Home / بەشی مێژووی كورد / كوردانی سودان، مێژوویەكی ون و ناوێكی درەوشاوە

كوردانی سودان، مێژوویەكی ون و ناوێكی درەوشاوە

نووسینی/ فەرید دڵشاد
لە هەفتەیەكە گرژییەكان لە نێوان جەنەڕاڵ عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی سودان و جەنەڕاڵ محەمەد حەمدان ناسراو بە حمێدتی فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا، بۆ شەڕێكی خوێناوی گۆڕاوە، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، تائێستا لەو شەڕەدا زیاتر لە 400 كەس كوژراون و سەروو (3500) كەسی دیكە برینداربوون. سەرەتا شەڕ و پێكدادان لە بنكەیەكی سەربازیی خەرتومی پایتەخت، بە خێرایی تەشەنەی كرد بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی، دواتر سەرانسەری پایتەختی سودان و شارەكانی بەحری، ئوم دەرمان، فاشیر و نیالا و هەندێك شوێنی دیكەی گرتەوە، كە تێیدا چەكی قورس لە تانك و فڕۆكەی جەنگی بەكارهێنران. هەر زوو میدیاكان ئەوەیان بڵاوكردەوە ژمارەیەك كورد لەو وڵاتە بەهۆی پێكدادانەكانەوە گیریانخواردووە، هەواڵی بوونی كورد لە سودان ئەگەر بۆ هەندێك كەس زانیاری نوێ‌ نەبێت، بەڵام رەنگە بۆ زۆرینە جێگەی پرسیار بێت، لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند زانیارییەكی پوخت لەبارەی ریشەی كوردەوە لە سودان بخەینەڕوو.
مێژووی گەیشتنی كورد بە سودان
مێژووی گەیشتنی كورد بۆ سودان بە چەند قۆناغێك بووە، سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ پێش 800 ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی 1172 لەگەڵ هێرشی سەڵاحەدینی ئەیوبی كە برایەكی هەبوو بە ناوی تۆران شا سەركردایەتی هێرشێكی كرد بۆسەر فاتمییەكان لە سودان و تێكی شكاندن، بەڵام نوبیەكان كە دانیشتوانی رەسەنی سودان بوون و هاوپەیمانی فاتمییەكان بوون، دەستیانكرد بە پشێوی نانەوە، لەبەرئەوە تۆران شا بەسەركردایەتی سوپایەك كە زۆرینەی كورد بوون هێرشی كردەسەر نۆبیەكان و شكاندنی، دوای گەڕانەوەی لە سودان بەشێكی زۆری سوپاكەی لەوێ جێهێشت، كە بەشێك لە فەرماندەكانیان كورد بوون و هەروەها ئیبراهیم كوردی وەك سەرۆكی سودان جێگیركرد.
هەروەها لە سەردەمی عوسمانییەكان و بەدیاریكراوی لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەكەمدا قۆناغێكی دیكەی كۆچی كورد وەكو چەكداری سوپای عوسمانی بۆ سودان دەستیپێكرد، كە هەندێك لە كوردەكان لەوكاتەدا سەرباز و ئەفسەربوون لە سوپای عوسمانیدا ئەوكات پەلیان بۆ ئەوروپا و ئەنادۆڵ و باكووری ئەفریقا هاویشت، هەروەها قۆناغێكی دیكەی كۆچی كورد بۆ سودان دوای دامەزراندنی دەوڵەتی میسری نوێ لە لایەن محەمەد عەلی پاشاوە بوو، كە ویستی سنووری دەوڵەتەكەی فراوان بكات لە ساڵی 1820 لەشكركێشی كردەسەر سودان و لەناو سوپاكەیدا كورد هەبوون كە سودانی داگیركرد و لەوێ‌ مانەوە.
لە قۆناغێكی دیكەدا دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 هەندێك لەو كوردانەی روویان لە ئەوروپا و میسر و لوبنان كرد هاوكات هەندێكی دیكەیان چوونە سودان،دوایین قۆناغی كۆچی كورد بۆ سودان لە ساڵی 2012 بووە ئەو كاتەی شەڕی ناوخۆی سوریا تا دەكات خراپتردەبوو، كە زۆربەیان كوردی رۆژئاوای كوردستان بوون و بە مەبەستی دەستكەوتنی كار روویان لەو وڵاتە كرد، كە بەپێی ئامارەكان نزیكەی 300 خێزانی كوردی سوریا لە سەرتاسەری سودان هەن و زۆربەیان خەڵكی كۆبانێ و گرێ سپی-ن.
ژمارە و كەلتور و زمان
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، سەرووی 100 هەزار كورد لە سودان نیشتەجێن، زۆرینەیان لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتن و كەمتر لە ناوەڕاست و باكووری ئەو وڵاتە بڵاوبوونەتەوە، كورد لە نێو سودانییەكاندا بە كەسانێكی بوێر و ئازا ناسراون، كە زوڵم و زۆرداری قبووڵ ناكەن، هەروەها بە كەشخەیی و میوانداریی ناوبانگیان دەركردووە، هەر لە سەرەتای گەیشتنیانەوە بە سودان، كورد بە پاشگری ناوی (كوردی) خۆیان ناساندووە، لەگەڵ ئەوی كۆمەڵێك تایبەتمەندی دانیشتوانی رەسەنی ئەوێیان وەرگرتووە و تێیاندایە رەشتاڵە، بەڵام كاتێك پرسیاریان لێدەكرێت دەڵێن: ( ئێمە كوردین).
زۆرینەی ئەو كوردانەی لە سەردەمی تۆران شاوە لە سودان نیشتەجێبوون، زمانی خۆیان لەبیرچۆتەوە، ئێستا زۆربەی كوردی سودان كوردی نازانن، بە زمانی (عەرەبی یان بیجاوی یان نۆبی) قسە دەكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك وشەی كوردی بۆ زمانی سودانی پەڕیوەتەوە و بە هەمان مانا و واتای زمانی كوردی بەكاردێت. كوردی سودان فەرهەنگ و خواردن و بۆنە ئاینی و مەزهەبییەكانیان فەرامۆشكردووە، پێشتر ئاهەنگی جەژنی نەورۆزیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئێستا ئەم بۆنە نەتەوەییە كاڵبۆتەوە، بەڵام ئەو كوردانەی كە لە دوایین قۆناغدا لە ساڵی 2012 بەرەو سودان كۆچیان كردووە، تاوەكو ئێستا پارێزگاریان لە زمانی كوردی، كەلتور و جلوبەرگیان كردووە.
كوردی سودان و بەشداری سیاسی
لەكاتی داگیركردنی سودان لە لایەن بەریتانیاوە لە ساڵی 1896 بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕ بە ناوی (مەهدی) دروستبوو، كە بەرهەڵستكاری داگیركاری بەریتانیا بوو، دوو سەركردەی هەبوو یەكێك لە رۆژهەڵات و ئەوی تریان لە رۆژئاوای سودان، سەركردەی رۆژهەڵات كوردێك بوو بە ناوی (عوسمان دیقنە) كە خەڵكی باكووری كوردستان بوو، تاكە سەركردە بوو توانی شكست بە بەریتانییەكان بهێنێت لە مێژووی سوداندا، هەتاكو ئێستاش پلانە سەربازییەكانی لە شەڕەكانی دژی بەریتانیا لە دامەزراوە سەربازییەكانی سوداندا دەخوێنرێت، بەڵام لە كۆتاییدا عوسمان دیقنە وەك دیل كەوتە دەست بەریتانییەكان بە زیندانیی هەتا هەتایی حوكم درا، لە كاتی دادگاییكردنی بەریتانییەكان لەبارەی نهێنی ئازایەتییەوە لێیان پرسیوە، لە وەڵامدا وتویەتی:(كوردم و رەچەڵكم دیابەكری)یە،ئێستا بڕگەیەك لە كتێبی پۆلی سێی سەرەتایی سوداندا هەیە، كە باس لە ئازایەتی ئەو سەركردە كوردە دەكات و ئاماژەی بەوەكردووە لە ساڵی 1926 كۆچی دوایی كردووە.
جیا لەوە چەندین كەسایەتی دیكەی كوردی لە سوپای سوداندا گەیشتوونەتە پلەی باڵا لە رێزی سوپا وەك ( فەریق روكن عەلی محەمەد ئیبراهیم كوردی) كە دووەم لێپرسراوی باڵای وەزارەتی بەرگریی سودان بووە و ساڵی 2015 كۆچی دوایی كردووە، لە ناو حزبە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی سوداندا كورد كەم تا زۆر رۆڵی بینیوە، لەوانە (بابەكر دقنە) بەڕەچەڵەك كوردە وەزیری دەوڵەت بووە لە وەزارەتی دەرەوەی سودان و سەرۆكی حزبی (یەكێتی نەتەوەیی) سودان بووە، جگە لەوە (دكتۆر تارق ئیبراهیم حەسەن كوردی) باڵیۆزی نەتەوەیەكگرتووەكان بووە بۆ كاروباری ئاوارە و كۆچەران لە سوریا و عیراق و چاوی بە سەرۆك مام جەلال كەوتووە و وێنەیان پێكەوە گرتووە، لەگەڵ دەستپێكی گرژییەكانی سوداندا كورد جۆرێك لەبەشداری هەیە و باس لەوە دەكرێت بە شێوەیەكی گشتی هاوكار و لایەنگری سوپان، بەشێكن لە سوپا یان بە لایەنی كەمەوە لەگەڵ هێزەكانی پشتیوانیی خێرا هاوسۆز نین.
كوردی سودان گوزەران و هونەر
كوردەكانی سودان لە رووی ئابوورییەوە بارودۆخێكی باشیان هەیە، زۆربەیان دەوڵەمەندن و لەناویشیاندا هەژاری تێدایە، بازرگانی (عەتر و بغورد)یان كردووە لە نێوان سودان و وڵاتانی عەرەبیدا خاوەنی یەكەم كارگەی سابون لە سودان كورد بووە و ناوی كارگەكە (كارگەی سابوونی فابریقەی كوردی) بووە، باسیش لەوە دەكرێت یەكەم كەرەستە پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵ لەلایەن كوردەكانەوە هێنراوەتە سودان، ئێستاش بەشێكیان لە هەردوو ویلایەتی (قازاریف و كەسلا) نیشتەجێن سەرقاڵی كشتوكاڵن ناوچەكەیان بە باشترین ناوچەی كشتوڵی لە جیهاندا دادەنرێت.
كوردی سودان بەدوور نەبووە لە هونەر بەجۆرێك هەندێك شاعیری گەورەی سودان كورد بوون و لە ویلایەتی كسلا ژیاون، لەوانە (عەبدوڵڵا حەسەن ئەلكوردی)یە، هەندێك لە شیعرەكانی 900 بەیتی شیعری بووە، لە شوێنێكدا نووسیویەتی شانازیی بە كوردبوونی خۆیەوە دەكات، لە شاعیرەكانی تری كوردی سودام دەتوانین ئاماژە بە (عەبد سەید ئەلكوردی و عەبدولقادر محەمەد ئەلكوردی) بكەین.
كورد ناوێكی ئاشنا لای سودانییەكان
هەرچەندە كوردەكانی سودان پەیوەندییەكی پتەو لە نێوانیاندا نییە بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر ویلایەتە جیاوازەكانی سوداندا، بەڵام ناوی كورد ناوێكی ئاشنایە لای سودانییەكان، لە نموونەی ئەوانە بنەماڵەی (حاجی عەلی ئەلكوردی) یانەی وەرزشی و سینەمایان لە ویلایەتی قەزاریف بنیاتناوە و بنەماڵەیەكی دیارن، پێشتر زانكۆیان بەناوەوە هەبووە، لە باكووری سودان كۆمەڵەی عومەیری كە تایبەتە بە بەنەماڵەی عومەیری كوردی كە زیاتر كاری كۆمەك و هاوكاری دەكەن لە بۆنەكاندا.جگە لەوە چەندین شوێن هەیە ناوی كوردی لێنراوە لەوانە گوند هەیە ناوی (كوردی)یە، ناوچەیەكی تر هەیە ناوی (حەسەن كوردی)یە لە ناوچەی (فەشەقە)ی سەر سنووری نێوان سودان و ئەسیوبیا.
زیاتر لەوانە ویلایەتێكی گەورە بە ناوی (كۆردۆڤان) هەیە و گێڕانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ناوەكەی هەیە، دەڵێن كوردێك لە شاری وانی باكووری كوردستان هاتۆتە ناوچەكە و لێی نیشتەجێ بووە لەو كاتەوە بە كۆردۆڤان ناوبانگی دەركردووە. گێڕانەوەیەكی تر دەڵێت بازرگانێكی زێڕ كە كورد بووە هاتۆتە ناوچەكە و كانێكی زێڕی دۆزیوەتەوە و كرێكاری زۆری دامەزراندووە، لە كاتی كاركردندا شەڕی لەگەڵ كرێكارەكان دەبێت بازرگانەكە بەردەبێتەوە و دەمرێ، خەڵكەكە بە زمانی عەرەبی هاوار دەكەن كورد فانی، واتە كوردەكە مرد. هەروەها ناوی بەشێك لە دوكان و بازاڕەكانی ناوچەكە كوردییە لەوانە دڵشاد، كەشكوڵ، جیهان، كافتریای كوردی، مەشتەلی كوردی، خواردنگەی كوردی، كۆمپانیای كورد دیزڵ، ئێستاش وجدی كوردی یەكێكە لە رۆژنامەنووسە دیارەكانی سودان لە رۆژنامەی (الاخبار السودانیە) كاردەكات.

سەرچاوە:
شبكە الجیوستراتیجی للدراسات
صفحە الجمهوورییون الكورد
منتدیات كوبانی: الكرد فی السودان
م.جلال جوهر: الكرد فی السودان دراسە التأریخیە

341907353_973610080649339_8350201831495801113_n 343904521_181677251478284_4543514771695049570_n 341921513_952569602857710_4318586094146709743_n 343898934_129242353473410_6046311920114029024_n

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …