Home / بەشی مێژووی كورد / سەلاحەددینی ئەییووبی

سەلاحەددینی ئەییووبی

maxresdefault

ئەبوو موزەففەر یووسفى کوڕى ئەییووب ناسراو بە سەلاحەددینى ئەییووبى کوردێکی[١][٢]سەرلەشکەری موسڵمانان بوو کە دەوڵەتی ئەییووبیی دامەزراند. سەرەتا لەدژی فاتیمییان و دوایی لەدژی خاچپەرستان (ئەو مەسیحییانەی کە چووبوون خاکە پیرۆزەکان لە فەلەستین بۆ ئۆلی خۆیان بپارێزن) دەرکەوت و شاری قودسی پاش سەد ساڵ خستەوە دەستی موسڵمانان.

دوای ئەوەی سەلاحەددینی ئەییووبی ساڵی ١١٩٣ مرد، دەوڵەتی ئەییووبی لەنێوان کوڕەکانیدا بەش کرا و ئیتر ئەو ھێزەی سەردەمی سەلاحەددینی پێ نەما.

سەلاحەددین موسڵمانى سوننە بوو و بە لێخۆشبوون و ھەڵسوکەوتی مرۆڤانەى لەگەڵ دوژمنەکانى ناوی دەرکردبوو.

          سەرەتای ژیان

سەلاحەددین لە خێزانێکی کوردی سەر بە یەکێک لە ھۆزە کوردییە ناودارەکان بە ناوی ھۆزی ڕەوادیلەدایک بووە.[١][٢] شوێنی نیشتەجێبوونی ھۆزی ڕەوادیش لە نزیک شارۆچکەی دوین لە ئەرمەنستاندابووە. ئەییووبییەکانیش دەدرێنە پاڵ ئەییووبی کوڕی شادی.

شادی (باپیرە گەورەی سەلاحەددین) ھەندێک پۆستی کارگێڕیی لە قەڵای تکریتدا پێ سپێردرا، کە لەو کاتەدا موڵکی بەھرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجوقی محەمەدی کوڕی مەلیکشا بوو. شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا، نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆ، گواستیەوە بۆ ئەوێ و پلە-بە-پلە بە پۆستە کارگێڕییەکاندا سەرکەوت تا پۆستی پۆلیسیی (شەحنە) وەرگرت. کاتێ مرد نەجمەددین ئەییووب بووە جێنشینی و بەھۆی جوامێری و دەستپاکییەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەک ئەسەدەددین شێرکۆی مامی سەلاحەددین لە پێشەوەی ئەمیرەکاندا بوو لای سەلجوقییەکان و لە تکریت و دەوروبەریدا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تەرخان کردبوو.

سەلاحەددین ساڵی ١١٣٨ لە قەڵای تکریت لەدایک بووە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەلاحەددین ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژە کە موجاھیدەددین بەھرۆز، والیی بەغدا، بەھۆی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵا لەلایەن شێرکۆی مامی سەلاحەددینەوە، فەرمانی دا بە نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆی برای کە تکریت بەجێ بھێڵن. ئەوانیش بەجێیان ھێشت و بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوتن.

ھەردوو برا، نەجمەددین و ئەسەدەددین، چوونە مووسڵ و لەلایەن عیمادەددین زەنگییەوە پێشوازییان لێ کرا. لەوێ بوو کە بنەماڵەی ئەییووبی گەشەی کرد و نەجمەددین و شێرکۆی برای بوونە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی عیمادەددین. ماوەیەک دواتر، عیمادەددین کوژرا و نوورەددین زەنگی کاروباری گرتە دەست. ئەویش بە یارمەتیی ئەییووبییەکان توانی دیمەشق بھێنێتە ناو دەوڵەتەکەی.

لە دیمەشقدا سەلاحەددین فێری زانستە ئیسلامییەکان، ھونەرەکانی سوارچاکی، ڕاو، تیرھاوێژی و پێداویستییەکانی تری پاڵەوانێتی بوو. کاتێک نوورەددین زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ی کۆچی بەعلبەکی داگیر کرد، نەجمەددین ئەییووبی کرد بە والیی ئەوێ. پاشان، نەجمەددین چوو بۆ دیمەشق و بەم شێوەیە سەلاحەددین تەمەنی مناڵیی لە بەعلەبەکدا بەسەر برد.

        ڕەوشتبەرزیی سەلاحەددین

مێژوو کەسایەتی و ڕەوشتی سەلاحەددینی بەرز نرخاندووە. دادگەری، ئازایەتی، بەخشندەیی، لێبوردوویی، ئەمەکداری، ڕووخۆشی و نزیکبوون لە خەڵکەوە ژمارەیەک لەو تایبەتمەندییە ئەخلاقییانەن کە دراونەتە پاڵی.

سەلاحەددین دەسەڵاتدارێکی دادگەر بووە؛ دەڵێن ھەموو ڕۆژێکی دووشەممە و پێنجشەممە لە مەجلیسێکی گشتیدا دادەنیشت و زانایان و دادوەرانی لەگەڵ خۆی ئامادە ئەکرد و دەرگای بۆ ھەموو سکاڵایەک ئاوەڵا ئەکرد. ئەمەشی لە شاردا و لە کاتی گەشت و گەڕانیشدا ئەکرد. سەلاحەددین لێبوردە و میھرەبان بووە تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانی کە لەگەڵی دەجەنگان. کاتێک ئاگربەستی بکردایە، پێ پابەند ئەبوو و ئەگەر بەڵێنیشی بدایە ئەیبردە سەر.

         دامەزراندنی دەوڵەت

پێش ھاتنی سەلاحەددین میسر مەڵبەندی دەوڵەتی فاتیمی بوو. خەڵیفەی فاتیمی دەسەڵاتێکی وای نەبوو و ھەموو کاروبارەکان بەدەست وەزیرەکانیەوە بوو. بەم شێوەیە ئەسەدەددین شێرکۆ بوو بە پیاوی یەکەم لە وڵاتدا و کاتێک ئەو مرد خەڵیفەی فاتیمی وەزراەتی دا بە سەلاحەددین. مێژوونوسان باس لەوە دەکەن کە زەنگییەکان بۆ دانانی سەلاحەددین لەو جێگایەدا زۆریان بۆ خەڵیفەی فاتیمی ھێنا. لەبەر لاوازیی ئەو کاتەی فاتیمییەکان و بەھێزیی زەنگییەکان و زۆریی ژمارەی پشتیوانانی سەلاحەددین خۆی، خەڵیفە ناچار بە پەژیران بوو. لەگەڵ ئەمانەشدا، وەرگرتنی وەزارەت بۆ سەلاحەددین بە ئاشتی نەڕۆیشت و چەند مانگێکی نەبرد کە سەرباز و فەرمانڕەوا فاتیمییەکان ھەوڵی کوشتنییان دا.

لەم کاتانەدا نورەددین زەنگی سەرگەرمی کێشە ناوخۆیییەکانی وڵاتەکەی لە شام بوو. دوای وەرگرتنی وەزارەت لەلایەن سەلاحەددینەوە، خاچپەرستان ھەڵمەتێکی نوێیان برد و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١١٦٩ زایینیدا بە کەشتییەکانیانەوە بەندەری دومیاتیان گەمارۆ دا. سەلاحەددین ھەواڵی نارد بۆ نورەددین زەنگی، ئەویش لای خۆیەوە دەستی کرد بە ھێرشبردن بۆ سەر میرنشینە خاچپەرستەکانی شام تا گوشاری سەر میسر کەم بکاتەوە. پاسەوانەکانی دومیات ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە پاراستنی شارەکە و دوای ٥٠ ڕۆژ گەمارۆدان خاچپەرستانیان ناچار بە گەڕانەوە کرد. گەردەلوولێکی بەھێزیش ھەڵی کرد و دەریاوانەکان کۆنتڕۆڵیان بەسەر کەشتییەکاندا نەما و زۆربەیان نوقم بوون. لە باکوورەوە، سەلاحەددین بە سوپاکەیەوە دوای خاچپەرستە کشاوەکان کەوت ھەتا لە شاری دەیر بەلەح بەیەکیان دا (ساڵی ١١٧٠). پاشای خاچپەرستان لەگەڵ پاسەوانەکانی لە شاری غەززەوە بۆ شەڕ لەگەڵ سەلاحەددین بەرەو ئەوێ دەرچوو. بەڵام سەلاحەددین ڕێگەی گۆڕی بەرەو غەززە و ئەو شارەی خاچپەرستەکان لە دەرەوەی قەڵای شارەکەدا دروستیان کردبوو ڕووخاندی. ھەروەھا، بەپێی ھەندێک لە سەرچاوەکان، لەو ماوەیەدا سەلاحەددین قەڵای ئیلاتیشی گرت.

دوای ئەم سەرکەوتنە، زەنگییەکان پێیان لە میسر قایم بوو. نورەددین زەنگی ناردی بەشوێن سەلاحەددینا کە وتاری ھەینی ڕابگرێت بۆ خەڵیفەی فاتیمی و بیگەڕێنێتەوە بۆ خەڵیفەی عەبباسی. بەڵام سەڵاحەدین لەبەر دەسەڵاتی شیعە لە میسردا لەمە ئەترسا و دوای ئەخست. ھەتا نورەددین ھەڕەشەی لە سەلاحەددین کرد کە خۆی دێت بۆ قاھیرە، سەلاحەددین ھەموو کاروبارێکی بۆ ڕێک خستبوو بەڵام کەس غیرەتی نەئەکرد جێبەجێی کات تا شێخێکیسوننە لە مووسڵەوە ھات و وتاری بۆ خەڵیفەی عەبباسی دا (لە یەکەم ھەینیی مانگی ئەیلولی ساڵی ١١٧١دا). پاشان، ھەموو قاھیرە ئەوەیان ئەنجام دا. لە کاتێکدا خەڵیفەی فاتیمی لەسەر جێی مردن بوو، زۆری نەبرد وەفاتی کرد. سەلاحەددین بوو بە حاکمی میسر. بەمەش، دوای ٢٦٢ ساڵ بەردەوامی، دەوڵەتی فاتیمی سەرەنجام کۆتاییی پێھات.

           سوڵتانی میسر

دوای ڕووخانی دەوڵەتی فاتیمی سەلاحەددین دەستی کرد بە بەھێزکردنی حکوومەتی خۆی لە میسر و ھەوڵی دا سەربەخۆی بکات. پایەکانی دەوڵەتی دا بە لایەنگر و نزیکەکانی، قازییە شیعەکانی لابرد و گۆڕینی بۆ قازیی شافعی، مەجلیسەکانی بانگەوازی ھەڵوەشاندەوە و ئوسولی مەزھەبی شیعەی ئیسماعیلیی لابرد، ناوی عەلی کوڕی ئەبوتالیبی لە بانگدا سڕیەوە، بڕیاری دا ناوی ھەر چوار خەڵیفەی ڕاشدین لە وتاری ھەینیدا بھێنرێت، دوو خوێندنگەی گەورەی بنیات نا لە فوستات بۆ بڵاوکردنەوەی مەزھەبی سوننە، ئەم دوو خوێندنگەیە زانستەکانی شەریعەتیان ئەوتەوە بەپێی مەزھەبیشافعی و مالکی.

نوورەددین لە بەھاری ١١٧٤دا ھێزێکی گەورەی کۆ کردەوە و لە ھەوڵێکدا بۆ لابردنی سەلاحەددین ھێرشی برد بۆ میسر. بەڵام ئەم ھەڵمەتە تەواو نەکرا و لە١٥ی ئایاری ١١٧٤ لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا نوورەددین گیانی لەدەست دا. بە وەفاتی نوورەددین، سەلاحەددین بە کردەوە بوو بە پێشەوای میسر و سەربەخۆ بوو لە ھەر شوێنکەوتوویییەکی سیاسی. بەم شێوەیە سەلاحەددین بوو بە سەرکردەی گەورەترین دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەو سەردەمە کە بە دەوڵەتی ئەییووبی ناسراوە.نێوانی نوورەددین زەنگی و سەلاحەددین ساردیی تێکەوت. چەند جارێک سەلاحەددین نامەی پۆزشی نارد بۆ نوورەددین، بەڵام ھیچ لەوانە سودی نەبوو. نوورەددین سوور بوو لەسەر ئەوەی لە فرسەتێکدا ھێرش بکاتە سەر میسر بۆ لابردنی سەلاحەددین. لە ھاوینی ساڵی ١١٧٢دا ھەواڵ گەیشت کەوا سوپای نوبییەکان گەیشتوونەتە سنووری میسر و ئەیانەوێت گەمارۆی ئەسوان بدەن. سەلاحەددینیارمەتی بۆ ناردن و نوبییەکانیان ناچار بە گەڕانەوە کرد. جارێکی تر، سوپای نوبی لە ساڵی ١١٧٣دا گەڕایەوە. ئەمجارەیان سوپای ئەییووبی دوایان کەوتن تا وڵاتی نوبە. لەم کاتانە نوورەددین زەنگی ھیچ ھەنگاوێکی سەربازیی بەرامبەر سەلاحەددین نەنا، بەڵام داوای گەڕانەوەی ٢٠،٠٠٠ دیناری لێکرد کە کاتی خۆی بۆ ھەڵمەتەکەی ئەسەدەددین شێرکۆ بۆ فەتحی میسر و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی خاچپەرستی و فاتیمیدا تەرخانی کردبوو. سەلاحەددین وەک ئەمەکێک بۆ قەرزەکەی، ٦٠،٠٠٠ دیناری بۆ نارد لەگەڵ باشترین شتومەک و گەوھەردا، ھەروەھا ئەسپ و فیل. سەلاحەددین لە کاتی ڕۆیشتنی بە خاکەکانی شامی خاچپەرستیدا بۆ گەیاندنی پارە و دیارییەکان بە دیمەشق، سوودی لە فرسەت وەرگرت و ھێرشی بردە سەر خاچپەرستەکان و فەڕەنگییەکان و چەند شەڕێک لە نێوانیاندا ڕووی دا. کاتێک سەلاحەددین لە شام بوو باوکی مرد و چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی گەڕایەوە میسر لە ساڵی ١١٧٤دا، براکەی بە سوپایەکەو نارد بۆ گرتنی یەمەن؛ وڵاتەکەیان گرت و بەمەش حیجاز چووە پاڵ میسر.

          گەڕانەوە بۆ میسر و غەزووەکانی لە فەلەستین

لە دوای کشانەوە لە شاخەکانی نەسیری سەڵاحەدین گەڕایەوە میسر دوای ئەوەی دوو ساڵ بە جێی هێشتبوو بۆ داستانە یەک لەدوای یەکەکانی لە شام، دەستیکرد بە رێکخستنەوەی کاروباری میسر و چاکسازیکردن یەکەم ئیش هەستا بە دروستکردنی قەڵا لە چواردەوری قاهیرە و بنیاتنانەوەی بەشە ڕوووخاوەکانی، دیوارەکانی چاک کردەوە و فراوانی کردن، بڕیاری بنیاتنانی قەڵای قاهیرەی دا لە ساڵی ٥٧٣ز کە دواتر بە قەڵای سەلاحەدین ناسرا، و هەڵکەندنی بیری یوسف کە گەیشتە قوڵی ٨٥ مەتر، و لە ئیشەکانی تری سەلاحەدین بنیاتنانی پردێکی گەورە بوو لە جیزە تا هێڵێکی بەرگری دروست بکات بۆ پاراستن لە ئەگەری هێرشی ڕۆژئاوا.

سەڵاحەدین مایەوە لە قاهیرە و سەرپەرشتی ئیشە بنیاتنانەوەکانی ئەکرد، هاوشان لەگەڵ بینا سەربازیەکاندا چەند خوێندنگەیەکی دامەزراند بۆ بڵاوکردنەوەی زانست، و خۆی بە دوای بەڕێوەبردنە ناوخۆییەکاندا ئەچوو، و گرنگی دا بە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان کە یارمەتی خەڵکیان ئەدا و دژواریەکانی ژیانیان لێ کەم دەکردنەوە، و بەڵێنی بەخشینی دا بە هەژار و ڕێبوارەکان کە پەنایان ئەبردە بەر مزگەوت تیایدا بژین، و مزگەوتی ئەحمەد کوڕی تۆڵۆنی لە قاهیرە کرد بە شوێنێک بۆ ڕێبوارەکانی لە وڵاتەکانی مەغریبەوە ئەهاتن.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١١٧٧ز، خاچپەرستەکان هێرشیان کردە سەر کەنارەکانی دیمەشق، سەڵاحەدین وای دانا کە ئاگربەست لەگەڵ شانشینی بەیتولموقەدەس کۆتایی هاتووە بەم هێرشە، سوپای کۆکردەوە و رۆیشت بەرەو فەلەستین تا دەستبگرێت بەسەر هەندێک شوێنی خاچپەرستەکان، پاشان ڕۆیشت بەرەو عەسقەلان کە پێی ئەوترێت (بوکی شام)، و سەڵاحەدین بەردەوام بوو غەزووی شوێنە دووەمیەکانی خاچپەرستەکانی یەک لە دوایەک کرد، هێرشی بردە سەر ڕامەڵە و لەد و گەیشتە دەروازەکانی قودس.

           کێشە ناوخۆییەکان

سەڵاحەدین هەوڵیدا نێوان ئەمیری حوسن کیفا، نورەدین محەمەد ئەرتقیونی و قەلج ئەرسەلانی سولتانی سەلجوقیەکانی ڕۆم یەکبخات، نورەدین ناوبژیوانی ئەییوبی قبوڵ کرد پاشان قلج ئەرسەلانیش قبوڵی کرد و سەڵاحەدین زۆر دڵخۆش بوو پێی بەم یەکگرتنەی خاکە ئیسلامیەکان پاشان دواتر ناکۆکی کەوتە نیوان نورەدین و قلج ئەرسەلان، سەڵاحەدین هەڕەشەی لە نورەدین کرد وتی خۆی ئەڕوات بۆ مەڵتیەی پایتەختی نورەدین تا دەرسی دابدات و بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان ئەم دوو فەرمانڕەوا موسڵمانە لە کاتێکدا موسڵمانان ئەوپەڕی پێویستیان بە یەکگرتوویی هەبوو، لە ڕاستیدا سەڵاحەدین نەیئەویست بچێت بۆی تەنها بۆ ئەوەبوو ملکەچی بکات و نورەدین کە زانی ناتوانێت لەبەرامبەر سوپای ئەییوبی بوەستێت، ملکەچ بوو بۆ فەرمانی سەڵاحەدین، پاشان سەڵاحەدین گەڕایەوە قاهیرە لە ساڵی ١١٨١ز، کە ئەیویست مانگی ڕەمەزان لە میسر بەسەربەرێت، پاشان بڕوات بۆ حەج بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی نادیار حەجەکە نەکرا.
 

         لە پێناوی موسڵدا

 

لەگەڵ نزیکبوونوەی سەڵاحەدین لە موسڵ، زەنگیەکانی موسڵ پەنایان گرت بە خەلیفەی عەبباسی لەبەغدا، ئەویش یەکێکە لە کەسایەتیە ئاینیە گەورەکانی نارد تا بکەوێتە نێوانیان، سەڵاحەدین گەیشتە شارەکە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١١٨٢ز، و عیزەدین مەرجەکانی قبوڵ نەکرد، لەبەرئەوە سەڵاحەدین گەمارۆی شارەکەی دا، دوای چەد پیاهەڵپژانێک لە بەردەم خەلیفەدا، سەڵاحەدین بڕیاری کشانەوەی دا لەبەرئەوە بریاری دا هێرش بکاتە سەر سنجار کە ئەمیرەکەی برای عیزەدین بوو، و هێزی بە جێهێشت بۆ بەردەوام بوونی گەمارۆ، سنجاری گرت دوای گەمارۆدانی ١٥ ڕۆژ لە ٣٠ی کانونی یەکەمی ١١٨٢ز، پاشان سەڵاحەدین هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و کاتێک عیزەدین بە هاتنی سوپاکەی سەڵاحەدینی زانی، ناردی بۆ لای و داوای ئاشتی کرد. لە ٢ی ئازاری ١١٨٣، عادل لە میسر نووسی بۆ سەڵاحەدین کە خاچپەرستەکان لە وڵاتی ئیسلامیان داوە کەشتیەکیان ناردووە لە کەنداوی عەقەقبەوە بۆ تێکدانی شار و گوندەکانی کەناریدەریای سوور، وا باس دەکرێت کە خاچپەرستەکان کەشتی موسڵمانانیان سوتاندبوو و هێرشیان کردبووە سەر کاروانی حەج، و هەروەها ویستبوویان هێرش بکەنە سەر مەدینە و گۆڕی پێغەمبەر محەمەد تێکبدەن، بەڵام موسڵمانان ڕووبەڕوویان بوونەوە لە کەشتیگەلەکانی دەریای سووردا و تێکیان شکاندن، و سەڵاحەدین بڕیاری کوشتنی دیلەکانی خاچپەرستەکانی دا کە ژمارەیان لە ١٧٠ جەنگاوەر زیاتر بوو.

دواتر هەندێک لە سوپاکەی سەڵاحەدین بڵاوەیان لێکرد و گەڕانەوە، عیزەدینی میری موسڵ ئەمەی بە فرسەت زانی و ویستی هێرش بکاتە سەر هێزەکانی سەڵاحەدین، لە سەرەتای نیساندا سەڵاحەدین بە هێزەکەیەوە چووە پێشەوە و ئامەدیان گرت پاشان سەڵاحەدین ناردی بۆ لای خەلیفەی عەبباسی و داوای لێکرد حەقی بداتێ بۆ گرتنی موسڵ.

       شەڕ دژی خاچپەرستەکان

دوای ئەوەی سەڵاحەدین سەرکەوت لە کۆکردنەوەی میسر و سوریا و ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی عەرەبیو عێراق لە یەک دەوڵەتی ئیسلامی یەکگرتوودا دەوری شانشینی بەیتولموقەدیس و میرنشینە خاچپەرستەکانی دابوو لە باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوورەوە، و دڵنیا بوو لە یەکڕیزی و تۆکمەیی دەوڵەتەکەی، دەستیکرد بە بەدیهێنانی بەشی دووەمی پلانەکەی کە دژایەتی خاچپەرستەکان و دەرکردنیان بوو لە وڵاتدا، فرسەتی هاتە بەردەم کاتێک ئەرنات ئال شاتیۆن خاوەنی کرک دوای ئەوەی کاروانێکی گرت و ماڵ و چەکەکانی تاڵان کردن، سەڵاحەین لۆمەی کرد و داوای لێکرد کە دیلەکان ئازادبکات و ماڵەکەیان بۆ بگێڕێتەوە، کاتێک ئەڕنات ڕەتی کردەوە، سەڵاحەدین ئەو کاتە لە دیمەشق بوو هەموو سەربازەکانی کۆکردەوە و ڕۆیشت بەرەو ئوردن، لە ٢٩ی ئەیلولی ١١٨٣، لە ڕووباری ئوردن پەڕییەوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر بیسان کە بینی چۆڵ بوو، پاشان لایاندا بەرەو ڕۆژئاوا، تا ڕێگە لە هێزە خاچپەرستەکان بگرن قەڵاکانی کرک و شوبکیان گرت لە سەر ڕێگەی نابلس و چەند کەسێکیان بە دیل لێگرتن، لەو کاتانەدا هێزە خاچپەرستەکان خۆیان کۆکردەوە کە گەورەترین هێز بوو شانشین لە هەموو شتەومەکەکانی کۆیکردبووەوە، بەڵام هێشتا کەمتر بوو لە هێزی موسڵمانان، ئەییوبیەکان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کشانەوە بۆ عەین جالوت لەگەڵ بوونی چەند هێزێکی ئەییوبی، لەگەڵ ئەمەشدا هێرشە خاچپەرستیەکان سەڵاحەدینی توڕەکرد، ئەرنات ئال شاتیون بەردەوام بوو لە هێرش کردنە سەر کاروانە بازرگانیە موسڵمانەکان و ڕێگەی حەج بە کەشتیگەل لە دەریای سووردا، بۆ ئەمەش سەڵاحەدین کەشتیگەلێکی دامەزراند کە لە ٣٠ کەشتی پێک هاتبوو بۆ هێرش کردنە سەر بەیروت لە ساڵی ١١٨٢ز، ڕیناڵد هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شارە ئیسلامیە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینەی ئەکرد، کە سەڵاحەدین وەڵامی ئەمەی دایەوە بە گەمارۆدانی قەڵای کرک دووجار لە ساڵی ١١٨٣ و ١١٨٤، و ڕیناڵد وەڵامی دایەوە بە تاڵانکردنی کاروانێکی حەج ساڵی ١١٨٥،، پاشان سەڵاحەدین گەڕایەوە بۆ هێرشکردنە سەر عیزەدینی میری موسڵ، بەڵام عیزەدین هاوپەیمانی بەست لەگەڵ ئازەربایجان و شانشینی شاخدا کە ئەمانەش هاوکات بوو لەگەڵ نەخۆشی سەڵاحەدیندا لەبەر ئەوە لە ئازاری ١١٨٦ز ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ بەستن.
 

            شەڕی حەتین

نەخۆشیەکەی پاشا بلدوینی چوارەم زیادی کرد و لە ساڵی ١١٨٥ز کۆچی دوایی کرد و بلدوینی پێنجەم لە جێگەی دانرا، ئەمیش ساڵێکی نەبرد کۆچی دوایی کرد و سیبیلای دایکى دەسەڵاتی گرتە دەست، کە ئەمیش غی ئال لۆزینیانی دەست نیشانکرد بۆ پاشایەتی، لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵاتی غی، جیابوونەوە کەوتە ڕیزی خاچپەرستەکان و فراوان بوون، ژمارەیەک لە فەرمانڕەواکان ناڕازی بوون لە وەرگرتنی دەسەڵاتی غی لەوانە ڕیمۆندی سێیەم خاوەنی تەڕابلس کە ئەمە وایلێکرد بنێرێت بۆ لای سەڵاحەدین و لەگەڵی ڕێبکەوێت کە دژایەتی نەکات و شمشێری لێ بەرز نەکاتەوە، سەلاحەدین ڕۆیشت و لە نزیک تەبریا دابەزی، و خاوەنی تەڕابلس دای بە دەستەوە، کە پاشای فەڕەنجیەکان ئەمەی بیست هەموو سەربازەکانی کۆکردەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی سەڵاحەدین و خاوەنی تەڕابلسیش چووە ڕیزی فەڕەنجیەکان بۆئەوەی ئیشەکەی خۆ دابپۆشێت.
لە ٢٥ تەموزی ١١٨٧ز، خاچپەرستەکان لە نزیک شاخی حەتین دابەزین، بەڵام سەڵاحەدین پێشیان کەوت بۆ ئەوێ و سوپاکەی کۆکردەوە لە بەرزاییەکانیدا لەو شوێنەی ئاوەکە هەڵئەقوڵێت، و ئامادەسازییە جەنگییە قورسەکانی فەڕەنجیەکان هۆکاری دواکەوتنیان بوو، کە گەیشتن هیلاک بوون لە تینوودا، پەلاماری هێزی سەڵاحەدینیان دا و ژمارەیەک لە هەردوو لا کوژران، و لە سەرەتادا خاچپەرستەکان زۆر بە حەماس بوون بۆ بەدەستهێنانی ئاو، لە سەرەتای ڕۆژەکە سەرکەوتن بەڵام لە کۆتایی ڕۆژەکەدا ئەیوبیەکان پەرتەوازەیان کردن، و شەڕەکە چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، خاچپەرستەکان زیانێکی گەورەیان لێکەوت زۆربەی سەربازە لاوەکانیان لە دەستدا و شا غی ئال لوزینیان و براکەی و ئەرناتی خاوەنی کرک و زۆر لە گەورە خاچپەرستەکانی تر بە دیل گیران، بەڵام ڕیمۆندی سێیەم ڕۆیشت برەو شاری سوڕ و تیایدا مایەوە.

لە دوای ئەم سەرکەوتنە سەڵاحەدین دانیشت لە خێمەکەی و فەرمانی کرد بە ئامادەبوونی شاغی و براکەی و ئەرنات، خواردن و خواردنەوەی بۆ دانان، بەڵام سەڵاحەدین سوێندی خواردبوو کە ئەرنات بکوژێت لەبەر ئەوەی زۆری لە موسڵمانان کوشتبوو، داو ئەوەی فەرمانی کرد بە ئامادەکردنی ئەڕنات و داوای لێکرد موسڵمان بێت، ئەو ڕەتی کردووە و سوکایەتی بە پێغەمبەر محەمەدکرد، سەڵاحەدین شمشێرەکەی لێبەرزکردەوە و کوشتی، سەربازەکانی مەیتەکەیان هێنایە دەرەوە و فڕیان دایە بەردەم دەرگای خێمەکە کاتێک شا غی بینی ڕەنگی تێکچوو و وایئەزانی کە ئەویش وای لێئەکرێت، بەڵام سەڵاحەدین پێی وت کە ئەرنات زۆر هەڵەی کردووە بەرامبەر موسڵمانان و ئازاری داون لەبەرئەوە وایلێکردووە، پاشان داوای ئامادەکردنی خێمەیەکی کرد بۆ شا و براکەی و پاسەوانی بۆ دانان، و ناردنی بۆ دیمەشق هەتا تەواوبوونی شەڕ و فەتحی قودس

        گەمارۆی سوڕ و عەککا

 
 

زۆربەی حاکمە فەڕەنجیەکان ڕۆیشتن بۆ شارە بەسەنگەر بەندکراوەکانی وەک ئەنتاکیە و سوڕ کە هێشتا بە دەست خاچپەرستەکانەوە بوون، سوڕ یەکێک لە پاشاکانی ئەوروپا، کونوارد مەڕکیز مۆنفیراتۆ حوکمی ئەکرد و هەروەک سوڕ گرنگیەکی ستراتیژی زیاتری هەبوو لە قودس، لەبەرئەوە وا گومانیان ئەبرد یەکەمجار فەتحی ئەوێ بکرێت، بەڵام سوڵتان سەڵاحەدین بۆ بەرزکردنەوە ورەی موسڵمانان لە پێشدا قودسی گێڕایەوە، پاشان ڕوویکردە قەڵای سەفد و ٧ مانگ گەمارۆیدا تا ناچاری کردن قەڵاکە بدەن بەدەستەوە، سەربازە فڕەنجیەکان ڕۆیشتن بۆ سوڕ، بەم شێوەیە هێزە فەڕەنجیەکان لە سوڕ بەهێز بوون تا توانیان ساڵێک لە بەردەم سەڵاحەدیندا بوەستن، مەڕکیز بە بەردەوامی پێداویستیەکانی شارەکەی دابین ئەکرد لە ڕۆژانی گەمارۆداندا، تا سوڵتان بێ ئومێد بوو گەمارۆی لەسەر لابرد بە ئومێدی ئەوەی لە فرسەتێکی داهاتوودا فەتحی بکات، لە ساڵی ١١٨٨ز شا غی لوزینیانی ئازادکرد. ڕۆیشتن تا لە تەڕابلس بژین پاشان ڕۆیشتن بۆ ئەنتاکیا پێش ئەوەی بڕیار بدەن بڕۆن بۆ سوڕ، بەڵام مەرکیز ڕێگەی پێنەدان لەبەرئەوە دانی نەئەنا بە شەرعیەتی شا غی.

دوای ئەوەی سەڵاحەدین لە سەفەد ڕۆیشت بەردەوام بوو لە فەتحی شار و قەڵاکان، فەتحی جەبلە و لازقیە وقەڵای سەهیون و بکاس و شەغر و سەرمینیە و بەرزیە و دەرب ساک و کرک و کەوکەبی کرد، بوهمەندی سێیەم خاوەنی ئەنتاکیە هەوڵیدا لەگەڵ سەڵاحەدین ڕێبکەوێت بۆ ماوەی هەشت مانگ، سەڵاحەدین قبوڵی کرد بە مەرجێک دیلە موسڵمانەکان بەربدات، دوای ئەوەی فەڕەنجیەکان لە سوڕ کۆبوونەوە، هەندێک لە ڕوهبان و قەسیسەکانیان هەستان بە هاندانی خەڵکەکە لەبەر لە دەستدانی بەیتولموقەدیس، ویستیان هێرش بکەنە سەر عەککا، هێزەکانیان کۆکردەوە و گەمارۆیان دا لە دەریا و وشکنیەوە لە ٢٨ی ئابی ١١٨٩ز، پارێزەرانی شارەکە داوای یارمەتیان لە سەڵاحەدین کرد، ناردی بۆ هاوپەیمانەکانی داوای لێکردن خێرا فریای شارەکە بکەون، سەربازەکانی موسڵ و ئامەد و سنجار و شوێنەکانی تری وڵاتی جەزیرە و حەڕان و ڕەها هاتن بەدەم داواکەیەوە، هەروەک پاشا عادلی برای هات بە دەم داواکەوە سەربازە میسریەکان و کەشتیگەلی میسری بۆ نارد، بەم شێوەیە شەڕی گەرە کەوتەوە لە نێوانیاندا بێ ئەوەی هیچ لایەکیان سەربکەون.

           کۆچی دوایی

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شا ڕیچارد و پەیماننامەی ڕامەڵە دوایین ئیشی سەڵاحەدین بوون، لە دوای ڕۆیشتنی ڕیچارد بە ماوەیەکی کەم سەڵاحەدین توشی نەخۆشی بوو لە ٢٠ی شوباتی ١١٩٣ز، وردە وردە نەخۆشیەکی زیادی کرد تا کۆچی دوایی کرد لە ٣ی ئازاری ١١٩٣ز، بە مردنی موسڵمانان کۆبوونەوە بە تایبەت دیمەشقیەکان زۆری بۆ ئەگریان، نوێژیان لەسەر کرد و زۆر بەداخ بوون بۆی تەنانەت فەڕەنجیەکان بەداخ بوون، نێژرا دوای نوێژی عەسری هەمان ڕۆژ لە نزیک مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق لەلای پاشا نورەدین زەنگیەوە، و کاتێک خەزێنە تایبەتەکانی کرایەوە بینرا ماڵی تەواوی تیا نیە بۆ بەڕێکردنی جەنازەکەی، و هیچ ماڵ و موڵکێکی بەجی نەهێشت و زۆربەی لە خێردا بەخشیبوو.
 

      دەوڵەتی ئەیوبی لە دوای سەڵاحەدین

سەڵاحەدین پێش مردنی دەوڵەتەکەی دابەش کرد لە نیوان کوڕەکانی و ئەندامانی خێزانەکەی، میرنشینی دیمەشقی دا بە ئەفزەڵ نورەدین عەلی کوڕە گەورەی و وەسیەتی بۆ کرد بە دەسەڵات، میسری دا بە عەزیز عوسمانی کوڕی، حەلەبی دا بە زاهیر غازی غەیاسەدینی کوڕی، کرک و شوبک و وڵاتی جعبر و چەند شارێکی تری لای فوڕاتی بە جێهێشت بۆ عادلی برای، حەمای دا بە کوڕی براکەی محەمەد کوڕی تەقیەدین عومەر، و حومس و ڕەحبە و ئەوانی تری دا بە حەفیدی شێرکۆی مامی، یەمەنیش بە زوهەیرەدینی برای، بەڵام ناکۆکی نیوان کوڕەکانی سەڵاحەدین وایکرد کە عادلی مامیان لایبردن و دەوڵەتی ئەییوبی یەکخست لە ژێر ئاڵاکەیدا، وەک ئەوەی سەڵاحەدین پێشتر کردی، عادل خاکەکانی دابەشکرد لە نیوان کوڕەکانیدا و هێشتا لە ژیندا مابوو، بەڵام ئەم برایانە بوو بە ناکۆکیان دوای مردنی باوکیان، لەگەڵ ئەوەی کە خاچپەرستەکان سودمەند ئەبوون لەم ناکۆکیانە، مناڵەکانیشیان لە دوای خۆیان بە هەمان شێوە بوون هەتا (ساڵح ئەیوب) حەفیدی عادل دەرکەوت، جارێکی تر دەوڵەتی سەڵاحەدینی لە ژێر ئاڵای خۆیدا یەکخست، لە دوای مردنی ساڵح ئەیوب تۆران شای کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام مەمالیکەکانی گەلەکۆمەیان لێکرد و کوشتیان بەمەش دەوڵەتی ئەییوبی کۆتایی پێهات و دەوڵەتی مەمالیکەکان دامەزرا.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …