Home / بەشی مێژووی كورد / شیعرە “کوردییەکان”ی فزوولی

شیعرە “کوردییەکان”ی فزوولی

 

و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی

ئەگەر مەرگ بواری جەمال سوورەیا (١٩٣١-١٩٩٠)ی بدایە، نیازی وابوو “بەنگ و بادە”ی فزوولی وەربگێڕێتە سەر تورکیی هاوچەرخ. ئەو دەیگوت: “ئەو شیعرە درێژە دەبێت بە دەست لە ملانێی کورد و تورک” و فزوولیشی وەک سیمبولی “برایەتی” وەسف دەکرد. باشە، بەڵام بۆچی شاعیرێکی تر نا و هەر ئەو؟  لە ژمارەیەکی زۆر کتێب و وتاردا فزوولی بە کورد دانراوە و نووسەران بێ ئەوەی بەڵگە پێشان بدەن، ئاماژەیان کردووە بۆ ئەوەی کە ئەو شاعیرە بە کوردیش شیعری نووسیوە. داخۆ جەمال سوورەیا بەمەی دەزانی؟ ئایا ئەو وەک شاعیرێکی شارەزا لە ئەدەبیاتی کۆن ئەو شیعرانەی بینیبوو؟
خۆ بە خاوەنکردن لە شاعیرێکی گەورەی وەک فزوولی، ئەگەر تەنانەت بناغەی مادیش لە ئارادا نەبێت بۆی، هەنگاوێکی واتادارە. بەڵام لە کاتێکدا مێژووی میتۆلۆژیی تورک کە لێوانلێوە لە ڕەگەزپەرستیی بێ واتا، بەوە ناسراوە هەموو شتێکی تایبەت بە کورد و زمانی کوردی پەردەپۆش دەکات، بۆچی ئەو “بانگەشە”یە بەهەند وەرنەگرین؟ وەلێ بێگومان بە پارێزەوە. وەک نموونە بۆ “بە پارێزەوە” باسی دوو شت دەکەم:
بە درێژایی چەندین ساڵ دەگوترا نەفی (١٥٧٢-١٦٣٥) شیعری کوردیی هەیە. یەکێک لەوانەی ئەو بانگەشەیەیان دەکرد، ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو بوو کە ئێستا لەسەر لیستی مەهەپە پەرلەمانتارە. پاشان تەحسین ئیبراهیم دۆسکی کە توێژەرێکی چالاکی خەڵکی باشووری کوردستانە، کۆپییەکی دۆزییەوە و بڵاوی کردەوە. ئەو دەقە هی نەفی نا، بەڵكو هی “نەفایی”یە کە بە تورکی و فارسی و گۆرانی و سۆرانی شیعری نووسیوە. ئەوە ناوێکی نەزانراو بوو، کارێکی زۆر باشیش بوو. بیرۆیەک بۆ ڕۆمان: گەنجێکی خەڵکی سوێرەکی ئورفا ساڵانی ١٩٦٠ کە بە ناچاری دەکەوێتە ژێر باری “نە کورد هەیە و نە زمانی کوردی” و سەرقاڵی نووسینی نامەی دکتۆرا دەبێت لە ئەدەبیاتی کلاسیکی تورکیدا، لە کتێبخانەی دەستنووسەکاندا چاوی بەو دەقەی نەفایی دەکەوێت و وا دەزانێت هی “نەفی”یە. لە ترساندا ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕێت. هۆکارێکی تەنکنۆلۆژیش نییە بۆ ئەوەی کۆپییەکی لەبەر بگرێتەوە! بیر دەکاتەوە ئەگەر کۆپیشی لەبەر بگرێتەوە، چۆن لە دەوڵەتی بشارێتەوە؟ لە ئاکامدا ئەم گەنجەمان بە ناسۆری لە کتێبخانەکە دێتە دەرەوە. ڕۆژێک بە سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت کە شیعری کوردیی “نەفی”ی بینیوە و ئیدی ئەو بانگەشەیە بڵاو دەبێتەوە. بێگومان ئەمە واتەی ئەوە نییە کە نەفی شیعری کوردیی نییە.

لە کتێبخانەی میللیی ئانکارا دیوانێکی مەلای جزیری هەیە، بەڵام بەرگەکەی “لەیل و مەجنوون”ی فزوولییە! بیرۆیەکی تر بۆ ڕۆمانێکی تر: حسێن واسف چناری نەوەی بەدرخانییەکان کە لە سەروبەندی قەدەغەکردنی زمانی کوردیدا ماوەیەک وەزیری پەروەردەی میللی بووە و هەر لەو سەرەمەیشدا هەموو دەستنووسەکان لەلایەن دەوڵەتەوە کۆ کراونەتەوە، (لەوانەیە) بە پێویستی زانیبێت دیوانەکەی جزیری بشارێتەوە و ویژدانی ڕێی پێ نەدابێت بفەوتێت، بۆیە دەبێت لە بەرگی “لەیل و مەجنوون”دا شاردبێتییەوە و ڕادەستی کردبێت. ئەو کۆپییە هێندە گرنگیش نییە، بەڵکو دانەیەکە لە دەستنووسێک کە باوەڕ دەکرێت تەیار پاشای ئامێدی نووسیبێتییەوە. (لە ترسی ئەوەی نەبادا فەرمانبەرانی کتێبخانەی ئاماژە بۆ کراو ئەو کۆپییە بدۆزنەوە و بیفەوتێنن، من دەستوبردم کرد و کۆپییەکم لەبەر گرتەوە!) لەوانەیە کەسێك ئەو دەقەی بەرچاو کەوتبێت و وای بۆچووبێت کە فزوولی بە کوردی شیعری نووسیوە!


کەلیموڵا تەوەحودی (کانیمال)

خزمایەتیی کورد و ئازەری

فزوولی ساڵی ١٤٨٣ لە دایک بووە و ژمارەیەکی زۆر سەرچاوە بە ئازەری دایدەنێن و هەر لەو سۆنگەیەشەوە بە تورکی دەزانن. بەڵام لەوێدا بەسەر چەند خاڵێکدا باز دەدرێت. ئازەریی کۆن کە زمانێکی ئێرانییە، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ زمانی کوردیدا هەیە و خزمن. لەو دوو زمانەدا هەم “ئەز” و هەم “من” هەیە. ئاسمیلاسیۆنێکی زمانەوانی پێک دێت و ئەو “ئەز”ە لای ئەوان وەردەگەڕێتە سەر “ئوێز”. ئەم دوو کۆمەڵگەیە خزمی یەکدین، بەڵام ئازەری لە ئەنجامی ئاسیملاسیۆندا بووە بە زمانێکی “تورکی”. بۆیە ئەگەر فزوولی چ ئازەری بێت و چ کورد، مایەی سەرسووڕمان نابێت ئەگەر کوردی زانیبێت و بە کوردی شیعری نووسیبێت. هەموو سەرچاوە پەیوەندیدارەکان ڕوونی دەکەنەوە کە فزوولی بە عەرەبی و فارسی و تورکی شیعری نووسیوە. باشە ئەدی کوردی؟

لە توێژینەوەکانی تایبەت بە ئەدەبیاتی نووسراوی کوردیدا بە شێوەیەکی گشتی باس لە دەقە “گۆرانی-هەورامی”یەکانی دوای سەدەی نۆیەم دەکرێت. ئەو دەقانە لە سەدەی نۆزدەیەمدا یان سەرلەنوێ نووسراونەتەوە، یان لە شێوەی دەفتەر و کەشکۆڵدا ڕێک خراونەتەوە، ئەگەرچی دەفتەر و کەشکۆڵی بە مێژوو کۆنتریش هەن؛ “کەشکۆڵی شیعری گۆرانیی کوردی”ی ئا. م. مەردۆخی کە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ئەنوەر سوڵتانی لە لەندەن چاپ کراوە، نزیکەی هەموو شیعرەکانی ناوی لەسەر شێوازی “شیعری میللی”ن. بەڵام کۆنترین دەقی شیعری کلاسیک، وەک ئەوەی د. کەمال فوئاد (١٩٣٢-٢٠١٤) لە کتێبی “دەستنووسە کوردییەکان”دا کە ساڵی ١٩٧٠ بە زمانی ئەڵمانی چاپی کردووە، ئاماژەی بۆ کردووە، شیعرێکی سۆفیگەرانەیە کە لە سەدەی چواردەیەمدا لەلایەن “مەلا پەرێشان”ەوە نووسراوە. بەڵام کۆنترین ناوی شیعری کلاسیک بە زاراوەی کرمانجیی سەروو عەلی هەریرییە (١٠٠٩-١٠٧٩).

دیوانی ونبوو

شەرەفخان لە “شەرەفنامە”دا کە ساڵی ١٥٩٧ نووسیوێتی، دەڵێت “میر یاقوبی زەرقی”یش دیوانێکی کوردیی هەیە. تا ئێستا نەتوانراوە ئەو دیوانە بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەگەر قەبوڵمان بێت کە هەریری و زەرقی لە ساڵانی ١٥٠٠دا ژیاون، پێویستە ئەوەیشمان قەبوڵ بێت کە هاودەمی فزوولی بوون. هەروەها ئەگەر ئەو سەرچاوە و بەیتە کوردییانەی کە لای خوارەوە دایاندەنێم، ڕاست بن، ئەوا لەوانەیە پێویست بێت فزوولی بە کۆنترین ناوی ئەدەبیاتی کلاسیکی کرمانجیی سەروو دابنێین!
بێگومان فزوولی ئەگەر بە کوردیش شیعری نووسیبێت، ئەمە واتای ئەوە نییە کە کورد بێت. هەوڵی منیش لێرەدا کارکردن نییە بۆ سەلماندنی کوردبوونی فزوولی. شتێک کە هەرە زیاد سەرنجی من ڕادەکێشێت ئەوەیە کە هەندێک لە ناوە باوەکانی بواری تورکۆلۆژی دەیان لاپەڕەیان تەرخان کردووە بۆ باسکردنی کوردنەبوونی فزوولی. هەر ئەمەیشە کە لای من  گومان دروست دەکات!
دەتوانین باس لە ناو و نیوێک بکەین کە لە هەناوی تورکییەوە هاتوون و بە کوردی شیعریان نووسیوە؛ نیوە ناوەکە عەلی گەلیبۆلولوە (١٥٤١-١٦٠٠). گەلیبۆلولو لە چامەیەکدا کە بە ١٠ زمان نووسیوێتی، نیو بەیتی بە کوردی (کرمانجیی سەروو) نووسیوە: “کورد ئۆلان وەلوەلە ئیلە بونی ئیراد ئەیلەر / دکوژم تە، تو بزانی دروڤێ من تو بیار.” ناوە تەواوەکەیش ئیبراهیم خەلیل سۆغوکئۆڵوە (١٩٠١/١٩٥٢). لە دیوانی ئەم شاعیرەدا ٦ شیعری کوردی هەیە، بەڵام خۆی زیاتر وەک سیخووڕی هەواڵگیری ناسراوە نەک شاعیر. با نەچینە ناو ئەم بابەتەوە، چونکە زۆر ئاڵۆزە.

جیاوازی و تایبەتمەندیی فزوولی لای شاعیرانی کورد

لە سەردەمی کلاسیکدا شاعیرانی عوسمانی/تورک و کورد زۆر دانیان بە شاعیربوونی یەکدیدا نەدەنا. بەڵام شاعیرانی کورد لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بۆ فزوولییان ڕوانیوە. بۆ نموونە، شیعرێکی پەرتەو بەگی هەکاری (١٧٧٧-١٨٤١) دەقاودەق وەرگێڕانی شیعرێکی فزوولییە. با سەرنج لە چەند بەیتێک بدەین کە لە وتارێکی عەبدولڕەحمان ئاداک دا هاتوون: فزوولی دەڵێت: “مەنویم تەک هیچ کیم زار و پەریشان ئۆڵماسون یا ڕەب / ئەسیری دەردی عیشق و داخی هیجران ئۆڵماسون یا ڕەب.” پەرتەو بەگی هەکاری دەڵێت: “وەکی من قەت کەسەک ژار و پەریشان هەر نەبت یا ڕەب / ئەسیر و دەردی دارێ داخێ هیجران هەر نەبت یا ڕەب.” ئایا گرنگیدانی شاعیرانی کورد بە فزوولی تەنیا لە سۆنگەی شاعیربوونی ئەوەوەیە، بەتایبەتیش ئەگەر بزانین پەرتەو بەگی هەکاری سوونی و فزوولیش شیعە بووە؟
نازانم دەزانن یان نا کە لە ویلایەتی خۆراسانی باکوری ئێران نزیکەی دوو ملیۆن کوردی عەلەوی-شیعە هەن. بەشی هەرەزۆریان بە ڕەچەڵەک خەڵکی مەلاتیا، سیواس، دەرسیم، ئەرزڕووم، ئەهلات و شوێنانی ترن. ئەمیش بابەتێکی درێژە. کتێبێکم بە ناوی “کوردەکانی خۆراسان: مێژوو-ئەدەبیات” کە بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە، زانیاریی بەرفراوان لەو بارەیەوە لەخۆدەگرێت. ئێستا هەر ئەوەندە دەڵێم: ئەو کۆمەڵگەیە سەرکردەیەکی کولتووریی هەیە بە ناوی کەلیموڵا تەوەحودی (کانیمال). ئەم توێژەرە لە کتێبێکی ٦ بەرگیدا باسی چۆنێتیی کۆچپێکردنی ماڵ بە ماڵ و عەشیرەت بە عەشیرەتی ئەو کوردانە لە سەدەکانی شازدەیەم و حەڤدەیەمدا دەکات. لە سەردانماندا بۆ ماڵیان لە گوندی کانیمال کە زیاتر لە مۆزەخانەیەکی ئەنتۆگرافی دەچێت، توێژەر دانەیەک لە کتێبەکانی خۆی پێشکەشم کرد کە کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی فزوولی لەخۆدەگرێت و هەر ئەوەیش بوو ئێمەی گەڕاندەوە بۆ باس و خواسی فزوولی و زانیارییەکانیش لێرەدا دەخەمە ڕوو.

وێنەیەکی خەیاڵیی شاعیر فزوولی

شیعرە لەناوبراوەکانی فزوولی

نووسەر لە کتێبی “هزار و یک شب، کرمانج خراسان، فلسفە شعر و موسیقی کرمانج” کە بە فارسی نووسیوێتی، باس لە دەستنووسێک دەکات کە عەلی ڕەحمەتی قوردانلو لە گوندی عەلیئابادی سەر بە بۆجنوری پایتەختی ویلایەتی خۆراسان دۆزیویەتییەوە (قوردانلو بەڕێوەبەری فەرمانگەی باری کەسایەتیی ویلایەتە و هەمان کات مرۆڤێکی کولتووردۆست و قەدرگرانە). کانیمال ڕوونی دەکاتەوە کە فزوولیش وەک ئەحمەدێ خانی و شاعیری گەورەی خۆراسانی جەعفەر قولی زەنگەلی بە چوار زمان شیعری نووسیوە. بە بۆچوونی ئەو، شیعرە کوردییەکانی فزوولی لەناوبراون. بەشی زۆری مێژوونووسانی ئەدەبیش باس لە کوردبوونی وی ناکەن، تەنیا ئا. ئی، کریمسکی نەبێت کە دەنووسێت فزوولی سەر بە عەشیرەتێکی کوردی ئازەربایجانە. کانیمال دەنووسێت کە بابا مەردۆخیش زانیاریی هاوشێوەی ئەوەی کریمسکی خستووەتە ڕوو.
بەپێی ڕوونکردنەوەی نووسەر، ئەو دەستنووسەی کە دەستی کەوتووە بە هۆی لەبەرنووسینەوەی زۆرەوە گەیشتووەتە دۆخێک کە خوێندنەوەی ئاسان نییە. دەستنووسی ئاماژە بۆ کراو بە قەڵەمی فەڕەنسی و مەرەکەبی ڕەش نووسراوە و لە ٤٨٩ بەیت پێک دێت کە ٣٢٠ بەیتیان بە تورکی و ١٦٢ بەیتیان بە کوردی (کرمانجیی سەرووە). بەڵام نووسەر ئەوەمان بۆ ڕوون ناکاتەوە کە داخۆ ٧ بەیتەکەی تر بە چی زمانێک نووسراون. هەموو سەردێرەکان بە زمانی فارسین و ١٤٩ بەیت لە کۆی ١٦٠ بەیتی سەرەتا بە زمانی کوردین و ١١ بەیتەکەی تر بە زمانی تورکین. بەپێی بۆچوونی کانیمال، ئەم ڕەوشە دەمانگەیەنێت بەو بڕوایەی کە کۆپیی یەکەمی ئەو دەستنووسە بەیتی کوردیی زیاتری تێدا بووە، بەڵام وا دیارە ئەوانەی کە لەبەر دەستنووسەکەیان نووسیوەتەوە، ٨ پیتە جیاوازەکەی زمانی کوردییان نەزانیوە و دژوار بووە بەلایانەوە، بۆیە بەیتە کوردییەکانیان فەرامۆش کردووە و بەزۆری بەیتە تورکی و فارسییەکانیان نووسیوەتەوە. ئەگەرچی ئەوە بۆچوونێکی زۆر بەهێز نییە، بەڵام ئیدی نووسەر وا دەڵێت.
با بێینە سەر بەیتە کوردییەکان. بە سەرنجدان لە بەیتە کوردییەکان بۆمان دەردەکەوێت لە بادینییەوە کە یەکێك لە شێوەکانی کرمانجیی سەرووە، نزیکن. ئەم بەیتانەم لە لاپەڕەکانی ١٥٣ و ١٥٤ی کتێبەکەی کانیمال وەرگرتووە و یەکێك لە بەیتەکان لە کۆپییەکی لە تورکیا چاپکراودا بەمجۆرەیە: ئەلبەتە بیر ئۆد کی دوێشدی جانا / ئاخر دوتوشوپ چەکەر زەبانە”. لە بەیتە کوردییەکانیشدا گرفتی کێش و سەروا هەیە و چارەسەری ئەوەیش  بۆ کەسانی شارەزا بەجێ دەهێڵم. بێ هیچ گومانێک ئەم شیعرانە هی فزوولین و بەیتە کوردییەکانیش لە کەناردا نا، لە چەقی دەقەکەدان. ئەمەیش بەڵگەیەکی بەهێزە کە ئەو بەیتە کوردییانە لەلایەن فزوولییەوە نووسراون.
نموونەی چەند بەیتێک لە “لەیل و مەجنوون”ی فزوولی:

ئەڵا تو بکە ل من شەفاقەت
ئەز بکەم گوفتارێ وی ڕیوایەت
ئەو هەردوو ل هەڤ کرن نزارە
یەکی چوو قەمەر، یەکی چوو زووهرە
ئەشقێ دلێ وان ل وان ئەسەر کر
دووری فەلەکێ ل وان خەبەر کر
…….
ئەو چەرە گەپە دکر وەکی تیر
جەم لایلایی هات ژنەکە پیر
گۆت: ئەو چ موناسیبە ل دینە
شێرێ درندە چ نێر چ می نە
ڕۆنشتی ل جەم دگۆت قیزێ
گۆلچەرە نیگاری پڕ تەمیزێ
مە دۆهـ هۆد بیست ژ فەلانی
ئەشق ل تە بوویە نوجەوانی
باقی تە دبینی، تە دکوژی
خوێنێ تە مینا پلنگ دمژی
وەکی مە نەگۆت ل مە وەها کی
دۆستان ل مە، دوژمنان تو شا کی
ڕەحمەت ل تە بی، تە کار ڕند کر
فەرهاد و شیرین کارێ تە نەکر

بەرگی کتێبەکەی کەلیموڵا تەوەحودی (کانیمال) بە زمانی فارسی

تێبینییەکانی وەرگێڕ:
ئەم وتارە لەلایەن سەلیم تەمۆ بە زمانی تورکی نووسراوە و ڕۆژی ١/١٢/٢٠١٦ لە ڕۆژنامەی “گازێتە دوڤار” بڵاو کراوەتەوە و وتارەکە لەم لینکەدایە: http://www.gazeteduvar.com.tr/kitap/2016/12/01/fuzulinin-kurtce-siirleri/
تەمۆ نووسەر و شاعیر و وەگێڕ و ئەکادیمیسیانێکی کوردە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری باتمان لە دایک بووە و تا ئێستا ١٣ کتێبی لە بوارەکانی شانۆ و چیرۆک و ڕۆمان و توێژینەوە و وەرگیڕاندا هەیە.
لە شیعری کۆتایی وتارەکەدا خۆم لە دانانی بەیتە تورکییەکان پاراست، چونکە مەبەست لەم وەرگێڕانە تەنیا پێشاندانی نموونەی بەیتە کوردییەکانە.
سەلیم تەمۆ:

4.-elyazması

selimtemo

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …