Home / بەشی مێژووی كورد / بەریتانیا بە نهێنی هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵوێستی هۆزە کوردەکان کردووە

بەریتانیا بە نهێنی هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵوێستی هۆزە کوردەکان کردووە

 مێجەر جەنەڕاڵ سێر پێرسی زەکەریا کۆکس، کۆمیسیاری مەدەنی،  لە بەغدادەوە نامەیەکی نهێنیی ئاراستەی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ هندستان کردووە لە لەندەن، کە ژمارە 10115 لاپەڕە 1295ی بەسەرەوەیە و یەکێکە لە دیکۆمێنتەکانی ناو ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.
ئەمەی خوارەوە گوڵبژێرێکە لەو نامەیە: 

ئامادەکردنی –
پ.ی.د. رەنجدەر محەمەد عەزیز

پەیوەندییەکان لەگەڵ هۆزەکانی باشوری کوردستان.
لە سەرەتای نامەکەدا کە لە ساڵی 1918دا ئاراستەی کردووە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەیەوێت لە شێوازی پەیوەندیی هۆزەکانی باشووری کوردستان ئاگارداری بکاتەوە و تێیدا هاتووە:
پێش باسکردنی هەڵوێستی هۆزە کوردییەکانی باشووری زێی بچووک لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە، کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا بوون، تا هاوینی 1914 دەمانەوێت پەیوەندییەکانی حکومەتی عوسمانی لەگەڵ هۆزە کوردەکاندا لەسەر سنووری رۆژهەڵاتیان بخەینەڕوو، کە جێگرەوەیەک بوون لە نێوان هەوڵە بێکاریگەرەکان بۆ کۆنترۆڵکردن لەلایەک و یاخیبوون لە لایەکی دیکەوە.
هەروەها دەڵێت لە دوای راگەیاندنی دەستوور لە ساڵی 1908 ەوە، مەیلی زیادبوونی نائارامی هەبووە نەک کەمبوونەوە، بەشێکی بەهۆی مامەڵەی باڵادەستی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن و بەشێکیشی بەهۆی نائارامی سیاسییەوە کە بەهۆی نائومێدی لەو هیوایانەوە دروستبووە کە لەلایەن بزووتنەوەی دەستوورییەوە وروژێنرا.
ئاماژەش بەوە دراوە کە هەردوو هۆکارەکە بوونەتە هۆی تامەزرۆییەکی ناڕوون بۆ ئۆتۆنۆمییەکی ئیتنیکی.
هەروەها نووسیوێتی: لە دەسەڵاتی سەربازیی عوسمانیدا لە ویلایەتی بەغدا تەنها کوردەکان تاکە یاخیبوو نەبوون کە دەبوو هاوبەشیان پێبکرێت لە سەرکردایەتی کردندا. ئەو پشێوی و ئاڵۆزییانەی لە سنووری فارسدا بەهۆی راپەڕینی سالار ئەلدەولە لە ساڵی 1911 تا 1913 دروست بوون کە ئەوە سەختییەکانی زیاتر کرد و لە خواستی حکومەتی تورکیا دەرچوون.

پێگەی جوگرافیی هۆزەکان
لە بەشێکی بەڵگەنامەکەدا دەڵێت: «لە نێو هۆزەکاندا کە بەدرێژایی بەشی لای باشووری زێی بچووکدا  نیشتەجێن، سەرسەختترینیان بریتین لە هەمەوەند و جاف، یەکەمیان گەلێکی نیشتەجێن لە ناوچەی سلێمانی، دووەمیان کۆچەرین، کە درێژ دەبنەوە لە کەناری چەپی دیالە لە سەڵاحییە (کفری)ەوەو لە دیوی وڵاتی فارسەوە دەچێتە ناو مەریوانەوە» و روونیکردۆتەوە کە باجەلانیش کە نیوەی  کەوتۆتە قەڵەمڕەویی فارسەکانەوە و نیوەشی لە قەڵەمڕەویی تورکەکاندایە، لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها دەنووسێت بەشە تورکییەکەی لە ژێر کاریگەریی مستەفا پاشادا بووە و  ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە گومان لە روسیا هەبووە و لەبەر خراپ حوکمڕانیی عوسمانی وای لە کوردەکان کردووە کە بە پێچەوانەی ویستی خۆیانەوە ناچاربن بچنە ژێر رکێفی ئەوەوە.
تەنانەت رایگەیاندووە کە سەرۆکەکانی موسڵ و دەوروبەری، وەک شێخی بارزان بەنموونە دوای ئەوەی بۆ چەند ساڵێک لە دژی بانگهێشتەکانی روسیا خۆیان راگرتووە، لە کۆتاییدا ناچار بوون پەنا بۆ خاکی روسیا ببەن و لە بەهاری ساڵی 1914دا دەنگۆی ئەوەش بڵاوبۆتەوە کە هەمەوەندەکان، جاف و دزەیی بێهیوابوون لەو چاکسازییانەی کە ویستوویانە لە عوسمانییەوەکانەوە بکرێت، بۆیە ئامادەبوون داوای هاوکاریی لە روسیا بکەن.

رەفتاری روسەکان
وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: لەگەڵ نزیکبوونەوەی روسەکان، ئەو خواستانە گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. راپۆرتەکان سەبارەت بەو زیادەڕەوییانەی روسەکان لە رواندز لە ساڵانی 1915-1916 بۆ کوردی باشوور دڵنیاکەرەوە نەبوون. بەهۆی تاڵانیی روسەکانەوە، و دەشڵێت کاتێک لە ئازاری 1917 دا بەغدامان داگیرکرد وا دانرا کە دەبێ لەو ئاراستەیەوە تا سنووری تورکیا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرین و ئاماژە دەدات بەوەی کە هۆزە کوردەکان بەگشتی پێیان وابووە کە دەرفەتی ئەوە هاتووە کە خۆیان وەک نەژادێک بسەلمێنن؛ و بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی کورد کە لە ژێر هەرێمی دەستووردا پیکهاتبوو، زیندوو ببۆوە.

پیشڕەوی بەرەو باکووری دیالە
هەروەها رایگەیاندووە کە لەکاتی پێشڕەوییان بۆ باکووری دیالە و پاشەکشەی تورکەکان بۆ خۆرئاوای ئەو رووبارە، کوردەکانی ناحیەی کفری ئەو (ناوچەیان چۆڵ کردووە کە لەلایەن عوسمانییەوە داگیرکرابوو و ئامادە نەبوون پێداویستییان بۆ دابین بکەن. لەسەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ ئێمە بەبێ دواکەوتن دەست بەسەر هەموو ناوچەکەدا بگرین تا خانەقین.
ئاماژەش بەوە دراوە کە ناچاربوون بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە قەسری شیرین لەگەڵ روسەکاندا قسەبکەن تا خانەقین بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و لەم بارودۆخانەدا جگە لە داواکردن لە مستەفا پاشای باجەلان، سەرۆکی خانەقین بۆ هێشتنەوەی رێکخستن  لە خانەقین، هیچ کارێکی تر نەدەکرا.
هەروەها دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی هاتنی روسەکان، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان زۆنی دەسەڵاتمان «لە بەغداوە لە رێگەی مەندەلی و قزل ڕەباتەوە بە درێژایی هێڵی جەبەل حەمرین تا شورەیمییە لەسەر دیجلە بێت». بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە قبوڵ نەکرا چونکە لەگەڵ سنوورەکانی ئێستا و رێکەوتنەکاندا نەدەگونجا کە روسیا و فەرەنسا و بەریتانیا کردبوویان. ئەوان رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە کایەکانی هەژموونی سەربازییەوە بە ئیستحقاقی سەربازییەوە دیاری بکرێن و نابێت هیچ پەیوەندییەکیان بە کایەی هەژموونی سیاسییەوە هەبێت.

رای مستەفا پاشای باجەلان
مستەفا پاشای باجەڵان لە خانەقین رایگەیاندبوو کە روسیا سەلماندوێتی تەنانەت لە تورکەکانیش توندترە. لە خاکی فارسدا، دانیشتووانەکەی دەستدرێژییان نەکرابووە سەر، بەڵام کوردەکانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی وەک دوژمن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و هەموو چینەکانیان بە یەکسانی تاڵان دەکران، تەنانەت هەڕەشە لە خودی مستەفا پاشا کرابوو و دزیشی لێکرابوو و زیان بە پیاوەکانیشی گەیەنرابوو.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانیش کە سەربەخۆن ئەوە  پشتڕاست دەکەنەوە کە:  روسەکان نزیکەی نیوەی بەهای قڕانی زیویان داوە بەو کاڵایانەی کە پێویستان بووە و بە زۆر خەڵکەکە ناچارکراوە زیو بدەن بە رێژەی 3.25 کرۆن لەکاتێکدا خۆی 1.5  کرۆن بووە. جگە لەوەش لادێنشینەکان ئەگەر ماڵاتەکانیان بگەڕاندایە تاڵان داکران و هەموو بەرهەمەکانی دانەوێڵەی دەوروبەری خانەقین بڕدرابوون یان لەناوچوو بوون و هیچ پارەیەکیان نەدرابوو و جگە لە دەوڵەمەنەکان خەڵکی ئاسایی خۆراکی دەست نەدەکەوت.
ئەوانەی کە بە مۆڵەتیش دەهاتنە ناو خانەقینەوە، پارێزراو نەدەبوون لە تاڵانکردن و ئەفسەرەکانی روس ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و خواردنیان دەبرد و پارەشیان نەدەدا.
هەروەک ئاماژەی داوە بەوەی کە کاری باخداری وەستابوو، بەهۆی راگرتنی کەناڵەکانی ئاودێرییەوە.
هەروەها رایگەیاندووە کە پێشتر خەڵکی سنووری سەڵاحییە (کفری) پیداویستیی عوسمانییەکانیان دابین نەدەکرد، بەڵام بۆئەوەی لە شوێنەکانیان بمێننەوە ناچاربوون چونکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی عوسمانییەکان لە روسەکان مامەڵەیان باشتربووە و بەگشتی ئاماژە بەوە دەدات کە بەهۆی رەفتاری خراپی روسەکانەوە دۆستی زۆریان لە ناوچەکەدا لەدەستداوە.
ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت: کوردەکان ئامادەبوون هەموو هەوڵێک بدەن بۆ پێدانی خۆراک بەو هێزەی روسیا، بەڵام پێویستە رێگە بە جوتیارەکان بدرێت بگەڕێنەوە و بەبێ  هێچ بەربەستێک بەردەوام بن لە سەر کارەکانیان و داوای ئەوەیان کردووە نوێنەرێکی بەریتانیا کە جێگەی متمانەی خەڵکەکە بێت، پێویستە دەست بەسەر ئیدارەی مەدەنیی قەزاکەدا بگرێت و مەفرەزەیەک سەربازی بەریتانی لەگەڵدا بێت، چونکە بەوە هەستیان بە پاراستنی یاسا و رێسا لە خانەقین و قزڵ ڕەبات و رێگای نێوان ئەو دوو شارۆچکەیە دەکرد و دەڵێت: روسەکان بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی لە ناوخۆدا  بەهۆی شۆڕشی 17ی ئۆکتۆبەری بەلشەفیکەکانەوە، کۆنترۆڵی بارودۆخەکەیان لە دەست دەرچوبوو، بەوەش میراتێکی ناخۆشیان بۆ ئێمە بەجێهێشتووە.
لەبەشێکی تری بەڵگەنامەکەدا هاتووە و دەنووسێت: «ئەگەر لە روانگەیەکی سەربازییەوە وریبگرین، لەوانەیە هێشتا مەحاڵ بێت بۆ ئێمە کە خۆمان خانەقین داگیربکەین و گونجاو نەبێ کە نوێنەری بەریتانی بۆ ئەوێ بنێرین، ئەوا بەرپرسی سیاسی پێی وابوو کە پێویست ناکات حکومەتی خاوەنشکۆ ئاگادار بکرێتەوە لە بارودۆخی راستیی کێشەکان و لەو ئەنجامە سیاسییانە کە چاوەڕوان دەکرێت لێی بکەونەوە. ئەفسەری سیاسی پێی وابووە کە خودی مستەفا پاشا و ناوچەکەی بەوە ناسراون کە بەشدارییان لە چالاکییەکانی دژی روسەکاندا کردووە، هەروەها فەرماندەیی بەتالێونی سنووری تورکیای کردبێت. لە بەغدادەوە زانیاری زیاترمان بە دەست گەیشت  کەوا خانەقین پاککراوەتەوە و زۆبەی تاڵانییەکان لەسەر سنور روویانداوە.
هەر بەگوێرەی بەڵگەنامەکەی مێجەر جەنەراڵ سێر پێرسی زەکەریا کۆکس لە کۆتایی مانگی ئایاردا، هەڵوێست بەوجۆرە بوو کە هۆزەکانی باشووری کوردستان کە دەبوو لە ژێر کاریگەری ئێمەدا بوونایە و دان بەوەدا بنێن کە لە ناوچەی نفوزی سیاسی ئێمەدان، بە تەواوی نائومێد و نامۆ بوون بەو مامەڵەیەی کە بەرامبەریان کرابوو، هەروەها لە کاتێکدا کە لە سەرەتادا ئامادە بوون راوی ئەو تورکانە بکەن کە پاشەکشە دەکەن و کۆگای دانەوێڵەکانیان شاردبۆوە بۆئەوەی پیداویستییەکانی تورکەکان دابین نەکەن، کەچی سیاسەتێکی باشتریان گرتەبەر لە پێناوی گەڕان بە دوای رزگاربوون لە دڕندەیی روسەکان، ئەوەش بە رێگەدان بە تورکەکان تا دەستیان بگاتە کۆگاکانیان. تورکەکان نە ئەوەندە بەهێز بوون کە بە تەواوی هەژاریان بکەن، نە ئارەزووی وێرانکردنی هەمیشەیی ناوچەی دەوڵەمەندی بەرهەمهێنانی خۆراکیان هەبوو، لە کاتێکدا روسەکان، وەک سەردانکەرانی تێپەڕبوو وە بێباک بەرامبەر داهاتووی ناوچەکە، هەموو شتێکیان لەناوبرد. هەرچەندە پێیان وابوو هۆزە کوردەکان ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە لە دەستێوەردانەکانیان و خۆیان لە دژی ئەوان سازداوە. بۆیە پێشنیازی ئەوەی بۆ سەرووی خۆی کردووە کە ئەگەر کوردەکان  بەڵگەی بەرجەستەیان پیشان بدرێت کە بەریتانیا دەتوانێت پشتگیریان بکات، ئەوا کوردەکان ئامادەن لەگەڵ بەریتانیادا یەکبگرن.
لەبەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە بەریتانییەکان لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا پەیوەندییان بە شێخ حەمیدی تاڵەبانی)ی و سەرۆک هۆزەکانی دیکەوە کرد و زانیویانە کە ئەوان بەرەنگاری هەموو داواکارییەکانی تورکیا بوونەتەوە بۆ هاوکاری و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەردەوامیش دەبن تا ئەوکاتەی هیوایەک هەبێت کە بەریتانیا یارمەتیان بدات.
لەکاتێکدا تورکەکان بە مامەڵەیەکی زۆر توند لەگەڵ خەڵکی قزل ڕەبات و خانەقین مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن لەبەرامبەر ناردنی مەڕوماڵاتەکانیان بۆ باکوور لە ترسی تاڵانیی تورکەکان.
هەروەها دەڵێت: ژمارەیەک پیاوی دیار لەسێدارە درابوون، یەکێک لەوانە ئەندامی بنەماڵەیەکی ناوداری سلێمانی بوو، بەڵام دەڵێت: «ئێمە هێشتا لە پێگەیەکدا نین کە هیچ دڵنیایییەک بە کورد بدەین تا هانیان بدات بکەونە بەرەی دژایەتیی تورکەکانەوە ، تا خانەقین، یان لانیکەم قزل ڕەبات داگیرنەکەین.
بە گوێرەی نامەکە پێدەچێت بەرپرسەکەی ئینگلیز لە بەغدا پێشتر زۆر وەڵامی لە لەندەنەوە پێ گەیشتبێت و ئەوانیش کەم تا زۆر ئاگایان لە بابەتەکە بووبێت.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …