سایکس بیكۆ و كاریگه‌رییه‌كانـی لـه‌سـه‌ر كــورد
رزگار حاجی حه‌مید
كورد له وه‌ته‌ی هه‌یه وه‌ك نه‌ته‌وه له‌سه‌ر خاك و نیشتمانی خۆی ده‌ژی، ئیدی له سیاقی مێژوویی‌دا زۆرجار خاوه‌ن قه‌واره‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵات بوون، له مێژووی كۆندا خاوه‌ن چه‌ندین ده‌وڵه‌تی (لۆلۆیی، گوتی، ئۆراتوو میدی….هتد) بوون، جیا له چه‌ندین میرنشین چ له سه‌رده‌می ئیسلام و له سه‌ردمی عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كاندا تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه له بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه و دروستكردنی چه‌ندین قه‌ڵا و پرد و رێگاوبان و هه‌روه‌ها خاوه‌ن جبه‌خانه و دروستكردنی تۆپ و لێدانی سكه‌ی پاره و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین قوتابخانه، هه‌نگاوی گه‌وره و دیاریان هاویشتووه له شكاندنی سوپای داگیركه‌ران و رووبه‌ڕووی دوژمنان‌دا، ئیدی مانای وا نییه كه‌م و كوڕییان نه‌بووه و هیچ هه‌لێكیان له ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵام لێره‌دا ده‌رفه‌ت نییه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌موو میرنشینه‌كان بكرێ و په‌نجه بخرێته سه‌ر گرفته‌كان، كه‌سێك زانیاری بوێت له‌م باره‌یه‌وه به‌ئاسانی ده‌ستی ده‌كه‌وێت، چه‌ندین كتێب و توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه و لێره‌دا خاڵی سه‌ره‌كی باسه‌كه نین، به‌پێی قۆناغه‌كان چه‌ندین رێكه‌وتننامه‌ی گرنگیان به‌ستووه، یان ناوی هاتووه له زۆربه‌ی په‌یماننامه‌كاندا دوور و نزیك په‌یوه‌ندییان به كورده‌وه هه‌یه، جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه زیاتر نێگه‌تیڤ بووه نه‌ك پۆزه‌تیڤ، بۆ كپكردنه‌وه و سه‌ركوتكردنی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كورد بووه، یه‌كه‌م دابه‌شكردنی كوردستان له په‌یمانی زه‌هاو له 5/1639 زایینی له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و سه‌رده‌می شا عه‌باسی یه‌كه‌م و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له سوڵتان مورادی چواره‌م مۆر كرا، به‌پێی ئه‌م په‌یمانه‌یه، كوردستان كرایه دوو به‌شه‌وه، به‌شی خۆرهه‌ڵات خرایه سه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و به‌شه‌كانی تر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له رووی ئیدارییه‌وه مانه‌وه، ئیدی ئه‌م دابه‌شكردنه درێژه‌ی هه‌بوو تا جه‌نگی جیهانی و دواتریش په‌یمانی سایكس- بیكۆ ، كه خودی شه‌ڕه‌كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ته‌ماهی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان و فراوانخوازی سه‌ركه‌وتووانی جه‌نگ بوو بۆ دابه‌شكردنی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت میراتی پیاوه نه‌خۆشه‌كه (ده‌وڵه‌تی عوسمانی) كه شكست خواردوو و دۆڕاوی شه‌ڕ بوو، هه‌رچه‌نده ئینگلیز له مێژبوو چاوی بڕیبووه ئه‌م ناوچه‌یه، گه‌وره به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له ساڵی 1913 دا وتبووی: (ئه‌گه‌ر دابه‌شكردنی ماڵ و موڵكی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له ئاسیا بێت، ده‌بێت وڵاتی میزۆپۆتامیا ئه‌و پارچه‌یه بێت ئێمه چاوی تێ ده‌بڕین).
(لورد كیرزن) پێش هه‌ڵایسانی جه‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی لۆرده‌كاندا وتی: (بێ پێچ و په‌نا ئه‌گه‌ر بڵێن به‌رژه‌وه‌ندیمان له‌ناوچه‌ی كه‌نداوه و به‌س، ئه‌وا به‌هه‌ڵه‌دا چووین، زیاتریش هه‌ر له ناوچه‌كانی نێوان به‌غداد و به‌سره‌شدا نییه، به‌ڵكو درێژ ده‌بێته‌وه بۆ سه‌رووی به‌غداد)، بێگومان مه‌به‌ستیان له ویلایه‌تی (موسڵ)ه به‌تایبه‌ت كه‌ركوك، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا پێش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیی ئیمتیازی ده‌رهێنانی نه‌وتی كه‌ركوكیان وه‌رگرتووه، ئه‌مانه و قسه و به‌ڵگه‌ی تر زۆرن، دابه‌شكردنه‌كه به شێوه‌یه‌كی پراكتییكی ده‌ستكرا به‌كۆبوونه‌وه و وتوێژ له نێوان فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیادا له كۆتایی (1915) دا له شاری له‌نده‌ن به شێوه‌یه‌كی نهێنی، له لایه‌ن (فرانسۆ جۆرج بیكۆ) له كۆنسوڵی گشتی پێشوو له به‌یروت، (ئارسه‌ر نیكلسن) جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه، نوێنه‌ری به‌ریتانیا به‌ڵام هه‌ر زوو گۆڕا به سێر مارك سایكس، هه‌ربۆیه ناوی (سایكس بیكۆ)ی لێ‌نرا كه گوزارشته له نوێنه‌ری (به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا)، هه‌رچه‌نده روسیای قه‌یسه‌ری ئه‌مه‌ی زانی ئه‌وانیش هاتنه پێشه‌وه داوای پشكیان كرد، سازانۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یان نوێنه‌رایه‌تی وڵاته‌كه‌یانی ده‌كرد، كه‌وتنه مشت‌ومڕ و دانوستان بۆ گۆڕینی سنووری جوگرافی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دابه‌شكردنی وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی هاوپه‌یمانان، به‌ڵام دواجار له نێوان (سار دوارد گری) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و (بیل كامیون) باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له به‌ریتانیا له رۆژی 16 ی مایسی 1916 واژۆ كرا، كه له (12) به‌ند پێكهاتبوو بۆ دابه‌شكردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی، به‌شێك له به‌نده‌كان پرسی دابه‌شكردنی كوردستان بوو به‌سه‌ر خۆیاندا، له‌مه‌ڕ ناوچه كوردییه‌كان له رێكه‌وتننامه‌كه‌دا به‌م شێوه‌یه بوو:
• به‌شێك له ناوچه‌ی باكووری خۆرهه‌ڵاتی كوردستانی باكوور درا به ده‌وڵه‌تی روسیای قه‌یسه‌ری.
• ویلایه‌تی موسڵ كه به‌شێك بوو له باشووری كوردستان و هه‌روه‌ها خۆرئاوای كوردستان درا به ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا.
• چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باشووری كوردستان درا به به‌ریتانیا، به‌م شێوازه كوردستانی یه‌ك پارچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به چوار پارچه دابه‌ش كرا.
سایكس بیكۆ له دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر
ئه‌م په‌یماننامه‌یه زۆری نه‌خایاند به‌و فۆرمه‌ی كه پێشتر له سه‌ری كۆك بوون، به تایبه‌ت له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی به‌لشه‌فیكه‌كان له 25ی ئۆكتۆبه‌ری 1917 به رێبه‌رایه‌تی (لینین)، دژی وه‌ستانه‌وه و ئه‌م هه‌نگاوانه‌یان نا:
ا. به‌نده نهێنییه‌كانی په‌یماننامه‌كه‌یان ئاشكرا كرد.
ب. سوپای رووس له‌و ناوچانه كشایه‌وه كه پێشتر داگیریان كرد بوو.
ج. وازیان هێنا له‌و پشك و ئیمتیازانه‌ی كه به‌پێی رێكه‌وتنامه‌كه به‌ر روسیای قه‌یسه‌ری كه‌وتبوو.
ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكی گرنگ بوو كه جارێكی دی له ناوچه‌كه‌دا چاو پیاخشاندن بكرێت، به دیاریكراوی له نێوان به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسادا، حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ترسی جێبه‌جێ نه‌كردنی په‌یماننامه‌كه‌یان هه‌بوو، هه‌ر بۆیه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌ردوولا دوای گفتوگۆ و دانیشتن گه‌یشتنه رێكه‌وتن، به‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌ست له ناوچه‌ی موسڵ هه‌ڵگرێت بۆ به‌ریتانیا، به‌رامبه‌ر به‌مه‌ش به‌ڵێن درایه فه‌ڕه‌نسا كه به‌شێكی سامانی نه‌وتی باكووری عیراقی پێ ببه‌خشرێت.
هـــاتــنــی داعـــش
داعش رێكخراوێكی چه‌كداری جیهادی توندڕه‌وه، له منداڵدانی پاشماوه‌كانی قاعیده و گروپه تیرۆریسته‌كانی تره‌وه هاته بوون، سه‌ره‌تا له سوریا كه‌وته دژایه‌تیكردن و شه‌ڕكردن دژی ئۆپۆزسیۆن و گروپه‌كانی تر، دواتر په‌ڕینه‌وه بۆ موسڵ و داگیركردنی تكریت و رومادی و دیاله و ته‌نانه‌ت تا زۆرێك له شاره‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌غدا و بابل و كه‌ركوكیشی گرته‌وه، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی له ناوچه‌كه‌دا دروستكرد، بووه خاوه‌ن هێزێكی سه‌ربازی خاوه‌ن چه‌ك و جبه‌خانه و تانك و زریپۆش و داراییه‌كی به‌هێز و ده‌ستبه‌سه‌را گرتن و به‌قاچاخ فرۆشتنی نه‌وت، جگه له دانیشتووانی سنووری خه‌لافه‌ته‌كه‌یان، زۆرێك له هێزه‌كانیان له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان و وڵاته بیانییه‌كانیشه‌وه هه‌زاران كه‌س په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه كرد، قسه‌مان له سه‌ر لوشدانی سامان و ره‌فتاری دڕندانه‌یان نییه له‌گه‌ڵ دانیشتووانه‌كه‌یدا، ئیدی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌یان دامه‌زراند و رایانگه‌یاند كه سنووری ده‌ستكردی سایكس بیكۆ كۆتاییهات، به ئێستاشه‌وه له نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا به ئاره‌زووی خۆیان و به بێ له‌مپه‌ر هاتوچۆ ده‌كه‌ن، سنووره‌كه له ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندایه، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م ره‌فتاره نامرۆڤانه و كوشتنی هه‌زاران ژن و مناڵ و سڤیل، دواتریش تێكدانی ره‌وشی ئه‌منی ناوچه‌كه و مه‌ترسییان بۆ سه‌ر جیهان و له‌مه‌ڕ ئه‌م وه‌حشیگه‌ری و تاریكپه‌رستییه‌دا كۆی وڵاتان هاتنه ده‌نگ، به‌هه‌مان شێوه (ئه‌حمد داود ئۆغلو له وتارێكیدا له به‌هاری 2013 كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بوو راگه‌یاند: رێكه‌وتننامه‌ی سایكس بیكۆ گه‌یشتۆته كۆتایی و نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و كاریگه‌ری بۆ سه‌ر توركیاش ده‌بێت)، ئه‌م دانپیانانه ئه‌گه‌رچی دره‌نگ وه‌ختیش بێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروسته، كه‌واته بۆ گه‌لانی توركیا زۆر گرنگه ده‌سه‌ڵات خۆیان ئه‌م راستییه بڵێن، بۆ عیراق و سوریا باشتر ئامانجی پێكاوه كه ساڵانێكه ته‌وه‌ری سه‌ركی شه‌ڕن جیا له ململانێی توندی ناوخۆ به‌كێشه‌ی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، بۆته شه‌ڕگه‌ی هێزه گه‌وره‌كان و ئاوێته‌بوونی ئه‌نتی به‌رژه‌وه‌ندی و جه‌مسه‌ره‌كان.
داعش شه‌ڕێكی نه‌گریس و ناڕه‌وای به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا سه‌پاند، شه‌ڕێك دوور له خواست ویستی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیان كرده ئامانج، به‌درێژای 1200 كم له شه‌ڕی داعشداین، شه‌ڕ خزاوه‌ته نێو ماڵی كورده‌وه كه رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان و پێشمه‌رگه مێرخاسه‌كان له بری هه‌موو جیهان ده‌جه‌نگن، له‌م سنووره و رۆژئاوادا خوێنی براكان (پێشمه رگه، شه‌ڕڤانان، گه‌ریلا) تێكه‌ڵبوون. تاكه هێزن له‌سه‌ر زه‌وی به‌كردار شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ن و سه‌ركه‌وتوو بوون له شكستهێنانی داعشدا، كه ئه‌م فاكته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یزانێ و بۆته هۆی مشت‌ومڕ و گه‌رمه باسی زلهێزان و ناونیشانی رۆژنامه جیهانییه‌كان، به‌داخه‌وه جارێكی تر مێژوو دووباره ده‌بێته‌وه و جینۆساید و ژه‌هرباران ده‌كرێین، به‌دڵنییایه‌وه كورد به‌رده‌وام ده‌بێت تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی و گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ باوه‌شی ئه‌میره‌كانیان و به‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراسییه‌كان.
كـورد لــه هــاوكــێـشـه‌ی سـیـاسـیدا
ماوه‌یه‌كه رۆژانه له لایه‌ن حزب و كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كان و میدیاوه ده‌وترێت كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له رووی سیاسی و ئابووری و ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه ئاگره و ده‌كوڵێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نه‌خشه‌ی رامیاریی و هاوكێشه‌ی سیاسی بگۆڕێت، چیتر سنووره ده‌ستكرده‌كان پیرۆز نین، سایكس بیكۆ سه‌ده‌یه‌ك ته‌مه‌ن تێده‌په‌ڕێنێت و تابووتی بۆ ئاماده‌كراوه و ته‌ڵقینی ده‌خوێنرێت، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت كۆی هێزه سیاسییه‌كانی دنیا و ناوچه‌كه له‌سه‌ر خه‌تن، هاوكات دركیان به‌هه‌ستیاری دۆزه‌كه كردووه، له لایه‌كه‌وه بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه كه تارمایی گه‌یشتۆته كۆی وڵاتان، له لایه‌كی تره‌وه بۆئه‌وه‌ی له دوای ئاوابوونی ئه‌و مه‌ترسییانه و داڕشتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندی نوێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و پشكیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، لێره‌دا پرسیارگه‌لێك له‌سه‌ر شانۆی سیاسی كورد خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، ئایا جه‌سته‌ی كورد دیسانه‌وه به ئه‌نجن كراوی ده‌مێنێته‌وه یان ده‌بێته‌وه خاوه‌ن پشكی خۆی؟ ئایا كورد جارێكی دی كارتی فشاره و تا به‌دیهێنانی مه‌رامه‌كانیان به كارمان دێنن یان هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ن؟ ئایا چیتر مێژوو دووباره نابێته‌وه و غه‌درمان لێ ناكرێت؟ ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌گوزه‌رێ پشتیوانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كورد هه‌یه، رۆژانه له ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و به‌رگری و په‌رله‌مان و راوێژكاری سه‌ربازی و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و نافه‌رمی تر سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن، جیا له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی، ئه‌مانه و له سه‌نته‌ری بڕیار و میدیاكاندا باسی قاره‌مانێتی و رۆڵی پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤانان و هێزه‌كانی ناوخۆ ده‌كه‌ن له شه‌ڕی دژه داعشدا له باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا، ئه‌میشیان خاڵێكی گرنگه، چونكه ئه‌وان بڕیاریاندا بێ دوو دڵی و بێ گوێدانه فاكته‌ره‌كانی تر جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، كه‌واته فاكته‌ره ناوخۆییه‌كان له بارن یان له ئاستی رووداوه‌كاندا زه‌مینه‌سازی كراوه؟ بێگومان نه‌خێر جگه له به‌هێزیی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه چه‌ندین قه‌یران جه‌سته‌ی هه‌رێمی داگیركردووه، هه‌ر له قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌كخستنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و قه‌یرانی بێ مووچه‌یی و گرانیی بازاڕ و بێكاریی و كچی به‌لێشاوی گه‌نجان و نا دادپه‌روه‌ریی بوونی هه‌یه، كۆی چین و توێژه‌كان ناڕازیی و قوربانیی ئه‌و دۆخه سیاسی و ئابووری و قه‌یراناویه‌ن و ئه‌و ره‌وشه هه‌ستیار و گوماناویی و ناجێگیره به‌رۆكی خه‌ڵكی گرتووه، ئیدی نووسینی ئه‌و هه‌موو پرۆژه و ئه‌نجامدانی زنجیره كۆبوونه‌وه‌ی بێئه‌نجام و بێبه‌رهه‌م جگه له كات به‌سه‌ربردن هیچی سه‌وز نه‌كردووه.
به‌پێچه‌وانه‌وه تادێت بێ متمانه‌یی زیاتر دروست ده‌كات، بێ متمانه‌یی له نێوان خه‌ڵك و حكومه‌تدا، به‌غدا و هه‌رێم، خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسییه‌كان، له‌نێوان حزبه سیاسییه‌كان خۆیاندا كه كێشه‌كان له بنه‌ڕه‌تدا سیاسین و لێره‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، تێكڕا گله‌یی زۆر و ره‌خنه‌ی توندمان له هاوپه‌یمانان و داگیركه‌ران هه‌یه كه پێش سه‌ده‌یه‌ك و سه‌د ساڵ پێش ئێستا، له بری ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌نه ده‌وڵه‌ت خاكی كوردانیان پارچه پارچه كرد، ئێستا خۆمان كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین، یه‌كێك له‌و چوار پارچه‌یه دوو له‌ت بكه‌ین و بیكه‌ینه دوو ئیداره‌یی (سلێمانی و هه‌ولێر)، چه‌ند شوره‌ییه ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه، ئه‌م جۆره ئه‌قڵیه‌ته هه‌ر كه‌سێك وا بكات به‌دڵنییایه‌وه گه‌ل به هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكات، كه‌چی له بری سازان، لێكترازان خراوه‌ته جه‌سته‌ی زۆرێك له سیاسییه‌كانه‌وه، ئه‌م وتارانه و هه‌ستكردن به‌م راستیانه دادمان نادات، دڵنیام ئێوه‌ش ئه‌مانه ده‌زانن، كۆی حزبه‌كان به‌رپرسن به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه قه‌یراناوییه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه، راسته ئه‌و به‌رپرسیارێتیه رێژه‌ییه و هه‌ندێك زیاتر و هه‌ندێك كه‌متر تیایدا پشكی به‌رده‌كه‌وێت، وه‌لێ ده‌رئه‌نجام تێكڕا به‌رپرسیارین، هه‌ربۆیه تازووه به‌سازان ماڵی كورد رێكبخه‌ین و كۆی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێت و چاكسازی ریشه‌یی بكرێت، په‌له بكرێت له بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و ناهاوسه‌نگی جوگرافی نه‌مێنیت، چیتر خۆمان له به‌رپرسیارێتی نه‌دزینه‌وه و به‌چاویلكه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه‌كان بكه‌ین، دوور له عه‌قڵیه‌تی حزبایه‌تی ته‌سك و پاوانخوازی، واز له هاوكێشه‌ی دۆڕان و سه‌ركه‌وتن بێنین، گرنگ ئه‌وه‌یه گه‌ل سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌گه‌رنا ململانێی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان مه‌ترسی لێكترازانی لێده‌كه‌وێته‌وه و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دووچاری قه‌یران ده‌بێت، به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كۆی قه‌یرانه‌كان ئاینده‌مان له به‌رده‌م مه‌ترسیدایه، سوود له گۆڕانكارییه‌كان نابینین و پرسی كورد بۆسه‌ده‌یه‌كی تر دوا ده‌كه‌وێت، تێكڕا تووشی به‌رپرسیارێتی مێژوویی ده‌بین.
سه‌رچاوه‌كان
1- كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی گه‌لی كورد ، چاپی دووه‌م، سلێمانی، ساڵی 2000.
2- رزگار حاجی حه‌مید، هه‌شتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كه‌مین حكومه‌تی كوردی به‌ڕێبه‌رایه‌تی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره ( 1 174) ساڵی 15/11/1998.
3- عومه‌ر ئه‌لدیراوی ، جه‌نگی جبهانیی یه‌كه‌م ، وه‌رگێڕانی سه‌فین لاوچاك، چاپخانه‌ی چوارچرا،چاپی دووه‌م، سلێمانی، ساڵی 2009.