Home / بەشی مێژووی كورد / مەحمود خانی دزڵی ، شۆڕشگێرێکی گەورەی نەناسراو!

مەحمود خانی دزڵی ، شۆڕشگێرێکی گەورەی نەناسراو!

732698627-824197373635995129845958180
مەحمود خانی دزڵی

هەورامان عەلی
کە ئینگلیزەکان عێراقیان داگیرکرد و گەشتنە کوردستان ، لە سەرەتاوە گەلێک بەڵێنیان بە شێخ مەحمود دا ، بە ڵام ھەرزوو لە بەڵێنەکانیان پەشیمان بونەوە . شێخ کە زانی ئینگیزەکان فێڵی لێدەکەن و دەیانەوێت کات بکوژن، بە پەلە نامەیەک بۆ مەحمود خانی دزڵی دەنێرێت ، تا بەھانایەوە بچێت.
مەحمود خان کوڕی عەزیز خانی کورٍی بارام بەگە، ساڵی ١٨٧٠ لە گوندی (دزڵی)ی ناوچەی ھەورامانی تەخت لە بنەماڵەیەکی سەردار و دەست رۆیشتووی ناوچەکە لەدایک بووە.
کاتێک نامەکە دەگاتە دەستی بە خۆی و ٥٠٠٠ سوارەوە بە شارباژێردا دەکەوێتە ڕێ .مێجەر سۆن لە ھاتنی مەحمود خان و ھێزەکەی ئاگادارە دەکرێتەوە ، بە پەلە دەچێتە لای شێخ مەحمود و لێدەپرسێت کە ئەو بۆچی ھاتووە بە و ھەموو ھێزەوە ؟!
شێخ لە وەڵامدا دەڵێت:
ئەو بۆ زیارەتی کاک ئەحمەد ھاتووە!
– کەواتە خەبەری بۆ بنێرە با بە تەنیا و بەیاوەری چەند پیاوێک بێ چەک بێتە سلێمانی!
من ناتوانم داواکاریەکی لەو بابەتە لەو کەسایەتیە بکەم.
پاش ئەوەی لەشکرەکەی مەحمود خانی دزڵی لە ٢٠ ئایاری ١٩١٩دا گەیشتە سەرشاخی گۆیژەی نزیک سلێمانی، ھەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان کە لایەنگری ئینگلیزەکان بوون پێیانوت:
»خان تۆ بەتەنھا ھیچت پێ ناکرێت، بەیەک دەست چەپڵە لـێ نادرێت؟؟».
ئەویش زۆر بڕوا بەخۆ ، دەستێکی دایە سەر سینگی و وتی: «…بەیەک دەست چەپڵەم لێدا «
بەبیستنی ھەواڵەکە مێجەر سۆن حاکمی سیاسی بەریتانیا لەسلێمانی بەرەو کەرکوک ھەڵادێت. بۆ سبەینێ لەشکردەکەی مەحمود خان شاری سلێمانی لە بارەگاو بنکەی ئینگلیزەکان پاک دەکاتەوە و ڕادەستی ژێر دەسەلاتی شێخ مەحمودی دەکات.
ھەر ئەو ڕۆژە شێخ مەحمود تەلەگرافێکی ئاراستەی “ویڵسن”ی حاکمی گشتی عیراق کردو پێیراگەیاند:
کورد لەوزەیدا نەماوەو ئیتر تەفرەی بەڵێنەکانی ئینگلیز ناخوات، بۆیە ناچاربووین لەپێناو ئازادیدا دەست بدەینە چەک‌و ئێستاش دەخوازین بۆئەوەی خوێن نەڕژێت مافی ئازادی بەگەلی کورد رەوا ببینن.
ڕەفیق حلمی دەڵێت ( ئەم پیاوە شۆڕشگێرە لە ژیانی پڕ سەروەری خۆیدا دوو مەسەلەی زۆر گرنگی داھێنا کە پێشتر دەگمەن بوون، ئەو یەکەمین پیاوی ناودار و خان بوو کە سنوورە دەستکردەکانی رەتکردەوەو ھاوکارییەکی گەورەی شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی کردووە.
ھەر ئەم پیاوە ھەڵکەوتووەش بوو کە بنەماکانی شەڕی پارتیزانی داڕشت و لە دوای شەڕی دەربەندی بازیان، بەم شێوازەی خەبات ھێزەکانی ئینگلیزی شپرزە کرد).
مەحمود خانی دزڵی پیاوێکی بەخشندە و زمان شیرین بوو. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا گوندی دزڵی و ئاواییەکانی دەوروبەری بووبونە پەنا و داڵدەی ئەو کەسانەی کە لە دەست رژێمە داگیرکەرەکان ھەڵدەھاتن.
خانی دزڵی چەندین جاریش بە خۆی و بنەماڵەو جەنگاوەرەکانیەوە خەباتی چەکداریی کردووە دژی رژێمی قاجاری و پەھلەوی.
ئەم پیاوە خاوەن ئەزمونە لە بەڕێوەبردنی ئیشو کاری ناوچەکەیدا گوێی لە بیرو بۆچوونی خەڵکی گرتووە و ھەمیشە ئەنجومەنێکی راوێژکاری ھەبووە. دۆست و خۆشەویستی شێخی نەمر و سمکۆی شکاک و سەردار رەشیدی ئەردەڵانو حەمە رەشید خانی بانەو کەریم بەگی فەتاح بەگی ھەمەوەند و شێخانی تاڵەبانو کەسنەزانو شێخانی بیارە بووە.
لەسەر داوای دەستەیەک نیشتمانپەروەرو روناکبیری کورد لە (حیزبی ھیوا)دا بووە بە ئەندام. ئەم پیاوە ھەڵکەوتووەی کورد ساڵی ١٩٤٦ بە پیلانی کاربەدەستانی ئێران دەرمانخواردکراو لە گوندی (ھانەی قوڵ) بە خاک سپێردرا.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …