Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / گەلی ئازتیک، شارستانیەتی مرۆڤ خۆرەکان!!

گەلی ئازتیک، شارستانیەتی مرۆڤ خۆرەکان!!

گەلی ئازتیک، شارستانیەتی مرۆڤ خۆرەکان!!

FB_IMG_1502384084877

شارستانیەتی ئازتیکەکان، بە شارستانیەتی مرۆڤ خۆرەکان ناسراوە، ھەندێک لەمێژوو نووسان گەلی ئازتیک بە تۆقێنەرترین گەلی مێژوو لەقەڵەم دەدەن، ھەندێکی تریش نەریت و ئاینی ئازتیکەکان بە بێ ڕەحمانەترین نەریت و ئاین دەژمێرن!!!!!
ئازتیکەکان لەناوەندی مەکسێک نیشتەجێ بوون، گەرچی خاوەنی ھەرەم و بیناسازی سەرنج ڕاکێش و زانستی پزیشکی و زانستی مۆمیاییکردنی جەستە بوون، گەرچی نوسین و پەرەستگای ڕازاوەیان ھەبووە، بەڵام ئەمانە ھەمووی ناتوانن دڕندەییە ترسناکەکەی ئەم شارستانیەتیە پەنھان بکەن!!!
ئازتیکەکان، لەھەزاران ساڵ پێشترەوە تا دەرکەوتنی ئیسپانیەکان لەساڵی ١٤٩٢ زاین لە وڵاتی مەکسیکی ئەمڕۆ نیشتە جێ بوون، سوپای داگیرکاری ئیسپانی لەمیانەی زنجیرەیەک شەڕی خوێناوی توانی ئەم شارستانیەتیە لەناو ببات….
نوسەر و لێکۆڵەرو سەرکردە سەربازیەکانی ئیسپانیا یەکەمین کەسانێک بوون کە سەربڕین و دڵ دەرھێنان و جەستە پارچە پارچەکردن و بەقوربانی کردنی مرۆڤیان لەنێو گەلانی ئازتیکدا بەچاوی خۆیان بینیووە…
مێژووناسی گەورەی ئیسپانیۆلی، بیرنال دیاز، کە خۆی لەماوەی سەدەی پانزە لەگەڵ سوپای ئیسپانیدا دەچێتە مەکسیک، لەکتێبەکەیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند مرۆڤێکی ئازتیکیدا ئەنجامداوە، کە بە وردی باسیان لە چۆنیەتی و چەندێتی و جۆری قوربانیەکان کردووە.
کتێبەکەی بیرنال دیاز، ھەر زوو زاناکانی ئەوروپای توشی شۆک کرد!!! بۆیە بەدرێژایی سەدان ساڵ دەیان لێکۆڵینەوەی چڕ لەسەر ئازتیکەکان و جەستەی پادشا مۆمیایکراوەکانیان ئەنجام درا و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، زیاتر ترسێنەر بوون:
دەرکەوت لەناو گەدەی پادشا و سەرەک قەبیلە مۆمیاییەکانی ئازتیکەکاندا، پاشماوەی گۆشتی مرۆڤ ھەیە. لێرەوە ڕاستی و دروستی کتێبەکەی بیرنال دیاز سەلما!!! سەلمێنرا کە ئازتیکەکان گۆشتی مرۆڤە قوربانیەکانیان خواردووە!!!
بەدرێژایی دەیەی ١٩٧٠ زانایان دەیان لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر ناوچەی (تنۆچیتتلان _ پایتەختی جارانی ئازتیکەکان) و ھەرەمی (تیۆتی ئاواکان _ پەرستگای خوداوەندی مانگ) ئەنجام دا و ئێسک و پروسک و کەللەسەری ھەزاران قوربانیان دۆزیەوە!!!!
لەساڵی ١٩٨٠ لەکۆنفرانسێکی زانستیدا لە فلۆریدا، بەفەرمی شارستانیەتی ئازتیکەکان وەک شارستانیەتێکی مرۆڤ خۆرەکان ناسرا و ئەوەش ڕوونکرایەوە کە خودی قوربانیەکان لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بەخۆشحاڵیەوە ئامادە بوون بکرێنە قوربانی!!!! چونکە بەگوێرەی باوەڕی ئازتیکەکان، گەدە و جەستەی پادشا و کاھین و سەرەک قەبیلەکان بەشێکن لە جەستەی خوداکان، بۆیە کاتێک گۆشتی قوربانیەکان دەچێتە ناو سکی ئەوانەوە، ئەوا قوربانیەکە دەبێتە بەشێک لەجەستەی خوداکان!!!!
جا ھەڤاڵان، کوڕ ئەو کوڕە بوو ببێتە خۆراکی جەنابی پادشا!!! بێ ئاگا لەوەی لەپاش چەند کاژمێرێک لەکۆمی پادشاوە دەبێتە پاشەڕۆ و فڕێ دەدرێت!!!
زانایانی بایۆلۆژی و خۆراکناسی، سەلماندویانە کە گۆشتی مرۆڤە قوربانیەکان، یەکێک بووە لە سیستەمی خۆراکی سەرانی ئازتیکەکان.
ھەرچەند (دیاز)ی مێژوونوس لەکتێبەکەیدا دەڵێت: ئازتیکەکان بۆ ترساندنی دوژمنەکانیان گۆشتی مرۆڤە قوربانیەکانیان خواردووە، بەڵام لێکۆڵەرەوانی سەردەم دەڵێن، قوربانی کردنی مرۆڤ و خواردنی گۆشتەکەی بەشێک بووە لە ئاداب و ڕێوڕەسمی ئاینی ئازتیکەکان.
چۆنیەتی قوربانی کردنەکە:
کاھینەکان، لەنێوان دەیان مرۆڤی خۆبەشدا، مرۆڤێکیان بۆ قوربانی کردن ھەڵدەبژارد، ھەڵبەت دەبوو زۆر بەختت ھەبێت تاوەکو ھەڵبژێردرێیت!! خودی کاھینەکان ڕێوڕەسمی تایبەتی دەربار و ئادابی ناو پەرەستگایان بە مرۆڤە ھەڵبژێردراوەکە فێر دەکرد، بە گوڵا و ئاوی پیرۆز ھەموو ڕۆژێک جەستەیان دەششت. لەڕەگەزی نێر و مێ دەیان خزمەتکاری تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرد و لەسەرخوانەکەی دەیان جۆر میوە و گۆشتی باڵندە و ئاژەڵە کێویەکانیان بۆ ئامادە دەکرد. لەڕێو ڕەسمێکی گەورەشدا، جلی سپی پەرەستگایان لەبەری دەکرد و تاجی خوداکانیان دەکردە سەری. ئەم مرۆڤە داماوە لەخۆشحاڵیدا لەپێستی خۆیدا جێگەی نەدەبوویەوە، ھەمیشە دەستە گوڵێکی بۆنخۆشیان دەدایە دەستی و بەخۆی و دەیان خزمەتکارەوە بەناو خەڵکیدا دەیانگێڕا و ڕووی دەکردە ھەر شوێنێک، دەبوو ئامادەبووان سوژدەی بۆ بەرن و ژنان پەنجەکانی پێی ماچ بکەن.
بیست ڕۆژ پێش ئەوەی بیکەن بەقوربانی، جلی سپی پەرەسیگایان لەبەری دادەکەند، جلی جەنگاوەرانی خوداکانیان لەبەری دەکرد و چوار کچی ئەشرافزادەیان لێ مارە دەکرد، کە گوایە ئەم چوار کچە لەلایەن چوار خوداکەی ئازتیکەکانەوە بەم قوربانیە بەخشراوە، ئەوانیش خودای خۆر، خودای مانگ، خودای جەنگ و خودای چارەنوس!!!!!
کە ڕۆژی دیاری کراو دەھاتە پێشەوە، مەراسیمێکی گەورەیان بۆ ڕێک دەخست و ھەزاران کەس بەخۆشی ئەوەوە سەمایان دەکرد و شوکری خوداکانیان دەکرد کە ئەم قوربانیەیان لێ قبوڵ دەکات!!! کاھینەکان بەشکۆمەندیەکی بێ وێنەوە ئەو داماوەیان بەناو خەڵکی سەماکەردا دەگێڕا و لەکۆتاییدا لەگەڵ چوار ژنەکەی سواری بەلەمێکی بچکۆلانەیان دەکردن و لەدەریاچەی بەردەم ھەرەمی خودای مانگ دەپەرینەوە. لەوبەرەوە بۆ دواجار، قوربانیەکە لەباوەشی ژنەکانیدا دەخەوت و کە مەراسیمی جووت بوونەکە تەواو دەبوو. دەنگی تەپڵ و ھەل ھەلە لێدان لەھەموو لایەکەوە بەرز دەبوویەوە. دواتر قوربانیەکە، بەڕووتی و بەگوێرەی ئیقاعی دەنگی تەپڵەکان بەسەر پلیکانەی بەردەم ھەرەمەکە سەردەکەوتە سەرەوە. لەسەرەوە، کاھینەکان ئەویان دەبردە سەر سەکۆی قوربانیەکە و پاڵیان دەخست. پادشا و ئەشراف زادە و سەرەک قەبیلەکانی دیکەش لەسەرەوە چاودێری مەراسیمەکەیان دەکرد. کاھینێک، بە خنجەرێکی بەردین، لەکاتێکدا ھێشتا قوربانیەکە بەچاوی دەرپۆقیەوە تەماشای دەکرد، سنگی قوربانیەکەی شەق دەکرد و دڵی دەردەھێنا!!! دواتر جەلادی پەرستگا، بە تەورێک سەری قوربانیەکەی دەپەراند. تەوژمێک لەخۆشی و ھەل ھەلە لێدان حەشاماتی ئادەبووی دەگرتەوە.
دڵی قوربانیەکە لەسەر سینیەک لە زێڕ پێشکەشی پادشا دەکرا و بەشەکانی تری جەستەشی پێشکەشی ئەشراف زادەکان. نەم جۆرە قوربانی داماو لەبری ئەوەی ببێتە بەشێک لەجەستەی چوار خوداکە، دەبووە پاشەڕۆی پادشا و ئەشراف زادەکان!!!!!!!!!
چەند جۆرێکی تری قوربانی:
1. قوربانی کردن بۆ خودای بەھار: قوربانیەکەیان بە دارێکەوە دەبەست و لەدورەوە ھەرکەسێک و تێرێکی بۆ دەھاویشت، خوێنی قوربانیەکە بەلێشاو دەڕژایە سەر زەوی. چونکە ئازتیکەکان پێیان وابوو تاوەکو خوێنی قوربانی نەڕژێنرێتە سەرزەوی، خودای بەھار گیا و گوڵ ناڕوێنێت!!
2. قوربانی کردن بۆ خودای جەنگ: ئەم قوربانیە بەزۆری لەدیلەکانی جەنگ بوو، شمشێرێکی دارینیان دەدایە دەستیەوە، دواتر چوار جەنگاوەری بەھێزیان بە ڕم و شیر و تیر و شمشێرەوە تێ بەردەدا، قوربانیەکە مافی ڕاکردنی ھەبوو… بەڵام ئەستەم بوو بتوانێت لەدەست تیرھاوێژەکە ڕزگاری بێت!!!!
3. قوربانی بۆ پیرۆزکردنی خوداوەند تۆناتێۆ: لەم جۆرەدا، قوربانیەکەیان بە دارێکەوە دەبەست، کە دەبوو کەسێکی گەنج و لەش ساغ و بەھێز بێت، سەرەک قەبیلەکان و کاھینەکان بەشێوازی بازنەیی بەدەوریدا سەمایان دەکرد و بەدوای ئەوانیشدا خەڵکانی ئاسایی. وردە وردە بازنەی سەماکەران بەدەوری قوربانیەکە بەرتەسک تر دەبوویەوە، تا سەری ڕمی کاھین و سەرەک قەبیلەکان دەگەشتە جەستەی قوربانیەکە، دواتر بەھەموویانەوە ڕمەکانیان لەجەستەیدا ڕۆ دەکرد. پاشان جەستەکەیان بۆ پەرەستگا دەگواستەوە و پێشکەشی خوداوەند تۆناتێۆیان دەکرد، ھێندەی نەدەبرد ژاھینی گەورە لەپشتی پەردەی پەرستگا دەھاتە دەرێ و دەیگوت، خوداوەند تۆناتێۆ گۆشتی قوربانیەکە پێشکەشی ئێوە دەکات. ئیدی لەماوەیەکی کەمدا جەستەکە دەخورا!!!!!

سەرچاوەکان:
1. آفرینش در آساطیر امریکا: سید حسن حسینی/ چاپ اول; قم; نشر ادیان.
2. دین و اسطورە در امریکای وسطا: مھران کندری/ چاپ اول; تھران; انتشارات مؤسسە مطالعات و تحقیقات فرھنگی.

‏diako

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …