مێژووی نەورۆز

مێژووی نەورۆز

nawroz

نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و…ھتد، بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو دەکرێت. ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش لە مێژوو. ھەندێ کەس بە ھەڵە پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بەسەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە. بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە. شارەزایانی نەورۆز، بڕوایان وایە جەمشێد کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بووە، نەورۆزی داھێناوە. ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین و سەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە. کەوا بێت بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان. کەوناراییەکان پێیان وا بووە کە لە مانگی نەورۆزدا ’گیانە پاکەکان’ سەردانی کەس و کارەکانیان لەسەر زەوی دەکەنەوە و ئاگر ھەڵدەکەن و ’ خوانی حەوت سین’ دەچنن و بەدەوریدا دادەنیشن. بۆیە چەند ڕۆژێک پێش لە ھاتنی نەورۆز، خەڵک دەست دەکەن بە تەکاندنی کەلوپەل و ناو ماڵیان و جلی نوێ لەبەر دەکەن و بە ئاگر ھەڵکردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز. دیارە نەورۆز لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز ئەنجام دەدرێت و داب و نەریتەکانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکەش جیاوازیی ھەیە. جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن. دکتور مەولوود ئیبراھیم حەسەن لە وتارێکی تێر و تەسەلدا بە وردی چووەتە سەر بنج و بناوانی مێژووەوە و بەڵگە دێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو جەژنە ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار)ە، کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنە دەر و بەرەو خوارووی وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە. 



ئاگر سومبوڵی نەورۆز لای کوردان نەورۆز تێکەڵ بووە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیر و سەمەرە. لە ئێرانی کۆندا لە یەکەم رۆژی بەھاردا واتە رۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستووەتە سەر پشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و رۆژەکانی تەرخان کردووە بۆ چاو پێکەوتنی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ھەر لەو رۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردووە و دیارییشی لێیان وەرگرتووە. ھۆنەری فارس، فیردەوسی دانەری پەرتووکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە. دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە. بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی دەکات. ئاخر فیردەوسی وەکوو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبوو ھەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن. ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێ. لە حاڵێکدا ھەر لەو وتارە بەڵگەمەندەی د.مەولوود ئیبراھیم حەسەندا ھاتووە، کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە. بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە. بە ڕای من، سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان، بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لە لایەن ئەوانەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە بیچم بگرێت (وێنا بکرێت) و ڕوخساری ئەو دوژمنەی پێ ناشیرین و بکرێت. دەڵێن: رۆژێک منداڵێک لە باوکی دەپرسێ: باوکە ڕوخساری شەیتان لەو وێنەیەدا بۆچی ئەوەندە ناشیرین و دزێوە؟ باوکەکەی دەڵێ: چونکە ئەو وێنە بە دەستی دۆستەکانی شەیتان نەکێشراوە. ئەوەی ڕاستی بێت مێژووی کوردیش ھەتا ئێستا خۆی نەینووسیوەتەوە، بۆیە جگە لە لایەنی کەم و کووڕی شتێکی ئەوتۆمان لە مێژووی کۆن لەبەردەست دا نییە کە مۆرکی خۆمانی پێوە بێت. تەنانەت ئەو بۆنە پیرۆز و جێگە شانازییانەش کە ھەمانبوون، بە جۆرێک مۆرکە کوردییەکەیان لێ سڕیونەتەوە و بە ناو نەتەوە و گەلانی باڵادەستەوە کراون، بۆ ئەوەی ئێمە شتێکمان نەبێت کە وەک پاڵپشت و بەڵگەی مێژوویی پاڵی پێوە بدەین. ئێستا کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرماندا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست دەڵێی لە ڕوومان ھەڵنایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەن کوردییە. ئێستاش لە کۆنەستی (ھزری) ئێمەدا ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەرکەوتنی (کاوەی ئاسنگەر)ە بە سەر زوحاکی مار لەشاندا. لە حاڵێکدا ئەوە ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە ئەفسانەیەکی سازکراوە. ئەگەر واشی دانێین کاوەیەک بووبێت و تەخت و بەختی زوحاکی ’ماد’ی وەرگێڕابێت، ئەوا کورد چۆن شانازی دەکات بە کەسێکەوە کە کۆتایی بە یەکەمین دەسەڵاتی کورد ھێناوە و دواتریش گەڕاوە بە قسەی فیردەوسی بە شاخ و کێواندا و لەوێ ’فەرەیدوون’ی دۆزیوەتەوە و کردوویەتی بە پاشا. فەرەیدوونیش کورد نەبووە. ئەگەر وای دانێین کاوەیەکیش لە گۆڕێدا بووبێت (ھەبوو بێت) و کورد بووبێت، ئەوا کاوە خۆفرۆشێکی خەیانەتکار بووە و مێژووش پڕە لەو جۆرە کەسانە کە بەداخەوە شانسیان گرتوویەتی و دواتر بە پێچەوانەوە ناویان بە چاکە رۆیشتووە. 

نوێ ڕۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییەکەی خۆماندالە کەس شاراوە نییە کە کورد ھەر لە بنەچەکدا (بنێڕا)، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی ھەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای ھەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێکی قورس دەباری و جار ھەبووە ھەتا دوو مانگ لە بەھاریش تێپەڕیوە و بەفر ھەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی (ئاوردوویی). بە پێی ھەموو ئەو ھۆکارانە، کە ھەم سرووشتی و ھەمیش ھەرێمییە کورد تەواو بوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن. مامۆستا ھێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد ڕانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن. لە مێژووی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش ھەیە بە ناوی جەژنی مێھرەگان. ئەو جەژنە یەکەم رۆژی پاییز بووە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە. بۆیە ئەو ڕۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێھرەگان ناوی دەرکردووە و مامۆستا ھێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ھەر ئەو ناوی جەژنی مێھرەگانە دواتر بووەتە مێھرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێھرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێھرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. ’مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن ’بێڵن دانا’، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە ھەیە. دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەھاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی ھەرە گەورەی مەڕدارە. بۆچوونەکەی مامۆستا ھێمن زۆر لە ڕاستییەوە نزیکترە لەو بەناو مێژوونووسانەی کە بە ویستی دەسەڵات مێژوویان بە ئارەزووی خۆیان و ئەربابەکانیان نووسیوەتەوە. پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان، ئەوانەی دێن و سەربردە و مێژوو دەنووسنەوە، دەبێ بەو شێوەیە بینووسنەوە کە دەسەڵات دەفەرموێ. کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای میدییەکان واتە ئاستیاگ پیشان بدەن، شتێکی سەیر نییە. ئەگەر زۆر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و وردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین و لێی وردبینەوە، دەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ دەدەن ڕوخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو ناتۆرەی دزێوەوە. دوور نەڕۆین ئەگەر بۆ مانای وشەی پێشمەرگە بگەڕێینەوە نێو قامووسی بەعسییەکان، پێتانوایە چ پێناسەیەک لە پێشمەرگە کرابێت؟ ئەوە لە سەردەمێکدایە کە ئێمەش ئەگەر ھاوسەنگی ئەوانیش دەستمان بە قەڵەم ودامودەزگای ڕاگەیاندن نەگەیشتبێ بۆ وەڵامدانەوەیان، لانیکەم دەرفەتی ئەوەمان ھەبووە، لە ھەندێ کەناڵەوە حەق بوون و ڕەوا بوونی داواکانمان بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. جا وەرن سەیری سەردەمێکی کۆنی کۆن بکەن کە کوردی لێقەوماو خاوەنی ھیچ خوێندەوارییەک نەبووە و دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر نیشتیمانەکەیدا چۆن دڵیان ویستوویەتی مێژوویان بۆی نووسیوەتەوە. بۆیە ئەفسانەی کاوە و زوحاک تەنیا فێڵێکە لە مێژووی ئێمە کراوە. لانیکەم ئەگەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەش بووبێت کە ھیچ کات لە ڕوومان ھەڵ نەیەت، بە شانازییەوە باسی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان بکەین. 

ئەم زانیارییانە، لە ئنسایکڵۆپیدیای ئازاد (ویکیپیدیا) بڵاو بووەتەوە، وەک خۆی دامانناوە

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …