Home / بەشی مێژووی كورد / ئەو سایەق شۆفڵەی ئەنفالەکانی داپۆشی پەشیمان نیم لەوەی کە کردوومە

ئەو سایەق شۆفڵەی ئەنفالەکانی داپۆشی پەشیمان نیم لەوەی کە کردوومە

????????????????????????????????????

ئەو سایەق شۆفڵەی ئەنفالەکانی داپۆشی پەشیمان نیم لەوەی کە کردوومە

ڕاپۆرت:سەنگەر بیلال

لەئەمنی عامەی عەرعەر، زیندانیمان ڕاکێشاوە، بچڕاندوومانە..

ئەو سایەق شۆفلەی کە (٢٥) ساڵ بەر لە ئێستا و لە بەرواری ١٢/٨/١٩٨٨ کەتژمێر ١٠ی شەو بۆیەکەم جار بەشێک لەئەنفالەکانی خستە ژێر گڵەوە, تەواوی رووداوەکە دەگێرێتەوەو باس لەوە دەکات کە ” پەشیمان نیم لەو کارەی کە کردوومە” چونکە لە سەرووی خۆمەوە ئەمرم پێ کراوە, وە باس لەوەش دەکات کە ” بەشێک لەو ئەنفالانەی کە خستمانە ژێر خۆلەوە ھیچ فیشەکێکیان بەرنەکەوتبوو بەڵکو زیندە بەچاڵمان کرد”.

سایەق شۆفڵەکە کێیە؟
ناوی ( عبدالحسن موحان موراد )ە, ساڵی ١٩٦١ لە گوندی ( ئوم رێعان )ی قەزای ( حەی) سەر بە پارێزگای (کوت) لە دایک بووە, باوکی نەخوێندەوار بووە, بە کاری کشتووکاڵ کردن و ئاژەڵداریەوە خەریک بووە, خێزانەکەیان لە دوو برا و چوار خوشک پێک ھاتووە, عبدالحسن تاوەکو پۆلی سێی ناوەندی دەخوێنێ و دوا جار لە ٣٠/٣/١٩٧٨  لە دائیرەی (جنسیەو سەفەر) لە پاریزگای کوت دەبێتە پۆلیس لە ساڵی ١٩٨٠ دەگوێزرێتەوە بۆ ئەمنی عەرعەر, لەوەێ دەکرێ بە شۆفێری سەیارەی گەورە(شۆفل,حەفارە,گەڵابە).
لە بەرواری ١٥/٣/١٩٨٣ لەگەڵ کچە مامێکی خۆی خێزان پێکەوە دەنێن, کچە مامەکەی دوای جیبوونەوەی لە مێردێکی تری کە ٦ منداڵی ھەبوو، شوو بە عبدالحسن دەکات ٦ منداڵی لەمیش دەبێت، بە ناوەکانی (ئیڤان و احمد و سۆزان سەلام و موعتاز و حیدر) سەبارەت بە ناوی (ئیڤان و سۆزان) کە دوو ناوی کوردین, (عبدالحسن مورحان موراد) دەڵێت برادەرێکم ھەبوو کورد بوو ئەو ناوییانی ناوە.

ژیان لە ئەمنی عاممەی عەرعەر
دوای گوێزانەوەی لە دائیرەی جنسیەو سەفەر لە پارێزگای کوتەوە بۆ ئەمنی عاممەی عەرعەر، عبدالحسن باس لە دڕندەیی ئەو دەزگایە دەکات و دەڵێت: نەک من ھەرکەسێک لە ئەمنی عامە بووبێت ئەوە دەزانێت کە لەوێ چی روودەدا, مرۆڤی تیا کەوڵ دەکرا, دەیان ئامرازی تایبەتی ھەبوو بۆ تەعزیبدان, زۆر جیھاز ھەبوو کە تەعزیبی خەڵکی پێ ئەدرا ئەو جیھازانە لە دەرەوەی عێراق دەھێنران.
تەعزیب ھەبوو بۆ ئەوە بوو ئیعتراف بە کەسێک بکەن, بە شێوەیەک ئازاریان دەدا کە ناچاری بکەن ئەوەی دەیزانێت بیڵێت, بەڵام تەعزیب ھەبووە بۆ ئەوە بووە بەدەم ئازارەوە بیکوژن, شێوازی تەعزیبی ئەم جیاواز بوو لەوی تر، یان ھەبوو مرۆڤیان پارچە پارچە کردووە, ھەبووە بە راکێشان بچراندوویانە, ھەبووە شەری دەروونی لە گەڵدا کراوە کەس و کارییان ھێناوە بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانیەوە ئازاریان داوە یاخوود ھەبووە تەعەدای شەرەفیان لێکردووە, دواجار بە فەرمانێک گوازرامەوە بۆ (مکتب تنڤیم شمال).

گۆڕھەڵکەنەکان چۆن گەیەنرانە کەرکوک

لەدرێژەی دیدارەکەیدا، عبدالحسن مورحان موراد باس لەگواستنەوەیان دەکات بۆ کەرکوک و دەڵێ: “ڕۆژی ٢١/٧/١٩٨٨ فەرمانی گواسنەوەم لە ئەمنی عامەوە دێ بۆ(مکتب تنڤیم شمال) لەکەرکوک، کاتێک گەیشتمە ئەوێ چەند شۆفێرێکی تر ھەمان فەرمانیان پێکرابوو، لەوانە: فەرحان جابر خەڵکی نەجەف بوو، ھەر لەمودیرییەتی ئەمنی نەجەفەوە ھاتبوو، ساعدی ناوی باوکی نازانم لەمودیریەتی ئەمنی بەغدادەوە ھاتبوو، ئەحمەد ئیسماعیل خەڵکی تکریت بوو ئەویش لەمودیریەتی ئەمنی عامەی تکریتەوە ھاتبوو، ھەر ئەو ڕۆژە گەشتینە کەرکوک و براینە بارەگای (مکتب تنڤیم شمال) تاوەکو بیست ڕۆژ لەوێ ماینەوە”.
عبدالحسن دەڵێ: “ڕائد (نزھان تۆغان) کە فەرماندەی سریەی پاسەوانەکانی (علی حسن مجید) بوو، پێی ووتین کەس نەچێتە ناو شارەوە، لەبەر ئەوەی ناوچەکە ناوچەیەکی کوردییەو کوردەکان ئەزانن ئێوە سەر بەدەزگای ئەمنن ئەتانکوژن، ئێمەش بڕوامان کرد، بەحوکمی ئەوەی ئەوان لەشارەکەدا بوون و شارەزای بارودۆخی کەرکوک بوون”.
ڕۆژی ١١/٨/١٩٨٨ (عبدالحسن و فرحان) خۆیان و حەفارەکانیان بەڕێدەکرێن بۆ نزیک تۆپزاوە، عبدالحسن دەڵێ: کاتێک گەشتینە شوێنی ھەڵکەندنی چاڵەکان، لاندکرۆزەرێک وەستابوو لەو شوێنەدا، کەئەوانیش رائد نزھان و رائد عەبد بوون، دەیان پاسەوانی تایبەتی و سریەی علی حسن مەجیدی لێ بوو، فەرمانیان کرد چالڕ ھەڵکەنین، سەرەتا ووتیان باچاڵەکان چوارگشە بن، بەڵام پاش ماوەیەک ووتیان نا بەشێوەی سندوقی ھەڵی کەنن، لەکاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تاوەکو ٩ی شەو ئێمە چاڵمان ھەڵکەند، چاڵەکان ٤ بۆ٥ دانە بوون، درێژییەکەیان نزیکەی ٢٠ بۆ ٢٥ مەتر دەبوون قوڵییەکانیشیان ٢ تا ٣ مەتری تێدا بوو.
لەبەرواری ١٢/٨/١٩٨٨ کاتژمێر (١٠)ی شەو، پێش ئەوەی ئەنفالەکان بھێنن تیمی گولەبارانکردنەکە ھاتن، ئەوان ژمارەیان (١١)کەس بوون، ھیچ دەمامکێکیان نەبەستبوو، جلەکانیان سەوزی زیتوونی بوو، تەنھا دەمانچەی بێدەنگیان پێبوو، بەو ناوەدا دەسوڕانەوە، مولازمی یەکەم ناوی (ێائب) بوو، مرافقی علی حسن مەجید بوو، ملازمی یەکەم (ێائم) خەلڵکی ئەنبار بوو، ملازمی یەکەم(سعود) و رائد عەبدو ژمارەیەکی تر بوون، کەمێک دوای گەیشتنی تیمەکە ئەنفالەکانیشیان ھێنا، ئەوان لەسەیارەی داخراودا بوون وەکو ئیسعاف بەڵام لە ئیسعاف گەورەتر بوو، بەگەیشتنی ئەوان بەفرمانی (تاھر حبوش) ھەموو سەیارەکان خرانە کار، کاتێک ئەنفالەکانم بینی دەست و چاویان بەسترابوونەوە بەپەڕۆ یان بەچامانیەکانیان یاخود بەپشتوێنەکانیانی خۆیان.
“ھەر یەک لەو (١١) کەسەی کەکوردەکانیان بەدەستەوە بوو، دیارە مەبەستم تیمی ڕەمی کردنەکەیە، لەدیار چاڵەکان دایان ئەنیشاندن لەسەر ئەژنۆ، دەستیان لەپشتەوە بەسترابوو، ئەفسەرەکە پێی دەخستە سەردەستی لەدواوەو بەدەستێ سەری گردبوو، ئەژنۆی دەنایە زەوی و دەمانچەکەی لەپشت سەری توندکردبوو، تاوەکو بڕیاری تەقەکردنەکەی وەردەگرد، دوای تەقەکە ئەفسەرەکە بەنووکە شەقێک ھەڵی دەدایە چاڵەکەوە، ئەوان ھەر یەکی فیشەکێکیان پێوە دەنرا، ڕەنگە سەرەتا بەو فیشەکە نەمردبن، بەڵام ھەر بەردانەوەیەک بۆناو چاڵەکە، ئەگەر زیندوویش بوبێت ملیانی شکاندووە، ئەگەر ھەر زیندوویش ببوبێ ئێمە خۆڵمان دەکرد بەسەریداو دامان دەپۆشی!”.
سایەق شۆفڵەکە لەقسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت:” دوای ئەوەی کەگەڕاینەوە بۆ شوێنی خۆمان، ھەندێ لە پاسەوانە تایبەتەکان ھاتن بۆ لامان و نانیان بۆمان ھێناو لامان دانیشتن قسەمانکرد پێکەوە، چونکە ئەوانیش خۆیان لەشوێنی کوشتنەکە بوون، پاسەوانی ئەوێیان دەکرد، پرسیمان ئەمانە کێبوون، ووتیان ئەو کوردانەن کەلە تۆپزاوە دەستبەسەرن.

لەتۆپزاواو یاجییەوە، بەرەو جەبەل حەمرین و دووز خورماتوو.

دوای ئەوەی لەبەرواری ١٢/٨/١٩٨٨، (عبدالحسن) و ھاوڕێکانی ئەنفالەکانی تۆپزاوایان خستە ژێر خۆڵەوە، یەکی سێ ڕۆژ مۆڵەت وەردەگرن، لەدریژەی دیدارەکەیدا عبدالحسن باس لەوە دەکات کەلە ماڵەوە ویژدانی زۆر ئازای داوەو بێتاقەت بوو، تەنانەت خێزانەکەی ھەستی پێدەکات و ئەویش تەواوی ڕووداوەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام دوای تەواو بوونی مۆڵەتەکەی ناوبراو جارێکی تر دەگەڕێتەوە کەرکوک و  بۆ چیای حەمرین و دووز خورماتوو بۆئەوەی کوردەکان زیندەبەچاڵ بکاتەوە.
عبدالحسن دەڵێ: دوای تەواو بوونی مۆڵەتەکەم، گەڕامەوە بۆ (مکتب تنڤیم شمال)، کەھاتمەوە ھاوڕێکانمانیان بردبوو بۆ چیای حەمرین و دوز خورماتوو، راستەوخۆ ئێمەش براین بۆلای ئەوان، کەگەشتینە ئەوێ ھیچ پرسیارێکمان نەکرد، چونکە بینیمان خێوەت ھەڵدراوەو ھێزێکی پاسەوانی زۆریش لەو ناوچەیەدا بڵاوەی پێکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەچاڵی ئامادەکراو ھەبوو ئێمەیشیان ڕاسپارد بۆ چاڵ ھەڵکەندن.
لەبەرواری ١١/٨ تا ١٥/٩ پرۆسەی کوشتن و لەچاڵنان درێژەی دەبێ، بەڵام ئەم جارەیان لەنێوان دووز بۆ حەمرین و نزیک دووز بۆ دۆرە بوو، تەواوی ئەو ھاوڵاتیانەش کەلەوێ کوژراون و زیندە بەچاڵکراون، گەنج و پیرو ژن و مناڵ بوون، بەشێوەی کۆمەڵ گولەباران کراون، ئەوەش ھەر لەلایەن تیمە (١١)کەسیەکەوە جێبەجێ کراوە.
بەووتەی سایەق شۆفڵەکە، سەرەتا گەنجەکانیان دەھێنا بۆ نێو چاڵەکەو پاسەوانی تایبەت لەسەیارەکان دایاندەگردن و ریزیانیان دەکرد، تەنھا دەستیان بەسرابوو، ھەموویانیان کۆدەکردەوەو پاشان دەست بەگولەبارانکردنیان دەکرا، سایەق شفڵەکە دەڵێ: ئەوان ھەموویان دەگریان، زەلامەکان ھاوارو باوکە ڕۆیان بوو، پیرەکانیش نەچاویان بەسترابوو نەدەستیان، گەنج و پیرەکان لە(تۆپزاوا)و ژن و منداڵەکانیش لە(دوبز)ەوە دەھێنران، ئەوەی بیرمە ژنێک لەگەڵ خۆم قسەی کرد، ووتی: بۆدەمانکوژن؟ ئەم ھەموو ژن و منداڵە تاوانیان چیە…؟ ژنەکە عەرەب بوو چونکە عەرەبییەکی تەواوی دەزانی، خۆیشی ووتی من عەرەبم خەڵکی (حلە)م، دکتۆرم، ئەدامی لیژنەی محەلی حزبی شوعی عێراقیم لەباکور لەناوچەی (کۆی سنجاق) گیراوم. بەڵام ھەر لەگەڵ کوردەکاندا ئەویشیان کوشت، ھەر لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا منداڵێک بەباوشی ژنێکەوە بوو، تەمەنی ٣٥ڕۆژ بۆ٤٠ رۆژ دەبوو، بڕوا ناکەم گولەی بەرکەوتبێ چونکە زیندوو بوو، بەڵام ھەر لەگەڵ ئەواندا بەچێلە خۆڵێک دایانم پۆشی.

تاوانەکە چۆن ئاشکرا بوو؟
لە ووتەکانی ( عبدالحسن موحان موراد )ەوە، دەگەیتە ئەو باوەڕەی کەئەم پیاوە کەسێکی ئاسای و فەرمانبەرێکی حزبی بەعس نەبووە، بەڵکو ئەمنێکی باوەڕ پێکراوی ئەو حزبە بووە، لەسەرو بەندی پرۆسەی رزگاری عێراقدا ناوبراو لەمەتاری بەغداد بووەو پلەی مفەوەزی ھەبووە، بەڵام دوای رووخانی ئەو ڕژێمە ناوبراو دەگەڕێتەوە کەرکوک بۆلای ماڵ و منداڵەکانی.
عبدالحسن دەڵێ: لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە، سێ رۆژ لەسەر یەک چوومە پارێزگا بۆ لای (رزگار علی) کە دەیانووت رزگار علی محافزە، بەڵام نەیانھێش بیبینم.
لەئاشکرا بوونی رووداوەکەشدا دەڵێ:” من ھەندێ مەڕم ھەبوو لەنزیک ماڵی خۆمان دەملەوەڕاند، رۆژێکیان کوردێک و عەرەبێک بەوێدا تێپەڕین، بانگی کوردەکەم کرد ووتم تۆ کوردی، وەرە من ئیشم پێتە، ماعلووماتی گەورەم لایە، بمبە بۆ لای بەرپرسێکی (اتحاد وەتەنی)، کابرا لەگەڵم ھاتوو چوینە ماڵی خۆمان، ھەندێکم بۆ گێرایەوە، ڕۆیی و دوای دوو رۆژھاتەوە و لەگەڵ خۆی بردمی، ھەندێک خەڵکم بینی کەپێویست ناکات ناویان بێنم، حەقیقەتەکانم بۆیان گێڕایەوە، ئیتر منیان ناردەوە بۆ ماڵ و گوتیان خۆمان لیژنەیەکی بەدوادا چوون دەنێرینە لات و پێکەوە بچن بۆ شوێنی بەکۆمەڵ کوشتنەکە، ئیتر ئەوەبوو ھاتین.

چارەنووسی( عبدالحسن موحان موراد )
دوای گێراندنەوەی تەواوی ڕووداوەکەو لەساڵی ٢٠٠٣دا، لەڕووداوێکی نادیاردا ( عبدالحسن موحان موراد ) دەکوژرێ، کوشتنی ئەم پیاوە، تاوەکو ئێستا بەنادیاری ماوەتەوە، ئەوەی پێویستە لێرەدا بوترێ ئەوەیە: دەبوو ئەم پیاوە خۆی بکوشتایە نەک بیکوژن، بەڵام دڕندەیی ئەم پیاوە لەوەدایە دەڵێ پەشیمان نیم لەوەی کەکردوومە، چونکە من ئەمرم پێکراوە و نەمتوانیوە جێبەجێی نەکەم.

سەرچاوە: ئەو سایەق شۆفلەی بەشێک لەئەنفالەکانی داپۆشی/ عارف قوربانی.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …