Home / بەشی مێژووی كورد / چۆن زیاتر لە چوار هەزار ساڵە ناوە ڕەسەنە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئاشوری، فارس، ئەشکانی، یۆنانی، عەرەب و تورکەوە هەوڵی گۆڕینیان دەدرێت؟

چۆن زیاتر لە چوار هەزار ساڵە ناوە ڕەسەنە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئاشوری، فارس، ئەشکانی، یۆنانی، عەرەب و تورکەوە هەوڵی گۆڕینیان دەدرێت؟

 

 

11080371_858320540870281_4944749562562549389_o

نووسینی سۆران حەمەڕەش
لە ڕابردووی دێریندا بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکە و دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوەکانیان کوردی بوون. لە سەردەمی هاتنی ئاشوریەکانەوە هەوڵی گۆڕینی ناوە کوردیەکان دەدرێت. ئەم پرۆسەیە زۆر دێرینە و هەتاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن فارس و عەرەب و تورکەوە بەردەوامی پێ دەدرێت. هەندێک لەو ناوە دێرینە کوردیانە، هەتاوەکو ئەمڕۆ بێ گۆڕانکاری وەک خۆیان ماون و هەمان مانا دێرینە مێژووییەکەیان ماون. لە خوارەوە چەند ناوێکی مێژوویی ڕونکراونەتەوە:
ئەلبورز: زنجیرە چیایەکە لە وڵاتی بە ناو ئێرانی ئەمڕۆدا و شاخی دەماوەند دەکەوێتە ناو ئەو زنجیرە چیایەوە. ئەم زنجیرە چیایە لە بنەڕەتدا ناوەکەی بریتی بووە لە Hara Berezaiti (هەرە بەرزایەتی) ناوەکە کوردیە و مانای (ئەوپەڕی بەرزی) دەدات و لە ئاڤێستادا هەر ناوە کوردیەکەی تۆمارکراوە. ناوەکە دوو گۆڕانی بە خۆیەوە بینیوە؛ بەشی (هەرە) لە ناوەکە لابراوە و لە کاتی هاتنی عەرەبەکاندا (ال) ی عەرەبی خراوەتە سەر. بەو جۆرە وشەی (بەرز) ی میدی/کوردی و ناوەکە کراوەتە (ئەلبورز) و ئەمڕۆ ناوە کوردیەکە بە تەواوی گۆراوە و لە (هەرەبەرزایەتی) ەوە کراوەتە (ئەلبورز) و ئەم ناوە نوێیەی بۆ بەکاردەهێنرێت کە هیچ مانایەک نادات.
ئازەربایجان: بەپێی سترابۆ کە لە سەدەی یەکەمدا هاتۆتە ناوچەکە، کاتێک کە ئەلێکسەندەری مەقدونی ویستی فارسەکان بشکێنێت، یەکێک لە پاشا میدەکان که‌ ناوی (ئاتەرپاس) بووە و یۆنانیەکان بە ئاترۆپاتیس ناویان هێناوە، بووەتە هاوپەیمانی ئەلێکسەندەری مەقدونی. لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی فارسەکان لە ٣٣٠ پ.ز لەلایەن ئەسکەندەرەوە، ناوچەی میدیای ئازەربایجان کە بەشێک لە وڵاتی مید خۆی بووە، درا بە (ئاتەرپاس) ی پاشای میدی کە حوکمڕانی بکات. بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانێتیەکە، کچی (ئاتەرپاس) درا بە یەکێک لە سەرکردەکانی سوپای ئەلێکسەندەر. هەرچەندە سەرەتا (ئاتەرپاس) ی میدی و ناوچەکەی وابەستەی دەسەڵاتی یۆنانی بوون، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم ئاتەرپاس ناوچەکەی بە تەواوی لە یۆنانیەکان سەربەخۆ کرد و نازناوی پاشای وەرگرتەوە. ناوی پاشاکە میدیە و میدیەکان خوێندویانەتەوە بە (ئاترپات) کە بە کوردی ئەمڕۆ دەبێتە (ئاتەرپاس/ئاگرپاس) واتە (پارێزگاری ئاگر). لە زمانی میدیدا وشەی (ئاتەر/ئاگر) هەر وەک کوردیە و میدەکان بە (ئاتر) نوسیویانە. هەر ناوی ئەم پاشا کوردە میدیە بوو کە ناوی (ئازربایجان) ی ئەمڕۆی لێ دروستکراوە و یۆنانیەکان بە (ئاترۆپاتیان) ناویان هێناوە. لەبەر ئەوەی کە ناوەکە پاشگری (یان ian) ی کوردی/هوری وەرگرتووە کە بە مانای (وڵات، ناوچە) دێت. ناوەکە بە کوردی ئەمڕۆ پێک دێت لە (ئادر/ئاتەر+پاس+یان) و هەمووی دەبێتە (وڵاتی ئاگرپارێز) کە ناوی ئەو پاشا کوردەی پێ دراوە. لە زمانی عەرەبی و فارسیدا کە هیچ مانایەکی نیە، ناوەکە کراوەتە (اذربیجان) و ئەمڕۆ ناوەکەی خۆی بزر کردووە و ئەم ناوە نوێیەی بۆ بەکاردەهێنرێت و ئەو وڵاتەی کە بە ناوی پاشایەکی کوردەوە ناونراوە، تێیدا کورد بە بێگانە سەیر دەکرێت و ناوە نوێکەی هیچ مانایەک نابەخشێت.
بازیان: دەروازەیەکی سروشتی نێوان دوو شاخە که‌ دەکەوێتە پێش ناوچەی سلێمانیەوە. وشەی (باز) وشەیەکی سۆمەری و هوری وکوردیە. لە سۆمەریدا بەشێوەی (باد) نووسراوە و وەک کوردی مانای کراوەی هەیە و بە هوری بە (باز) نووسراوە؛ مانای چوونە ژوورەوە ده‌دات. ئاشوریەکان کە لە سەدەی نۆهەمی پێش زاییندا هاتن و کوردەکانیان لە دەروازەی بازیاندا شکاند، ناوی ئەو شوێنەیان بە (بابایت/باببیت) نووسیوە. ئاشوریەکان ناوە کوردیەکه‌يان تەرجومە کردووە بۆ زمانی خۆيان، لەبەر ئەوەی کە وشە و پاشگری کوردی (یان) دەبێتە (بیت) لە زمانی ئارامی و ئاشوریدا و وشەی (باز) ی هوری/کوردی دەبێتە (باب). هەرچەندە لە سەردەمی ئاشوریەکاندا هەوڵی گۆرینی ئەو ناوە دراوە، بەڵام ناوە ڕەسەنەکە وەک خۆی هەتاوەکو ئەمڕۆ ماوەتەوە و (باببیت) نەماوە. واتە ئەو ناوە لە سەردەمی سۆمەری و هوریەکاندا هەر هەمان ناوی کوردی بووە و هەر هەمان مانای داوە و سەرەڕای هەوڵی ئاشوریەکان، ناوە ڕەسەنەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
گەرمیان: ناوچەیەکی مێژوویی کوردستانە خانەقین و کفری و خورماتو و چەندین شار و شارۆچکەی تر دەگرێتەوە. لە بنەڕەتدا ناوەکە پێک دێت لە (گەرم+یان) کە لە کوردیدا مانای (ناوچە/دەڤەری گەرم) دەدات. وشەی (گڕ) لە کوردیدا مانای (ئاگر، کڵپە) دەدات و لە سۆمەریدا (گڕ) مانای کڵپە دەدات و (گڕ/گڕە) ناوی خوای ئاگرە، وشەی (ماه) لە سۆمەریدا مانای گەورەی هەیە و هەتاوەکو سەردەمی میدەکان و دوای هاتنی ئیسلامیش ئەو وشەیە لە کوردیدا مابوو و لە زمانی پەهلەویدا هەمان مانای هەیە. پاشگری (یان) وشەیەکی هوری و کوردیە، مانای (خانوو، شوێن، ناوچە) دەدات. وەک لە ناوی (بازیان) دا باسکرا، وشەکە بەرامبەر وشەی (بیت) ی ئارامیە. ئارامیەکان لە کاتی هاتنیان بۆ ناوچەکە، زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر ناوی ناوچە کوردیەکەی گەرمیانیان نیوە تەرجومەکردووە بۆ (بیت جرمای) و دوایی عەرەبەکان کە لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا هاتنە عێراقی ئەمڕۆ، ئەو ناوەیان لە سەرچاوە ئارامیەکانەوە وەرگرتووە و ناوەکەیان کردە (باجرمی). بەڵام گۆڕینەکە سەری نەگرت و ناوە دێرینە کوردیەکە وەک خۆی هێڵراوەیەوە بە (گەرمیان).
سەری کانی: ئەو شارەی کە ئەمڕۆ چەکدارە توندڕەوە دڕندەکان هەوڵ دەدەن داگیری بکەن، لە بنەڕەتدا لەلایەن میتانیە هوریەکانەوە بە شێوەی wassukanni/washukanni ناوهێنراوە کە پایتەختیان بووە و نزیکی چوار هەزار ساڵە ئەو ناوەی هەبووە. هەردوو پێکهاتەی ناوەکە کە بریتیە لە (wassu/washu+kanni)، لە بنەڕەتدا تێکەڵێکی وشەی سۆمەری/لوڤی/هیتی/لیدی/کوردین. وشەی باش/وەش/خاس (uaš/bāš/xās) ی کوردی لە زمانی سۆمەریدا بریتی بووە لە ašša، هیتی assu، لوڤی wasu و لیدی wiśśi. بەشی دووهەمی وشەکە کە بریتیە لە kanni لە وشە لێکدراوە هیتیەکانی پەیوەست بە مانای (کانی) کوردیدا دەردەکەوێت. واتە لە کوردی کۆندا بریتی بووە لە (خاسە/وەشە/خۆشە کانی). ئەوەی کە ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە ئەوەیە کە سەرچاوەیەکی ئاوی گەورە لەو ناوەدا هەیە و دەڕژێتە ڕووباری خاپورەوە. لەگەڵ کاتدا کورد ناوەکەی کردۆتە (سەری کانی) کە ئەویش پێکهاتووە لە (سەر+کانی) و هەردووکیان وشەی کوردی/هوری/هیتی/میدین. لەبەر ئەوەی کە هەموو ماناکانی وشەی (سەر) لە زمانەکانی میدی/هیتی/کوریدا ماون. ناوی (راس العین) کە هەر تەرجومەی ناوە کوردیەکەیە، لەلایەن عەرەبەکانەوە بە مەبەستی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردیەکان و گۆڕینی ناوە کوردیە ڕەسەنەکەی ئەنجام دراوە. هەتاوەکو ئەمڕۆ نەوەی هوریەکان لەوێدا لەگەڵ داگیرکەرە نوێکاندا بۆ پاراستنی ئەو فەرهەنگە دێرینە دەجەنگن.
لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ناوەکانی وڵاتی بە ناو ئێران، لە ڕابردووی دێریندا کوردی ڕەسەن بوون، فارسەکان بەهۆی ئەوەی کە لە پێش تورک و عەرەبەوە هاتوون و هاوبەشی زمانەوانیان لەگەڵ کورد دا هەیە و هەوڵی گۆڕینی ناوی ناوچە کوردیەکان لای ئەوان دێرینترە، کەمتر هەست بەو پرۆسەیەی لای ئەوان دەکرێت. دەنا ناوەکانی بۆ نموونە (دەماوەند/زەماوەند) و (ئەسفەهان/ئەسپەدان) هەر تووشی هەمان گۆڕانکاری بوون. (ئەسپەدان) نزیکی هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن یۆنانیەکانەوە وەک شارێکی میدی بە (ئەسپەدان) تۆمارکراوە و کورد تا چەند سەد ساڵێک لەمەوبەر هەر بە (ئەسپەانی) وەک نازناوی هەندێک لە شاعیری یارسانی مابوو. (دەماوەند) هەتاوەکو نزیکی دوو سەد ساڵ مەوبەر لە دامێنیدا و لە کۆتایی مانگی هەشتدا (جەژنی کورد) ی تێدا گێڕاوە، وا دەردەکەوێت کە هەر (زەماوەند) بووبێت گۆڕیبێتیان، سەرەڕای هەوڵی فارسەکان ئەمڕۆ بۆ دۆزینەوەی مانایەکی نوێ بۆی، کەچی لە فارسیدا مانایەکی ڕوون نادات و بەپێی ئەوەی کە ئەو جەژنە کوردیەی تێدا گێڕاوە و ناوچەیەکی میدی تەواو بووە، ناوەکە هەر (زەماوەند) ی کوردیە و فارس وشەی (ز) ی کردۆتە (د)، کە ئەو گۆڕانکاری پیتە بە ڕوونی لە وشەی (زانا/دانا) دا دەردەکەوێت.
ئاشوریەکان ئەو هەوڵەیان لەگەڵ ناوی شاری هەولێریش داوە، هەر وەک لەم لینکەی خوارەوەدا بە درێژی ڕوونکراوەتەوە.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=634301789938825&set=pb.100000770292893.-2207520000.1427430126.&type=3&theater
ئەم هەوڵە لەلایەن یۆنانی و ئەشکانیەکان-یشەوە دراوە و تورکەکان بە نزیکی ناوی هەموو باکوری کوردستانیان کردۆتە تورکی، بەڵام لێرەدا تەنها ئەو نموونانە خراونەتە ڕوو.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– ڕوونکردنەوەی هەموو ئەو ناوانە بە متمانەکردنە سەر بەڵگەی مێژوویی دانراون. بۆ بینینی سەرچاوەی زانیاریەکان، سەیری کتێبی “کورد کێیە؟” ی سۆران حەمەڕەش بکە.
– ئەو دوو وێنەیە، وێنەی بەشێکی زۆر کەم لەو شوێنەوارە دێرینانەیە کە لە ناوچەی سەری کانی لەلایەن شوێنەوارناسە ڕۆژئاواییەکانەوە دۆزاونەتەوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا کاریان تێدا کراوە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …