Home / بەشی مێژووی كورد / دەسکە گوڵەکەی نیاندرتاڵی شانەدەر

دەسکە گوڵەکەی نیاندرتاڵی شانەدەر

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری

دوای دۆزینەوەکانی ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ بۆ پەیکەرە ئێسقانی مرۆڤی نیاندرتال لە ئەشکەوتی شانەدەر، پاشماوەکانی نیاندرتاڵی شانەدەر زۆرترین گفتوگۆی لە ناوەندەکانی شوێنەوارناسیی لەسەر کراوە. لە دۆزینەوەی تۆوی گوڵەکانی ناوچەی شانەدەر لەگەڵ نێژراوی گۆڕی نیاندرتال ٤، گەرمترین گفتوگۆ و ڕاوبۆچوون ئەوەبوو نیاندرتاڵی شانەدەر دەسکە گوڵی لەگەڵ مردووەکانی ناشتووە. رالف سۆلیکی ئەو بیرۆکەیەی بڵاوکردوە، باوەڕی وابوو ئەو مردووەی نیاندرتاڵ لەسەر زەوییەکی گوڵڕێژ نێژراوە، یان وەکو ڕێز و خۆشەویستیی، دەسکە گوڵی لەگەڵ داندراوە. بەر لەوە نیاندرتاڵ وەکو بوونەوەرێکی نا شارستان و کەمێک دڕندە دەناسرا، بەڵام بەو بیرۆکەیەی سیلۆکی وێنای تازەی بۆ داڕێژرا.

هەر سیلۆکی لە سەرنجەکانی کاتی کارکردنیان لە شانەدەر نووسیویەتیی کرێکارەکانی ئەو ناوچەیە لە کاتی هاتنیان بۆ کارکردن گوڵیان لە پشتێن دەخست. توێژەرانی دوای ئەو پێیان وابوو ئەو کرێکارانە ئەو تۆوانەیان لە کاتی کردکردن گەیاندووەتە ناو شانەدەر و لەگەڵ هەڵکۆڵینەکان تێکەڵ بوون. بەڵام شوێنەوارناسانی فەرەنسایی ئەو ئەگەرەیان یەکلا کردەوە کاتێک پشکنینیان بۆ دەنکە تۆوەکان کرد. لە راپۆرتی ئەوان دەرکەوت لەبەرئەوەی دەنکە تۆوەکان پەستراون و داخوورانیان پێوە دیارە، بۆیە نابێ تازە بن. ئەو دەنکانە بۆ کاتی ناشتنی نیاندرتالەکە دەگەڕێنەوە.

لەبەر بایەخی زۆر و لە پێناو یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، تا تێگەیشتن لە نیاندرتاڵ و ژینگەی ژیان و ئاستی سۆز لە نیاندرتاڵ ڕوون بکرێتەوە، تیمێکی زانکۆی جۆن موورس لە لیڤەرپول و زانکۆی کامبریج دووبارە لە ساڵی ٢٠٢٢ گەڕانەوە شانەدەر و لەو بابەتەیان کۆڵییەوە. راپۆرتی تیمەکە گومان دەخاتە سەر دانانی چەپکە گوڵ لەگەڵ نێژراوی نیاندرتاڵ ٤. هەموو ناوچەی خوار ئەشکەوتی شانەدەر ساڵانە پڕ گوڵ و گوڵزار دەبێ. لە چینەکانی گڵی ناو ئەشکەوتەکە چەندین جار هێلانەی مێشەنگوین هەبووە، ڕاستە بۆ چاوی ئاسایی دیارنییە بەڵام بە هەبوونی ڕووناکیی پێویست و گۆشەنیگای گونجاو، جیاوازیی نێوان گڵ و هێلانەی مێشەنگوین دیار دەبێ.

تیمەکە لە چەندین چینی گڵی ئەشکەوتەکەدا ئەو هێلانانەیان دۆزییەوە. ئەو تۆوانەی لەگەڵ نیاندرتال ٤ دۆزرانەوە هەمەجۆرەن، هەموویان لە یەک جۆرە گوڵ نین و ئێستە لە وەرزی جیاجیا لە دەشتەکانی خوار ئەشکەوتی شانەدەر خۆڕسکانە دەردەکەون (هەرچەندە مەرج نییە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەریش هەر وابووبێ)، بۆیە ئەگەری ئەوەی نیاندرتاڵ کۆی کردبنەوە، زۆر قورسە. بەپێی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە، ئەو تۆوانە مێشەنگوین کۆی کردوونەتەوە و لەوێی هەڵگرتوون. ئەو ناوچەیە مێشەنگوینی هەبووە و لە کاتی ژیانی نیاندرتاڵ لەوێدا لەو ئەشکەوتەدا هیلانەیان هەبووە. دوای ناشتنی ئەو نیاندرتاڵە ئەو هێلانانە هەر لەوێ بوون و هەمەجۆرەی تۆوەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.

لە لایەکی دیکە، لیرۆی گۆرهانی تیمە فەرەنساییەکە ئاماژە بۆ تۆوی گوڵی پێنەگەیشتوو دەکات، مێشەنگوین ئەو جۆرە کۆناکاتەوە. ئەی ئەگەر نیاندرتاڵ بۆی داناوە، بۆ لە ناو کۆی ٢١ نێژراوەدا، تەنیا ٣ نێژراو ئەو تۆوانەی لەگەڵدایە؟ ئەگەری ئەوەی بۆی داندرابێ یان شیردەرێکی دیکە ئەوەی کردبێ، جارێ هەر لە ئارادایە. هەر لە ٢٠٢٢ لە نزیک شانەدەر ٣ پەیکەرێکی دیکە دۆزرایەوە ناوی نرا شانەدەر Z، کەواتە گەڕانەکان هەموو پاشماوەکانی شانەدەریان نەدۆزیوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەی نیاندرتال بە نا شارستان و کەمێک بێ سۆز داندراوە، بەڵام دۆزینەوەی پەیکەرە ئێسقانی شانەدەر ١ زۆر پرسیاری ورووژاند. لە کاتی مردنیدا هەردوو پەلی ڕاستی شانەدەر ١ کاریان نەکردووە و لایەکی سەریشی برینێکی گەورەی هەبووە کە لەوانەیە چاوێکی نەیدیوە، کەچی ئەگەر هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر دوای ئەو برینانەی ژیابێ، کەواتە ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ئاگایان لێی بووە و یارمەتییان داوە. خۆ ئەگەر هەبوونی تۆوەکانیش بۆ مێشەنگوین بگەڕینەوە، بەڵام کۆمەڵگەی نیاندرتاڵ تا ڕاددەیەک ئاڵۆز و تۆڕبەند بووە.

شوێنەواری دیکەی نیاندرتاڵ لە جیهاندا وێنەی سەر دیوار، هەڵکۆڵینی بەرد، دار بۆ سەرە ڕم، بابەتی جوانکاریی لە نینۆکی داڵ و باز داتاشراو لەگەڵ بابەتی دیکەی جوانکاریی لە قۆچی ئاژەڵان دروستکراون، دۆزراونەتەوە. نیاندرتاڵ قاوغی ئاژەڵی ناو دەریای لە کەنارەکان هێناوەتەوە ئەشکەوتەکانی، ئێسقانی ئاژەڵی گەورەی لە دەوری ئاگردانەکانیدا داناوە، ئامرازەکانی ئاگر کردنەوەی هەبووە، قیڕی تێکەڵ بە شتی دیکە کردووە و وەکو کەتیرە بەکاریهیناوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەشی ئەوەندە ئێسک سووک بووە لەگەڵ باپیرەی مرۆڤی ئیستە وەچەی ناوەتەوە. بۆیە گرفتەکە چارەسەر نەکراوە و دەکرێ بۆچوونەکەی سۆلیکی ، هەر ڕاست بێ.

سەرچاوە: https://phys.org/…/2023-08-ancient-bee-burrows…

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …