وەرگێڕانی : نەبەز گۆران من ( مەلامستەفا بارزانی ) ـم لەشەردا بینی . هەوڵێكی زۆرمدا تا بگەمە لای . یەكەمجار هاتمە عێراق ، پاشان رۆیشتم بۆ ئێران ، لەوێوە لە رێگای سنوورەكانەوە هاتمە ئەمدیوو . چەند رۆژێك پێش ئەوەی بگەمە لای، ئەو لەشەرێكدا سەركەوتنی بەدەست هێنابوو ، كاتێك گەیشتمە لای، غروری پێوە دیارنەبوو . بۆیە ( مەلامستەفا بارزانی ) بەمنی وت : ئێمە نائومێد بووین لەوەی لەرێگای نێوەندگیرییەوە كێشەكانمان چارە ببن ، بۆیە تا ئاخر هەناسە دەجەنگین . یا سەردەكەوین ، یان دەمرین . من لە ( مەلامستەفا بارزانی ) یم پرسی : دۆخی كوردەكانی ئێران چۆنە ؟ ئەو لە وەڵامدا پێی وتم : ئێمە دەست وەرنادەینە كاروباری كوردەكانی پارچەكانی كە . كوردەكانی ئێران لەگەڵ خەڵكی ئێران سەرقاڵی مافەكانی خۆیانن . كوردەكانی ئێران رازین بەوەی كە پێیاندراوە . لەو ساتانەی سەرقاڵی قسەكردن بووین ، یەك فرۆكەی ئینگیلزی كە بەسوپای عێراق بوو ، بەسەر سەرماندا تێپەڕی . ( مەلامستەفا ) ش دۆخی شەرەكەی بە سێ بەرد دیاری كردبوو . بەردێك خۆیان و دوو بەرد سوپای عێراق ، بەم بەردانە نەخشەی بەرگریكردنی دادەنا . لەو كاتانەدا پێی وتم : ئێمە دەتوانین شارەكانی هەولێر و كەركوك بخەینە ژێر دەستی خۆمان . ئەو دووشارە نەوتی زۆریان تێدایە ، بەڵام پێویستمان بەچەكی باشە تابتوانین تێیدا بمێنینەوە و بەرگری بكەین . دیاربوو چەكدارەكانی فشاریان دەخستە سەر ، بۆیە لەسەر كێشەی چەكدارەكانی بۆی باسكردم كە : هێزە چەكدارەكەم زۆر خستومیانەتە ژێر فشارەوە ، دەیانەوێت لە نەوتەكەی كەركوك بدەین . پێم دەڵێن خەتای تۆیە ، واتكردووە بەو نەوتە سوپای عێراق چەكی باش بكرێت . لەوانەیە وام لێبكەن ، ئیتر قبوڵی بكەم بۆری نەوتەكان و شەریكەی نەوتەكە تێك بشكێنن . لەبارەی هاوكارییەكانەوە لێم پرسی ، رەدی كردەوە كەس هاوكارییان بكات . هەرلەو ماوەیەدا میدیاكانی عێراق بڵاویانكردبوویەوە گوایە ( ئیدریس بارزانی ) كوڕیی كوژراوە . منیش ئەوم بینی و هەواڵی دۆخەكەم لێپرسی ، بە پێكەنینەوە پێی وتم : بۆ لەمن دەپرسی ، من نەماوم مردووم ، ئەوەنیە دەڵێن كوژراوم . پاشان ( مەلامستەفا ) لەسەر دۆخی شەڕەكان و ئاڵوگۆرەكان قسەی كرد و وتی : لەساڵی رابردوودا 100 كەسمان لێ كوژراوە . زیانی ئێمە لەچاو سوپای عێراق بەراورد ناكرێت . پاشان ئەگەر كودەتاكەی ناو عێراق سەربگرێت ، ئیتر بەردەوامی بەم دۆخە نادرێت . كێشەیەكی تر ئەوەیە ، من رۆژ بەرۆژ پیرتردەبم ، پێویستە یەكێك بێتە شوێنەكەم . بەڵام زۆر پتەو و گەنج دیاربوو . بەو جۆرەش پیر نەبوو خۆی باسی دەكرد . نزیكەی ( 35 ) ساڵی خۆی بەشەر بەسەربردبوو . لەسەر خەڵكی عێراق پرسیارم كرد ، وتی : خەڵكی عێراق حوكومەتەكەیان قبوڵ نیە ، بەڵام ناچارن لەگەڵ دۆخەكە خۆیان بگونجێنن . دوای ئەوە گەراندمیانەوە بۆ شوێنێكی باشتر و ئارامتر ، بە هۆی میواندارییەكەوە ، من یەك كراسی شینم بەدیاری پێدا . ئەوانیش دەستێك جلی كوردیان دا بەمن و بۆ رۆژی دوایی لەبەرم كردن و خەڵكی سەیریاندەكردم و پیرۆزبایان لێدەكردم . یەكێك لە كوڕەكانی ( مەلامستەفا ) پێی وتم : زۆر لە پێشمەرگە دەچیت . لەشوێنی حەوانەوەكەی خۆی ، لە لای ( رەواندز ) بۆخۆم كەوتمە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو چەكدار و خەڵكەی لەوێ بوون . سێ لە كوڕە بچكۆلانەكانی ( مەلامستەفا ) هاتنە لام و خەیلێ قسەمانكرد پێكەوە . باوكیان لە سەرۆك خێڵێك دەچوو . شوێنەكەشی بەجۆرێك بوو كە سەرۆك خێڵێك بۆ خۆی دورستی دەكات . فەرشێكی ئاسایی رادەخست و پاڵی بەبەردێكەوە دەدا و تفەنگە برنەوەكەی لەپاڵ خۆیدا دادەنا . كە سەیرم دەكرد ، بەخۆمم دەوت ئەمە ئەو پیاوەیە من نزیكەی (10) هەزار كیلۆمەترم بریوە بۆ بینینی . زۆر بەگەرمی پێشوازی لێدەكردم و دەستەكانی دەگوشیم . لە شوێنەكەی خۆی ، دەستی گرتم و لەپاڵ خۆیدا داینیشاندم . ماوەیەكی زۆر سەیری ئەملاو ئەولای دەكرد ، منیش ئەوەم بە فرسەت زانی باش لە روخسار و شێوەی وردبوومەوە . باڵای زۆر بەرز نەبوو ، بەڵام بە هەیبەت دەهاتە بەرچاو . جلەكانی زۆر پوخت و توندو تۆڵ بوون . زوو زوو جگەرەی دەكێشا . پەرۆیەكی تێكەڵی سوور و سپی دەبەست بەسەرییەوە . پێیان وتم ئەوە یەكێكە لە رەمزی خێڵەكەیان . بەڵام وەك ئەوانی كە نەیدەبەست ، بە هەڵاوگێری دەیبەست . دوای ماوەیەك رویتێكردم و وتی : بپرسە بزانم چیت دەوێت . لەسەر شەڕەكەی پێشو كە سەركەوتبوو ، پرسیارمكرد و ئەویش وتی : سەربازەكانی عێراق بەشێكی شاخی هەندرێنیان گرتبوو . هەوڵیاندەدا هەمووی بگرن ، بەڵام پێیان نەكرا . لەسەر مەسەلەی ئاشتی زۆر نائومێد بووبوو ، بۆیە سوربوو لەسەر ئەوەی تا كۆتایی شەردەكەن . ئەو یەكێكە لە رابەرە كوردەكانی عێراق . بەڵام خەڵكی تریش هەیە ، هەرچەندە كەسیان وەك ئەو لای كوردەكان جێگای باوەر نەبوو . لەماوەكانی پێشودا گروپێك بەسەركردایەتی ( ئیبراهیم ئەحمەد ) لێی جیابوونەوە . هەرچەندە ئیبراهیم ئەحمەد ) كەسێكی بەئاگابوو لەوەی ، خۆشەویستی خەڵك بۆ ( مەلامستەفا ) زۆرە ، كەچی بەرەنگاری بوییەوە . بۆیە بەبێ هیچ ئەمسەر و ئەوسەرێك ، ( ئیبراهیم ئەحمەدی ) ی لە حیزب دەركرد . لەسەر ئەو مەسەلەیە ، بە زەردەخەنەوە پێی وتم : ئەگەر بڵێم دیموكراسی لەناو ئێمەدا بەرقەرارە ، لەناو بیركردنەوەی مندایە ، لەوانەیە تۆ بروام پێنەكەیت . بەڵام پێویستە بڵێم : لە گەنجیەتیمەوە بروام بە دیموكراسی هەبووە . هەوڵم بۆداوە و شەریشم بۆ كردوە . من بۆیە ئیبراهیم ئەحمەدم دەركرد ، چونكە بۆچونەكانی باش نەبوون و ، دەیەویست دیكتاتۆرییەت شوێنی دیموكراسی بگرێتەوە . رێگەم نەدا ئەمە بكات . ئەو كەسێكی خۆشەویستە و كەم قسەدەكات . هەڵسوكەوتەكانیش هەندێكجار لە سەركردە عەرەبەكان دەچێت . لەسەر ئومێدی بە دەوڵەكاتی دەرەوە و سەركەوتنی . پێی وتم : ئەگەر دەوڵەتەكان بەرگریمان لێناكەن ، لاینكەم با چەكی قورس و بەهێز نەدەن بە سوپای عێراق ، لەناومان ببەن . دوای ئەم گفتوگۆیە كاتی ماڵئاوایكردن هات . بۆیە زۆر سوپاسمكرد ئەو كاتەی بەمندا و میوانداری كردم ئەو چەند رۆژە . ئەویش خۆی ئاسا زۆر سوپاسیكردم و پێی وتم : بەزمانی ئێوە چ باشە بیڵێم ، با بیڵێم . بۆ شەوەكەی لەژێر روناكی مانگەشەو دا ، سواری ئۆتۆمبێلێكی ( لاندگرۆزەر ) بووم و ، جێم هێشتن . – تێبینی : كۆمەڵێك دیداری رۆژنامەوانی ( مەلامستەفا بارزانی ) لەكتێبیكدا چاپ بووە بە فارسی ، هەموویانم وەرگێراوە ، یەك یەك بڵاویاندەكەمەوە .
سەرچاوەكان – سیمۆن مۆریس ) كوڕە 21 ساڵەكەی ، سەرۆكی زانكۆی ( كامبریج ).(4-جونەی- 1966). – رۆزنامەی (اطلاعات ) شنبە،14خرداد ماه (1345)شمارە(11993) – كتێبی : بهرام ولدبیگی،(برتارك طوفان) لاپەرە (402تا406) چاپ تهران. (1395) چاپ: گویا –