Home / بەشی مێژووی كورد / پوختەیەکی مێژوویی لەسەر بارودۆخی هەورامان لە ڕاگواستنی ئاواییەکانییەوە تاوەکو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ۱۹۷٨-۱۹۸۸

پوختەیەکی مێژوویی لەسەر بارودۆخی هەورامان لە ڕاگواستنی ئاواییەکانییەوە تاوەکو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ۱۹۷٨-۱۹۸۸

14440526919_c63486a373

پوختەیەکی مێژوویی لەسەر بارودۆخی هەورامان لە ڕاگواستنی ئاواییەکانییەوە تاوەکو کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
۱۹۷٨-۱۹۸۸
نووسین و ئاماده‌كردنی “صباح مجيد
پێش ئەوەی باس لە ڕاگواستن لە ناوچەی هەورامان بکەین، سەرەتا زاراوەی ڕاگواستن دەناسێنین.
ڕاگواستن لە زمانی کوردیدا لەبەرامبەر ووشەی deportation ئینگلیزی بەکار دێت، کە لە بنەڕەتدا زاراوەکە ڕۆمانی بووە.
لە ئینسکلۆپیدیای بەریتانیدا زاراوەی ڕاگواستن بە مانای دەرکردنی بێگانەیەک دێت، کە هەبوونی ئەو لە وڵاتدا لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی ڕێک ناکەوێت.
زۆرجار ڕاگواستن مانایەکی فراوانتر دەبەخشێت، وەک نەفیکردنو دورخستنەوە و گواستنەوەی تاوانباران بۆ شوێنی سزادان.
لە ئینسکلۆپیدیای ئەمریکیشدا هەر بەو واتایە هاتووە، کە بریتی یە لە دورخستنەوەی کۆمەڵە کەسانێک بە بیانوی ئەوەی بوونیان مەترسی بۆ شکۆداری وڵات هەیە.
بەڵام لە بەشێک لەوڵاتاندا ڕاگواستن بە فراوانی ئەنجام ئەدرێت و جیاوازی ناکرێت لە نێوان بێ تاوان و تاوانبار، بۆیە دەکرێت لێرەدا پێناسەیەکی تر بۆ ڕاگواستن بکرێت، بەشێوەیەک دەکرێت بوترێ ڕاگواستن ئەو پڕۆسە بەرنامە بۆ داڕێژراوەیە کە چەندین ئامانجی شاراوەی ترسناکی لە هەگبەکەیدا حەشار داوە، کە سەرەکیترینیان سڕینەوەی شوناسی تاک و نەتەوە و گۆڕینی جوگرافیای خاک و تێکدانی بەهای مرۆیی و کلتوری و فەرهەنگییەکانە. یان دەوترێت ڕاگواستن بریتیە لە ڕاگوێزانی زۆرەملێی دانیشتوان لە ناوچەکەی خۆیانەوە بۆ نیشتیمانێکی تر بەبێ ویستی خۆیان، کە بە کۆمەڵ لەلایەن دەسەڵاتەوە دژ بە بەشێک لە دانیشتوان ئەنجام دەدرێت، ئەم ڕاگواستنەش لەو وڵاتانەدا ڕوئەدات کە ڕێگەی دیکتاتۆرییان گرتووەتە بەر دژ بە میلەتەکانیان و لە هەموو ڕویەکەوە مافەکانیان پێشێل دەکەن . هەندێک جار لەبەرامبەر چەمکی ڕاگواستندا، کۆچپێکرد بەکار دەهێنرێت.
ڕژێمی عێراق بەگشتی و بەعس بە تایبەتی ئەم سیاسەتەی گرتوەتەبەر دژ بە کورد لە باشوری کوردستان. ڕژێم هەمیشە دانیشتوانی باشوری کوردستانی لەبەردەم دوو ئەگەردا ڕاگرتووە، ئەگەری یەکەم دەرکردنی بێ کۆت و مەرج و دەست گرتن بوو بەسەر سەروەت و سامان و خانوو زەویاندا، ئەگەری دووەم گۆڕینی ناسنامەی نەتەوایەتی و بە عەرەبکردنیان بوو.
بەعس پێی وابوو دەبێت نەک بەشێوەیەکی ڕەمزی ، بەڵکو لە واقیعیشدا بتوانرێت کۆنترۆڵی سەرجەم جومگەکانی وڵات و ناوچەکان بکات. بۆیە سەختی ناوچەکە وەک جوگرافیا و ئەو شوێنەی کە دەکرا وەک پەناگەی سیاسی و سەربازی پێشمەرگە چاوی لێبکرێت کۆنترۆڵ بکاتەوە.
دۆخی کورد لەڕوی ژیاری و سیستمی نەتەوەییەوە بۆ بەعس ئاشکرا نەبوو، نەبوونی ئەو ڕۆشنبیریەش مانای ترس و هەڕەشەبوو بۆ سیستمێکی گەورەی وەک بەعسیزم، که هێزێک هەبێت بۆی کۆنترۆڵ نەکرێت و بۆی نەخوێنرێتەوە.
جیاوازی کورد لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی تردا لەوەدایە، کە کورد دۆخی نەتەوایەتی زۆر جیاوازە و تاکە نەتەوەیە کە بنەمای بوونە نەتەوەیەکەی لەسەر سیستمی کۆکردنەوەی جیاوازییەکان وەستاوە، بۆیە ئاڵۆزە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، بۆیە شەڕی بەعس لەگەڵ کورد و پڕۆسەی ڕاگواستن پەیوەندی بە شیتەڵکردنی بنچینە و کۆتای هێنانە بە دۆخی کورد بوون. هەورامانیش بەشێکی ئەم بوونە نەتەوەییە پێک دەهێنێت.
کورد وەک گەلێکی چەوساوە و بن دەست و داگیرکراو هەمیشە دوچاری زوڵم و ستەمی داگیرکەرانی بووەتەوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا هەرگیز چۆکی دانەداوە، شۆڕش لەدوای شۆڕش قوربانی بۆ ئازادی بەخشیووە، دوژمنەکانی هەموو جۆرە ڕێگایەکیان بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجاری شوناس و فەرهەنگ و کلتورەکەیان بەکارهێناوە. یەکێک لەو هەوڵانەش ڕێکەوتننامەی ئیمزاکراوی جەزائیر بوو لە ٦ی ئازاری ۱۹۷٥ لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران، کە ئامانجی سەرەکی لەم ڕێکەوتنە پشتگیری نەکردنی شۆڕشی چەکداری کوردی بوو لەلایەن دەوڵەتی ئەوکاتەی ئێرانەوە، کە محمد ڕەزاشای پەهلەوی سەرکردایەتی ئەکرد، ئەمەش بەمەبەستی لاوازکردن و لەناوبردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی.
حوکمەتی بەعس هەر بەمەوە نەوەستا و لە بڕیارێکی نا عاقڵانەی دژ بە مرۆڤایەتیدا پڕۆسەی ڕاگواستنی لادێ و هەندێک لە شارۆچکەکانی سەر سنوری ئەنجامدا و سەرجەم دانیشتوانەکەی ڕاپێچی ئوردوگا زۆرەملێکان کرد لەنزیک شارەکان.
بۆ ئەمەش لە ناوچەی هەورامانەوە دەستی پێکرد و لە قۆناغی یەکەمدا لە بەروای ۱٤ی ئەیلولی ۱۹۷٨ نزیکەی ۲٨ گوندی ڕاگواست بۆ هەر یەک لە ئوردوگا زۆرەملێکانی خورماڵ زەمەقی سیروان شانەدەری هەڵەبجەی تازە.
یەکێک لە شاهید حاڵەکانی گوندی یاڵانپێ، کە یەکێکە لەو گوندانەی بەر ڕاگواستن کەوتووە، بەناوی عەباس مستەفا دەڵێت” لەگوندەکەمان کە نزیکەی ۳٨۰ ماڵ بوین بەزۆرەملێ و بەبێ ویستی خۆمان گوازراینەوە بۆ خورماڵ، سەرجەم خانوەکانیشمان ڕوخێنران و تێکدران و کران بە ناوچەی (محرەمە- قەدەغەکراو )، لادێکەمان بە تەواوەتی چۆڵکرا ” .
بۆ تێگەیشتن لەپڕۆسەی ڕاگواستن لەناوچەکەدا پێویستە لە هۆکارەکانی پشت ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە بکۆڵینەوە، چونکە دەوڵەتی عێراق بە پاڵپشتی حیزبی بەعس بەمەبەستی هێنانەدی کۆمەڵێک مەبەست و ئامانجی تایبەتی خۆی ئەم پڕۆسەی ئەنجامدا، کە لەمانەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە.
ڕژێمی بەعس هەستی بەوە کردبوو نەتەوەی کورد بەربەستە لەبەردەم دەوڵەتی عێراق، چونکە ئەو ڕژێمە بەنیاز بوو دەوڵەتێکی عەرەبی دروست بکات، لەم نێوەندەشدا بڕوای بە جیاوازییەکان نەبوو، دەیویست سەرجەم ناسنامە جیاوازەکانی تر بسڕێتەوە و کلتورە بندەستەکان لە تایبەتمەندییەکانی خۆیان دابماڵێت، ئەم هەوڵە یەکێک بوو لە بەرهەمهێنراوەکانی بەعسیزم.
حوکمەتی عێراق دەمێک بوو هەستی بەوە کردبوو یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی هێزەکانی پێشمەرگە ناوچەی هەورامانە، چونکە بەهۆی سەختی جوگرافیا و شاخە بەرزەکانییەوە جارێکی تر پێشمەرگە لە ناوچەکەدا خۆی ڕێکخستبویەوە و درێژەی بە مانەوەی خۆی دابوو، ڕژێم دەیزانی کۆتایهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەورامان کارێکی ئەستەمە بۆ سوپای عێراق، چونکە لەلایەکەوە هێزەکانی پێشمەرگە شارەزای ناوچەکەبوون، لەلایەکی ترەوە پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگە وەک خواردن و جل و بەرگ و پێداویستیەکانی تر لە لادێکانی هەورامانەوە دابین دەکرا ، حوکمەتی عێراق لە توانایدا نەبوو گەمارۆی ئابوری بخاتە سەر لادێکانی هەورامان، چونکە بنەمای ئابوری ئەو لادێکان (خۆژێنی) بوو، پشتیان بە دەسەڵاتی ناوەندی نەبەست بوو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، بەرهەمەکانیان لە سروشتەوە بەدەست دەهێنا، بۆیە حوکمەت بە پاڵپشتی سوپای عێراق بڕیاری ڕاگواستنی لادێکانی هەورامانیدا، بەمەبەستی لاوازکردن و لەناوبردنی شۆڕش لە ناوچەکەدا.
ئەوەی ڕویدا کارێکی سەیر نەبوو، چونکە حوکمەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق هەوڵیانداوە دانیشتوانی ناوچەکە لە هێزەکانی پێشمەرگە داببڕن و لە شوێنێکی دیاریکراودا کۆیان بکەنەوە تاوەکو هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵی دامو دەزگاکانی خۆیان بمێننەوە، لەلایەکی ترەوە حوکمەت مەبەستی بوو بەم کارەی دانیشتوانی بەرهەمهێنی لادێکان بگوازێتەوە بۆ ئوردوگا زۆرە ملێکان و دایان ببڕێ لە سەرچاوە ئابورییەکانی خۆیان تاوەکو ببنە دانیشتوانێکی بەکاربەر و هەمیشە چاوەڕوانی دەسەڵاتی ناوەندی بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، ئەمەش لەوە سەرچاوەی گرتبوو کە دەسەڵاتدارانی بەعس پێیان وابوو ئەگەر دانیشتوانی لادێکان سەربەخۆیی ئابوری لەدەست بدەن، ئەوا هۆشیاری سیاسیان کاڵ دەبێتەوە و سەربەخۆیی سیاسیشیان لەو ناوچانەدا بەرەوە کاڵبونەوە و لەناوچوون هەنگاو دەنێت.
دروستکردنی کۆمەڵگەی زۆرەملێ پڕۆژەیەکی بەعس بوو تا ئەو جیاوازییەی لە گوندەکانی هەورامان هەبوو وەک تایبەتمەندی ئابوری و فەرهەنگی بکوژێت. ڕاگواستنی هەورامان لێدان بوو لە بەشە ڕۆحییەکەی کورد کە لە هەوراماندا خۆی نیشان دەدا تەواوی ئەو فەزا ڕۆحیەی کە هەورامییەکان هەیانبوو بەڕاگواستن و شوێن هەڵکەندن ئەگەری هەبوو لەناو بچێت.
هەورامان ژیانێکی ڕەسەنانەی ئابوری کلتوری ڕۆحییانەی هەبوو، ئەمە بەشێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بەعس لێرەوە دەست پێ بکات.
لە ڕوی زمان و ئەدەبیاتەوە هەورامان زیندویەتی خۆی پاراست بوو، بەعس مەبەستی بوو تەواوی تایبەندمەندییەکان لەم ڕەسەنایەتیەوە ڕیشەکێش بکات و مێژووی نوسین و ئەدەبیات و پەرستشی دینی لەناوببات، واتە ڕاگواستنی گوندەکانی هەورامان شەڕێکی کلتوری بوو، شەڕی لێدانی ڕەسەنایەتی ڕاستەقینەبوو، کە هەورامان نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردی دەکرد لەو بارەیەوە، ئەم شەڕە بۆ تێکدانی ژیارێکی مەزن بوو کە مێژوێکی دور و درێژە کورد بەم ژیارەوە هەیەو شانازییەکانی لەسەر هەڵچنیووە.
گوندەکانی هەورامان کۆی ئەو جەستەیەبوون کە پێکەوە دەیتوانی بجوڵێت و هێزی جەستەکە لەم جیاوازییە بەشەکییە کلتورییەدا بوو کە هەر گوندێک هەیبوو، دەبوو هەر گوندێک کە تایبەتمەندی سروشتی کۆمەڵایەتی خۆی دەپاراست هەورامانیشی نیشان ئەدا، دەبوو کۆی گوندەکان بە تایبەتمەندی خۆیان هەستن، بۆ ئەوەی جەستەیەکی ساغ دەرچێت، ڕاگواستن لە هەورامان بۆ کوشتنی سەرجەم ئەمانەبوو، گواستنەوە لە ژینگەیەکی ڕەسەنەوە بۆ شوێنێکی نا ئارام و زۆرەملێ، کە جەستەکە ئەو کۆیی و پێکەوەییەی جارانی نەدەما.
لێرەشدا بۆ ڕۆشنکردنەوەی دەرئەنجامەکانی ڕاگواستن تیشک دەخەینە سەر لایەنەکانی ڕامیاری کۆمەڵایەتی و ئابوری لەسەر هەورامان
یەکەم:- دەر ئەنجامە ڕامیارییەکانی ڕاگواستنی ناوچەی هەورامان.
یەکەم:- دەرئەنجامە ڕامیارییەکانی ڕاگواستنی ناوچەی هەورامان.
وەک پێشتر باسکرا لە کاتی شۆڕشی نوێدا هەورامان ناوچەیەکی سەخت و دژوار بوو بۆ دوژمن، ئارام بۆ پێشمەرگە، پشتەوەشی وڵاتی ئێران بوو، کە دەسەڵاتی بەعس بەسەریدا نەدەشکا، بەڵام لەڕێگەی ڕاگواستنەوە کۆتای دەهات بەا مەترسییەی کە گوندەکان و شاخەکانیش هەیانبوو، چونکە هێزەکانی پێشمەرگە خواردن و بژێویان لەسەر دانیشتوانی گوندەکان بوو، بەڵام چۆڵکردنی گوندەکان زیانی گەورەی بە هێزەکانی پێشمەرگە گەیاند، چونکە کۆتای هێنا بە پەیوەندی نێوان گوندەکان و شانە چەکدارییەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا، لە ڕوی پێدانی زانیاری هەواڵگری و یارمەتیدان، لە ڕوی خواردنەوە، بەو هۆیەوە دەبوو هێزەکانی پێشمەرگە لە هەورامان بە شوێن ڕێگەیەکی تردا بگەڕێن.
ڕاگواستن بۆ لێدانی هوشیاری سیاسی دانیشتوان بوو، چونکە بوونی هەستی نیشتیمانپەروەری و ئامادەی ڕۆڵەکانی وڵات بۆ قوربانیدان ترسێکی گەورەبوو بۆ بەعس، دەبوو بەعس بە هەر ڕێگەیەک بێت کارێک بکات کە هوشیاری سیاسی بکوژێت دەستی بگاتە خێزانەکان تاوەکو بتوانێت چاودێری تەواویان بکات و بەسەر خۆشیانەوە بیانکات بە سیخوڕ و چاودێر. لە ڕاستیدا دەسەڵاتی بەعس پێش هێزە بینراوەکەی هێزە ڕەمزییەکەی فراوان کردبوو لە ناوچە دور و سەختەکاندا، وەک هەورامان.
ئەم دەسەڵاتە ڕەمزی و نادیارە کە چوبووە ناو سایکۆلۆژیای تاکی عێراقەوە، کەمتر کاری خۆی دەکرد لە گوندەکاندا، بەڵام کۆکردنەوەی گوندەکانی هەورامان لە شێوەی ئوردوگای زۆرەملێکاندا دەیتوانی بە ئاسانتر شانەی زانیارییەکان و پشتگیری و دوپاتی خۆشەویستی بۆ بەعس بخولقێنێت.
زۆربەی شانە چەکدارییەکانی پێشمەرگە لە شاخەکان بوون، بەڵام ترسی بەعس لەوەدا بوو کە پەیامی شاخ بگاتەوە شار و کاریگەری هەبێت. بەعس هەوڵی شێوازەکانی تۆقاندن و چەپاندنی دەگرتەبەر، بەمەبەستی لاوازکردنی ئیرادەی هەورامییەکان لە ناوچەکەدا.بەڵام بەهۆی هەستی نیشتیمانپەروەری نەیدەتوانی خۆشەویستی و فیداکاری خەڵکی ناوچەکە بەدەستبهێنێت، ئەگەر چی هەورامییەکانیش بڕێکی کەمیان فریودران و پەیوەندییان بە بەعسەوە کرد و دواتر پێگەیان بەرز بویەوە و دژی هێزەکانی پێشمەرگە وەستانەوە شانبەشانی دوژمن.
لەلایەکی ترەوە سەرەڕای ئەمانەش ناتوانرێت ئەوە بوترێت کە لە ئوردوا زۆرە ملێکاندا هۆشیاری سیاسی نەبووە، چونکە بە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەورامان لە شوێنێکی فراوانتردا وای کرد بیروڕا ئاڵوگۆڕبێت و ژمارەیەک نوسەر پەیدابن، کە لە کایە جیاوازەکاندا بابەتەکانیان بڵاو دەکردەوە، هۆشیاری سیاسیش لە ئاستێکی فراواندا دەرکەوت، کە بووەهۆی ئەوەی ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خەڵکی لە حاڵەتی چەق بەستویەوە هەنگاو بەرەو کرانەوەو پێشکەوتن بنێت، واتە بەریەککەوتنی تاکەکانی لادێکان لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا ئاسۆی بیرکردنەوە و دونیابینی فراوان کرد، کە دواجار وایکرد تاکەکان سود لە ئەزموونی یەکتر وەرگرن و بیکەنە هۆکارێک ۆ بەرەوپێشچونیان و کاری سیاسی ڕێکخراو بکەن لەسنورە نوێکەیاندا.
نابێ ئەوەش لەبیر بکرێت خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری دژی بەعس زۆر جار دەچووە نێو وتاری مامۆستایانی ئاینیەوە لە مزگەوتەکاندا، مامۆستا (ئەحمەد کاکە محمود)، وێنەیەکی ئەو سازکردنی هۆشیارییە نەنەوەییە بۆ هاندانی خەزات دژ بە ڕژێم.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و کۆتایی هێنان بە حوکمڕانی بنەماڵەی پەهلەوی کە زیاتر لە نیوسەدە حوکمی ئێرانیان بەدەستەوەبوو، دەسەڵاتی نوێ حوکمڕانی گرتەدەست و ناسرا بە کۆماری ئیسلامی ئێران، پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەم ڕوداوانەدا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و دەسەڵاتی نوێی ئێران بەرەو گرژی و ئاڵۆزی هەنگاوی نا و تاوەکو دواجار لەساڵی1980 شەڕ لەنێوان هەردوولادا ڕویدا و ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا و بەهۆی ئەوەی بەشێک لەناوچەکانی کوردستان ناوچەی سنوری بوون لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی جەنگەوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوت، ناوچەی هەورامانیش پشکی شێری بەرکەوتووە لەزیانەکانی جەنگ لەو ماوەیەدا، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگدا ئەو دەڤەرە ڕوبەڕوی بۆردومانی تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێرشەکانی سوپای عێراق بووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەک لەهاوڵاتیانی ناوچەکە شەهید و بریندار بوون زیانێکی زۆریش بە ڕەز و باخ و زەوی کشتوکاڵی و کانیاوە سروشتیەکانی ناوچەکە کەوتووە. دانیشتوانی ناوچەکە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و دروستکردنی پەناگەیەکی ئارام لەبەرامبەر مەترسیەکانی جەنگدا ژێر زەمینی تابیەتیان لەنێو خانوەکانیان دروست دەکرد . وەک چۆن لە پڕۆسەی ڕاگواستنی ساڵی (1977_1978)دا، لەسنوری هەڵەبجە و هەورامان 124 گوند ڕاگوێزران بۆ ئوردوگا زۆرەملێکان، بە هەمان شێوە لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو جەنگە و بەهۆی بوونی یەکێک لە مەیدانەکانی جەنگ و باڵادەستی هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچەکەدا و دژایەتی کردنی ڕژێمی عێراق لە ناوچەکەدا دیسانەوە دانیشتوانی ئەو ناوچە و موڵک و ماڵ و خاکیان زیانێکی گەورەی بەرکەوت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەو ماوەیەدا بە سەدان خێزانی ناوچەکە لە ئوردوگا زۆرەملێکان و گوند و شارۆچکەکانی ناوچەکە هەڵهاتن بۆ ئوردگاکانێ وڵاتی ئێران، ڕاگواستنی ئەو ناوچانەش ڕاستەوخۆ نەبوو، بەڵکو خەڵکی لە ئەنجامی مامەڵەی خراپ و توندی ڕژێمەوە، یاخود لە ئەنجامی تۆپبارانی بەردەوامی ئێران و عێرەقەوە ناچار دەبوون ناوچەکانیان بەجێبهێڵن. پاش دەستپێکردنەوەی شۆڕش لەساڵی 1976 هەتاوەکو ساڵی 1982 دەسەڵاتدارانی بەعس کەوتنە دروستکردن و چەکدارکردنی مەفرەزەی جاشەکان بۆ بەگژاچونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات ئەرکی ئەو مەفرەزانە پارێزگاریکردن بوو لە سەربازگەو مۆڵگەکانی دەوروبەری شارەکان و ڕێگه سەرەکیەکانی نێوان شارەکان و پێگە گرنگەکان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە پەلاماری سەر گوندەکان و هێزەکانی پێشمەرگە بەشداریان دەکرد، چەند فەوجێکی تری جاش لە ناوچەکەدا پێکهێنرا بوون کە زۆربەیان لە دەستە کۆنە تایبەتەکانی ئەمن و ئیستخبارات بوون، هەندێ لە کوێخا و کەسە دیارەکانیش بەهۆی ململانێی عەشایەری یان بۆ پارە بوون بە جاش.
ڕژێمی بەعس بەمەبەستی لاوازکردنی هەستی نەتەوایەتی دانیشتوانی سنورەکە و دەوروبەری و نەهێشتنی هۆشیاری سیاسی هەوڵی قوڵکردنەوەی ململانێی نێوان گوند و خێڵەکانی ئەدا لەڕێگەی هاوکاریکردنی ناکۆکەکانەوە لەدژی یەکتر، ئەگەر چی لەڕواڵەتدا وا خۆی نیشان ئەدا کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەدا، ڕاگواستنی گوندەکان و کۆکردنەوەیان لە ئوردوگا زۆرەملێکانی خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەی تازە یارمەتیدەربوو بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکان، چونکە لە ئوردوگا زۆرەملێکاندا پێکدادان و نەگونجان ڕویدا لەنێوان تایبەتمەندی و تەبیعەتە جیاوازەکاندا، کاتێکی زۆری دەویست بۆ کۆکردنەوەی جیاوازیەکان و گونجاندنیان. بە بەعسیکردنی دانیشتوانی ناوچەکە یەکێکی تربوو لەهەوڵەکانی ڕژێم، بۆ ئەم مەبەستەش پەنای دەبرد بۆ چەند میکانیزمێکی دیاریکراو وەک دانانی جاسوس و ناچارکردنی خەڵکی بۆ ئەوەی ببن بە بەعسی و بەکارهێنانی فەرمانگە حوکمیەکان بۆ بڵاوکردنەوەی فکرە و بیروباوەڕی بەعس، لە قوتابخانەکانیشدا مەمۆستایانی بەعسی دامەزراند بۆ ئەوەی وانەکانی بەعسی بوون بە قوتابیەکان بڵێنەوە. سەرهەڵدانی کۆمەڵێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزای بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ڕژیم لەناوچەکەدا وای کرد کە ڕژێم هەندێک لە داواکاری هاوڵاتیان جێ بەجێ بکات وەک ئازادکردنی ژمارەیەک لەگیراوەکان و هێنانەدەرەوەی هەندێ لەگوندەکان لە لیستی ناوچە قەدەغەکراوەکان و گەڕانەوەی دانیشتوانەکانیان، بەڵام لە بەرواری ( 31تشرینی یەکەمی 1983) بڕیاری ڕوخاندنی گوندەکانی زەڵم و ئەحمەد ئاوا و شیرەمەڕ درا، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ئەو گوندنە هاوکاری مەفرەزەکانی پێشمەرگەیان دەکرد. هەوڵەکانی دژایەتی کردنی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردی لەساڵانی 1987_1988 پێی نایە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ڕژێم شەڕی دژ بە ئێران ماندوی کردبوو، بەردەوامی شەڕەکە زیانێکی گەورەی گیانی و مادی لێ دابوو. هاوکاریکردنی یەکێتی نیشتیمانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندەی تر ڕژێمی ڕق ئەستورتر دەکرد و سوربوو لەسەر بەکارهێنانی میکانیزمە جیاوازەکان بۆ دژایەتیکردن و ڕیشەکێشکردنی ئەوحیزبە لەناوچەکەدا، بەڵام چالاکیە بەردەوامەکانی مەفرەزەکانی یەکیەتی و بزوتنەوەی ئیسلامی کە تازە دامەزرابوو بە هاوکاری ئێران سوپای ڕژێمیان دوچاری چەند شکستێک کردەوە، ئەمەش ڕژێمی ناچارکرد میکانیزمی توندتر بەکاربهێنێ لەناوچەکەدا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی بارودۆخەکە و جڵەو گرتنەوە دەست، لەدیارترین ئەو میکانیزمانەش کە لەو ماوەیەدا سوپای ڕژێم بەکاری هێنان و بەهۆیانەوە زیانێکی گەورە و گورزێکی کوشندەی لە دانیشتوانی ناوچەکە و هێزەکانی پێشمەرگە دا ڕاگواستن و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی. لەو ساڵەدا ڕەوش و بارودۆخی دانیشتوانی گوندەکان زیاتر ڕوی لە خراپ بوون کرد، بەشێوەیەک هەموو ئەو گوندانەی کە لەو ماوەیەدا مابونەوە و دەستی وێرانکاریان پێ نەگەیشت بوو وێران کران، لەو ماوەدا ڕژێم هەموو ڕێگاکانی قڕکردنی دژ بە دانیشتوانی ناوچەکەی تاقیکردەوە. بە بیانوی هاوکاریکردنی پێشمەرگە ژمارەیەک لەدانیشتوانی ناوچەکە دەستگیرکران و زیندنەکانیان لێ پڕکرا و چاودێریش خرایە سەر ئەندامانی خێزانەکانیان. ئەم کارانەی ڕژێم وای لەبەشێکی زۆری دانیشتوانی هەورامان کرد لەڕێگەی خاڵی پشکنینی سنورەکانەوە بڕۆنە ئێران و لە ئوردوگاکانی دەربەندی دزڵی و باراماوا و سەریاس و پاوە و چەند شوێنێکی تر ژیانی ئاوارەی دەست پێبکەن. هەر لەو ماوەیەدا و مەفرەزەکانی یەکیەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانیان داڕشت بوو، لەو پێناوەشدا زانیاری پێویست بەردەست خرابوو و ئامادەکاریەکانیش تەواوبوون، لە ڕاستدا پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەڵەبجە و هەورامان بەشێک بوو لە پڕۆژە و نەخشەی فراوانتر بۆ گرتنەوەی ناوچەکانی تری کوردستان، ئەم پلانەش بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای ئێران ئامادە کرابوو بڕیاربوو ئەنجامی بدەن، بەڵام کاتێک چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە بەکارهات واز لە جێ بەجێکردنی پلانەکە هێنرا، لەو هەڵمەتی کیمیابارانەشدا ناوچەی هەورامان زیانێکی گەورەی بەرکەوت، کە زیانەکان بەچەندین شێوەی جیاوازبوون و هەتا ئێستاش کاریگەریەکانی ماونەتەوە. سەبارەت بە لایەنی ئابوری و سەرچاوەکانی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی ناوچەی هەورامان لەماوەی جەنگدا ئەکرێ بڵێین لەساڵانی جەنگی عێراق ئێراندا هەورامان لەڕێچکەی ئابوری خۆی لایدا و دەستبەرداری( بنەمای خۆژێنی ) بوو کە باوباپیرانی هەورامییەکان لەسەری دەڕۆشتن و پشتیان پێ بەست بوو، هەتا پێش جەنگ هەورامییەکان زۆربەی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دروست دەکرد کە سەرچاوەکەیان هەمەجۆر بوو، وەک باخداری، ئاژەڵداری و پیشە دەستیەکان، بەڵام ڕوداوەکانی جەنگ کاریگەریەکی گەورەی بەسەر لایەنی ئابوری هەورامییەکانەوە بەجێهێشت، ڕەز و باخ و پوش و پاوەن و لەوەڕگاکانیان سوتا و کانیەکانیان کوێرکرانەوە، لەهەمووی سەختر ئەوەبوو کە هەورامان نیشنگەی هەورامییەکان کرا بەناوچەی قەدەغەکرا و هەورامییەکان لەناوچەکەیان ڕاگوێزران، ئیدی لێرەوە گرفتی گەورە بۆ ئابوری هەورامییەکان دروست بوو، چونکە مرۆڤی هەورامی توانای داهێنان و بەرهەمێنانەکەی لەسروشتەکەیەوە وەرئەگرێ.
سەرچاوەکان :-
_ محمدی حاجی محمود: ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک.
_ عادل سدیق علی: هەڵەبجە (1889_1930)، توێژینەوەیەکی مێژویی سیاسیە.
– پشکۆ حمەتاهیر عبدالرحمن: کەرکوک لەنێوان ۱۹۷٥-۱۹۷۷
_ مراد حکیم محمد: ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی سیاسەتی ڕاگواستنی کورد لەسەردەمی بەعسدا.
_ حەکیم مەلا ساڵح: هەڵەبجە لە ئامێزی مێژودا.
_زیاد عبدالرحمان: تۆنی مەرگ، هێرشەکانی ئەنفال لە بەڵگەنامەکانی بەعسدا.
_فاروق محمد: سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە جوڵانەوەی ڕزگاری لەباشوری کوردستان
_ چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ: ئاراز عزیز علی، شایەتحاڵ
_ چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ: ئیبراهیم حاجی زەڵمی، مامۆستای زانکۆ و شایەتحاڵ.
_چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ: نەوشیروان مەجید، مامۆستا
_چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ: محمد فرەج، کارگێڕی کۆمەڵایەتی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …