Home / بەشی مێژووی كورد / وەرگێڕانە تازەکەی شەرەفنامە

وەرگێڕانە تازەکەی شەرەفنامە

13982020_5.

سەلاحەددین ئاشتی
لە ڕاستی‌دا نووسینەوەی مێژوو تێکۆشانێکە بۆ خوێندنەوەی ڕووداوەکانی پێشوو بەپێی پێوەری زانست و ئاستی بەرچاوڕوونیی ڕێبواری ئەم ڕێگایە. لە لایەکی دیکەوە نووسینەوەی مێژوو، سەرەڕای تۆماری ڕووداوەکان، چەشنێک هەڵسەنگاندنی ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگا و شێوەیەک شی‌کردنەوە و دۆزینەوەی هۆکاری هەل و هەڵکەوتەکانە و بەرەو ئاکامێک پەل دەکوتێ.
بەپێی دەقی شەرەفنامە لام وایە شەرەف‌خان دەیهەوێ بڵێ کە تەنیا ڕێگای مان و نەتوانەوە، یەکییەتی و خۆناسینە و هەستێکی نەتەوەیی ئاوا گەرا دادەنێ و دواتر دەگوورێ، بۆیە ھێندە بە یەک‌نەبوونیانەوە وەڕەزە.
وەکوو دیارە شەرەفنامە بریتییە لە دوو بەرگ، کە یەکەمیان سەبارەتە بە مێژووی مەزن و میرانی کوردستان و ئەوی دیکەیان سەربوردەی پادشایان و سوڵتانەکانی ئێران و تووران لەخۆ دەگرێ؛ بەڵام وەک ڕۆژ ڕوونە کە ماکە و هەوێنی سەرەکیی کتێبەکە گێڕانەوەی دیرۆکی دەسەڵاتدارانی کورد و میرنشینەکانی کوردستانە و ئەوانی دیکەی کردوونە پاشکۆ.
وریابوونەوەیەکی نەتەوەیی هانی شەرەف‌خانی داوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەردەکەوێ نووسەر هەست بە هەتڵە بوون و بە سەردا تێپەڕینی سەلماندووە و ئەمەش نیشانەی بەرچاوبەرینی و سینگ‌فرەوانییە و چاوەڕێی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی بەڕێ‌وجێیە.
شەرەف‌خان کە خۆی ڕاهاتووی زمانی فارسی بووە و وەک وێژەوانێکی زمان‌پاراو دەرکەوتووە، شەرەفنامەی پێ نووسیوەتەوە و گوێی نەداوەتە حکوومەتی زاڵ بە سەر بدلیس‌دا، کە تورکانی عوسمانی بوون.
ئەوەندەی وشەی جوان و ڕەنگینی زمانی فارسی کە لە بەرگی یەکەم‌دا باسی کوردانی پێ ڕازاندۆتەوە و دیمەنی دڵگری پێ بەدی هێناوە، قەت هێندەی بۆ گێڕانەوەی ڕابردووی دەسەڵاتدارانی ئێران و تووران دەکار نەکردووە.
زێڕنۆڤ پاش بەدواداچوون و وردبوونەوە لە چوار دەقی دەسنووسی شەرەفنامە توانیویەتی ساڵی ۱٨٦۰ بەرگی یەکەم و ساڵی ۱٨٦۲ بەرگی دووهەم لە سەنت پێترێزبوورگ (لێنینگراد) چاپ و بڵاو بکاتەوە. دیارە لەم کارەدا دەستی بە کۆنترین دەقی دەسنووسی شەرەفنامە ڕاگەیشتووە کە ساڵی ۱۵۹٨ نووسراوەتەوە و خودی نووسەر پێیدا چۆتەوە و دەبێتە دوو ساڵ پاش نووسرانی شەرەفنامە.
هەر خودی شەرەفنامە جارێک مامۆستای کورد محەممەدعەلی عەونی (۱٨۹۷-۱۹۵۲) کردوویەتە کوردی و جارێکیش مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی (۱۹۱۲-۲۰۰۱).
لە ڕاستی‌دا ئەو دەقەی کە خودی شەرەف‌خان بە خەتێکی خۆشی نەستەعلیق نووسیویەتەوە لە هەموو دەقەکانی دیکە پتر بوو بە یاریدەدەرم و لێرەدا بە دەقی «بودلیان» ناودێر کراوە.
بۆ وەرگێڕانی بەرگی دووهەم تا ئەندازەیەک شێوازی مامۆستا هەژارم ڕەچاو کرد تاکوو زۆر دوودان نەبێ. لە بەرگی یەکەمیش‌دا هەروا پێدا ڕۆیشتووم بە لانی زمانی‌دا، بەڵام تەواو شێوازی نووسین و دابەشینەکەی شەرەف‌خانم پاراستووە و لک و پۆپی زیادیم لێ نەکردۆتەوە. لە وەرگێڕانی هۆنراوەکان‌دا گەر بە شێوەیەکی ئازادم وەرگێڕابان چاکترم دەهاتنە بەر کەمەندی، کەچی لێیان گەڕام تامی پێکهاتەی خۆیان نەگۆڕێ، بەڵام خۆم یەکجار بە دەروەستی کێشیان دانەنا و هێنانی مەعنام بە لاوە گرینگتر بوو.
بەڕێزان کاک مستەفا دێهقان و کاک ڤورال گەنچ، ساڵی ۲۰۱۵ دوو وتاری بەپێزیان بە زمانی ئینگلیسی سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی شەرەف‌خان نووسیوە و لە گۆڤاری «مەنوسکریپتا ئۆرینتالیا»دا لە «سەنت پێترێزبوورگ» بڵاو کراونەوە. ئیزنم لێ خواست تا وتارەکانیان وەک پاشکۆ لەم وەرگێڕانەدا چاپ بکرێن. ئەو بەڕێزەش هاوڕێیەوە ڕەزامەندیی دەربڕی.

سەرچاوە: KurishBookHouse

خاک _ پشکۆ کامەران

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …