌ین.
*وه‌كو ده‌زانین په‌یمانی سیڤه‌ر به‌نده‌كانی 62، 63، 64 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و مافه‌كانی كوردا بوو، بۆچی هه‌ندێ نه‌ته‌وه كه نه‌بوون كران به ده‌وڵه‌ت و كورد نه‌بوو به ده‌وڵه‌ت؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت یان ڕوخاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی باشوور، جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌نده‌كانی سیڤه‌ر كه كوردی به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌برد، ئه‌گه‌ر كاریان له‌سه‌ر بكرایه، ئه‌وانه په‌یوه‌ندییان به گه‌لێ هۆ و فاكته‌ری خۆیی، هه‌رێمی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه هه‌بوو، كه بۆ ئه‌و كاته و تا ئێستاش ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته گه‌وره بڕیار به ده‌سته‌كان چی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی كه نه‌گه‌یشتبوونه ئاستی به نه‌ته‌وه دانا، وه چی بۆ دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی كه به نه‌ته‌وه داده‌نران، چاره‌نووسساز و بڕێنراوه بووه، فاكته‌ری خۆیی لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و ئابووری و ڕۆشنبیری و ئه‌قڵی سیاسی سه‌ركردایه‌تییه‌كانی كورد هۆی سه‌ره‌كیی خۆیی بوو بۆ ئه‌و دیارده‌یه… زیره‌كی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، جه‌ربه‌زه‌یی و دیپلۆماسییه‌ته سه‌ركه‌وتوانه‌كه‌ی، كه توركیای له ناو ڕوخاندن هه‌ستانه‌وه، ناكۆكییه‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی لابه‌لا و چاره‌سه‌ر كرد، توانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بكات به دۆس و یارمه‌تیده‌ری ستراتیجی خۆی، گرفته‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كاندا لابه‌لا بكات… وه‌ستانی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی به‌نده‌كانی سیڤه‌ر و ساده‌ترین مافی كورد، ئه‌م هۆیه هه‌رێمیه‌ش كاریگه‌رانه ڕۆڵی خۆی له پڕۆسه‌ی دانه‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بۆ كورددا بینی…
*ئێوه پێتا وایه شێخ مه‌حمود له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی بوو حوكمڕانی نه‌كرد، یان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما و پڕۆگرامه‌ی كه (ئارنولد وڵسن) (سیر پرسی كوكس) بۆیان دانابوو حوكمڕانی بكات؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: له ڕاستی‌دا شێخ مه‌حمود له‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له‌و بنه‌ما و به‌رنامه‌یه حوكمی نه‌ده‌كرد، ڕاسته پرنسیپه‌كانی ئایینی ئیسلام بۆ شێخ وه‌ك قوتبێكی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه سه‌رچاوه‌ی بڕیار و فرمان و سزابوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و قسانه‌ی كه بۆی دروست كراوه، گوایه به فه‌قیانه‌كه‌ی ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كاندا كردووه، ئه‌سڵ نییه، ئه‌وانه چاو له‌و ڕاستیه ده‌پۆشن كه وه‌زیری ئابوری (كه‌ریم عه‌له‌كه) مه‌سیحی بووه، وه كه ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بووه بۆ كورد.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه حكومه‌تی مه‌لیكایه‌تیه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی بڕیار له‌سه‌ر دراو به مانا سه‌رده‌مه‌كه‌ی نه‌بووه.
ڕه‌نگه ململانێ و هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌رده‌وام ڕۆڵی له‌وه‌دا بینیبێ… ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنانه‌ش له سیاسه‌ته‌كه‌یدا به‌ره‌و تورك، هه‌ر له بێ هیوایی و له دژه كرداری ئه‌و ئینگلیزانه بوو كه له دژی شێخ كاریان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی كرده‌وه‌كانی ئارنولد ولسن، پرسی كۆكس، مێجه‌رسۆن و گروپه‌كه‌یان كه هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ دامه‌زراندنی وڵات و ده‌وڵه‌تی عێراق بوو به باشووری كوردستانیشه‌وه كه له‌وه‌دا شێخ مه‌حمودیان به كۆسپ و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره داده‌نا…
*بابێینه‌وه سه‌ر حكومه‌تی ئێستا و بپرسین ئه‌و چه‌ند واقعه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین به‌سه‌ر كوردستاندا هاتووه وه‌كو به‌ره‌و دابه‌ش كردن و حكومه‌تی ئیئتلافی و وه‌زعی ئێستای كورد ئه‌مانه لای جه‌نابتان تا چه‌ند دڵخۆشكه‌رن؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: ڕاپه‌ڕین، یه‌ك ڕووداوی جه‌ماوه‌ریی چه‌كداریی و شۆڕشگێڕانه‌ی ناو ژیانی سیاسی و خه‌باتی دورودرێژی نه‌ته‌وه‌ی كوردبوو.. بۆ یه‌كه‌م جار بوو له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستاندا جه‌ماوه‌ر به‌و فراوانی و حه‌ماسه سه‌باره‌ت به گه‌لێ هۆ و ڕووداو و بتوانێ خه‌باتی چه‌كداری له شاخه‌وه بۆ شار بگوێزێته‌وه، له ماوه‌یه‌كی كورت و چاوه‌ڕوان نه‌كراودا بۆ تار و ماركردن و له ڕیشه هه‌ڵكه‌ندنی بوونی ڕژێم، هه‌روه‌ك ئه‌و جه‌ماوه‌ره بیه‌وێ له چه‌ند ڕۆژێكدا تۆڵه‌ی به‌رودوا له‌و هه‌موو زوڵم و زۆر و كۆمه‌ڵ كوژیی و چه‌كی كیمیاوی و كاره‌ساته‌كانی ئه‌نفال و جینۆسایدی كورد بكاته‌وه كه نزیكه‌ی یه‌ك چاره‌كه‌سه‌ده درێژه‌ی هه‌بوو…
ئه‌م ڕووداوه، گه‌رداوی ده‌ریای تۆڵه‌ی په‌نگه‌وه خواردووی ناو سینه و ده‌روون و مێشكی جه‌ماوه‌ر بوو كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌و هه‌ژانه گه‌وره‌یه‌یان له‌ناو كورددا خولقاند، هه‌روه‌ك چۆن كاره‌ساته‌كانی خوڵقێنه‌ری بوون، خۆشی بوو به هۆی له‌دایك بوونی دیارده‌ی مه‌زنی ڕابوونه چه‌ند ملیۆنییه‌كه كه وه‌ك بوركان ته‌قییه‌وه و دنیای هه‌ژاند، له‌گه‌ڵ خۆشی‌دا ناوچه‌ی ئارامی به‌وه له‌دهێنا، له میشه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن و ئینجا بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی فیدراڵی كوردستان.. دوای ناچاركردنی جه‌یش و داموده‌زگاكانی ڕژێم كه به‌شێكی گه‌وره‌ی كوردستان چۆڵ بكه‌ن بۆ خه‌ڵكی كوردستان.
ئه‌وانه بۆ خۆیان مێژوویه‌كن، خوڵقێنه‌ری مێژوویه‌كی نوێن، ئه‌م واقیعه نوێیه سه‌پێنراوه بووه ئه‌زمونێكی گه‌شاوه، ئه‌م ئه‌زموونه‌ی كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و گرفته گه‌وره خۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیانه، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڕه‌شه گه‌ورانه‌ی ده‌وری و هه‌ڵه‌ی سه‌ره‌تا.. وه سه‌باره‌ت به‌و هۆیانه‌ی كه به سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر ئاشنان… تا ئێستاش گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌ی كورده ئه‌گه‌ر شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی ناوخۆ بیه‌ڵێت، وا ئه‌و پاشه‌ڕۆژه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه له‌مه‌وبه‌ر ئاماژه‌م بۆ كرد.
*بۆ دروست كردنی گوتارێكی ڕۆشنبیری كوردی كه تایبه‌تمه‌ندی كوردی هه‌ڵگرتبێ، چی بكه‌ین، كه ئێمه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه گوتارێكی ڕۆشنبیری تایبه‌ت به كورد بێنینه ئاكام؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: خولقاندنی خوتابێكی ڕۆشنبیریی، وتارێكی ڕووناكبیری تایبه‌ت به كورد پێویستی به ڕه‌خساندنی مه‌رج و بنه‌مای ڕۆشنبیریی ڕه‌سه‌نه كه له سه‌ره‌نجامی به‌هێز بوونی هۆش و هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و هۆشیاری سیاسی له‌دایك ده‌بێ.
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ش ڕووناكبیران یه‌ك ده‌گرن و له‌به‌ر تیشكی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌و وتاره داده‌ڕێژن و ده‌بێته سه‌رمه‌شقی ژیانی ڕۆشنبیریی و سیاسی ناو جووڵانه‌وه‌ی نیشتمانی و ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه.. كه ئه‌وانه تا ئێستا به داخه‌وه بوونیا هه‌ست پێ ناكه‌م… خۆیه‌كانیشی ناگێڕمه‌وه ته‌نها بۆ لایه‌نه كلاسیكییه باسكراوه‌كان، بۆ پارچه پارچه‌یی نیشتمان و هێز و توانای كورد، بۆ دوژمن و ئیمپریالیزم و ده‌ستی ناحه‌ز. به‌ڵكو له‌مه‌دا ده‌یگێڕمه‌وه بۆ كورد خۆشی: *بۆ ئه‌و نووسه‌ر و ڕووناكبیرانه‌ی تا ئێستا خۆپه‌رستی و گۆشه‌گیریی و چاوپۆشینی له هه‌ق خۆ كه‌ڕكردن له ئاست ناهه‌قدا بوونه‌ته پرنسیپی ڕۆشنبیرییان… *بۆ ئه‌و مه‌ڵبه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌یه‌وێ ئازادیی قه‌ڵه‌م وشه‌ی ڕه‌سه‌ن دابڕبكات یان به پاره ده‌وربدا و هه‌ر ڕۆژه بڵاوكراوه‌یه‌ك بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت، قوت ده‌كاته‌وه.. بۆ ئه‌و ڕوناكبیر و نووسه‌رانه‌ی به ناوی بێ‌لایه‌نییه‌وه. له خراپترین شێوه‌ی به‌دناوی به‌لایه‌نی‌دا، ئاژاوه‌ی بیرۆكاریان خولقاندووه…
زه‌مینه‌ی خیتابی ڕوناكبیری، له‌سه‌ر ڕێبازی لابه‌لاكردنی ئه‌و دیارده ناقۆڵا و به‌زیانانه ده‌هێنرێته ئاراوه…
*به بۆچوونی به‌ڕێزتان ڕاپه‌ڕین چه‌ند كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر ڕۆشنبیری كورد له ڕووی سایكۆلۆژی و داهێنانه‌وه؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: ڕاپه‌ڕین بۆخۆی، مێژوویه‌كه دوو سه‌رده‌می ته‌واو دژ به‌یه‌ك-ی لێك ترازاند، سه‌رده‌می داگیر كردن و تراجیدیای جینۆسایدی كرود.. له سه‌رده‌می پاكسازی داگیركه‌ر و ناوچه‌ی ئارام و ئازادییه‌كی چاوێنی له ناو قه‌واره‌یه‌كی دیفاكته‌ری ته‌مه‌ن نزیك به حه‌وت ساڵ.. ئه‌م جیهانه نوێیه هاوته‌ریب به خێرایی روداوه وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌كان، كاری له‌سه‌ر ناخ و ده‌روونی كورد و ڕووناكبیرانی كورد كرد، پرۆسه‌یه‌كی كاریگه‌ر بوو له چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێ نه‌خۆشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و سایكۆلۆجی ئه‌گه‌ر بنه‌ڕه‌تیش نه‌بووبێ..
سه‌رچاوه‌یه‌ك بوو بۆ داهێنانێكی نوێی نزیك به شارستانی و جیاواز له داهێنانه‌كانی شاخ، به‌پێی جیاوازیی پله و قۆناغی خه‌بات.
ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ و ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه سیاسی و ئابووری و گوزه‌رانه خراپانه‌ی ته‌كی نه‌بوونایه، وا ئه‌و وه‌رچه‌رخانه به‌رفراوان و قوڵ و كاریگه‌رتر ده‌بوو… ئه‌گه‌ر ئه‌و دیارده نامۆ و خراپانه‌ی تر، كه ئاماژه‌م بۆ كردن، نه‌بوونایه وا ئه‌و كاره نائاساییانه‌ی په‌كخه‌ری هه‌ندێ قه‌ڵه‌م و كۆڵكردنی هه‌ندێكی ترن، نه‌ده‌هاتنه ئاراوه… حاڵه‌ته دیكتاتۆری و كۆیله‌یه‌تییه‌كانی ده‌گۆڕی و باشتر و له‌بارتر پێچه‌وانه‌كانمان سه‌ریان ده‌رده‌هێنا، داهێنانه‌كان له ئاست گه‌وره‌یی ڕووداوه‌كاندا ده‌بوون… له ناو ئه‌وانه‌شدا شه‌ڕی ناوخۆ جۆرێكی تر له داهێنانی خولقاند… نكۆڵی كردن له هه‌موو بوونێك ڕیسوا كردنی ئه‌وه‌ی ده‌م و نوكی قه‌ڵه‌می ئه‌و داهێنه‌رانه ده‌یانگه‌نێ كه نامۆ و ناڕه‌سه‌نن به گه‌ل و له‌گه‌ڵ…
*جگه له مێژوو و سیاسه‌ت چ خولیایه‌كی دیكه‌تان هه‌یه؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: بواره‌كانی فه‌لسه‌فه، دیپلۆماسیی ناو باری ئاڵۆزی جیۆپۆلیتیكی كوردستان، له ناو وه‌رگێڕان و نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانمدا جێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان گرتووه.
*ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئاینده چی ده‌ڵێین؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: گرفت له كێشه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی كورد چی له ناوخۆ و چی له‌سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تاندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو گرفت و ئاژاوه و شه‌ڕ و بۆشاییانه‌ی ده‌بینرێن.
ئه‌مڕ له هه‌موو سه‌رده‌مێكی تر زیاتر گه‌شه‌ی كردووه، هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه به‌تایبه‌تی له باشوور كوردستان به پله‌ی یه‌كه‌م وه له باكوری كوردستان به پله‌ی دووه‌م. ئه‌م ئه‌زموونی كوردستانی فیدراڵه، تا ئێستاش گه‌شاوه و به ئومێدترین هه‌لی ئه‌م سه‌ده‌یه‌یه كه بۆ كورد ڕه‌خساوه.
سه‌رجه‌می دیارده‌كان، ئه‌و بایه‌خ و گرنگی پێدانه‌ی ده‌وڵه‌ته گه‌وره بڕیار به‌ده‌سته‌كان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌م دیفاكته‌یه ده‌كرێته دیژۆڕێك حه‌تمی، ئیتر به هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌بێ، له ناو وه‌زعێكی یاسایی نوێی عێراقدا، وه‌ك لایه‌نه كه‌مه‌كه‌ی مافی سیاسی و دیموكراسی و مرۆڤی یان، وه‌زعێكی گه‌شه‌كردووتر.. ئه‌گه‌ر ئاژاوه‌ی ناوخۆ ئه‌زموونه‌كه زیاتر به‌ره‌و هه‌ڵدێر نه‌بات و سنوور بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی هه‌رێم دابنرێ، به‌ڕێكخستنی كاروباری ناوخۆ و یه‌كێتی ڕیزه‌كانی كورد و وه به ئاشتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ به دیالۆگی دیموكرات و ئازادانه..
*دوا پڕۆژه‌ت به چییه‌وه سه‌رقاڵیت؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: گه‌لێك پرۆژه‌ی ترم به‌ده‌سته‌وه‌ن ئه‌وانه‌ی كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م وه‌ك ساڵی پار ئاماژه‌م بۆ كردون:
-كورد له ناو مه‌ته‌ڵی سیاسه‌تی به‌ریتانیادا، كه ته‌رخانم كردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و سیاسه‌تی به‌ریتانیا به‌رامبه‌ر به كورد له دوای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهان، وه‌ك له‌مه‌وبه‌ر قسه‌م له‌سه‌ر كرد.
-ئه‌زموونی زیندانیم له هه‌یئه‌ی ته‌حقیقی خاصه له كه‌ركوك و ئه‌منی عامه له به‌غداد 1980-1981.
-كورد و ململانێی دیپلۆماسی.
*نیازت وایه لێره جێگیر بیت و نه‌گه‌ڕێیته‌وه گه‌ر به‌ڵێ، حه‌ز ده‌كه‌یت لێره بۆ كورد چ پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن؟
-مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت: بێگومان ده‌مێكیشه له‌گه‌ڵ ڕێكخستنی كاروباره‌كانم خه‌ریكم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌م، هه‌موو ئومێدێكم ئه‌وه‌یه كه ماوه‌ی ته‌مه‌نم له شاره‌كه‌مدا ببه‌مه‌سه‌ر، گه‌لێ پڕۆژه و كار‌و پێشنیار بیرۆكه‌م له‌مێشكدایه ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن باقی بێ و كۆسپ نه‌یه‌ته ڕێی هیواكانم.