Home / مێژووى جیهان / 10 بەهێزترین دەزگای هەواڵگریی جیهان

10 بەهێزترین دەزگای هەواڵگریی جیهان

original

10 بەهێزترین دەزگای هەواڵگریی جیهان
دەزگای هەواڵگری بە یەکێک لە گرنگترین دەزگاکانی وڵات دادەنرێت و هێز و توانای ئەو وڵاتە دەردەخات، هەروەها زانیاری کۆ دکاتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی و یان ئاژاوە دروستکردن بۆ وڵاتەکانی تر، یان بۆ خزمەتی سەروەریی ئاساییشی نیشتمانی و ئارامی وڵاتەکەی و دانانی نەخشەڕێگای سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکە و بودجەیەکی باشیشی بۆ تەرخان دەکرێ.
دەزگا هەواڵگرییەکان لە کاتی کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی چالاکییەکانیاندا، زۆر رێگای جیاواز دەگرنە بەر، جا چ لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵاتەکەیاندا بێت و کارمەندەکانیشی لەسەر ئاستێکی بەرز مەشق و راهێنانیان پێ کراوە.
زۆر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەش کراوە لەسەر ئەم جۆرە دەزگایانە، کە بەهێزترین 10 دەزگای هەواڵگریی پۆلین کردووە و لەسەرووی هەموویانەوە دەزگای هەواڵگریی پاکستانە.
1. دەزگای هەواڵگریی پاکستان (ISI):
ئەم دەزگایە لە ساڵی 1948 بۆ پاڵپشتیی هەواڵگریی سوپای پاکستان لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی کشمیر دامەزراوە، هەرچەندە ئەم دەزگایە کەمترین پاڵپشتیی دارایی دەکرێت بە بەراورد بە دەزگاکانی وڵاتەکانی تر، بەڵام کار و چالاکیی زۆر گەورەیان ئەنجام داوە کە سەرنجی زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی راکێشاوە.
(ISI) توانیی ڕۆڵی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئاسیای ناوەڕاست رابگرێت و کێشەی ناوخۆیی بۆ هندستان و هندییەکان دروست کرد و هەوڵەکانیانی لە بواری توانای ئەتۆمی لە باشووری ئاسیا شکست پێ هێنان.
2. دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (CIA):
ئەم دەزگایە بە گەورەترین دەزگای هەواڵگریی (سیخوڕی) لە جیهاندا دادەنرێت و بەرپرسی سەرەکیشە لە سەرجەم زانیارییەکان، کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی باڵادەستیی ئەمەریکا، هەروەها (CIA) لەسەر داوای سەرۆکی ئەمەریکا بەشداریی لە چالاکییە نهێنی و نیمچە سەربازییەکانیشدا دەکات.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەم دەزگایە زیاتر لە (1000) کەسی هەیە کە بە شێوەی دوو کەسایەتی و ناسنامەیی کار دەکەن لە جیهاندا، هەرچەندە زانیارییەکان زۆر کەمن لەسەر (CIA)، هەروەها زۆرترین پشتگیریی دارایی و تەکنۆلۆجیاییش دەکرێن لەسەر ئاستی جیهاندا.
3. هەوڵگریی سەربازیی بەریتانی (MI6):
دەزگای هەواڵگریی نهێنیی بەریتانی ناسراو بە (MI6) لە ساڵی 1909 دامەزراوە، سەرچاوەکان دەڵێن تا ساڵی 1994 حکوومەتی بەریتانیاش بەم دەزگایەی نەزانیوە.
گرنگترین کارەکانی ئەم دەزگایە، رەخساندنی ئاساییشی نیشتمانییە و ئاگادارکردنەوەی حکوومەتە لە هەر جموجۆڵێک کە ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییانی بەریتانی. (MI6) رۆڵێکی زۆری بینی لە کاتی شەڕی سارددا و هاوکاریی بزووتنەوەکانی راپەڕینی دەکرد دژی یەکێتیی سۆڤیەت.
4. دەزگای ئاساییشی فیدڕاڵیی ڕووسیا (FSB):
ئەم دەزگایە لەدوای رووخانی یەکێتیی سۆڤێت لە سەرەتای ساڵی نەوەتەکانەوە دامەزراوە و کارە سەرەکییەکانیشی بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەکخستنی کاری سیخوڕیی وڵاتەکانی ترە لە ڕووسیادا.
واش چاوەڕوان دەکرێت (FSB) لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە یەکێک لە بەهێزترین دەزگاکانی جیهان.
5. هەواڵگریی ئەڵمانیا (BND):
ئەم دەزگایەش دوای جەنگی دووەمی جیهانی دامەزراوە و بە یەکێک لە سەرکەوتووترین دەزگای هەواڵگریی جیهانی دادەنرێت لە ڕووی کار و چالاکییەکانیانەوە، کە چاودێریی لەسەر سپیکردنەوەی پارە و کۆچبەری نایاسایی و سەرجەم کارە سیخوڕییەکانی بیانییەکان دەکات و ئەڵمانیا گرنگییەکی زۆری پێ دەدات و بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت.
6. دەزگای لێگۆڵینەوە و شیکاریی هندی (RAW):
دوای ئەوەی هندستان لەگەڵ چین و پاکستان رووبەڕووی چەند جەنگێک بووەوە، ئەمەش وای کرد کە لە ساڵی 1968 دەزگایەکی هەواڵگری دامەزرێنێ و کاری سەرەکیی ئەم دەزگایەش کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و چالاکیی نهێنی لەدەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا و بەتایبەتی کار لەسەر سیاسەتی دەرەوەی هندستان دەکات و زانیاری لەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیانە کۆ دەکاتەوە کە لەگەڵ وڵاتەکەیاندا کار دەکەن.
7. ئاسایشی گشتیی فەرەنسا (DGSE):
ئەمە ناوی فەرمیی دەزگای هەواڵگریی فەرەنسایە کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی فەرەنساوە سەرپەرشتی دەکرێت و کاری سەرەکیی ئەم دەزگایەش ئەوەیە کە زانیاریی لەسەر ئاساییشی نیشتمانیی فەرەنسا و لە هەر مەترسییەک لەسەر ئەو وڵاتە کۆ بکاتەوە، پێشتریش ئەم دەزگایە هیچ زانیارییەکی لەسەر کار و چالاکییەکانی بڵاو نەکردووتەوە.
8. ئاژانسی هەواڵگریی نهێنیی ئوسترالیا (ASIS):
لە ساڵی 1952 دامەزراوە و بە یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی جیهان دادەنرێت، کار و چالاکییە سەرەکییەکانی ئەم دەزگایە لەسەر ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمنە.
وەکو هەموو دەزگاکانی تری وڵاتان کاری ئەم دەزگایەش ASIS پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان و پاراستنی گەلی ئوسترالیایە.
9. وەزارەتی ئاساییشی وڵاتی چین (MSS):
ئاژانسی هەواڵگریی کۆماری چینی میللی، گەورەترین دەزگای هەواڵگرییە و زۆرترین چالاکیی ئەنجام دەدەن لە جیهاندا، بەپێی یاساکانی کۆماری چین MSS دەتوانێت راستەوخۆ خەڵکی بگرن کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی چین.
وەزارەتی ئاسایشی چین توانیویەتی هەموو رێکارەکان لەناوەوە و دەرەوەی چین بگرێتە بەر کە دژی سیستەمی سۆسیالیستسی کۆماری چین بێت، هەروەها راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە 120 سیخوڕی چینی بە شێوەیەکی نهێنی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کەنەدا و ئەوروپا و یابان کار دەکەن، کە زۆربەی ئەم سیخوڕانەش کاری بازرگانی و بانک و زانای بەرزن و ئەوەش لە پاشماوەی ئەو پانتاییە جوگرافیاییەی چینە کە هەیەتی.
10. دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی (MOSAD):
مۆساد کاری هەواڵگری و نهێنیی دەوڵەتی ئیسرائیلە و لە ساڵی 1949 دامەزراوە و لەو کاتەوە کار لەسەر زانیاری و کۆکردنەوە و توێژینەوە ستراتیژییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەدەرەوەی سنووری وڵاتی ئیسرائیلدا دەکات..!!

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …