مەولانا خالید وەک پێشەنگێکی زمانەوانیی کوردی١
بەشی یەکەم
لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر ميشێڵ ليزێنبێرگ – زانکۆی ئەمستردام – هۆڵاند
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
دەکرێ بڵێین کەوا بەرچاوترین ڕیفۆرمخوازی نەقشبەندی لە دوای ئەحمەد سرهندییەوە، مەولانا خالیدی نەقشبەندیی لە دایکبووی قەرەداخە، کەوا بایەخێکی گەورە و یەکلاکەرەوەی هەیە نەک هەر بۆ مێژووی تەریقەتی نەقشبەندی و ئایین لە ناو کوردەکاندا، بەڵکوو بۆ مێژووی مۆدێرنیزەکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییش بەشێوەیەکی گشتی، بەو ناوچانەشیەوە کە تورکی و عەرەبی زمان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، جێی سەرسوڕمانە کە هەندێ لێکۆڵینەوەی کەم هەیە لە سەر مەولانا خالید و بزووتنەوە خالیدییەکەی لە سیاقە فکرییە مێژووییە فراوانەکەیدا. لێرەدا من دەخوازم ڕۆشناییەک بخەمە سەر هەندێ لایەنی کاری مەولانا خالید لە لایەنێکی پێزانراوی زمانەوانییەوە، کە من وەک ئامرازێک بەکاریدەهێنم بۆ تێگەیشتن لە مێژووی بەربڵاوتری فیکری و ڕۆشنیریی جیهانی نوێی ئیسلام. بە دیاریکراوتر، من دەمەوێ مشتومڕ لەسەر ئەوە بکەم کە تا چ مەودا و ئاستێک ئاڕاستە مێژووییە گشتییەکان لە مەولانا خالیددا ڕەنگدەداتەوە کە بۆ ئەم سەردەمە ئیددیعا دەکرێت، بەتایبەتیش دەرکەوتنی “سۆفیگەرییەکی نوێی” کەمتر بەهات و هاوار و هەڵچوون و تۆکمەتر داڕێژراو و چالاکتر لە ڕووی سیاسییەوە و بە شێوەیەکی گشتیتر دەرکەوتنی بزووتنەوە “ڕیفۆرمخوازەکان” یان “ڕابووەکان” لە سەروبەندی مۆدێرن بوونی کۆڵۆنیاڵیدا. من چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکەم کەوا هەرچییەک بێت نوێکردنەوەی ئاینی، ئەوە مرۆڤ لە کارکردنیدا شتێک دەدۆزێتەوە کە لەگەڵ داهێنانێکی گرنگی زماندا یەکبگرێتەوە، واتە لەگەڵ ئەو شتەدا کە شێڵدۆن پۆڵاک ناوی ناوە زمانی بازاڕی یان عادەتیی خەڵک، یان ئەوەی کە تازە فێری خوێندەواری دەبێت زمانی باوی گشتی بەکاربێنێت٢. من ئەوە دەکەم بە فۆکەس خستنەسەر دوو دەقی سەرەکی کە ئەوانیش، “عەقیدەنامە” کە بە کوردیی سۆرانی نووسراوە و” ئیعتیقادنامە” کە بە فارسی نووسراوە٣. جیاوازیی باوەڕ لە نێوان ئەم دوو دەقەدا زۆر کەمە و لە ڕاستیشدا، بۆ بەشی زۆری، ئیعتیقادنامە کەمێک شیکردنەوەی لە ڤێرژنی عەقیدەنامە وەرگرتووە کە لە فۆرمێکی گێڕانەوەدایە وەک لەوەی فێرکاری بێت. هەروەها وەرگرتنێکی زیاتری ئەدەبی فەرموودە (حەدیس) و نامەکانی ئەحمەد سرهندی لەخۆدەگرێت. ئەم کارە لە لایەن حاجی فەیزوڵڵا ئەفەندیی خەڵکی کێماوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکیی عوسمانی و ساڵی ١٣١٢ / ١٨٩٦ لە میسر چاپ و بڵاو کراوەتەوە بە ناوی “فرائد الفوائد”. هەڵبەت سەرنج و تێبینییەکانی من دەبنە پێشنیاز و بۆچوونی زۆر سەرەتایی و ئەزموونی، لە واقیعیشدا، بەهیوام زیاتر پرسیار بکەم وەک لەوەی وەڵامی کۆتایی پێشکەش بکەم.
١- لە نیوان مێژووی فیکری و کۆمەڵایەتیدا
لە مێژووی فکری کلاسیکیی مۆدێرنیزەکردنی جیهانی ئیسلامیدا وەک کارە ناو و شۆرەتدارەکانی “بیری عەرەبی لە چەرخی لیبراڵ”ی ئەلبێرت حۆرانی و “دروستبوونی بیری عوسمانیی گەنج”ی شەریف ماردین و “پەرەسەندنی سێکولاریزم لە تورکیادا”ی نیازی بێرکەس، مەولانا خالید بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن و بەتەواوی دیار نییە. گەلێ لە لێکۆڵینەوەکانی تری ئەم سەردەمە و ئاڕاستە نوێگەرەکان لە ئیسلامدا، بەڕەهایی هیچ بایەخێک نادەن بە مەولانا٤. یەک لە هۆکارەکانی کەمیی بایەخدانی ڕێژەیی بە شێخ خالید بەردەوامیی ناسیۆنالیزمی بەهێزە لە مێژووی فکریی ناوچەکەدا. لە زۆرێک لە کار و نووسینەکاندا، داشکاندنێکی ڕوون و ئاشکرا هەیە بەرەو زمانە “سەرەکییەکانی” وەک عەرەبی و تورکیی عوسمانی و فارسی، هەرچەندە زمانی عەرەبی لەم سەردەمەدا زۆر بەخێرایی پێگە و دۆخی بێڕکابەری جارانی خۆی لەدەستدەدا بەو پێیەی زمانی سەرەکی بوو ئەگەر تاقە زمانیش نەبوایە بۆ خوێندن و فێرکردنی ئاینی ئیسلام. لە ڕاستیدا، ئەم مشتومڕ و ئارگومێنتەی خوارەوە بەدیاریکراوی لەبارەی دیاردەی زمانی گشتییەوەیە، واتە پەیدابوون و بەکارهێنانی زمانە ناوخۆییەکان بۆ مەبەستی خوێندن و فێرکردنی ئاینیی نووسراو، کە لە سەدەی هەژدە بەملاوە تێبینیی دەکرێت لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا٥. بەڵام تەنانەت بایەخدان بە ناوچە عەرەبییە جیاوازەکان وەک یەک نەبوو. بەم پێیە حۆرانی تیشک دەخاتە سەر میسر و لوبنان لە سەر حیسابی پەرەسەندنەکانی شوێنانی تری جیهانی عەرەبی. لایەندارییەکی عەرەبیی لەم چەشنە هەڕەشە لە کەمکردنەوەی جووڵانەوەی خالیدی دەکات، کەوا کەمتر تەشەنەی کردبوو لە ناو عەرەبدا وەک لە کۆمەڵانی خەڵکی تورک و کورد. لە سەر ئاستێکی تریش، سەرچاوە تورکیزمانەکان بەو لایەدا دایدەشکێنن کە لە بایەخی پاشخانی کوردبوونی شێخ خالید کەم بکەنەوە و بە زۆری وەک مەولانا خالیدی بەغدادی ئاماژەی پێدەکەن٦. لە ناو نووسەرانی کوردی سێکولار و نوێخوازیشدا، لەوانەیە مەولانا خالید کەمتر جەماوەریی بێت لەبەر ئەوەی بە پلەی یەکەم ڕیفۆرمخوازێکی ئاینیی موحافزەکار و نەریتی بووە، دووەمیش ئەوەیە کە بە درێژایی ژیانی دڵسۆزی سوڵتان بووە و سەرەڕای پەیوەندییەکانی بە حوکمڕانە بابانە خولیا و مەراقدارەکانەوە لە سلێمانی بەڵام هەرگیز گوزارشی لە هیچ ئایدیاڵێکی نەتەوەیی (ناسیۆنالیستیی) کورد نەکردووە. هەرچۆنێک بێت، من چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکەم کەوا لە پلەی یەکەمدا بە هۆی ئەوەوە کە زمانی قسەکردنی خەڵکی بەکارهێناوە، بۆیە لەڕاستیدا وا تەماشای مەولانا خالید دەکرێت کە ئەوە پێشینەیەک بێت بۆ ناسیۆنالیزمی کوردیی لەسەر بناغەی زمان کەوا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە تین و تاوی تێگەڕابوو.
زۆرێک لە مێژووە فیکری و کولتوورییەکانی مۆدێرنیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیلهامی خۆی لە هەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گشتیی وەرگرتووە لە نێوان نوێگەریی ئەوروپی و نەزمێکی نەریتی و ترادیشناڵی ئیسلامیدا و تەنها لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ هەوڵی کۆڕانکاری دراوە٧. بەم ڕەنگە، پەرەسەندنە فکری و کولتوورییەکان لە ساڵی ١٨٠٠ بەملاوە هێشتا هەر وا وێنا دەکرێن کە تەنها کاردانەوە بن بۆ ڕووبوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژاوای مۆدێرندا و دابەشبوون بێت لە نێوان سێکولارەکان یان نەتەوەخوازە “نوێگەر” و ئایندارە “موحافزکارەکاندا”. بەڵام ئەم بەرهەڵستکارییە مافی ڕەوا ناداتە دینامیکە ڕاستەقینەکان و گرژی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئەم کۆمەڵگایانە، وەک حامید ئاڵگار (١٩٧٦) بۆی چووە٨. لێکۆڵینەوەکانی پێشتر و بە شێوەیەکی بەرچاویش حۆرانی (١٩٨١، ١٩٨٣)، ئیشارەت بەوە دەکەن کەوا گۆڕانکاریی هزری بە پلەی یەکەم وەک کاردانەوەیەک بۆ زیادبوونی کاریگەریی ڕۆژاوا و ئیلهامبەخشیی بیر و ئایدیای ڕۆژاوایی دروستبووە. لە واقیعدا، لە پاشبەندی چاپی دووەمی کتێبی “بیری عەرەبیدا” کەوا ساڵی ١٩٨٣ بڵاوکراوەتەوە، حۆرانی دان بەوەدا دەنێت کە لە کات و سەردەمی پێشوودا لە بایەخی توخمە نەریتییەکانی کەمکردووەتەوە و زیادەڕۆیی کردووە لە دابەشبوونی نەریت و مۆدێرندا (١٩٨٣: ٨ – ٩)، بەهەرحاڵ، لایەنگری لە زمانی عەرەبیدا هێشتا هەر بێ چارەسەر ماوەتەوە. بەم دواییانەش، نووسەرانی وەک جۆن ڤۆڵ ئارگومێنتیان لەسەر ئەوە دەکرد کەوا لە سەدەی هەژدەدا، واتە لە پێش دەسپێکی پەیوەندیی چڕ لەگەڵ ئەوروپای ڕۆژاوای مۆدێرندا، بێجگە لە سەردەمێکی دوور و درێژی کاریگەریی ئیمپریالیستی یان حوکمی کۆڵۆنیاڵی، جیهانی ئیسلامی بزووتنەوەی جۆراوجۆری بەخۆوە بینی لە ڕابوون یان ڕیفۆرم کەوا بە پلەی یەکەم دینامیک و پاڵنەری ناوخۆیی دەیجووڵاندن و بە ڕۆڵی خۆی پێداچوونەوە یان وردەکاری لە ڕوانگە و بۆچوونیدا دەکرا لەلایەن نووسەرانی وەک ئەحمەد دەللال و خالید ئەلڕوەیحیبەوە٩.
بەوپێیە، وا دیارە حیساباتی فکری و مێژوویی دەکرێت سوودبەخشانە پشتیوانی بکرێت بە بایەخێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی زیاد بۆ ڕکابەرییە ناوخۆییەکان و کێبەرکێی هەمەچەشنە و جۆراوجۆری سەرچاوەکان و شوێنکەوتووان و لە گەلێ حاڵەتدا پاڵپشتیی حوکمڕانە ناوخۆییەکانیش. لەبەر ئەوە لەبریی ڕوونکردنەوەی پەرەسەندنەکانی نوێگەری لە دەرەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەوروپا و “ڕۆژاوا” یان “مۆدێرنیتە”، مەسەلەکە پێویست بەوەش دەکات کە چاو بە سیاقە ناوخۆییەکانیشدا بگێڕدرێتەوە. بە واتایەکی تر، پێشنیازەکەی من ئەوەیە کەوا هەندێ خەسڵەتی هزر و بیری مەولانا خالید دەکرێ وا لێکبدرێتەوە کە ئەنجامی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان بووبێت: لە سلێمانیدا لەگەڵ شێخ مەعرووفی ڕکابەرە قادرییەکەی، لە بەغدا و بە ئاستێکیش کەمتر لە دیمەشق، لەگەڵ بیر و ئایدیای ڕوو لەزیاد و جەماوەریبوونی وەهابی و لە ئەستەمبووڵیش (واتە لە ناو شوێنکەوتووە وەهابییەکانی شێخدا) و لەگەڵ ڕێبازی بەکتاشیدا. من لە خوارەوە سەرنج دەخەمە سەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەهابیزمدا، یان ڕاستتر بڵێین، سەلەفیزم، بە ڕەهەندێکی چاوەڕواننەکراویش رکابەریی مەولانا لەگەڵ شێخ مەعرووفدا: کە ئە ئەویش ڕەهەندی زمانە١٠.
٢ – ئاخۆ مەولانا خالید نیۆ – سۆفی بووە؟
سەرەتا هەر لە فەزلوڕەحمانەوە، نووسەران و دانەران مشتومڕیان لەسەر دەرکەوتنی جۆرێکی تایبەتمەند و نوێی سۆفیگەریی ئیسلامی یان “نیۆ – سۆفیزم” کردووە. لە دوادوایی سەدەی هەژدە بەملاوە ئەوان ئیددیعای دەرکەوتنی فۆرمێکی سۆفیگەریی تۆکمەتر دەکەن، کە ڕاهێنانی پڕ هەڵچوون و شەتەحات ڕەتدەکاتەوە وەک زیکر و پاڕانەوە لە گۆڕ و مەزاری پیاوچاکان. هەروەها ئەوەشی دەخەنەسەر کە خەسڵەتە نموونەییەکانی تری ئەم نیۆ – سۆفیزمە ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی ئیبن عەرەبییە لەبارەی یەکێتیی بوونەوە (وحدة الوجود) لە بەرژەوەندیی یەکێتیی بەڵگە و شایەتی ئەحمەد سرهندی (تەوحیدی شهود یان وحدة الشهود). بە شێوەیەکی گشتی، واش باسدەکرێت کە بزووتنەوە چاکسازییەکانی ئەم سەردەمە جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگیی دیراساتی نوێ و نەریتیان ڕەتکردووەتەوە لە هەردوو فۆرمی پابەندبوون بە قوتابخانەیەکی تایبەتی شەرع یان مەزهەبەوە و شوێنکەوتنی شێخێک یان تەریقەتێکی دیاریکراو، بەڵکوو لەجیاتیدا مژدە و بانگەشە بۆ تەریقەتێکی موحەممەدییە دەکەن کەوا تەنها پشتی بە قورئان و سوننە بەستووە١١.
بەهەرحاڵ، بیرۆکەی “نیۆ – سۆفیزم”، تووشی ڕەخنەی توند بووەوە و بەتایبەتی لە لایەن ڕاتکە و ئۆفاهییەوە و هەروەها نووسەرانی وەک ئەحمەد دەللالیش ڕەخنەی هاوشێوەیان دەگرت١٢. بەڵام ئەم ڕەخنانە سەرکێشیی ئەوەیان دەکرد کە بە دەستی بەتاڵ بێینە دەرەوە. لەوەش خراپتر، دەکرێ ئەم ڕەخنانە بێمەبەست و بە شێوەیەکی درێژخایەن ئەو ئاڕاستەیە بەهێز بکەن کەوا جیهانی ئیسلامی لە ڕووی هزرەوە زۆربەی مێژووی نەگۆڕ و ڕاوەستاو بووە لە پێش پەیوەندییە نوێکانی لەگەڵ ئەوروپای مۆدێرندا. لەگەڵ ئەم ڕەخنانەشدا، بەم دواییانە دەگوترا کەوا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدە داهێنان و دۆزینەوەی گرنگی بەخۆوە بینیوە، بەڵام وەک دواتر باسی دەکەم، پێویستە لە ئاستی باوەڕ و مەزهەبدا بەدوای ئەم گۆڕانکارییانەدا نەگەڕێین، وەک چۆن لایەنگران و نەیارانی تێزەکانی سۆفیگەریی نوێ و ڕابوون پێدەچێت گریمانەی بکەن، بەڵکوو لەجیاتی ئەوە دەکرێ مرۆڤ بڕوانێتە ئاستی ئەو تێگەیشتن و کۆنسێپتانەی کە لەوانەیە باوەڕ و مەزهەبی دژ بەیەکی تێدا دابڕێژرێت، یان لەسەر ئاستی پراکتیزە و ڕاهێنانەکانی کەوا لەسەر پاشخانی ئەم تێگەیشتنانە ناوەرۆکی خۆیان بەدەستهێناوە.
تەنانەت بە ڕەچاوکردنی ئەم هۆشدارییانەش، زیاتر جێی سەرسوڕمانە کەوا مشتومڕەکانی ئەم دواییە لەسەر “نیۆ – سۆفیزم” تا ڕادەیەک بایەخێکی زۆر کەمی بە مەولانا خالید داوە، ئەگەرچی دەکرێ بڵێین کە بە لای کەمەوە ئەو لە هەمان گرنگی و بایەخی مێژوویی ڕیفۆرمخوازە ئاشنا و ناسراوەکاندا یان نووسەرە نیۆ – سۆفییەکاندا بووە. لەبری ئەوە، مشتومڕەکان کۆکن لەسەر کارەکانی جۆن ئۆ. ڤۆڵ (١٩٩٤) و ئەحمەد دەللال (١٩٩٣) و ئۆفاهەی و ڕاتکە (١٩٩٣)، کە تیشکیان خستووەتە سەر کەسانی نیمچە هاوچەرخی وەک موحەممەد عەبدولوەهاب و شاه وەلییوڵڵا و ئەحمەد بن ئیدریس. بەم ڕەنگە، ڤۆڵ (١٩٩٤: ٤٠ – ٤١)، بە شێوەیەکی ڕاگوزەر باس لە مەولانا خالید دەکات و تەنها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسێکی “گونجاوی” خاسییەتەکانی سۆفیگەریی نوێیە. هەرچۆنێک بێت، وا دیارە باوەڕ و بۆچوون و ڕاهێنانەکانی مەولانا خالید بە شێوەیەکی بەرچاو تەواوی ئایدیای نیۆ – سۆفیزمی ئاڵۆز کردووە و بەشێوەیەکی گشتیتر هێشتا ئەو وێنەیە زاڵ و باوە کە ئەو نووسەرانە و ئەوانیتر بۆ نوێکردنەوەی ئیسلام کێشاویانە.
تاقە شتێک کە دەبێت سەرنجی ئەم قوتابییە نوێگەرانە ڕابکێشێت ئەو دەرکەوتن و گەشەکردنە خێرایە و ئەو کاریگەرییە مەودا فراوانەی ڕێبازی نەقشبەندی – خالیدییەیە لە سەدەی نۆزدەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. ئەم هەڵکشانە خێرایە بایەخی ژمارەیەک توێژەری پسپۆڕی بۆ خۆی ڕاکێشا، چەشنی مارتن ڤان بروونەسن و بوترس ئەبو مەننە. ئاخۆ ئەمە ئەنجامی هۆکاری شەخسی یان ئایدیۆلۆجی یان ڕێکخراوەیی بوو؟ مارتن ڤان بروونەسن باس لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڕێبازی نەقشبەندی دەکات لە ناو کوردەکاندا وەک ئەنجامێک بۆ هەوڵەکانی بەناوەندیکردنی حکوومەتی عوسمانی و ئەمەش وایکرد کە دەرکەوتنی شێخەکان – بەتایبەتی ئەوانی ڕێبازی نەقشبەندی – لە دەسەڵاتدا ئەگەری زۆری هەبێت و مایەی پەسەندییش بێت، لەو بۆشایی دەسەڵاتەدا کە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی میرنشینەکاندا هاتە ئاراوە١٣. بەهەرحاڵ، ئەم لێکدانەوەیە لە باشترین حاڵەتدا ناتەواوە، چونکە بە زۆری پەیوەندیی بە ماوەیەکی دواترەوە هەیە و زیاتر بەسەر ناوچە دێهاتنشینەکاندا دەسەپێت وەک لە ناوچە شارستانییەکان. لە ڕاستیشدا، خالیدییە لە ساڵانی ١٨١٠کان و ١٨٢٠کاندا کەوتە پەرەسەندن و بڵاوبوونەوە، واتە بە ماوەیەکی زۆر لە پێش چاکسازییە سەرەکییەکانی تەنزیماتی بەناوەندیبوونی عوسمانیدا و نەک هەر تەنها لە ناوچە کوردییەکاندا. بێجگە لەوەش، سەرهەڵدانی یەکەمجاری بە شێوەیەکی گشتی لە دۆخ و سیاقێکی شارستانیدا بوو وەک لەوەی لە دێهاتدا بێت، کە لە سەرەتادا لە شارەکانی وەک سلێمانی و بەغدا و دواتر لە دیمەشق و بگرە تا ئەستەمبووڵیش.
دێڕێکی تری لێکدانەوەکە چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکات کە بەدەر لە کاریزمای کەسایەتیی شێخ خالید و بەهرەکانی ڕێکخستنی مۆرکی سۆفیگەرییەکەشی بەپێی بنەمای شەریعەت و بانگەشەکردنی بۆ نوێبوونەوە و یەکێتیی ئیسلامی لە ڕووی ئایدیۆلۆجییەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا یەکیدەگرتەوە لە ناکۆکی و ململانێکانی ساڵانی ١٨٢٠کاندا (ئەبو مەننە، ٢٠٠٣). بەڵام ئەم نزیکییە لەگەڵ بیر و ئایدیای عوسمانییەکاندا ئەو گەشەکردنە خێرایەی خالیدییە ڕاڤە ناکات، چونکە هۆکاری تری زیاتر پراکتیکی لەئارادان، بەتایبەتیش تا ڕادەیەک پابەندبوونی خێرای مورید و شوێنکەوتە نوێیەکان (کە ئەمەش ڕەنگدانەوە و لەوانەیە ئیلهامبەخشی بێت لە لایەن پابەندبوونی خودی شێخ خالید خۆی بە مورشیدەکەیەوە)، کە تەنها چل ڕۆژی تەریکی و خۆ لە خەڵک دابڕین دەگرێتەوە (خەڵوەتی چلە یان چلەکێشی). ئەمەش داهێنانێکی سەرەکی بوو لە ڕاهێنانی نەقشبەندیدا و لە ڕاستیدا پێچەوانەی ڕاسپاردەی ڕوون و ئاشکرای ئەحمەد سرهندی بوو کە فێربوونی لەسەرخۆی سوحبەتی پێپەسەندتر بوو وەک سوننەتێکی چەسپاو١٤.
بە باوەڕی من لەوەش گرنگتر ئارگومێنتی ئەبو مەننەیە (٢٠٠٣) کەوا دەرکەوتن و هەڵکشانی ڕێبازی خالیدی لە بەغدا لە دەیەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا وەک کاردانەوەی زیادبوونی جەماوەرێتیی بیر و ئایدیای سەلەفیی بووە لە شارەکەدا. لەم ڕووەوە کاریگەریی مەولانا خالید بەسەر چین و توێژە خوێندەوارەکان و دەستەبژێری حوکمڕان لە شارەکەدا بایەخێکی تایبەتی هەیە. ئاشکرایە تەنانەت جەنەراڵ سەعید پاشای والیی بەغداش یەکێک بووە لە هاوسۆزانی لە بەغدادا. بەکورتی، وا دیارە لە بنەڕەتەوە تێکەڵەیەک لە کاریزمای شێخ خالید و ئەو تەمەسوک و پابەندبوونە خێرایە یارمەتیی زوو پەرەسەندنی خالیدییەی دا و بەڵگە و ئیشارەتێک نییە بۆ هیچ “نیۆ – سۆفی” یان چالاکییەکی سیاسی لە مەزهەبەکانی شێخ خالیددا کە بەتایبەتی خەڵکەکەی لە بەغدا بۆ خۆی ڕابکێشێت.
٣- ڕیفۆرمیزم یان ڕکابەری؟
من دەخوازم بەدوای ئەم خاڵەدا بچم و وا تێدەگەم کە ئەوە لە پلەی یەکەمدا فاکتەرە ناوخۆییەکان بووە نەک هیچ ئەزموونێکی دوورمەودا یان تێپەراندنی شارستانییەکان، کە لە هەمووی گرنگتر ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوا یان ئیمپریالیزمدا، کەوا بتوانێت ڕوخسارە سەرەکییەکانی هزر و بیری خالیدی باشتر لێکبداتەوە. بەم پێیە، ئاڵگەر (١٩٩٦: ٣١) و دەمرێڵ (١٩٩٦: ٢٧٨ – ٢٧٩) وایبۆدەچن کەوا هەڵوێستی دژە کریستیانی شێخ خالید دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی لەگەڵ حوکمی بەریتانیا لە هندستاندا، بۆ نموونە وەک کاردانەوەیەک بۆ بەرایی کۆڵۆنیالیزم١٥، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتیی ئەوتۆ نییە بۆ پشتیوانی کردن لەم چەشنە ئیددیعایانە. بەڵکوو وایبۆدەچن کەوا ئەو فەتوا بەناوبانگەکەی ساڵی ١٨٠٣ی شا عەبدولعەزیز دەهلەوی دووپات دەکاتەوە کە وای لە قەڵەمداوە گوایە خاک و وڵاتی موسڵمان لە سایەی حوکمی کریستیاندا بە شێوەیەکی کاریگەرانە دەبێتە بەشێک لە “دار الحرب”. ئەوجا بەدەر لەو ڕاستییەی کە ئیددیعایەکی لەم چەشنە لە باشترین حاڵەتدا لەم فەتوایەدا زیمنییە و بەدڵنیاییەوە هیچ چالاکییەکی دژە بەریتانیای بەدوادا نەهات نە لە لایەن شا عەبدولعەزیز خۆی و نە لە لایەن شێخ خالیدەوە و ئەم جۆرە گێڕانەوانە ئەوە لێکنادەنەوە کە لایکەمەکەی بۆچی شێخ خالید زۆر بەتوندی دژە شیعە بووە وەک چۆن دژە کریستیانیش بووە.
لەبری ئەوە، ڕەنگە ئەوە سوودبەخش و باشتر بێت کە وا بڕوانرێتە چالاکییەکانی شێخ خالید وەک کاردانەوەی سەرەکی بۆ پەرەسەندنە ناوخۆییەکان لەگەڵ ڕێبازێکی تا ڕادەیەک جیاوازدا. پێدەچێت تەحەدا کۆمەڵایەتی و هزرییە گرنگترەکان لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا و کەوا لە سەردەمێکی پێشتر و بە هێزێکی گەورەتر لە عێراقدا دەرکەوت وەک لە میسر یان وڵاتی شامدا و ئەویش بزووتنەوەی وەهابی بێت، کە بەخێرایی لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دەرکەوت و پەرەیسەند لە دوادوایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا. لە ساڵی ١٨٠١دا، وەهابییەکان شاری شیعەی پیرۆزی کەربەلایان تاڵانکرد و دوو جار گەمارۆی نەجەفیان دا و لە ساڵی ١٨٠٦یشدا مەککەیان داگیرکرد و تا ساڵی ١٨١١ لەوێ دەرنەکران تا ئەو کاتەی کە بابی عالی پاڵپشتیی سەربازیی موحەممەد عەلیی پیاوی بەهێزی میسری دەستەبەر نەکرد.
ئێمە لە نووسینەکانی شێخ خالیددا ئیشارەتی کەم دەبینین بۆ ئەم ڕووداوانە یان کاردانەوەی شێخ لە بەرانبەریاندا. لە زۆرێک لە نووسینەکانیدا، شێخ خالید بە ڕەهایی و ئاشکرا دژایەتیی شیعە و کریستیان دەکات. ئەوەی زیاتر جێی سەرسورمانیشە کەوا کەمتر دژایەتیی ڕکابەرە ڕاستەوخۆکانی سوننەی دەکرد کە زیاتر لێیەوە نزیکبوون، ئەگەر هەر ناویشی بهێنایەن. لەگەڵ ئەوەشدا، من وایبۆدەچم کە ئەمەی دوایی نەک ئەوەی پێشوو بریتییە لە گرنگترین هۆکارە دەرەکییەکان کەوا یارمەتیدەر بوون لە گەڵاڵەکردن و سەروبەرگرتنی بیر و ئایدیاکانی. شیاوی باسە کەوا ئەو لە سەرەتای ساڵی ١٨٠٦دا گەیشتووەتە مەککە، واتە لە هەمان ئەو ساڵەدا کە شەریف غالیبی ئەمیری مەککە خۆی ڕادەستی وەهابییەکان کردووە. هەڵبەت بەڵگە و ئاماژەیەکی ڕوون نییە لەسەر هیچ کاریگەرییەکی ئەم بەرەوڕووبوونەوە بەراییە لەگەڵ وەهابیزمدا، بەڵام بوترس ئەبو مەننە (٢٠٠٣) تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا مەولانا لە ماوەی مانەوەیدا لە مەککە و لە کاتێکی دواتردا بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی بڕوات بۆ هندستان – وەک ئەوەی ویستبێتی کە تا بتوانێت دووربکەوێتەوە لە سایە و کاریگەریی بوونی وەهابی لەوێ. ئەو لە دەلهی لەسەر دەستی شێخی نەقشبەندی شاه غوڵام عەلی خوێندوویەتی، کە بە شێخ عەبدوڵڵای دەهلەوییش ناسرابوو، هەروەها پەیوەندیی کورتیشی پەیداکردبوو لەگەڵ شاه عەبدولعەزیزی کوڕی شاه وەلییوڵڵا، کەوا قوتابییەکی پەرۆش و مەراقداری ئەدەبی فەرموودە (حەدیس) بووە و یەکێک بووە لە مورید و شوێنکەوتە نزیکەکانی ئەحمەد سرهندی. شێخ خالید لە ساڵی ١٨١١دا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام لە ساڵی ١٨١٣دا، ڕکابەری و ململانێی توندی لەگەڵ مەعرووف بەرزنجیی شێخی قادریدا، ناچاری کردووە کەوا بچێت بۆ بەغدا و لەوێ نیشتەجێ ببێت. لە ساڵی ١٨١٥دا، مەحموود پاشای حوکمڕانی نوێی بابان بانگهێشتی کردەوە بۆ سلێمانی. ساڵانی دواتر ماوەیەکی پڕ سوود و بەخشش بوون، کە تێیاندا مەولانا خالید گەلێ قوتابی و موریدی پەیداکرد، بەڵام لە ساڵی ١٨٢٠ بەتەواوی سلێمانیی بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە بەغدا و دواتر لە دیمەشق نیشتەجێ ببێت، کە تێیدا تووشی پەتای تاعوون بوو و لە ساڵی ١٨٢٧دا کۆچی دووای کرد.
لێرەدا هۆکاری بەجێ هەن بۆ باوەڕهێنان بەوەی کەوا تەحەدای وەهابی یەکلاکەرەوە بووە لە گەڵاڵە کردن و سەروبەرگرتنی بیر و ئایدیاکانی مەولانا خالیددا. لە بەغدا، وەهابییەکان وەک جووڵانەیەک شوێنپێی خۆیان نەکردەوە، بەڵام هەندێ لە بیر و باوەڕیان بەخێرایی جەماوەرێتییان دەستەبەر کرد. بەم جۆرە، کاریگەریی وەهابییەت، یان ڕاستتر بڵێین سەلەفییەت، لە کارێکی ساڵی ١٧٩٩دا ببینرێت لە لایەن شێخ عەلیی سوەیدیی زانای ناوداری بەغداوە. لە کتێبەکەیدا “العقد الثمین”، بە ‘ئیمامەکانی چەواشەکاریدا’ دەتەقێتەوە، کە وەک ئەو دەڵێت شوێنکەوتوو بۆ خۆیان پەیدا دەکەن لە خەڵکانی بەرز و نزمدا١٦ و لەجیاتیدا قورئان و سوننە بە تاقە ئیمام لەقەڵەمدەدا. هەڵبەت ئەمیش، وەک وەهابییەکان، سەرکۆنەی پێڕۆ و ڕاهێنانەکانی سۆفی دەکات وەک پەرستنی ئارامگە و مەزاری پیاوچاکانی سۆفی.
بە ڕوونی، ئەگەرچی شێخ خالید ئیددیعای ئەوە دەکات کە لەسەر هەمان بیر و ئایدیای سەلەفییەکانە و تەنانەت بە هەمان شێوە جەخت لەسەر گرنگیی قورئان و سوننە دەکاتەوە و بە شیوەیەکی سەرەکی بەرنامەی خۆی لەسەر ئەدەبی فەرموودە (حەدیس) داڕشتووە، بەڵام بەتێکڕایی و کردەیی دەگاتە ئەنجامگیرییەکی مەزهەب و ڕێچکەیەکی تەواو جیاواز. من مەسەلەکە بۆ ئەوانیتر بەجێدێڵم بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ شێخ خالید هیچ پەیوەندییەکی بە زانایانی حەدیسەوە هەبووە کەوا لە لایەن جۆن ئۆ. ڤۆڵەوە دەسنیشانکراون. بەهەرحاڵ، پێدەچێت ئەم پەیوەندییانە مەسەلەیەکی ئەوتۆ نەبن. بەتایبەتیش، ڕوون و ئاشکرایە کەوا لێکتر نزیکبوونەوەی ئەم کەسایەتییانە نابێت لەسەر ئاستی باوەڕ و مەزهەبەکاندا بۆیان بگەڕێین١٧. بەپێچەوانەی شاه وەلییوڵڵاوە، کە هەوڵێکی لێبڕاوانەی دا بۆ یەکخستنی سوننە و شیعە، کەچی مەولانا خالید زۆر توندە لە دژایەتی کردنی شیعەدا و بەو پێیە بێت پێدەچێت لەم خاڵەدا نزیکتر بێت لە موحەممەد بن عەبدولوەهابەوە. بەهەرحاڵ، بەتەواوی پێچەوانە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی وەهابیدا بۆ پەرستنی پیاوچاکان و تەقلید (واتە نەریت)، مەولانا خالید جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕۆڵی پیاوچاکان یان ئەولیا، هەروەها جەختکردنەوەی لەسەر ڕابیتە وەک پەیوەستبوونێکی ڕۆحیی نێوان مورید و “شێخیکی تەواودا – شیخ تام” و بەرگری کردنی لە بوونی قوتابخانە یا مەزهەبە شەرعییەکان. بەهەرحاڵ، من دواتر پێشنیازی خاڵێکی نزیکبوونە و داهێنان دەکەم لە نێوان ئەو بیرمەندانەی کە تا پەڕی ئەوپەڕ جیاوازن.
٤ – گۆڕانکاریی زمان: بەرەو دروستبوونی جەماوەرێکی کورد
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئیددیعا بنەڕەتییەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم، ئەوەیە کەوا ئەو زمانە دیاریکراوەی مەولانا خالید بەکاریهێناوە لە بۆنە و مەبەستی تایبەتدا بایەخێکی گەورەی خۆی هەیە نەک تەنها لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەڵکوو لەبەر هۆکاری فیکری و مێژووییش. ڕوون و ئاشکرایە کەوا مەولانا چەندین نامە و سیپارە و هۆنراوەی بە عەرەبی و فارسی نووسیوە، هەروەها بە کوردیی هەورامی و سۆرانیش، کە لێرەدا دەمەوێ بایەخ بەم ڕاستییەی دواییان بدەم. بەدەر لە ژمارەیەک لە هۆنراوە ئاینییەکان، گرنگترین ئەو دەقانەی خالید کە بە کوردی نووسرابێتن بریتییە لەو عەقیدەنامەیەی کە بە زمانی کوردی نووسیوێتی١٨. لە ڕاستیدا، ئەمە لە یەکەمین دەقەکانی پەخشانە کە بە سۆرانی نووسرابێت، ئەگەر دەقی یەکەمیش نەبێت و تەنانەت پێش مەولوودنامەش کەوتووە کە لەلایەن شێخ حوسینی قازییەوە نووسراوە (ساڵی ١٨٧١ مردووە) وەک وەرگێڕانێکی سۆرانی بۆ پێشەکییەکەی گوڵستانی سەعدی، کە لە لایەن ئەمیری حەسەنپوورەوە وەک یەکەم نموونەکانی پەخشانی بە زمانی کوردی سۆرانیی نووسراو لەقەڵەمدراوە (١٩٩٢: ٩٠). هەڵبەت ژمارەیەکی کەمی دەقی پێشتر هەن کە بەو زمانە نووسرابێتن، لە نێویاندا ئەحمەدی (١٧٩٥)، کە قامووسێکی قافیەداری زمانی عەرەبییە و تا ڕادەیەک “نوبەهارا پچووکانی” کۆنتری ئەحمەدی خانیمان بیردەخاتەوە کەوا دەربڕینی بنەڕەتی بە زمانی عەرەبی بۆ قسەکەرانی کرمانجیزمان ڕووندەکاتەوە. شیاوی باسە کەوا بەدیاریکراوی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠دا بووە، کەوا دیالێکتی سۆرانی بووە بە ئامرازێکی خوێندن و فێربوون و بەرەبەرە جێی هەورامیی گرتووەتەوە وەک زمانی حوکمڕانی١٩، (لێرەدا مەبەست دیالێکتی گۆرانە کە لە میرنشینی ئەردەڵاندا زمانی نووسین و قسەکردن بووە و لە ناوچەکانی تری کوردستانی باشووریشدا زمانی نووسین بووە – وەرگێڕ). ئەوە وردەکارییەکی جێبایەخە کەوا لە ڕاستیدا ” ئەحمەدی” لە لایەن شێخ مەعرووفی نۆدێی شێخی قادرییەوە نووسراوە، کە مێمڵ و ڕکابەری گەورەی ئاینیی شێخ خالید بووە لە سلێمانیدا. مەسەلەکەش تەنها هەر ڕێکەوت نەبووە کەوا هەردوو شێخەکەی کێبەرکێیان بووە لە سەر مورید و شوێنکەوتوو ئەم دەقانەیان بە زمان یان دیالێکتی لۆکاڵی نووسیوە، وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە گەورەترین ژمارەی دانیشتووانە ناوخۆییەکە.
بەڵام با یەکەمجار چاوێک بگێڕین بە ناوەرۆکی ئاینی و زمانەوانیی عەقیدەنامەکەی شێخ خالیددا. لایەنە مەزهەبی و باوەڕییەکانی ئەم کارە هەندێ شتی نوی و گرنگ لەخۆدەگرن، چونکە لەپاڵ هەر پێنج ڕوکنەکەی ئیسلامدا، شێخ خالید شەش پرەنسیپی (ئوسووڵی) باوەڕ (ئیمان) دیاری دەکات، کە لێرەدا من ڕۆشنایی دەخەمە سەر دوو دانەی دواییان، کە بە بڕوای خۆم بایەخێکی تایبەتیان هەیە. دووەم بنەمای ئیمان لە لای شێخ خالید باوەڕهێنانە بە فریشتەکانی خودا (مەلایکەی خودای تەعالا) وەک جۆرێکی تایبەتی خەلقندەی ڕووناکیی بێگوناە و خەوش، کەوا نە نێر و نە مێن و لەبریی ئەوە مەخلووقاتێکن لە هاوەڵان یان منداڵانی خودا. ئەم بنەما یان پرەنسیپە لە لایەن ڕوکنی چوارەمەوە پاڵپشتی دەکرێت، کەوا باس لە ڕۆڵی پێغەمبەران و هاوەڵانیان و ئەوانیتر دەکات و ئەمانە هەموو بە شێوەیەکی بەرچاو وەک “دۆستانی خودا” (ئەولیا) وەسف دەکرێن، کە ئەمەش زاراوەیەکی باوی سۆفیگەری و ئاینی میللییە. شێخ خالید جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر وەلییەک بە ڕێی ڕاستدا بڕوات و کەرامات یان پەرجوو ئەنجامدەدات و باڵاترین سوڵەحا و ئەولیا لە سەرەوەی خوارترین فریشتەکانەوەن٢٠. لێرەدا بە شێوەیەکی ئیلهامبەخش جەختێکی سەلمێنراو دەبینین لەسەر ئۆرسۆدۆکسی (ئوسووڵییەت) کە بە ڕێکی ئەو لایەنانەی باوەڕی میللی جیادەکاتەوە کە وەهابییەکان ڕقیان لێدەبووەوە – بەتایبەتیش پێگەی بەرزی شێخەکانی سۆفیگەری و توانایان بۆ ئەنجامدانی پەرجوو (موعجیزە).
ئەم جیاوازییە زیاتر ڕووندەبێتەوە کاتێ کە بەراورد لە نێوان بیر و باوەڕ و ئایدیاکانی خالیدی و وەهابیدا دەکەین سەبارەت بە تەقلید و ئیجتیهاد، ئەگەرچی شێخ خالید ڕاشکاوانە ئەم زاراوانەی بەکارنەهێناوە، بەڵام هەڵوێستی لەئاستیاندا بەتەواوی ڕووندەبێتەوە لە سەرنج و تێبینییەکانیدا لەسەر چوار قوتابخانەکەی شەرع یان مەزهەب و و وەک ئەولیا باس لە دامەزرێنەرانی دەکات و باس لەوە دەکات کە پێویستە شوێن ڕێچکە و دەسەڵاتیان بکەون. ئەمەش لە پاڵپشتی بەهێزی تەقلیددا کورت دەبێتەوە سەبارەت بە قوتابخانەکانی شەرع – هەڵبەت ئەم پاڵپشتییەش بە شێوەیەکی زەق دژوارە لەگەڵ هەڵوێستی وەهابیدا. ئاشکرایە کەوا موحەممەد ئیبن عەبدولوەهاب زۆر بەتوندی پەرستنی شێخانی سۆفیگەری و ئەولیا ڕەتدەکاتەوە و هەروەها پەرستنیشیان لە گۆڕ و ئارامگەکانیاندا. بە ئاستێکی تا ڕادەیەک کەمتریش، بەڵام بە هەمان ئاستی گرنگی، ڕەتکردنەوەی بوو بۆ تەقلید یان قبووڵی دوور لە ڕەخنە بۆ دەسەڵاتی ئاینی، کەوا لە دامەزراوەی چوار یاسا یان مەزهەبەکەدا جێکراوەتەوە. ئەو بەتەواوی جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە: واتە ملکەچبوونی زانایەکی ئایین یان مەزهەب لەبریی قورئان و سوننە، وەک ئەو باسی دەکات، دەگاتە ئاستی بە خودا دانانی مرۆڤ و بەو پێیە ئەمە سەردەکێشێتەوە بۆ فرەخودایی یان شیرک (کتاب التوحید، فەسڵی ٣٨). هەڵبەت شێخ خالیدیش کۆک نەبووە لەسەر ئەوە. لە ڕاستیدا، لە دەقەکانی دواتری نەقشبەندیدا، بەزۆری ئاماژە بۆ ئەم جۆرە تەقلیدە دەکرێت لە لایەن سەلەفییەکانەوە وەک “لامذهبیة” یان “نامەزهەبیزم” و وەک بیدعە یان داهێنانێکی زەندەقە ڕەتکراوەتەوە. بەو پێیەش، وا دیارە ئیزافەکردنێکی دواتر بۆ دەقی ئیعتیقادنامە، کە لەنێو ئەوانیتردا ئاماژە بە ڕەشید ڕەزا دەکات (١٨٦٥ – ١٩٣٥)، ڕەتکردنەوەی وەهابی بۆ تەقلید بەوە پێناسە دەکات وک “نامەزهەبیزم” (لامذهبیة) و تەنانەت “دژە سوننیزمیش”٢١. بە هەمان شێوەش، باس لە نامیلکەیەکی دژە سەلەفیی یەکێک لە بانگەشەکارە بەناوبانگەکانی نەقشبەندی دەکرێت کە موحەممەد سەعید ڕەمەزان ئەلبووتییە و بەتوندی “لامذهبییة” یەکسان دەکاتەوە لەگەڵ بیدعەدا٢٢. بەهەرحاڵ، لە عەقیدەنامەکەی خودی شێخ خالیددا، قبووڵکردنی یەکلاکەرەوەی “مذاهب” باسکراوە بەڵام بەڕوونی نەیار نییە لەگەڵ هیچ هەڵوێستێکی وەهابی یان سەلەفیدا.
پێویستە مرۆڤ زیادەڕۆیی نەکات لە جەختکردنی پەیوەندیی تەسەوفی مەولانا و پرۆفێشناڵێتیی باوەڕەکەیدا، چونکە بۆ نموونە، نە عەقیدەنامە و نە ئیعتیقادنامە باسی وردەکاریی پەیوەندیی ڕۆحییان نەکردووە لە نێوان مورید و مورشیددا، هەرچەندە ئەم پەیوەندییە پێگەیەکی سەنتراڵی هەیە لە بیر و ئایدیا سۆفیگەرییە توند و پێڕۆ و ڕاهێنانەکانیدا. لە ڕاستیدا، لە چاوی هەندێ لە ڕکابەر و نەیارەکانیەوە، ئەم جەختکردنە لەسەر ڕۆڵ و حاڵەتی تایبەتی شێخ وایلێکردووە کە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە جۆری ئەو پەرستنی پیاوچاک و پیرۆزییە نزیکبێتەوە کە نەک هەر لە لایەن تەنها موحەممەد بن عەبدولوەهابەوە ئیدانە دەکرا بەڵکوو بە هەمان شێوە لە لایەن زۆرێک لە شێخە توندڕەوەکانی نەقشبەندیشەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بایەخی ناوەرۆکی عەقیدەنامە لە زمان و شێوازەکەیدایە. یەکێک لە لەو خاسییەتانەی کە دەسبەجێ سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت پەخشانە سۆرانییە ڕوون و سادەکەیەتی کە تا ڕادەیەک بەتایبەتی بەدەرە لە گواستنەوەی عەرەبی و فارسی. هەروەها تەنانەت ئاسانترە لە شێواز و ناوەرۆکی ئاینی لە “عەقیدەیا ئیمانێی” ئەحمەدی خانی، کە ئاڕاستەی کۆمەڵێک قوتابیانی گەنجی مەدرەسەیەکی کردووە. ئەم دیارنەبوونە ڕێژەییەی دەربڕینی عەرەبی لە واقیعدا جێی سەرسوڕمانە لە کارێکی خوێندنی ئاینیی ئیسلامیی بەراییدا.
ئێمە نازانین چەند دەسنووسی عەقیدەنامە لەبەردەستدا بووە یان تا چ مەودایەک بڵاو بووەتەوە. وەک لەسەرەوە تێبینی کراوە کەوا موحەممەد (٢٠٠٤) چوار دانەی لەبەرگرتووەتەوە بۆ دەسنووسەکانی سەدەی نۆزدە و کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨١٩. بەهەرحاڵ، ڕاستیی ئەوەی کەوا بە زمانی کوردی نووسراوە لەجیاتی عەرەبی یان فارسی مەسەلەیەکی گرنگە، چونکە ئەوە دەگەیەنێت کە مەولانا درکی بە کۆششێکی هۆشیار و بەئەنقەست کردووە بۆ ئەوەی بگاتە بەربڵاوترین خەڵک لە ناوەوە و دەوروپشتی سلێمانیدا کە یان نەخوێندەوار بوون یان فێری زمانی عەرەبی نەبوون. هەروەها ئەوەش دەگەیەنێت کەوا ئەم دەقە لە ماوەی مانەوەیدا لە سلێمانی نووسراوەتەوە و پێش ئەوەی بۆ دواجار ناوچە کوردی زمانەکان بەجێبێڵێت لە ساڵی ١٨٢٠دا و لە دوای ئەوە چیتر کەڵکی نەدەگرت کە بە کوردی بنووسێت. عەقیدەکان، یان کار و پیشەی ئاین و باوەڕ، ڕاگەیاندنی تایبەت نەبوون بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی تەرخان بوون بۆ جۆرێک لە بەکارهێنانی گشتی، بەتایبەتی ئەگەر لە لایەن کەسایەتیی ئاینیی گشتییەوە نووسرابێت وەک ئیبن تەیمییە یان سەرکردە دنیاییەکانی وەک ئیبن تیماراتی حاکمی ئەلمۆهاد و بەگشتی کاری سرووت و ڕێوڕەسم و ڕێنمایی ئاینیی کردووە. بەو پێیە، عەقیدە لە خۆیدا دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام دەقەکەی شێخ خالید هەندێ داهێنانی گرنگی مەزهەبی و زمان لەخۆدەگرێت.
دەقەکە تا ڕادەیەک گواستنەوەی کەمی زمانی عەرەبیی تێدایە و تەنانەت زاراوەی کەمتری فارسیی تێدایە. لە هەندێ شوێندا، چەند گونجاندنێکی مۆرفۆلۆجیی وشە عەرەبییەکانیش دەبینین بۆ سەر شێوازی زمانی کوردی. بەو ڕەنگە، بۆ شێوازی کۆی “ئەسڵ واتە بنەما”، دەقەکە “ئەسڵان” بەکاردێنێت لەجیاتیی کۆی عەرەبییەکەی کە دەکاتە “ئوسووڵ – أصول”. بە ڕوونی زمانی عەقیدەنامە خۆی گونجاندووە لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکانێکدا کە لەوانەیە هەندێ وشەگەلی تا ڕادەیەک باوی عەرەبی بزانن، بەڵام ئاشنا نین لەگەڵ وشە و دەستەواژەی ئاینی یان وردەکاریی ڕێزمانی عەرەبیدا. بۆیە دەکرێ ئەنجامگیریی ئەوە بکەیت کەوا خەڵکی مەبەست بریتی بوون یان لە قوتابیانی گەنجی مەدرەسەی کوردی زمان یان لە ڕەشەخەڵکەکەی دەرەوەی خوێندنی مەدرەسەی ئاینی (یان حوجرە). من هەوڵ دەدەم کەوا لە خوارەوە ئەم بۆچوونە بە وردتر باس بکەم.
هەروەها لە ڕووی بنیات و پێکهاتەی ڕستەشەوە، زمانی عەقیدەنامە زۆر سادەیە و وەڵامی دوو پرسیاری بنەڕەتی بە دوای یەکدا دەداتەوە، کە بریتین لە “ئیسلام کێیە؟” و “ئیمان (باوەڕ) چییە؟”. ئەم مەسەلەکە بە دەستەواژەیەکی میللیی نیمچە گشتی دەستپێدەکات (ئەگەر کەسێ دەپرسێ ئیسلام چییە ئیسلام ئەمەتە …) و ڕێک بە هەمان شێوازیش گفتوگۆی هەر بنەما یان پرەنسیپەکەی باوەڕ (ئیمان) دەکات و پاشان دەست دەکات بە ژماردنی یەک لە دوای یەکی ئەم بنەمایانە بە شێوەیەکی چەندبارە کە ئاسان بێت دوایان بکەویت: ئەسڵی ئەووەڵ ئەمەتە …. ئەسڵی دووەم ئەمەتە ….. و ئیتر بەم شێوەیە لەسەری دەڕوات.
______________________________
کورتەیەکی ژیاننامە و بەرهەمی میشێڵ لیزنبێرگ Michiel Leezenberg
میشێل لیزنبێرگ، لەدایکبووی ١٩٦٤، فەیلەسوفێکی ھۆڵەندییە. ساڵی ١٩٨٨ لە بەشی زمانە کلاسیکییەکان و لە ساڵی ١٩٨٩ لە بەشی فەلسەفە و زمانەوانی دەرچووە. ساڵی ١٩٨٨ بۆ یەکەمجار چووەتە کوردستان و دەستی بە فێربوونی زمانی کوردی کرد. ساڵی ١٩٩٢ بووەتە چاودێری ھەڵبژاردنی ١٩ی ئایاری باشووری کوردستان و دواتر وەک مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٩٥ لە تێزی دکتۆراکەی لە ژێر سەردێڕی کۆنتێکستەکانی مێتافۆر لە ژێر سەرپەرشتیی ڕێناتێ بارچ و مارتن ستۆخۆف بەرگری کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر فەلسەفەی زمان بەدەستھێناوە. لە ساڵانی ١٩٩٦-١٩٩٧ وەک مامۆستای زمان و چاندی کوردی لە بەشی زمانەکانی ڕۆژھەڵاتی نزیک لە زانکۆی ئوترێخت بووەتە مامۆستا.
لە ساڵی ٢٠٠٧ وە لیزنبێرگ بوو پرۆفیسۆرە لە بەشی فەلسەفە لە زانکۆی ئەمستردام و پسپۆڕی فەلسەفەی ئیسلامی و فەلسەفەی میشێل فوکۆیە و بە هەردوو زمانی هۆڵەندی و ئینگلیزی دەنووسێت و بە دیالێکتی کرمانجی زمانی کوردی بە ڕەوانی قسە دەکات.
کتێب و بڵاوکراوەکانی:
– زەمینەکانی مێتافۆر (ئێلزەویر، ٢٠٠١)
– فەلسەفەی زانست بۆ زانستە مرۆییەکان (چاپخانەی زانکۆی ئەمستردام، ٢٠٠١، لەگەڵ جیرارد دی ڤریس)؛ وەشانی ئینگلیزی: مێژوو و فەلسەفەی زانستە مرۆییەکان.
– فەلسەفەی ئیسلامی: مێژوویەک (بوڵاق، ٢٠٠١؛ لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکەم خولی خەڵاتی جامی سوکراتی پێبەخشرا).
– نەفرەتی ئۆدیپۆس: زمان، دیموکراسی و توندوتیژی لە تراژیدیای یۆنانیدا (ڤان جێنێپ، ٢٠٠٦).
– ئەقڵ و ئایین: گەڕانێک (ڤان جێنێپ، ٢٠٠٧).
– قورئان بۆ کەسانی سەرەتایی (بێرت باکەر، ٢٠١٠، لەگەڵ ڕۆبێرت وۆڵتەرینگ).
– منارەی بەغدا: سێکس و سیاسەت لە ئیسلامدا (پرۆمێتیۆس، ٢٠١٧).
– فوکۆ (گەردیلە سەرەتاییەکانی ئەتینیۆم، ٢٠٢١).
وەرگێڕان
– ئەبوو نەسری فارابی: شاری فەزیلەتدار (بووم، ٢٠٢٢).
– ناگارجوونە: ئایەتەکانی بنەڕەتیی ڕێگای ناوەڕاست (بووم، ٢٠٢٤).
– ئاگاداری ڕۆحت بە: ژنە فەیلەسوفە یۆنانییەکان لە تیانۆوە تا ھایپاتیا (بووم، ٢٠٢٤).
History Of Kurdistan مالپهرێكی تایبهته به مێژووی كورد و جیهان