Featured News
Posts List
Posts Slider
Health
عادیلە خانمی جاف و دیوانی ئەردەڵانی ئێران (بەشی یەکەم)
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
تێبینیی: ئەم باسە یان ڕاپۆرتە لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە و من وەک خۆی بە ئەمانەتەوە وەرمگێڕاوە و پێمخۆشە خوێنەری خۆمان ئاگاداری بێت. ئەو زانیارییانەی تێیدا هاتوون دەربڕینی ڕاوبۆچوونی نووسەری ئەم ڕاپۆرتەیە و مەرج نییە لەگەڵ ڕاستی و دروستیی سەرچاوە مێژووییەکاندا یەکبگرنەوە. ئەم بەڵگەنامەیە و دەیان و بگرە سەدانی تر و زیاتر لەسەر کورد لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و بێگومان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد پێویستن، بەتایبەتی ئەوانەی کە هی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیی ئەو وڵاتەن بۆ کوردستان و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – وەرگێڕ.
دوانزە سوارەی مەریوان ئەفسانەیەکی گەورەی کوردییە کە دەوری میراتی عادیلە خانمی داوە. ئەم ئەفسانەیە لە کاتی داگیرکردنی میزۆپۆتامیا لەلایەن عەباس میرزا و سوپا ناپلیۆنییەکەیەوە ڕوودەدات، کە لە سەردەمی داود پاشادا دژی مەملووکەکانی عوسمانی شەڕیان کردووە. یەکێک لە حاکمەکانی بابان، کە ئەحمەد پاشای بابان بووە لە داود پاشا هەڵگەڕاوەتەوە و هاوکاریی ئێرانییەکانی کردووە بۆ لکاندنی ناوچەی باشووری کوردستان بەوانەوە. بەڵام دوانزە سوارەکەی مەریوان بە دڵسۆزی مەملووکەکان (لێرەدا مەبەست ئیمارەتی بابانە – وەرگێڕ) ماونەتەوە و دژی ئێرانییەکان ڕاپەڕیون و لەشکرەکەی عەباس میرزایان شکاندووە کە لە دە هەزار سەرباز پێکهاتووە.
داود پاشای بابان و مەملووکەکان سەرکەوتنیان بەسەر عەباس میرزادا بەدەستهێناوە و بەدوایدا میرێکی دڵسۆزی بابان، کە مەحمود پاشای بابان بووە، کراوە بە قایمقامی سلێمانی و یەکێک لە سوارچاکانی نەبەردییەکەی دوانزە سوارەی مەریوان ئەحمەد بەگی ساحێبقرانی باپیرە گەورەی عادیلە خانم بووە. ئەم سوارچاکە لە قەڵەمڕەوی باباندا دەسەڵاتێکی بەرفراوانی پێدراوە و مەحمودی کوڕی بووە بە باشچاوش و فەرماندەی هێزی چەکداری بابان و سەرکردایەتیی بەرگریی عوسمانیی لە خاک و ناوچە سنوورییەکانی میزۆپۆتامیای درواسێی ئێرانی کردووە. دواتر بنەماڵەی ساحێبقرانییەکان پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان لەگەڵ ئەردەڵانییەکان بەستووە و لە کۆتاییدا غوڵام شای ئەردەڵان لە ساحێبقرانەکان هەڵکەوتووە. هەروەها گەلێ کەسایەتیی گرنگی تر لە بواری کولتوور و ڕۆشنبیریی کوردیدا لە بنەماڵەی ساحێبقران هەڵکەوتوون وەک شاعیران ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ، عەبدولڕەحمان سەلیم و مستەفا کوردی. هەروەها ساڵح زەکی دەبێتە فەرماندەیەکی دیاری لەشکری عوسمانی و لە ناو حکوومەتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا ناوبانگێکی گەورە پەیدا دەکات.
عادیلە خانمی جاف، ژنە بەهێزەکەی هەڵەبجە، لە سەردەمی بەشێکی زۆری ماندێتی بەریتانی بەسەر میزۆپاتامیا و عێراقدا دەسەڵاتێکی گەورە بە سەر عەشیرەتی جافدا پەیدا دەکات. ئەو لە هۆزی ئەردەڵانەوە هاتبوو کە بنەماڵەیەکی گەورەی وڵاتی فارس (ئێران) و حوکمڕانی ئیمارەتێکی گەورە بوو، کە بە هاوبەشی لەگەڵ تەختی قاجار لە تاران حوکمڕانیی دەکرد و لەگەڵ ئەوانیشدا پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان دروستکردبوو. ئەردەڵانییەکان پایەیەکی گرنگ بوون بۆ تەختی قاجار، وەک چۆن وەزیرەکانی قاجاریش بوون و بنکەی دەسەڵاتیان لە سنە بوو کە بە واتای قەڵای شا دێت. ئێرە ئەو شوێنە بوو کە عوسمان پاشای جاف تێیدا عادیلە خانمی مارەکرد،کە کچی وەزیرێکی تەخت و تاجی قاجار و سەر بە هێڵێکی دایکە ئێرانییەکە بوو کە هۆزی ئەردەڵانی تووشی ئازار کردبوو. فەتح عەلی شای تەختی قاجار کە هاوپەیمانی ناپلیۆن بوو، کچێکی خۆی بە ناوی شازادە حوسنی جەهان لە خوسرەو خانی ئەردەڵان مارەکرد. ئەمیش وردە وردە دەستی کرد بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی خوسرەو خانی ئەردەڵانی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی قاجارییەکانی باوانی تا دواجار دەسەڵاتی خوسرەو خان کۆتایییەکی دڵتەزێنی بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی ١٨٣٤دا ژەهرخواردوو کرا و مرد. دوای خۆیشی نەوەکانی تووشی ئاژاوە و ڕکابەری بوون لە ناو خۆیاندا. لە کۆتاییدا فەتح عەلی شای قاجار کچەزا ڕکابەرەکانی خۆی لە دەسەڵاتی ئەردەڵان دوورخستەوە و لە شوێنی ئەوان مامی خۆی شازادە فەرهاد میرزا موعتەمەدولدەولەی کردە حوکمڕان لە ساڵی ١٨٦٧دا.
خۆشبەختانە خوشکی خوسرەو خانی ئەردەڵان، شازادە نوور جەهان، لەگەڵ ئۆغڵی بەگی دووەم مونشیی بنەماڵەی وەزیر یان وەزیرەکانی حکوومەت لە سنە، کە زەڕیناڵیان پێدەگوتن، هاوسەرگیریی کرد. زەڕیناڵەکان لە سەردەمی نادر شادا لە ئاوارەیی ئەفغانستان گەڕابوونەوە، بۆ ئەوەی ئەردەڵانەکان لە ژێر ڕکێفیاندا بمێننەوە، وەک وەزیر لە سنە دانرابوون. شازادە نورجەهان لە ساڵی ١٨٤٠ لە کۆشکی نیشتەجێبوونی خوسرەوئابادی شاری سنە ئاغا میرزا زەمان کوردستانیی هێنایە دنیاوە. دواتر ناسرەدین شای نوێ بە سەردانێکی فەرمی هاتە سنە و زۆر سەرسام بوو بە ئاغا میرزا زەمانی کوردستانی کە خوێندەوارێکی باش بوو.
بۆ بەدبەختی ئۆغلی بەگی دووەمی مونشی هەموو پێداویستییە داراییەکانی ڕادەستی شا نەکرد، بۆیە شا کوڕی ئۆغلی بەگی دووەم مونشیی لەگەڵ خۆی برد و بەرزکرایەوە بۆ پلەی لەشکر نەویس و ساڵی ١٨٥٩ڕەوانەی تاران کرا و لەوێ لە فەرمانگەکانی دەرباردا کاری دەکرد. پاشان بوو بە بەرپرسی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە ناوچەی سنە و بوو بە یەکێک لە ڕاوێژکارە سەربازییە سەرەکییەکانی شا و موڵک و ماڵێکی زۆری بەدەستهێنا و ساڵی ١٨٦٨ لەگەڵ پەری سوڵتان خانمدا هاوسەرگیریی کرد و چەندین نەوەیان لێکەوتەوە.
عادیلە خانم: میراتی ئەردەڵان
کورشی مەزن کە لە تەوراتدا ناوی هاتووە و لە بنەماڵەی ئەخمینیەکانە و هاوڕێ لەگەڵ لەشکر و سوپایەکی گەورەی ئێراندا لە زۆنگاوەکانی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتی میزۆپۆتامیاوە پێشڕەویی کرد و بێ شەڕ وێرانەکانی بابلی گرت، پاش ئەوەی سەرکردایەتیی کلدان ساڵی ٥٥٠ پ. ز. لە ناوەوە هەرەسی هێنا. جەنەراڵە ژنەکەی ئارتشبۆد پانتیا، کە پێشتر فەرماندەی پاسەوانی ئیمپراتۆرییەکەی بووە و بە نەمران ناسرابوو، فەرماندەیی داگیرکردنی بابلی گرتە ئەستۆ.
ئیمپراتۆرییەتی ئەخمینی باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی بەناوبانگی بە میرات بۆ مایەوە کە لەلایەن سەنحاریبەوە دروستکرابوون. ئەم باخچانە شاری گومەز و زەقوورەداری خەمناکی نەینەوای کۆنیان گۆڕیبوو بۆ شارێکی بەپیتتر و گەشاوەتر بە مۆرکێکی ئێرانی – وەک ڕێزلێنانێک بۆ شکۆمەندکردنی شاژنە ئەمیتیس هاوسەرە نازدار و قەشەنگە ئیرانییەکەی – لە دەوروبەری ساڵانی ٨٨٣ – ٨٥٩ پێش زاییندا. لەو دەمەدا بابل بە ڕاستی بووە بە شارێکی وڵاتی فارس (ئێران)، چونکە بوو بە ناوەندی داگیرکردنی میزۆپۆتامیا لەلایەن فارسەکانەوە. لێرە ئایین و بیروباوەڕی بابلییەکان سڕدرانەوە و سیستەمی بیروباوەڕی تەواوی فارس جێگەیان گرتەوە. لەوە بەدوا وشەی “کلدانی” چیتر ئاماژەی بە ڕەگەزی بابلیی نەدەکرد، بەڵکو لەبری ئەوە ئاماژە بوو بۆ سەرکردایەتیی دەستەبژێری فارس کە کردبوویانە بنکە و بارەگای حکوومەتی خۆیان لە بابل و ناوچەی بابل و میزۆپۆتامیا. حوکمڕانیی ئەوان لە میزۆپاتامیا بۆ ماوەی هەزار ساڵ بەردەوام بوو. حوکمی ئەوان لە یۆنانییەکان و تەنانەت لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیش زیاتر بوو، چونکە ڕۆمانەکان لە ساڵی ١١٤ی زاینیدا نەیانتوانی لە دەستی ئەوانی وەربگرن، کاتێ کە پاسەوانانی نەمرانی ئێرانییەکان لە حەزەر بەریان بە هێزی سەربازەکانی ڕۆمان گرت و وەستاندنیان. ئەمەش بوو بەو بەڵگەیەی کەوا هێزەکەی ڕۆمان ئەوە نەبن کە لە شکان نەیەن و هانی شۆڕش و ڕاپەڕینی دا لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
لەگەڵ داگیرکردنی ڕۆما لەلایەن گۆتەکانەوە، ئیمپراتۆرییەتی لاوازی بیزەنتە بوو بە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی. بیزەنتییەکان لە ماوەی سەدەی شەشەمدا پەنایان بۆ ڕازیکردن و هێورکردنەوەی دراوسێ ئێرانییەکانیان برد و گەلێ جاریش فیدیەیان پێدەدان بە مەبەستی پارستنی ئاشتی. لە ساڵی ٦٠٢ی زایینیدا، خوسرەوی دووەمی ئیمپراتۆری ئێران لە کوشتنی هاوپەیمانی بیزەنتینەکەی، ئیمپراتۆر مۆریس، تووڕە بوو و جەنگێکی بەرپاکرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی بە لەناوبردنی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتە. لەم جەنگەدا میسر و سووریا و ئەنەدۆڵی داگیر کرد و کۆنترۆڵی بیزەنتیی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نەهێشت. بەڵام ئەم داگیرکارییەی خوسرەوی دووەم بە کارەسات کۆتایی هات و خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لەلایەن کاوەی دووەمی کوڕیەوە خیانەتیان لێکرا و کوژران، بە پاڵپشتیی ڕۆستەم فەروخزادی فەرماندەی سەربازیی ئێران، کە دەستی بەسەر ئیمپراتۆرییەتی ئێراندا گرت و کاوەی دووەمی کردە بووکەڵەی ژێردەستی خۆی. لەم ماوەیەدا محەممەد خەریکی ڕاگەیاندنی ئایینی ئیسلام بوو و بەشێکی زۆری عەرەبستانی داگیر کرد. کاتێ کە لە ساڵی ٦٣٢ لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد، ئەبوبەکری خەزووری بوو بە جێنشینی. ئەبوبەکر بە پێی باوەڕی چەسپاوی ئەوەی کە ژیانی دوای مردن شکۆمەندترە لە ژیانی دنیایی سوپایەکی بەدیسپلینی ئیسلامیی دامەزراند و مەشق پێکرد و سوپایەکی لێکەوتەوە کە سەربازەکانی زۆرترین گوێرایەڵی و ملکەچییان پەیڕەوی دەکرد. خالیدی کوڕی وەلیدی سەرکردەی سوپاکەی، دڵگەرمی و تووڕەییەکی توندی ئیسلامیی بەرپاکرد بەسەر هێزەکانی ڕۆستەمدا لە وڵاتی میزۆپۆتامیا و لە شەڕی ذات السلاسل، شەڕی ڕووبار، شەڕی وەلاجە و شەڕی ئولەیس لە ساڵی ٦٣٣ی زایینیدا شکستی پێهێنا. بەمەش هەموو وڵاتی میزۆپۆتامیای خستە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسلامەوە بێجگە لە تسیفۆن کە پایتەختی ئەو ئیمپراتۆرییەتە بوو. ساڵی دواتر، واتە ساڵی ٦٣٤ی زایینی خالید کۆچی دوایی کرد و موسەننای کوڕی حاریثە (مثنی بن حارثة الشیبانی) شوێنی گرتەوە.
جەنەراڵ ڕۆستەم هێرشێکی پێچەوانەی بۆ سەر هێزە ئیسلامییەکان لە ئەلقادسیە دەستپێکرد و بڕیاری پڕ ئیرادەی دابوو کە شەڕەکە بباتەوە و لەبەر ئەوە پیاوەکانی بە زنجیر پێکەوە بەستەوە. بەڵام موثەننای کوڕی حاریثە، کە هێزەکانی خۆی لە ناو کۆشکی قەڵا و قایمکاریی قادسییەدا دامەزراندبوو، پاڵەوانەکانی ئێرانی شکست پێهێنا و دواتر تەواوی وڵاتی دوو ڕووبار (میزۆپۆتامیا)ی داگیر کرد و لە دەستی ئێرانی (وڵاتی فارسی) دەرهێنا.
ئەمە سەرەتای لەدایک بوونی هەژموونی عەرەبی بوو بەسەر میزۆپۆتامیا و وڵاتی عێراقی ئەمڕۆدا. بەڵام هەمیشە شوێنەواری ئەو نەمرە فارسانەی پێشوو کە عێراقی ئێستایان داگیرکردبوو، دەمێنێتەوە و ڕەنگە کورد نەوەی ئەو نەمرە ئێرانیانە بێت.
کاتێ عوسمان پاشای جاف هاوسەرگیریی لەگەڵ عادیلە خانمدا کرد، ئەوە لە هەمان کاتدا هاوسەرگیری بوو لەگەڵ میراتی نەمرانی پێشووی ئێراندا، چونکە خانم نەوەی یەکێک بوو لە بژاردەی بنەماڵە وەجاخزادەکانی ئێران، کە پێشتر کۆڵەکە و پایەیەک بووە بۆ تەختی حوکمڕانیی ئەو سەردەمەی ئێران، کە قاجار بوو. ئەوانە ئەردەڵانەکانی سنە بوون کە مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن زانیاریی زۆری لەسەریان بەدەستهێناوە.
ئەردەڵانییەکان ساڵی ١٣٠٠ی زایینی ئیمارەتێکی بەهێزیان لە سنەدا دامەزراند و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڕەچەڵەکیان دەچێتەوە سەر سوڵتان سەڵاحەدین، کە خەلافەتی ئەیوبیی لە شکست ڕزگار کردبوو لە سەر دەستی هێزە گەورە و زەبەلاحەکانی پاپادا کە لە جەنگی خاچپەرستاندا لە ساڵانی ١١٠٠کاندا هێرشیان کردبووە سەر قودس و داگیریان کردبوو. دامەزرێنەری ئەم میرنشینە ئەردەڵ خان بوو. ئەوان لەسەر ئاسەوارە کۆنەکانی سەردەمی نەمرانی ئێرانی ساسانییەکان و ئەخمینییەکان خۆیان جێگیر کرد، کە دەبێتە شاری سنەی ئێستای. داگیرکەرێکی بەهێز، بە ناوی نادر شای ئەفشارەوە، لە ساڵانی ١٧٣٦ تا ١٧٤٧ تەختی ئیمپراتۆرییەتی ئەفشاریی ئێرانی بۆ تەواوی گەلی ئاریایی دامەزراند، کە لە قەوقازەوە تا هندستانی گرتبووەوە. تەختی تاووس و کوهینوور کە یەکێکە لە گەوهەرەکانی تاج، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و تاوەری کەللەسەری لە دوژمنەکانی دروست دەکرد. ئەردەڵان و کوردەکانی تر لە خوراسان دژی نادر شا ڕاپەڕین و سەربازەکانیان کوشت. بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت سوپاکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورد بنێرێت، لە ساڵی ١٧٤٧دا لە قوچان لەلایەن پیاوەکانی خۆیەوە کوژرا.
دەسەڵاتی نادر شای ئەفشار لە تاران ڕووخا و کورد لە ساڵی ١٧٦٠دا لە ژێر دەسەڵاتی شا کەریم خانی زەنددا تەختی ئێرانی بەدەستهێنا و خوسرەو خانی بە والیی ئەردەڵان دانا و کردیە حاکم بەسەر هەموو خاک و ناوچەکانی کوردەوە لە ویلایەتی نوێی کوردستانی ئێراندا. بۆ بەدبەختی دەسەڵاتی تاج و تەختی زەند تووشی شەڕی ناوخۆیی بوو و لەو سۆنگەیەشەوە خوسرەو خانی ئەردەڵان وردە وردە دەستی کرد بە هەڵگەڕانەوە لە دژی زەندەکان و پشتگیریی لە هەوڵ و تەقەلای قاجارەکان کرد بۆ بەدەستهێنانی تەختی پاشایی.
کاتێ ئاغا محەمەد خانی قاجار دەوڵەتی زەندی لە ١٧٨٩دا ڕووخاند، ئەردەڵان لە هەموو کاتێک بەهێزتر بوو، تەنانەت خوسرەو خانی ئەردەڵان هێزی سەربازیی ناردبووە یارمەتیدانی ئاغا محەمەد خانی قاجار بۆ ڕووخاندنی شا لوتف عەلی خانی زەند کە لە ڕێگەی شەڕەکانی دەوروبەری کرماشانەوە هاتبووە سەر دەسەڵات. دوای خوسرەو خانی ئەردەڵان ئەمانوڵڵا خانی کوڕی جێیگرتەوە، کە ماوەی حوکمڕانییەکەی بوو بە سەردەمێکی زێڕین بۆ ئەردەڵانییەکان. ئەردەڵان و تەختی قاجار لە یەکتر نزیکبوونەوە و قاجارەکان وەک هاوپەیمانێکی گرنگی خۆیان لە ناوچەکەدا پشتیان پێدەبەستن و خوسرەو خانی دووەمی کوڕی ئامانوڵڵا خانی ئەردەڵان لەگەڵ شازادە حوسنی جەهان کچی فەتح عەلی شای قاجار کوڕی ئاغا محەمەد خانی قاجار هاوسەرگیریی کرد. خوسرەو خانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٨٢٥دا شوێنی باوکی گرتەوە. فەتح عەلی شای قاجار و کچەکەی تا دەهات تاکڕەوی و ستەمکارییان بەسەر ئەردەڵانییەکاندا زیاتر دەبوو، کە ڕێزیان لە شازادە حوسنی جەهان زیاتر دەگرت وەک لە هاوسەرەکەی. دواجار فەتح عەلی شای قاجار لە ساڵی ١٨٣٤دا خوسرەو خانی دووەمی ئەردەڵانی (زاوای – و) ژەهرخواردوو کرد و بەم کارەش شازادە حوسنی جەهان کۆنترۆڵی تەواوەتیی بەسەر ویلایەتی کوردستاندا بەدەستهێنا و بە چەپۆکی ئاسنین حوکمڕانیی دەکرد. خوسرەو خانی ئەردەڵان دوو کوڕی لە حوسنی جەهانی ژنی بەجێهێشت، یەکێکیان غوڵام شای ئەردەڵان بوو کە لە ژێر ڕکێفی دایکیدا، واتە حوسنی جەهانی فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی ویلایەتی کوردستاندا گەورە بوو. ئەم غوڵام شای ئەردەڵانە باوکی عادیلە خانم بووە کە عوسمان پاشای جاف لە ساڵی ١٨٩٥ لە کۆشکی نیشتەجێبوونی خوسرەوئاباددا لە شاری سنە هاوسەرگیریی لەگەڵ کردووە. (دیارە نووسەری ئەم باسە بە هەڵەدا چووە چونکە عادیلە خانم کچی قادر بەگی ساحێبقران بووە نەک غوڵام شای ئەردەڵان و لە چەند شوێنێکی تریشدا زانیارییەکانی لەگەڵ سەرچاوە مێژووییەکاندا یەکناگرنەوە – وەرگێڕ).
عوسمان پاشای جاف لە ناوجەرگەی دژە تورانیزمی کورددا هاوسەرگیریی دەکرد، چونکە بنەماڵەی عادیلە خانم هەڵگری ناکۆکییە خوێناوییە کۆنەکانی جەنگەکانی ئێران – عوسمانی بوون. ئەم جەنگانە لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠کاندا خەرج و تێچووی قورسیان هەبوو بۆ ناسرەدین شای قاجار و عەباس میرزا لە دژی والییە مەملووکەکانی بەغدا. لە کاتی شەڕی نێوان والیی مەملووک و سڵێمان پاشا لە دوادوایی ساڵانی١٨٤٠کاندا – کە محەمەد پاشای جافی وەک فەرمانڕەوای گوڵعەنبەر دانابوو – سڵێمان پاشا بابانەکانی لەناوبرد کە هاوپەیمانی نزیکی ئەردەڵان بوون و چیتر ئەردەڵانەکان هەژموونیان بەسەر ناوچەکەدا نەما. هەروەها خێڵی جافی عوسمان پاشایش لە سەدەی هەژدەوە لە مێژە ملکەچی ئەردەڵان بوبوون، کە لە جوانڕۆ لە ژێر دەسەڵاتی قادر بەگی جافی باپیرەیدا دەژیان.
دەسەڵاتی گەورەی ئەردەڵان لە ناوچەکەدا بە هۆی دوژمنی کۆنی چەندین سەدەی عوسمانییەکانەوە دابەزیبوو و عادیلە خانم بوو بە هەڵگری ناڕەزایی توند و لەمێژینەی خێزانەکەی بۆ هەموو شتێکی عوسمانی لە شارەزووردا. هەروەها بوو بە هەڵگری چاو لەدوابوونێکی گەورەی بنەماڵەکەی بۆ گەڕاندنەوەی شارەزوور بۆ ڕۆژگاری شکۆمەندیی ئەردەڵانی ئێرانیی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم. بەو پێیە عادیلە خانم سەرۆکایەتیی ڕەعییەتە نوێیەکانی کرد، لە ژێر دەسەڵاتی عوسمان پاشای جافدا لە گوڵعەنبەر و هەڵەبجە، بەرەو ڕقهەڵگرتنی وەکیەکیان لە هەردوک ئەستەنبوڵ و بەغدا بەو میراتی دژە ئێرانەی کە بۆ یەکەمجار لە جەنگە کۆنەکانی موثەننا و شەڕی قادیسییەی ساڵی ٦٣٤ی زایینی ئیلهامیان لێوەرگرتبوو.
جافەکان دەستیان کرد بە پۆشینی جبە و عەبای سووری ئێرانییەکان و لە سەردەمی حوکمڕانیی عادیلە خانمدا ئاڵای ئەردەڵان و قاجارەکان لەگەڵ شێری بەنەڕەی ئێراندا لە هەموو شوێنێکی هەڵەبجە و گوڵعەنبەردا دەبینرا. عوسمان پاشای جاف وردە وردە کەوتە ئەوەی لە ژنەکەی بترسێت، چونکە دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر ناوچەکەدا بەتەواوی لاواز بووبوو. شەڕەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ڕووسەکان لە قەوقاز هەموو ناوچەکەیان خستبووە دۆخێکی پاشاگەردانی و بێسەروبەرییەوە. ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ کوشتنی باوکی لەسەر دەستی ئەو جەردە و ڕێگرانەی کە لە ساڵی ١٨٨٠دا لەلایەن ڕووسەکانەوە چەکدار کرابوون. قاجار و ئەردەڵان دوو هێز و دەسەڵاتی لێکترەوە نزیک بوون لە ناوچەی شارەزووردا. لەبەر ئەوە عوسمان پاشا ملکەچی دەسەڵاتی ژنەکەی بوو کە قورسایی هەردوو تەختی قاجار و ئەردەڵانی لە پشت بوو. خانم دووبارە ناوچەی شارەزووری وا داڕشتەوە کە ببێتە شوێنکەوتەی قاجارییەکان و هەموو دامەزراوە عوسمانییەکانی ناوچەکەی سووک و بێبایەخ کرد و بۆ خێڵی جافیش فارسی بوو بە زمانی خەڵکانی دەستەبژێریان، هەروەها جافەکان کەوتنە سووکایەتیکردن بە عەرەب و تورک وەک یەک و هەستیان بەوە دەکرد کە باڵادەستن بەسەریاندا.
تاهیر بەگی جاف، کە هەنەزای عادیلە خانم بوو (واتە لە دایکێکی تری هەوێی خانم بوو)، لە وتووێژیدا لەگەڵ سیخوڕی بەریتانی مێجەر ئێلی بانیستەر سۆن، بیروباوەڕی کوردی بەرانبەر بە تورک و عەرەبی وێنا دەکرد. تاهیر بەگی جاف چاولەبەر و سوپاسگوزار بوو بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کە دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر شارەزوور و باکووری عێراقدا بە کوردەکان بەخشیبوو و وەک هێزی چەکداری خۆیان لە ناوچەکەدا و وەک سوارەی حەمیدی متمانەی دابوونێ. ئەمەش بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر گرنگ بوو، بەو پێیەی تورک ناشایستە بوون بۆ حوکمڕانیی ناوچەکە یان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەگشتی، وەک هەمیشە مێژوو سەلماندبووی. هەڵبەت عوسمانییەکان هەمیشە پشتیان بە کەمینەکان بەستبوو بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانیان لە یەنگیچەرییەکان بپارێزن و پشتیان بە سوارەکانی ئەو دەمەی حەمیدییە بەستبوو. ئەو وا دەیڕوانییە عەرەب کە ڕەگەزێکی خوارتر و پەرپووت و ناڕێکخراون و توانای پێکهێنانی هیچ جۆرە دەوڵەتێکی تۆکمە و یەکگرتوویان نییە و لەبەر ئەوە پێویستە کۆنترۆڵ و دەردەست بکرێن.
ڕاستییەکەی خێڵی جاف عەرەبیان دەردەست کردبوو. ئەمەش لەو نموونەیەدا دەردەکەوێت کە مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن لە دیوەخانی عادیلە خانمی جافدا شایەتحاڵی ئەوە بووە کە سوارچاکێکی جاف عەرەبێکی گرتووە خەریکی دزینی کا بووە لە کەسێکی سەر بە خێڵەکەی و هێناویەتێ دیوەخان. ئەوان لەڕادە بەدەر لێی بە سڵ و ئاگا بوون و هەموو عەرەبیان بە ڕەگەزێکی سواڵکەر و دز داناوە و داوایان کردووە عادیلە خانم ڕێگەیان بدات لەسێدارەی بدەن، بەڵام ئەو دواجار وەک ژنێکی دڵنەرم و خاوەن بەزەیی بەخشیوێتی.
دەستکەوتەکانی عادیلە خانم و هەڵەبجە لە بەرژەوەندییە ڕۆژئاواییەکانی ویلایەتی مووسڵ
هەشت سەدە پێش مەسیح، سەنحاریبی مەزن لە نەینەوا حوکمڕانیی کردووە و لە زیگوراتەکەیدا (زەقوورە) سوپایەکی هێجگار زەبەلاحی مۆڵداوە. دواجار بابلی تاڵانکردووە و یەکەم ئیمپراتۆرییەتی بابلی تێکوپێک داوە، پاشان ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەی لە کەنداوی فارسەوە تا نیمچە دوورگەی سینا دروستکردووە و بە هۆی ژن و ژنخوازییەوە لەگەڵ جووە دیلەکانی ئیسرائیل لە وڵاتی میزۆپۆتامیا و هەروەها لەگەڵ گرووپەکانی تری جوودا، توخم و ڕەگەزی سامیری دروست بووە. بەڵام گەورەترین فەتحەکانی، شاژنە ئەمیتیسی هاوسەری بووە. شاژنە ئەمیتیس لەلایەن پاشایەکی ئێران یان وڵاتی فارسەوە دیاری بووە بۆ سەنحاریب. ئەو لەبارەیەوە ڕایدەگەیەنێت: “ژنە خۆشەویستەکەم، کە سیماکانی خاتوونی خواوەندەکان لە تەواوی ژنانی تری دنیا سیما و ڕوخساری داهێناوە”. خۆشەویستییەکەی ئەو بۆ هاوسەرەکەی ئیلهامبەخش بووە بۆ دروستکردنی کۆشک و تەلارێکی گەورە و شکۆدار لە ناو شاری نەینەوا کە چواردەوری ٣١٤٠ پێ و بەرزییەکەی هەشتا پێ بێت و بە باخ و باخاتی جوان و ڕازاوە دەورەدراوە، هاوشێوەی ئەو کۆشکانەی کە لە وڵاتی فارسدا بوون. هەروەها هاوشێوەی ئەو باخ و دارستانە بەپیتەکانی وڵاتی فارس کە دەوری چیاکانی زاگرۆسیان دابوو، بۆ ئەوەی زێد و نیشتمانی ژنەکەی بیر بخەنەوە.
ئەم کۆشکە لەلایەن زانایانی یۆنانی و ڕۆمانی کۆنی وەک سترابۆند تۆمار کرابوو کە یەکێک بووە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی کۆن. شاری مووسڵ لەسەر وێرانەکانی نەینەوا بنیاتنراوە. شارە نوێیەکەی عوسمان پاشای جافیش کە هەڵەبجەی پایتەختی بوو لەسەر خاکی وێرانەکانی نزیکی نەینەوا دروستکراوە. عادیلە خانمی شاژنی عوسمان پاشای جاف بوو، وەک شاژنە ئەمیتیس، سیستەمی کۆنی باخداریی ئێرانی لە هەڵەبجەدا نوێکردەوە و هەستی شارستانییەتی بۆ خەڵکانی کۆچەری جاف هێنا.
هەڵەبجە شارۆچکەیەکی نوێ بوو کە جافەکان لە ساڵانی ١٨٥٠کاندا دروستیان کرد و بێجگە لە کۆمەڵێک زنج و کۆڵیتی قوڕی ڕەقوتەق هیچی تر نەبوو پێش ئەوەی عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٩٥دا بچێتە ناو دیمەنەکەوە، کاتێک عوسمان پاشای جاف لە سنەوە هێنایە سەر ماڵ و مڵکی باوکی.
کۆڵیتە قوڕەکان لە نزیک وێرانەکانی شکۆمەندی ئاشووریی کۆنی ناوچەکەوە بوون. ساڵی ١٨٥٠ ئەم کۆڵیت و خانووە قوڕانە لە هەڵەبجە پەرەیان پێدرا و بوون بە شارۆچکەیەک و لە ساڵی ١٨٨٠دا ئەم شارە بوو بە پایتەختی سەنجەقی شارەزوور و عوسمان پاشای جاف پایتەختی لە شارە نەریتییەکەی گوڵعەنبەرەوە گواستەوە بۆ شارۆچکە تازە گەشەسەندووەکەی هەڵەبجە. لێرەشەوە بوو کە عادیلە خانمی جاف دەستی کرد بە زیندووکردنەوەی شکۆی باخداریی کۆنی ئاشووری لە ناو جافەکانی هەڵەبجەدا و کۆڵیتە قوڕین و پەرپووتەکانی هەڵەبجەی کردە باخچەی هەڵواسراوی گەشاوەی ئێرانی. هۆزی جاف پێکەوە لەگەڵ عادیلە خانم، کەوتنە ڕزگاربوون لەو خووە سەرەتاییە کۆنانەی کە لە دراوسێ عەرەبەکانی باشووریانەوە فێریان بووبوون و کەوتنە پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕەگ و ڕیشە ئێرانییە کۆنەکانیان. ئەمەش لە باخچەکانی هەڵەبجەدا دەردەکەوت. دار و گوڵی ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆسی وڵاتی فارس هێنران بۆ ئەوەی هەڵەبجە وەک ناوچە بەپیتەکانی چیای زاگرۆس دەربکەوێت. زیادبوونی سەروەت و سامان لە هەڵەبجە بۆ زیادبوونی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا دەگەڕایەوە لە باکووری عێراق. لە دەوروبەری ئەو کاتەدا ئەڵمانەکان ساڵی ١٩٠٤ هێڵی ئاسنینیان دروستکردبوو کە بەغدای بە بەرلینەوە دەبەستەوە، بەو پێیەی کە بانکە ئەڵمانییەکان پارەیان بە حکوومەتی عوسمانی دابوو بۆ دروستکردنی. هێڵە ئاسنینەکە لە مووسڵ وەستا و ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد کە لێشاوی کاڵای ئەوروپی لە شارەزوور لە نێوان هۆزەکانی جافدا بازرگانی پێوە بکرێت. زۆری نەخایاند کەوا سوارەی جاف بە چەکی مۆدێرنی سەردەمی سوپای ئەڵمانیای ئیمپراتۆرییەوە ببینرێن، لەوانەش ماوزەڕ و لوگەر. ئەڵمانەکان ئارەزووی ئەوەیان دەکرد کە بەرژەوەندییەکانیان لە کەنداوی فارسدا جێگیر بکەن و بەسرە بکەنە بەندەری خۆیان بۆ زەریای هیندی. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی ئەوروپی پەیوەست بوو بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی وڵاتی میزۆپۆتامیا و شوێنکەوتووانی شێخ خالیدی یەکەمی بەغدادی (واتە مەولانا خالیدی نەقشبەندی – وەرگێڕ) و لە باڵکانەوە سەردانی خەلیفە و شاگردەکانیان دەکرد لە شارەزوور. پاشان زۆرێک لە پیاوانی خێڵەکیی جاف زیاتر جلوبەرگی ئەوروپییان دەپۆشی چونکە لە جل و بەرگی ڕەسەنی خۆیان زیاتر بەرهەم دەهات. هەر تەنها ئەڵمانەکان بایەخیان بە ناوچەکە نەدەدا، بەڵکو هەر زوو ئینگلیزەکانیش دەستیان کرد بە پەرەپێدانی بەرژەوەندییان لە نەوتی باکووری عێراقدا و لە ناوچەی قەسری شیرین کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی نەوتی ئەنگلۆ – عوسمانییان دامەزراند و زۆرێک لە پیاوانی خێڵەکیی جاف وەک تەکنیکار ڕاهێنران بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکاندا. ئینگلیزەکان بایەخی زۆریان بەم تەکنیکارانە دەدا و دواتر گواستنیانەوە بۆ پاڵاوگەکانی ئابادانی ئێران دوای ئەوەی کۆمیسیۆنەکە بە هۆی جەنگی نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەریتانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لەکارکەوت.
بەریتانییەکان ئەوەندە سەوداسەری سیاسەتی ناوچەکە بوون کەوا سیخوڕێکیان ناردە ئەوێ بۆ ئەوەی تا بتوانن هەموو شتێک لەبارەی سەرۆکایەتیی جافەوە بزانن و ئەم سیخوڕەش ناوی مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن بوو. سۆن خۆی وەک مامۆستای زمانی فارسی بە عادیلە خانم ناساند، چونکە دەیزانی خانم گەرەکیە ڕەگ و ڕیشەی ئێرانی لە ناو هۆزی جافدا زیندوو بکاتەوە. لە سەردەمی عوسمان پاشای جافدا، کوردە ئاژەڵدارەکان هەموو جۆرە شمەک و کاڵایەکی بەنرخیان بۆ بازرگانیکردن دەهێنا بۆ شاری سلێمانی، لەوانە پێستە و خوری و تووتن و ڕۆن. ئەوان هەموو ڕێگاکانی کاروانیان بۆ سلێمانی لە بەغدا و بانە و مەریوان و سنە و سابڵاخەوە کۆنترۆڵ کردبوو. سوارەی جاف بە باشترینی ئەو چەکانەی کە عوسمانییەکان لە سوپای ئیمپراتۆریی ئەڵمانیای هاوپەیمانیانە هاوردەیان دەکرد، پاسەوانی ئەم ڕێگایانەیان دەکرد. ئەوان بە تفەنگی ماوزەڕ و لوگەر چەکدار کرابوون و لە هەمان کاتیشدا “خەنجەری” ڕەسەنی خۆیشیان هەڵدەگرت، کە لە سەرانسەری بەڵکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بایەخ و نرخێکی بەرزیان هەبوو. لە خودی هەڵەبجەدا بازاڕێکی گەورە دروستکرا، کە تێیدا کاڵای ئەوروپی تێکەڵ بوو بە کەلوپەلی کشتوکاڵیی خێڵی جاف. خەڵکانی ئەوروپی و جوولەکە و جاف و ئاشووری هەموویان لە ناو ئەم بازاڕەدا تێکەڵ بووبوون. عادیلە خانم تاکە خاوەنی بازاڕەکە بوو و کرێ و باجی لە هەموو ئەو کەسانە وەردەگرت کە لە ناو بازاڕەکەدا بازرگانییان دەکرد و لەم ڕێگەیەوە سامانێکی زۆر باشی کۆکردەوە، ئەمەش ڕێگەی پێدا کەوا خەرجی نۆژەنکردنەوەی باخچەکانی ناو شاری هەڵەبجە دابین بکات.
خانم لە بازرگانیی ئەم بازاڕەدا سامانێکی گەورەی وای کۆکردەوە بە ڕادەیەک کە لە هەڵەبجە دەستیکرد بە دروستکردنی کۆشکی گەورە گەورە بۆ خۆی. ئەو لە تەمەنی منداڵیدا لە سنەی سەر بە ئیمپراتۆرییەتی ئێراندا، لە کۆشکی گەورەی والییەکانی ئەردەڵانی ویلایەتە ئێرانییەکەی کوردستاندا دەژیا، کە لە سەردەمی فەتح عەلی شای قاجاردا دروستکرابوو. کۆشکەکە بە ناوی خوسرەو خانی ئەردەڵانەوە ناونرابوو و وەک دیارییەک بۆ هاوسەرگیریی ئەو لەگەڵ شازادە حوسنی جەهانی کچی فەتح عەلی شای قاجار دروستکرابوو. ئەمانە باوان و باپیرانی عادیلە خانم بوون. ئەو لە ناو کۆشکی خوسرەو ئاباددا منداڵییەکی خۆشی بەسەربردبوو. بینا مەڕمەڕە سپییەکان بە گومەزە بۆرگۆندییەکانیانەوە و بە باڵکۆنیان و کۆڵەکە و ستوونی گریکییانەوە و کەوانەی ئێرانییان لەسەر بوو. کۆشک و تەلارەکە لە چوار بینا پێکهاتبوو و لە ناوەڕاستیاندا باخچەیەکی هەبوو، لەگەڵ هەموو جوانییەکانی دار سیدرەکانی شاخەکانی زاگرۆس. لە ناوەڕاستی باخچەکەدا حەوزێکی گەورە لە شێوەی خاچ یان خاچی چەماوە هەبوو وەک نیشانەیەکی باوی ئێرانییانە بۆ خۆشبەختی. لێرەدایە کە عادیلە خانم خۆشەویستیی خۆی بۆ باخداری بەدەستهێنابوو.
هەرچەندە شتەکان بۆ غوڵام شای ئەردەڵانی باوکی بە شێوەیەکی سامناک کۆتاییان هاتبوو، کۆشکەکەش ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی فەتح عەلی شای قاجاری باپیرە گەورەی – کە لەبری ئەوە بەخشی بە زەڕیناڵەکانی کە دەبنە فەرمانڕەوای سنە – بەڵام قەڵاکە هەمیشە کاریگەریی لەسەر عادیلە خانم دەبێت چونکە ئەو بە ئاسوودەیی لەگەڵ هاوسەرەکەی، عوسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە نیشتەجێ بوو. لێرە عادیلە خانم، بەو پێیەی لە بازاڕە تازە دروستکراوەکەوە سامانێکی زۆری بۆ کۆدەبووەوە، چەندین کۆشکی بە مۆدێلی تەلارەکانی خوسرەو ئابادی شاری سنە لە هەڵەبجە دروستکرد. ئەم کۆشک و تەلارانە لە خشتی کاڵ دروستکرابوون، بەڵام هێشتا لە نەخش و داڕشتنە ئێرانییە ورد و درشتەکەیدا جوان بوون. لە ناو کۆشکەکەدا هەستێکی تاکڕەنگ و سپیی نموونەیی و ئاسایی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆشکەکە بە فەرش و قاڵیی جوان و نایابی سنە ڕازێنرابووەوە، چونکە تەنیا کاڵای ئێرانی پێ پەسەند بوو. چەندین فەرش و لێفەی دەستچن و بە پەڕ ئاخنراوی بۆ ڕازاندنەوەی پشتی و سەرینی ئاوریشمی جوانی هەبوو کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوردە دەکران. ماڵەکەی ژووری زۆری هەبوو، زۆرجار ئەوروپییەکانی وەک ڤلادیمیر مینۆرسکی، مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن و گێرتروود بێڵ دەبوونە میوانی دیوەخانەکەی.
عادیلە خانم، ناوبژیوان و نێوەندگیری سروشتی
سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم، لە ناو باخچەی گوڵخانەی تەنیشت کۆشکی تۆپقاپی، لە ساڵی ١٨٣٩دا فەرمانی گوڵخانە ڕادەگەیەنێت و مافی یەکسانی بە مەسیحییەکان و کەمینەکان دەدا بۆ دڵخۆشکردنی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی. بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر ناسەقامگیریی ناوچەکە بووە. دانیشتوانی ئەرمەنستان کە بە هۆی چاکسازییەکانەوە (تەنزیمات) بوێرتر بوون، ڕاپەڕینێکی گشتگیر بەرپا دەکەن، هەروەها کەمینەکانی تریش، لەنێویاندا بەشێک لە هۆزی جاف لە سەردەمی مەحمود پاشای جافدا و بەسەرکردایەتیی ئەویش. ئەم پێشهات و پەرەسەندنانە هانی سوپای ئیمپراتۆری ڕووسیای دا کە لە نزیکەوە جێگیر بوو بۆ داگیرکردنی قەوقازی عوسمانی وەک پشتیوانی بۆ ئەم ڕاپەڕینانە. لە ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٨دا، پاڵتۆ سپییەکانی سوپای ڕووسیا بە هێزی ژمارە زۆرەوە لە سنووری قەوقازەوە پێشڕەوییان کرد و بایەزید، ئەردەهان، قارس و ئەرزڕومیان داگیرکرد لە دژی پاڵتۆ شینەکانی سوپای عوسمانی بەو چەکانەیانەوە کە ئەڵمانیا دابینی دەکرد. ئەمەش بوو بە هۆی ئاژاوە و پشێوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، لە وانەوە تا مووسڵ. سوپای عوسمانی و دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئەم ناوچەیە کەوتنە دۆخێکی بێسەروبەری و پشێوییەکی زۆر دروست بوو. ئەم دۆخی پشێوی و نائارامییە بووە هۆی پەرت و بڵاوییەکی زۆر بۆ عوسمان پاشای جاف، چونکە سەرقاڵ بوو بە سەرکوتکردنی ئەو باندانەی کە یاخیبوون لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی و لە دژی ڕاپەڕین. دوژمنە پلە یەکەکانی عوسمان پاشای جاف هەمەوەندەکان بوون کە لە محەمەد پاشای باوکیەوە بۆیان مابووەوە. هەمەوەندەکان لە کاتی داگیرکردنی شارەزووردا لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە سەرکردایەتیی عەباس میرزا ڕۆڵێکی گەورەیان بینیبوو، کە لە سەرەتای ساڵانی١٨٢٠کاندا خۆیان لەگەڵ مەحمود پاشای باباندا هاوپەیمانییان بەستبوو. بەڵام هۆزی جاف لەو دەمەدا بە سەرکردایەتیی محەمەد پاشای جاف دوژمنایەتییەکی خراپیان دروستکرد لە دژی بابان و هەمەوەند و لە کۆتایی ساڵانی ١٨٤٠کاندا هاوکاریی عوسمانییەکانیان کرد بۆ داگیرکردنی شارەزوور. هەمەوەندەکان دژی دەسەڵاتی جافەکانی عوسمانی ڕاپەڕین، بەڵام محەمەد پاشای جاف هێرشێکی دڕندانەی کردە سەریان بۆ تێکشکاندنیان و ناچاری کردن هەڵبێن بەرەو زەهاو لە ئێران.
لە کۆتایی ساڵانی ١٨٧٠کاندا، هەمەوەندەکان هاوپەیمانێکی نوێیان دۆزییەوە کاتێ سوپای ئیمپراتۆریی ڕووسیا قەوقازی عوسمانی داگیر دەکات. هەمەوەندەکان خۆبەخشانە سوارەی خۆیان ناردە پاڵ ڕووسەکان لە شەڕدا دژی عوسمانییەکان و چەکی زۆر مۆدێرنتریان دەستکەوت. پاشان دەستیانکرد بە شەڕوشۆڕ و هەڵکوتانە سەر دوژمنەکانیان لە شارەزووردا و بوون بە هاوپەیمان لەگەڵ جافی لایەنگری بابان لە بەشی عەزیز بەگی جافدا و لە شەڕێکدا محەمەد پاشای جافیان لە ساڵی ١٨٨٠دا کوشت. مەحمود پاشای برای عوسمان پاشای جاف پشتی کردە عوسمانییەکان و هاوکاریی نەکردن و هیچی نەدەکرد بۆ ڕێگریکردن لە جەردەیی و تاڵانکاریی هەندێ لە خەڵکانی جاف و ئەمەش دابەشبوونی ناو هۆزی جافی زیاد کرد، کە زۆرێکیان لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا چوونە پاڵ دۆزی شێخ عوبەیدوڵڵا. بە هۆی ئەم دۆخەوە سوڵتانی عوسمانی دەسەڵاتی دا بە عوسمان پاشا و لە شوێنی مەحمود پاشای برای کردی بە سەرۆکی خێڵی جاف، چونکە ئاژاوەی دژی عوسمانییەکان و تەنانەت لە ناو عەشیرەتەکەی خۆیشیدا دەگێڕا و ئەمەش وایکردبوو کە ئەو دەسەڵاتە پارچە پارچە بێت.
بەو پێیە عوسمانییەکان لە شوێنی مەحمودی برا پراگماتیکەکەی، عوسمان پاشای جافیان دانا. بەڵام مەحمود هەر لە سێبەریدا مایەوە و کاری لە دژیشی دەکرد. سەربازە خێلەکییەکانی عوسمان پاشا وەک سوارەی حەمیدی ناسران و دەسەڵاتیان پێدرا بۆ ڕاوڕووت و تاڵانکردنی هەموو ئەو هۆزانەی کە سەرپێچییان لە دەوڵەتی عوسمانی دەکرد، لەنێویاندا هۆزی هەورامان کە ڕکابەری جاف و مایەی ڕقلێبوونەوەی جافەکان بوون. بەڵام عوسمان پاشا بێدەسەڵاتانە خۆی دەبینییەوە کە لە دەربارە عوسمانییەکەی دوور دەخرێتەوە و بەرەو هۆزی ترسناکی ئەردەڵانی ئیمپراتۆرییەتی ئێران بڕوات کە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هۆزی جافدا زۆر توند و دڵڕەقانە بوو. بەم پێیە لە ئەردەڵانییەکانی سنە نزیکبووەوە کە بووبوون بە وەزیر لە دەرباری دەوڵەتی ئێراندا و ژنێکیشی لێخواستن. ئەم ژنەش عادیلە خانم بوو، کە بەدەر لە توانا و دەسەڵاتی مێردەکەی کەوتە ڕاکێشانی ئەو و هەموو هەڵەبجە بەرەو دەوڵەتی ئێران و وردە وردە دەسەڵاتی لێ زەوتکرد. ئەمە ئەو جیهانە بوو کە عوسمان پاشای جاف تا دەهات وزە و توانای خۆی لەدەست بدات و ڕێگەی دا بە عادیلە خانمی هاوسەری دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ بکات. فشار و ناکۆکییەکان عوسمان پاشای جافیان لە هەڵەبجەی پایتەختەکەی دوور خستەوە و عادیلە خانمیان بە تاکە هێزی دەسەڵات لە ناوچەکەدا هێشتەوە. ئەو خەڵکێکی بە میرات کەوتبووە بەردەست کە بە دەم تاوان و پشێوییەوە دەیانناڵاند. جافەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان زۆر چووبوونە پێشەوە، چونکە چەکی مۆدێرن کۆنترۆڵکردنی خێڵەکەیانی قورستر کردبوو. زۆرجار کوشتنی ناپێویست ڕوویدەدا، چونکە بە هەڵە تێکەڵبوون دروست دەبوو لە نێوان جاف و هەمەوەندی دوژمنیاندا بێئەوەی بەیەکتر بزانن و بەردەوام هەڵیاندەکوتایە سەر یەکتر. باندەکانی جەردە و ڕێگر ڕۆژانە بەسەر گوندەکانیاندا دەدا و هەڵیاندەکوتایە سەر ئەو کاروانە زۆرانەی کە بە دێهاتدا گوزەریان دەکرد. تەنانەت هەندێ جار ژنانیش بەشداریی ئەم کارەیان دەکرد و دەبوونە ژنانی ئەمەزۆنی ڕاستەقینە. زۆر جار ئەم هەڵکوتانانە سەرە لە ناو تیرەکانی جاف خۆیاندا ئەنجام دەدرا و ئاژەڵ و ماڵات لە خێڵەکییە بێچەکەکان وەردەگیرا.
تەواوکەری ئەم ئاژاوە و پشێوییەش توندڕەویی ئایینی بوو لە ناوچەکەدا، کە لە ئەنجامدا دەستە و تاقمی جیاجیا لە خێڵەکەدا دروست دەبوو. شێخەکان بە ڕاڤە و لێکدانەوەکانی خۆیان بۆ ئیسلام دەکەوتنەکار و تەواوی خەڵکی ئەو گوندانەیان تاڵان دەکرد کە هەمان بیروباوەڕی ئەوانیان نەبوو. بەبێ دەسەڵاتی عوسمانی، ڕۆحانییەت و دەسەڵاتی ئایینی دەبووە کێشەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە دوورکەوتنەوەی عوسمان پاشای جافیش لە هەڵەبجە، هەموو خێڵەکانی جاف پشتیان بە عادیلە خانم دەبەست بۆ دابینکردنی دادپەروەری و تەواوی ئەندامانی خێڵەکە لێی دەترسان چونکە دیسپلینێکی توندی پیاوماقووڵ و دەستڕۆیشتووەکانی لە دەوروبەری خۆیدا سەپاندبوو. هەموو سوارچاکان فەرمانیان لەو وەردەگرت و دیل و دەستبەسەرەکانی خۆیان دەخستە بەردەستی ئەو بۆ سزادانیان.
مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن، خەفیە یان سیخوڕێکی بەریتانی لە ناو هۆزی جافدا، بە شێوەیەکی ورد و بەرفراوان لەسەر عادیلە خانمی نووسیوە، چونکە پیاوە دەسەڵاتدار و بەهێزەکانی هۆزی جاف فرەجار ئامادەی دیوەخانی عادیلە خانم دەبوون لە کۆشکە تازە دروستکراوەکەیدا.
گەلێ جار نموونەی ئەو کابرا خێڵەکییەی جاف باس دەکرێت کاتێ عەرەبێکی بە دزییەوە گرتبوو لە هۆزەکەیاندا. ڕق و کینەی توندی کورد بەرانبەر بە عەرەب هێندە سەرسوڕهێنەر بووە کە چۆن کوردەکە هەر لە شوێنی خۆیدا عەرەبەکەی نەکوشتووە و لەبری ئەوە هێناویانەتە لای عادیلە خانم بۆ ئەوەی لێپرسینەوە و بڕیار لەسەر سزاکەی بدات، کە لە ئەنجامدا لێیشی خۆشبوو و هەمووان پابەندی فەرمانەکانی بوون. ئەمەش نموونەی دەسەڵات و کاریگەریی گەورەی بوو بەسەر عەشیرەتەکەیدا لە هەڵەبجە. بێگومان ئەو دەستی کردبوو بە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی دادپەروەری، جیاواز لەوەی کە جافەکان پێی ڕاهاتبوون. سیستەمی دادپەروەریی سوننە لەسەر بنەمای دەستوورێک، یان فەرموودەیەک (حەدیسێک) دامەزراوە و فەرموودە ڕێنمایییەک بووە بۆ هەر تاکێک لە ناو هۆزی جافدا کە بە پێی لێکدانەوەکانی خۆی کاری لەسەر بکات. بەڵام عادیلە خانم کەوتە گۆڕینی هەموو ئەمانە و سیستەمێکی دادپەروەریی زیاتر ئێرانییانەی هێنایە ئاراوە، کە فەرموودەی ڕەتکردەوە و هەموو دادپەروەریی خستە دەستی نێوەندگیر یان ناوبژیوانەوە. ئەمەش فۆرمێکی دادپەروەریی شیعەگەرایی بوو و پشتی بە دەسەڵاتی ناوەندیی مەلا بەستبوو کە ناوبژیوانی سروشتی بوو. عوسمان پاشای جاف و هەر کەسێکی دیکەی نزیکەکانی بنەماڵەکەشی ئالەنگاریی ئەمەیان نەدەکرد، لە ترسی پەیوەندییە ئەردەڵانییەکانی عادیلە خانم. ئەو دەستیکرد بە دروستکردنی دەربار و دەستوپێوەندی تایبەتیی خۆی لە هەڵەبجە و ئەمەش بوو بە ناوەندی حوکمڕانی بۆ تەواوی هەڵەبجە و لە ڕاستیدا خۆی بە کردەوە بوو بە مەلای هەڵەبجە و بەم کارەش بە شێوەیەکی دیفاکتۆ شارەزووری بەست بە دەوڵەتی ئێرانەوە. دیسپلینی خانم و بەڕێوەبردنی توند و وردی بۆ خێڵەکەی سەریکێشایەوە بۆ دروستبوونی دوو چین لە ناو خەڵکی جافدا: وەجاخزدە یان بەگزادەکان وەک چینی سەرەوە و جووتیاران وەک چینی خوارەوە. بەگزادەکان لە ژێر کۆنترۆڵی توندی عادیلە خانمدا بوون و چاودێریی جافە ئاسایییەکانیان دەکرد، وەک جووتیار و ئاژەڵدار و وەک هێزێکی کاری بەرهەمدار، کە دواجار بەشێکی باشی بەرهەمیان لێدەسەندن. ئەم کارەش پێویست بوو بۆ ئەوەی عادیلە کۆنترۆڵی هەموو خێڵی جاف بکات و ئاستی تاوان سنووردار بکات. لە ڕێگەی ئەم چینەی خوارەوەش خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەڵەبجەدا ڕایی دەکرا. بەم ڕەنگە بەگزادە و وەجاخزادە و سەربازانی جەنگاوەر لە سەر حیسابی کۆیلایەتی و زەویبەندەیی خەڵکی جاف ئیمتیازێکی تایبەتیان هەبوو و ئەم چینی دووەمەیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی عادیلە خانمدا دەڕەتاند.
ئامانجی عادیلە خانم بریتی بوو لە بنبڕکردنی تەواوەتیی ئەو دەستەگەراییەی کە لەلایەن مەحمود پاشای برای هاوسەرەکەیەوە هاتبووە ئاراوە. بەمەش دەبوو بێکاریی و تەمەڵیی دانیشتووان کەم بکاتەوە بە ملکەچکردنیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای خۆیدا. ئەو ئەمەی لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی شێواز و ستایڵێکی سەرەوە بۆ خوارەوە ئەنجامدا. تا ئەو کاتەی جافە گەورە و باڵادەستەکان لە خۆی و ڕەگ و ڕیشە ئەردەڵانییەکەی دەترسان، ئەم دەیتوانی هەموو شتێک لە هەڵەبجەدا کۆنترۆڵ بکات، چونکە هەر کاتێ جافە باڵا و خاوەن دەسەڵاتەکانی بخستایەتە بندەستی خۆی ئەوە بە ئاسانی دەیتوانی خەڵکە ڕەشۆکی و ئاساییەکە جڵەو بکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای خۆیەوە. بەم ڕەنگە بە شێوەیەکی کاریگەرانە ڕزگاری بوو لە هەموو تاوانکاری و ئاژاوەیەکی ناو هەڵەبجە. بەم ئیدارەدانەش شارەکەی کردە خاوەنی شەقام و کۆڵانی پاک و ڕێکوپێک و باخچەی گشتیی ڕازاوە کە بە باشی پارێزگارییان لێدەکرا و بازرگانیی لە بازاڕدا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچوو.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دیسیپلینی جافەکانی لە ژێر سەرکردایەتیی عوسمان پاشای جافدا بینی، کە لە ڕاستیدا بە کاریگەری و سەرەوکاریی عادیلە خانم بوو و کەوتە سەر ئەو باوەڕەی دەسەڵاتی زیاتری بداتێ. سوارەکانی بە حەمیدییە ناوزەد کران و ئەمەش دۆخ و پێگەی سوپای عوسمانیی پێبەخشی لە شارەزووردا. هێزی حەمیدییە هەوڵی عەبدولحەمیدی دووەم بوو بۆ پەرەپێدانی جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی دوای ئەوەی سوپای ئیمپراتۆرییەتەکەی لەلایەن ڕووسەکانەوە تێکشکێنرا و لەناوچوو لە کاتی شەڕی ڕووسیا و عوسمانی لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٧٠کاندا. ئەمەش دەسەڵاتی سوپای عوسمانیی بە عادیلە خانم بەخشی کاتێ دەستیکرد بە پاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی شارەزوور و دەوروبەری و هەموو ئەو هەمەوەندانەی کوشت کە لە خاک و وڵاتی ئەمدا ئاژاوە و پشێوییان بەرپا دەکرد و لەگەڵ سوارەکانیدا دەکەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە. هەروەها بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕێگریی بکات لە هەڵکوتانە سەر ڕێگاکانی کاروان، هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی گران بوو، بەڵام ئەم توانی بە شێوەیەکی کاریگەرانە هاتوچۆی نێوان هەڵەبجە و سنەی دیوی ئێران بە ئارامی و سەلامەتی دەستەبەر بکات. پەیوەندیی بەردەوامی خانم لەگەڵ ئەردەڵان بواری ئەوەی بۆ ڕەخساندبوو کە هێز و دەسەڵاتەکانی گەشە بکەن. عادیلە خانم پێویستی بە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەردەوام ڕەعییەتەکەی لێی بترسن، بۆیە زیندانێکی بۆ هەموو ئەو کەسانە دروستکرد کە سەرپێچییان لە سیستەمی بەڕێوەبردنەکەی دەکرد. هیچ دوژمنێکی دەوڵەتەکەی عادیلە خانم بەرگەی ترسناکیی زیندانەکەی نەدەگرت، چونکە هێندەیان دەخستە ژێر ئەشکەنجە و لێدانەوە کە نزیکی مردنیان دەکردەوە. زیندان، هاوشانی دادگا، ئامرازی گەورەی عادیلە خانم بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و دیسپلین بەسەر هەڵەبجەدا و دواجار دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی هاوسەرەکەشی، تا وایلێهات لە کۆتاییدا عوسمان پاشای جافیش بوو بە یەکێک لە ڕەعییەت و ژێردەستەکانی و لە دەوروبەری هەڵەبجەدا کار و ئەرکی نزم و لاوەکیی ئەنجام دەدا.
Economy
دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون (بەشی سێهەم و کۆتایی)
دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون (بەشی سێهەم و کۆتایی)
لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر د. روبینا پێرومیان – زانکۆی کالیفۆرنیا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەم بوونەوەرە هەژار و داماوانە ڕووبەڕووی زەبرێکی دەروونیی بوونەوە کە هەرگیز چاکبوونەوەی بەخۆوە نەبینی. وەک هاگۆپ ئۆشاگان تێبینی کردووە، ئەمە ئەو نەوەیە بوو کە “ڕاستەوخۆ لە هەتیوخانەکانەوە ئازادکرا بۆ ژیانی دەرەوە، تەنها بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە نێو نەهامەتی و بێبەشییەکانی ژیاندا هەتیو ببنەوە”٥٢ و لە سەرووی ئازارەکانی خۆیانەوە، کۆمەڵگەی ئەرمەنی، بە تایبەت لە قوستەنتینیە، کە کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنی ئەزموون نەکردبوو، بە چاوێکی سووکەوە سەیری ئەم قوربانیانەیان دەکرد.
بەڕێوەبەرایەتی لە خانەکانی هەتیواندا دوای جەنگ هەوڵیدا ئەم ژنانە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوە ئەرمەنانەدا بکەن کە ڕزگاریان بووە و بیاننێرن بۆ جیهانی دەرەوە ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و متمانە پەیدا بکەنەوە بەخۆیان. بەڵام زۆربەی ئەم پیاوانە لە ژنە تاتۆکراوەکان ناڕازی بوون و دەیانزانی کە بەکارهێنراون و ڕێکوڕەوان وەک کۆیلەی سێکس لە ماڵە موسڵمانەکاندا بەکارهێنراون. بێگومان مەسەلەیەکی کوتوپڕیی گەورە بوو بۆ من کە زانیم پزیشکێکی ئەرمەنی یەکەم نەشتەرگەریی جوانکاریی ئەنجامداوە بۆ لابردنی خاڵ یان تاتۆ لەسەر ژنانی ئەرمەنی. ئەم پزیشکە باشە تاتۆکانی لابرد، بەڵام شتێکی سەیرتر و نائاساییتری لەو ماوەیەدا کرد و ئەویش نەشتەرگەریی دوورینەوە و گەڕاندنەوەی کچێنی بوو. بەم کارە ئەو کچە ئەرمەنییەی کە دەستدرێژیی کرابووە سەر، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە پاکیزەیی کچێنی بۆ بگەڕێتەوە و لەگەڵ ئەو پیاوەی کە داخوازیی کردووە هاوسەرگیری بکات. ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئەو منداڵانەی کە لە ئەتککردن و دەستدرێژیی سێکسی ڕزگاریان بووە، كچ بووبن یان کوڕ، بە درێژایی ژیانیان هەستیان بە گوناه و شەرمەزاری کردووە.
گرێ ساڕێژ نەبووەکانی ڕابردوو
هەتیوە کڵۆڵ و بەدبەختەکانی ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەرمەن، زۆر هەوڵیان دەدا لەبیری بکەن، یان وەک زاناکانی دەروونناسی دەیڵێن، هاوسەنگی ڕابگرن لە نێوان بیرکردنەوە و وێنە و یادەوەرییەکانی پەیوەست بەو ئەزموونە زەبربەخشە و نموونە مەعریفییەکانی ئێستای جیهان. بەڵام وەک ماردی جۆن هۆرۆڤیتز دەڵێت و وەک لە درێژەی ئەم توێژینەوەیەدا باسکراوە، ئەم زانیارییە پەیوەندیدارەی هێدمە و تراوما توانای ئەوەی هەیە بەرگرییەکانی قوربانییەکە بشکێنێت و لە شێوەی فلاشباک و مۆتەکە و بیرکردنەوە نەخوازراوەکاندا دەستوەرداتە ناو هۆش و ئاگاییەوە. وێنە ترسناک و تۆقێنەرەکانی دایک و باوکیان کاتێ ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، خوشکەکانیان کاتێ دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و دەفڕێنرێن، یان ئەزموونی خۆیان، ئەتککردن و دەستدرێژیی سێکسی، شەوانە سەردانیان دەکردن و بە ترس و لەرزەوە هاواریان دەکرد. وێنەی زەینیی ئەزموونە زەبربەخشەکە لەپڕ دەردەکەوێت لەگەڵ بۆنێک، دەنگێک، بینینێک، یان دەستلێدانی شتێکدا و نائاگایی دەکەوێتە زاڵبوون بەسەر ئاگاییدا و قوربانییەکە دەباتەوە بۆ ئەزموونە زەبربەخشەکە.
کابوسەکانی هامبارزوم چیفتجیان دووبارە دەبوونەوە و هەرگیز نەیتوانیوە ئەو ئەزموونە خەمناک و هەندێ جاریش نەفرەت لێکراوانە ڕام بکات و مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەو ئەزموونانە بە زیندوویی مانەوە و لە قووڵایی زەین و مێشکیدا جێگیر بووبوون و لە هەمووشی سەختتر و ناهەموارتر لە شێوەی مۆتەکەی ترسناکدا سەریان هەڵدەدایەوە کاتێ کە ئازاد و لە ژینگەیەکی سەلامەت و پڕ ئەماندا دەبوو. “ئەو وێنانەی بە توندی هەڵگیراون دەست دەکەن بە دەرکەوتن و شیبوونەوە و تا ئەمڕۆش لە مۆتەکەکانمدا دووبارە دەبنەوە و …. هەرگیز فێر نەبووم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو وێنانەدا بکەم و ئەوان بۆ هەمیشە ڕاوم دەنێن و هێرش دەکەنە سەرم”.
مۆتەکەکان تاکە ڕووداوی هەڕەشەئامێز نەبوون لە ژیانی ئەم ڕزگاربووە بەدبەختانەدا. وەک دەروونناسەکان و لە نێویاندا ماریان ماککۆردی وەسفی دەکەن، زەبر وێنەیەکی ئایکۆنی یان ڕەمزی دروست دەکات، “وێنەیەکی زەینی کە لە قووڵایی مێشکدا و لە سیستەمی لیمبیکدا هەڵدەگیرێت و بە ئاسانی بۆ توێکڵی مێشک بەردەست نییە”، بەڵام “هەندێکجار بەبێ بانهێشت دەردەکەوێت کاتێک بۆن دەکەین، دەبیستین، دەیبینین، یان دەست لە شتێک دەدەین کە دەمانباتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ڕووداوە زەبربەخشەکە ڕوویداوە”.53 زۆرجار شتێکی تایبەت دەنگ، شوێنێک، یان بۆنێک بەسە بۆ ورووژاندنی سەرهەڵدانەوەی یادەوەرییەک، خۆشبێت یان خەمناک، کە پەیوەندیی بە ئەزموونێکی ڕابوردووەوە هەیە. هەموو ئەوانەی لە مردن ڕزگاریان بووە باس لەو جۆرە هەستانە دەکەن کە پەیوەندییان بە تاقیکردنەوە دڵتەزێنەکەیانەوە هەیە لە سەردەمی جینۆسایدەکەدا. هامپارتزوم چیتجیان بە بینینی تەرمی بەستووی کوڕێکی ئەرمەنی کە لە ماڵێکی کورددا لەگەڵیدا کاریان کردووە، تووشی شۆک بووە. ئەو و ژنێکی ئەرمەنی ویستبوویان بە شێوازی مەسیحییانە تەرمی ئەو کوڕە بنێژن و بە دەستی خۆیان لە زەوییەکی بەستەڵەکدا گۆڕیان بۆ هەڵکەند. دوای شەست و پێنج ساڵ، لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠دا، کاتێ تەماشای هاوسەرەکەی دەکرد کە خەیکی ئامادەکردنی مریشکێکی بەستوو بوو بۆ ژەمی ئێوارەیان لە جەژنی ئیپیفانیی (غەتتاس)ی ئەرمەنیدا، هامبارتزۆم سەرلەنوێ ئەو هەستەی ئەو سەردەمەی بۆ گەڕایەوە و هەمان ئەو ئازارەی بۆ نوێ بووەوە لە ڕۆحیدا. “ئاخ، ئاخ هەوڵ بدەن نەوەی ئەرمەنەکان لەبیر بکەن، منداڵانی خەم و ئازێتباری”. بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ هامبارتزۆم کە یادەوەرییە تاڵ و ترسناکەکانی سەرهەڵبدەنەوە کەچی گەلێ جار زۆرجار گوێی بە دەنگە دەنگ دەزرنگایەوە. “تا ئەمڕۆش جەستەم دەلەرزێت”. لە منارەی مزگەوتەکانەوە گوێی لە هاوارکردن و بانگەواز دەبێت “هەرکەسێک ئەرمەنییەک داڵدە بدات، پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت و زنجیر دەخرێتە ملی!” ئەو بەردەوام هەست بەو ترسە دەکات کە وەک هەڵاتوویەک هەستی پێدەکرد، کە بێ ئامانج دەگەڕا و سەرگەردان بوو، بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە ئاخۆ چی ڕوودەدات ئەگەر بگیرێت.
ئەم پیاوە لە ڕووی داراییەوە سەرکەوتوو بوو بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە وێران بوو، برینەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو هەرگیز نەیتوانی لەگەڵ یادەوەری ئەو بەڵایەی بەرگەی گرتبوو و ئەو دڕندەییانەی کە بەسەریهاتبوو، ئاشت بێتەوە. ئەو وەک ڕزگاربوویەک خۆی پێناسە ناکات بەڵکو وەک قوربانییەک و ڕوونی دەکاتەوە، “مرۆڤ هەرگیز لە جینۆسایدێک ڕزگاری نابێت، ڕەنگە لە ڕووی جەستەییەوە ڕزگارت بێت، بەڵام مێشک و ڕۆحت بۆ هەمیشە ئازار دەچێژێت، ئەگەر لە دۆزەخێکدا بوویت، تاماویت و بۆ هەتا هەتایە ئەو گرێ دەروونییە بەرت نادات”. هەروەها ئەو گرێ و برینە گواستبوویەوە بۆ منداڵەکانی، بەبێ ئەوەی بزانن، بەبێ خواست و ئارەزووی خۆیان. “هەر زوو کەوتمە هاوسۆزی لەگەڵ ترس و تۆقینی ئەوەی کە بە تەنیا و بە هەتیویی بمێنیتەوە – ترس و تۆقینێکی سامناکی وا کە هێشتا لە دەروونی مندا خۆی حەشارداوە…” ئەمە ددانپێدانانی سارای کچی هامبارتزومە. بە تێپەڕین کات کە سارا تەمەنی بوو بە دە ساڵ، چووە ناو جیهانێکی نادیاری فرمێسک و خەم و پەژارەوە کە باوک و دایکیشی هاوبەشییان دەکرد. ئەو نەوەی دووەم بوو کە دەرد و ئازارەکەی بە میرات بۆ مابووەوە. “ئەوەی زیاترم لەبیرە لەبارەی دایکمەوە چەندین جار بوو کە بە تەنیا دەمبینی فرمێسکەکانی بە ڕوومەتیدا دەهاتنە خوارەوە و دەمزانی کە سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ساتەوەختە سامناکانەی کە دایکی و براکانی بە چاوی خۆیان بینیبوویان کە چۆن تورکە بەربەرییەکان دڕندانە سەری باوکە خۆشەویست و بێتاوانەکەیان بڕیوە…. ئازاری ئەو ساتەوەختە ترسناکە بۆ هەمیشە لە ڕۆحیدا چەسپیوە و فرمێسکەکانی هەرگیز نەدەوەستان…”.
لیۆناردۆ ئەڵیشان تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو کاتێک داپیرەی تێکەڵ بە جیهانی تاڵی ئازارە سەخت و نەبڕاوەکانی خۆیی کرد. ئەویش بوو بە نەوەی سێیەمی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کەوتە بەر چڕنووکی مۆتەکەی کارەساتەکە و بوو بە هاوبەشی دەرد و ئازاری داپیرەی و بوو بە بەشێک لێی.
ئازارەکانی ئۆرورا ماردیگانیان تەنانەت دوای گەیشتن بە ئەمریکاش بەردەوام بوو. ئەو بە ئازایەتییەوە پابەند بووبوو بە ڕۆڵی کارەکتەری خۆی لە فیلمی “ئەرمینیای زەوتکراو Ravished Armenia” (١٩١٩)دا، کە لەسەر بنەمای بیرەوەرییەکانی ئەو وەرگیرابوو. لە ماوەی دوو ساڵی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا، تاقیکردنەوەی خۆی زیندوو کردەوە و نواندنەکەی زیانێکی زۆری بە تەندروستیی گەیاند، چونکە نەیدەتوانی تەنها شەوێکیش لە گەشتە دوور و درێژەکەی بە ناو دۆزەخدا لەبیر بکات. لە دەرەوەی ماڵەکەدا چیچانەکان پاسەوانیی دەستکەوتەکانیان دەکرد کە ژنە ئەرمەنەکان بوون و کوشتنی بەکۆمەڵی ئاوارە و پەنابەران بە درێژایی شەو بەردەوام بوو. گوێی لە قیژە و هاواری تیژ و زرمەی سمی ئەسپەکان بوو. “هەندێ جار ئێستاش ناتوانم بخەوم، هەرچەندە بۆ هەمیشە سەلامەتم و لە ئەماندا دەژیم، بەڵام لە شەودا ئەو هات و هاوارانە دێنە گوێم و تەنانەت لەو کاتەشدا کە هاوڕێکانم لە دەورمن و ناتوانم لە گوێمدا بێدەنگیان بکەم”. ئەو هەرچەندە لەگەڵ کەسێکی ئەرمەنیدا هاوسەرگیری کردبوو و کوڕێکی لێی هەبوو، بەڵام ئەو ئاسەوارە لە مێشکیدا نەدەسڕایەوە، بۆیە خۆی لە کۆمەڵگە دابڕی و ژیانێکی تەریک و تەنیایی دەگوزەراند و بەردەوام بە خەیاڵ وای هەست دەکرد تورکەکان لە پشت دەرگای ماڵەکەیەوەن و لە ئامادەباشیدان هەڵبکوتنە سەری، تا ئەو کاتەی بە تەنها مرد و حکوومەت تەرمەکەی گواستەوە و لە گۆڕێکی بێ ناونیشاندا بە خاک سپێردرا.
ڕزگاربووانی ئەرمەن هەرگیز دەستیان بە هیچ چارەسەرێکی دەروونیدا ڕانەگەیشت بۆ ڕەواندنەوە و سڕینەوەی زانیارییە زیانبەخشە کەڵەکەبووەکان لە یادەوەریی چالاکیاندا و بۆ ڕەخساندنی ئەگەرێکی ئاشتەوایی و مەحاڵ بوو ئەو داخ و دەردە لەبیربچێتەوە. منداڵە هەتیوەکانی جینۆساید بۆ هەمیشە ئەو ئاڵۆزی و گرێ دەروونییانە بەرۆکی بەرنەدان. ژیانیان بۆ ئەوە نەبوو کە چێژی لێ وەربگرن، تەنانەت ئەگەر جیهانی نوێیش (مەبەست ئەمریکایە – و) دەرفەتی نوێ و ژیانێکی خێزانیی ئاسوودەی بۆ ڕەخساندبێتن. “هەرچەندە من لە ئەمریکا سەلامەتم و لە ئاماندا دەژیم، بەڵام شەوەکانم ئارام نین”، ئەمە قسەی ژنێکی ئەرمەنە کە ددان بەوەدا دەنێت. یەکێکی تریش ئەوەندە کاریگەریی ڕابوردووی لەسەر بوو کە بڕیاریدا هەرگیز هاوسەرگیری نەکات و بە تەنها بژی و بە تەنها ئازارەکانی خۆی بچێژێت، بێئەوەی لەوە بترسێت کە منداڵێکی هەتیو لە دوای خۆی بەجێبێڵێت.
کاریگەرییەکانی ئەو ئەزموونە زەبربەخشە بۆ نەوەی داهاتوو گوازرایەوە، تەنانەت لە ڕێگەی گواستنەوەی بۆماوەییەوە٥٤ بە بێ شایەتحاڵ و گێڕانەوەی چیرۆکە خێزانییەکانیش.
سەرچاوە: گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی جینۆسایدی ئەرمەن
ژمارە ٩، ٢ (٢٠٢٤)
پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان
International Journal of Armenian Genocide Studies 9, no. 2 (2024)
THE INSTITUTIONS OF TURKIFICATION AND ASSIMILATION IN THE EYES OF ARMENIAN ORPHANS WHO FLED THE
Rubina Peroomian Ph.D. USA
پەراوێز
1 Vahakn Dadrian, “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case,”
منداڵان وەک قوربانیی جینۆساید: حالەتی ئەرمەنییەکان
Journal of Genocide Research 5, no. 3 (2003): 421- 437.
2 Hovhannes Mugrditchian, To Armenians with Love: The Memoirs of a Patriot
بۆ ئەرمەنەکان لەگەڵ خۆشەویستیدا: بیرەوەریی نیشتمانپەروەرێک …
(Hobe Sound, FL: Paul Mart, 1996), 56, 71. For further analysis of this memoir, see Rubina Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, Perceptions of those who Lived through the Years of Calamity (Yerevan: Armenian Genocide Museum – Institute, 2014), 260 – 268 and elsewhere in the book.
بۆ شیکاریی زیاتری ئەم یادەوەرییە، بڕوانە ڕوبین پێروومیان، جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا، وێناکردنی ئەوانەی لە ساڵانی لێقەومان و کارەساتەکەدا ژیان…
3 Dirouhi Kouymjian Highgas, Refugee Girl کچی پەنابەر یان ئاوارە(Watertown, MA: Baikar, 1985), from the “Prologue.” Further analysis in Peroomian, the Armenian Genocide in literature, 253 – 259 and elsewhere in the book.
بۆ شیکاریی زیاتر بڕوانە پێروومیان، جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا…
4 Garo Poladian, Eagles in the Desert هەڵۆکان لە بیاباندا (Paris: Araxes,1958). For page references, see Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 111 – 115.
5 Kostan Zarian, Voices in the Church, دەنگەکان لە کەنیسەدا…in Arby Ovanessian ed., Anthology of Armenian One – act Plays ئەنتۆلۆجیای شانۆییە ئەرمەنییە یەک پەردەکان (Paris, Yerevan: Spiurk, 2001), 11 – 27.
6 I interviewed Hripsimé Zeneyan, Ajemian on April 30, 1980, as part of my oral history coursework at UCLA with Prof. Richard G. Hovannisian. The audiotapes were kept at UCLA and later trusted to the USC Shoah Foundation in Los Angeles for indexing and digitization. The collection is accessible on their website.
7 Verjiné Svazlian, the Armenian Genocide, Testimonies of the Eyewitness Survivors (Yerevan: Gitoutyoun, 2011), 97, Testimony # 9.
Dadrian, “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case.”
Svazlian, the Armenian Genocide, 488 – 8, Testimony #25.
Interviewed by Michael Hagopian on July 17, 1985, in Detroit, Michigan. The interview is a part of Michael Hagopian’s Armenian Film Foundation collection at the Shoah Foundation, Interview code: AFF288.
Vitali Ianko, the Promise at the Sea بەڵێن لە دەریادا (New York: Vintage Press, 2004), 221. For further analysis of her memoir, see Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 282 – 292, 382 – 387.
Dadrian, “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case,” 427.
منداڵان وەک قوربانیی جینۆساید: حاڵەتی ئەرمەنییەکان …
Ibid.
Ravished Armenia: The Story of Aurora Mardiganian, the Christian Girl Who Lived through the Great Mas – sacres, interpreted by H. L. Gates (New York: Kingfield, 1918).
زەوتکردنی ئەرمینیا: چیرۆکی ئۆرورا ماردیگانیان، ئەو کچە کریستیانەی کە لە ترس و بیمە گەورەکەدا ژیا …
Anthony Slide, Ravished Armenia and the Story of Aurora Mardiganian (Lanham, MD: Scarecro 1997), 121. All subsequent references to Mardiganian’s memoir are from this publication. See also Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 314 – 324 and elsewhere in the book.
See ft. #8 for reference.
Dadrian, “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case,” 424 -425.
Henry Morgenthau, Ambassador Morgenthau’s Story (New York: Garden City, 19), 317.هێنری مۆرگێنتاو، چیرۆک و گێرانەوەی باڵیۆز مۆرگێنتاو …
Kerop Bedoukian, Some of Us Survived: The Story of an Armenian Boy
هەندێ لە ئێمە ڕزگار بوون: چیرۆکی کوڕێکی ئەرمەنی ….
(New York: Farrar Straus Giroux, 1979), 49 – 50. Further analysis in Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 232 – 237 and elsewhere in the book.
See ft. #5 and Peroomian, the Armenian Genocide in Literature, 254.
Margaret Ajemian Ahnert, the Knock at the Door: A Journey through the Darkness of the Armenian Genocide لە دەرگادان، گەشتێک بە ناو تاریکیی جینۆسایدی ئەرمەندا …(New York: Beaufort Books, 2007), 177. The subsequent page numbers in parenthesis refer to this publication. Further analysis of the author’s rending of her mother’s story in Rubina Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, The Second Generation Responds (Yerevan: An Armenian Genocide Museum – Institute publication, 2015), 128 – 133 and elsewhere in the book.
Mae M. Derdarian, Vergeen: A Survivor of the Armenian Genocide ڕزگاربوویەکی جینۆسایدی ئەرمەن (Los Angeles: Atmus Press, 1997). The page numbers in parenthesis refer to this publication. Further analysis of the author’s rending of Vergeen Meghruni’s story in Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, The Second Generation Responds, 119 – 1 and elsewhere in the book.
Rubina Peroomian, “The Restless World of Leonardo Alishan (March 1951– January 2005), A Burnt Offering on the Altar of the Armenian Genocide” in Genocide Studies and Prevention 1, no. 3 (2006): 289 – 303. Citation from p. 291, from the story “The Lady – Bug and the Persian Rug.”
Leonardo Alishan, “An Exercise on a Genre for Genocide and Exorcism,” in The Armenian Genocide: History, Politics, Ethics, ed. Richard G. Hovannisian (New York: St. Martin’s Press, 1992), 340 – 54. Quotation from pp. 352 – 3.
ڕاهێنانێک لەسەر ژانرێکی جینۆساید و دەرپەڕاندنی ڕۆحە خراپ و شەڕخوازەکان، لە کتێبی جینۆسایدی ئەرمەن: مێژوو، سیاسەت، ئێتیک …
Iinterviewed Satenik Spandarian on May 28, 1980. See ft. # 8 for reference.
Dadrian, “Children as Victims of Genocide,” 429.
Poladian, Eagles in the Desert, 509.
Svazlian, The Armenian Genocide, 501, testimony #308.
Ibid., 213, testimony #87.
Dadrian, “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case,” 423; Morgenthau, Ambassador Morgenthau’s Story, 312.
Ravished Armenia: The Story of Aurora Mardiganian, 65.
Iinterviewed Ohannes Akarakian on May 31, 1980. See ft. #8 for reference.
Nazan Maksudyan, “For the Holy War and Motherland. Ottoman State Orphanages (Darüleytams) in the Context of the First World War and the Armenian Genocide,” L’ Homme 34, no. 1 (2023): 44.
بۆ جەنگی پیرۆز و خاکی دایک. هەتیوخانەکانی (دار الأیتام) لە دۆخ و سیاقی جەنگی جیهانیی یەکەم و جینۆسایدی ئەرمەندا …
In her recent work Narine Margaryan has identified 30 orphanages where Armenian children were turkified during the Armenian Genocide. See Narine Margaryan, “The Turkification of Armenian Children in the Ottoman Empire’s State Orphanages (1915 – 1918),” in Silenced Crime: Forcible Child Transfer during the Armenian Genocide, edited by Edita Gzoyan (Brill, 2025), forthcoming.
لە بەرهەمە نوێکەیدا نارین مارگەریان ٣٠ هەتیوخانەی دەستنیشان کردووە کە منداڵانی ئەرمەنی تێدا بەتورککراون لە ماوەی جینۆسایدی ئەرمەندا. بڕوانە نارین مارگەریان، “بەتورککردنی منداڵانی ئەرمەن لە هەتیوخانە حکوومییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا (١٩١٥ – ١٩١٨)”، لە کتێبی تاوانی بێدەنگ: ڕاگوێزانی زۆرەملێی منداڵ لە ماوەی جینۆسایدی ئەرمەندا ….
Edita G. Gzoyan, Regina A. Galustyan, Shushan R. Khachatryan & Narine V. Margaryan, “In the Beautiful Heaven, a Golden Cage: Race, Identity and Memory in Turkification of Armenian Children in State Orphanages during the Armenian Genocide,” بەهەشتێکی خۆش، قەفەزێکی زێڕین: ڕەگەز و شوناس و یادەوەری لە بەتورککردنی منداڵانی ئەرمەن لە هەتیوخانە حکوومییەکاندا لە ماوەی جینۆسایدی ئەرمەندا … Journal of Genocide Research 26, no. 3 (2024): 243 – 263. DOI: 10.1080/14623528.2023.2237700.
Tantane, was first published in Chakatamart newspaper (June 27 and July 4, 1920) in Constantinople and belonged to a collection of stories Hagop Oshagan intended to publish separately under the title (Imperial Song of Triumph) which, due to ominous political developments and his exodus from Constantinople, he never did. The book was later published in Beirut in 1983.
تانتان یەکەمجار لە ڕۆژنامەی چاکاتامارتدا (١٩٢٠) لە قوستەنتینییە بڵاوبووەوە و بریتییە لە کۆکراوەیەکی چیرۆک و گێڕانەوە و هاگۆپ ئۆشاگان بەنیاز بوو بە جیا بڵاویان بکاتەوە لە ژێر ناونیشانی (گۆرانیی ئیمپراتۆریی سەرکەوتن) کە بە هۆی پەرەسەندنە سیاسییە شوومەکان و هەڵاتنی لە قوستەنتینییە، هەرگیزچاپی نەکرد. دواتر ساڵی ١٩٨٣ کتێبەکە لە بەیرووت بڵاوکرایەوە.
Hagop Oshagan, Imperial Song of Triumph (Beirut: Altapress, 1983), 35.
For details of his “journey,” see Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 293 – 302 and elsewhere in the book.
Cited in Alvin Rosenfeld, A Double Dying Reflections on Holocaust Literature (Bloomington and Indianap- olis, Indiana University Press, 1988), 18.
ڕەنگدانەوەکانی دوو جار مردن لە ئەدەبی هۆڵۆکۆستدا …
Svazlian, the Armenian Genocide, 426 – 428, Testimony #247.
The English translation with the addition of Chapter 9, left out in the Armenian publication, was published in 2015. See Karnig Panian, Goodbye, Antoura: A Memoir of the Armenian Genocide (Stanford, CA: Stanford University Press, 2015).
بڕوانە کارنیگ پانیان، “خوا حافیز عەنتۆرا: یادەوەریی جینۆسایدی ئەرمەن ….
The translator of Panian’s memoirs explains in a footnote what falakha is: “A cane or strap used to strike the soles of the feet, also known as a bastinado, falanga, and falaka. In the modern world, its use is considered a form of torture. ئەمە باسی فەلاقەیە و بۆ خوێنەری کورد ئاشنایە – وەرگێڕ
Chitjian, A Hair’s Breadth, 156.
Zaven Der Yeghiayan, My Patriarchal Memoirs یادەوەرییە پاتریارکییەکانم (Barrrington, RI: Mayreni, 2002), 181.
Bedoukian, Some of Us Survived: The Story of an Armenian Boy, 153 – 156.
Ibid., 154.
Many Hills Yet to Climb, 158 – 163 and Peroomian, the Armenian Genocide in Literature, 249.
Many Hills yet to Climb, 165 – 168.
Ibid., 193 and Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 2.
To Armenians with Love, 196 and Peroomian, the Armenian Genocide in Literature, 2.
Peroomian, the Armenian Genocide in Literature, 254.
Hagop Oshagan, Վկայութիւն մը (A testimony) (Aleppo: Nairi Press, 1946), 36.
Marian MacCurdy, “From Trauma to Writing,” لە ترۆماوە بۆ چاوەڕێکردن in Writing and Healing, Toward an Informed Practice, ed. C. M. Anderson and M. MacCurdy (Urbana, IL: National Council of Teachers of English, 2000), 162.
See the discussion of Kellermann Nathan’s theory of genetic transmission of trauma applied to the experiences of the offspring of Armenian Genocide survivors throughout Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, The Second Generation Responds.
مشتومڕ لەسەر تیۆریی کێلەرمان ناتان لەبارەی گواستنەوەی ترۆما (هێدمە، شۆک، زەبر) بەگوێرەی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی نەوەی ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەرمەن لە کتێبەکەی پێروومیان، جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا، کاردانەوەکانی نەوەی دووەم.
BIBLIOGRAPHY بیبلۆگرافی
Alishan, Leonardo. “An Exercise on a Genre for Genocide and Exorcism” in the Armenian Genocide: History, Politics, Ethics, ed. Richard G. Hovannisian, 340 354. New York: St. Martin’s Press, 1992, 340 – 354.
Ahnert Ajemian, Margaret. The Knock at the Door: A Journey through the Darkness of the Armenian Genocide. New York: Beaufort Books, 2007.
Bedoukian, Kerop. Some of Us Survived: The Story of an Armenian Boy. New York: Farrar Straus Giroux, 1979.
Chitjian, Hampartzoum Mardiros. A Hair’s Breadth from Death, The Memoirs of Hampartzoum Mardiros Chitjian. Reading: Tanderon, 2003.
Dadrian, Vahakn. “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case” Journal of Genocide Research 5, no. 3 (2003): 421 437.
Der Yeghiayan, Zaven, Arch. My Patriarchal Memoirs, RI: Mayreni, 2002.
Derdarian, M. Mae. Vergeen: A Survivor of the Armenian Genocide. Los Angeles: Atmus Press, 1997.
Gates, H. L., interpreted by. Ravished Armenia: The Story of Aurora Mardiganian, the Christian Girl Who Lived through the Great Massacres. New York: Kingfield, 1918.
Gzoyan Edita G., Regina A. Galustyan, Shushan R. Khachatryan and Narine V. Margaryan. “In the Beautiful Heaven, a Golden Cage: Race, Identity and Memory in Turkification of Armenian Children in State Orphanages during the Armenian Genocide.” Journal of Genocide Research 26, no. 3 (2024): 243 263. DOI: 10.1080/14623528.2023.2237700.
Ianko, Vitali. The Promise at the Sea. New York: Vintage Press, 2004. IWitness, USC Shoah Foundation, Armenian Genocide Testimonies.
Kellermann, Natan P. F. “Transmission of Holocaust Trauma” (n.d.), http://yadvashem. org.il/yv/en/education/languages/dutch/pdf/kellermann.pdf.
Kouymjian Highgas, Dirouhi. Refugee Girl. Watertown, MA: Baikar, 1985.
MacCurdy, Marian. “From Trauma to Writing.” In Writing and Healing, Toward an Informed Practice, edited by C. M. Anderson and M. MacCurdy, 158200. Urbana, IL: National Council of Teachers of English, 2000.
Maksudyan, Nazan. “For the Holy War and Motherland. Ottoman State Orphanages (Darüleytams) in the Context of the First World War and the Armenian Genocide.” L’ Homme 34, no. 1 (2023): 39 60.
Margaryan, Narine. “The Turkification of Armenian Children in the Ottoman Empire’s State Orphanages (1915 1918).” In Silenced Crime: Forcible Child Transfer during the Armenian Genocide, edited by Edita Gzoyan. Brill, 2025, forthcoming.
Minassian, John Hovhannes. Many Hills Yet to Climb: Memoirs of an Armenian Deportee. Santa Barbara: Jim Cook, 1986.
Morgenthau, Henry. Ambassador Morgenthau’s Story. New York: Garden City, 1918.
Mugrditchian, Hovhannes. To Armenians with Love: The Memoirs of a Patriot, Hobe Sound, FL: Paul Mart, 1996.
Panian, Karnig. Goodbye, Antoura: A Memoir of the Armenian Genocide. Stanford, CA: Stanford University Press, 2015.
Peroomian, Rubina. And those who Continued Living in Turkey after 1915, The Metamorphosis of the Post Genocide Armenian Identity as Reflected in Artistic Literature, 2nd edition. Yerevan: Armenian Genocide Museum-Institute, 2012.
. The Armenian Genocide in Literature, Perceptions of those who lived through the Years of Calamity, second edition (Yerevan: Armenian Genocide Museum – Institute, 2012).
. The Armenian Genocide in Literature, The Second Generation Responds (Yerevan: An Armenian Genocide Museum – Institute publication, 2015).
. “The Restless World of Leonardo Alishan (March 1951 – January 2005), A Burnt Offering to the Altar of the Armenian Genocide” in Genocide Studies and Prevention 1, no.3 (2006): 289 – 303.
Pilibossian, Helen. My Literary Profile: A Memoir. Watertown, MA: Ohan Press, 2010. Poladian, Garo. Eagles in the Desert. Paris: Araxes, 1958. Rosenfeld, Alvin. A Double Dying Reflections on Holocaust Literature. Bloomington and Indianapolis: Indiana University Press, 1988.
Slide, Anthony. Ravished Armenia and the Story of Aurora Mardiganian. Lanham, MD: Scarecrow Press, 1997.
Surmelian, Levon Zaven. I Ask You Ladies and Gentlemen. New York: E. P. Dutton, 1945.
Svazlian, Verjiné. The Armenian Genocide, Testimonies of the Eyewitness Survivors. Yerevan: Gitoutyoun, 2011.
Zarian, Kostan. Voices in the Church, in Arby Ovanessian ed., Anthology of Armenian One act Plays. Paris, Yerevan: Spiurk, 200.
دەربارەی نووسەر
ڕوبینا پێرومیان، دکتۆرا لە زمان و کولتوورەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک (UCLA). پێشتر وانەبێژی توێژینەوەی ئەرمەنی بووە لە زانکۆی UCLA. لە ئێستادا، زانای سەربەخۆ. ئەو بە شێوەیەکی بەرفراوان وتارێکی پێشکەش کردووە و لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان پێشکەشکاری کردووە، چەندین بابەتی توێژینەوەی لە گۆڤارەکانی زانستیدا بڵاوکردووەتەوە و بەشداری لە بابەتەکانی کتێبدا کردووە.
ئەو کتێبی دەرسی، پۆلەکانی ١٠، ١١، ١٢، بە زمانی ئەرمەنی لەسەر پرسیاری ئەرمەنی و جینۆساید، هەروەها کتێبی ڕێنمایی مامۆستایانی نووسیوە، کە ماددە و میتۆدۆلۆژیای گونجاوی تەمەنی تێدایە بۆ فێرکردنی پۆلەکانی جینۆسایدی ئەرمەنی K-12 (هەروەها بە شێوەی ئۆنلاین بەردەستە).
مۆنۆگرافیاکانی لەسەر جینۆساید بریتین لە:
کاردانەوە ئەدەبییەکان بۆ کارەسات: بەراوردێک لە نێوان ئەزموونی ئەرمەن و جوولەکەکان.
ئەوانەی لە دوای ساڵی ١٩١٥ لە تورکیا بەردەوام بوون لە ژیان.
جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ئەدەبدا، تێڕوانینەکان بۆ ئەوانەی کە ساڵانی کارەساتەکەدا ژیاون.
جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا، کاردانەوەکانی نەوەی دووەم.
Posts Carousel
Latest News
کولتوورى قارنچەغە
(قالینج ئاغا) (گرمێروو) بەشى يەكەم ھەڵکۆڵينەکانى گردی قالینج ئاغا (1969) د.بەھنام ئەبولسووف * * بەهنام ناسر نوعمان ئەبولسوف (١٩٣١-٢٠١٢) شوێنەوارناسێکی مەسیحی عێراقی بوو. لە ساڵی 1931 لە شاری موسڵ لە…
لە نێوان ڕکابەرە ناوخۆییەکان و تۆڕە ترانسناشناڵەکاندا:
مەولانا خالید وەک پێشەنگێکی زمانەوانیی کوردی ١ بەشی دووەم و کۆتایی لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر میشێڵ لیزنبێرگ – زانکۆی ئەمستردام – هۆڵاند لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق سادەیی شێوازی شێخ خالید ئاماژەیە…
لە نێوان ڕکابەرە ناوخۆییەکان و تۆڕە ترانسناشناڵەکاندا:
مەولانا خالید وەک پێشەنگێکی زمانەوانیی کوردی١ بەشی یەکەم لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر ميشێڵ ليزێنبێرگ – زانکۆی ئەمستردام – هۆڵاند لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق دەکرێ بڵێین کەوا بەرچاوترین ڕیفۆرمخوازی نەقشبەندی لە دوای…
بیروبۆچوونی ئایینی
لە کولتوورەکانى پێش مێژوودا (100000 پ.ز -3200 پ.ز) موحمەد وەسمان بەشی یەکەم ئەم بابەتە ، شەن وکەوکردنی بیروبۆچوونی زانایانی شوێنەوارناسييە، زانایانی وەک: د.تاھا باقر ود.فەوزی ڕەشید ود.فەرەج بەسمەچی ود.تەقی دەباغ…
ژنو ناسیۆنالیزم لەکۆمارە کوردییەکەی ساڵی ١٩٤٦دا
نوسینی: شەهرەزاد موجاب* لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق * پرۆفیسۆر د. شەهرەزاد موجاب:توێژەر و پرۆفیسۆر و چالاکوانە و لە جیهاندا بە کارەکانی ناسراوە لە سەر کاریگەرییەکانی جەنگ، راگوێزان و ئاوارەبوون…
