Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی مۆسیقا و سەمای کوردی

مێژووی مۆسیقا و سەمای کوردی

مێژووی مۆسیقا و سەمای کوردی

received_2016770928597053

مۆسیقا و سەمای کوردی لایەنێکی کلتوری نەتەوەی کوردە کە توانیویەتی بەشێک لە فەرهەنگ و مێژووی تێدا بپارێزرێت. بۆ کورد گۆرانی و مۆسیقا لایەنێکی گرنگی ژیانە و لە کاتی خۆشی، ناخۆشی، خواپەرستی، سەما و کارکردندا گۆرانی دەوترێت.
مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بنەچەکەی بۆ رابردوویەکی دوور دەگەڕێتەوە و شێوەی گۆرانی وتنەکان ئەو راستیە دوو پات دەکاتەوە. لە راستیدا شێوە و کاراکتەری گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، تایبەتمەندە و لە گۆرانی هیچ کام لە نەتەوەکانی دەوروبەری ناچێت. هەر ناوچەیەک شێوە گۆرانی وتنی جیاوازی خۆی هەیە و یەکبوونی بنەچەی رابردوویان سەرەڕای دووری ناوچەکان و جیاوازی زاراوەکان، بە روونی دەردەکەوێت. مۆسیقای کوردی ئەمرۆ هەر تەواوکەری مۆسیقای سۆمەری، هیتی، ئیلامی، هوری، میدی و هەموو گروپە رەسەنەکانی میسۆپۆتامیا و ئەناتۆڵە. هەندێک جار سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان ئاماژەیان بە تایبەتمەندی گۆرانی وتنی کوردی لە ناوچە شاخاویەکان کردووە.
لە تێکستێکی ئاشوریدا لە ساڵێ ۸۸۰ پ.ز دا، لە ئاماژە بە ناوچەی لۆلۆبیەکاندا کە ناوچەی سلێمانی و شارەزووری گرتۆتەوە، نوسراوە “خەڵکی سیپیرمێنا (sipirmena) لە زاموا وەک ئافرەت دەچریکێنن” لێرەدا وا دەردەکەوێت کە تایبەتمەندی شێوە گۆرانی هۆرە و سیاچەمانە سەرنجی ئاشوریەکانی راکێشابێت کە تازە دەستیان بەو ناوچەیە گەیشتبوو. ئەو گۆرانیە بە گشتی بە لەرەیەکی تایبەت و لە چینێکی بەرزی دەنگیدا دەگوترێت. دیارە ئاماژەکردنی سەرچاوە ئاشوریەکان هەر بەو تایبەتمەندیە بووە.
بە گشتی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی و شوێنی بەکارهێنانیان ئەمرۆ دەتوانرێت بکرێت بە چەند بەشێک:
۱-لاوک:بە زۆری لە ناوچەکانی کرمانجی سەروودا دەچرێت و بە گۆرانی بێژەکان دەوترێت دەنگ بێژ.
لاوک لە رابردوودا بەشلکی گرنگی کۆبوونەوە کومەڵایەتی و کۆرە دیوەخانیەکان بووە. ئەم گۆرانیە بە گشتی بریتیە لە گێرانەوەی داستانی پاڵەوانێتی و خۆشەویستی. بەهۆی هەلومەرجی کوردەکانی ئەرمینیاوە رابردودا، گۆرانی لاوک لەو وڵاتە زۆر بوژانەوەی بە خۆیەوە بینی و ژمارەیەکی باش لە چیرۆکە کوردیەکانی پاراستووە، بەڵام لە تورکیادا لەبەر قەدەغەکردنی گۆرانی و مۆسیقای کوردی بە درێژایی دەیان ساڵ بووەتە هۆی لاوازبوونی ئەو کەلەپورە دێرینەی کورد لە باکوری کوردستان. لەم چەند ساڵەی دوایدا بەهۆی گۆرانی هەلومەرج لە باکوری کوردستاندا، هەندێک بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیووە.
۲-حەیران:لە هەولێر و دەروبەری، پشدەر، رەواندز، موکریان، خۆشناوەتی، دەشتی دزەیی، بیتوێن، هتد… دەگوترێت، حەیران هاوشێوەی لاوک و بەیت زۆربەی جار چیرۆکی خۆشەویستی و داستانی پاڵەوانیەتیە لە رابردوودا لە دیوەخانەکاندا بۆ کۆڕ گەرم کردن سوودی لێ وەرگیراوە.
۳-هۆرە:ناوچەکانی کرماشان، ئیلام، لەکستان، لوڕستان، قەسری شیرین، دینەوەر، زەهاو، ماهیدەشت، شارەزوور، کەلار، ناوچەی کەلهوڕ نشینەکان، گەیلانی غەرب، سونقوڕی کوڵیایی، هتد… دەگرێتەوە. هۆرە شێوەی جیاوازی هەیه بە ناوی جیاوازەوە ناسراوە وەک هۆرەی جاف و هۆرەی قەڵغان. ئەم جۆرە گۆرانیە بەزۆری لەناو کەلهوڕەکان و گۆرانەکان دەگوترێ هەندێ جار ئەو سنورەش دەبرێ و لە ناوچەکانی کەلار و شارەزوور و لە ناو کرمانجی خواروو(سۆرانی) دا بە تایبەت جافەکان دەگوترێ. زۆربەی هۆرەکان چیرۆکە شعر و بەسەرهاتی فۆلکلۆری کوردین. بنەچەی هۆرە زۆر کۆنە لەڕووی دارشتنی میلۆدیەوە زۆر سادەیە تەنها لە چەند دەنگێکی مۆسیقایی تێپەڕ ناکات، کە ئەوە دێرینی دوو پات دەکاتەوە، بەڵام گوتنی ئەرکێکی قورسە زۆر متمانە دەکاتە سەر یاریکردن بە قوڕگ. بە دوور نازانرێت ناوی (هۆرە) هەر لە ناوی (هوریەکان)ەوە هاتبێت یان جۆرێک لە گۆرانی ئایینی پێ وترابێت کە بۆ (خۆر/هۆر) وترابێ.
٤-سیاچەمانە:بە گشتی لە ناوچەی هەورامان دەگوترێ، ئەو جۆرە گۆرانی گوتنە هاوشێوەی هۆرە لە رووی میلۆدی مۆسیقاوە زۆر سادەیە گوتنی لە هۆرەش گرانترە و پێویستی بە کۆنترۆڵکردنێکی سەختی قورگ هەیە.
٥-بەیت: هەموو ناوچەی موکریان دەگرێتەوە و ئەمیش جۆرێکە لە گۆرانی و بۆ گێرانەوەی چیرۆکی هەمەجۆری کوردی.
٦-گۆرانی و مۆسیقای هەڵپەرکێ:ئەم جۆرە مۆسیقایە تایبەتە بۆ هەڵپەرکێ و چەندین ریدمی جیاوازی هەیە هەندێک جار خاو و هەندێک جار خێرا. لە لادێکاندا، هەندێک جار شایەرەکان و هەندێ جار هەموو سەماکەران پێکەوە گۆرانی دەڵێن، لەگەڵ ئامێری مۆسیقا و بێ ئامێری مۆسیقاش دەوترێ. کورد لەسەر ریدمی جیاوازی مۆسیقا سەما دەکات ‌و سەرەتای هەڵپەرکێ بە ریدمێکی خاو دەست پێدەکات بۆ گەرم بوون وردە وردە ریدمەکە خێرا دەکرێت. لەگەڵ گەرمبوونی هەڵپەرکێدا شانبەشانی گۆرانی و مۆسیقاکە سەماکەران قریوەیەکی بەهێز دەکەن. زۆربەی جار لە لادێکان گۆرانی بێژ، هەر لە هەمان کاتی هەڵپەرکێکەدا شعری گۆرانی رێک دەخات و شعرەکان هەندێک جار بەسەر ئافرەت‌ەکان و هەندێ جار بەسەر پیاوان و بەتایبەتی سەرچۆپی کێشدا دەگوترێ.

-مەقامە کوردیەکان: لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگوترێن و هاوبەشیان لەگەڵ هەموو مۆسیقای رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە بەڵام هەندێک گۆڕان و تایبەتمەندیەکی ڕوونی کوردی خۆیان هەیە .
۸-مۆسیقا ئایینیەکان:ئەم مۆسیقایانە لە سەرەمۆنی ئایینی ئێزدی، یارسان، تەریقەی قادری، عەلەویەکان سودی لێ دەبینرێ، ئێزدیەکان لە سەرەمۆنیە ئایینیەکاندا تەمبور و شمشاڵ و دەف بەکاردێنن و هەندێکجار کە پیاوە ئایینیەکان تەمبور و دەف دەژەنن، خەڵکەکە دەست لە ئامێرەکان دەدەن و دەستی خۆیان ماچ دەکەن یان ئامێرەکە ماچ دەکەن بە پیرۆزی سەیر دەکەن. لە ناو یارسان و عەلەویەکاندا تەمبور ژەنین بەشێکی گرنگی ئەرکی ئایینیە و سروودە ئایینیەکان بە تەمبورەوە دەگوترێ. زۆربەی جار تەمبور ژەن دوای تەواو کردنی سروود گوتنەکە ماچێکی تەمبورەکەی دەکات و هاوشێوەی ئێزدیەکانیش ئەوانیش تا رادەیەک وەک ئامێرێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
هەروەها بۆ دەروێشه قادریەکانیش دەف لێدان و سروود وتن بەشێکە لە سەرەمۆنی زیکرکردن. قادریەکان بە شێوەیەکی پر جۆش و خرۆش سەر رادەوەشێنن و دەف بەشێوەیەکی بەهێز لەگەڵ زیکر کردن بەکاردێنن و لەگەڵ ئەو ریدمە بەهێزە دەروێشی قادری دەکەوێتە حاڵەتێکی رۆحی و هاوارکردنەوە، زیکر بەشێکی گرنگە لە کۆر و کۆبوونەوەی تەریقەی قادریەکان. لە هەندێک ناوچەی وەک سنەدا لە مانگی رەمەزان، جۆرێک لە مۆسیقا لێدراوا کە پیێ وتراوە نەقارەخان. ئەم مۆسیاقەیە لە ئێواراندا پێش پێش شکاندنی رۆژوو بە دەهۆڵ و زورنا لێدراوا.
۹-گۆرانی کاتی دروێنە:ئەمە جۆرێکە لە گۆرانی وتن کە هاوکاری جوتیارەکان دەکات لە کاتی دروێنەی هەرەوەزدا. بە هۆیەوە جوتیارەکان دەتوانن بە خۆشیەوە کارەکە ئەنجام بدەن و گۆرانیەکان هەستێکی یەکگرتوویی لە ناویان دروست دەکات و لە هەمان کاتدا بەهۆی ریدمی گۆرانیەکەوە هەموویان بەیەکەوە دەمێننەوە و کارەکە بە رێکوپێکی ئەنجام دەدەن. زۆربەی جار هەموو بەشداربووان یان بەشێکی زۆریان گۆرانی دەڵێن دەنگی داسەکە دەبێتە ریدمی سەرەکی گۆرانیەکە.
گوێگرتن لە گۆرانی، دەنگی وەشاندنی داس و برینی گیا وشکەکان، دەبێتە بەشێک لە گۆرانیەکە و کاریگەریکی زۆر سەرنج راکێش دروست دەکات.
۱۰-گۆرانی شینکردن:ئەو گۆرانیانە بە ریدمی جیاواز و شێوەی جیاواز لە ناو کوردەواریدا ماوە. کورد لە تازێ باریدا جۆره شینێک دەکات، کە تێیدا تازێ بار بە دەنگ و ئاوازێکی خەمگین گۆرانیەکی لاوانەوە دەڵێت بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ئارمی و دەربرینی هەستی کەس لێ ڕۆیشتن. تازیە بار بە(لای لایە) شیوەنەکە دەکات بەو شینەش دەڵێن (لاوانەوە). زۆربەی گۆرانیەکانی شینکردن بەگشتی ئارامن و بەشێوەی مەقامات دەوترێت. هەندێک جار بەتایبەتی کەسی مردوو لاو بێت و کەسوکاری بۆی بە پەرۆش بن، ئافرەتی کورد شیوەنکردن لەسەر ریدمێکی سادەی چوار لەسەر هەشت دەکات و هەردوو دەستی بە سنگیدا دەکێشێت، ئەوەش وەک ریدمێکی بەهێز بۆ هاوکاریکردنی شیوەنکردنەکە بەکاردەهێنرێت. لەو شینکردنەدا کۆمەڵێک ژن پێکەوە هەڵدەستنە سەرپێ و بەدەم سنگ کوتانەوە شیعرەکان رێک دەخەن کە کاریگەریەکی گەورە ناو ئافرەتە شیوەنکارەکان دروست دەکات. لە هەندێ ناوچەی وەک سنە، ئیلام، کرماشان و لوڕستان دا جۆرێک شینکردن دەکرێت بە یاوەری دەهۆڵ و زورنا کە پێی دەوترێ چەمەری، ئەم جۆرە شینکردنە لە کاتی مردنی کەسێکی لاودا و پێش تەرمی کەسی مردوو دەخرێت و ژنانیش بە خۆرنین بەدووی دەکەون. پێ دەچێت کە بنەچەی شیوەنکردنانە دەیان هەزار ساڵ بێت، لەبەر ئەوەی کە ناوی شیوەنەکان لە زمانەکانی سۆمەری، هوری و هیتیدا هەبووە و لە زمانە هیندۆ ئەوروپیەکاندا دەردەکەونەوە. بۆ نمونە alailan شیوەنکردن لە ناو هوریەکان و لە زمانی هیتیدا دەبێتە lahlahhima و لە سۆمەریدا ilu. بە ئینگلیزی بە شینکردن دەڵێن wail و بە لاتینی بە شیوەن دەڵێن eiulo. گۆرانیە فۆلکلۆرە کوردیەکانیش بە هەمان شێوە بنەچە دێرینەکەیان تێدا دەردەکەوێت. لە زمانی سۆمەریدا ناوی زۆربەی گۆرانیە کوردیەکانی ئەمرۆ دەبینرێ.
بۆ نموونە elalum, ellila,elil,elel,ilalum,illu,ilu,ilulamma,ilum.
ئەمانە هەمووی جۆری جیاوازی گۆرانی سۆمەرین کە هەتاوەکو ئەمرۆ لە پێشەکی گۆرانیە کوردیەکاندا دەگوترێن و لە زۆربەی گۆرانیە ئەوروپیەکان lalala هەر دەگوترێتەوە.
سەرچاوە:کورد کێیە (سۆران حەمەرەش)

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …