حسین قادر
مێژوونووسین یەکێکە لەو بوارانەی کە نووسەری نێوەندگیر و چاونەترس و ڕاستیخوازی پێویستە، چونکە بەبێ لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی گومان و پرسەکان، نووسینی ڕووداوەکان، نەک تەنیا لە خزمەتی ئەدەبیات و شارستانیەتدا نییە، بەڵکوو شێواندنی ڕاستی و مێژوویشە. بە شێوەیەکی گشتی خوێندنەوە کارێکی گرنگە، لەبەر ئەوەی زانیاریمان دەربارەی ژیان و بیرکردنەوە پێ دەبەخشێت، بەڵام مێژووزانی، سەرەڕای بەخشینی زانیاری، بە ڕووداوی گوزەراو و کۆششی ڕابردوو ئاشنامان دەکات. لایەنگیری لە نووسینی مێژوودا، زیاتر دەکەوێتە خانەی نازانستی و نائەکادیمییەوە، چونکە دەبێتە شێواندنی ڕاستییەکان. ئەگەر ڕۆماننووسین، تێکەڵکردنی ڕاستی و خەیاڵ بێت، ئەگەر نیگارکێشی، ئاوێتەکردنی ڕەنگەکان بێت، ئەگەر شاعیری، نووسینی وشەی جوان و ناسک بێت، ئەوە مێژوونووسین، گێڕانەوەی ورد و درشتی چیرۆکە ڕاستەقینەکانە. نووسەر لە هەر بوارێکی تردا، ڕاستی و ناڕاستی تێکەڵ بکات و بۆچوونی تایبەتی خۆیشی هەبێت، ئاساییە، بەڵام لە نووسینی مێژوودا، تەنیا ڕاستبێژی و بێلایەنی پەسەند کراوە، دواجاریش هەر ئەو هەوڵە، لە خانەی ئەدەبیاتدا جێگای دەبێتەوە.
هەموو گەلێک ویستی وایە، دەستکەوت و شانازییەکان بکاتە مێژووی خۆی، یان دوورونزیک لەگەڵ مێژووی خۆیدا تێکەڵی بکات و پشکێک لە شانازی گەلانی تر، بە مۆرکی خۆی لە قەڵەم بدات. ئەگەر ئەم کارەی بۆ جێبەجێ نەکرا، ئەوکاتە بەشێکی زۆریان، ڕاستییە مێژووییەکان دەشێوێنن. بۆیە هیچ شتێک هێندەی ڕووداوی مێژوویی و وێنەی کەسایەتییە مەزنەکان، مەترسی دەستکاریکردنی لەسەر نییە. چونکە ڕووداو و بەسەرهاتەکان، لە چەند گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەشێکی زۆری توێژەرەکان، بە قازانج یان دژی گەلەکەی خۆیان، چیرۆکەکانیان گێڕاوەتەوە. هونەری گێڕانەوە، لە هەموو چیرۆکبێژییەکی تر جیاوازە، ئاخر بەسەرهاتە مێژووییەکان، سپاردەیە و پێویستە بەئاکار و ڕاستبێژییەوە، بۆ نەوەکان بگوازرێتەوە.
مێژووی هەموو گەلێک هەم سەروەری و هەم شەرمەزاری تێدایە، ئەوەتا مێژووی کورد، پڕە لەو ڕووداوانەی مایەی شەرمەزارییە، پڕە لە خیانەتی گەورە و فرۆشتنی خاک و قوربانیدانی میللەت، نابێت ئەوەیش لەبیر بکرێت، بۆ هەموو کارێک پاساوێک هەیە، هیچ شتێک لەم دونیایەدا بەبێ پاساو نە ئەنجام دراوە و نە ئەنجامیش دەدرێت. بەڵام گرنگە لە ڕووی ئایین و نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستییەوە، ئەو پرسیارە بورووژێندرێت کە ئایە تاکوو چ ڕادەیەک پاساوەکان پەسەندکراو و ئەخلاقین؟ یان ئەو پاساوانە بەڕاستی لە مێژوودا نووسراونەتەوە، ئایە مێژوونووسان دەستیان تێ وەرنەداوە و نەیان شێواندووە؟ دەسەڵاتداری نادادپەروەر و داگیرکار، جگە لە داڕشتنەوەی مێژوو لە بەرژەوەندیی خۆی، کە وەک ئەوەی خواستوویەتی نووسیویەتییەوە، هەمیشە مێژوویشی بە ئاراستەیەکی تردا بردووە، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، داگیرکاری و کۆکوژییەکانی بە بەرگێکی مرۆڤدۆستییەوە، بە هاووڵاتیی داگیرکراو فرۆشتووەتەوە.
هەر لەم سۆنگەیەوە، بەو ڕاستییە دەگەین کە ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووییەکان ئاڵۆز و فرەلایەنن، بەردەوام کەسایەتییە گەورە مێژووییەکان، جێگەی مشتومڕی نێوان مێژووزانان و گەلان بوونە، بیروبۆچوونی جۆراوجۆر لە بارەی ژیان و کارەکانیانەوە نووسراوەتەوە. بەپێی سەردەمە جیاوازەکانیش جۆڕی ڕەخنەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام گرنگیی ڕەخنەی مێژووی لەوەدایە، لەسەر بنەمای زانستی ئەنجام بدرێت و هەڵقوڵاوی ڕقێکی ئایینی یان تۆمەتێکی ناڕەوا و هەڵبەستراو نەبێت.
ئایە سەلاحەددینی ئەیووبی (١١٣٨ – ١١٩٣) جێی شانازییە یان مایەی شەرمەزارییە بۆ گەلی کورد؟ ئەگەر بێلایەنانە لە مێژووی سەلاحەددینی ئەیووبی بڕوانین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەم خەباتکارە، جێی شانازیی گەلی کوردە، ئەوەیشی پشت لەم ڕاستییە هەڵدەکات، بەرژەوەندیخوازە یان ڕقێکی ئایینی و نەتەوایەتی بەرانبەر ئەم ڕابەرە کوردە هەیە. سەلاحەددینی ئەیووبی ئەگەر کوردیش نەبووایە، هەر پێویست بوو وەک قارەمانێکی بێوێنە تەماشا بکرێت و ناوی تۆمار بکرێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە شۆڕشگێڕێکی شکۆدار و تۆڵەنەویست بووە، خاوەن کەسایەتییەکی میهرەبانیش بووە. کاتێک قودس ڕزگار دەکات، دەیتوانی تۆڵەی ستەمی پێشووتری ئەوان بکاتەوە، چونکە ئەوان کۆکوژییەکی گەورەیان کردبوو، لە کاتی داگیرکردنی قودسدا، خەڵکی ئەو شارەیان کۆمەڵکوژ کرد بوو. بەڵام سەلاحەددینی ئەیووبی، بە ڕەوشت و ئاکاری جوانی، بەڵێنی پاراستنیان دەدات و بەبێ توندوتیژی ڕێگە بە خاچهەڵگران دەدات، شارەکە چۆڵ بکەن. واتە لە ساتێکدا کە دەیتوانی لە دوژمنەکانی خۆش نەبێت و بە هەمان ئاکاری خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەڵام لێرەدا هەڵوێستی خۆی پیشان دەدات و بەڵێنپارێزەری خۆی بەجێ دەگەیەنێت و هەموویان دەبەخشێت.
میللەتی کورد تاکوو ماوەیەکی زۆر و بە ئێستایشەوە، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی سەلاحەددینی ئەیووبی دەکات، گوایە بۆچی دەوڵەتی بۆ گەلەکەی خۆی کە کوردە دانەمەزراندووە؟ بەڵام ئەگەر بێلایەنانە لە مێژوو بڕوانین، بەڕوونی لەوە تێ دەگەین کە ئەم ڕەخنەیە، لە جێی خۆیدا نییە، چونکە نەتەوەخوازی (باوەڕ یان ئایدۆلۆژیایەکە کە جەخت لەسەر گرنگی نەتەوە دەکاتەوە) لەدوای سەردەمی سەلاحەددینی ئەیووبییەوە سەری هەڵداوە، دواتریش لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی دەوڵەت دامەزراوە، بەڵام لەو سەردەمەدا، شتێک نەبووە بەناوی دەوڵەتی نەتەوایەتییەوە. سەلاحەددینی ئەیووبی، گرنگی بە ڕێکخستنەوەی جیهانیی ئیسلامی داوە، نەوەک بنیاتنانی دەوڵەتێک کە تایبەت بێت بە گەلی کورد یان هەر نەتەوەیەکی تر. مێژوونووسی ڕاستەقینە، لە ڕێگەی کۆی گشتیی ژیان و بەرهەم و کاروبارەوە، کەسایەتییە مێژووییەکان هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام ئەوە جێگەی داخە، بەشێک لە مێژوونووسان، لە تای تەرازوودا مێژوو بەسەر ناکەنەوە، بەڵکوو تەنیا کارێک یان بەشێک لە ژیانی کەسایەتییەکان، هەڵدەسەنگێنن و تەواوی بەشەکەی تری فەرامۆش دەکەن.
حەق وایە هەر مێژوونووس و ڕۆشنبیرێکی کورد، ڕوانگە ئەکادیمییەکەی خستە لاوە و بە ئایدۆلۆژیانە، لە کەسایەتیی سەلاحەددینی ئەیووبی و دەستکەوتەکانی ڕوانی، بەرهەمەکەی وەرنەگیرێت و وەک مێژووزان ناو نەبرێت و برەو بە ڕەخنە لەبەرگیراوەکانی نەدرێت. وەک ئاشکرایە، دوژمنانی گەلی کورد زۆرن و سەرەڕای هەموو کارە دزێوەکانیان، دەیانەوێت لە ڕێی تۆمەتێکی ناڕاست و ساختەوە، مێژووی کەسایەتییە گرنگەکانی کوردیش بشێوێنن.
لێبوردەیی و بەخشندەیی سەلاحەددینی ئەیووبی وای لە جیهان کردووە، هەموو سەرکردەکانی ئەورووپا، بە ئاکاری جوان و مێژووی پڕ سەروەری ئەم ڕابەرە کوردە سەرسام بن، گەلانی تر دەیکەنە سەرچاوەی چیرۆک و شیعر و نوخبەی خەباتکاری، کەچی بەناو ڕۆشنبیرانی کورد، دەیانەوێت ئەم گەلە، شانازی بە قارەمانەکەی خۆیەوە نەکات. هەرچەندە سەلاحەددینی ئەیووبی جەنگاوەر بووە و کەسایەتییەکی سەربازی هەبووە، بەڵام هەتاکوو ئاشتی هەبووبێت، پەنای بۆ جەنگ نەبردووە. سەلاحەددینی ئەیووبی نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی جێگای شانازییە، چونکە لە کۆمەڵ و پێوەرەکانی مرۆڤدۆستیدا، لێبوردەیی و دادپەروەری و ئاشتیی نێوان گەلان، بەرز دەنرخێندرێت و تەنیا کەسایەتییە مەزنەکان، ناویان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
د. یووسف زێدان، نووسەر و ڕۆماننووسی میسری، لە ساڵی (٢٠١٧)دا لە تەلەڤیزیۆنی ئاسمانیی (ئۆئێن ئی)ی میسرییەوە، دەڵێت: (شەڕی سەلاحەددین لەگەڵ خاچهەڵگراندا، بە سازش دوایی هات نەک بە سەرکەوتن، خاچهەڵگران کشانەوە، سەلاحەددینیش بەڵێنی دا کەنیسە نەڕووخێنێت و جوولەکە ڕێزلێگیراو بێت، ئەوەی گوایە قودسی ڕزگار کردووە، چیرۆکێکی هەڵبەستراوە). دواتر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: (سەلاحەددینی ئەیووبی، یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە بەدئاکارەکانی مێژووی مرۆڤایەتی). لە بەشی یەکەمی قسەکەیدا، بە ڕاشکاوی ئەوە بەدیدەکرێت، کە هەوڵی شێواندنی ڕاستی بابەتەکە دەدات و بەشێک لە چیرۆکەکە ناگێڕێتەوە، بەڵام ئێمە وەک مرۆڤێکی هۆشیار، ئەوە دەزانین کە ئەم ڕێککەوتنەی نێوان سەلاحەددین و خاچهەڵگران، پاش کۆمەڵێک جەنگ ڕووی داوە، نەوەک ڕاستەوخۆ ڕێککەوت بن. سەڵاحەددینی ئەیووبی، پێش ڕزگاری قودس لە جەنگی (حەتین) کە شەڕێکی یەکلاکەرەوە بوو، خاچپەرستانی بەخراپی تێک شکاند و هێزەکانیانی پەرتەوازە کرد، بەهۆی ئەم تێکشکاندنەیشەوە، سەرجەم قۆڵەکانی تریش دەشکێن و خۆیان ڕادەست دەکەن، ئەم جەنگە هاوسەنگیی هێزی ناوچەکە دەگۆرێت. لە کۆتاییدا بەرەو قودس بەڕێ دەکەون و لەوێ گەمارۆی شارەکە دەدەن، ئەوکاتە ڕێککەوتننامەکە ئەنجام دەدرێت. بۆیە هێنانی بەشێک لە ڕووداوەکە بۆ بێبایەخکردنی دەستکەوتەکەی سەلاحەددینی ئەیووبی، پیشەیی مێژوونووسێکی حەقبێژ نییە.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئایینیش نەبێت، هەموو گەلێک شانازی بە شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەی خۆیەوە دەکات، چونکە شۆڕشی ڕاستەقینە بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت، نەوەک بۆ دەستکەوت و چێژویستی. شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٤٣ – ١٥٩٩) لە کتێبی (شەرەفنامە)دا، سەلاحەددینی ئەیووبی، وەک دامەزرێنەری دەوڵەتی گەورەی ئیسلامی و سەرکردەی گەورەی کورد وەسف کردووە.
سەلاحەددینی ئەیووبی لە ڕوانگەی مێژوونووسە حەقناسەکانی ئەورووپایشەوە، وەک کەسایەتییەکی مەزن و بەشکۆ ناو براوە. ستیڤن ڕۆنسیمان (١٩٠٣ – ٢٠٠) کە مێژوونووسێکی بەریتانیاییە، لە کتێبی (مێژووی جەنگی خاچپەرستەکان) بەوردی باسی ڕۆڵی سەلاحەددینی ئەیووبی، لە جەنگی خاچهەڵگراندا دەکات، شتێکی لەم شێوەیە دەڵێت: (سەلاحەددین یەکێک بووە لە گەورەترین سەرکردە سەربازییەکانی سەردەمی خۆی، بەڵام ئەوەی کە ئەو دەخاتە سەرووی ئەوانی دیکەوە، ڕەوشتبەرزی و بەزەیی و ئاکارەکانی بوو).
دەبێت ئەوە بزانین کە سەلاحەددینی ئەیووبی، وەک سیمبولێکی دادپەروەری و لێبوردەیی و ئازایەتی، هەمیشە لە مێژوودا ناوی دەمێنێتەوە و ئێمەیش وەک نەوەکانی، بەردەوام شانازی پێوە دەکەین.
سەرچاوەکان:
- موحەممەد ئەمین زەکی بەگ، خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، چاپی یەکەم، ١٩٣۱، بەغداد.
- ئەحمەد حەمەئەمین، سەلاحەددینی ئەیووبی لەلای مێژوونووسانی کورد، چاپی یەکەم، ٢٠٠١، هەولێر.
- د. موحەممەد عەلی، سەلاحەددینی ئەیووبی، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨، بەیرووت.
- پ.د.موحسین موحەممەد، سوپای ئەییوبیان لە سەردەمی سەلاحەددیندا، چاپی یەکەم، ٢٠٠٧، سلێمانی.
- ستیڤن ڕۆنسیمان، مێژووی جەنگی خاچپەرستەکان، چاپی دووەم، ١٩٥٢، بەریتانیا.
- شەرەفخانی بەدلیسی، شەرەفنامە، چاپی سێیەم، ٢٠٠٦، هەولێر.