Home / بەشی مێژووی كورد / یاداوەرییەکانی ڕاپەڕین: سەختترین شەوی تەمەن

یاداوەرییەکانی ڕاپەڕین: سەختترین شەوی تەمەن

یاداوەرییەکانی ڕاپەڕین: سەختترین شەوی تەمەن

FB_IMG_1489151420216

(بەشی چوارھەم)

مەریوان وریا قانع

ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕین تێپەڕیی و سلێمانی ھەمووی ڕزگارنەبوو، ڕاستە سەربازگە گەورەکە و بڕێکی زۆر لە بنکە و شوێنە گشتییەکانی بەعس و ژمارەیەکی زۆر لە بینا و شوێنە قایمەکانی رژێم، ھەموویان ڕزگارکرابوون، لە ڕاستیدا وێران و تاڵانیش کرابوون، بەڵام ئەمنە سورەکە مابوو. ئەمەنە سورەکە لە ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕیندا بووبوو بە گرنگترین پێگە و دەزگایەک بەعس لە سلێمانیدا به‌ده‌ستییه‌وه‌ مابێت. ئەم زیندانە گەورەیە تەنھا کۆمەڵێک بینا و ناوچەیەکی تەواو قایمکراو و سەخت نەبوو، تەنھا شوێنێک نەبوو بەعس بە وردەکارییەکی زۆر و بە ھەندەسیەکی سەربازیی ھێجگار قایم بۆ داپۆشین و شاردنەوەی تاوانەکانی ناوی دروستیکردبوو، بەڵکو لە ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕینیشدا، دوای ئازادکردنی بەشێکی زۆری شار، بووبوو بە شوێنی کۆبوونەوەی بەعسییە گەورەکانی شار و ئەو تاوانبارانەی دەیانزانی ھیچ کەسێک ئامادەنییە لە تاوانەکانیان خۆشنابێت. بەشی زۆری بەعسییە زۆرخراپەکانی سلێمانی، ڕاپۆرتنووس و موعتەمەد و تاوانبارە ناسراوەکان، سەرە گەورەکانی دەسەڵاتی بەعس لە سلێمانیدا، ھەموویان لەو بینایەدا بۆ خۆپارستن کۆبووبوونەوە. ئەم دواھەمین گوردانەی بەعس چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد دەوڵەت بەھانایانەوە بێت و لەدەستی یاخیگەران ڕزگاریان بکات. پێیان وابوو گەر ماوەیەک خۆیان ڕاگرت و درێژەیان بەبەرگریکردن دا، ئەوا ھاریکاریی حکومەتیان دەگاتێ و دەتوانن ڕزگارببن و دەست بەتاوانەکانیان بکەنەوە. بۆیە بەعسییە گەورەکانی ناو سلێمانی، ئەو شەوە تابەیانی، شەڕیان کرد، بەرگریان لە خۆیان و لە بینای ئەمنە سورەکە و لە ژیانی خۆیان، کرد.

وەکچۆن ئەو شەوە بەعسییەکانی ناو ئەمنە سورەکە لە ترسێکی قووڵدا دەژیان و نەیاندەزانی چ چارەنووسێک چاوەڕوانیان دەکات، دەژین یان دەمێننەوە، دەوڵەت بەفریایان دەگات یان لە بیریاندەکات، بە کۆمەڵ دەکوژرێن یان بە کۆمەڵ ڕزگاریاندەبێت؟ ئاواش بەشێکی زۆری سلێمانی لە ترسێکی ھاوشێوە بە ترسی بەعسییەکانی ناو ئەمنە سورەکەدا دەژیا. لانیکەم من و بەختیار کە شەو لە  لە ژورێکی ماڵەکەی ئەواندا بەتەنھا دانیشتبووین، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەمان ھەبوو. ئەو شەوە دەنگی فیشەک و گرمەی تەقەکردن لە سلێمانی نەبڕا، تەقەکردن و گرمەگرمێکی زۆریش. لە ماڵی بەختیارەوە لە توی مەلیک دەنگی تەقەکان بە ئاسانی دەبیستران. کەس نەیدەزانی ئەو ھەموو تەقەیە چییە؟ ھەرکەسە و جڵەوی بۆ خەیاڵ و یاداوەریی خۆی شلکردبوو: تۆ بڵێی بەعس ھاتبێتەوە بۆ سلێمانی؟ بڵێی ھێزی سەربازیی بەھانای بەعسییە گەمارۆدراوەکانی ناو ئەمنە سورەکەوە ھاتبن و ئێستا خەریکی گرتنەوەی ھەندێک لە شوێنە ئازادکراوەکان بن؟ ئەگەر بەعس ھاتبێتەوە دەشێت سبەینێ چی چاوەڕوانی ئەم شارە بکات؟

دەبێت ئەوە بڵێم ئەو بەعسەی ئێمە لەو شەوەدا بیرمان لێدەکردەوە بەعسی دوای پەلامارەکانی ئەنفال و بەعسی دوای داگیرکردنی کوەیت و ئەنجامدانی تاوانە گەورەکان بوو. لەدوای ئەنفالەوە تاوانێک نەمابوو بەعس نەتوانێت ئەنجامیبدات، یان نەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین ئەنجامیبدات. بیرمان لەوە دەکردەوە ئەگەر بەعس سلێمانی بەدەری ھەڵەبجە و قەڵادزێش نەبات، دەکرێت چاوەڕوانی ئەو چارەنووسە بین کە سوپای عێراق بەسەر شاری کوەیتی پایتەخی وڵاتی کوەیتدا ھێنای. ھێزەکانی عێراق دوای داگیرکردنی کوەیت و لە ماوەیەکی کورتدا ئەو شارەیان بەتەواوی ڕووت و قووت کردەوە و ئەوەی قابیلی دزین و تاڵانکردن و وێرانکردن بوو لەو شارەدا دزرا و تاڵانکرا و وێرانکرا. بەعس کولتوری کوشتنی ئاشکرا و بەرچاوی بۆ ناو شەقام و گەڕەکەکانی کوەیتیش گواستەوە بە سەدان کەسی لەناو شەقامەکانی ئەو شارەدا کوشت. ئەو شەوە ھەم من و ھەم بەختیار دەترساین سلێمانی لەباشترین دۆخدا چاوەڕوانی ھەمان چارەنووس بێت و لە خراپتریندا چارەنووسی ھەڵەبجە و قەڵادزێ. لەدوای ئەنفالەوە ھەموو شتێک لە بەعس چاوەرواندەکرا،  سنورێک بۆ ئەنجامنەدانی تاوان لە لای بەعس نەمابۆوە. جگە لەمە ئەو بەعسەی ئێمە لەو شەوەدا چاوەڕوانیبووین بەعسێکی تەواو زەلیل و ئیھانەکراو بوو، بۆیە بەعسێکی وێرانکەرتر و کوشندەتر بوو. دوای دەرکردنی بەعس لە کوەیت و سەپاندنی ڕێکەوتنە پڕ زەلیلیی و ئیھانەکردنەکەی ئەمریکا لە ناو خێمە سەربازییەکەی ناو شاری سەفوان دا، بووبوو بە دڕندەیەکی بریندار. من وام ھەستدەکرد بەعس ئەمجارە بگەڕێتەوە زۆر دڵرەقانەتر و وێرانکەرانەتر لە بەعسی ئەنفال بەردەبێتە ژیانی خەڵک، تۆڵە لەھەموو شتێک و لەھەموو کەسێک دەکاتەوە، گەر پێویستیشی کرد پەلاماری سێبەرەکانی خۆشی ئەدات. لە شەڕی ڕاونانی عێراق لە کوەیتدا ئەمریکییەکان تەنھا ٧٩ سەربازیان کوژراو و ٢١٣ سەربازیان بریندار و ٤٤ سەربازی ونبوویان ھەبوو، بریتانیا تەنھا ١٣ سەرباز و فەرەنسا ٢ سەرباز و وڵاتە عەرەبییە بەشداربووەکانیش بەسەر یەکەوە ١٣ سەربازیان لەدستدابوو. بەڵام ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی عێراق لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٧٠٠ ھەزار کەسبوو. جەنگەکە زیانی ٢٣٠ ملیار دۆلاری لە عێراق و ١٦٨ ملیار دۆلاری لە کوەیت دابوو. سەدھەزار جار فڕۆکەی ھێزە شەڕکەرەکان بە ئاسمانی بەغدا و شارەکانی تری عێراقدا فڕیبوون و ٨٨ ھەزار تەن بۆمبا و باروتیان لە ئاسمانەوە بەسەر عێراقدا بەردابووەوە.  ئەمە جگە لەوەی کە جەنگەکە وێستگە سەرەکییەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و پاڵاوگە سەرەکییەکانی نەوت و یەکە پیشەسازییە جۆرەبەجۆرەکان و ھەموو سیستمی پەیوەندیکردنی تەلەفۆنات  و سیستمی دابەشکردنی ئاو و ژمارەیەکی زۆر لە پرد و جادە و ڕێگا ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی عێراقی، وێرانکردبوو. لەم جەنگەدا بەعس بەھەموو مانایەک تەواو زەلیل و ئیھانەکراو بوو، ھاتنەوەی ھێزێکی لەو بابەتە بۆ شارێک کە دژی ڕاپەڕیبێت بەبێ کارەساتی گەورە کۆتایی نەدەھات. تەقەکانی ئەو شەوە ھەموو ئەو ترسانەی لە دڵی مندا دروستکردبوو.

بەڵام ئەمە تاقە سەرچاوەیکی ترس نەبوو لە دڵی مندا، سەرچاوەیەکی تری ترس ئەوەبوو کە شتێک بەناوی نیزام و ئاسایش و یاسا و دەزگای ڵێپرسینەوە لە شارەکەدا نەمابوو، دەزگا و نیزام و یاساکانی بەعس ڕۆیشتبوون بەڵام لە شوێنیان ھیچیتر دروستنەبووبوو. شکاندنی سجنە سەرەکییەکەش ھەموو ئەوانەی لەسەر خراپەکاریی و دزیی و جەردەیی و کوشتن و بڕین گیرابوون ئازادکردبوو. ترس لە شەقاوە و بەڵتەجیی و چەورە و دز و پیاوکوژان لەو ساتانەدا ترسێکی واقیعییە. لە ساتەوەختی شۆڕشگێڕانەدا ئەوانەی ھانا ئارێنت ناوی ”مۆب“، یانی شەقاوەیان لێدەنەێت، دەبنە بکەرێکی ئازاد و چالاک. ھەموو شۆڕشەکانی دونیا لە قۆناغی یەکەمیاندا دەستی شەقاوە و چەورەکانیان ئازادکردوە، زۆرجاریش بەشێک لە شۆڕشگێڕەکان خۆشیان لەو ساتانەدا دەبن بە چەورە و شەقاوە. بەکورتیی، ترسی من لەو شەوەدا، لەپاڵ ترس لە گەڕانەوەی بەعس، ئەو ترسەبوو کە تۆماس ھۆبز بەرامبەر بە ”دۆخی سروشتیی“ ھەیەتی. دۆخی باڵادەستی شەقاوەکانی بەر لە دروستبوونی دەوڵەت و بەر لە ھاتنەکایەی دەسەڵاتی سیاسیی، دۆخێک تیایدا ئەگەری بەرپابوونی جەنگی گشت دژ بە گشت ئەگەرێکی گەورەیە و ئەوەی بەھێزە دەتوانێت ئەوەی لاوازە لەناوببات.

بەکورتی تەقەکانی ئەو شەوە کورەی ئەو ھەموو ئەو ترسانەی لەناو مندا داخستبوو، بیرم نەماوە ئایا بەختیار ئەو ترسانەی منی بە ھەمان ڕادە ھەبوو یان نا، بەڵام ھەردووکمان لە دۆخی دڵەراوکێ و دوودڵییەکی ھێجگار گەورەدا دەژیاین. من کەمجار لە ژیانمدا بە ئەندازەی ئەو شەوە ترساو و دوودڵ و پڕ لە دڵەڕاوکێ بووم، ترس لە ژیانی خۆم و ھاوڕێ و دۆستەکانم بەتەنھا نا، کە بێگومان ترسێکی ڕەا و بەجێیە، بەڵکو ترس لە ژیانی ھەزاران ھەزار ئینسان و ترس لە ئەگەری وێرانکردنی سەرتاسەریی شارێک. وەک پێشتریش ووتم لەدوای ئەنفالەوە ترس لە بەعس بەھیچ شێوەیەک ترسێکی سادە نەبوو، ترس لە بەعس ترسێکی وجودی قووڵ و وێرانکەر بوو. لەھەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو مرۆڤ لەو شەوەدا نەیدەزانیی پێویستە چی بکات؟

وەک ئەو ھەموو دڵەڕاوکێ و دوودڵیی و ترسە بەس نەبێت، لە پڕێکدا لە دەرگای ماڵی بەختیار درا، نزیکەی سەعات دە یان یازدەی شەو بوو. باوکی بەختیار دەرگاکەی کردەوە، کوڕێک ھەواڵی بەختیاری پرسی. لەوکاتەدا من و بەختیار لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرگاکەمان دەکرد. کە کورەکە ھاتە ژوورەوە بەختیار ناسیەوە و بەرەوڕووی چوین و دواتر لەگەڵیدا ھاتینەوە ناو ژوورەکە. ئەو کوڕە رەنگ و ڕووی تەواو شڵەژابوو، دەنگی پڕبوو لە لەرزین و لەبەرچاوی مندا وەک مرۆڤێکی تەواو تێکشکاو دەردەکەوت. باوکی بەختیار بەجێیھێشتن و میوانە ناوەختەکە کەوتە قسەکردن. باسی ئەوەیکرد کە ئەو ئەندامی یەکێک لە گروپە چەپەکانی ناو سلێمانییە و چەند سەعاتێک لەمەوپێش لەگەڵ ھەندێک لە ھاوڕێکانیدا ھێرشیانکردۆتە سەر ئەمنە سورەکە. شەڕێکی قورسیان کردوە و لەئەنجامدا یەکێک لە ھاوڕێکانیان، کە کچێکی گەنجە، شەھید بووە. لە بەختیاری پرسیی: ئایا دەتوانن تەرمی ئەو کچە بھێنن و تا بەیانی لە باخجەکەی ماڵی بەختیاردا دایبنێن. بەیانی زوو لەگەڵ ھاوڕێکانمدا دێتەوە و تەرمەکە دەبەنەوە. من و بەختیار کە گوێمان لەو داوایە بوو تەواو شڵەژاین. داواکە ھێندە نائاسایی بوو نەمانزانی چۆن وەڵامی بدەینەوە. لە سەرێکەوە بەلامانەوە گرنگ بوو بەشداریەکمان لە ڕووداوەکانی ئەو شەوەدا ھەبێت، بەڵام ھاوکات بەجێھێشتنی تەرمی کچێکی گەنج لەو باخچەیەدا، بەبێ ئەوەی بزانین ئەو کچە کێیە و چییە، شتێکی ھێجگار ناماقووڵ بوو. ئێمە نەک تەنھا کچەکەمان نەدەناسیی، بەڵکو ھیچ سەرەداوێکیشمان لەبەردەستدا نەبوو بۆئەوەی بزانین ئەو بەسەرھاتەی کوڕەکە دەیگێڕێتەوە ڕاستە یان نا. بەھەر دیوێکدا دەمانھێنا دۆخەکە زۆر نائاسایی و ناماقوڵ بوو. چۆن لێگەڕێین تەرمی ئەو کچە کواژراوە لەبەردەم پەنجەرەی ئەو ژوورەدا بەجێبھێڵدرێت کە من و بەختیار تیا دەنووستین. لەم قسانەدابووین باوکی بەختیار لەدەرگای ژوورەکەی دا و ھاتە ژوورەوە. کاک عەلی پیاوێکی ھێمن و لەسەرخۆ بوو. ئەو لەژیانی سیاسیدا تەنھا تێکۆشەرێکی ئازا و جەربەزە نەبوو، بەڵکو پیاوێکی دونیادیدە و عاقڵیش بوو. کە حیکایەتەکەمان بۆ گێڕایەوە، کەمەکێک بێدەنگ بوو، سەیرێکی ئێمە و کوڕەکەی کرد و ووتی:

– نابێت ئەو تەرمە لەم باخچەیەدا دابنرێت، ئەوە مزگەوتێک لە تەنیشت ماڵەکەمانەوەیە، تەرمەکە دەبەین بۆ ئەو مزگەوتە.

من کەمجار لە ژیانمدا ھستمکردوە قسەکردن دەتوانێت مرۆڤ بەڕەھایی ڕزگاربکات، وەک ئەو جارە کە باوکی بەختیار ئەو پێشنیارە ماقوڵەی کرد. قسەکانی کاک عەلی ھەم بەختیار و ھەم منی نەک تەنھا لە ئیحراجییەکی زۆر گەورە ڕزگار کرد، بەڵکو چارەسەرێکی زۆر ماقوڵیشی بۆ تەرمی کچە کوژراوەکە دۆزیەوە.  پێدەچوو کوڕەکە بە قسەکانی باوکی بەختیار نائومێدبووبێت، بۆیە خواحافیزیی کرد و ڕۆیشت.

ئەو شەوە تا بەیانی من و بەختیار خەومان لێنەکەوت. تەقەکانیش لەدەرەوە ھەر بەردوامبوون. ھەندێک شەو ھەن مرۆڤ تیایاندا دە ساڵ پیردەبێت، ئەو شەوە یەکێک بوو لەو جۆرە شەوانە.

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …