Home / بەشی مێژووی كورد / رێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ)

رێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ)

رێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ)ی نێوان بەریتانیاو فرەنسا؛ یەک سەدە (١٠٠ ساڵ) تەواو دەکات، ئەو رێککەوتنە لە (١٩١٦/٤/١٥) بۆ (١٩١٦/٥/١٦)و بە شێوەیەکی نهێنی لەنێوان دوو وڵاتی داگیرکەری ئەوسا نوسرایەوەو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش کرد.
‎كاژیان جەبار
‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو
‎زانكۆی سۆران

سەرەتاکەی چۆن بوو؟
ئەم رێککەوتنەی نێوان بەریتانیای مەزن‌و فرەنسا بەشێوەیەکی نهێنی‌و بە رەزامەندی ئیمپراتۆریەتی روسی بۆ دابەشکردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو، ئامانجیش لەم رێککەوتنە دابەشکردنی ناوچەی هەژموونی نێوان ئەو دوو وڵاتە داگیرکەرە بوو دوای ئەوەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەرەسی هێنا کە تاکە هەژموون بوو باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشابوو لەمیانی جەنگی جیهانی یەکەم‌و تەنانەت پێش جەنگیش، بەشێوەیەک ئەو ناوچانە وەک ویلایەت لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا بوون، بۆ نمونە:ویلایەتی بەغدا، ویلایەتی موسڵ، ویلایەتی بەسرە، ویلایەتی رەققەو چەندان ویلایەتی تر کە لە ناوچەکەدا بوون.
گفوگۆی ئەم رێککەوتنە لە مانگی (١١)ی (١٩١٥) بەشێوەیەکی نهێنی لەنێوان دیپلۆماتکاری فرەنسی (فرانسوا جۆرج بیکۆ)و دیپلۆماتکاری بەریتانی (مارک سایکس) دەستی پێکرد. لە ماوەی مانگێک، واتە لە (١٩١٦/٤/١٥) بۆ (١٩١٦/٥/١٦) دوا داڕشتەی رێککەوتنەکە ئامادەکراو بەئاگاداری روسیای قەیسەری واژۆی لەسەرکرا.
هاتنی کۆمۆنیستەکان لە روسیا
ئەم رێککەوتنە هەر بە نهێنی مایەوە تا بەلشەفییە شیوعییەکان لە ساڵی (١٩١٧) دەسەڵاتی قەیسەریان لە روسیا روخاندو خۆیان هاتنە سەر حوکم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆمۆنیستەکان لە رێککەوتنەکە بکشێنەوەو ناوەرکەکەی بۆ عەرەب‌و تورک‌و کوردو گەلانی دیکەی ناوچەکە ئاشکرا بکەن، بەهۆیەوە حکومەتی بەریتانیاو فرەنسا بەرامبەر بە زنجیرە شۆرشێکی گەلانی ناوچەکە شەرمەزار بوون.
لە رێککەوتنەکەدا، فرەنسا بەشی هەرە زۆری ناوچەی رۆژئاوای بەرکەوت، وەک سوریاو لوبنان‌و ناوچەی موسڵ لە عیراق، بەڵام بەریتانیا ناوچەی نفوزی لە بەشی باشوری وڵاتی شامەوە دەستپێکرد تا رۆژهەڵات کە هەردوو ویلایەتی بەغداو بەسرای گرتەوە، وێرای سەرجەم ئەو ناوچانەی کە دەکەوتنە سەر کەنداوی فارس.
دەربارەی فەلەستینیش، بڕیار درا بخرێتە ژیر چاودێری نێودەوڵەتی بە راوێژی هەرسێ وڵاتی بەریتانیاو فرەنساو روسیا. بەڵام رێککەوتنەکە باس لەوە دەکات کە بەنداوی حەیفاو عەککا لەلایەن بەریتانیاوە بدرێتە فرەنسییەکان، واتە دەسەڵاتی بەکارهێنانیان هەبێت، لە بەرامبەریشدا فرەنسییەکان دەسەلاتی بەکارهێنانی بەنداوی ئەسکەندەرۆنە بدەنە بەریتانییەکان.
هەڵوەشانەوەی خەونی قەوارەی سەربەخۆی کوردی
ساڵی (١٩٢٠) جارێکی تر، فرەنسی‌و بەریتانییەکان لە کۆنگرەی (سان ریمۆ) پێداگیریان لەسەر ئەو دابەشبوونە کردەوە، دوای ئەوە، کۆمەڵەی نەتەوەکان‌و بۆ رازیکردنی تورکەکان لە (١٩٢٢/٦/٢٤) ناوچەکانی ژێر ئیتدابیان خستە سەر تورکیا، دوای ئەوەش رێککەوتنی (لۆزان) بۆ هەموارکردنەوەی سنورەکانی رێککەوتنی پەیماننامەی (سیڤەر) کرا، بەهۆی رێککەوتنی لۆزانیشەوە، ناوچە کوردستانییەکان لە باکوری سوریا خرانە سەر دەسەڵاتی ئەتاتورک وێرای هەندێ ناوچەی دیکە لە یۆنان.
واتە، رۆڵی کورد لە گەیشتن بە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی کرایە قوربانی رازیکردنی ئەتاتورک‌و وەک دیارییەک درایە تورکەکان‌و خەونی کورد کە لە رێکەوتنی سیڤەر تا ئەندازەیەک بەدی هاتبوو، هەروەک دەسەڵاتی دەنگدانیان پێدرابوو بۆ مانەوە لەچوارچێوەی ئەو ئیتدابە، یاخود راگەیاندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ، بەهۆی تورک‌و وەک سازشێکی گەورەی بەریتانی‌و فرەنسییەکان درایە تورکەکان‌و ئیتر کورد کەوتە وەهمی ژێردەستبوون‌و وەک نەتەوەیەکی ژێردەستی تورک‌و عەرەب تا ئێستا مایەوە.

ماددەی یەکەم:
بەریتانیای مەزن مافی هەیە، هێڵێکی ئاسنین دروست بکات‌و بەڕیوەی ببات‌و تاکە خاوەنی بێت کە حەیفا بە ناوچەی (ب) بگەیەنێ‌، جگە لەوەش، مافی بەردەواممی هەیە بۆ گواستنەوەی سەربازەکانی لەهەر کاتێک بێت‌و بەدێژایی ئەم هێڵە. هەروەک دەبێت لای هەردوو حکومەت ئەوە بزاندرێ کە ئەو هێڵە پێویستە ئاسانکاری گەیاندنی حەیفا بە بەغدا بکات، ئەگەریش واهاتەپێش کە هێڵی گەیاندن لە ناوچەی رەش نەهاتەپێش بەهۆی بەربەستی هونەری‌و تێچوونی زۆری هەڵسوڕاندنییەوە کە ببێتە هۆی رێگرتن لەبەردەم دروستکردنییەوە، ئەوا حکومەتی فرەنسی ئامادەیە رێ بە تێپەڕین بدات بە رێگای بربورە، ئوم قەیس، ئیدار، غەستا، مەغایر، پێش ئەوەی بگاتە ناوچەی (ب).

ماددەی دووەم:
باجی گومرگی تورکی تا بیست ساڵ بەردەوام دەبێت لە هەموو بەشەکانی هەردوو ناوچەی شین‌و سوورو هەردوو ناوچەی (أ)و (ب)، هیچ رێژەیەکیش ناخرێتە سەر باجەکان‌و رێسای نرخاندنیش لە باجەکان بە رێسای هەمانشێوە وەرناگیرێ، مەگەر بە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت بێت‌و نابێ گومرگی ناوخۆیی لە نێوان ناوچەیەک‌و ناوچە ئاماژە بۆکراوەکانی سەرەوە دابمەزرێ، سەپاندنی هەر باجێکی گومرگیشلەسەر کەلوپەلە نێردراوەکانی ناوخۆ لەناو بەنداو دەبێت‌و دەدرێتە بەشی کارگێڕی ئەو ناوچەیەی کەلوپەلەکانی بۆ دەنێردرێ.

ماددەی سێیەم:
بەپێی رێککەوتن، حکومەتی فرەنسی هیچ دانوستانێک ناکات، لەهەر کاتێکدا بێت، بۆ دەستبەردان لە مافەکانی خۆی‌و بەبێ رەزامەندی پێشوەختی حکومەتی خاووەنشکۆ هیچ مافێکی لە ناوچەی شین ناداتە دەوڵەتێکی تر جگە لەو دەوڵەتە یاخود هاوپەیمانی دەوڵەتانی عەرەبی نەبێت، حکومەتی بەریتانیاش بەڵێن بە حکومەتی فرەنسی دەدات کە هەمانشێوە لە ناوچەی سوور جێبەجێ بکات.

ماددەی چوارەم:
بەهۆی ئەوەی هەردووکیان پارێزەری دەوڵەتی عەرەبین، هەردوو حکومەتی بەریتانیا‌و فرەنسا رێکدەکەون بۆ ئەوەی دەوڵەتی سێیەم رێی پێنەدرێ‌و نەبێتە خاوەنی وڵات لە نیمچە دورگەی عەرەبی، هەروەک رێنادرێ هیچ بنکەیەکی دەریایی لە جەزائیر لەسەر کەنارەکانی دەریای سپی بەشی رۆژهەڵات دروست بکەن، بەڵام ئەوە نابێتە رێگرێک بۆ هەموار کردنەوەی سنورەکانی عەدەن کە لەوانەیە گرنگی خۆی هەبێت بەهۆی دوژمنایەتی ئەم دواییەی تورک.

‎سەرچاوەكان
‎کورد و عەجم مێژووی سیاسی کوردەکانی ئێران
‎وەرگێر: نەوشێڕوان مستەفا ئەمین
‎چاپی سێیەم

https://zaniary.com/blog/60a07b925111d/%D9%BE%DB%95%DB%8C%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%86%D8%A7%D9%85%DB%95%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DB%8C%DA%A9%D8%B3-%D9%BE%DB%8C%DA%A9%DB%86-1916
https://www.kurdipedia.org/default.aspx/files/relatedfiles/2015/68794/default.aspx?q=20221205133612449222

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …