Home / مێژووى جیهان / (96) ساڵ بەسەر دروستکردنی سوپای عێراقدا تێدەپەڕێت

(96) ساڵ بەسەر دروستکردنی سوپای عێراقدا تێدەپەڕێت

(96) ساڵ بەسەر دروستکردنی سوپای عێراقدا تێدەپەڕێت

737416527-403051058636192963622544978

 

(سبەی):
(96) ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەرێت، لەمێژوشدا چەندین جار ئەو سوپایە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەكو ئامرازێك بۆ سەركەوتكردنی گەلانی عێراق بەكارهێنراوە، گەلی كوردستانیش بەدرێژایی مێژوی دەوڵەتی عێراق، زەرەمەندترین پێكهاتەی دەستی ئەو سوپایە بوە. سوپای عیراق یان ناوە رەسمییەكەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، هێزی سەربازی نیزامی كۆماری عیراقەو لە چەند بەشێكی وەك هێزی زەمینی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەیاریی، و فڕۆكەوانی سەربازی و بەرگری ئاسمانی پێكدێت و هەمو لقەكانیشی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقن كە ئێستا لەلایەن عوسمان غانمی سوپا سالاری عیراقەوە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.

سوپای عیراق لە شەشی كانونی دوەمی ساڵی (1921) لە سەردەمی پاشایەتی و حوكمەی فەیسەڵەی یەكەم و لە سایەی ئینتیدابی بەریتانیدا دامەزرێنراو یەكەمین وەزیری بەرگری عیراقیش ئەفسەرێكی كورد بو بەناوی جەعفەر عەسكەری.

سوپای عیراق لە سەرەتادا لە یەك فەوج پێكهێنرا بەناوی فەوجی ئیمام موسای كازم و بارەگاكەی لە بەغدای پایتەخت بو پاشان فیرقەی یەكەمی هێزی پیادە لە دیوانیەو فیرقەی دوەم لە كەركوك پێكهێنراو لە ساڵی (1931)یشدا هێزی ئاسمانی و لە ساڵی (1937)یشدا هێزی دەریایی دامەزرێنران.

سوپای عیراق لە مێژوی رابردویدا بەشداری چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆ و كودەتای كردوەو یەكەمین شەڕیشی لە دژی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بو لە ساڵی (1941) و دواتر بە سەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم سوپا كودەتای كردو كۆتایی بە رژێمی پاشایەتی لە عیراق هێنا.

جگە لە كودەتا سەربازییەكانی سوپای عیراق لە رابردودا بەشداری چەندین جەنگە كردوە لەوانەش جەنگی هەشت ساڵەی عیراق- ئێران و جەنگی داگیركردنی كوەیت و جەنگی كەنداوی یەكەم و دوەم و شەڕی سەركوتكردنی شۆڕشەكانی كورد و راپەڕینی پارێزگاكانی باشوری عیراق لە ساڵی (1991)دا.

ئەگەرچی لەسەرەتای دامەزراندیدا ژمارەیەك لە ئەفسەرانی كورد لە ریزی سوپای عیراقدا بون و پلەی باڵایان هەبو، بەڵام لە دوای روخاندنی رژێمی پاشایەتی و هاتنە سەركاری رژێمی كۆماری، كورد لە باشوری كوردستاندا زۆترین زیانی گیانی و مادی لەلایەن سوپای عیراقەوە پێگەیشتوەو سوپای عیراق بەشداربوە لە سەركوتكردنی هەمو شۆڕشەكانی كورد لە باشوری كوردستاندا و ئەو سوپایە دڕەندەترین تاوانی دژ بە گەلی كورد ئەنجامدا كە خۆی بە تاوانی ئەنفال و كیمیا بارانكردنی هەڵەبجەو ناوچەكانی تری كوردستاندا دەبینێتەوە و سەرەرای خاپوركردنی هەزاران گوندو شار و شارۆچكەی كوردستان.

ساڵی (2003) و دوای روخاندنی رژێمەكەی سەدام حسێن لەلایەن سوپای هاوپەیمانانەوە، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەو كاتەی ئەمەریكا بە بڕیارێك سوپای عیراقی هەڵوەشاندەوەو جارێكی تر سوپایەكی نوێ‌ لە (17) فیرقە پێكهێنرایەوە.

دوای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانەوەی حكومەتی نوێی عێراقیش لایەنە سیاسیەكان بەمەبەستی كەمكردنەوەی رۆڵی سوپا لە پرۆسەی سیاسی و جێگیركردنی دیموكراتیەت و حكومی مەدەنی لەدەستوری عێراق لە بڕگەی ئەلفی مادەی (9) دەقێكیان جێگیر كرد كە بەپێی ئەو دەقە، دەبێت سوپای عیراق‌و دامەزراوە ئەمنییەكان لەسەرجەم پێكهاتەكان پێكبهێنرێن‌و هاوسەنگی بپارێزرێت‌و هیچ لایەنێك پەراوێز نەخرێت، لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی مەدەنیدا بێت‌ و نابێت بكرێتە ئامرازێك بۆ سەركوتكردنی گەل‌ و بەشداری لەكاروباری سیاسیدا بکات.

سوپای عێراق
*ساڵی (1921) دامەزراوە.
* تا ساڵی (1963) سیستمی سەربازی ئارەزومەندانە بو.
*لە ساڵی (1963)وە تا ساڵی (2003) سیستمی سەربازی ناچاری لە عێراق پەیڕەوكرا.
*ساڵی (1988) ژمارەی سەربازەكانی یەك ملیۆن كەسی تێپەڕاند.
*خزمەتی سەربازی لەنێوان (18 بۆ 49) ساڵیدایە.
* سوپای عێراق خاوەنی (250) هەزار سەرباز و (528) هەزار سەربازی یەدەگە.
*(16) ملیۆن كەس لە عێراقدا تەمەنیان بۆ سەربازی گونجاوە.
*بودجەی سوپای عێراق ساڵانە (8) تریلیۆن دینارە.
*سوپای عێراق پشت بە چەكی ئەمەریكی و روسی و ئۆكرانی و فەرەنسی و پۆڵەندی و رۆمانی و چینی و ئەڵمانی و ئێرانی دەبەستێت.

بەڵام بەرای چاودێرانی سیاسی هێشتا سوپای عێراق لە ژێر هەژمونی سیاسیەكان دەرنەچوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە سوپای عێراق لە ماوەی تەمەنیدا (7) جار هێرشی كردوەتە سەر كوردستان‌و بۆتە هۆی سەركوتكردنی شۆڕشەكان‌و راپەڕین‌و روخاندنی شار‌و شارۆچكە‌و گوندەكانی كورد، تا كار گەیشتۆتە ئەنفالكردن‌و كیمیاییبارانكردنی خەڵكی كوردستان و ئێستاش رۆژ بە رۆژ پێگە و ژمارەی كورد لە ناو سوپاكەدا رو لە كەمی دەكات.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …