Home / بەشی مێژووی كورد / کۆماری کوردستان بیرێکی نێوخۆیی یان هەوڵێکی دەرەکی

کۆماری کوردستان بیرێکی نێوخۆیی یان هەوڵێکی دەرەکی

کۆماری کوردستان بیرێکی نێوخۆیی یان هەوڵێکی دەرەکی

FB_IMG_1487849161126

320px-Mustafa_Barzani_in_Mahabad_Kurdish_Republic

نوسینی:ئاگری ٲیسماعیل نەژاد

ساڵی 2017 حەفتاویەک ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێ دەپەڕێت، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا چەندین کتێب و بابەتی سەربەخۆی لەسەر نووسراوە، هێشتا زۆر لایەنی ئەو کۆمارە تەمەن 11 مانگە، بەتەواوی روون نەبووەتەوە، هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە، کە دەوڵەتی ئێران رێگەی نەداوە ئەو بەڵگانەی حکوومەتی ئێران کە پەیوەندیی بە کۆماری کوردستانەوە هەیە، بڵاو بکرێنەوە.
کۆماری کوردستان تەنیا بۆ کورد سەرنجڕاکێش نەبووە، بەڵکو بەرهەڵستکارانی کوردیش لێرە و لەوێ رەخنە و تێبینیی خۆیان لەسەر کۆماری کوردستان باس کردووە و بابەت و وتاریان لەسەر نووسیوە. زۆر جار توێژەرانی سەر بە نەتەوە ناکوردەکان پرسیارێکیان روو بە کۆماری کوردستان هێناوەتە گۆڕێ: “ئایا کۆماری کوردستان بەرهەمی فکرێکی خۆماڵییە، یان دەستکەوتی دنەی وڵات یان وڵاتانی دراوسێی ئێرانە؟

رووناکبیریی رۆژهەڵات
لە دوو دەیەی پێش کۆماری کوردستان
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، زۆر پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی رۆشنبیری و سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەند دەیەی پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان بدەینەوە.
مەودای نێوان دامەزراندنی کۆماری کوردستان و شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ لە دەڤەری ورمێ، نیزیک بە دوو دەیەیە و ئەگەر رۆژی تیرۆرکردنی سمکۆ وەک کۆتایی ئەو شۆڕشە دیار بکەین، مەودای نێوان کۆماری کوردستان و تیرۆری سمکۆ کەمتر لە 16 ساڵە و زۆربەی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان، شۆڕشی سمکۆیان وەک شۆڕشێکی کوردی رۆژهەڵات دیوە.
سمکۆ لە رۆژی 21ی ژوولای 1930 لەلایان دەوڵەتی ئەوکاتی ئێرانەوە لەسەر مێزی وتوێژ تیرۆر کراوە و کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە رۆژی 22-1-1946دا دامەزراوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند ئاماژەیەک بە هێندێ نووسراوەی کوردی بکەم، کە لە سەردەمی رەزاشادا و لە قۆناغی نێوان شۆڕشی سمکۆ هەتا دامەزرانی کۆماری کوردستان نووسراون و بەرهەم هاتوون .
لە رۆژنامەی (رۆژی کورد) زمانحاڵی شۆڕشی سمکۆ لە دەڤەری ورمێ لە شانی چەپی لاپەڕەی یەکەمی ئەو رۆژنامەیە و لە گۆشەی سەرەوە لەژێر ناوی سەرنووسەردا هاتووە : “هەر مەقالەیەک نەفعی کوردانی تێدا بێت وەردەگیرێت”.
هەروەها هەر لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی رۆژی کورددا و لە نێوەڕاستی لاپەڕەکە و پێش دەستپێکی سەروتار نووسراوە : “کوردێک دەینووسێ بۆ هەموو کوردان”.
ئەگەر تەنیا ئەو دوو رستەیەی ئەو رۆژنامەیە و سیاسەتی گشتیی بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکە و سیاسەتی دەسەڵاتدارانی شۆڕشی سمکۆ سەیر بکەین و بدەینە بەر سەرنج، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵکی کوردستان زۆر پێش ئەوەی ئەرتەشی سوور بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە ئەگەری هێرشی ئاڵمان لە خاکی ئێرانەوە روو بکاتە ئێران، خۆی وەک نەتەوەیەک داناوە و باوەڕی بە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی هەبووە.
سەرەڕای ئەوە هەر لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمدا و لە قۆناغی نێوان ئەو دوو شۆڕشەدا (میرزا حەسەن سەیفی‌قازی) ناسراو بە (سەیفولقوزات) کە لە رووناکبیرانی رچەشکێنی کوردە و لە رووی زمانییەوە داهێنانی زۆر نوێی لە شیعری کوردییدا کردووە، لە یەکێ لە شیعرەکانی بە ناوی (کوردینە تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو) زۆر راشکاوانە روو بە کۆمەڵگای کوردستان دەدوێت و داوای ئەوەیان لێ دەکات، کە هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی بدەن و ئەو لە یەکێ لە بەیتەکانی ئەو شیعرەدا دەلێت:
“ژێردەستی و ئیتاعەتی بێگانە تا بەکەی؟
شەرمە لەبۆ مە ھێندە ژیان بێ نیشان و نێو”
ئەو هەر لەو شیعرەدا کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و بیری نەتەوەیی هاندەدا و دەڵێت:
” بۆ چمانە ماڵ و سەر کە لەسەر سەروەری نەچێ؟
کوڕ نابێ قەت بترسێ لە زیندان و دار و چێو
پێ ھەڵگرن بگەینێ، کە شەڕ، بۆمە شایییە
دەست تێک گرن، درەنگە، جحێڵانە بچنە نێو
چون دوژمنن لەگەڵ یەک و بێ دەرس و مەدرەسەن
ڕاوو دەنێن بەجارێ، لە ھەورازێ بۆ نشێو
ئەو ژینی بەو ڕەزاڵەتە بۆ چییتە چاوەکەم؟
بپسێین لەڕێی نەجاتی وەتەن با بە نێر و مێو
سەرچوونی تەخت، ڕۆینی سەرداری پێدەوێ
خۆشیمە بەو شەھادەتی شێخانە نێوبەنێو”
ئەگەر بمانەوێ دەقی بەجێماو لەنێوان دوو قۆناغی شۆڕشی دەڤەری ورمێ و دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک هێمایەکی رووناکبیریی کوردی سەیر بکەین، زۆر بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە لەمەودای نێوان ئەو دوو قۆناغەدا باسی مافی نەتەوەیی و داخوازیی دەسەڵاتی سیاسی لەنێو کورداندا لە گۆڕێ بووە.
ئەو دەقانەی لەپێش کۆماری کوردستان و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەدایک بوون، سەرجەمیان پێمان دەڵێت کە بیری نەتەوەیی، بیری حکوومەتداری و وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەنێو کوردەکان، بیرێکی زۆر قووڵە و بە رووداوێکی تایبەتەوە گرێدراو نییە.

هەوڵەکانی دەسەڵاتی ناوەندی
خاڵی گرنگ کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە دەسەڵاتداریی ئێران لە سەردەمی پەهلەویدا زۆر بەوردی ئاگاداری رووداوەکانی کوردستان بووە، ئەوان بۆ سەرکوت و لەنێوبردنی بیری نەتەوەیی لەنێو کورداندا دوو رێگای روون و ئاشکرایان گرتووەتە بەر، یەکەم رێگا سەرکوتی نێوخۆیی بووە و دووەمیان رێگای رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵات و حکوومەتە ناوچەییەکان بووە، بۆ ئەوەی یان لە سەرکوتدا لەگەڵیان هاوپەیمان بن، یان ئەوەی بەر بە یارمەتیدانی شۆڕشی کوردان لە لایەن ئەوانە بگرن، بۆ ئەو مەبەستەش لە دوو رێککەوتنی نێودەوڵەتیی جیاوازدا، یەکەم پەیماننامەی (سەعد ئاباد) و دووەمیان پەیماننامەی (ئیتحاد) بە شێوەی ناڕاستەخۆ هەوڵی نێودەوڵەتی وەگەڕ خراوە بۆ سەرکوتکردنی کورد و داخوازیی دەسەڵاتداری لە کوردستاندا.

پەیمانی سەعد ئاباد
پەیمانی سەعد ئاباد لە رۆژی 8ی ژوئیەی 1937 لە کۆشکی سەعد ئابادی تاران لەنێوان ئێران، تورکیا، ئەفغانستان و عێراقدا واژۆ کراوە، ئەو پەیماننامەیە لە 10 خاڵ پێکهاتووە کە لە خاڵی 7دا دەڵێت : “دەوڵەتی هاوپەیمان لەبەرامبەر یەکدا بەرپرسن کە لەسەر سنوورەکان رێگە لە سازبوونی رێکخراوەی چەکداری و چالاکیی ئەوان بگرن کە خوازیاری ئەوەن رێکخراوە و دامەزراوەکانی ئێستا لەنێو بەرن، یان بۆ لەنێوبردنی تەناهی و تەکوزی هەر بەشێک لە خاكی وڵاتانی هاوپەیمان (سەرسنووری یان ناسنووری) یان رووخانی حکوومەتی هاوپەیمانان چالاکی دەکەن”. (نووسەر دەقی فارسی پەیماننامەکەی کردووەتە کوردی).
لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە هەوڵێکی نێودەوڵەتی لەلایەن دەسەڵاتداریی ناوچەیی و رژێمی پەهلەویی یەکەمدا لەئارادایە، تا بیری رزگاریخوازی لەنێو کورددا کوێر بکرێتەوە و بەری پێ بگیرێت.

پەیماننامەی ئیتحاد
دووەمین هەوڵی نێودەوڵەتیی دەسەڵاتداری ئێران لە سەردەمی پەهلەوی بۆ کوێرکردنەوەی بیری نەتەوەیی لە کوردستان، (پەیماننامەی ئیتحاد)ە، ئەو پەیماننامەیە یەکەم رێککەوتنی نێودەوڵەتیی دەسەڵاتداری پەهلەویی دووەم بوو، کە لە رۆژی 29ی ژانویە 1942 لە کۆشکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەنێوان ئێران، یەکێتیی سۆڤێت و بەریتانیا واژۆ کراوە، ئەو پەیماننامەیە لە 9 خاڵ پێکهاتووە، لە خاڵی یەکەمی ئەو پەیماننامەیەدا دوو وڵاتی یەكێتیی سۆڤێت و بەریتانیا بەڵێن دەدەن پێبەندی پاراستنی یەکێتیی خاکی ئێران بن.
سەرەڕای هەوڵی دیپلۆماتیک و نێودەوڵەتی بە مەبەستی بەربەست سازکردن لەسەر رێگای کورد و نەتەوە نافارسەکانی ئێران، لە قۆناغی دوو شۆڕشی سمکۆ لە دەڤەری ورمێ و دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، زۆر کەس ناچار بوون کوردستانی رۆژهەڵات بەجێ بێڵن، بۆ وێنە، مەلا محەمەد تورجانیزادە، سەرنووسەری رۆژنامەی (رۆژی کورد) و مەلا ئەحمەدی برای، حەمەڕەشید خانی بانە و …..
هاوکات لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی پەهلەویی یەکەم ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی کوردی دەستبەسەر کرد، ئەو کەسانەی کە هەستی دەکرد لە پێشخستنی بیری دەسەڵاتخوازی لە کوردستاندا دەتوانن رۆڵیان هەبێت، لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی پەهلەویی یەکەم دەستبەسەر کران، کە لەوانە دەکرێت ناوی (رەشید خانی ئەردەڵان) لە سنە و (عینایەتوڵا هیدایەتی پاوەیی) لە ناوچەی هەورامان و (سالار جەوانمەری قازی) لە ناوچەی موکریان بێنین، ئەوە سەرەڕای ئەوە بوو کە لە ناوچەی ورمێ لەگەڵ (سمایل ئاغای سمکۆ) چەندین کەسی تر وەک (خورشید خانی هەرکی) تیرۆر کرا.
ئەو کەسایەتییە کوردانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پەهلەوی بەهۆی مەترسی لە چالاکیی سیاسی دەستبەسەر کراون، رێژەیان دەگاتە 110 کەس، زۆربەیان لە رێکەوتی 11ی ژانویە 1933دا لە گەڵاڵەیەکی داڕێژراو بە شێوەی هاوکات دەستبەسەر کران، ئەوان هەتا شکانی ئەرتەشی پەهلەوی لە رۆژی 3ی خەرمانانی 1320 لە زیندان مانەوە و چەند کەسێکیشیان لە زیندان تیاچوون.
کەوایە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان و لە ماوەی دەسەڵاتداریی پەهلەوی یەکەم و سەرەتای پەهلەوی دووەم، هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک هەوڵی نێودەوڵەتی لە رێگای سەرکوت و داپلۆسینی کەسایەتییەکانی کوردستان، دەوڵەتی ناوەندی لە هەوڵی ئەوەدا بووە بیری نەتەوەیی و داخوازی دەسەڵاتداری لە کوردستان کوێر بکاتەوە.

بەڵگە کوردستانییەکانی
قۆناغی کۆماری کوردستان
ناوچەی مەهاباد کە ناوەندی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوو، لەپاش رووداوەکانی 25ی ئاگۆستی 1941 و داگیرکردنی ئێران لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران دەهاتە ژمار، ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کە وەک سیاسەتی فەرمی هیچ کام لە وڵاتانی بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤێت (دوو وڵاتی هاوپەیمان، کە هێزی سەربازییان هێنایە خاکی ئێرانەوە) لە قازانجیاندا نەبوو ئێران تووشی ئاڵۆزی بکرێت، چون لەو قۆناغەدا ئەوان لەگەڵ شەڕێکی گەورە بەرەوڕوو بوون و هیچ کەس نەیدەزانی ئاراستەی ئەو شەڕە بەرەو کوێ دەچێت، هەر چەشنە ئاڵۆزییەک دەیتوانی بە مانای خوڵقانی دەرفەتێک بێ بۆ کرانەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ، ئەوەش بە مانای تەشەنەکردنی شەڕ دەبوو، لە سەردەمێکدا کە ناوچەی مەهاباد وەک ناوچەی ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران پێناسە دەکرا و بەهۆی ئەوەی دامەزراوەی دەوڵەت لە ئێران بەکردەوە نەبوو، نەمانی دەسەڵاتی سەرکوت وای کرد رێکخراوەی (ژ – ک) دامەزرێت، ئەندامانی ئەو رێکخراوە 7 جار سوێندیان بە قورئان دەخوارد، بۆ 6 مەبەست، کە دووانی سەرەتاییان بریتی بوون لە:

ئا: خیانەت بە نەتەوەی کورد نەکات.
بێ: کۆشش بۆ خودمختاریی کوردستان بکات.
گرنگیی ئەو بابەتە لێرەدایە کە لە ڕێگای باوەڕێکی ئایینیەوە ئەندامانی (ژ – ک) خۆیان لەبەرامبەر بیرێکی نەتەوەییدا بە بەرپرس دادەنا، کە هەم بۆی تێ بکۆشن و هەم خیانەتی پێ نەکەن.
کۆمەڵەی (ژ – ک) لە مانگی نوڤەمبێری 1945دا، ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان و لە 6ی دێسەمبری 1945دا حزبی دیموکرات یەکەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێ و لە یەکەم مەرامنامەیدا کە لە دێسەمبری 1945دا بڵاو کراوتەوە، لە خاڵی چواریدا هاتووە: “لە قۆناغی ئێستادا گەورەترین ئامانجی حزب بریتییە لەوەی لەناو سنووری دەوڵەتی ئێراندا، پارێزگاریی مافی کوردان بکات و بۆ جێگیرکردنی، رێگای خودمختاری هەڵبژێرێ”.
لە درێژەدا وەک بەڵگەیەی گرنگی تر دەکرێت باس لە وتاری پێشەوا قازی محەمەد، کە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، واتە 22ی ژانویەی 1946 بکەین، ئەو لەو وتارەدا دەڵێت:
“کوردستان مەوقعێکی جوغرافیای مەخسووسی هەیە، کە بێ پسانەوە، بێ ئەوەی نەتەوە و میللەتێکی کە لەنێویاندا فەسڵ و لێکیان بپچڕێنێ، بەسەر یەکەوە و پێکەوە سکونەتیان تێدا هەیە، دارای مالکییەتی میللین دەوێدا، بەسەرهات و سوابقی تاریخییان یەکە و عمومەن تێیدا شەریکن، خاوەنی داب، رسووم و عاداتی میللییەکی وان کە هیچ جۆرە سەدەمە و حەوادسێک نەیتوانیوە سستییەک لە بناغەی میللییەتی ئەواندا پەیدا بکات”.
هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، لە رۆژی 23ی ئەپریلی 1946دا رێککەوتنێک لەنێوان کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان واژۆ دەکرێت، ئەو رێککەوتنە لە تەورێز، لەنێوان پێشەوا قازی محەمەد، وەک سەرۆک کۆماری کوردستان و جەعفەری پیشەوەری، وەک سەرۆک کۆماری ئازەربایجان واژۆ دەکرێت، رێککەوتنەکە لە 7 خاڵ پێکاتووە، کە لە خاڵی 6دا دەڵێت: “حکوومەتی میللیی ئازەربایجان بۆ پێشخستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەو کوردانەی لە خاکی ئازەربایجاندا دەژین و حکوومەتی میللیی کوردستان بۆ پێشخستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەو ئازەربایجانییانەی لە خاکی کوردستان دەژین، بەپێی توانا هەوڵ دەدەن”.
ئەو بەڵگانە بەشێک لە گرنگترین بەڵگەکانی سەردەمی کۆماری کوردستانن، ئەوە سەرەڕای هەوڵ و کردەوەکانی تر کە لە رۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان و (گۆڤاری نیشتمان)، ئۆرگانی کۆمەڵەی (ژ – ک) رەنگیان داوەتەوە. بەکورتی سەرجەمی ئەو بەڵگانە پێمان دەڵێن کە گرنگترین کەڵکەڵەی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان (مافی نەتەوەیی) و دەستبەرکردنی ئەو مافە بووە و و هاوکات لەگەڵ ئەوەش، بەڕوونی دیارە کە بابەتی مافی نەتەوەیی و دەستبەرکردنی ئەوە مافە تایبەت بە قۆناغی کۆماری کوردستان و سەردەمی سازبوونی بۆشایی سەرکوت نییە، بەڵکو زۆر پێشتر و هەر لەو جوغرافیایەی کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزرا، باس و بابەت لەسەر مافی نەتەوەیی لە گۆڕێ بووە، ئەوەش بەو مانایەیە کە بیری دامەزراندنی کۆماری کوردستان بیرێکی خۆماڵی بووە، نەک بیرێکی هاوردە و دەرەکی و دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیان وەک بۆشاییەکی سەرکوت دیوە و کردوویانە بە دەرفەتێک بۆ سەرخستنی ئامانج و هیوایەک، کە زۆر پێش ئەو بۆشاییە لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندا هەبووە.
لەکۆتاییدا دەکرێت بڵێین، گرنگترین بەڵگە بۆ ئەوەی کۆماری کوردستان بیرێکی خۆماڵی بووە ئەوەیە، کە ئێستا پاش 71 ساڵ بەسەر تێپەڕانی ئەو کۆمارەدا، رێکخراوەی دامەزرێنەری ئەو کۆمارە ماوە و لەپێناو هەمان ئاوات و ئامانجدا چالاکی دەکات.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …