Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی کورد و گەمە سیاسیەکانی ناوچەکە

مێژووی کورد و گەمە سیاسیەکانی ناوچەکە

مێژووی کورد و گەمە سیاسیەکانی ناوچەکە ”

/محەمەد فەرهادزادە

ئەگەر چاو خشاندنێک بەسەر مێژووی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافەڕەواکانی بکەین دەبینین کە کورد لە سەدەی بیستەمدا دەرفەتی بۆ وەدەست هێنانی مافی چارەی خۆ نووسین بۆ رەخساوە بەڵام بە داخەوە بە هۆی بارودۆخەکە و دژایەتی دوژمنانی گەلی کورد و ئەگەر بە راشکاوانەتر باسی بکەین زۆرکات بە هۆی کەم ئەزموونی سەرکردایەتی شۆڕشەکانی ئەوکات تا ئێستاشی لەگەڵ بێ نەیتوانیوە مافە رەواکانی خۆی بەدەست بێنێ و گەلێک هەلی زێڕینی لەدەست داوە هەرچەندە کە ئەم شکست و هەرەس هێنانە نەیتوانیوە مەسەلەی نەتەوە بوونی کورد لەناوببات و بە پێچەوانەوە رۆژلەدوای رۆژ باوەڕ بە خۆ بوون و سوور بوون لەسەر وەدەست هێنانی مافە رەواکانی لە ناو کورد دا پتەوتر بووە ، بەڵام بە کردەوە تەنیا ئەوەی بۆی ماوەتەوە شانازی و لە خۆبردووییەک بووە کە لە پێناویدا کردوویەتی و لەناو مێژودا بۆی ماوەتەوە، لەسەر ئەو بابەتە دەمەوێ ئاماژە بە چەند نموونەیەک بکەم و دواتر شرۆڤەیەک دەکەم لەسەر باروودۆخی ئێستا و پێویستی کەڵک وەر گرتن لەم باروودۆخەی ئێستا ،ئەگەر بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەم بریتین لە:

١-سەرهەڵدانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود کە ئاکامەکەی بووە ئەوە کە بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی، شێخ مەحموود و شۆڕشەکەی بچێتە ناو مێژووەوە.

٢-شۆڕشەکەی بارزان کە لە کۆمەڵێک چالاکوان و رووناکبیری ئەو سەردەم پێک هاتبوو و بۆ ماوەیەک توانی ببێتە بزووتنەوەیەک کە دەنگدانەوەی ببێ ، بەڵام دوای ماوەیەک ئەو سەرهەڵدانە دامرکا .

٣-پێکهاتنی کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و کاریگەری لەسەر پارچەکانی تریش تا رادەیەک کە ببێتە هۆی ئەوەی مەلا مستەفا بە خۆی و چەند سەد پێشمەرگەوە بچێتە شاری مەهاباد بۆ یارمەتی کۆماری کوردستان، بەڵام بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی دووهەمی جیهانی و پشت تێ کردنی یەکێتی سۆڤیەت بە خۆ بەدەستەوەدانی پێشەوا و لە سێدارەدانی، کۆتایی بە تەمەنی کۆمار هات.

٤-شۆڕشەکەی ئاگری داغ لە باکووری کوردستان.

٥-هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ی تەمووز کە بە پشتیوانی حیزبی شیوعی عێڕاق سەرکەوت وعەبدولکەریم قاسم ناچار بوو چەند بەڵێنێک بدات بۆ باشتر بوونی ژیانی خەڵک و ئەوە بوو کە مەلا مستەفا گەڕاوە بۆ باشوور، بەڵام هەر زۆر زوو عەبدولکەریم قاسم لە بەڵێنەکەی پاشگەز بۆوە و یاسای ئیسلاحاتی ئەرزی دەرکرد و ئاغا و خاوەن زەویەکان راپەڕین و هەر ئەوکات پارتی دێمۆکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا ئەم هەلەی قۆستەوە و بە یارمەتی کۆمەڵیک سیاسەتوان و رووناکبیری ئەوکات ئەم راپەڕینەی گرتە ئەستۆ و کردی بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کە دواتر بوو بە شۆڕشی ئەیلوول، بەڵام کورد بۆ جارێکیتر کەوتە بۆسەی پیلانگێڕی دوژمنانی گەلەکەی و ئەوە بوو کە رێکەوتنی ئەلجەزایر لە ساڵی ١٩٧٥ ئیمزا کرا و ئاکامەکەی بووە هۆی ئەوە کە بزووتنەوەی کوردی لە باشوور روو بکاتە شاخەکان و بە شێوەی شەڕی پارتیزانی شۆڕشی نوێ هەڵگیرسێنێتەوە.

٦-لە راپەڕینی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە دژی رژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی،هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کەوتە پیلانگێڕی و دوژمنایەتی گەلی کورد لەم پارچەیە و لەم نێوانەشدا کۆمەڵە و دێمۆکرات وەک ٢ هێزی سەرەکی لەم پارچەیەی کوردستان کەوتنە بەرەنگاری لە خەڵکی کوردستان و هەر وەک ئێستا کە داعش هێرشی کردۆتە سەر کۆبانی، ئەوکاتیش کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر شاری سنە و هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵات و خەڵکی خۆڕاگری سنە بۆ ماوەی ٢٤ رۆژ کەوتنە بەرەنگاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بە شێوەیەک بەرەنگاریان کرد کە لە مێژوودا بمێنێتەوە و شاری سنە ناز ناوی ( سنەی خوێناوی) پێ ببەخشرێ،دواتر خومەینی فەرمانی هێرش بۆسەر کوردستان دەر بکات و شەڕی سەرتاسەری کە کوردستان دەست پێ بکات و لە هەمان کاتدا بە هۆی هەڵەی سیاسیی لەلایەن حیزبەکان ببێتە هۆی ئەوەی کە شەڕەکە ببێتە شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکرات و کۆماری ئیسلامیش ببێتە بینەری لەناو چوونی حیزبەکانی کورستان و لە کۆتاییدا ئەم حیزبانە بچنە باشووری کوردستان وهەر لەوێ نیشتەجێ ببن وبە داخەوە لەسەر هەڵەی زۆربەی ئەم حیزبانەوە سیاسەتی چاوەڕوانی بگرنە بەر.

ئەگەر بگەڕێینەوە باشووری کوردستان ، دوای شەڕی ئێران و عێڕاق لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی و بە هۆی پەلاماردانی کوەیت لەلایەن رژیمی بەعسەوە ، وڵاتانی وەک ئەمریکا و رۆژئاوا کەوتنە شەڕ لەگەڵ رژیمی سەدام و ئاکامەکەی ئەوە بوو کە بە هۆی لێدانی لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە رژیمی سەدام لاواز بێ و ببێ بە دەرفەتێک کە لە کوردستانی باشوور راپەڕین بکرێ و لەم کاتانەدا بوو کە ئەمریکا دەیویست بۆ لێدانی عێڕاق لە پایەگای ئینجرلیک لە تورکیە کەڵک وەرگرێ ، بەڵام تورکیە کەوتە دژایەتی و ئیزنی بە فڕۆکەکانی ئەمریکا نەدا کە لەوێوە بۆ لێدانی رژیمی سەدام هەڵفڕن و تورکیە بە بێ خواست و مە یلی خۆی خزمەتێکی لەو کاتەدا بە کورد کرد ، ئەویش ئەوە بوو کە ئەمریکا بکەوێتە بیر لە کەڵک وەرگرتن لە فرۆکەخانەکانی هەریر و سلێمانی کە ئەوکات وەک فرۆکەخانەیەکی نیزامی لە کاتی دەسەڵاتی سەدام لەو ناوچانە کەڵکی لێ وەردەگیرا و بووە هۆی ئەوەی کە دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد بڕخسێ و کورد کە تا ئەوکات وەک نەتەوەیەکی بێکەس وابوو ببێتە دۆستی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و لە ئاکامدا رژیمی سەدام رووخا و حکوومەتێکی نوێ لە عێڕاق هاتە سەر کار وبە داخەوە هەر زۆر زوو ئەمریکا پشتی لە کورد کرد و بە پێچەوانەوە چەند خاڵیشی لە بەرامبەر کورد دانا کە بریتی بوون لە :

١-کورد بۆی نیەبچێتە ناوچە سوورەکانی عێڕاق واتە ئەو ناوچانەی کە دوای پرۆسەی رووخانی سەدام لە لایەن کوردەوە رزگار کرابوو ( کەرکووک و …..) ولە راستیدا ٢ ناوچەیان دیاری کوردبوو ، “ناوچەی سوور” ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێڕاق و ” ناوچەی سەوز “ئەو ناوچانەی وا لە راپەڕینی ١٩٩٠ لەژێر کۆنترۆڵی کورد دا بوو.

٢-کورد دەبوو هەموو ئەو چەکە قورسانە وا لە کاتی رووخانی بەعس دەستی کەوتبوو بیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی عێڕاق.

٣-مەحدوودیەت و بەربەست دانان بۆ هەر یەک لە بەڕێزان ” مام جەلال” و “مەسعود بارزانی” کە لە کاتی سەردان بۆ شوێنێک تەنها دەتوانن هەر یەکەو ٦٠ پێشمەرگەیان لەگەڵ بێ ، بەڵام بە هۆی سەرهەڵدانی سپای مەهدی بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە نەجەف و دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا، بووە هۆی ئەوەی کە جارێکیتر ئەمریکا وەبیر کورد بکەوێتەوە و داوای هاوکاری لە کورد بکات و ئەم خاڵانەی بۆ کوردی دیاری کردبوو لای ببات و تەنها خاڵە گرینگەکە بمێنێتەوە کە هەمان ناوچەی سەوز و سوور بوو.

دوای ئەم رووداوانە شەڕ لە فەلووجە دەستی پێکرد و تەقینەوە لە زۆربەی شارەکانی عێڕاق پەرەی سەند و کوردستان تەنیا ناوچەی ئارامی عێڕاق بوو،و ئەو بیر کردنەوەیە کە ئەمریکاییەکان پێیان وابوو کورد لە عێڕاق دەبێتە هۆکاری نائارامی لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ، بە پێچەوانەوە بووە هۆی ئەمن و ئاسایشی خەڵک و بووە هۆی ئەوە کە ئەمریکا روانگەی خۆی بە نیسبەت کوردەوە بگۆڕێ و وای لێ بێت کە بە ناوچەی ئارام ناوی ببەن و کونسوولخانە دابنێن و بۆ پشوودان لە کوردستان کەڵک وەرگرن.

حکوومەت لە عێڕاق بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی پێک دێت و و بینیمان کە لایەنەکانی سوننە و شیعە کەوتنە دژایەتی کورد لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان( مادەی ١٤٠) و تا ماوەیەک پێش ئێستاش کە بە دژایەتی نووری مالکی و بڕینی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و لەسەر نا بەرپرسیارەتی وناکارامەبوونی مالکی بووە هۆکاری ئەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا رێکخراوێکی تێرۆریستی بە ناوی داعش شاری مووسڵ بگرێت و دەست بگرێت بەسەر هەموو جبەخانەکانی سپای عێڕاق لەو ناوچەیە،کە یەکێک لەو سپایانەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە کە خاوەن باشترین و پێشکەوتووترین چەکەکانی ئەوڕۆییە کە لەلایەن روسیا و ئەمەریکا پێی دراوە وداعش بەدەست بەسەرداگرتن بەسەر ئەم چەکانە هێزەکەی تەیار بکات و هێرش بکاتە سەر کوردستان کە بە دەیان هەزار خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی شەنگال ئاوارە بن وخەڵکانێکی زۆری بێ تاوان گیانیان لەدەست بدەن و کۆمەڵکوژیەکی تر بەسەر کوردستاندا بێت تا رادەیەک کە بە سەدان کچ و ژنی بێ تاوان بە دیل بگیرێن و بازەرگانیان پێوە بکرێت . رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەوەشەوە ناوەستێت و هێرش دەکاتە سەر شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان و لەوێش دەست دەداتە جەنایەتی زیاتر،لەو ساتە وەختانەدا کە هەموو جیهان بە دژی داعش قسە دەکات و ئەمریکا وهاوپەیمانانی رێک دەکەون لەسەر لێدانی داعش لە ڕێگای ئاسمانیەوە، دیسانەوە تورکیە هەڵەیەکی مێژوویی دووبارە دەکاتەوە کە بە قازانجی کورد تەواو دەبێ، ئەویش ئەوەیە کە بۆ جارێکی تر پاش زیاتر لە ٢ دەیە ئەمەریکا دەیەوێ کەڵک لە پایەگای ئینجرلیک وەرگرێتەوە بۆ لێدانی داعش بەڵام تورکیە رێگەی پێ نادات و ئەمریکا بۆ جارێکیتر دەکەوێتەوە بیر هاوپەیمانە کۆنەکەی لەو ناوچەیە کە کوردە،و ئەوە بوو کە کورد رێگە دەدات کە لە فرۆکەخانەکەی هەریر کەڵک وەرگرێتەوە،

تا ئەو جێگەی کە باسمان کرد کورد باش چۆتە پێش چ لە بەرامبەر ئەمریکا و چ لە شەڕ لەگەڵ داعش و چ لە هاوکاری و یارمەتی کوردەکانی رۆژئاوا وشەرڤانانی یەپەگە ، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە باسی بکەم و تەنیا خاڵێک کە دەمەوێ دەستی لەسەر دانێم ئەوەیە کە کورد لە مێژوودا زۆری دەرفەت بۆ رەخساوە بەڵام نەیتوانیوە بە باشی کەڵکی لێ وەرگرێ، ئێستاش کورد نابێ هەموو ئەو کارتانەی بە دەستیەوەیە بیخاتە ناو سەبەتەی ئەمریکا و زلهێزان چون ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی کورددایە و دەبێ بزانێ چۆی یارییەکە لە قازانج و بەرژەوەندی خۆی بە کۆتایی بێنێ ، هەموومان دەزانین کە وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن و بە دڵنیاییەوە هیچ کایەیەکی سیاسی ناکەن کە لە راستای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا نەبێت، تائەو جێگایەش کە دەگەڕێتەوەسەر وڵاتانی دەورووبەر و داگیرکەری وەک ئێران و تورکیە و … ئەوانیش لە راستیدا پێێان خۆش نییە کورد نینۆکی ببێ و سەری خۆی پێ بخورێنێ چ بگات بە مەسەلەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی و کایەی خۆیان دەکەن بۆ لەناو چوونی پرسی سەربەخۆیی ئێران و تورکیە دڵنیان کە سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە داهاتوودا بەرۆکی خۆیان دەگرێتەوە لە رۆژهەڵات وباکووری کوردستانی بندەستی ئەوان، بۆیە پێویستە کوردیش بە پشت بەستن بە هیزی خۆ و یەکریزی و یەک هەڵوێستی مامەڵەی خۆی بکات بۆ لەناو بردنی تیرۆر لە ناوچەکە و بۆ ڕێگا خۆش کردن بۆ پرسی سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەم سێناریۆ و رووداوانەی پێشوو دووپات نەبێتەوە کە بە زیانی کورد بشکێتەوە بە بڕوای من ئەمە هەلێکی زێڕینە کە رەخساوە و ئەگەر کورد بە باشی کەڵکی لێ وەر نەگرێ بە دڵنیاییەوە دەرفەتی وا زۆر درەنگ دووپات دەبێتەوە.

زاگرۆس پۆست

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …