Home / بەشی مێژووی كورد / سەید ڕەزای دەرسیم سەرکردەیەک لە دڵی نەتەوەکەی دا

سەید ڕەزای دەرسیم سەرکردەیەک لە دڵی نەتەوەکەی دا

هیواساعدی
یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی باکووری کوردستان و کوردە عەلەوییەکانی دەرسیمە کە هاوشێوەی سەرکردەکانی شۆڕشی خۆییبوون و شێخ سەعیدی پیران بە هۆی پاشگەزبوونەوەی ئەتاتورک لە بەڵێنەکانی بۆ گەلی کورد دەستی بە شۆڕش کرد.
سەید ڕەزا دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی قۆچگری هەوڵیدا شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان زیندووبکاتەوە و لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ تەتریککردنی ناوچە کوردییەکان دەستی بە شۆڕش کرد.

حکومەتی تورکیا هەرچەندە زۆر جار هێرشی فراوانیان لە بەرامبەر شەڕڤانانی سەید ڕەزا ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی بە شەڕ کۆتایی بە شۆڕش بهێنن
بەو هۆیەشەوە حکومەتی تورکیا داوای دانوستانی کرد و بڕیاردرا لە شاری “ئەرزینگان” شاندی حکومەت و شاندی شۆڕش بە سەرۆکایەتی سەید ڕەزا کۆببنەوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٧ دا ئەنجامدرا، سەید ڕەزا و ئەندامانی شاندەکەیان دەستگیرکرد و بۆ شاری ئەلئەزیزی باکووری کوردستانیان بردن.
سەید رەزا و “ڕەسک حسێنی” ی کوڕە ١٦ ساڵانەکەی و شەش هاوڕێی لە ١٥ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دادگاییکران و لەسێدارەدران
هەرچەندە سەید ڕەزا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بوو و یاسای تورکیا رێگای بە لەسێدارەدانی نەدەدا، بەڵام بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەید ڕەزاش لەسێدارەدرا. لە ڕۆژی لەسێدارەدانیدا ئەتاتورک چی بە سەید ڕەزا گوت؟
بە پێی بەڵگەیەک کە دوای مردنی ئەتاتورک بڵاوبووەوە، لە ڕۆژی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێکانیدا، مستەفا کەمال ئەتاتورک لە شەمەندەفەرێکدا چاوی بە سەید ڕەزا کەوتووە.
بە پێ بەڵگەکە، ئەتاتورک و ژمارەیەک ئەفسەری پلەبەرزی سوپای تورکیا لە کاتی خواردنی نیوەڕۆدا، چاویان بە سەید ڕەزا کەوتووە و ئەتاتورک داوای لە سەید ڕەزا کردووە، خواردنیان لەگەڵدا بخوات، بەڵام سەید ڕەزا ڕەتیکردووەتەوە و لە سەر پێ وەستاوە و دانەنیشتووە.
لەو کاتەدا ئەتاتورک دەڵێت، ” ئەگەر دان بە هەڵەکانتدا بنێیت و پەشیمانی خۆت دەرببڕی، لێت دەبوورم.” بەڵام سەید ڕەزا پێی دەڵێت،” من کارێکم نەکردووە کە تۆ لێم ببوری و پەشیمانیش نیم
سەید ڕەزا بەم شێوەیە بەرگری لە خۆی و گەلەکەی دەکات ” ئێمە لە کاتی دروستکردنی کۆماری تورکیا پشتگیری ئێوەمان کرد. هەرچەندە عوسمانییەکان ستەمیان لە ئێمە دەکرد، بەڵام لە دژی هێزە دەرەکییەکان پشتگیری عوسمانیەکانمان کرد.
دوای دروستکردنی کۆماری تورکیا و لە کاتی بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکان، چەکەکانمان رادەستی حکومەت کرد، بەڵام ستەمی سوپای تورکیا زیاتر بوون و ئەم گەلەش ناچاربوو بەرگری لەخۆی بکات.
بە پێی بەڵگەکە ئەتاتورک بە تووڕەییەوە، دەڵێت، “بیبەن”. بەو شێوەیە سەید ڕەزای دەرسیم لەسێدارەدەدرێت
ئیحسان سەبری , كەدواتر بوو بە وەزیری دەرەوەی توركیا, لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە چركە ساتی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا دەكات‌ و دەڵێت،” سەید رەزا پێی ووتم، تۆ لە ئەنقەرەوە هاتووی بۆ ئەوەی من لەسێدارە بدەی؟” دواتر داوامان لێكرد كە دوا ووتەی خۆی بڵێت. سەید رەزاش ووتی:” چل لیرە و کاتژمێرێکم پێیە , بیدەن بە كورەكەم”. دوای ئەوەی كە بردمان بەرەو سێدارەکە سەید رەزا هاواری كرد و وتی:” ئێمە كوری كەربەلاین (وەكو ئاماژەكردنێك بۆ كوشتنی ئیمامی حوسەین بەبێ تاوان).
ئیمە بێ گوناهین، ئەمە شورەییە. دواتر سەید رەزا زۆر بە بوێرانە پاڵی بە جەللادەكەوەنا و خۆی چووە بەرپەتی سێدارە و پەتەكەی خستە ملی و كورسیەكەی ژیرپێی لابرد.

لەگەڵ سەرەتای هاوینی ١٩٣٦ بارودۆخی هەرێمی دەرسیم تێکچوو، بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازییە و دام و دەزگا سەرکوتکەرانەی کە تورکیا لە ناوچەکە دایمەزراند و دواتریش ئەو گەمارۆ سەختەی کە سەرکردەی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکە (ئالب دۆغان) سەپاندبووی بەسەر دانیشتوانی ئەو هەرێمە، ئەم هۆیانە و زۆری تریش کە پەیوەندی بە سیاسەتی شۆڤینیانەی کەمالییەکانەوە هەبوو، بە هۆی بێزاری و ڕق و قینی کوردەکان بەرامبەر کەمالییەکان و بە ئاشکرا خەڵک ڕووبەڕووی کەمالییەکان دەبۆوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی مستەفا کەمال (ئەتاتورک) بەڕاشکاوی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانی تورکیا لە ساڵی ١٩٣٦ دا دەڵێت: (گرنگترین مەسەلەی باری ناوخۆی ئێمە گیروگرفتی دەرسیمە، لەبەر ئەوە و بۆ بنبڕکردنی ئەو کوانە کوشەندەیە و بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بڕیاربدەین، پێویستە حکوومەت دەسەڵاتێکی فراوان و بێ سنووری بدرێتێ). هەروەها ئەو گرانی برسێتی و بێکاریەی کەلە ئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵانی (١٩٢٩ – ١٩٣٢) دروستبوو، کوردستانیشی گرتبۆوە.
سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ دووربخاتەوە چەند جارێک نامەی بۆ (ئالب دۆغان) نارد، تەنانەت جارێکیان کوڕێکی خۆی نارد بۆ وتوێژ بەڵام بە فێڵ گرتیان و دواتر کوشتیان. بۆیە شۆرش لە زستانی ١٩٣٧ز دا دەستی پێکرد. شۆرشگێڕان چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەکانی تورکیا بەدەست هێنا، بۆیە تورکیا بڕیاری دا هێزێکی گەورەی پڕ مەشق و پشت ئەستوور بە چەکی قورس و فرۆکەی جەنگی ڕەوانەی دەسیم بکات، تەنانەت سەرۆک وەزیران (عیسمەت ئینۆتۆ) خۆی سەرکردایەتی سوپای تورکیای گرتە ئەستۆ، لە پەلامارێکی گەورەدا رووبەرێکی فراوانی لە دارستان و کێڵگە و گوندەکانی دەرسیمی ئاگرتێبەردا بەو بیانووەی شوێنی خۆ حەشاردانی شۆرشگێڕانە. ئینجا چەندین شۆری قورسی نا هاوتا لە نێوان هەردوولا هەڵگیرسا و لە تیایدا کوردەکان ئازایانە بەرگریان کرد، بەڵام لەبەرامبەر لەشکری گەورە و پڕچەک و مەشق پێکراو و فڕۆکەی جەنگی تورکیا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و تەنانەت لە شەڕێکیاندا سەید ڕەزا خۆی کە تەمەنی (٧٥) ساڵ بوو بە قورسی بریندار بوو.

About دیدار عثمان

Check Also

‎هۆلۆکۆستی کورد

‎قوتابی:عمر خليل خالد‎قوتابی لە زانکۆی سۆران بەشی مێژوو قۆناغی چوارەم ‎هۆلۆکۆستی کورد وەک یەکێک لە …