دەوڵەتی کوردی لەدیدی مێژووەوە
نوسینی:کەیوان ئازاد
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه زۆر به‌گه‌رمی قسه و باس له‌سه‌ر (ده‌وڵه‌تى كوردی) یان ڕاستتر بڵێین (ده‌وڵه‌تى كوردستان) ده‌كرێت. ئه‌و بابه‌ته‌ی سه‌رنجی زۆرێك له كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و ناوه‌نده حزبی و حكوومی و ته‌نانه‌ت ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كانیشی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه. ده‌وڵه‌تێك بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی داگیركراوی دابه‌شكراو په‌رته‌وازه، كه دوای (پێنج هه‌زار) ساڵ بوون، تا ئێستاش به عه‌زره‌ته‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن؟
(ده‌وڵه‌ت) ئه‌و چوارچێوه سیاسی و یاساییه‌یه، كه فه‌رمانڕه‌وایه‌تیى گه‌لێك له‌ناو خاكێكدا ده‌كات. ئه‌مه‌و ده‌بێته پشتیوانى هاووڵاتییه‌كانی، تا مافه‌كانیان بپارێزێت و به‌رگرى له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكات. هه‌روه‌ها ده‌كرێت له ده‌وڵه‌تدا چه‌ندین نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزا هه‌بێت، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ده‌وڵه‌تیش بۆ یه‌ك نه‌ته‌وه بنیات بنرێت. له هه‌ردوو باره‌كه‌شدا ده‌وڵه‌ت كاری یاسایی و سیاسیی خۆی ده‌كات و به بوونى خه‌ڵك و سنوور و پایته‌خت و ئاڵا و دروشم، به‌رگرى له سه‌روه‌رییه‌كانی و پێكهاته‌كانی ناوه‌وه‌ی ده‌كات.
له‌مه‌وه ئێمه‌ى كورد، كه تا ئیمڕۆ مافه‌كانمان زه‌وت كراوه و له خاكی ڕه‌سه‌ن و مێژوویی خۆماندا داگیر و دابه‌شكراوین، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه (ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆمان نییه!). كه‌واته ده‌بێت سه‌رجه‌م ڕاى گشتیى كوردى له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بن، كه هه‌وڵدان و گه‌یشتن به‌و ده‌وڵه‌ته پێویستییه‌كى مێژوویى و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه و پێویسته بكرێته واقیع و هیچ ده‌سته و تاقمێكى كوردى خۆى لێ لانه‌دات؟ دیاره ئه‌زموونه‌كانى ڕابردووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئه‌وه‌شیان سه‌لماندوه، كه بوونى ده‌وڵه‌تێك له كوردستان، پێویستییه‌كى مێژوویی بووه و ده‌بێت بخرێته سه‌ر ئه‌رزى واقیع. به‌و مه‌رجه‌ى سوود له ئه‌زموونه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگیرێت و ڕه‌چاوى بارودۆخى ڕۆژگارى ئیمڕۆی ناوچه‌كه‌ش بكرێت. نابێت ئه‌وه‌ش نادیده بگرین، كه ئێمه‌ی كورد له مێژوودا خاوه‌نى چه‌ندین میرنشین و ده‌سه‌ڵاتى خۆجێیه‌تى بووین و هه‌ریه‌ك له‌وان نوێنه‌رایه‌تیى ده‌سه‌ڵاتى سیاسه‌تى كوردیان له ناوچه‌یه‌ك و قۆناغێكی دیاریكراودا كردووه، بێ ئه‌وه‌ى بتوانن خۆیان له یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌دا ببیننه‌وه، چونكه هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵى فراوانبوونى ده‌سه‌ڵاتى خۆیان له‌سه‌ر حیسابى میرنشینه‌كه‌ى به‌رامبه‌ری ده‌دا. به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بۆ لێدانى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى په‌ناى بۆ داگیركه‌رانى كوردستانیش بردبێت! دیاره ئه‌و كاره‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌و هێزه داگیركاریانه‌دا بوو، تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كوردییانه به‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌یانه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن و بواریان نه‌ده‌ن له‌سه‌ر پێى خۆیان بوه‌ستن. له‌م بواره‌شدا سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئاماژه به ململانێى نێوان میرنشینه‌كانى (كۆردۆێنى و ئه‌دیابێنى و ئاوسروێنێ و …تاد) ده‌كه‌ن له قۆناغى مێژووى كۆن و ململانێى نێوان میرنشینه‌كانى (حه‌سنه‌وه‌ی، عه‌ننازی، شه‌دادى، دۆسته‌كی،…تاد) ده‌كه‌ن، له قۆناغی مێژووی ناوه‌ڕاستدا. له قۆناغى مێژووى نوێشدا ململانێى نێوان میرنشینه‌كانى (ئه‌رده‌ڵان، بابان، سۆران، بادینان، بۆتان) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كوردستان، مشتێكى نموونه‌ى خه‌روارێكى ڕاستییه‌كانمانن، كه ته‌نیا هێزه داگیركه‌ره‌كانى كوردستان له به‌رى ئه‌و ململانێیه‌یان خوارد و به زیانى كورد و دابه‌ش و داگیركردنى خاكه‌كه‌ى دوایی هات! ئه‌مه و وایان له كورد و میرنشینه‌كانی گه‌یاند، كه سروشتى جوگرافیى كوردستان و دابه‌شبوونى كورد بۆ چه‌ند ئایین و ئایینزا، كۆسپ بوون له به‌رده‌م یه‌كبوونى كورد و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان! بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك میرنشین بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌وه شه‌ڕى فراوانخوازی داگیركه‌ران و شه‌ڕی ئایینى و ئایینزایی ئه‌وان بوو، كوردیان به‌ره‌و ئاتونى ئه‌و ململانێیانه په‌لكێش كرد. به‌هۆشییه‌وه سه‌دان ڕۆڵه‌ى بێتاوانى كورد بوونه قوربانیى سیاسه‌تى ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیركه‌رانه، وه‌ك له شه‌ڕه‌كانى (گه‌وگه‌میلا و قادسییه و حه‌تین و چاڵدێران و قرم) باجه‌كه‌یماندا.
له ڕۆژگارى ئیمڕۆشماندا، كه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به دۆخێكی ته‌واو دژوار‌دا تێپه‌ڕده‌بێت و كورد بۆته سه‌رچاوه‌ی هێزێكى گه‌وره بۆ دژایه‌تیكردنی تیرۆر و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته زلهێزه‌كانی جیهان، له‌وانه‌ش شه‌ڕی تێرۆیستانی داعش له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه، جێگاى خۆیه‌تى ئه‌و زه‌مینه له‌باره سیاسییه په‌راوێز نه‌خه‌ین و كاری جیدیی بۆ بكه‌ین. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی (مه‌سعود بارزانی) وه‌ك سه‌رۆك و سه‌ركرده‌یه‌كی كورد له دیدار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه هه‌رێمی و جیهانییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت و بوونی خۆی سه‌لماندووه. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ی، كه ده‌وڵه‌ته‌كه بێ سه‌رۆك نییه. ئه‌مه و ده‌بێت كۆمه‌ڵى كورده‌وارى ئه‌وه بزانێت، كه نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌درێژایى هه‌زاران ساڵى ڕابردوو وه‌كو كورد سته‌می لێ كراوه و بۆ مه‌رامى تایبه‌تى به‌كارهێنراوه. دیاره ئه‌گه‌ر كوردبوونى نه‌بوایه شه‌ڕى بیروباوه‌ڕ و مه‌زهه‌بگه‌رى و پاڕاستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان پێ نه‌ئه‌كرا. ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ش بزانین، كه سوود وه‌رگرتن له بنه‌ما ئابوورییه‌كانى كوردستان و له‌وانه‌ش (نه‌وت) وه‌ك داهاتێكی گرنگی ئابووریی كوردستان، زیاتر خزمه‌ت به دامه‌زراندنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌كات، به‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی ئابووریی به‌هێزی هه‌یه، به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه كاتێك ده‌وڵه‌تێك بۆ كورد دێته دنیاى بوون و ده‌خرێته سه‌ر ئه‌رزى واقیع، كه سه‌رجه‌م ڕیزه‌كانى كوردایه‌تى یه‌ك بخرێن و كێشه لاوه‌كییه‌كان وه‌لا بنرێن و هه‌وڵى ڕۆشنبیریكردنى كۆمه‌ڵى كورده‌وارى بدرێت، تا چیتر به‌هۆی قۆڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه حیزبی و ناخۆییه‌كان نه‌بینه كۆسپ له‌به‌رده‌وام ده‌ركه‌وتن و دروستبوونی ئه‌و قه‌واره سیاسییه‌دا. ئه‌مه‌و پێویسته هه‌موو كورد یان لانى كه‌م زۆرینه‌كه‌ی ملكه‌چى یه‌ك بڕیار و یاسا بن، كه سه‌ركرده‌یه‌ك ڕابه‌رایه‌تیى ده‌كات. ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ش نابێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تىی خۆى سازش له‌سه‌ر كێشه‌ى نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و خاكى كوردستان و گه‌له‌كه‌ی و جیاكاری له‌نێوان هاووڵاتییه‌كانى بكات.
هه‌روه‌ها پێویسته هه‌موومان بزانین، كه (سه‌ربه‌خۆیى ئه‌سه‌نرێت و نادرێت)، بۆیه نابێت چاوه‌ڕوانى سۆز و به‌زه‌یى دوژمنه‌كانمان بكه‌ین، كه كوردستانیان داگیر كردووه و بست به بستمان له‌سه‌ر مه‌رج و په‌یمان پێ ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌و كاته‌ش هیواى ده‌وڵه‌تێك بۆ كوردستان ده‌بێته واقیع و ڕاستیى سه‌لمێنراوى هه‌زاره‌ى سێیه‌م.
سه‌رچاوه‌كان:
1. محمد امین زكی: كورد و كوردستان.
2. د. جه‌لیلى جه‌لیلی: كورده‌كانى ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانى.
3. د. جمال ڕشید أحمد و د.فوزى ڕشید: تاریخ الكرد القدیم.