Home / بەشی مێژووی كورد / بێتواتەی خۆشناوەتی لەسەرچاوە میێژووییەکان لەسەردەمی تورک و ئینگلیزەکاندا

بێتواتەی خۆشناوەتی لەسەرچاوە میێژووییەکان لەسەردەمی تورک و ئینگلیزەکاندا

ئامادەکردنی:غریب زاهیر غریب      

مینۆرسکی باسی پێکهاتەو بارودۆخی کوردەکان دەکات لە پێش جەنگی جیهانیەوە دەڵێت:”لەڕووی باری کۆمەڵایەتی یەوە بەشێوەیەکی گشتی کوردەکان لە سیستەمی عەشیرەتگەری پێکهاتوون، بەشێوەیەکی گشتیش عەشیرەت لە دووبەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمییان ئاغاو دەرەبەگەکانن هەروەها خاوەنی زەوی و دەست و پێوەندەکانیان، بەشی دووەمیان جوتیارەکانن، واتە مسکێنەکان(1)، عەشیرەت لە کوردستاندا لە(بەرە)یان(تیرە) پێکدێ، کە ئەویش بە بنەماڵەو بنەماڵەش بە بەرەباب دابەش دەکرێ، سەرۆکی عەشیرەت مەزن یا میر یا بەگەو سەرۆکی بەرەش ئاغایە، بەگ و ئاغا دەسەڵاتێکی قانوونی و ئیداری بێ سنووریان هەبوو، ئاغا لەهەموو کاروبارێکدا، بۆ خۆی بڕیاری دەدا، بەڵام ڕندێن سپی و پیاوماقوڵەکانیش کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی ئاغا هەبوو، لەپاش مردنی ئاغا کوڕە گەورەکەی لەجێگای دادەنیشت و ئەگەر کوڕیشی نەبایە، برایەکەی لەجێگای دادەنیشت(٢).

ناوی هۆزە کوردییەکان، لەبنەڕەتدا لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازییان هەیە، لەهێندێ باری تایبەتدا، ئەوهۆزانەی لەناوچە شاخاوییەکان، لەناوەڕاست و خوارووی کوردستان نیشتەجێبوون، بەناوی ناوچە جوگرافیاییەکانەوە ناودەبرێن، لەهەندێ باری دیکەشدا بەناوی دامەزرێنەری تیرەو هۆزەکانیانەوە دەناسرێن، ئەم شێوەیەی دووەمیش، بۆ ئەو هۆزانەی بەکاردەهێنرێ، کە لەسەردەمێکی درەنگدا درووستبوون(3).

سەبارەت بەو ناوچەیەی کە خۆشناوەکانی تێیدا نیشتەجێ یە پێی دەوترێت(خۆشناوەتی)، ئەمەش هەرێمێکی شاخاوی سەختە و پڕە لە دۆڵ و ڕووباری سارد و سازگار و باشترین میوە و دارستان و بەروبومی کشتوکاڵی وەکو توتنی لێ دێتە بەرهەم، لەبارەی بەڕێوەبردنەوە بەسەر هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دابەش کراوە، و لە هەولێر بەرقەزاکانی کۆیە و شەقڵاوە کەوتووە، لە سلێمانیش کەوتووەتە سەرووی ڕۆژئاوای قەزای ڕانیەوە(٤).

دەربارەی دروستبوونی هۆزی خۆشناو، بۆچوونێک هەیە، کە دەووترێت ئەو هۆزە چەند سەدەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ڕووخانی میرنیشینی ئەردەلان لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەردەستی ئیمپراتۆریەتی صەفەویەکان توشی جەنگ دەبن لەگەڵیاندا، بۆیە میری ئەو میرنیشینە، کە ئەمبێزخانە بەرەو ناوچەکانی باشووری کوردستان دێت و لە ناوچەی خۆشناوەتی و لەگوندی هەرمک دادەنیشێت وسێ کوڕی هەبووە، ئەوانیش(میرمەحمەل) و (پشتگەلی) و (میریوسف)ن، لەدوایدا ئەمبێز خان لەسەرکێشەی ئاودێری (میر شەرک) ی سەرداری ناوچەکە دەکوژێت و دەچێتە سەر خانووی ئاغا و دەڵێت: سەردەمی (میرشەرک) کۆتایی هات و ئێستا سەردەمی ئەمبێزخانی ئەردەلانیە، دواتر دەبێتە حوکمڕانی ناوچەی خۆشناوەتی، بەڵام باس لەوەش دەکرێت، کە درووستبونیان وەکو هۆز بۆ پێش ئەو مێژووەش دەگەڕێتەوە(٥).

لە کۆنەوە دەستەی فەرمانڕەوابوون، بە ژیر و ئازایی و سەرکێش ناسراون، لەڕووی ئایینەوە موسوڵمانی سونین و لە پەیڕەوانی هەردوو ڕێبازی قادری و نەقشبەندین، چەندین زانای ئایینیان تێدا هەڵکەوتووە، هۆزێکە لەلایەن میرەوە سەرکردایەتی دەکرێن، کە نازناوێکی عوسمانییە(٦).

یەکێک لەوشوێنانەی خۆشناوەکانی تێدا نیشتەجێبوونە بێتواتە بووە، کە هەر لەکۆنەوە شوێنێکی ستراتیجی و گرنگ بووە هۆکارەکەشی پێگەی جوگرافیاکەیەتی، کە لە شوێنێکی مەحکەمدایەو سوپا بەئاسانی نایگاتێ، بێتواتە گوندێکە کەوتۆتە بناری چیای ماکۆک و چیای شیشار بەسەری دا ئەڕوانێت، جێگایەکی خۆش و ئاووهەوای سازگارە، لە کۆنەوە ئاوەدان بووە، هەندێ شێوێنەواری دێرینی تێدا دۆزراوەتەوە، نزیکەی (٣٠)کیلۆمەتر لە ڕانیەوە دوورە. سنوری ناحیەی بێتواتە لە گوندی تاقۆڵان دەست پێدەکات و بە ناحیەی بالیسان کۆتایی دێت، ئاندێک ئانگۆز سەرئەشکەوتان چەند دێییەکن و لەڕۆژهەڵاتی بێتواتەن. هەرتەل وبێکێڵیش دوو دێن دەکەونە ڕۆژئاوای بێتواتە(7).

بێتواتە بەپێی شوێنەوارەکان ڕەگ وڕیشەیەکی هەیە ناوەکە لە شوێنەوارەکانی ناو بێتواتە جیانابێتەوە، ناوەکە پێک دێ لە دوو بڕگە (ب) یان (بیت) کە بە واتای (ماڵ) یان (پەرستگا) دێت، وە وشەی (واتە) کە لە وشەی UTU وەرگیراوە واتە( خوای خۆر)  وە بەلێکدانی ناوەکە (بیت- واتە) بووە بە (ماڵ یان پەرستگای خوای خۆر)، وە دوور نییە کە لە کۆندا شوێنی پەرستنی ئەو خودایە بووبێت لە سەردەمە زۆر کۆنەکاندا ، ئەوەی ئەو بۆچوونە پشت ڕاست دەکاتەوە ئەوەیە کە زۆرێک لە ئاسەواری کۆن لە ناوچەکەدا هەیە کە دەگەڕێنەوە بۆ چاخە کۆنەکانی ڕابردوو (٨).

هۆزی خۆشناو لەگەڵ ئەوەی چەند گروپێکیان هەیە، ئەوەی پەیوەستە بە ڕانیەوە بریتییە لە لقەکانی پشتگەلی کە  بێتواتە بنەکەی سەرەکییان بووە، لەوێوە سەرپەرشتی چەند گوندێکیان کردووە لە سنووری ڕانیەو شەقڵاوە، بێتواتە مەڵبەندی میری خۆشناوان بووە، بەشی پشتگەلی بۆ هەموو کاروباری هۆزی خۆشناو بنکەبووە، یەکەم سەرۆک هۆز ئەمبێزخان کوڕی کڵۆڵ بەگ بووە کە لەنەوەی بابا ئەردەلان بوو، کاتی خۆیی لەشاری (سنە)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە لەڕۆژگاری دەوڵەتی سەفەوی ئەمبێزخان کاربەدەستێکی ووریا بووە، بەڵام بەهۆی ڕووداوێکی ناوخۆ خۆی و خزمەکانی لەشاری سنەوە هاتوونەتە گوندی (هەرمک) هەرێمی خۆشناوەتی، بەهۆی لێهاتووی و جوامێرییەوە، خەڵکەکەی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە، لە ئەنجامدا بووەتە سەرۆک عەشیرەت، لە دوای خۆی کوڕەکەی کە ناوی(عبداللە بەگ) بووە بووەتە میری خۆشناوەتی، لەدوای ئەویش (ئاودەل بەگ) بووەتە میری خۆشناوەتی ناوچەی (پشت گەلی )، لە دوای ئەویش بارام بەگ بووەتە میر و لەدوای ئەو (قادر بەگ)ی کوڕی بووەنەتە میر، لە دوای ئەو (خدر بەگ)بووەتە میر، خدربەگ لە ساڵی(١٨٩٥ز) لە شەڕێکی قورسی نێوان بڵباس و ئاکۆدا کوژرا، واتا شەڕەکە لەنێوان ئاکۆو بڵباس بوو، خدر بەگیش بووە بە لایەنگرو هاوپەیمانی عەشیرەتی ئاکۆ، لەدوای ئەو(میرانی ئەحمەد بەگ)ی برای خدر بەگ بووەتە میر و لە دوای ئەویش میرانی ڕەشید بەگ کوڕی میرانی ئەحمەد بەگ بووەتە میر، ئەو گوندانەی کە سەر بە دەسەڵاتی پشت گەلی بوون(٢٠)گوند بوون کە بنکەی سەرەکیان بێتواتە بووە(٩).

لەکتێبی(کورد لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا 1918-1924) دا هاتووە:” بێتواتە بنکەی ئەحمەد بەگی سەرۆکی پشتگەلیەکانە لە عەشیرتی خۆشناو، ئەو کەسەیە بەرپرسیاری کێشەکانی ناوچەی هەولێرو ڕانیە بووە”(١٠).

ئەحمەد بەگ لە تەمەنی (٨٠) ساڵیشدا چەکی هەڵدەگرت و پیاوی دونیایی بوو، لە ساڵی(١٩٢٣)لەدوایی مردنی ئەحمەد بەگ میرانی ڕەشید بەگ بووەتە سەرۆکی پشتگەلییەکان، ڕەشید بەگ کوڕی میرانی ئەحمەد بەگە، لەتیرەی پشتگەلیانی هۆزی خۆشناوە، لەگوندی بێتواتە لەدایک بووە هەر لەو گوندەش ژیاوە، کەسایەتیەکی ناسراوی ناو هۆزەکەی بووە، ساڵی ١٩٤٠ گیانی سپاردووە(١١).

لە کتێبی (شخصیات عراقیة في ملفات الاستخبارات البریطانیة ١٩٢٣)دا هاتووە: میرانی ئەحمەد بەگی بێتواتە سەرۆکی پشتگەلیەکانە لە عەشیرەتی خۆشناو، پیر و نەخۆشە، تەمەنی(٦٠)ساڵە، ئارام و خۆبەزلزان، سەرەڕای وریایی، بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزی نییە، بەو پێیەی کە لەلایەن ڕەشید بەگی کوڕەکەیەوە دەسەڵاتەکانی بەڕێوە دەبرێن، هەروەها هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر منداڵەکانیدا نییە و لە ماوەی ساڵی(١٩٢٢)دا یارمەتی تورکەکانی داوە(١٢). لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا لە هەمان کتێب بەم جۆرە باسی(ڕەشید بەگی بێتواتە)دەکات: ڕەشید بەگی بێتواتە سەرۆکی پشتگەلیەکانە لە عەشیرەتی خۆشناو زۆر خراپەکار و فێڵبازە و لە بێتواتە دەژی(١٣). لەبەرئەوەی ئەحمەد بەگ و ڕەشید بەگ  لەکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتانەدا نەبوونە بە لایەنگری ئینگلیزەکان بەم جۆرە ناوی هێناون بە کەسێکی فێڵباز و بێ ئیرادە.

دەبلیو ئاڕ هی لە یاداشتەکانی دا دەڵێت: “سەردانی گوندی هیرانم کرد میوانی کەسێک بووم بە ناوی (علی بەگ) کە زۆربەی کات لەدژی تورکەکان ڕاپەڕیبوو، ئەو میوانداریەکی زۆرباشی کردم، ئەمە شتێکی نائاسای بوو چونکە گوندەکەیان دەکەوتە سەر ڕێگای نێوان کۆیە و شەقڵاوە میوانێکی زۆر لێیان دەبووە بارگرانی، لەوێ (میرانی ئەحمەد بەگی بێتواتە) سەرۆک هۆزی (پشتگەلی)م بینی، کە پیاوێکی پیری داڕوخاو بوو، بێ تواناو بێ ئیرادەبوو، هۆزەکەی ئەو ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتواناو دەسەڵات بوون، بەڵام ئەو چەند ساڵێک لە مەوبەر خراپەی لەگەڵ تورکەکان کرد ئیدی تورکەکان پیرانەکانیان بانگهێشتکرد و گوندەکانی ئەوانیان وێران کرد(١٤).

هەرچەندە پێکهێنانی حکومەتی کاتی عێڕاق لە (تشرینی دووەمی١٩٢٠)و دواتریش دامەزراندنی ڕژێمی پاشایەتی لە ساڵی  (١٩٢١)بووە هۆی هێور کردنەوەی بارودۆخ لە ناوچە عەرەب نشینەکان لەم وڵاتە، بەڵام ئەم هەنگاوانە لە کوردستانی باشوور هیچ کاریگەریەکی هێمنکەرەوەی نەبوو، بەڵکو زیاتر کوردانی لە هەڵوێستی بەریتانیا بێئومێدکرد، تادەهات ناوچەكە نائارامی و بشێوی و راپەڕینی زیاتری بەخۆوە دەبینی، هەر لە ڕەواندز، زاخۆ، بارزان، ئاكرێ‌، سلێمانی، كفری و دەوروبەری.. تاد، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەریەك لە هۆزەكانی سورچی، زێباری و خۆشناوەكانیش لە وانەبوون، كە نەیاندەویست ملكەچی سیاسەتی فەرمانڕەوایانی بەریتانیابن، كەچی لەو لاشەوە سەرهەڵدان و چالاكی بەردەوامی توركە كەمالییەكان و قۆرخكردنی باروۆخەكە وایكردبوو، كە زیاتر لەڕووی چەك و تەقەمەنییەوە بكەونە یارمەتی و دەسگرۆییكردنی هێزە راپەڕیوەكان دژ بە نفوزی بەریتانیا لە باشووری كوردستان و میسۆپۆتامیای عەرەبیدا(١٥).

فراوانبوونی دەسەڵاتی تورك و نامەكانی ئۆزدەمیر بۆ سەرۆكهۆزەكانی كورد زۆری پێنەچوو ئۆزدەمیر توانی پشتیوانی بەشێكی گرنگی هۆز و سەرۆكهۆزە گەورەكانی كورد و ناوچەكەی بەدەستبهێنێت، بەتایبەتی: هۆزەكانی سورچی، خۆشناو، هەمەوند و پشدەر هەروەها لە ناوچەكانی هەولێر، كەركووك، سلێمانی و دەوروبەری نفوزێكی زۆری پەیداكرد و بەزۆری هۆزەكان حوكمی بەریتانیایان پشتگوێخست ئەمەش بووە هۆی زاڵ بوونی باڵی لایەنگری تورک لە بزووتنەوەی نیشتیمانی کوردی، و برەوپێدانی، سیاسەت و پڕوپاگەندە دووڕووەکانی حکومەتی تورکی کەمالی لەو ناوچە کوردیانە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ویلایەتی موسڵی سەر بە دەوڵەتی عوسمانییان پێکدەهێنا، هەر بەو پێودانگە و بۆ بەهێزکردنی داواکانی گێڕانەوەی ئەو ویلایەتە، تورکەکان بە گورجی کەوتنە قۆستنەوەی ئەو بار و هەڵوێستە و لەسەرەتاکانی ساڵی (١٩٢١)ەوە دەستیانکرد بە یارمەتی و جۆشدانی ڕاپەڕین و چالاکیەکانی کورد لە ناوچەکانی ڕەواندز، ڕانیە، هەریر، باتاس،  شەقڵاوە، ئاکرێ، ئامێدی و خۆشناوەتی، لەو هەموو شوێنانە دەسەڵاتی ئینگلیز نوشستی دەهێنا، دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر ڕەواندوز و ناوچەکانی دەوروبەری عەلی شەفیق ناسراو بە ئۆزدەمیر، کە سەرهەنگ بوو لە لەشکری تورکی بەخۆی و مەفرەزەیەکی بچوکەوە بەیارمەتی و سەرکێشی کوردە لایەنگرەکانی هاتە ڕەواندز و دەستی کرد بە چالاکی نواندن بۆ ئاراستەکردنی ئەو سیاسەتە ناوبراوەی تورکەکان(١٦).

ئەحمەد تەقی باسی سەرکەوتنی تورکەکان بەسەر ئینگلیزەکان دەکات و دەڵێت: “ئەم سەرکەوتنە کارێکی زۆری کردە سەر دانیشتوانی ناوچەی ڕەواندوز و ڕاپەڕین پەرەی سەند.” باس لە چەندین کەسایەتی دەکات کە پەیوەندیان لەگەڵدا بەستوون  دەڵێت: “فارس ئاغای زێبار هاتە حەریر بۆ پیرۆزبایی کردنی ئەم سەرکەوتنە، میرانی قادر بەگ، کە حاکمی ئینگلیزبوو لە شەقڵاوە، بەدزییەوە پەیوەندیمان هەبوو پاش ئەمە بە ئاشکرا کەوتە یارمەتی دانی هێزی میللی، شێخ ئەحمەدی بارزان هاتە ڕەواندوز و بۆ بەڵگەی پشتگیری ئەم جووڵانەوەیە بیست تفەنگچی لە ژێر سەرکردایەتی شەریف دا بەجێهێشت، کە تەمسیلی شێخ بکەن لای هێزی میللی، هەروەها میرانی ئەحمەد بەگی بێتواتە و ڕەشید بەگی کوڕی و زۆر کەسی تر لە ئاغایەکانی ئەو ناوچەیە پشتی بزووتنەوەکەیان گرتوو و بەمەش دەسەڵاتی هێزی میللی زیادی کردوووە(١٧).

  (ڕەمزی قەزاز)یش لە بزووتنەوەی سیاسیی و ڕۆشنبیری کورددا دەڵێت: “میرانی ئەحمەد بەگی بێتواتە لەگەڵ میرانی ڕەشید بەگی کوڕیدا هاتن بۆ ڕەواندوز بۆ بەشداریکردن لە جوڵانەو ڕاپەڕینی دژ بە ئینگلیزەکان(١٨).

ئەحمەد تەقی دەڵێت: “پاش ئەمە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و شێخ ئەحمەدی بارزان چووین بۆ ماڵی میرانی ئەحمەد بەگی بێتواتە، کە ئەو کاتە لە شاورێ لە گوندی گوڵان دادەنیشت” (١٩).

بەپێی ڕاپۆرتێکی بەریتانیەکان ژمارەی چەکداری پشتگەلییەکان(١٠٠)چەکدار بووە(٢٠).

ئەو وەختە ڕەواندوز دەوروپشتی هەموو دژی ئینگلیز بوون، بۆیە شێخ کاکەمینی سەڵان و شێخ ڕەقیبی سوورچی و شێخ عبداللە عوبەیدوڵڵا و نووری باویل ئاغا پێکەوە قسەیان کرد و پێکهاتن ئینگلیز لە ڕەواندوز دەربکەن و بیگرن، ئەوەبوو گرتیان، ئێمەش لە پشدەر بەهێزبووین شوێنیان کەوتین و بەشداربووین، هەباساغا وحاجی ساڵحاغا و بایزی عەباس ئاغا و قەرەنی ئاغای ئامۆزام و ئەحمەدی جوامێرئاغا لەگەڵ جوڵانەوەکەدا بوون، ڕوویان دەکردە ڕەواندوز، مامەند ئاغای ئاکۆ و ڕەشید بەگی بێتواتە و فەقێ محەمەدی مۆرتکە هاتن (٢١).

هاتنی ئەو مەفرەزەیە پڕوپاگەندی تورکەکانی بەهێزکرد و لە ئەنجامدا ڕۆژ بە ڕۆژ لایەنگرانی ئۆزدەمیر زیاتر دەبوون و ئەویش سوودێکی زۆری لێ بینین بۆ فراوانکردنی سنووری چالاکیەکانی، هەوڵیدا ناوچەی تری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا دەربهێنێت و زیاتر پەلبهاوێ، لەم چوارچێوەیەدا لە( ١٥ی حوزەیرانی ١٩٢٢) توركەكانیش بەبێ‌ رووبەڕووبوونەوە شاری رانیەیان گرت و هەڕەشەیان لە چەندین ناوچەی دیکەوە دەکرد لەوکاتەدا سلێمانیش کەوتە ژێر مەترسی تورکەکان(٢٢).

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئینگلیزەکان ژمارەی هێزی تورکەکان لە بالیسان و بێتواتە ٢٥٠ کەس بووە(٢٣).

بەڵام بەریتانیا بۆ تێکشکاندنی ئەو هێزانە و یەکلاکردنەوەی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆی کەڵکی لە هێزی ئاسمانی وەرگرت، بەڵام ئەوەبوو بەریتانیا نەیتوانی لەو ڕێگایەوە ڕەوشەکە لە بەرژەوەندی خۆی بخاتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ نەکرایەوە، لەبەرئەوە سەرکردایەتی بەریتانیا ناچاربوو بەسەرپەرشتی کۆڵۆنێل مۆبەرلی(mobrly)هەڵمەتێکی زەمینی بکات و لەو ڕێگایەوە توانی ڕەوشەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە. لە ئاماژەیەکدا ئەدمۆنز دەڵێت: ”لە ناوچەی ڕانیەدا ڕەوشەکە گەیشتە ئەوپەڕی مەترسیی، لە ڕانیەدا شۆڕش لەوپەڕی گەرم وگوڕی دابووە، ڕووداوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هەندێک تیرەی هۆزەکانی خۆشناو، کە نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بوون بەسەرکردایەتی(میرانی ئەحمەد بەگ)سەرۆک هۆزی پشتگەلی هێرشی کردە سەر ڕانیە، کار گەیشتە ئەوەی کە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی لەو ناوچەیەدا داوای هاوکاری لەو هۆزانە بکات، کە دۆستی بەریتانیا بوون، لەگەڵ پەنا بردنە بەر هێزی ئاسمانی بۆ پێشپێگرتنی مەترسی ئەو هۆزانە و نەهێشتنی مەترسیەکانی سەر ڕانیە، لەهەمان کاتیشدا بەریتانییەکان بەسەرکردایەتی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی لە ڕانیە هێرشێکی کردە سەر دۆڵی شاورێ و بڕیاری دا ئەو دوو گوندە بسوتێنن، کە هێرش بەرەکان خۆیان تێدا گرتبۆووە و تیایدا مابوونەوە (٢٤).

لەبەڵگەنامەیەکی ئینگلیزەکاندا بەناونیشانی( کەتیبەی ٥٢ – کەرکوک – ٨ی سەر لەبەیانی – ١٦ی ئاب)دا هاتووە: “ئەم بەیانییە فڕۆکەکان بۆردومانی بێتواتە دەکەن، کە ناوچەی میرانی (ئەحمەد بەگی بێتواتە)ی سەرۆکی تیرەی پشتگەلی خۆشناوەکانە، ئەو کەسەیە بەرپرسیاری کێشەکانی ناوچەی هەولێرو ڕانیەیە، پاشان فڕۆکەکان ناوچەی گوڵان بۆردومان دەکەن لەسەرووی دۆڵی شاورێ و بە سنووری ناودەشت دا نمایشێک ئەنجام دەدەن.

بارودۆخی گشتی زۆر باشترە و هیوایەکی زۆرم هەیە، کە کێشەکە وەک چۆن بەخێرای پەرەی سەند، هەروا بەخێرای دابمرکێتەوە. بەتێگەیشتنی من، بارودۆخەکە بەم جۆرەیە.

لە ڕۆژی (١٣)ی مانگدا، دوژمن لە گوڵان نامەیەکی لە ڕانیەوە پێگەیشت، ڕەنگە (لەسوارئاغای)ی پیرانیەوە بوبێت، پێیان ڕاگەیندراوە، کە ئەگەر دەستبەجێ پەیوەندی بە ڕانیەوە بکەن، ئەوا تەقەیان لێناکرێت و ڕێگەی چوونیان پێ دەدرێت. ئەگەر دوا بکەون، ئەوا هێزە بەریتانیەکان دەگەنە جێ  و ئیتر ئەوکاتە زۆر درەنگ دەبێت.

ڕانیە لەوکاتەدا بە دەست ٨٠ لیڤی و ٢٥٠ چەکدارێکی خێڵەکانی ناوچەکە بوو کە بانگ کرابوون.

لەگەڵ گەیشتنی ئەم پەیامەدا، دوژمن لە گوڵانەوە جوڵاو لەبەرەبەیانی (١٤)ی مانگدا گەیشتنە ڕانیە. ئەوەی بێزاری کردن ئەوەبوو کە لە دوورەوە تەقەیان لێکرا، هەرچۆنێک بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕانیە ئەو (٨٠) لیڤی سەرووی زیادە. ئەگەر فڕۆکەکان لەو بەیانیە بگەیشتنایە، دوژمن بەئاسانی دەکەوتە بەردەستیان و دەرفەتێکی زۆر هەبوو، کە بدرێنە بەر ڕەشاش و بۆردومان. دەگوترێت هۆکاری سەرەکی ڕووبەڕووبونەوەکەیان ئەوەبووە، کە ڕقێکی زۆریان لە کەسە خێڵەکەییەکانی دوژمن هەیە و هەروەها پێشیان گوترابوو، کە شەر نابێت و تاڵانێکی زۆر لەبەردەستدایە- (ئەمە قسەی دەستگیراوێکی بریندارە) (٢٥).

لەبەڵگەنامە ئینگلزەکاندا کە لە (ئەیچ .گۆڵد سمیس. مەیجەر بۆ نوێنەری باڵای ئینگلیز لە بەغدا نێردراوە)دەڵێت:”

لای باکووری ناحیەی ڕانیە، کە پێی دەگوترێت شاور لە لایەن پشتگەلیەکانەوە دنە دەدرێن و هاوکاری دەکرێن، ئێستا لە یاخیبوونێکی چالاکدان، پەنجا سەرباز بە جلوبەرگی سەربازییەوە، کە بەپێی زانیارییەکان تورک نین، کە چەند ئەفسەرێکیان لەگەڵە و یەک چەکی ڕەشاشیان پێییە لەگەڵ یاخیبووەکاندان تا ئێستا سەرکردایەتییەکان لە گۆران بوون.

ئەوەندەی دەزانرێت، پشتگەلییەکان گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان(لە ناوچەی بێتواتە)، خەڵکی شاورێ بەسنورەکەدا بڵاوبونەتەوە و ترسێکی زۆریان لە تۆڵەکردنەوە هەیە. غەفورخان بە (٣٠) پیاوەوە(کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بۆسەی بۆ (کاپتن کوک) دانابوو گەڕاوەتەوە بۆ ڕواندوز و ئەوانەش کە بە تورک ناودەبران(بەپێی زانیارییەکان کوردبوون بەجلوبەرگی سەربازییەوە) بەرەو ڕەواندوز کشاونەتەوە. بارودۆخەکە بەم جۆرە دەردەکەوێت و زانیارییەکان بەم شێوەیەن و ئەگەر ڕاستبن، ئەوا دەتواندرێت شەڕی ڕانیە بەچاوی سەرکەوتنێکی گەورەوە تەماشا بکرێت. تەنیا ئەوەیە، کە ڕەنگە تورکەکان دەرفەتی یارییەکی مەترسیداریان هەبێت و خۆیان بە شکستخواردوو نیشان بدەن بۆئەوەی ڕامان بکێشنە دۆڵی شاورەوە، کە دۆڵێکی تەنگەبەری قوڵە و گوڵان کەوتوەتە لای سەرەوەی و پارێزگاری کردن لێی زۆر ئاسانە. من ئەم ئەگەرە بەنزیک نازانم بەڵام ئامادەم بۆی. ئەگەر ئەمڕۆ زانیاری نوێمان لەسەر دوژمن بەدەست نەگات، ئەوا لیڤیەکان (کە لە دەربەند لە سرییەک کەمترن)ئەمشەو بەهێواشی بەرەو گوڵان دەکەونە ڕێ، چونکە لە هەردوو بەری گردەکە خەڵکیان هەیە. لەشکری ناوچەکە لەژێر فەرمانی کاپتن کوک دەبن و لەشکری ناودەشت لەباکورەوە بەرەو گوڵان پێشرەوی دەکات بۆئەوەی ڕێ لەهەڵهاتنی یاخیبووەکان بەرەو ڕەواندوز بگرێت. وا داندراوە، کە تێکڕای هێزەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەژدەیەم دا بگەنە گوڵان پاشان سووتاندن و تاڵانکردنی گوندەکانی بەدوادادێت، مەبەست وایە، کە دواتر لیڤییەکان گوندی  بێتواتە بگرن و لەگەڵ گوندەکانی تەنیشتی تەختی بکەن.

لە هەوڵی ئەوەدام، کە لەشکری ناوچەکە قایل بکەم (لەگەڵ سەرکەوتنی هێرشی سەر گوڵان وشاورێ ڕەوانەی ڕەواندوزیان بکەم، بەڵام لەوە دەترسم سەرکەووتو نەبن، چونکە پیاوانی خێڵی ئێرە شارەزای ئەو ناوچەیەی وڵات نیە).

(من ئەم بابەتە بەپەلەپەلێکی زۆر و لە مەیدانی فڕین دەنووسم، بۆیە تکایە لێم ببورن بەرامبەر نووسین بە قەڵمی دار و بە ناڕەوانی).

تکایە کرۆکی ئەم بابەتە لەگەڵ کۆمیسیاری باڵا، بارەگای گشتی، لەشکری ١٨، ڕاوێژکاری کەرکوک باسبکە.

ئیمزا (ئەیچ .گۆڵد سمیس. مەیجەر)(٢٦).

(جۆن ئیدمۆنس) دەڵێت:”:”ڕانیە لەبەشی شاخاوی لای باکور و چوار باڵی ئەو باوەشێنەی کە لە دۆڵی بیتوێن لە باشوور پێکهاتووە، بەگوێرەی پلانی کشاندنەوەی سنوری ئیداری لە هەولێر، ئیمە هەرگیز دەستمان لەکاروباری سێ باڵی ڕۆژئاوای باوەشێنەکە نەدا کە شوێنی ژیانی پشتەگەلیەکانە(٢٧).

حاکمی سیاسی دەربەند و بابەکرئاغا لە قەڵای ڕانیەدا سپێریان دیوە و پێی وتوە: “کە ئەم کارەساتانەی ڕووی داوە هەمووی لە چاوی ئینگلیز و کردەوە ناڕەواکانی مێجەرسۆن و حاکمە ئینگلیزیەکانەوە بووە.” چەکمەن پێی وتبوو وا هەمووشتێک بڕاوەتەوە ئێستا تورکەکان لە ڕەواندوز دەرکەن، عەباس ئاغا وەڵامی داوەتەوە : “ئێمە خۆمان لە ئەنجامی پیاوخراپی ئێوە لەگەڵ شێخ مەحمووددا تورکەکانمان هێناوە ئێستا چۆن لایان دەبەین، بەڵام ئەگەر کردەوەکانتان باش بکەن و بەڕاستی ئیدارەی کوردستان بدەنە دەست شێخ محموود وا ئێمەش ئەوسا تورکەکان دەرئەکەین، ئەگیان پەیوەندیان لەگەڵدا بەهێز دەکەین (٢٨).

پاش ئەمە چاپمەن و عەباس ئاغا ڕێک کەوتبوون، کە ئێمە ڕانیە بدەینە دەست ئیدارەی شێخ محموود و هەوڵ بدرێت کۆیەشی بخرێتە سەر، ئەحمەد تەقی دەڵێت:”چاوم بە فەوزی بەگی فوماندان کەوت و تێمگەیاند، کە ئێستا پاش هاتنەوەی شێخ محموود باشتروایە قەزای پشدەر و ڕانیە تەسلیم بە ئیدارەی ئەوبکرێ، هەروەها بۆ باری سیاسی و عەسکەریمان قازانجێکی باشی ئەبێ ئەگەر هەموو مەفرەزەکەی ڕانیە و دەربەند بگوێزینەوە بۆ بێتواتە و قایمقام و هێزی پۆلیسی شێخ محموود بهێنینە ڕانیە، چونکە ئێستا وەزعی مەفرەزەکە لاوازە، فەوزی بەگ پێشنیارەکەی بەدڵ بوو، یەکسەر چوو بۆ ڕەواندوز، کە بیروڕای ئۆزدمیریش تێ بگا و ڕازی بکات، پاش چەند ڕۆژێک گەڕایەوە و ئاگاداری کردین، کە ئۆزدمیر ڕازی بووە، بەڵام بەومەرجەی یەکێکی سەربە ئێمە بکرێ بە قایمقامی ڕانیە، کە شێخ محموودیش متمانەی پێبکات بۆ ئەمەش سەید عبداللە پێشنیارکرا، لەسەر داواکاری ئەحمەد تەقی کە کەسێکی نزیک بوو لە تورکەکان، تورکەکان ڕانیەیان جێهێشتووە بەرەو ناوچەی بێتواتە کشاونەتەوە (٢٩).

لە ئەنجامی ئەو گوشارەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی سلێمانی بە تایبەت درووستیان کردبوو لەگەڵ هەڕەشەی تورک لە ڕەواندوز و کۆیەو پشدەر ئینگلیزەکان گەڕانەوەی شێخ محمود بەباشترین هەڵبژاردە دەزانن، بۆیە شێخ محمود بەپێشوازی کردنێکی شاهانەی گەرم شێخ محمود گەڕایەوە سلێمانی و دەستکرا بەپێکهێنانی حکومەتێکی کوردی خۆجێی کە بەیەکەم حکومەتی فیدڕاڵی یان هەرێمی دادەنرێت لە باشوری کوردستاندا، دەگەڕێنەوە بۆ باشوری کوردستان لە(١٠/١٠/١٩٢٢) شێخ محمود بەبڕیارێکی حوکمداری کابینەی دووەمی حکومەتەکەی لەسلێمانی ڕادەگەینێ(٣٠)، لەسەر داواکاری ئەحمەد تەقی کە کەسێکی نزیک بوو لە تورکەکان، تورکەکان ڕانیەیان جێهێشتووە بەرەو ناوچەی بێتواتە کشاونەتەوە(٣١).

نوێنەری باڵای بەریتانیا ڕێگر نابێت لەوەی کە ئەو ناوچانە شێخ مەحموود بیانخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەری بەریتانیا لەهەوڵ دەبێت، بەڵام هێزەکانی شێخ مەحموود بە فەرماندەیی ڕەشید سدقی غەفوری لە(١٤/١/١٩٢٣) چونەتە ناو ڕانیە و ئاڵای کوردستانیان تێدا هەڵکردووە، داوایان لە تورکەکان کردووە ناوچەی بێتواتە چۆڵبکەن و بەرەو شاری کۆیە بڕۆن، دوای ئەوەش چوو بۆ کۆیە و پشتیوانی خۆی بۆ قایمقامی کۆیە نیشاندا لەدژی هێزەکانی تورک، بەڵام مەفرەزە سەربازیەکانی تورک و چەند گروپێک لە هۆزی خۆشناو لە خوارووی بالیسان و سکتان دا مانەوە (٣٢).

دیارە بەریتانییەکان لە سنووری بیتوێنەوە هێرشیان دەستپێکردووە بۆ بێتواتە و دۆڵی بالیسان، کاپتن لاین دەڵێت: لە مانگی چواری (١٩٢٣)گەیشتینە گوندی ڕانیە کە ئەو کاتە تورکەکانی لێبوو دوای ئەوەی دەستمان بەسەر ڕانیەدا گرت لەدەشتی ڕانیەوە هەڵدەگەڕێین  دەچینە دۆڵی بالیسان کاتێک گەیشتینە دەمی دۆڵی قەشان لەهەردوولاوە بۆ چەکدارانی دوژمن بووینە نیشانە، سەرتیپ دەستبەجێ داوای لە تۆپخانە کرد پێچی بەردەم دەروازەی دۆڵەکە مەبەستی شاخی(شیشارە) بکوتن و بەزوویی دوژمنیان کپکرد، بۆ ڕۆژی دواتر چووینە ڕەواندوز کە تاقمەکانی تورک لە(٢٣ی نیسانی ١٩٢٣)ناوچەکەیان چۆڵکردبوو(٣٣).

محمد جمال توتمەی لە گوڵشەنی خۆشناوەتی دەڵێت :”دواتر میرانی ڕەشید بەگ لەگەڵ چەند ڕیش سپییەک خۆیان دەگەیەننە ئینگلیزەکان لە دۆڵی قەشان، ڕێککەوتنێک مۆر دەکەن، کەوا ئینگلیزەکان واز لە بێتواتە و دواوە و گوندەکانی تر بێنن، ئیتر سوپاکە بەرەو دۆڵی بالیسان دەست بە جوڵە دەکەن، لەوکاتەدا لە بناری شیشار بیست چەکداری کوردی لایەنگری تورک تەقە لە سوپای ئینگلیزەکان دەکەن، ئینگلیزەکانیش بەچەند گولە تۆپێک شوێنەکەیان تۆپباران دەکەن و لەئەنجامدا هەموویان دەکوژرێن.” (٣٤).

سوپا بەرەو دۆڵی بالیسان دەڕوا و ڕەشید بەگی بێتواتە تا بالیسان لەپێش سوپای ئینگلیزەکان دابووە، لەهەر گوندێک بەرەنگاریان بوبانەوە ئەوا گوندەکەیان دەسووتاند. ئینگلیزەکان کە لە لای بێتواتەوە پێشڕەویان کرد و بانگەوازێکیان بۆ خەڵکی دۆڵی بالیسان بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتبوو؛ هەر گوندێک بیەوێ سەلامەت بن و نەسووتێن بابچنە دەستەچەپ، واتا چیای هەورێ و کڵاوقاسم و بەنی هەریر، ئەوەی بچێتە دەستە ڕاست واتا ڕۆژهەڵات و باکووری دۆڵی بالیسان ئەوا گوندەکە دەسووتێنن (٣٥).

(جۆن ئیدمۆنس) لەیاداشتەکانی دەڵێت:” لە کۆیە، جەمیل ئاغای حەوێزی قایمقام میوانی کردین، بەم جۆرەی، کە دەفتەری یاداشتەکەمدا نووسیومە: زیاد ئاغای کوڕی حەمە ئاغای غەفووری و ڕەشید بەگ سەرۆکی عەشیرەتی پشتگەلییەکان دەبیندران، ڕەشید بەگ گوتی دووشەو لەمەوبەر تورکەکانی ڕانیە، کە لە ترسی بۆمبارانی ئێمە تەنها بە شەو هاتووچۆیان دەکرد، لە حاڵی پاشەکشەکردنن بەرەو ڕەواندوز لەگوندی ئەو واتە(بێتواتە) لە شیوی ڕانیە و ڕۆژئاوای شاورێ تێپەڕین، بۆمبارانی نەپساوەی مەرگە و پشدەر سەرئەنجام کارێکی وایکرد، کە عەباسی مەحموود ئاغا هاوپەیمانی هەرە نزیکی تورکەکان پشتی لەوان کرد”(٣٦).

هاتنی سمکۆ بۆ بێتواتە

هاتنی سمکۆی شکاک بۆ باشووری کوردستان، لە مێژووی جوڵانەوەی خەباتی کوردییدا بە ڕوداوێکی گرنگ دادەنرێت لە (٢٨/١/١٩٢٣) سەردانی بێتواتەی کردووە و هاتووەتە ماڵی ڕەشید بەگی بێتواتە، کە ئەوکاتە ئینگلیز ئەو ناوچەیەی چۆڵکردبوو لە دەربەندی ڕانیە ڕۆیشتبوو، ناوچەی ڕەواندوز و پشدەرو خۆشناوی چۆڵکردبوو، هەمووی کەوتبووە ژێر دەستی تورک سمکۆ لە بێتواتە نامەیەکی بۆ شێخ مەحموود ناردووە کە تێیدا هاتووە:

“بۆ بەڕیز حوکمداری خاوەن شکۆی کوردستان، جەنابی شێخ مەحموود.

ئەمڕۆ هەموو نیشانەکانی توانایی کوردستان لەدەست ئێوەدایە، گونجاو نیە بەبێ مۆڵەتی ئێوە هیچ کارێک ئەنجام بدرێت، هەرشتێک کە ئێوە بفەرموون و بەرژەوەندی میللەتی کوردی تێدابێت ئێمە بە قسەت دەکەین، من لە ناوچەی خۆشناوەتی گوندی بێتواتەم داوات لێدەکەم بێمە سلێمانی و هەندێک هەواڵی کوردستانی ئێرانت بۆ بێنم، پتەوکردنی کاروباری کوردستان پێویستی بە برادەرایەتی و دۆستایەتی ئینگلیزەکانە، بە زوویی (٣٧).

لە بیرەوەرییەکانی ئەحمەد ئاغای پشدەری دا هاتووە دەڵێت:” سمکۆ ماوەیەک لە سلێمانی مایەوە، شێخ مەحموودیش نێوانی لەگەڵ ئینگلیزدا تێکچوو، سمکۆش بەوە ڕازی بوو بچێتە تورکیا و توخنی ئینگلیز نەکەوێ، ئەوجا پێیان گوتم : “بڕۆ بۆ ڕەواندوز ئوزدمیر بێنە ماڵی ڕەشید بەگ لە بێتواتە، دوو ڕۆژ گفتوگۆمان کرد دواجار هەردوولامان پێکهێنا و لەسەرئەوە ڕێککەوتن، کە سمایلاغا بچێتە سەرسنووری تورکیا، لەوێ دابنیشێ، ئوزدەمیر دووسێ جار دەستی سمکۆی ماچ کردو دەیگوت: ئەمن دەستی تۆ ماچ دەکەم، بەڵام تکات لێدەکەم بەقسەی ئینگلیز مەکە، ئێمە ئەمڕۆ کە هەر هێندەمان بۆ هەڵدەسوڕێ، لەگەڵ مندا وەرە دەچینە دەوروبەری وان، سمکۆ بەومەرجانە قایل بوو لەگەڵ ئوزدەمیردا چوونە ڕەواندوز و بەڕێمان کردن، ئێمەش بۆ پشدەر گەڕاینەوە(٣٨).

کەواتە بەپێی بیرەوەرییەکانی ئەحمەد ئاغای پشدەری ئۆزدەمیر کە سەرپەرشتی هێزە تورکیەکانی کردووە سەردانی بێتوتەی کردووە.

سەرچاوەکان

١- مینۆرسکی، کورد، وەرگێڕانی:حمە سعید حمە کریم،چاپخانەی زانکۆی صلاحدین،١٩٨٤، لا ٧٢-٧٣.

٢- دوکتۆر عبدالرحمن قاسملو، کوردستان و کورد(لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی و ئابوری)، وەرگێرانی:عبداللە حسن زادە،١٩٧٣، لا١٣٠.

٣- حوسێن محەمەد عەزیز، ڕۆڵی سیستێمی بنەماڵە لەبزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی کوردستاندا، سلێمانی -٢٠٠١، لا ١٧.

٤- خۆشناو خۆشناوەتی، تاریخ.جغرافیة.ذکریات، کمال خورشید میران، اعداد و تقدیم:سالار کمال میران، مطبعة علاء، الوزیریة، لا19، مێجەر شێخ عەبدولواحید، کوردەکان و ووڵاتی کوردەواری، وەرگێڕانی:ئەحمەد سەیید عەلی بەرزنجی، چاپخانەی سەردەم،سلێمانی،لا223.

٥- العشائر الکردییة في العراق. مدریة الاستخبارات العسکریة العامة المعاونیة الاولی،سری، لا ٤٥ -٤٦، خۆشناو و خۆشناوەتی، تاریخ جغرافیة ذکریات، کمال خورشید میران، اعداد و تقدیم:سالار کمال میران، مطبعة علاء الوزیریة، لا٤٦-٥٠، کلودیوس جەیمس ریچ، گەشتنامەی ریچ بۆ کوردستان 1820، وەرگێڕانی: محەمەد حەمە باقی، چاپخانەی خانی،دهۆک-٢٠٠٢،لا١١٤.

٦- هانا عەلی حەمە، ڕانیە 1958-1991(توێژینەوەیەکی مێژووییەلە بارودۆخی سیاسی –کارگێڕی – کۆمەڵایەتی- ڕۆشنبیری و ئابوری)نامەی ماستەر، فاکتەڵی زانستەمرۆڤایەتیەکان، زانکۆی ڕاپەڕین٢٠١٦ ، لا90.

7- نەوشیروان مستەفا ئەمین، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن(دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی کوردستانی عێراق ١٩٧٩-١٩٨٣)، چاپی دووەم، سلێمانی -١٩٩٨،لا332، ئاسۆس محمد مەلا قادر، بێتواتە، توێژینەوەیەکی (مەیدانی – زمانەوانی – دۆکۆمێنتە)، گۆڤاری شانەدەر،ژمارە 14،هەولێر-٢٠٠١، لا٧.

8-دیدارێک لەگەڵ کەمال نوری مەعروف پسپۆڕ و شارەزای شوێنەوارناسی ٦/٣/ ٢٠٢١سلێمانی، جمال بابان، اصول اسماء المدن والمواقع العراقیة، الجزء الاول،شبکة کتب الشیعة،١٩٨٦، ص ٦٩، بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ناوی بێتواتە بڕوانە ئاسۆس محمد مەلا قادر، بێتواتە،لا١١-١٣.

٩-  موسوعة عشائر العراق، الکردیة، عباس العزاوي المحامي، المجلد الرابع، الدار العربیة الموسوعات، ص١٥١-١٥٥، العشائر الکردییة في العراق. مدریة الاستخبارات العسکریة العامة المعاونیة الاولی،سری، لا ٤٥ -٤٦، کەلەپووری ڕەسەن، عبدالسەلام محەمەد حەیدەری-بێتواتە-خۆشناو،دەستنووس، لای بوار نوورەدین پارێزراوە، خۆشناو و خۆشناوەتی، تاریخ جغرافیة ذکریات، کمال خورشید میران، اعداد و تقدیم:سالار کمال میران، مطبعة علاء الوزیریة، ١٩٨٥ڕانیە 1958-1991 هانا عەلی حەمە، ڕانیە 1958-1991 لا90.

١٠-کورد لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا 1918-1924، وەرگێڕانی:پاسار شێرکۆو دیار ئەکرەم، بەرگی سێ یەم، دەزگای دواڕۆژ، لا٧٧.

١١- خۆشناو و خۆشناوەتی، تاریخ جغرافیة ذکریات، کمال خورشید میران، اعداد و تقدیم:سالار کمال میران، مطبعة علاء الوزیریة، ١٩٨٥ لا٥٠، د.هۆشەنگ ساڵح نەجار، مەلا خدر دەشتی(ژیان وڕۆڵی کۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری و نەتەوایەتی ١٩٠٩- ١٩٥٧)، گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی، هەولێر -٢٠٢١، ژمارە ٤٩،لا ٢٢٥.

١٢-شخصیات عراقیة في ملفات الاستخبارات البریطانیة ١٩٢٣، تقاریر استخباریة سریة عن شخصیات من الموصل-اربیل-کرکوک-السلیمانیة، تحریر و مراجعة:بشیر الوندي، دارالصفار للترجمة والطباعة والنشر – بغداد، الطبعة الاولی ٢٠١٨ص ٨٤.

١٣- شخصیات عراقیة في ملفات الاستخبارات البریطانیة ١٩٢٣، ص 268.

١٤-دبلیو ئاڕ هی، دوو ساڵ لەکوردستان، وەرگێڕانی: لوقمان باپیر، چاپخانەی ڕۆژهەڵات – هەولێر٢٠١٦، لا ١٥١.

١٥-د.سەعدی عوسمان هەروتی، بزاڤی رزگاریخوازی کوردی، دەزگای توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی موکریانی،هەولێر-٢٠٠٦،لا ٩٦-٩٧.

١٦-دیڤید مەکداول. مێژووی هاوچەرخی کورد، وەرگێرانی:ئەبوبەکر خۆشناو، هەولێر-٢٠٠٥،لا 268-269، د.سەعدی عوسمان هەروتی، بزاڤی رزگاریخوازی کوردی، لا٩٨.

١٧-خەباتی گەلی کورد لە یادداشتەکانی ئەحمەد تەقی دا، ڕێکخستن و ئامادەکردنی بۆ چاپ:جەلال تەقی، چاپخانەی سلمان الاعظمی،بەغدا،لا٥٧.

١٨- رمزی قزاز، بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆشن بیری کورد لە کۆتایی چەرخی نۆزدەهەمەوە تا ناوەڕاستی چەرخی بیست، چاپخانەی ژین،سلێمانی ١٩٧١،لا١٤٣.

١٩- خەباتی گەلی کورد لە یادداشتەکانی ئەحمەد تەقی دا،لا٥٨.

٢٠- کورد لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا 1918-1924، لا٦٩.

٢١-بیرەوەرییەکانی ئەحمەد ئاغای پشدەری، تۆمارو ئامادەکردنی:عبدالرقیب یوسف و سدیق ساڵح، چاپخانەی ئازاد، سلێمانی، لا ٤٦.

٢٢- د.سەعدی عوسمان هەروتی، بزاڤی رزگاریخوازی کوردی، لا٩٧-٩٨.

٢٣- کوردو کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنیەکانی بەریتانیادا ١٩٢٠-١٩٢٢ وەرگێڕانی:د.شێرکۆ فتحوڵا، ئامادەکردن و پێشەکی، نەجاتی عبداللە لا ٧٢.

٢٤-عبدالرحمن ادریس صالح البیاتي، الشیخ محمود الحفید البرزنجي والنفوز البریتاني في کردستان العراق حتی عام ١٩٢٥، تقدیم:الدکتور کمال مظهر احمد، بنکەی ژین،السلیمانیة-٢٠٠٧، ص١٩٣-١٩٤.

٢٥- کورد لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا 1918-1924، لا٧٧-٧٨.

٢٦- کورد لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیادا 1918-1924، لا70-٧١.

٢٧- سیسیل جۆن ئیدمۆنس، کورد تورک عەرەب، وەرگێڕانی: حامید گەوهەری، دەزگای ئاراس، هەولێر-٢٠٠٤،لا ٢٨٧-٢٨٨.

٢٨- خەباتی گەلی کورد لە یادداشتەکانی ئەحمەد تەقی دا،لا ٥٨-٥٩.

٢٩- خەباتی گەلی کورد لە یادداشتەکانی ئەحمەد تەقی دا،لا ٦٧.

٣٠-جەعفەر عەلی، ناسۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی-٢٠٠٤،لا ٢٠٤، ڕانیە 1958-1991 هانا عەلی حەمە لا١٨.

٣١-رفیق حلمي، یاداشت(کوردستانی عراق و شورشەکانی شیخ محمود)، بەرگی دووەم، چاپخانەی مەعاریف، بەغدا-١٩٥٦، لا ٥٨٢.

٣٢- د.ولید حمدی، الکرد وکردستان في الوثائق البریطانیة دراسة تاریخیة وثائقیة، لندن -١٩٩٢، ص١٦٠.

٣٣-کورد عەرەب بەریتانیەکان(بیرەوەرییەکانی کاپتن لاین لەمەڕ ڕووداوەکانی باشوری کوردستان ١٩١٩-١٩٢٩) وەرگێڕانی: یاسین سەردەشتی، سلێمانی – ٢٠٠٧، لا ١٢٩ -١٣٣.

٣٤-محمد جمال توتمەی، گوڵشەنی خۆشناوەتی، چاپخانەی هێڤی، ٢٠٢٢،لا٦٣.

٣٥- گوڵشەنی خۆشناوەتی،لا ٦٣-٦٤.

٣٦-سیسیل جۆن ئیدمۆنس، کورد تورک عەرەب،لا ٣٧٥.

٣٧-محمەد ساڵح قادری، عەمر خانی شکاک(لەسەرهەڵدانی سمکۆوە تا کۆماری کوردستان ١٩٠٦ – ١٩٤٦) گۆڕینی لە کورمانجیەوە بۆ سۆرانی: شەهاب خالیدی، کوردستان -٢٠٢١، لا ١٥٧، ڕانیە 1958-1991 هانا عەلی حەمە لا١٨.

٣٩- بیرەوەرییەکانی ئەحمەد ئاغای پشدەری،لا٩٧- ٩٨.

 

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …