Home / بەشی مێژووی كورد / ئاڵای کوردستان چۆن دروستبوو؟ ئاڵا چییە و چۆن سەریھەڵداوە؟

ئاڵای کوردستان چۆن دروستبوو؟ ئاڵا چییە و چۆن سەریھەڵداوە؟

ئاڵای کوردستان چۆن دروستبوو؟ ئاڵا چییە و چۆن سەریھەڵداوە؟

ڕێناس نەورۆزی
ئاڵا نیشانە و ناسنامەی نەتەوە و ھەبوونی گەلانە، ئەمڕۆ ھەموو گەل نەتەوەیەکی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و بێ وڵات خاوەن ئاڵای تایبەت بەخۆیانن، رێکخراوی نەتەوە یەککگرتووەکان و پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی جیھان و دام و دەزگا فەرھەنگی و ئابوورییەکان و شارەوانیەکان و زانستگاکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکان و یانە وەرزشییەکان و ڤیستیڤال و بۆنە و یادەکانیش خاوەن ئاڵا و نیشانەیەکی تایبەتی خۆیانن. ئاڵای ھەر نەتەوە و وڵاتێک لەگەڵ ئاڵای ھەر نەتەوە و وڵاتێکیتر جیاوازە، بەھەمان شێوە ئاڵای رێکخراوە و دام و دەزگانیش لەگەڵ یەکتری جیاوازن، ھەریەکەیان خاوەن رەنگ و شێوە و واتای جیاواز و تایبەت بەخۆیەتی.
واتا و ھێمای ھەندێک لە رەنگە سەرەکییەکانی ئاڵاکان لە لایەن پسپۆرانی ئاڵاناسی Vexillology بەمجۆرە لێکدراونەتەوە:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، ھێز، یەکسانی.
رەنگی زەرد: رووناکی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.
رەنگی شین: ئاو، ئاوەدانی، دەریا، ئاسمان، ئازادی.
رەنگی نارنجی: ئازایی، خۆبەختکردن، قوربانیدان
رەنگی رەش: پرسە، مەرگ، نەمری.
تەمەنی دروستبوون و ھاتنە کایەی ئاڵا دە گەڕێتەوە بۆ ٤٠٠٠ (چوار ھەزار) ساڵ لە مەوبەر، بۆ یەکەمجار ئاڵا لەلایەن ئمپراتۆریەتەکانی سەر خاکی ئێران و میزۆپۆتامیا (کوردستانی ئەمڕۆ) ھەڵداروە، سەرەتا سومەرییەکان و ئاسورییەکان و میدیاکان، ھەروەھا ھاخەمەنیشیەکان و ساسانییەکان و میسرییەکۆنەکان. دواتریش شارنشینە یۆنانییەکان و قەیسەرەکانی ژاپۆن و چین ئاڵایان ھەڵداوە.
بەگوێرەی زانستی ئاڵاناسی یەکەم ئامانجی دروستکردنی ئاڵا بۆ بانگەوازی و رێنماییکردن بووە. یاخود ئاڵاکان تەنیا وەک ھێمایەک بوونە، زۆربەشیان پەیامێک بوونە بۆ تاکە کەس یاخود بۆ دەستە و کۆمەڵە کەسێک. کاتێک ئیپمراتۆریەتە کۆنەکانی جیھان لە کاتی شەڕ و سەرکەوتنەکانیاندا، بەر لە ھەموو شتێک ئاڵای دوژمنەکانیان داگرتووە و ئاڵاکانی خۆیانیان لە جێگەیدا بەرزکردۆتەوە، بەو واتایە یەکێکیتر لە ھێما سەرەتاکانی ئاڵا بۆ نیشاندانی سەرکەوتن ھەڵدراوە. جگە لەوەش ئاڵای ھەر ئیمپراتۆریەت و ھۆزێک جیابووە، ئاڵای ھەر یەکەیان نیشانە و واتایەکی تایبەت بەخۆی تێدابووە و رەنگێکی جیاوازبووە. ھەر لە کۆنەوە و تا ئەمڕۆش ئاڵاکانی جیھان زۆرترینیان لە نیشانەکانی ناو سروشت و دەوروبەر پێکھاتوونە وەک ھەبوونی: (ئەستێرە، مانگ، خۆر، ئاو، دار، چیا، گوڵ، باڵندە، گیانەوەر….). جۆر و پێوانەی ئاڵاکانی کۆن وەک ئێستا نەبوونە، بەڵکو لە شێوەی ناڕێک، نیمچە بازنەیی، سێ گۆشەیی…. کە لە تەختە دارێکی درێژ یاخود لە مادەی کانزایی یانیش لە پێستی ئاژەل دروستکردەکران، رەنگەکانی ئاڵاش لە گەلا و لە خوێنی ئاژەل و لە رەژووی ئاگر دروستدەکران. ھەندێک ئاڵاش تەنیا لە پەڕی باڵندە دروستدەکران، یاخود تەنیا باڵندە و ئاژەلی وشککراو… لە جیاتی ئاڵا دەکران بە نیشانە و ھێماکانیان و بە تەختە دارێکی درێژ و بەرز ھەڵدەواسران، یاخود بە ھەمان شێوە پەیکەر یانیش تەختەدارێکی ھەڵکەندراو لە نەخش وەک ئاڵا بەرزدەکرانەوە. لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی ھەنگاوەکانی ژیان شێوەکانی ئاڵاش گۆڕدران، کە ئەمڕۆ ئاڵا لەسەر پارچە قووماش و لەسەر کاغەز و کارتۆن چاپ دەکرێن.
کۆنترین ئاڵای نیشتمانی ئاڵای دانیمارکە کە لە ساڵی ١٢١٩ دروستکراوە. ئاڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٧٦ دروستکراوە و بەردەوام گۆڕانکاری تێداکراوە و ساڵ بە دوای ساڵ ژمارەی ئەستێرەکانی ناو ئاڵاکە زیادیکردووە تا لە ساڵی ١٩٥٩ لە گۆڕان وەستاوە و لەوساوە تا ئێستا لە ٥٠ ئەستێرە و ١٣ ھێلی سوور و سپی پێکھاتووە. چیرۆکی ھاتنە کایەی ئاڵای ھەر نەتەوە و وڵاتێکیش خاوەن مێژوویەکی درێژ و دوورە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لەسەر ھەڵوەستە بکەین ئاڵای ئەمڕۆی کوردستان و مێژووی ئاڵاکانی ناو گەلی کوردە.
ئاڵا لەسەردەمی مادەکاندا
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان زۆربەی ئاڵای ھۆز و نەتەوە ئارییەکان لە رەنگەکانی (سوور، سپی، زەرد، سەوز، شین) پێکھاتبوون. پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات کە لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزارو و لە ساڵی ١٩٩٩ کۆتایی بە ژیانی سیاسی ھات، ئاڵایەکیان لە بۆنە و یادەکانیان بەرزدەکردەوە و بەگوێرەی ئەوان ئەو ئاڵایە ھەمان ئاڵای سەردەمی مادەکان بووە کە لە سەرەوە ھێلێکی سوور و لە ناوەڕاستدا ھێلێکی زەرد و لە خوارەوەش ھێلێکی سەوز ھەبووە. کە تەواوی رەنگەکانی ھاوشێوەی ئاڵای ئێستای وڵاتی بۆلیڤیای ئەمریکای لاتینە. دوای چەندین ھەوڵ و لێکۆڵینەوەم تا ئێستا ھیچ سەرچاوەیەکی مێژووییم دەستنەکەوتووە کە ئاماژە بە رەنگەکانی ئاڵای دەوڵەتی ماد بکات کە لە ساڵی ٧٠٠ی پێش زایین دامەزرابوو. تەنیا ئەوەندە ھەیە کە مادەکانیش لە کاتی سەرکەوتنیان بەسەر ئاسوورییەکاندا خاوەن نیشانە یاخود ئاڵایەکی تایبەت بەخۆیان ھەڵداوە.
ئاڵای دەوڵەوتی ئەیوبی
ئەیوبییەکانی دیاربەکر و میافارقین و نسێبین و شام و یەمەن ھەر یەکەیان خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوونە، بەڵام لە سەردەمی (سەلاحەدینی ئەیوبی) ئەویبوییەکان بوون بە خاوەنی یەک ئاڵا کە لە شێوەیەکی بازنەیی و درێژ لە رەنگێکی سەوز پێکھاتبوو، لەسەر سەوزرەکە بە رەنگی رەش و لە سەر دوو ھێلی زەرد بە زمانی عەرەبی نووسرابوو (لا الە الا اللـە) لەسەرەوەی ئاڵاکەش خۆرێکی زەرد لە ناو مانگێکی ھیلالیدا ھەبووە.
ئاڵای دەوڵەتی زەند
کەریم خانی زەند (١٧٠٥-١٧٧٩)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند کە خۆی و بنەماڵەکایەن لە ماوەی (١٧٥٠-١٧٩٤) فەرمانڕەوایی ئێرانیان کرد، خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوون کە لە شێوەیەکی سێگۆشەیی پێکھاتبوو لە سەر زەمینێکی سپی ھەتاو لە پشت شێرێکەوە دەبینرا و لەسەر ھەرسێ لای ئاڵاکەشدا ھێلێکی باریکی سەوز ھەبووە.
ئاڵای میرنشینەکانی کوردستان
میرنشینەکانی کوردستان ھەریەکەیان لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ یاخود نیمچە سەربەخۆبوون. کورد لە ماوەی سەدەی دەیەمی زایینی تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم خاوەنی ژمارەیەکی زۆر میرنشین بووە وەک میرنشنی (شەدادی، مەروانی، بابان، ئەردەلان، بێدلیس، سۆران، ھەکاری، بادینان، لوڕی گەورە، لوڕی بچووک، حەسەنکێف، بۆتان….ھتد، کە ھەندێک لە میرنشینەکان تەمەنیان کەمتر لە سەدەیەک بووە و ئەوانیتریش تەمەنیان لە نێوان یەک سەدە تاکو حەوت سەدە بووە. بەشێک لە میرنشینە کوردییەکان لە سەدەی ھەژدە و نۆزدە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ بوون وەک بەرزکردنەوەی ئاڵا، لێدانی سکەی پارە، دروستکردنی خوێندنگا و مزگەوت، دروستکردنی کەلوپەلی سەربازری وەک تۆپ و چەک، ھەوڵدان بۆ فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەیان. میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران دووان لە میرنشینە بەھێز و ناسراوەکانی مێژووی کوردستانن کە شوێنەگەی دیرۆکی و جوگرافیان کەوتۆتە ناو ئینسکلۆپیدیا و ئەتلەسە کۆنەکانی جیھانەوە. میرنشینی سۆران بوو کە پایتەختەکەی رەواندوز بوو، لەسەردەمی پاشای گەورە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە لە دوو رەنگی رەش و سپی پێکھاتبوو، رەنگی رەش لە بەشی سەرەوەی و رەنگی سپی لە خوارەوەی ئاڵاکەی ھەڵکەوتبوو.
ئاڵای راپەڕینی قۆچگیری ١٩٢١
دوای ئەوەی کوردەکانی قۆچگیری لە ھەرێمی دێرسیمی باکووری کوردستان ئامادەنەبوون بچنە ژێر رکێفی تورکەکان و داخوازییەکانی مستەفا کەمالەوە، رووبەرووی ھێزەکانی تورک بوونەوەو و ئاڵای سەربەخۆیی خۆیان ھەڵدا. ئەو ئاڵایەش لە ژێر کاریگەری ئاڵاکەی ساڵی ١٩١٩ی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی) دروستکرابوو.
ئاڵای حکومەتی کوردستانی خواروو ١٩٢٢
لەپاش ئەوەی کە ئینگلیزەکان ناچابوون سەر بۆ ویستی گەلی کورد دانەوێنن، شێخ مەحمودی حەفید (١٨٨٢-١٩٥٦)یان لە ھیندستان گەڕاندەوە بۆ کوردستان. شێخ مەحمود لە رۆژی ٣٠/٩/١٩٢٢ گەیشتەوە شاری سلێمانی و ھەر زوو تەنگی بە ھێزەکانی ئینگلیز ھەڵچنی و ناچاریکردن، کە شاری سلێمانی بەجێبھێلن. ئەوەبوو لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢ شێخ مەحمود ئاڵای کوردستانی ھەڵکرد و (حکومەتی خوارووی کوردستان)ی راگەیاند و ھەردوو رۆژنامەی (بانگی کوردستان) و (رۆژی کوردستان)یش لەلایەن حکومەتی خوراووی کوردستان بڵاوکرانەوە. ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی خوارووی کوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود ھەڵدرا پێکھاتبوو لە زەمینێکی سەوز و مانگێکی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا. (بڕوانە وێنەی ژمارە ٦).
ئاڵای راپەڕینەکەی ئاگری ١٩٢٩-١٩٣٠
لە سەردەمی راپەڕینەکەی چیای ئاگری بەرێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، رۆشنبیرە کوردەکانیش ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان داڕشت. کە رەنگی سەوز لەسەرەوە و و رەنگی سوور لە خواروە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر رەنگە سپیەکەش وێنەی چیای ئاگری لەسەر خۆرێکی زەرد کێشرابوو. ئەم ئاڵایەش تایبەتبووە بە راپەڕینەکە، جگە لە ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کە ھەر لەوسەردەمەدا ھەڵدرابوو.
ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەھاباد ١٩٤٦
لە سەردەمی دووەم شەڕی جیھانی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی کوردی لە ئێران و پاشانیش راگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رۆژی ٢٢/١/١٩٤٦ کە شاری مەھاباد پایتەختەکەی بوو، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان ھەڵدرا، کە ھەمان ئەو ئاڵایە بوو لە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن رێکخراوی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) دروستکرابوو بە کەمێک دەستکارییەوە. ھەرچەندە ھەندێک کەس پێیان وایە ئەو ئاڵایەی ئێستا کوردستان ھەمان ئاڵای کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ە. بەڵام کۆمیتەی پەیوەندییەکنی دەرەوەی وڵاتی حزبی دیموکراتی کوردستانە ئاڵایەکیتریان بۆ ناردووم کە بە ئاڵای کۆماری کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ دەناسرێت. ھەرچەندە تا ئێستاش سەبارەت بە ئاڵاکەی ساڵی ١٩٤٦ گفتوگۆ ھەیە، بەڵام من دوو وێنەم لە بەر دەستە کە لێکۆڵەڕەوان و خوێنەران دەتوانن بڕیاری زیاتر لەسەر بدەن.
ئاڵای ئەمڕۆی کوردستان
سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ وەک ئاڵای کوردستان و نەتەوەی کورد دەناسرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کاتێک کۆمەڵ و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵ و دەرکردنی گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بوونە، لە ھەمان کاتیشدا لە ھەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوونە بۆ کوردستان. ساڵی ١٩١٩ (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک رووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروستکرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد. ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد بریتیبوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرە بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکوک)، کەمال فەوزی (بێدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدوح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ.
ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ بۆمان ماوەتەوە ھەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئەو رێکخراوە نزیکەی ٩٠ ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسەر دابوو، بە گوێرەی ئەو ئاڵایە رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشایەوە. بەگوێرەی نووسراوێکی نوورەدین زازا، ئەو بەچاوی خۆی بینویەتی کە ھەمان ئەو ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥ی باکووری کوردستان لە جێگای ئاڵای تورکیادا بەرزکراوەتەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی رێکخراوی (خۆیبوون)یش ھەمان ئاڵا لە ساڵی ١٩٢٧ دووبارە وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەردراوەتەوە. بۆ یەکەمجاریش ئەم ئاڵایە لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری فیلادەلفیا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بەرگی کتێبێکی میر سوورەیا بەدرخان بەناوی (The Case of Kurdistan Against Turkey، By authority of Hoyboon، Philadelphila، ١٩٢٨) بەزمانی ئینگلیزی چاپکراوە کە لە ژێر ئاڵاکەشدا نووسراوە (Flag of Kurdistan). ئەم ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەکەی چیای ئاگریش ھەڵدراوە، جگە لە ھەبوونی ئاڵایەکی تایبەتی بە راپەڕینەکە. (کۆمەڵەی ژێکاف)یش لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٢ بەدوا ھەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەکاندا لە شاری مەھاباد بەرزکردۆتەوە. ئەگەرچی ئەو ئاڵایە لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بوونی ھەبووە، بەڵام کۆمارە یەک ساڵیەکە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە زۆر نزیک بووە لە ھەمان ئەو ئاڵایە. دکتۆر کامەران بەدرخانیش ھەمان ئاڵای ساڵی ١٩١٩ی وەک ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپای داوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠یشدا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێکدا ھەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. رەوەندی کوردی ھەموو بەشەکانی کوردستانیش لە ساڵانی ١٩٧٠ بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەکاندا ھەمان ئەو ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان بەرزکردۆتەوە. لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستانیش ئەو ئاڵایە لەسەر تەلاری ھەندێک لە رێکخراوە سیاسیەکان و دام و دەزگاکانی راگەیاندن لە باشووری کوردستان دەبینرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨ بەدوا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەرەسمی وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەر درا، کە تیشکی خۆرەکەی ٢١دانە تیشکە و لە چوار رەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکھاتووە، کە لە ھەندێک سەردەم و شوێندا ژمارەی تیشکەکانی ئاڵای کوردستان یان ئەوەتا زۆرتر بووە لە تیشکەکانی ئێستا یانیش کەمتر بووە و یاخود جۆری تیشکەکانی کورت و درێژ بوونە. لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدوا سەجەم گەلی کورد و نزیک بە سەرجەم رێکخراوە سیاسیەکانی ھەر چوار بەشەکەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ھەمان ئاڵایان وەک ئاڵای کوردستان و ئاڵای نەتەوەی کورد پەسند کردووە.
ئەم بابەتە کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانتر سەبارەت بە سەرھەڵدانی ئڕڵا و مێژووی ئاڵاکانی کوردستان.
سەرچاوە:
١-Encyclopedie، Het Laatste Nieuws، deel ٢٤، Brussel، ٢٠٠٥، p ٣٦٤-٣٦٥.
٢-KURDISTAN In the Shadow of History، by: Susan Meiselas، Random House، Inc، New York، ١٩٩٧، p ١٤٠.
٣- Centre D´etudes Kurdes، Bulletin ١١، Dr Kammuran Ali Bedir-khan، ١٩٥٠، Paris.
٤- کەسکە سۆر، نوردەین یوسف، کۆڤارا ھاوار، ھژمار: (٣٠) ١/٧/١٩٤١ شام.

About كه‌یفی عمر

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …