Home / بەشی مێژووی كورد / ئیسماعیل حەقی بابان: ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو (١٨٧٦ – ١٩١٣)

ئیسماعیل حەقی بابان: ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو (١٨٧٦ – ١٩١٣)

دکتۆر جەبار قادر

ئیسماعیل حەقی بابان کوڕی مستەفا زیهنی پاشایە، لە ساڵی ١٨٧٦ لە بەغدا هاتۆتە دونیاوە. باوکی ئیسماعیل حەقی مستەفا زیهنی لە بنەماڵەی میرانی بابانە و ساڵی ١٨٣٨ لە سلێمانی لەدایکبووە. دەسەڵاتی عوسمانی پاش لە ناوبردنی میرنشینی بابان، ئەندامانی بنەماڵەی میرانی بابانی پەرتەوازە کرد. هەندێکیان بۆ دورگەی کریت دوورخرانەوە، هەندێکی تریشیان تێکەڵ بە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانی کران. مستەفا زیهنی بۆ خوێندن ڕووی لە بەغدا کرد. دواتر هەر لەوێ لە دەزگا میرییەکانی دەوڵەت دەستی بەکارکردن کرد. لە سەردەمی والێتی مەدحەت پاشای ڕیفۆرمخوازا لە بەغدا، مستەفا زیهنی مۆرهەڵگر “مهردار” بوو. مۆرهەڵگر هاوتای سکرتێر و بەرێوەبەری نووسینگەی ئێستایە. لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانیدا مهردار جێی متمانەی کاربەدەستان بوو، زۆر جار لە جێگەی ئەوان نووسراوە فەرمییەکانی مۆر ئەکرد. مستەفا زیهنی پاشا دوای ئەوەی چوو بۆ پایتەختی عوسمانیان، دەستی بە زۆر پلە و پایەی باڵای دەوڵەت گەیشت. بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ویلایەتەکانی سالۆنیک، بورسە، حیجاز، ئەدەنە و حەڵەب والی بووە. بۆ چەند ساڵێکیش سکرتێری سەرۆک وەزیران دەوڵەتی عوسمانی (سەدری ئەعزەم) بووە. هەروەها پۆستی وەزارەتەکانی ئەوقاف، بازرگانی، کشتوکاڵ و دارایی بینیوە. بۆ ماوەیەکیش لە ساڵی ١٩٠٩ وەک سەعید پاشای خەندان سەرۆکی شورای دەوڵەت بووە. ئەندامی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی عوسمانی (مەجلیسی ئەعیان)یش بووە. دوای شۆڕشی ئیتیحادی و تەرەقیش لە ساڵی ١٩٠٨ یەکێ لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی هاریکاری و پێشکەوتنی کورد (کورد تەعاون و تەرەقی جەمعیەتی) بووە. مستەفا زیهنی پاشا لە ساڵی ١٩١١ لە ئەستەموڵ کۆچی دوایی کردووە. کۆشکەکەی مستەفا زیهنی پاشا لە ئەستەموڵ ناوبانگی دەرکردبوو، مزگەوت و قوتابخانەشی بە ناوەوە بووە. مستەفا زیهنی پاشا پیاوێکی دیندار بوو، چەند کتێبێکی لە بوارە ئاینییەکاندا نووسیوە. سەرچاوەکان باس لە کتێبەکانی “بیانی حەقیقەت، علم واسلام، مقیاس الاخلاق، قوای معنویە و إسلامدە خلافت” دەکەن، کە مستەفا زیهنی پاشا نووسیونی و بڵاوی کردوونەتەوە. کتێبی بەیانی حەقیقەت لە ساڵی ١٣٢٧ ڕۆمی (١٩١١) بڵاو کرایەوە. وا پێدەچێت مستەفا زیهنی پاشا منداڵی زۆر بووبێت. سەرچاوەکان باس لە پێنج کوڕی ئەکەن. کوڕەکانی هەموویان پلە و پایەی بەرزیان لە دەزگاکانی دەوڵەتدا بەدەستهێناوە. کوڕە گەورەکەی ئەحمەد نەعسیم فیلەسوف و زانای ئاینی و بەڕێوەبەری دارولفنون بووە (دواتر لە ساڵی ١٩٣٤ بووە بە زانکۆی ئەستەموڵ)(١). ئیسماعیل حەقیش ئەندامی دوو دەورەی ئەنجومەنی نوێنەران (مجلس مبعوثان) بووە لە پاش شۆڕشی ١٩٠٨. ساڵی ١٩١١ ش کراوە بە وه‌زیری خوێندن (معارف)ی حکومه‌تی ئیتیحادییەکان. حوسێن شوکریش له‌ زانکۆی ئه‌سته‌موڵ مامۆستا و دواتر ڕاگری کۆلێجی ئابوری بووه، بۆ ماوه‌یه‌کیش سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ته‌رجومان بووه‌. زۆر لە سه‌رچاوه‌کان تەنها باس له‌م سێ برایه‌ ده‌که‌ن(٢). بەڵام وادیارە ئیسماعیل حەقی بێجگە لەوانە دوو برای دیکه‌شی هەبووە به‌ ناوی عاسم و سلێمان حیکمەت، که‌ ته‌نها ئه‌مەی دواییان له‌ سه‌رده‌می کۆماردا به‌ فه‌رمی پاشناوی بابانی هه‌ڵگرتبوو. سلێمان حیکمه‌ت باوکی جیهاد بابانە، کە ڕۆژنامەنووس، په‌ڕله‌مانته‌ری پارتی گه‌لی کۆماری و له‌ دوو کابینه‌ی وه‌زاریشدا، جارێکیان له‌ ساڵی ١٩٦١ وه‌زیری کولتور و جاره‌که‌ی تریش له‌ ساڵی ١٩٨١ وه‌زیری گه‌شت و گوزار و ڕاگه‌یاندن بووه‌‌‌. جیهاد بابان ڕۆژنامه‌وانێکی دیاری تورکیا و دامه‌زرێنه‌ری سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌وانان بووه‌ له‌و وڵاته‌. چه‌ند کتێبێکیشی له‌ سه‌ر پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تی و کەسایەتییه هاوچه‌رخه‌کان ‌بڵاوکردۆته‌وه. جیهاد بابان دەکاتە مامی ئایشه‌ خانم، هاوسه‌ر‌ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی تورکیای به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد یه‌شار که‌مال. جیهاد بابان‌ لە ساڵی ١٩٨٤کۆچی دوایی کردووە (٣).
ناوی مستەفا زیهنی و کوڕەکانی هەموویان ناوی لێکدراون، ئیسماعیل حەقی، ئەحمەد نەعیم، حسێن شوکری و سلێمان حیکمەت. تەنها عاسم هەر بە ناوە سادەکەی لە سەرچاوەکاندا باسکراوە. ئیسماعیل حەقی لە گەڵ هەموو براکانیا لە ئامادەیی گەڵاتە سەرای (بە مەکتەبی سوڵتانیە دەناسرا)خوێندوویانە. قوتابخانەی گەڵاتەسەرای تایبەت بوو بە منداڵانی گەورە پیاوانی دەوڵەت، کە تێیدا دەیانخوێند و پەروەردە دەکران. دوای تەواوکردنی ئامادەییش یا دەچوونە قوتابخانە باڵا (کۆلێجە) سەربازییەکان یا بۆ قوتابخانەی مولکییە، کە ئەرکی پێگەیاندنی کادیرانی کارگێری و بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەت بوو، هاوتای کۆلێجی کارگێڕی وڵاتانی ئەوروپا بوو.
بە پێچەوانەی ئەحمەد نەعیمی برایەوە، کە باوەڕمەندێکی پارێزکار بوو، باوەڕی تەواوی بە دروشمەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هەبوو لە بارەی ئومەتی ئیسلام و ئومەتی عوسمانییەوە، ئیسماعیل حەقی پیاوێکی ئازادیخوا و لێبیراڵ بوو، دژی دەسەڵاتی ستەمکاری سوڵتان و شێوازی دواکەوتووی بەڕێوەبردنی بوو. لەو نووسینانەی لە ڕۆژنامەی کورد و ڕۆژی کوردا بڵاوی کردوونەتەوە ڕەخنەی توند لە ستەمکاری ڕژێمی سوڵتان دەگرێت و هۆی دواکەوتنی کورد و وڵاتەکەیان دەخاتە ئەستۆی ئەو ڕژێمە. ئیسماعیل حەقی ڕووناکبیر و خوێنەوارێکی دیاری سەردەمی خۆی بوو و کاریگەری کولتوری ڕۆشنگەری بەدید و بۆچوونەکانێوە بە زەقی دیارن. لە ڕیزی نەیارانی سوڵتاندا پیاوێکی دیار و خاوەن هەڵوێست بوو. لە دوا ساڵی خوێندنا لە قوتابخانەی مولکییە دەرکرا، لە بەر ئەوەی لە کاتی گێڕانی نوقڵی سوڵتاندا بە بۆنەی مەولودی پێغەمبەرەوە، ئەو لە گەڵ چەند هاوڕێیەکیدا ئامادە نەبوو نوقڵەکە وەربگرێت. ئەمە کردەیەکی بەرهەڵستییانە بوو لە لایەن ئیسماعیل حەقی و هاوڕێیانێوە لە دژی ڕژێمی ستەمکاری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم. وەرنەگرتنی نوقڵی سوڵتان بە تاوان دانرا و لە قوتابخانە دەرکرا.
لە بەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی دیار و کوڕی یەکێک لە پاشا و پیاوە نزیکەکانی دەرباری سوڵتان بوو، تەنها بە دەرکردن وازیان لێهێنا، ئەگینا بەرەو تەرابلوسی ڕۆژئاوا یا دوورگەکانی دەریای ناوەڕاست دووریان دەخستەوە. بەو بڕیارە بێبەزییانەی سوڵتان ورەی بەرنەدا. لە لایەکەوە دەستی کرد بە بەهێزکردنی توانا و شارەزایی لە زمانی فرەنسیدا و لە لایەکی تریشەوە دەستی کرد بە خوێندن لە قوتابخانەی باڵای ماف (کۆلێژی ماف)، کە لە ساڵی ١٩٠٢ بە پلەیەکی باڵا تەواوی کرد(٤). لە تەك قووڵبوونەوە لە زمانی فرەنسی و خوێندن لە کۆلێژی ماف، لە دوای دەرکردنی لە قوتانخانەی مولکییە، لە ڕۆژنامەی (ئیقدام)یش دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی کرد. لێرەوە لە تەک خەباتی سیاسیدا، ژیانی ڕۆژنامەوانیشی دەسیپێدەکات. ڕۆژنامەی ئیقدام لە لایەن مێژوونووسی ناسروای عوسمانییەوە ئەحمەد جەودەت بەڕێوە دەبرا. ئەحمەد جەودەت چەندین پۆستی وەزاری لە دەوڵەتی عوسمانی بینی، مێژوونووسی فەرمی دەوڵەت بوو و بە کتێبە مێژووییە دوازدە بەرگەکەی (تاریخی جەودەت) نێوی چووە مێژووە. ئیسماعیل حەقی لەم ڕۆژنامەیە و لە ژێر دەستی ئەحمەد جەودەتدا، هەرچەندە بیر و بۆچوونیان لە بارەی زۆر شتەوە لە یەکەوە دوور بوون، زانیاری و ئەزموونی باشی پەیدا کرد و توانای نووسینی گەشەی کرد. ئەم بەهرە و پاشخانە ڕۆشنبیرییە لە نووسینی وتارەکانیدا لە ڕۆژنامەی تەنین (طنین) و لە کتێبەکانیدا بە درەوشاوەیی دەرکەوتن. پێدەچێت هەر بە هاندانی ئەحمەد جەودەت حەزی لە بابەتە مێژووییەکان کردبێت، بە تایبەتی مێژووی ئەوروپا. مێژوو و ئەزموونی ئەوروپا بۆ ئیسماعیل حەقی و هاوبیرانی زۆر ئیلهام بەخش بوو. ئەزموونی پێشکەوتنی ئەوروپا ئەو مۆدێلە بوو کە ئەوان بۆ گەلان و دەوڵەتی عوسمانیان دەخواست.
بەهرە و توانای نووسین لە لای ئیسماعیل حەقی بابان زوو چەکەرەی کرد. ساڵی ١٨٩٩٩، لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا، لە گەڵ مامۆستای مێژوو عەلی ڕەشادا کتێبێکیان لە بارەی دۆزی درایڤۆسەوە بڵاوکردەوە. پرسی یا کێشەی درایڤۆس بریتی بوو لە کردەیەکی ئەنتیسمیتیزم (دژەسامییەت) بە تاوانبارکردنی ئەفسەرێکی فرەنسی بە ڕەچەڵەک جولەکە، ئەلفرێد درەیفوس (١٨٥٩ – ١٩٣٥) بەوەی کە گوایە سیخوڕی بۆ ئەڵمانیا کردووە. دواتر دەرکەوت بەڵگەکان دروستکراوبوون بۆ ئەوەی درەیفوس سزا بدرێت. ئەم کێشەیە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و دەسپێکی سەدەی بیستەم کاریگەری زۆری لە سەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە فرەنسا دانابوو. بۆ گەنجێکی وەک ئیسماعیل حەقی بابان لەو تەمەندا و پاش ئەو ماوە کورتە، کە بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیبوو، بێت لە گەڵ مامۆستایەکی مێژوودا کتێبێک لەو بارەیەوە ئامادە بکات، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو. بەشداریکردنی ئیسماعیل حەقی لە نووسینی ئەو کتێبەدا مایەی سەرنج و تێڕامان بوو. ئەم کتێبە سەرلەنوێ، بەڵام ئەمجارەیان بە تیپی لاتینی، لە ساڵی ٢٠١٣ لە تورکیا چاپکراوەتەوە(٥).
دوا بە دوای ئەم کتێبە و هەر لە گەڵ هەمان نووسەردا، واتا لە گەڵ عەلی ڕەشادا کتێبێکی تریان بە ناونیشانی “بسمارق: حیاتی خصوصی و سیاسیسی” (بسمارک: ژیانی تایبەتی و سیاسی) لە ٣٦٧ لاپەڕەدا، لە ساڵی ١٣٢٠ (ڕۆمی) (١٩٠٣) لە ئەستەموڵ بڵاوکردەوە. کتێبەکە لە پێشەکی، دوو بەش و کۆتایی پێکهاتووە. بەشی یەکەم بۆ ژیاننامەی تایبەتی و بەشی دووەمیشی بۆ ژیانی سیاسی بسمارک تەرخان کراون. کتێبەکە هەر بە تورکی عوسمانی لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێت دانراوە(٦). ئاگاداری ئەوە نیم کە ئەم کتێبەی وەک ئەوەکانی دیکە کرابێت بە تورکی لاتینی، ڕەنگبێ لە بەر ئەوە بێت، کە بابەتێکی مێژووییە و کتێبی زۆر لە سەر بسمارک بە تورکی و زمانەکانی دیکە بڵاوکراونەتەوە. بە پێی هەندێ لەو وتارانەی لە گۆڤاری هەتاوی کوردا بە بۆنەی کۆچی دوایی ئیسماعیل حەقییەوە بڵاوکرانەوە، خەون و خۆزگەی پەیدابوونی سەرکردەیەکی وەک بسمارک لە نێو کورداندا هاندەر بووە بۆ نووسینی نووسینی ئەم کتێبە(٧). وا زیاتر لە سەدەیەک بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێپەڕێ، بەڵام هێشتا لە ئاسۆی کورداندا ئەو بسمارکە دیار نیە.
لە دوای کودەتا، یا شۆڕشی ساڵی ١٩٠٨٨، بەرپرسانی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی داوا لە ئیسماعیل حەقی ئەکەن بەو پێیەی کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراو و خاوەن پێگەی دیارە لە بەغدا و بە خۆیشی لەوێ هاتۆتە دونیاوە و خوێندنی سەرەتایی لەوێ تەواو کردووە، بچێتە ئەوێ و خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەربژێر (کاندید) بکات. مەبەستی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی ئەوە بوو کە هاوبیرێکی خۆیان ببێت بە نوێنەری ئەو ویلایەتە، نەک سەرۆک هۆز و دەرەبەگ و کەسانی دواکەتوو، کە ڕەنگبێ ببنە ئامێرێک بەدەستی نەیارانی ئیتیحادییەکانەوە لە پایتەختی عوسمانی. ئیسماعیل حەقی بۆ ئەو مەبەستە لە ڕێگەی بەیروتەوە گەشتێکی بۆ بەغدا کرد. هەر لە بەیروتەوە دەستیکرد بە تۆمارکردنی گەشتنامەکانی لە ڕۆژنامەی تەنین. ئەو زنجیرە وتارەی لە ژێر ناونیشانی (لە بەیروتەوە بۆ کوەیت، نامەکانی عیراق)بوو. لەم وتارانەدا توانای نووسین، لێکدانەوەی ڕووداوەکان، ئاستی ئاگاداری و زانیاری لە بارەی ڕەوشی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی هەموو ئەو دەڤەرانەوە کە پێیاندا تێدەپەڕی زۆر بە باشی دەرئەکەون. لەو نامانەدا باسی بارودۆخی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەو ویلایەتانە ئەکات. لەوێدا باس لە وێرانەیی شارە گەورە و مێژووییەکانی ئەو دەڤەرانە ئەکات کە پێیاندا تێدەپەڕێت. لە ڕێگەی ئەو ناماوانەوە ناکارامەیی و دواکەوتوویی دەسەڵاتی عوسمانی و شارەوانییەکان دەخاتە ڕوو. لەوێدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەمووی وێرانەیە و ئەمن و ئاسایشی ئەو دەڤەرانە بە دەستی چەتە و ڕێگر و خێڵەکانەوەیە. باسی دزین وتاڵانکردنی شوێنەوارە دێرینەکانی بەعلەبەک و ناردنیان بۆ دەرەوە دەکات. سوپای عوسمانیش بە سوپایەکی شکستخواردوو دادەنێ و دەڵێت سەنگ و ناوبانگی خۆی لە بەرامبەر چەتە و خێڵەکان لە دەستداوە. بەر لە ئاوابوونی خۆری دەوڵەتی عوسمانی بەیەکجاری بە دە ساڵ، ئیسماعیل حەقی بابانزادە پێشبینی ئەوە دەکات کە بەندەری بەسرە و کەنداو لە دەست چووە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لەو ناوانە لە دەستی کەشتییەکانی بریتانیادایە. نامەکانی ئیسماعیل حەقی بابان لە دووتۆی کتێبێکدا بە ناونیشانی (لە بەیروتەوە بۆ کوەیت: نامەکانی عیراق) لە ساڵی ٢٠٠٢ بە تیپی لاتینی، لە ١٧٨ لاپەڕەدا لە ئەستەموڵ بلاوکراوەتەوە(٨).
لە ١٩٠٨٨ ئیسماعیل حەقی بابان وەک یەکێک لە نوێنەرانی ویلایەتی بەغدا بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران (مجلسی مبعوثان). لە کاتی ئەندامێتیدا لەو ئەنجومەنە ئیسماعیل حەقی دەنگێکی دلێر بوو، چالاکانە بەشداری لە گفت و گۆکاندا دەکردو و کێشەکانی ویلایەتی بەغدا و باشوری عیراقی دەوروژاند. کۆنووسەکانی ئەنجومەن لە هەردوو دەورەکەیدا بۆچوون و لێکدانەوەکانی ئیسماعیل حەقییان بۆ پاراستووین. بە بۆچوونە هۆشمەندەکانی سەرنجی هەموو لایەک، بە تایبەتی گەنجانی عوسمانی بەلای خۆیدا ڕادەکێش. ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەو ناوچانە بوو کە نوێنەرایەتی دەکردن. تەنانەت چیرۆکەکەی والی بەغدا و سارە خاتوونی کرد بە بابەتێکی گەرم لە ئەنجومەنی نوێنەران و والی بەغدای لە سەری دا بەدەرکردن. چیرۆکەکە بە کورتی باس لەوە دەکات کە سارە خاتون کچێکی ئەرمەنی شۆخ و شەنگ بوو، والی بەغدا نازم پاشا لە ئاهەنگێکدا ئەیبینێ و شەیدای دەبێت. داوەتنامە لە دوای داوەتنامەی بۆ دەنێرێت و سارە خاتونیش ڕەتیدەکاتەوە، دەنێرێتە خوازبێنی شوی پێناکات، دەیەوێ ژاندەرمەکانی بە زۆر بۆی ببەن، پەنا دەباتە بەر کۆنسولخانەی ئەڵمانی، دوای ئەوەش بۆ ماڵی نەقیبی بەغدا و لە کۆتاییدا خۆی دەگەیەنێت بە کۆنسولخانەی بریتانی. لەوێوە دەیگەیەننە بە سرەو لەوێشەوە بۆ هیندستان. بەو شێوەیە سارە خاتون لە گێچەڵی والی بەغدای شێت و شەیدا ڕزگاری دەبێت. ئیسماعیل حەقی دەسەڵات ناچار دەکات نازم پاشا لە والێتی لابەن و بیگەڕێننەوە بۆ ئەستەموڵ. نازم پاشا دوای ئەوەی پۆستی والێتی لە دەستدا، بە دووی سارە خاتون کەوت و هیندستان خۆت بگرە هاتم، بەڵام ئینگلیزەکان لەوێش لێیان شارەدەوە. نازم بە بێ هێوایی گەڕایەوە بۆ ئەستەموڵ(٩).
ئیسماعیل حەقی بابان لە بەرەی بارودۆخی سیاسی ئەو ڕۆژانەی دونیا و پەیوندییە نێودەوڵەتییەکانەوە شارەزاییەکی باشی هەبوو و بە وردی ئاگاداری ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی بوو. لە ساڵی ١٩١١ زنجیرەیەک وتاری لە ڕۆژنامەی تەنین لە بارەی بارودۆخی دونیا و دەوڵەتی عوسمانییەوە بڵاوکردەوە. لەو وتارانەدا هەوڵیداوە کاریگەری ڕووداوەکان لە سەر دوا ڕۆژی دەوڵەتی عوسمانی بخاتە ڕوو. وتارەکانی پانتاییەکی زۆر فراوانیان گرتبووەوە و باسیان لە ڕووداوە گەرمەکانی وڵاتانی بەڵکان، لیبیا، تونس، میسر، ئێران، بەسرە و کەنداو دەکرد. تیشکی زۆری خستۆتە سەر ململانێی بریتانیا، فرەنسا،ڕووسیا و ئەڵمانیا لە سەر دابەشکردنی دونیا. لە وتارەکانیدا وەک ڕۆشنبیرێکی عوسمانی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتەکەی خۆی پاراستووە و هەوڵیداوە کاربەدەستانی وڵات لەو کەین و بەینانە تێبگەیەنێ. ئیسماعیل حەقی ئەوەشی باش دەزانی کە زۆر لەوانەی کاروباری دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوە بەڕیوەدەبەن زۆر بێ ئاگان لەو شتانەی لە پشت ئەو ڕووداوانەوە دەگوزەرێن. لێرەوە ڕەخنەی توندی لە وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانی دەوڵەتی عوسمانی گرتووە. بەوە تۆمەتباری کردوون کە کاری سەرەکی خۆیان لە نامە و نامەکاریدا دەبینن، هیچ شتێک لە بارەی ئەو گۆمەڵگایانەوە نازانن کە کاریان تێدا دەکەن، نە زمان نە کولتور و نە مێژوویان. وتارەکان ئاستی بەرزی شارەزایی و ئاگاداری لە بابان لەوەی لە دونیا دەگوزەرا دەردەخەن. زۆر بەوردی ڕووداوەکانی سەردەمەکەی خۆی شۆپاندووە. زانینی تورکی، عەرەبی، فارسی و فرەنسی یارمەتیان داوە زانیاری زۆر لە بارەی ئەو ڕووداوانەوە پەیدا بکات و ئەوجا لە بارەیانەوە بنووسێت. زۆربەی پێشبینییەکانی سەبارەت بە دواڕۆژی دەوڵەتی عوسمانی و ناوچەکە دوای مردنی بە چەند ساڵیک هاتنە دی(١٠).
لە کاری ڕۆژنامەوانیشدا پیاوێکی خاوەن پرینسپ و ئاکار بوو، ئامادە نەبوو نووسین بە بێ ناو و ئیمزای خۆی یا لە ژێر ناوێکی تردا بڵاو بکاتەوە. هەموو ئەوانەی ناسیویانە بە کەسیكی بلیمەت و زیرەکیان داناوە. پیاوێکی قسە خۆش و خۆش مەعشەر بووە. چەند جارێک ئەو کەسەی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی دەخوێندەوە، کاتێ دەگەیشەتە ناوەکەی ئەم بە یابانزادە بانگی دەکرد، ئەمیش هەموو جارێک بۆی ڕاستکردۆتەوە و دەیوت بابانە بابان، نەک یابان. لە ڕێگەی وتارەکانێوە ناو و ناوبانگی پەیدا کردبوو و لە نێو گەنجانی ئەو سەردەمەدا لایەنگر و هەواداری زۆر بوون. لە کابینەکەی حەقی پاشا، کە لە ساڵی ١٩١٠ پێکهاتبوو، ئیسماعیل حەقی بابان لە ٤ مارتی ١٩١١ کرا بە وەزێری خوێندن کە بە (نظارتی معارف) نێودەبرا. لەو چەند مانگەی وەزیری مەعاریف بوو توانا و لێهاتوویی زۆری پیشاندا. تۆرانییەکانی ئیتیحاد و تەرەقی، کە گرنگی ئەو وەزارەتەیان دەزانی بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوونە ناسیۆنالیستییەکان، پیاوێکی لیبیراڵ و کوردپەروەری وەک ئیسماعیل حەقییان بە مەترسی دەزانی لەو پێگەدا، بۆیە کەوتنە پیلانگێڕی تا بێزاریان کرد و ئەویش دەستی لە کار کێشایەوە. دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ١٩١١، ئیسماعیل حەقی لە هەڵبژاردنەکانی ١٩١٢دا وەک نوێنەری دیوانیە جارێکی تر بووەوە بە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.
لەو قوتابخانەیەی کە لە سەر وەرنەگرتنی نوقڵی سوڵتان دەرکرا، بە مانگانەی ٦٠٠٠ قوروش بە مامۆستا دامەزرا. لە ڕێگەی وانەکانێوە لە بارەی قانونی دەستوری و مەشروتییەتەوە ناوبانگی دەکرد. لە تەک قانونی دەستوریدا وانەی نووسراوی فەرمی (کتاباتی رەسمی)یشی دەوتەوە. نامە و نامەکاری و نووسراوی فەرمی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا ئەوسا و ئێستاش گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. لە بواری قانونی دەستوریدا کەس پێشی ئیسماعیل حەقی نەدەکەوت. وانەکانی لەو بارەیەوە کۆکرانەوە و لە کتێبێکی ٦٨٠ لاپەڕەییدا، هەر لەو ساڵەی کە کۆچی دوایی تێدا کرد لە چاپ درا. ئەمە کتێبێکی مەنهەجی بوو بۆ قوتابیانی کۆلێجی ماف یا قانون. فەرزان باڵچی ئۆگڵو، کە کتێبەکەی کردووە بە تیپی لاتینی و پێشەکی بۆ نووسیوە و ساڵی ٢٠١٤ بلاوی کردۆتەوە، پەسنی زۆری حەقی دەدات. بە بۆچوونی فەرزان کتێبەکەی ئیسماعیل حەقی “قانونی اساسیە” زۆر نایابتر و پڕ زانیاری ترە لەو کتێبەی کە ئەو و هاوپۆلەکانی لە بابەتی مافی دەستوریدا لە کۆلێجی ماف خوێندوویانە. پێشی وایە کتێبەکە ئەو ڕاستییە دەرئەخات کە ئەو دەمە چەندێ بایەخ و گرنگی ئەدرا بە ئامادەکردن و پێگەیاندنی پارێزەر و مافپەروەران بە بەراورد لە گەڵ ئێستادا.
بە لای نووسەرانی تورکەوە ئەم کتێبە بە پێوەرێکی تریش گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە یەکەمین کتێب بووە مستەفا کەمال پێش ڕاگەیاندنی کۆمار بە چەند مانگێک خوێندوویەتێوە، گەلێ تێبینی و نیشانەی لە پەراوێزی لاپەڕەکانیدا تۆمار کردووە، لە زۆر شوێنیشدا خەتی سوور و شینی بە ژێر بیرۆکەکانی ئیسماعیل حەقی باباندا کێشاوە. باڵچی ئۆغڵو ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە دەکات، کە ئەو بەشەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتەکانی تەرخان کراوە لە هەموو بەشەکانی تری کتێبەکە زیاتر سەرنجی مستەفا کەمالی ڕاکێشاوە و زۆرترین نیشانە و هێمای لە مەڕ تۆمار کردووە و هێڵی سور و شینی بە ژێر دێڕەکانیدا هێناوە. ئیسماعیل حەقی بابانزادە پێاوێکی لیبیراڵ بوو، لە گەڵ پاڕلەمانی دوو ئەنجومەندا بوو، کە مستەفا کەمال ڕەتیدەکردەوە. بە بۆچوونی باڵچی ئۆغڵو نیشانە و تێبینییەکانی مستەفا کەمال زۆر بە زەقی مەیلی پاوانخوازی مستەفا کەمال بۆ دەسەڵاتی ڕەها و تۆتالیتاری دەرئەخەن. دەکرێت دامەزراندنی کۆمار و کۆدەکانی و دەسەڵاتە ڕەهاکانی مستەفا کەمال لە ڕێگەی ئەو تێبینی و هێمانەوە لێکبدرێنەوە، کاتێک هەموو دەسەڵاتەکان لە دەست سەرۆک کۆماردا کۆدەکرێنەوە. گرنگترین چەمکێش لەم بوارەدا یەکێتی هێز یا دەسەڵاتەکانە، کە ئیسماعیل حەقی بابان لە کتێبەکەیدا زۆر لە سەریان ڕاوەستاوە و بە زەقی لێکیانی جودا کردۆتەوە. مستەفا کەمال یەکێتی هێزەکان بە جۆرێکی تر دەخاتە واری ژیانەوە کاتێ وەک تاک سەرکردە (تەک ئەدام) دەسەڵاتی جێبەجێ کار لە دەستی خۆیدا کۆدەکاتەوە، وەک سەرۆکی تاک پارتی سیاسیش، پارتی گەلی کۆماری، نوێنەران بۆ پاڕلەمان دەستنیشان ئەکات، واتا دەسەڵاتی قانوندانانیش هەر لە دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە و چی ئەو بیەوێت ئەوە دەبێتە قانون بۆ وڵات لە ڕێگەی نوێنەرانی (گەل)ەوە لە پاڕلەمان. هەر کاتێکیش بە پێویستی زانی “دادگای سەربەخۆیی” دادەمەزرێنێ بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی. ئێساتش ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هەمان خەون و خولیای هەیە و بێ هودە هەوڵی بۆ دەدات، هەڵبەتە لە کات و سات، کۆمەڵگە و باری نێودەوڵەتی جیاوازدا (١١).
لە بواری تریشدا ئیسماعیل حەقی بابان جیاواز و ناکۆک بوو لە گەڵ کاربەدەستانی باڵای ئیتیحاد و تەرەقی و مستەفا کەمالیشدا، ئەویش هەڵویستی ئەم و ئەوان لە ئاین کە دواتر باسی لێوە دەکەم. بابان لە دژی دەستێوەردانی ئەفسەرانی سوپا بوو لە کاروباری سیاسی و دەسەڵاتی کارگێڕیدا. ئەم بۆچوونە بۆ دەوڵەتێکی سەربازی وەک دەوڵەتی عوسمانی، کە لە سەر شانی سوپا و شەڕ و تاڵانکردن دەمەزرا بوو، بۆچوونێکی سەیر و نامۆ بوو. دواتریش بۆ کۆماری تورکیا و سەرکردە سەربازییەکانی دەچووە خانەی کوفرەوە. لە دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای هاوچەرخدا سوپا وەک بوونەوەرێکی پیرۆز سەیر دەکرێت. تا ئەم ساڵانەی دواییش کەس زاتی ئەوەی نەدەکرد بیرۆکەی لەو جۆرە دەرببڕێت. دووربینی و زیرەکی ئیسماعیل حەقی بابان لێرەشدا بە ڕوونی دەردەکەوێت (١٢).
ئیسماعیل حەقی بابان چەند وتارێکیشی لە بارەی کورد و کوردستانەوە و لە ڕۆژنامەی کورد (کرد تعاون و ترقی غزتەسی)، کە کۆمەڵەی هاریکاری و پێشخستنی کورد (کرد تعاون وترقی جمعیتی)، و گۆڤاری ڕۆژی کورد (رۆژ کورد)، کە کۆمەڵەی هیڤی دەریاندەکرد، بڵاوکراونەتەوە. هەموو وتارەکانی بە زمانی تورکی عوسمانین و هەندێ لە وتارەکانی زیاتر لە جارێک بڵاوکراونەتەوە. لێرە ئاماژە بە بیرۆکە سەرکییەکانی ئەو وتارانە دەکەم. ناوەڕۆکی وتارەکان لێکدانەوەی زیاتر هەڵئەگرن و پێویستە لێکۆڵینەوەی تایبەتیان لە بارەوە بکرێت.
لە وتارەێکدا بە ناونیشانی “کردلر و کردستان – کورد و کوردستان”، کە لە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی کورد بڵاوبووەتەوە، شانازی بەوەوە دەکات کە کوردە و گەلەکەی خەرێکە دەستدەکات بە نوێبوونەوە و بنیاتنانی ژیانێکی نوێ لە سێبەری ئازادیدا. مەبەستی ئەو بەهارە کورتەی ئازادی بوو کە لە دوای ساڵی ١٩٠٨ لە دەوڵەتی عوسمانی و بە تایبەتی لە پایتەخت هاتبووە کایەوە، بەڵام زۆری نەبرد لە بەین برا و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی جێگەی گرتەوە. حەقی بابان کورد بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی عوسمانی دادەنێت. ئیسلام و سیستەمی دەستوری بە دوو فاکتەری گرنگ دادەنێت، کە دەتوانن پێکەوە کورد بەهێز بکەن و ئەمەش لە کۆتاییدا لە خزمەتی دەوڵەتی عوسمانیدا ئەبێت. باسی دڵسۆزی کورد بۆ ئیسلام و عوسمانیزم دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات کە کورد خیانەتی لە ئیسلام و دەوڵەتی عوسمانی نەکردووە. بابان پێی وایە کورد ناسنامەی مادی و مانەوی خۆی پاراستووە و هێشتا لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیاندا لە پەیوەندییەکی توند و تۆڵدایە و لێک جوادا نابنەوە. بە وتەی ئەو کورد و عوسمانێتی لە نێو یەکدا تواونەتەوە و “ئەگەر خوانەخواستە عوسمانیزم لە نێوبچێت، ئەوا کورد بێ ناونیشان دەبێت، ئەگەر خوانەکەران کوردیش لە بەین بچێت، عوسمانیزم لاواز و پەریشان دەبێت”.
ئەو دەمە ئاین لە هەموو بیر و بۆچوونێک زیاتر کاریگەری لە سەر کۆمەڵگەی کوردی هەبوو، هێشتا بیری کوردایەتی زۆر لاواز بوو و تەنها لە نێو دەستەبژێرێکی بچووکی خوێنەوارانی کورددا هەندێک لایەنگری هەبوو. پرسی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی نەک تەنها لە ناو کوردا، بەڵکو لە لای گەلێکی بەژمارە زۆر و خاوەن ڕابردوویەکی ئیمپراتۆری وەک عەرەبیش یا هەر لە ئارادا نەبوو، یا زۆر لاواز بوو. وتە و بۆچوونەکانی ئیسماعیل حەقی بابان دەبێت بەو پێوەرانە بپێورێن، واتا لە چوارچێوەی مێژوویی خۆیاندا بخوێنرێنەوە، نەک لە بەر ڕۆشنایی ئەزموونی کەڵەکەبووی سەد ساڵی ڕابردوو لێکدانەوەیان بۆ بکرێت.
ئەو کاتەی ئەم وتارەی تێدا نووسراوە تازە شۆڕشی ئیتیحادییەکان ڕوویدا بوو و ئازادی ڕووی لە دەوڵەتێک کردبوو کە هەمیشە بە شێوازێکی ستەمکارانە بەڕیوە دەبرا و هاووڵاتیان هەموو ڕەعییەی سوڵتان بوون و کەس بۆی نەبوو دەنگ بەرز بکاتەوە، بۆیە نووسەران و ڕووناکبیران ئەو سەردەمە هیوایەکی زۆریان بەوە هەبوو کە کەوتوونەتە سەر ڕێگەی ئازادی و ستەم کۆتایی هاتووە. کاتی ئەوەیە دەسبکەن بە ئاوادانکردنەوەی وڵاتەکانیان و جیاوازی لە نێوان دانیشتواندا نەهێڵن و نەیانکەن بە گژ یەکدا. ئەم خەونانە زوو لە گۆڕنران، کاتێک سەرکردە تورکەکانی ئیتیحاد و تەرەقی دەستیان کرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی تورکچێتی، ڕاوەدوونانی ڕووناکبیرانی گەلانی ناتورک و دەرکردنیان یا ناچارکردنیان بە وازهێنان لەو ڕێکخراوە. سەرکوتکردنی گەلان و بەرتەسکردنەوەی ڕووبەری ئازادی تا گەیشتە ئاستی سەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری سەربازی سێکوچکەی ” ئەنوەر – تەڵعەت – جەمال”. ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە بە سیاسەتە ملهوڕەکانی کارەساتی گەورەی بە سەر هەموو گەلانی دەوڵەتی عوسمانیدا هێنا و لە کۆتاییدا سەری دەوڵەتەکەشی خوارد. کاتێ تورکە لاوەکان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان پیشاندا، ڕووناکبیرانی گەلانی ناتورک لێیان دوورکەوتنەوە و کەوتنە گەڕان بەدوای ڕێگەیەکی تردا بۆ ئەوەی لەو بارە ناهەموارە ڕزگاریان بێت. بەداخەوە ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسا چونکە یەکسەر ئاگری شەڕی یەکەمی جیهانی هەڵگیرسا و بەشێکی زۆریان بوون بە کەرەسەی ئەو شەڕە و گەلەکانیان تووشت ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە هاتن. مردن دەرفەتی نەدا ئیسماعیل حەقی بابان ئەو ڕووداوانە بە چاوی خۆی ببینێ، بەڵام لە نووسینەکانیدا پشبینی زۆریانی کردبوو.
لە دوای ئەو وتانە سەرەوەی باسی ستەمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دەکا و بەوە تاوانباری دەکات کە گەلێکی دڵسۆز و بە هێزی وەک کوردی پشتگوێ خستبوو. تەنانەت بە بەراورد لە گەڵ گەلانی دیکەی دەوڵەتی عوسمانیشدا کە هەموو لە بارودۆخێکی خراپدا بوون، بەڵام کورد لە هەموویان خراپتر بوو. داوای لە کورد کردووە ئەو سەردەمە لە بیر بکەن و نابێت قەت بگەڕێتەوە. بە وتەی بابان حکومەتی پێشوو بە گشتی دوژمنی فکر بوو، بۆ کورد دوژمنی فکر و زمانیش بوو. ئەگەر بۆ گەلانی تر هەوڵەکان بۆ سەربڕینیان بوو، ئەوا بۆ کورد لە پێشەوە زمانیان دەبڕا و ئەوجا سەریان. چەوسانەوە و ڕێگری لە ئازادی بەلای بابانەوە ” هەمیشە میشک پووچ ئەکات، بەڵام زمان بڕین مرۆڤ لاڵ دەکات و مێشکیش پووچ دەکات”. مەبەستی لە زمانبڕین ڕێگە گرتن بوو لە نووسین بەزمانی کوردی کە پێی وایە ئەمە تاڵترین لایەنی ئەو ستەمە بوو کە لە کورد کرا، لە توانادا نیە ئەم وێرانکارییە چاک بکرێت. بێ زمانکردنەی کورد تەنها واتای سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەیی و ئایینی کوردان نەبوو، بەڵکو هێڵانەوەی زۆربەی هەرە زۆری کوردە لە نەزانییەکی بێ هودە و لە ئینسانییەت وەدەر نرابوون. ئەم کورد بێ زەواڵانە کە لەو بارودۆخە خراپەدا هێڵرانەوە، نەک تەنها بوونیان لە مەترسیدا بوو، بەڵکو هەموو ئەو خو و نەریت و بەها میللییانەی پێی دەناسرانەوە ژەنگیان گرتوو و خەریک بوون لە بەین ئەچوون. ئەو حکومەتە سەرباری ئەوەی خەڵکی سەرکوت دەکرد و وڵاتی وێران دەکرد، هانی خەڵکی دەدا لە دژی یەک و دەیکردن بە گژ یەکا، ئەوجا وەک بەرزەکی بانان لە بەرپرسیارێتی خۆی دەدزییەوە و خۆی بێ گوناە و پیاو چاک نیشان ئەدا، هەموو تاوان و کردەوە خراپەکانی بەسەر کوردا دەدا و بە خەڵکێکی کێوی و توندڕەو کە بە سروشت خوێنڕێژ و ملهوڕن و بەو جۆرە بەدونیای دەناساندن. لە چاپەمەنیدا وا پیشان ئەدرا گوایە حکومەت لە دژی چەتە و ڕێگر دەجەنگێ و تورک لە کوردستان ئەمن و ئاسایشی خەڵک دەپارێزن.
ئەم قسانە لە ساڵی ١٩٠٨٨ لە لایەن یەکێک لە ڕووناکبیرە هەرە دیارەکانی کوردەوە کراون، کە بنەماڵەکەی خزمەتێکی زۆری دەوڵەتی عوسمانی کردووە و گەلێ لە ئەندامانی پلە و پایەی زۆر باڵایان لە دەوڵەتدا بەدەستهێناوە. ئەمە لە لایەکەوە ئەوە دەردەخات کە ئیسماعیل حەقی بابان مرۆڤێکی ڕاستگۆ بووە و ئەوەی باوەڕی پێی هەبووە نووسیویەتی و گوێی بەوە نەداوە کە خێزانەکەی خزمەتی سوڵتانی کردووە و سودمەند بووە لەو پەیوەندییە. لە لایەکی تریشەوە هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بەدرۆ دەخاتەوە، کە ئەمڕۆ هەندێ کەس بە مەبەستی جیاواز دەیکەن و دەیانەوێت وێنەیەکی جوان و دڵگیر بۆ دەوڵەتی عوسمانی لە لای خەڵکی بێ ئاگا لە مێژوو دروست بکەن. ئەمانە بە ناوی لێکۆلینەوەی زانستی و مێژووییەوە ئەم کارە دەکەن، بەڵام مەبەستی سیاسی لەم هەڵمەتە ڕوون و ئاشکرایە. ئەو نا یەکسانییەی لە نێوان دانیشتوانی دەوڵەتی عوسمانیدا تا ئەو ڕۆژەی لە ناوچوو لە ئارادا بوو، تەنها لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا و دونیادا هاوشێوەی هەبوو. بە ڕاستی دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێکی سەدەکانی ناوەڕاست بوو نەک سەردەمی ڕۆشنگەری و رێفۆرمی ئاینی و شۆڕشی پیشەسازی. ململانێ و کێبڕکێی دەوڵەتانی کۆڵۆنیالی ئەوروپا لە سەر دابەشکردنی میراتەکەی سەد ساڵ تەمەنی درێژ کردەوە.
بە وتەی ئیسماعیل حەقی بابان “یەکێ لە بوختانە گەورەکان ئەوە بوو گوایە کورد هەر لە کۆنەوە دوژمنی ئەرمەنەکان بووە. لە مێژووییەکی دێرینەوە کورد و ئەرمەن دەر و دراوسێن و کەس نەیبیستووە ئەرمەنەکان گلەیی و گازندەیان لە دراوسێ کوردەکانیان هەبێت”. پێی وایە ئەگەر کورد لە دژی ئەرمەن بوایە ئەوا زۆر زووتر ئەو کارانەی لە دژیان دەکرد. ئەم لێرەدا ئاماژە بە کوشتاری ئەرمەن لە ساڵانی ١٨٩٤ – ١٨٩٦ دەکات، چونکە بەر لە کوشتاری ١٩١٥ کۆچی دوایی کرد. ئەو تاوانانەی لە دژی ئەرمەن کران دەخاتە ئەستۆی حکومەتی پێشوو و تەنها ئەو بەرپرسیار دەبینێت لەو پرسە و دەڵێت دەبیت “واز لە ڕابردوو بێنین چونکە داهاتوو هی ئێمەیە”. ئەو نەیدەزانی هاوڕێیانی لە ئیتیحاد و تەرەقی چی قەسابخانەیەکیان بۆ ئەرمەن و هەموو گەلانی ناموسڵمان و نا تورک ئامادە کردووە، کە تەنها دوو ساڵ لە دوای مردنی ئەم جێبەجێ کرا.
داخوازی بابان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات کارکردنی بەردەوام بوو بۆ پێشکەوتن. دەڵێت “دەبێت شەو و ڕۆژ بە بێ پشوو و بێ بچڕان کار بکەن، بە تایبەتی کورد کە لە دوای دواوە ماوەتەوە. کاتێ باسی کارکردنیش دەکەین، دەبێت لە خوێندنەوە دەستپێبکەین، دوای ئەوەش دیسان خوێندن، ئە دواتر؟ هەر خوێندن و هەر خوێندن و هەر خوێندن. خوداوەند ئەو ئەربابانە سەربخات کە لەم ڕێگایەدا کاردەکەن”(١٣). ئەوەی ئیسماعیل حەقی بابان بۆ کورد و لە کورد داوای کرد، نە ئەو کاتە و نە ئێستاش کاری بەجێ نەهێنرا و ئەوەی گوێی پێنەدراوە خوێندن و زانیارییە.
وتارێکی تری لە ژمارە (٣٣) هەمان ڕۆژنامەدا لە ژێر ناونیشانی “لە بارەی زمانی کوردییەوە” بڵاوکردووەتەوە. لەم وتارەیدا باسی لە گرنگی زمان و پێگەی لاوازی زمانی کوردی دەکات لە دەوڵەتی عوسمانیدا. بە لێکدانەوەی ئیسماعیل حەقی بابان گەلانی ناموسوڵمانی دەوڵەتی عوسمانی وەک یۆنان، ئەرمەن و بوڵگار لە ڕێگەی قوتابخانە و ناوەندە ئاینییەکانیانەوە توانیویانە زمان، مێژوو و کولتوری خۆیان بپارێزن و گەشەی پێبدەن. لە نێو گەلانی موسوڵمانی عوسمانیشدا، زمانی عەرەبی لە ڕێگەی قورئان و ئاینی ئیسلامەوە گەشەی زۆری کردووە و لە جیهانی ئیسلامیدا بەشیوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت. زمانی تورکیش کە زمانی فەرمی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و خوێندن و زانستە پێشکەوتنی زۆری بە خۆوە بینوە. ئەم دوو زمانە بە هیچ شیوەیەک بەراورد ناکرێن لە گەڵ باری زمانی گەلانی موسوڵمانی وەک کورد، لاز، چەرکەز و ئەلبان، کە تا ئێستا کتێب و بەرهەمیان بە زمانی خۆیان نیە. خوێنەوارانی ئەم گەلانە کە لە ڕێگەی زمانی بیانییەوە پێگەیشتوون، تەنها لە ڕێگەی زمانی عەرەبی و تورکییەوە دەتوانن کەڵک لە بەرهەمی زانست و ڕٶشنبیری وەربگرن. بارودۆخی کورد لە بواری زمان و بەرهەمی نووسراو بە زمانی کوردی لە گەڵ توررک و عەرەبدا بەراورد ناکرێت. کورد کە دەبێت یەکسان بێت لە گەلانی تری عوسمانیدا، لە ئاستێکی ژیاری زۆر دواکەوتوودا ماوەتەوە. زمان بەلای ئیسماعیل حەقییەوە ئامرازی پەیوەندی و بەدەستهێنای زانست، پێشکەوتن و شارستانییەتە. هەر گەلێک لەم ئامراز و ئامێرانە بێبەش بکرێت، ئەوا لە بوارەکانی دیکەشدا بێبەش و بێدەرەتانە. ئەو گەلەی زمانی نووسین و بەرهەمی نووسراوی نەبێت، ئەوا گەلێکی بێدەنگە و کەس گوێی لێی نیە. دەسەڵاتی عوسمانی هیچی نەکردووە بۆ پێشخستنی زمان و کولتوری گەلانی موسوڵمان و بێ زمانی نووسین و خوێندن مانەوە. ئەمە لە کاتێکدا گەلانی ناموسوڵمان گەشەیان بەزمان و کولتوری خۆیان نەدەدا، هەرچەندە دەسەڵاتداران هەوڵیاندا بێدەنگیان بکەن بۆیان نەکرا. کورد یەکێ لە گەلانی موسوڵمانی زمانبڕاوە و بێبەش کراوە لە پێشکەوتن. لەم بارەیەوە دەڵێت “کورد ڕێزمان و زمانزانی نیە، چاپخانەی نیە، بەرهەمی چاپکراوی نیە. کورد لە ئەدەبیات، زانست و هونەر و لە گەڵ ئەمانەشدا لە بەرهەمی زانستی و پیشەسازی بێبەشە. بەم حاڵە چۆن گەلێک دەتوانێ پێشبکەوێت؟ کۆمەڵگەیەکی عوسمانی گرنگی بەم جۆرە لە توانای مێشک و زمان بێبەش بکرێت و لە ژێر بارێکی ستەمکاری وادا بژێت، ئایە پێویست بەوە دەکات بڵێین عوسمانیزم چەندی زیانی پیدەکەوێت؟. چەندێ کورد و ئەلبان و ئەوانی تریش دواکەوتوو، بێ زمان، بێ ئەدەبیات، بێ هونەر و بێ زانست بمێننەوە، دەوڵەتی عوسمانی ئەوەندە زیان و ئازاری بەردەکەوێت. هێز و باڵادەستی لە زانستدایە و زانست گرێدراوی زمانە کورد کە کۆلەگەیەکی گرنگی عوسمانیزمە ئەگەر بەو شیوەیە بە دواکەوتوویی و بێدەرەتانی بمێنێتەوە، ئەوا چۆن عوسمانیزم دەتوانێت پشتی پێی قایم بێت؟”.
وادیارە لەو سەردەمە لە هەندێ ناوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەستەموڵ باس لەوە دەکرا کە باری کورد، لاز، چەرکەز و ئەلبان بەوە چارەسەر ناکرێت زمانی نووسین و خوێندنیان بۆ دروست بکەیت، بەڵکو دەکرێت لە ڕێگەی زمانی تورکی یا عەرەبییەوە دەرفەتی نووسین و خوێندنیان بۆ دابین بکرێت. ئەوانەی لە نزیک تورک دەژێن بە تورکی و ئەوانەی لە ناوچەکانی عەرەبەوە نزیکن بە عەرەبی بنووسن و بخوێنن. ڕەنگبێ ئەم بٶچوونە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە دەوڵەتە کۆڵۆنیالییەکان لە وڵاتانی ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پەیڕەویان دەکرد. بەڵام بار و دۆخی ئەو گەلانە لە گەڵ گەلانی موسوڵمانی دەوڵەتی عوسمانیدا زۆر جیاواز بوو. ئەوەی لەوێ بۆ دەوڵەتە کۆڵۆنیالییەکان دەچووە سەر، لە گەڵ گەلانی دێرینی ڕۆژهەڵاتدا نەدەکرا.
ئیسماعیل حەقی بابان ئەو بۆچوونە بە توندی ڕەتکردۆتەوە و لە نێوبردنی زمانی گەلێک بە کردەوەیەکی زۆر نامرۆڤانە دادەنێت. لەم بارەیەوە نووسیویەتی دەڵێت” هەڵکەندنی زمانی گەلێک لە ڕەگ و ڕیشەوە، سەرباری ئەوەی کارێکی زۆر ستەمکارانە و زۆردارانەیە، هیچ میتۆدێکی زانستیش تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە بۆ جێبەجێ کردنی. پەنا بردنە بەر ئەم کردەوەیە لە ئەنجامی بێ واتاو بەولاوە هیچ قازانجێکی نابێت”. ئای کە بۆچوونێکی دووربینانە و دروستە. دوای سەد ساڵ لەو ڕۆژانە و دوای ئەو هەموو سەرکوتکردنەی کورد لە تورکیا و هەوڵ و تەقەلای تورک بۆ لە نێوبردنی زمانی کوردی، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پرسی زمان و مافی خوێندن بە زمانی دایک لە هەموو کاتێک گەرمترە.
بابان ئاماژە بەوەش دەکات، کە کورد هەزاران ساڵە نەک هەر زمانەکەی پاراستووە، بەڵکو ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەوانەی قسەی پێدەکەن زیاتر بووە و ئەو ڕووبەرەی تێیدا بڵاودەبنەوە فراوانتر بووە. نە لە سەردەمی ئێرانییەکان و نە لە سەردەمەکانی رۆمان، عەرەب، تورک و تەتەر نەتوانراوە ئەم زمانە لە بەین ببرێت. کەوابوو زمانێک تەنانەت ڕێزمان و فەرهەنگیشی نەبێت دەتوانێت بەردەوام بێت و خۆی بپارێزێت. لەو باوەڕەدایە کاتێ منداڵێکی کورد، کە تەنها زمانی دایکی دەزانێت و دەچێتە قوتابخانە و فێری زمانی تورکی دەبێت، لە ڕێگەی ئەو زمانەو دەستی بە زانست و هونەر دەگات. بەڵام هەر ئەو منداڵە کوردە ئەگەر ببرێتە قوتابخانەیەکی کوردی و بە زمانی دایکی بخوێنێت، ئەوا ئەوەندە ساڵ بۆ فێربوونی زمانی تورکی بەهەدەر نادات، بەڵکو ئەو کاتە زۆرە بۆ بەدەستهێنانی زانست و هونەر بەکار دێنێت. ئەو خەڵکەی فێری خوێندن و نووسین دەبن لە کۆتاییدا خزمەت بە خێزانی گەلانی عوسمانی دەکەن.
ئیسماعیل حەقی بابان گرنگییەکی زۆر دەدات بە زمان و خوێندن بە گشتی و خوێندن بە زمانی کوردی بە تایبەتی. لەم بارەیەوە داوا لە کورد ئەکات و ئەڵێت” بۆیە داوا لە هاونیشتمانیانی کوردم ئەکەم هەوڵ بدەن بەر لە هەر شتێک، ببنە خاوەن زمانێکی ڕێک و پێک. ڕێزمان و فەرهەنگی بۆ دانێن، دوای ئەمەش مێژووی کورد بنووسنەوە، لە دوای ئەمەش چی شیعر و میراتی ئەدەبی نەنووسراو هەیە کۆبکەنەوە و ڕێکیانبخەن و تۆماریان بکەن. دانانی بناغەی زمان بەم شێوەیە دەبێت و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پێشکەوتن ڕوومان تێبکات و لە مەترسی لەبەین چوون ڕزگارمان بێت”.
لە کۆتاییدا دەڵێت “بە کورتی و کوردی بنەمای سەرەکی پاراستنی گەل زانستە، کلیلی زانستیش زمانە. دەروازەی شارستانی بەم کلیلە دەکرێتەوە. هیوادارم سەرنجی خاوەن هیمەت و دەست ڕۆیشتووانم بۆ ئەم خاڵە گرنگەم ڕاکێشا بێت”(١٤).
لە ژمارە چواریشدا وتارێکی لە ژێر ناونیشانی “پێگەی جوگرافی و سیاسی کوردان” بڵاوکردەوە. لێرەدا ئەو وەک خۆی ئاماژەی پێکردووە باس لە خاک و چیا و ڕووبارەکانی کوردستان ناکات، کە لە ئەرزەڕۆمەوە تا کەنداوی فارس درێژ دەبێتەوە و کورد لە سەر ئەو خاکە دەژێت و لە زۆر شوێنی ئەو جوگرافیەش زۆرینەی دانیشتوان پێکدێنێت. ئەو باس لە پێگەی سیاسی جوگرافیای کوردستان و گەلی کورد دەکات، لە ململانێی دوور و درێژی دەوڵەتی عوسمانی و ئێران ڕۆڵی کوردستان لەو ململانێیەدا دەخاتە ڕوو. ڕەخنە لە سیاسەتی زیانبەخشی مەزهەبگەرایی سەفەوییەکان دەگرێت، کە جیاوازی خستە نێو موسوڵمانانەوە. بە پێی بابان ئەوان دەبێت لە بنەمادا یەک بن، چونکە هەموو هەمان خودا دەپەرستن و پەیڕەوی هەمان قورئان دەکەن. بە بۆچوونی ئەو کورد دەتوانن پردی پەیوەندی بن لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا، ئەمە ئەگەر دۆستایەتی جێگەی کێبڕکێ و ململانێ بگرێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو پێگەیەی کورد و کوردستان لە نێوان ئەو گەلانەدا وای کردووە تێکەڵاویان بێت. کێبڕکێ و ململانێی هەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی بە هۆی لاوازبوونی پێگە و هەڵوێستی هەردووکیان دەزانێت لە بەرامبەر ڕووسیا، کە بە دوژمنی سەرەکی هەردوولای لە قەڵەم دەدات (١٥).
لە ژمارە (٢٢)ی گۆڤاری ڕۆژی کوردیش (روژ کرد) وتارێکی لە ژێر ناونیشانی “ئیسلامەتی و کوردێتی” بڵاوکردەوە. لەم وتارەدا ئیسماعیل حەقی بابان باس لە ڕۆڵی گرنگی کورد لە دونیای ئیسلامدا دەکات و بە یەکێ لە کۆڵەگەکانی ئەو ئاینەی دادەنێت و زۆر بە دڵسۆزی کاری بۆ سەرکەوتنی کردووە و خزمەتی گەورەی پێگەیاندووە. بە پێی بابان گەلی کورد ژمارەیەکی بەرچاوی ناودارترین فەرمانڕەوا، و زانا و شاعیرانی خۆی پێشکەش بەم ئاینە کردووە. ڕخنەی ئەوەش دەگرێت کە کورد لە لایەن گەلانی دەور وبەرەوە بە تەواوی پشتگوێ خراوە. زانا و شاعیرانی کوردیش ئەوەندەی خزمەتی زمان و کولتوری عەرەب، تورک و فارسیان کردووە، ئەوەندە خزمەتی نەتەوەکەی خۆیان نەکردووە. لێرەدا داوا لە گەلانی موسوڵمان دەکات بەخۆیاندا بچنەوە و لەو ڕاستییە تێبگەن کە بە شێوازی کۆن کار ناچێت بەڕێوە، دەبێت هەوڵبدەن هەموویان پێکەوە پێشکەون نەک هەرکە بۆ خۆی. هەر بەشێک لە گەلانی موسوڵمان لە دواوە بمێنێت بۆ هەموویان دەبێتە مایەی لاوازی. لێرەدا پێ لە سەر ئەوە دادەگرێت کە دەبێت کورد لەوە بگات بۆ خۆی کار بکات و هەر خزمەتکاری نەبێت. لە ڕێگەی بەراورد کردنەوە لە نیوان زمانی عەرەبی و زمانی لاتینی لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست، بە خوێنەوارانی کورد دەڵێت ئەگەر لە ڕابردوودا زانایانی هەموو گەلانی موسوڵمان بە عەرەبی دەیاننووسی، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە هەر گەلەی بە زمانی خۆی بنووسێ و هەوڵبدات زانست و ڕۆشنبیری بەو زمانە بە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی پێشکەش بکات، چۆن ڕۆشنبیرانی ئەوروپا لە سەردەمی ڕێنیسانس و ڕیفۆرمی ئاینیدا دەستیانپێکرد. لەم وتارەشدا ئیسماعیل حەقی تەکەز لە سەر گرنگی زمان و خوێندن بە زمانی دایک دەکات لە شارستانی هاوچەرخدا بۆ ئەوەی گەل بە زیندوویی بمێنێتەوە. داوا دەکات خوێندن بۆ هەموو کەسێک بێت و لە هەموو ئاواییەک قوتابخانە هەبێت، چونکە تەنها لە ڕێگەی زانستەوە گەلان پێشدەکەون. هەر بەمەش گەلانی موسوڵمان دەتوانن ڕوو بە ڕووی دەوڵەتانی ئەوروپا ببنەوە کە چاویان بڕیوەتە وڵاتانەکانیان.
هەر وەک چۆن زمانی لاتینی لە ئەوروپا بۆ دەمێکی درێژ تەنها زمان بوو بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئاینییەکان، لە ڕۆژهەڵاتی دەمێکی دوور و درێژ بالۆرەی ئەوە لێدەدرا کە دەبێت موسوڵمانان تەنها زمانی عەرەبی بەکاربێنن و دەست لە زمانەکانی خۆیان بەردەن. دواتر کاتێک فارس و دوای ئەوانیش تورک زمانی خۆیان کرد بە زمانی نووسین و بەڕێوەبردن، تەنها گەلانی وەک کورد بە بێ زمان مان و هێشتا ڕێگەی ئەوەیان لێدەگیرێت بە زمانەکەی خۆیان بنووسن و بخوێنن. ژمارەیەکی زۆر مەلا و پیاوانی ئاینی کوردیش ئەم بالۆرەیان لێدەدا و بە بیریاندا نەدەهات لە خۆیان بپرسن: ئەی باشە بۆ بۆ فارس و تورک زمانی خۆیان بەکاردێنن و کەسیش ناڵێت لە دین لایانداوە و دوورکەوتوونەتەوە. بۆیە ئیسماعیل حەقی زۆر پەنا دەباتە بەر ئاین و ئیسلامەتی بۆ ئەوەی خەڵک قایل بکات بەوەی ئەم قسە پڕو پوچانە لە مێشکیان دەربکات و ئەوەیان بۆ ساخ بکاتەوە کە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نیە. ئەو سەردەمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها قسەی مەلا و شێخی تەریقەت دەیخوارد بۆیە دەبوایە ڕووناکبیرانی هەر بەو زمانە قسەیان لە گەڵ خەڵکدا بکردایە. ئیسماعیل حەقی خۆیشی وەک کوڕی بنەماڵەیەکی باوەڕمەند و دیندار باوەڕی بەوە هەبوو کە دەیوت.
لەو سەردەمەدا ڕووناکبیرانی تورک لە دژی ئەوە بوون بە کوردی بخوێنرێت و بنووسرێت و ئەمەیان بە مایەی دابەشکردنی وڵات و ئومەتی عوسمانی دادەنا. ئەوڕۆش لە تورکیا کاتێ کورد داوا دەکات بە زمانی خۆی بخوێنێ، دەسەڵاتدارانی ناسیۆنالیست و ئیسلامی ئەم داخوازییە ڕەوایە بە هۆکاری دابەشبوونی وڵات دادەنێن. ئیسماعیل حەقی دەڵێت (زمان میراتێكە لە كۆنەوە ماوەتەوە، دەبێ‌گەشەی پێبدرێت. كورد ئەگەر بە زمانی خۆی بنووسێ‌، بەمە واز لە ئایینی خۆی ناهێنێ‌. بەڵام لە لای ئێمە بە پێچەوانەیە. ئایە کە تورك دەستیان كرد بە نووسین بە زمانی خۆیان لە ئیسلام جیابوونەوە؟، یاخود عەجەم زمانەكەیان بوو بە دوژمنی ئیسلام؟. بۆ ئەمە دەبێ وا لێکبدرێتەوە. بۆ یەكێتی ئیسلام و سەركەوتنی دەبێ‌ دەستورێكمان هەبێ‌، ئەو دەستورەش بەرایی موسولمانەتی بێت، دواتر عەرەب، تورك، كورد، یا عەجەم بێت. تورك كە زمان و ئەدەبیاتی خۆی هەیە، ئەگەر پێش بكەوێ‌، ئەمە پێشكەوتنە بۆ ئیسلام، هەروەها زمانی عەرەبیش بەو جۆرەیە. بۆ هەموو دەبێت بەو جۆرە بێت لە توركەوە بۆ كورد، لە كوردەوە بۆ تورك، لە عەرەبەوە بۆ كورد، كە زمانیان وەك یەك نییە و متمانەیان لە ناودا نییە، بەڵكو هاوبەندی ئایینی كە كۆیان دەكاتەوە، لە هەموو شتێك بەهێزترە. زمانی كوردی لەرووی كۆمەڵایەتییەوە ئەگەر سەربكەوێ‌، قازانجە بۆ تورك و عەرەب، لە نێو هەر میللەتێكدا نووسین بە زمانی خۆی هێمای نەتەوایەتییە، بە زمانی خۆی نەبێ‌ بیری ئایینی ناكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بیری نەتەوایەتی بە شەرع یاساغە بۆیە نابێ‌ ئەو جیاوازییەی لە نێو نەتەوەکاندا هەیە نابێت زمان ببێتە هۆی ناكۆكی لە نێو كۆمەڵی ئیسلامدا. بەڵكو ببێتە هۆیەک بۆ پڕوپاگەندە بۆ ئیسلام و بەرگری بۆ بڵاوبوونەوەی. لەبەر ئەوە بۆ كورد وەكو لە هەموو نەتەوە ئیسلامەكاندا هەیە پروگرام بەم جۆرەیە: یەكەم ئیسلام، دوایی كورد، بەمە دەبێ‌ ئیسلامەتی خزمەتی كوردایەتی بكاو هەستی بیری دینداری لە ناو كوردا بەهێز دەبێ‌ و خزمەتی ئیسلامییەت و كوردایەتی دەكا”(١٦).
لە ژمارە (٣)ی هەمان گۆڤاریش وتارێکی لە ژێر ناونیشانی “پێشكەوتنی كوردان” بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لە خۆراکی لەش و خۆراکی گیان و ڕۆح دەکات. یەکەمیان دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤ و ئەوی تەریان پەیوەندی بە هۆش و مێشکەوە هەیە. دوای ئەوە دێتە سەر بارودۆخی کورد کە پێیوایە لە تاریکستانێکی ترسناکدا ماوەتەوە، ئەگەر بیەوێت پێشبکەوێت دەبێ بە هێز و گوڕێکی زۆرەوە پێشی خۆی ڕووناک بکاتەوە. لە رێگەی پێشكەوتندا کورد تووشی گەلێك تەگەرە دەبن، بەڵام هەتا ئەو تەگەرانە نەبڕن هەر لەدونیای تاریك و نادیاردا دمێننەوە. بابان پێی وایە تەنها هێز کە دەتوانێت ڕێگە لە بەردەم کوردا رووناك بکاتەوە، ئەو ڕێگەگەیە کە کورد لە بیری کردووە، ئەویش خوێندن و زانست و زانیارییە. هەر میللەتێك زانیاری لە پلەی سفردا بێت، کە پێی وابووە کورد لەو ئاستەدایەئەوا بۆ ئەوەی بگاتە پلەیەکی بەرزتر، دەبێ زۆر كۆشش بكا، زۆریش زەحمەت بكێشێ، پیاوی بەهیمەتی تێدا هەڵبكەوێ، ‌ ئەوجا دەگاتە هیوا، بەبێ‌ كۆشش و هەوڵ و تەقەلا كەس هیچی دەست ناكەوێ‌. بەراستی كورد ئەمڕۆ لەرووی زانیارییەوە هیچ شتێكی نییە، زمانی قسەكردنی دەوڵەمەند و جوانە، بەڵام زمانی نووسینی لە پێشكەوتن ‌بێبەش بووە. لەم حاڵەتەدا بایەخدان بە زمان شتێكی پێویستە. هەر دواكەوتنێك لە هەوڵدان بۆ پێشكەوتن ئەنجامەكەی خراپەو دواتر گلەیی كردن پارە ناكا.
نووسەر داوا لە کورد دەکات خۆی لەگەڵ هاوسێكانیدا بەراورد بکات بە تایبەتی لە گەڵ ئەرمەن. بۆ ئەوەی بگاتە هاوشانی ئەوان، پێویستە لاساییان بكاتەوە. لێرەشدا دەگەڕێتەوە سەر دەردە کوردە کاتێ دەڵێت “كورد لەناو خۆیاندا بەربەرەكانی یەك ئەكەن، هەرچەندە حكومەت بۆ پێشكەوتنیش یارمەتیان بدات، بەڵام ئەگەر كورد خۆی ئامادە و بەشدار نەبێت كار ناچێتە سەر. ئێستا پێویستیی بە قوتابخانەی سەرەتایی و روشدییە هەیە، دەبێت كتێبی پێویستیان بۆ ئامادە بكرێت. دەبێ دەرفەت پەیدا بکرێت بۆ پێگەیاندنی مامۆستا. هیواو ئامانجی كورد نایەنەدی، ئەگەر زانست و هونەر و خوێندنیان بەكوردی نەبێ، ئەمەش ئەركی سەرشانی خاوەن هیمەت و غیرەتەكانە، جاپێویستە زمانی كوردی بە خەڵكی بناسێنرێ‌ و ئەو راستییەیان بۆ بسەلمێنرێ”‌ .
ئیسماعیل حەقی بابان لە هەموو نووسینەکانیدا گرنگییەکی تایبەتی داوە بە هەوڵدان بۆ پێشخستنی زمانی کوردی، لەم بارەیەوە دەڵێت “بۆ ئەوەی خەڵكی دیكە كورد لە ڕیزی نەتەوە پێشكەوتووەكاندابنێن، یەكەمین ئەرك ئەوەیە زمانێكی ڕێک و پێک و سادەی كوردی دروست بێت. ئەو زمانە دەبێ‌ لەسەر بناغەی پیتەكانی زمانی عەرەبی بێ لە گەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەم بوارەدا پێویستن. بۆ چاكسازی پیتەكان پرۆژە دانراون و نموونە جێبەجێ‌ كراون. یەكێك لەوانە کە شایستەی ئەوەیە نووسینی كوردی پێ بکرێت، لە دوای لێکۆڵینەوەی ورد بڕیاری لە سەر بدرێت و قەبوڵ بكرێت. بەرهەمی نووسراوی کورد ئەوەندە کۆن نیە كە بووبێت‌ بە نەریت و رێگر بێت لە بەردەم چاككردنی پیتەكان. رەنگە لەم لایەنەوە تەنگ و چەڵەمەی كەم بێ‌ و منداڵان یەكسەر وەری بگرن. پیتی عەرەبیش كەئێستا لە زمانی كوردیدا بەكار دەهێنرێ، نەک هەمووی، تەگەرەیەكی ئەوتۆی تێدا نیە. كەواتە لاسایی كردنەوەی ئەرناوود “ئەلبانی. نووسەر”، كە ئەلف و بێی خۆیان كردووەتە لاتینی، هەڵەیەكی گەورەیە” .
هەر لە بارەی زمانەوە گرنگییەکی زۆر دەدات بە ڕێزمان و پێێ وایە بە بێ ڕێزمان و کتێبی خوێندن زانست نابێت. بۆ ئەمەش کورد پێویستی بە سێ شتە: هزر، کۆشش و پارە. ئاماژە بە ئەزموونی جووەکانیش لە بواری فێرکردن و پەروەردە دەکات و داوا لە کورد دەکات چاویان لێبکەن.
لە کۆتایی وتارەکەید ئیسماعیل حەقی بابان دەنووسێت “ئەگەر كورد بیانەوێ‌ لەنەزانی رزگاریان بێت و پارێزگاری لە خۆیان و میللەتەکەیان بکەن، دەبێ ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد پەیڕەو بکەن و لەسەری بڕۆن، ئەو ئەركە نەتەوەییە جێبەجێ‌ بكەن كە لەدواییدا ئەركێکی ئاینیشە، ئەگەر لەرووی خوێندەوارییەوە حاڵی كوردان چاك بكرێ‌، مانای ئەوەیە بەشێك لە جیهانی ئیسلامی لەنەزانی رزگاری دەبێت. پێویستە كورد كۆشش بكەن و بۆ پێشخستنی زانست هەوڵبدەن، تەنها و تەنها هەوڵ و كۆششی تایبەتی خۆیان گرنگە و دەیانگەیەنێتە ئەنجام، هەرەوەزی هزری زۆر گرنگە و میللەت پێش دەخاو زانیاری خەڵكی لە یەكدی نزیك دەكاتەوە”(١٧).
ئیسماعیل حەقی هەرچەندە بە کەسایەتییەکی دیاری ئیتیحادییەکان دەژمێردرا، بەڵام بە هۆی کوردبوونی و جیاوازی هزری لە کۆمەڵی پرسی گرنگدا لە گەڵ سەرکردەکانی ئیتیحاد و تەرەقیدا، نەچووبووە نێو ئەڵقە ناوەکییەکەی ئەو ڕێکخراوەوە، کە لە دوای ١٩٠٨ و گەیشتنی بە دەسەلات لە تورک، یا ئەوانەی بە لە نێو تورکدا توابوونەوە و تورکچێتییەکی تۆخیان دەکرد، بەولاوە کەسی نەدەگرتە خۆ. پیاوێکی وەک ئیسماعیل حەقی بابان کە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و بە هەڵوێست، کوردێکی ڕووناکبیر، کەسێکی لیبیراڵ و ئازادیخواز و باوەڕمەند لە لایەن ئیتیحادییەکانەوە زۆر مایەی قەبووڵ نەبوو.
ئەوانەی لە نزیکەوە ناسیویانە بە پیاوێکی زۆر زیرەکیان وەسپ کردووە، هەمیشە وەڵامی حازر بووە و لە وەڵامدانەوەشدا ورد بووە. سەرباری ئەوە پیاوێکی قسە خۆش و خۆش مەعشەر بووە.
ئیسماعیل حەقی بابان لە دوا مانگەکانی ساڵی ١٩١٣٣ لە کاتی وانەوتنەوەدا لە قوتابخانەی مولکییە لە ئەستەموڵ باری تەندروستی تێکچووە و کۆچی دوایی کردووە. ئەو دەمە تەمەنی تەنها ٣٨ ساڵ بوو. کۆچی ناوەختی ئیسماعیل حەقی بابان لە تافی لاوێتیدا لەو سەردەمە ناسکەدا زیانێکی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیری کورد. مەرگی ئیسماعیل حەقی شاعیران و نووسەرانی کوردی هەژاند و هەر یەکەیان بە شێوەیەک هەست و خەمگینی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی. چەندین نووسین لە سەر زیرەکی و کەسایەتی و توانا و بەهرەکانی لە ژمارە سێ و چواری گۆڤاری هەتاوی کورد و ژمارە یەکی بانگی کوردا بڵاوکرانەوە. زۆربەی بابەتەکانی ژمارەی سێی گۆڤاری هەتاوی کورد بۆ کۆچی ئیسماعیل حەقی بابان تەرخان کرابوون. وێنەی ئیسماعیل حەقی لە سەر بەرگی ئەو ژمارەی گۆڤارەکە گۆڤارەکە دانراوە. لە سەر ناوی گۆڤارەکە وتارێک لە ژێر ناونیشانی “کوردێتی بێ زەواڵ و لە دەستدانێک” بڵاوکراوەتەوە. دوا بە دوای ئەویش وتاری ” کورد و کوردستان” ەکەی، کە لە ڕۆژنامەی کوردا بڵاوی کردبووە، سەرلەنوێ بڵاوکراوەتەوە. لە لاپەڕەی دواتردا ژیاننامەی ئیسماعیل حەقی نووسراوە، کە ناوی کەسی بەسەرەوە نیە. پێدەچێت سەرنووسەر بە خۆی نووسیبێتی چونکە زانیاری ورد و کەم بینراوی تێدایە. لە دوای ئەوەش نەجمەدین کەرکوکی لە ژێر ناونیشانی ” کوردی بەدبەخت” وتارێکی بەسۆزی نووسیوە. ئەحمەدی سلێمانیش بە ناونیشانی “کارەساتێکی تاڵی دیکە” و ڕاسخ کەرکوکیش شیعرێکی بۆ کۆچی ئیسماعیل حەقی هۆنیوەتەوە. ئەمانە هەموو بە تورکی بوون، لە بەشە کوردیەکەشدا کەرکوکلی زادە کەریم وتارێکی بە ناونیشانی”بابانزادە ئیسماعیل حەقی وفات کرد”، نەجمەدین کەرکوکلیش وا دیارە وەرگێڕانی کوردی وتارە تورکییەکەیە “بێ طالعی کوردان” نووسیوە. لە ژمارەی چواری هەمان گۆڤاریشدا محەمەد میهری ” شینێک بۆ بابانزادە” نووسیوە(١٨).
لەو چەند توێژینەوەیەی کە لە مەڕ ڕووناکبیرانی دیاری کوردی دوا ساڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی کردوویانمە، کەسانی وەک دکتۆر عەبدوڵا جەودەت، ئەحمەد نەعیم بابانزادە و ئیسماعیل حەقی بابان و چەند کەسێکی دیکەیان، دیاردەیەکم بۆ دەرکەوتووە، ئەویش ئەوەیە کە هەموو ئەوانەی بە ڕاستی بە ڕووناکبیری گەورەی ئەو سەردەمە دادەنران و بەرهەمەکانیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەستەموڵا بڵاودەبوونەوە و هەر یەکەیان چەندین کتێبیان یا بە خۆیان نووسیوە و یا کردوویانە بە تورکی، هیچ کامیان لە گەڵ بەرپرسانی سیاسی کوردا هەڵیان نەکردووە. ئەگەر بۆ ماوەیەکیش لە ڕیزی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و سیاسی کوردا چالاک بووبێتن، ئەوا دواتر خۆیان لێی بە دوور گرتووە. تەنانەت ئەوانەشی کە گەڕانەوە بۆ باشوری کوردستان، زۆربەیان ڕوویان لە بەغدا کرد. پێموایە ئەم دیاردەیە سەرنجی زۆر کەسی تریشی ڕاکێشاوە و لە خۆیان پرسیوە، دەبێ هۆی ئەمە دیاردەیە چی بێت؟. ئەم پرسیارە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و دیاردەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستی هەمەلایەنە هەیە. تەنها بە پشتبەستن بە بەڵگە و سەرچاوەی مێژوویی متمانەپێکراو دەکرێت لێکدانەوەیەکی دروست بۆ ئەم دیاردەیە بکرێت.
لە کۆتایی ئەم توێژینەوەیە لە کەسایەتی و پێگەی ئیسماعیل حەقی بابان لە مێژووی ڕووناکبیری کوردیدا، دەتوانم ئاماژە بەم خالانەی خوارەوە بکەم:
• ئیسماعیل حەقی بابان یەکێ لە کەسایەتییە ڕووناکبیرە هەرە دیارەکانی بژاردەی کوردی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و دەسپێکی سەدەی بیستەمە. ئەو لە ژێر کاریگەری ڕۆشنگەری ئەوروپادا بووە. خەونی بە سیستەمێکی لیبیراڵ و دادپەروەرانەوە دەبینی. لە دوو دەورەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دوای ساڵی ١٩٠٨ نوێنەری بەغدا و دیوانیە بوو و بۆ ماوەیەکیش وەزیری فێرکردن بوو.
• لە باری ڕٶشنبیرییەوە زۆر کارامە و بە توانا بوو، ڕۆژنامەوانێکی چالاک بوو، لە ئاستی سیاسیدا خاوەن هەڵوێست و نەیارێکی سەرسەختی دەسەڵاتی ستەمکاری (دیسپۆتی) سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بوو. لەو پێناوەدا ڕوو بە ڕووی دەرکردن و چەوسانەوە بووەوە.
• لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان شارەزاییەکی باشی هەبوو. لێکدانەوەکانی لەو بارەیەوە لە ڕۆژنامەی تەنین (طنین) ئاستی شارەزایی و تێگەیشتنی دەردەخەن. فێروز ئەحمەد کە بە یەکێ لە شارەزا هەرە دیارەکانی مێژووی ئیتیحاد و تەرەقی دادەنرێت، ئیسماعیل حەقی لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بە مامۆستای ئیتیحادییەکان لە قەڵەم دەدات.
• ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنی نوێنەران بوو. کۆنووسەکانی هەردوو دوو دەورەی ئەو ئەنجومەنە گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن، کە چالاکانە بەشداری لە تاوتوێکردنی پرسەکان کردووە و بەرگری لە داخوازییەکانی ئەو دەڤەرانە کردووە (بەغدا و دیوانیە) کە نوێنەرایەتیانی دەکرد.
• لە تافی لاوێتیدا کۆچی دوایی کرد و کار نە گەیشت بەوەی بەتەواوی لە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی دوور بکەوێتەوە، بەڵام ئەو بیر و بۆچوونانەی لە هەندێ لە وتار و نووسینەکانیدا دەریبڕیون، تەواو ناکۆک بوون لە گەڵ پرۆگرامی پەیڕەوکراوی ئەو کۆمەڵەیە. بۆ نموونە بە پێچەوانەی سەرکردە دیارەکانی ئیتیحاد و تەرەقییەوە ئەم لە دژی ئەوە بوو ئەفسەرانی سوپا ڕۆڵیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا هەبێت. هەرەوها لە دژی چەوسانەوەی نەتەوەیی و هەوڵی تواندنەوەی گەلانی ناتورک بوو، کە لە کەلەی بەرپرسانی ئیتیحاد و تەرەقی دابوو و کەوتبوونە پەیڕەوکردنی دوای ئەوەی بوو بە ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی تورکی و نوێنەرانی گەلانی ناتورکی لێ دوورکەوتنەوە. پێموایە پەروەردەی خێزانی و گرنگیدانی باوکی و ئەحمەد نەعیمی برا گەورەکەی بە پرسە ئاینییەکان و نووسین لە بواری ئاینیدا، کاریگەری لە سەر هەڵوێستی ئیسماعیل حەقی بابان بەرامبەر ئیسلام و موسوڵمانێتی هەبوو کە تەواو جیاواز بوو لە گەڵ زۆربەی هەرە زۆری ئیتیحادییەکاندا.
• لە بارەی کورد و کوردستانەوە و بارودۆخی خراپی کورد، ئەو پرسانەی ئەو گرنگی پێدەدان تا ئەمڕۆش گرنگی خۆیان لە دەست نەداوە. بۆچوونەکانی لە بوارەکانی زمان، گرنگیدان بە خوێندن، زانست و ڕۆشنبیری، کتێب و نووسین زۆر لە جێگەی خۆیاندا بوون. ئەو چەند وتارەی لە بارەی کورد و کوردستانەوە نووسیونی و بڵاوی کردوونەتەوە گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن کە پیاوێکی ڕووناکبیر و دووربین بووە.
• لە بارەی قانونی دەستوری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانەوە لە یەکتری، ئەو کێشانەی ئیسماعیل حەقی بابان بەر لە زیاتر لە سەدەیەک لێیان دەکۆڵییەوە و پێشنیاری چارەسەری بۆ دەکردن، تا ئەمڕۆش تورکیا پێیانەوە دەناڵێنێت. ئەگەر ئیتیحادییەکان و دوای ئەوانیش کەمالییەکان سوودیان لە بیر و بۆچوونەکانی کەسانی وەک ئیسماعیل حەقی بابان وەرگرتبایە، ئەوا ڕەنگبێ ڕەوتی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک بە شێوەیکی تر بوایە.
• پێموایە “ئەگەر”، ئەوەش باش دەزانم کە لە مێژوودا جێگەی “ئەگەر” نابێتەوە، دەڵێم ئەگەر ئیسماعیل حەقی بابان وا زوو کۆچی دوایی نەکردبایە و لە ساڵانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا لە ژیاندا بمابایە، ئەوا ڕەنگبێ ببوایە بە سەرەکیترین کاراکتەر و فیگوری سیاسی کورد و لە وانەیە “ڕۆڵی تاکی لە مێژوودا” بۆ کورد ببینیایە و چارەنووسی کورد بە شیوەیەکی دیکە دیاری بکرابایە!. ئەمە تەنها ئەگەرە و ناتوانم هیچی لە سەر بنیات بنێم.

سەرچاوە و تێبینییەکان:
1. بڕوانە: دکتۆر جەبار قادر، زانایەکی بابانزادەی لەبیرکراو: ئەحمەد نەعیم ١٨٧٢ – ١٩٣٤٤، ڕۆژنامەی ئاوێنە، ژمارە ٥٢١، لە ٢٩/٣/٢٠١٦، ل. ١٨-١٩.
2. Faysal Mayak, Babanzade Ismail Hakkı’nın Tanin’de Yayımlanmış _ Makalelerine Göre Osmanlı Devleti ve Dış Politika (1911), Uluslararası Sosyal Araştırmalar Dergisi, Volume 3 / 11 bahar 2010.
33. ئەم زانیارییانە لە بارەی سلێمان حیکمەتەوە لە ژیاننامەی جیهاد بابان وەرگیراون، کە لە گەلێ سایتی تورکیدا دەستدەکەون. لە بارەی عاسم بابانەوە ئەوەی ڕاست بێت هیچم نەبیستبووو، تا مامۆستا عەبدوڵا زەنگنە ئاگاداری کردمەوە لەوەی کە ئەویش کوڕی مستەفا زیهنی پاشایە و دوای مردنی ئیسماعیل حەقی برای بە ماوەیەکی کەم لە دەسپێکی ساڵی ١٩١٤ دا کۆچی دوایی کردووە. دوای هەندێ گەڕان بۆ ساخکردنەوەی ئەو زانیارییانە، دەرکەوت کە لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری هەتاوی کوردا سێ بابەت لە بارەی کۆچی دوایی عاسم بابانەوە نووسراون. بەداخەوە هیچیان ناوی نووسەرەکەیان بەسەرەوە نیە. خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤارەکە عەبدولعەزیز بابان بووە و گۆڤارەکە گرنگییەکی تایبەتی بە بابانەکان داوە. لەو شەش ژمارەی کە من بینیومن وێنەی عەبدولڕەحمان پاشای بابان و ئیسماعیل حەقی و عاسم بابان بەرگی سێ ژمارەیان دەڕازێننەوە. بۆ ئەو نووسینانەی لە سەر کۆچی دوایی عاسم بابان بڵاوکرونەتەوە بڕوانە: هتاو کرد، ژمارە (٤)، ٥ جمادی الاول ١٣٣٢ ، ١٩ مارت ١٣٣٠ کە دەکاتە ١ نیسانی ١٩١٣. ل ٢، ٣، ٣-٤: کاک عەبدوڵا زەنگنە ماوەیەکە خەریکی ساغکردنەوەی ژمارەکانی ئەو گۆڤارەیە.
4. بڕوانە: ترجمە حالی، لە گۆڤاری ( هتاو کرد)، ژمارە (٣)، ٢٩ کانون أول ١٣٢٩. ل ٦-٧٧.

5. Ali Rıeşad, Babanzade İsmail Hakkı, Dreyfus Meselesi, ARS YAYINCILIK, 2013.
66. بسمارق: حیات خصوصی و سیاسیسی، محررلری اسماعیل عقی و علی رشاد، در سعادت ١٣٢٠.
7. لەم بارەیەوە بڕوانە: (هتاو کرد)، ژمارە (٣)، ل ٧.
8. Beyrut’tan Kuveyt’e Irak Mektupları İsmail Hakkı Babanzade, [Hazırlayan: Murat Çulcu], Büke Yayınları, Istanbul 2002.
99. ڕۆژنامەنووسی عیراقی ناسراو خالید قشتینی (خالد القشطیني) چیرۆکی نازم پاشای مەجنون و سارە خاتونی کردە بابەتی یەکێ لە گۆشەکانی لە ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط). بە شێوازە دڵگیرەکەی لە ڕۆژی ٢٥ مارتی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە.
10. Faysal Mayak, Babanzade Ismail Hakkı’nın Tanin’de Yayımlanmiş Makalelerine Göre Osmanlı Devleti ve Dış Politika (1911), Uluslararası Sosyal Araştırmalar Dergisi, Cilt 3 / 11 Bahar 2010. 421- 437.
11. Babanzade Ismail Hakki, Hukuk-I Esasiye, Erguvani Yayinlari, 20144.
12. Feroz Ahmad, The Young Turks: The Committee of Union and Progress in Turkish Politics, 1908 – 1914, Oxford 1969: Feroz Ahmad, Ittihat ve Terakki (1908-1914), Kaynak Yayinlari, Istanbul 2004, ss. 120, 207.
13. بۆ دەقی وتارەکە بڕوانە: کرد تعاون وترقی غزتەسی، نومرو ١، ص.٤٤. ئەم وتارەی ئیسماعیل حەقی بابان دواتر بۆ جاری دووەم لە ژمارەی (٣) گۆڤاری هەتاو (١٩١٣) و جاری سێیەم لە ژمارە یەکی گۆڤاری بانگی کورد کە جەمال بابان لە بەغدا لە ساڵی ١٩١٤ دەریکردووە، بڵاوکراوەتەوە.
14. هەمان ڕۆژنامەی کرد تعاون و ترقی غزتەسی، نومرو ٣، ص. ١٨- ١٩.
15. هەمان سەرچاوە، نومرو ٤، ل١ و ٢٦.
16. بۆ دەقی تەواوی وتارەکە بڕوانە: روژ کرد، ژمارە (٢)، ٦ تموز ١٣٢٩.
17. هەمان سەرچاوە، ژمارە (٣)، ١ ئابی ١٣٢٩.
18. بڕوانە: هتاو کرد، ژمارە ٣، ١٣ سفرولخیر ١٣٣٢. ٢٩ کانون أول ١٣٢٩٩: هەروەها: هتاو کرد، ژمارە ٤، ٥ جمادی الاول ١٣٣٢. ١٩ مارت ١٣٣٠، کە بەرامبەر بە ١١ کانونی دووەمی ١٩١٤ و ١ نیسانی ١٩١٤ن.

پاشکۆکان:

15823108_1334221939972616_5636118665358938681_n 15823577_1334221129972697_3754687003365416914_n 15826053_1334223156639161_3387301455303234681_n15826327_1334222306639246_8288399670399648915_n15895950_1334220699972740_4680891382376294535_o 15844271_1334221529972657_7163943724325263178_o 15871586_1334222623305881_2464626658728638078_n

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …