Home / بەشی مێژووی كورد / ئەو پادشایەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی هەولێرلە ئاینی عەجەم (زەردەشتی) ەوە چووە سەر ئاینی ڕۆم (کریستیان) و کوژرا، چیرۆکەکەی چۆنە؟

ئەو پادشایەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی هەولێرلە ئاینی عەجەم (زەردەشتی) ەوە چووە سەر ئاینی ڕۆم (کریستیان) و کوژرا، چیرۆکەکەی چۆنە؟

ئەو پادشایەی کە نزیکی زیاتر لە هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی هەولێرلە ئاینی عەجەم (زەردەشتی) ەوە چووە سەر ئاینی ڕۆم (کریستیان) و کوژرا، چیرۆکەکەی چۆنە؟

FB_IMG_1502090129005
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

یەکێک لەو بوارە فەرهەنگیانەی کە ئێمەی کورد بە تەواوی پێی نائاشناین، مێژووی ئاینە کوردیەکانە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە زانیاریەکی زۆر سەرپێیە و کۆمەلیک زانیاری پچڕ پچڕ و بێ پاڵپشتن بە بەڵگەنامەی مێژوییی. هەندێک لە بۆچوونەکانم لەسەر ئەو ڕابردووە ئاینیەی کورد لەگەڵ بۆچوونی زۆر لە مێژوونوسانی ڕابردوو و ئەمڕۆ ناگونجێت. هۆکاری سەرەکی ئەو جیاوازیە بە هۆی دەستگەیشتنم بەو بەڵگەنامانەیە کە بەشێکی چاکیان پێشتر لەلایەن زۆربەی ئەو کەسانەوە نەبینراون کە لەسەر مێژووی کوردیان نووسیوە. من پێم وایە کەسمان لە ڕابردوودا نەژیاوین، تەنها بەڵگەنامەکان دەتوانن نزیکمان بکەنەوە لە تێگەیشتنێکی باشتر. بۆیە من کەمتر متمانە دەکەمە سەر بۆچوونی مێژوونوسی ئەم سەردەمە و زیاتر لە هەوڵی ئەوەدام کە خۆم بچمە سەر بەڵگەنامەکان و دەرئەنجامەکانیش لە ئاکامی خوێندنەوەی ئەو بەڵگەنامانەدایە کە بە سەدانیان لەبەردەستدان و ئەوانە بۆچوونێکی جیاوازیان لەلا دروست کردووم بەڵام هەندێک جار ئەو بۆچوونانە کە متمانەیان لەسەر بەڵگەنامەیە، دەبنە هۆی نیگەرانی هەندێک لە خوێنەران، بە تایبەت بابەتی ئاینی زەردەشتی کە من بە ئاینی عەجەمی دایدەنێم و پێم وایە ئەوان هێناویانە بۆ کوردستان.

لەبەر ئەوەی کە مێژوویەکی پشتبەستوو بە بەڵگەنامەمان لەسەر ئاینە کوردیەکان نەنووسراوە، بۆیە بەشێکی زۆری ئاشناییمان بە فیکر و بۆچوونی کوردیی پێش ئیسلام، لە ژێر کاریگەری کەفوکوڵ و توڕەیی ئەم سەردەمەدا نووسراوە. ئەمڕۆ تیگەیشتمان زۆر سادە و ساکارانەیە و لە ئاکامدا ئاگاداری قوڵایی و هەمەڕەنگیی فیکری و ئاینی ئەو سەردەمە دەوڵەمەندەی کورد نین. لە ڕاستیدا ئەو سەردەمەش بەڵگەنامەی زۆری هەیە بەڵام هەتاوەکو ئێستا دەستمان بۆ نەبردووە و ئاگاداریان نین. دەبێت ئەوە بزانرێت کە تەنها ئەو بەڵگەنامانەن کە وەڵامی زۆر لە پرسیارەکانمان سەبارەت ڕابردوو دەدەنەوە نەک بۆچوونی هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپیەکانی سەدەی بیستەم کە زۆر جار لە ژێر سێبەری فیکری کۆڵۆنیاڵیزمیدا سەبارەت بە کورد خراونەتە ڕوو یان لە ئەنجامی کەفوکوڵ و سۆزی ناسیوۆناڵیستی کوردیدا نووسراون کە ناتوانرێت بۆ نووسینەوەی مێژوو متمانەی بکرێتە سەر. ئەم بابەتە یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە پەنجەرەیەکی نوێ دەکاتەوە لەسەر تێگەیشتن لە سەدەی چوارەمی زاینی کۆمەڵگەی کوردەواری و هەندێک لایەنی فیکری و ئاینی ئەو سەردەمە.

ڕووداوەکانی ژیانی ئەم پادشایە زیاتر لە دوو سەد ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام بووە بۆ کوردستان، کە ئەو کات وڵاتەکە کەوتبووە نێوان ڕۆم و عەجەمەوە. بۆیە کوردستان ئەو کاتە کاریگەری بەربەرەکانی سیاسی و فیکری و ئاینی ئەو دوو زلهێزەی لەسەر بووە. لە ڕۆژهەڵاتەوە زەردەشتی بە پاڵپشتی عەجەم و لە باکور و ڕۆژئاواوە ئاینی کریستیان خەریک بوو دەبووە ئاینی دەوڵەتی ڕۆم و دەبووە بەشێک لەو کێشمەکێشەی نێوان ئەو دوو زلهێزە. ئاکامی ئەو کاریگەریەش بە کوردستانەوە دیار بوو. چیرۆکی ژیانی ئەم پادشایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە کە ووردە ووردە ڕۆمەکان ئاینی کریستیانیان قبوڵ دەکرد و وەک بەشێک لە فروانکردنی دەسەڵاتیان پشتگیریان بۆ ئەو ئاینە زیاد دەکرد، بە تایبەت لە ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی ئەو دوو زلهێزە کە کوردستانی دەگرتەوە.

پادشای دەوڵەتی هەزەبانیی کوردی لە سەدەی چوارەمدا کە هەولێر ناوەندی دەسەڵاتیان بوو، لەو هەلومەرجەدا دەژیا. بەشێکی زۆر لە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی هەزەبانیەکان کریستیان و زەردەشتی و مانی و پەیرەوی چەندین ئاینی کوردی تریان دەکرد، بەڵام تاقە دوو ئاین کە کاریگەری سیاسی گەورەیان هەبوو و بەشێکی گەورە بوون لە گەمە سیاسیەکەی ناوچەکە، ئاینی کریستیان و ئاینی زەردەشتی بوون. پاشای هەزەبانی کە بە مار قەرداغ (لە تێبینیدا هۆکاری ئەو ناوە ڕووندەکرێتەوە) ناودەبرێت، دەسەڵاتی لە شاری نوسەیبینی باکوری کوردستانەوە دەستی پێدەکرد کە ئەو کات سنوور بوو لەگەڵ دەسەڵاتی رۆم، هەتاوەکو بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئەمڕۆ. بەڵام وەک ئاماژەی پێکرا لە سەدەی چوارەمدا ئاینی کریستیان بووە ئاینی دەوڵەتی ڕۆم و ئەو ئاینەش وەک ئاینی زەردەشتی زیاتر کاریگەری سیاسی تێدا دەردەکەوت. بۆیە هەوڵ دەدرا دەسەڵاتدارەکان کە زۆربەیان زەردەشتی بوون، بکرێنە کریستیان و هەندێک لەو پادشایانەش بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو دەسەڵاتە ئەو کارەیان ئەنجام دەدا.

مار قەرداغ کەوتبووە ئەو کێشمەکێشەوە. بەڵام پێش ئەوەی کە زیاتر باسی مار قەرداغ بکرێت دەبێت ئەوە بزانرێت کە نزیکی چوار سەد ساڵ پێش مار قەرداغ، پاشای هەزەبانی وەک هەوڵێکی خۆ جوداکردنەوە لە دەسەڵاتی عەجەم و ڕۆم، ئەو کاتەش چووە سەر ئاینی جوو و بنەماڵەی هەزەبانیەکان بە تەواوی چوونە سەر ئەو ئاینە و هەوڵی خۆ جوداکردنەوەی تەواویان لە ڕۆم و عەجەم دا تەنانەت هەزەبانیەکان شانبەشانی جووەکان لە ناو ئیسرائیلدا لەگەڵ ڕۆمدا شەڕیان کرد. واتە ئەو هەوڵە ئاینیەی مارقەرداغ هەوڵێکی نوێ نەبوو و پێشتریش بە هەمان مەبەست بنەماڵەی هەزەبانیەکان ئەو هەوڵەیان دابوو.

پەڕاوە ئارامیە کریستیانیەکان ڕووداوی ئەو پاتشایە بە ووردی دەگێڕنەوە و بە گشتی بەرگێکی ئەفسانەیی دەکەنە بەری ڕووداوە مێژووییەکە و سەرەتا زۆر بە شانوباڵی مارقەرداغدا هەڵەدەدەن و وەک پاڵەوانێکی نموونەیی دەیخەنە ڕوو کە بەپێی بۆچوونی ئەوان ڕێگای خوادی بزرکردبوو. دواتر لەو ڕووداوەدا پیاوێکی ئاینیی نورانی کریستیانی کە خەڵکی ناوچەی جەزیرە (کوردیان) بووە و چەندین موعجیزەی لێ دەرکەوتووە، هەوڵ دەدات کا کار بکاتە سەر پاتشای هەزەبانی و ئاینەکەی بگۆڕێت بۆ ئاینی کریستیانی.
سەرەتا مارقەرداغ فەرمانی دیلکردنی ئەو پیاوە ئاینیە دەدات کە ناوی عەدیشۆیە، بەڵام دواتر لەگەڵی دەکەوێتە دوان. ئەمەی خوارەوە بەشێکی کورتی ئەو گفتوگۆیەیە لە نێوان عەدیشۆ و پادشا مارقەرداغی زەردەشتیدا کە نزیکی زیاتر لە هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر بەڕێوە چووە.

عەدیشۆ پرسیار لە مارقەرداغ دەکات:”ئایا لەگەڵ ئەوەیت کە هەموو ئەو شتانەی دروستکراون و هەتایین ئەوانە بوونەوەرن؟”
مارقەرداغ: “بەڵێ دانبەوەدا دەنێم کە وایە.”
عەدیشۆ: “هەروەها ئەوە دەزانین کە دروست نیە بوونەوەر بپەرسترێت و هەموو ئەو کەسانەی کە بوونەر دەپەرستن، خودای دروستکەریان توڕە دەکەن؟”
مارقەرداغ: “تۆ قسەیەکی دروست دەکەیت. بەو شێوەیەیە کە تۆ دەیێژیت. بەڵام نیشانم بدە کێ بوونەوەر دەپەرستێت؟”
عەدیشۆ: “تۆ و هەموو ئەوانەی کە لەگەڵتن بوونەوەر دەپەرستن!”
مارقەرداغ: ” ئەگەر بتوانیت نیشانم بدەیت من بوونەوەر دەپەرستم و خودام توڕە کردووە، بە خۆشحاڵیەوە من دێمە سەر ڕێگەکەی تۆ و دوای ڕێچکەی تۆ دەکەوم، هەروەها من لە پایەبەرزیدا دەتهێڵمەوە. بەڵام ئەگەر نەتوانی ئەوەم نیشان بدەیت، ئاگاداری ئەوە بە کە تۆ سوکایەتیەکی گەورە بەرامبەر بە من دەکەیت.”
عەدیشۆ: ” ئایا تۆ ڕۆژ و مانگ و ئاگر و ئاو و زەوی ناپەرستیت و بە خودا ناویان ناهێنیت؟”
مار قەرداغ: “بەڵێ من ئەوانە دەپەرستم لەبەر ئەوەی ئەو شتانە قەوارەیەکی هەتایین و دروستکراو نین.”
عەدیشۆ: ” لەو ئەنجامەوە کە تۆ پێی گەیشتوویت، قەوارە ڕووناک کەرەوەکان هەتایین و دروستکراو نین (مەبەستی لە ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەکانە)؟”
مارقەرداغ: ” بەردەوامیان لەسەر ڕێچکەیان و بەهۆی سروشتی نەگۆڕاویان و لەو ڕاستیەوە کە بەهێز و توانای خۆیان ماون و وەک شتەکانی تر ناگۆڕێن و لە سەرو ئێمەوەن.”……

مشتومڕێکی دورودرێژ بەردەوام دەبێت و سەرەتا عەدیشۆی کریستیان دیل دەکرێت هەتاوەکو ئەو کاتەی مارقەرداغ دەکەوێتە بیکردنەوە و واز لە ئاینی خۆی دەهێنێت و دەبێتە کریستیان. بڕیارەکەی مارقەرداغ موغەکان توڕە دەکات و پەیوەندی بە پاشای ساسانیەوە دەکەن. سەرەتا دوای لێدەکرێت کە لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە و کێشەکە ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، هەتاوەکو ئەو کاتەی کە سوپایەکی گەورەی دەکەنە سەر و لە نزیک دەشتی شەمامکی هەوڵیر لەو ناوچەیە لە قەڵایەکدا دەکەوێتە شەڕ و دایکوباوکی لەسەر بنەمای ئاینی حاشای لێدەکەن و مارقەرداغ هەتاوەکو دوا هەناسەی شەر دەکات و دەکوژرێت.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کڵێسایەکی گەورەی کریستیانی بە ناوی “کەنیسەی مارقەرداغی شەهید” هەیە و کڵێسا لە دێر زەمانەوە لە ناوچەی هەولێردا بە ناوی ئەو پادشایەوە ناونراوە لەبەر ئەوەی بە یەکێک لە شەهیدە گەورەکانی ئاینی کریستیان دادەنرێت و سەرچاوە کریستیانیەکان وەک کەسایەتیەکی مەزن و شەهیدێکی گەورەی ئاینەکە سەیری دەکەن. ئەو کتێبەی کە لەو سەردەمەدا بە زمانی ئارامی لەسەر نووسراوە و لە خوارەوە ناوەکەی دادەنێم، وردەکاریەکی زۆری تێدایە سەبارەت بە جیاوازی فیکری نێوان زەردەشتیەکان و کریستیانەکان لەو سەردەمەدا و ڕوونی دەکاتەوە کە پەێرەوانی ئەو دوو ئاینە لە کوردستاندا چۆن بیریان کردۆتەوە و لەسەر چ بابەتێک ناکۆک بوون. هەروەها ووردەکاری ژیانی کۆمەڵایەتی و چۆنێتی حوکمڕانی پادشاکان و زۆر هەلومەرجی جیاوازی ئەو سەردەمەی کوردستان دەخاتە ڕوو.

ئاینی کریستیان بناغەیەکی پتەوی لە کوردستاندا هەبووە و پێش ئیسلام بە تەواوی لە کوردستاندا بڵاوبووە. بۆ نموونە سەبریەشوع کە لە نێوان ساڵەکانی (٥٢٤ ز- ٦٠٤ز) ژیاوە و لە شارەزوور لە دایکبووە، سەرەتا شوان بووە و دوایی ووردە ووردە ڕوو دەکاتە ئاین و خەڵوەتگەری، نزیکەی دوو ساڵ لە ناوچەی جەزیرە و بۆتان (کوردیان) لە خەڵوەتدا دەبێت و دوایی دەگەڕێتەوە بۆ نزیک زەڵم لە هەورامان و لە ناوچەی شەعران/شەهران و لەوێش پێج ساڵ لە ئەشکەوتێک دەچێتە خەڵوەتی ئاینیەوە و دواتر دەبێتە پاتریاک (گەورەترین سەرکردەی کریستیان)ی کەنیسەکانی هەموو ڕۆژهەڵات. کاتێک کە لە ساڵی ٦٠٤ ز دا کۆچی دوایی دەکات، یەزدینی کەرکوکی کە وەزیری دارایی دەوڵەتی ساسانی بووە و کریستیان بووە، لەگەڵ تەرمەکەیدا ڕۆیشتووە کە لە ناوچەی گەرمیان نێژراوە.
ئەوەی کە ڕوونە ئاینی کریستیان بەشێکی گرنگی مێژووی کوردە و ئەمڕۆ هەزاران بەڵگەنامە هەن کە بە زمانی ئارامی لەو ئاینە بەجێماون کە ڕابردوویەکی تاریکی کوردمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. هەر پەڕەیەکی ئەو مێژووە هەڵدەدەرێتەوە، مرۆڤ سەری دەسوڕمێت لە سەردەمێکی دەوڵەمەندی فەرهەنگیی کوردی کە ئێمە بە تەواوی پێی نائاشناین. چیرۆکی مارقەرداغیش یەکێک لەو چیرۆکانەیە کە پەنجەرەیەک لەسەر ئەو سەردەمە دەکەنەوە. جێی داخە ئەو بەڵگەنامانەی کە جێماون، زۆرینەیان وەک ئەم بەڵگەنامەیە، لە ڕوانگەیەکی کریستیانیەوە نووسراون و تاکلایەن و ناهاوسەنگن بەبێ بوونی سەرچاوەی زەردەشتی و ئاینەکانی تر کە بە داخەوە نەک دەگمەنن، هەر نین. بۆیە چیرۆکی ژیانی مارقەرداغی پادشای دەوڵەتی هەزەبانی، ئاسایی لە ڕوانەگەیەکی ئاینی کریستیانیەوە نووسراوە و دەبێت بە ئاگاوە ووردەکاریەکانی سەربکرێن، سەرەڕای ئەوە ئەم بەڵگەنامانەن کە پێمان دەڵێن ڕابردوومان چۆن بووە و ئێمە کێین و ناسنامەمان چیە.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– لە هەموو سەردەمێدا و هەتاوەکو ئەمڕۆش کاتێک کە ئاینێک بڵاو دەبێتەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو ئاینەدا پەیڕەوانی ئەو ئاینە، ناوی زمانی ئاینەکە هەڵدەگرن. بۆیە لامان ئاسایی بێت کە کەسێکی کورد ناوی سەبریەشوع یان یوحەنا بێت بە هەمان شێوە کە زانایەکی کورد لە سەردەمی ئیسلامدا ناوی ئەبوحەنیفەی دینەوەری بووە. بۆیە ناوی کەسەکان بە هیچ شێوەیەک گوزارش لە ناسنامەی ڕەگەزییان ناکات. ناوی مارقەرداغ بۆچوونی جیاوازی لەسەرە بەڵام ئەوەی کە ڕوونە (مار) بە زمانی ئارامی کە زمانی ئاینی کریستیان بووە، مانای (گەورەم) دەدات هاوشێوەی (مەولای/مەولانا)، ئەو پێشگرە ئارامیە و بۆ کەسایەتی زۆر گەورەی ئاینیی کریستیانی بەکاردێت. بەو جۆرە کەس (مولانا خالید) ی کورد ناکاتە عەرەب لەبەر ئەوەی کە هەردوو ناوەکە عەرەبیە.
– بە مەبەستی کورتکردنەوەی بابەتەکە زۆر لە رووداوەکان نەخراوەتە ڕوو. لێرەدا کتێبێکی تەواو لەسەر ئەو پادشایە هەر هێندەی لێ دادەنرێت.
– وێنەکانی ڕاست و چەپ، وێنەی کەنیسەی “شەهید مار قەرداغ” ە و ئەمڕۆ لەشاری هەولێرە. وێنەکەی ناوەڕاست وێنەیەکی خەیاڵی کریستیانیە و پەیوەندی بە بابەتەکەوە نیە.

سەرچاوەکان:
– Walker, J.(2006),The Legend of Mar Qardagh: Narrative and Christian Heroism in Late Antique Iraq, University of California Press, London.

– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …