Home / بەشی مێژووی كورد / شێخ سەعید پیران

شێخ سەعید پیران

هیوا ساعدی
🔸ئاواتە خوازم لەسێدارەدانم هاندەرێک بێت بۆ بەهێز بوون و سوربونی نەوەکانی دووا رۆژی نەتەوەکەم لە پێناوی سەر بەخۆیی کوردستان.. بێگومانم رۆژیک دێت لەم شوێنەدا و لەهەموو کوردستان دا ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان هەڵکریت.

💐ساڵی 1865 ی زاینی لەناوچەی (پاڵوو) لەدایک بووە یەکێکە لە شێخە بەرزەکانی نەقشەبەندی لە پاش مردنی باپیرەی (شیخ عەلی) باوکی ناوچەی پاڵووی) بەجێ هێشتووە و رووی کردۆتە شاری (خنیس) شێخ سەعید خوێندنی دینی لەو شارە تەواو کردوە، پایە و ریزی کۆمەڵایەتی شێخ و زیرەکی و لێهاتوویی و دەوڵەمەندی بۆتە هوی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵە پەیوەندییەکی راستەو خۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بکات لە کوتایی هاوینی1923 (یوسف زیبا) کەسەرۆکێکی بزوتنەوەی کورد و نائیبی کۆنی شاری (بەتلیس) بووە لە پەڕڵەمانی تورکیادا، چۆتە شاری (خنیس) بۆ خزمەت و دیدەنی شێخ سەعید، لەپاش گۆرینەوەی بیروڕاو رونکردنەوەی دید و بۆچوونیان رێکەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری هەڵگیرسانی شۆرشێکی نوێ بدەن…!! لەزستانی ساڵی 1923تا ساڵی 1924 سەرۆک هوزەکان و ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون کۆبونەوەی فراوانیان لە ناوچەی (پاڵوو) بەست کەتیایدا باس لەفراوان کردن و خۆساز دان بوو بۆ چالاکی کردن لە پێناو بزوتنەوەی نهینی و خۆ ئامادەکردن بۆ راپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆی کوردستان ئەم کارو بڕیارەش تا رادەیەکی بەر فراوان بە یارمەتی (شێخ مەحمودی حەفید) و (سمکۆ)ی شکاک بوو، هەروەها بڕیار درا یاداشتێک دەربارەی پشتگیری نەتەوەی کورد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان (عێبە اڵامم) بنێرن (سەرهەنگ خالید جەبری) و (یوسف زیبا) چالاکترین ئەندامانی کۆمەڵەی سەرخۆبون بوون کە هەموو بڕیارە گرنگەکانی کۆمەڵەیان دە گەیاندە دوورترین ناوچەکانی کوردستان و ئامادەییەکی هەمیشەییان لە نێوان سەرۆک هوزەکاندا پەیدا کردبوو، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ پارتی جەمهوری پێشکەوتووی تورکیا پەیدا کردبوو کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1925 دامەزرابوو، بەڵام بەهۆی خیانەتکاری سەرۆکەکانی هۆزی (خورمیک) کەدەنگ و باس و خوئامادەکردنی گەیاندە یاساوڵانی رژیمی تورکیا، بەبڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک (یوسف زیبا و خالید جەبری) بەگ گیران و رەوانەی زیندانی بەتلیس کران، لەپاش گرتنی ئەم دوو سەرکردەیە کۆمەڵە وەک پیویستیەکی گرنگ بە پەلە بریاری دا کە (شیخ سەعید) ی پیران هەڵبژردریت و بکرێت بە سەرۆکی کۆمەڵە ی سەرخۆبوون. (شیخ سەعید) لە پاش هەڵبژاردنی بە سەروکی کۆمەڵە بڕیاری هەڵگیرسانی مەشخەڵی بزوتنەوەی چەکدارانەی دا، بەڵام زیاتر دەیویست بڕیارەکە مۆرکی کوردستانی گەورەی پێوە دیاربێت لەبەر ئەوە (عەلی رەزای) کوڕی ناردە شارەکانی دیاربەکر و حەڵەب بۆ زانینی بیرو بۆچوونی سەرۆکەکانی کوردی سوریا و عیراق و ئیران بۆ زیاتر رێک کەوتن لەسەر کاتی گشتی راپەڕینەکە، لە پاش کوبونەوەیەکی گەورە لە شاری حەڵەب، هەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد بەبێ شورشێکی چەکدارانە مەحاڵە مسۆگەر بکرێت….!! پاشان، روژی 21 ئازاری ساڵی 1925 دانرا بەیەکەم روژی هەڵگیرسانی مەشخەڵی شۆرش و راپەڕین، لە نیوەی دوەمی مانگی یەکەمی ساڵی 1925 دا شێخ سەعید گەشتێکی بەزۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرد، گەرمی هەستی کوردانەی خەڵکی کورد کارێکی وای لێکەوتەوە کە شێخ سەعید شۆڕشی چەکدارانە دەست پێبکات لە دژی داگیرکەرانی ترک، دەچووە هەر ناوچەو گوندێک وشارو شاروچکەیەک بەکومەڵ لایەنگرو دوست روویان تێ دەکرد تا دەهات خەڵکی چەکداری راپەڕینەکە روو لە زیاد بوون دەچوو، بەتایبەتی لەشاری (گەنچ) و ناوچەی (لیچە، خانی، پیران)، لە پێنچی شوباتی 1925 شیخ سەعید (خانی) ی بەجێ هیشت لەگەڵ سەد سوارەی ئازا بەرەو گوندی (پیران) بەڕی کەوتن بۆ ماڵی (عەبدول رەحیمی) برای..لەهەمان شەودا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بەسەرۆکایەتی هەردوو ئەفسەر (حوسنی ئەفەندی و موستەفا عالیم) کە هاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان، دوواجار شێخ سەعید رازی نەبوو کەکەس بگیرێ،ئەمە بوە هوی ئەوەی کەهەردوولا سەنگەر لەیەک بگرن، لەپاش شەڕوتەقە کردن چەندەها کەس لە مەفرەزەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بە ئەسیری گیران، ئەم روداوە لەپڕە بووە هوی رێگرێکی سەرەکی ناوەخت لە کامل نەبوونی خۆ ئامادە کردنی راپەڕینەکەی شێخ سەعید، کاتێک (شێخ تایەر) ی برای (شێخ سەعید) ئەم هەواڵەی بیست، بێ وەستان و چاوەڕوانی لە 10 ی شوباتی هەمان ساڵدا کونتڕوڵی شاروچکەی (لیچە) ی کرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نووسین و نامە و تەلگرافی نهێنی رژێم دا گرت، لەڕوژی 11 ی شوباتدا، لەگەڵ دوو سەد هەزار سوارە چوونە خزمەت شێخ، ئەم روودا و هۆکارانە بونە هۆی سست بوونی هەندێ کاری شۆرشەکە رێگەیان لەدوا خستنی شۆرشەکە گرت بۆیە (شێخ سەعید) بەناچاری پێش وەخت بڕیاری دەستپێکردنی راپەڕینەکەی دا، بەپێی ئامارێکی ئەو کاتە، ژمارەی پێشمەرگە کوردەکان تەنیا لە چوار ولایەدا نزیکەی شەش سەد هەزار کەس بوون بەرامبەر ژمارەیهێزی تورکەکان کە لە سەد هەزار کەمتر بوون جگە لەوەی لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەرکەس و عەرەب و ئەرمەنیشی تێدابوو،ئەم کەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵم لێکراوی ژێر دەسەڵاتی تورک بوون بۆیە زۆربەیان لە شۆرشەکەدا بەشدار بوون و هاوکاریو پشتیوانیان نیشاندا و (شێخ سەعید) سەروکایەتی سوارە پێشمەرگەکانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ هۆزی (مەستان و بۆتان) ی باشوری چیای (کوچەرانی) دەکرد هێزی (ساڵح بەگی خانی) هێزەکانی (شێخ شەمسەدین) یش هاتنە ناوچەی (مادن)و (شێخ ئەیوب) یش لەگەڵ هەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ریزەکانی (شێخ عەبدول رەحیمی) برای (شێخ سەعید) بەرەو رزگارکردنی شاری (دیار بەکر) رۆیشتن، (شیخ سەعید) لەسەرەتاوە هەستی کرد کە هێزەکانی لە توانایان نیە شاری (دیار بەکر) رزگار بکەن بۆیە بیری لە ریگای تر کردەوە.. بۆ ئەمەش کەوتبووە گفتوگۆ کردن لە گەڵ حکومەتی تورک تا بواریکی لەبار بۆ راپەڕینی کوردەکانی ناو شارەکە بڕەخسێنێ، هەر چەندە بوار و رێگا نەبوو بۆ گەیاندنی هیچ جۆرە چەکێک بۆ خەڵکانی ناو شارەکە، گەمارۆدانی شارەکەش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەکەدا رازی نەبوون کە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە پێشمەرگە هێرشی بە جورەها چەک دەست پێکرد بەڵام خۆڕاگری سوپای تورک زۆری خایاند، لە دەرگای ماردینی شارەوە کەرتێکی پێشمەرگە و خەڵکی شار یەکتریان گرتەوەو کەوتنە پەلامار بۆ سەر سوپای دوژمن، تورکەکان سەنگەری پتەویان لی دابوو، لە هەمان کاتدا خاوەنی سەدان چەکی نوێ بوون و توانای سەرکەوتنیان زیاتر بوو، لە پاش شەرێکی قورس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا، کەرتی هێرش بەری پێشمەرگە و خەلک ملیان دایە بەر پاشە کشەکردن و گەڕانەوە دواوە لە پاش دوو سێ هێرش پێشمەرگەکان کە تێدا سەرنەکەوتن، بە تەواوی بڕیاری وازهێنان لە گەماروی شارەکە و پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن (شێخ سەعید) وە درا..!! ریزەکانی شورش رۆژ لە دوای رۆژ بەرە و شپرزەیی و پەرش و بڵاوی دەچوو، بە تایبەتی کاتێک سوپای دوژمن لە باکورو باشورەوە بە هێزی زۆر هێرشیان هیناو گەماروکەیان پێچەوانە کردەوە لە شکری (جەندرمە) ش بۆ هێرش بردنە سەر دوا هێزی پێشمەرگە و سەرکوتکردنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە چەندەها لاوە هێرشی دڕندانەیان برد و کوشتارو قەتڵ عامیکی بێ رەوایان لەخەڵکی بێ گوناهو رەش و رووتی کورد کرد،،، لە کوتایی مانگی نیسان بە هۆی خیانەت و جاشێتی سەرۆک هۆزی (جبرانان) و دەرەبەگی تاوانبار (قاسم بەگی جبران) (شێخ سەعید،شێخ عەبدوڵڵا،عەلی غالب، رە شید ئاغا) و بیست و شەش شۆرشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی (مۆراچ) لە ناوچەی گەنج بەدیل گرت دای بەدەستەوه..!! لەدوای دادگایکردنی شێخ سەعید و هاورێکانی لە کۆتایی مانگی ئایارەوە کە دەستی پێکرد و ماوەی یەک مانگی خایاند، جگە لە شێخ سەعید، چل و حەوت تێکۆشەری کورد بڕیاری لە سێدارە دانی دەرکرا و لە شاری (دیار بەکر) بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە و بووێرانەوە لە سێدارە دران گیانی پاکی خۆیان کردە قوربانی رێگەی خاک و نیشتمان، شێخ سەعید بۆ دووا جار لەژێر پەتی سێدارەدا فەرمووی بەهیچ شیوەیەک پەشیمانی ئەو تیکوشانە نیم.. لە پیناوی نیشتمان و گەلەکەم گیانم بەخت ئەکەم. ئەوەندەمان بەسە کە نەوەکانی دوا رۆژمان لە بەرامبەر دوژمنانیاندا شەرمەزارو خەجاڵەت نین و.. شانازی بەمێژووی خویانەوە ئەکەن…ئاواتە خوازم لەسێدارەدانم هاندەرێک بێت بۆ بەهێز بوون و سوربونی نەوەکانی دووا رۆژی گەلەکەم لە پێناوی سەر بەخۆیی کوردستان.. بێگومانم رۆژیک دێت لەم شوێنەدا و لەهەموو کوردستان دا ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان هەڵکریت.

سەرچاوەکان
شۆڕشی ئاگری شێخ سەعیدی پیران – وێبگەی قادرزادە، سەردانی ٢٩-٧-٢٠١٠
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و سۆڤێت، ئەفراسیاو ھەورامی، لە ساڵی ٢٠٠٢، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

About دیدار عثمان

Check Also

‎هۆلۆکۆستی کورد

‎قوتابی:عمر خليل خالد‎قوتابی لە زانکۆی سۆران بەشی مێژوو قۆناغی چوارەم ‎هۆلۆکۆستی کورد وەک یەکێک لە …