Home / بەشی مێژووی كورد / کوردو ناسیۆنالیزمی کوردی لەماوەی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا

کوردو ناسیۆنالیزمی کوردی لەماوەی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا

مەتین یوکسەڵ*
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

لە سەرەتای چەرخی نوێوە و لە ماوەی سەدەی هەژدەدا، ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکان و چین هێزی سیاسی و ئابووریی سەرەکی بوون لە جیهاندا (فرانک ١٩٩٨، هۆجسن ١٩٧٠). بە شوێنپێ هەڵگرتنی مەسەلەکە تا سەدەی پانزە، سەرهەڵدان و هەڵکشانی هێزی ئەوروپییەکان، دەبینین کە وردە وردە شوێنیان دەگریتەوە و “ڕکابەری و پاڵەپەستۆ دەکات لە سەر کۆڵۆنییەکان و بازاڕ و کەرەستە خاوەکان “لە ماوەی ترۆپکی سەردەمی ئیمپریالیزمدا”، کە دواجار جەنگی جیهانیی یەکەمی لێکەوتەوە (هاڵ، ٢٠٠٨: ٢٨٢). هەر لە جەنگی گەورەوە و لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠کاندا، نزیکەی نەوەد لە سەدی ڕووبەری سەر زەوی لەژێر دەسەڵاتی هێزی ڕۆژئاوادا بوو (لۆمبا، ٢٠٠٥: ١٩ ؛ یۆنگ، ٢٠٠١: ٢)، کە ئەمەش وا لە کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوا و “ئیمپریالیزمی ژینگەیی” دەکات کە پێشتر نموونەی نەبێت لە مێژووی جیهاندا (کرۆسبی، ٢٠٠٩). جیهانی نوێ کە هەژموونی ڕۆژاوای بەسەرەوەیە لەمیانەی ئابوورییەکی جیهانی و سیستەمێکی دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا سەرلەنوێ نەخشەی بۆکێشرایەوە و ئەمەش ماڵوێرانییەکی بێوێنەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا، لە بواری هەردوک ڕووەک و گیانلەبەردا  (گێلڤن،2011: 9).
ئەوروپا،  بێجگە لە سیاسەت و ئابووری، چەقی مێژووشی بۆ خۆی داگیر کردووە.  لە ڕەخنەگرتنی هەژموونی سێنتراڵیزمی ئەوروپی لە مێژوودا دیپش چاکرابارتی ڕۆشنایی دەخاتە سەر “مێژووی وابەستە نەبوونی جیهانی سێهەم بە ڕۆژاواوە”، بە لەچوارچێوەنانی ئەو مێژووە وەک “نایەکسانی لە نەزانی و دواکەوتندا”، (چاكرابارتی، 2000: 28)، کە وا تەماشای خەڵکانی غەیرە ئەوروپی دەکرا گوایە بێ مێژوون (وۆڵف 2010) و لە لاپەڕەکانی مێژوودا بەرگرییان سڕاوەتەوە (ترۆیۆ، ١٩٩٥). بنەمای فەلسەفیی سەنتەریزمی ئەوروپایی و کۆڵۆنیالیزمی ئەورپایی فەیلەسووفانێکی دەرکەوتوو ئامادەیان کردووە وەک جۆرج دەبلیو. ف. هیگڵ. لە دید و بۆچوونی ئەوەوە، ئەفریقا “خاکی منداڵانە” (باك مۆرس، 2000: 859)؛ هەروەها هندییە سوورەکانی ئەمریکا “ڕوون و ئاشکرا زیرەک نین” و “منداڵی ڕۆشنفکر نین” و “هندستانیش مێژووی نیە” (گوها، ٢٠٠٢: ٩، ١٠). بەو پێیە سەبارەت بە هیگڵ “کە خاوەنی سەنتەری ئەوروپایی بنەڕەتییە”، “کۆڵۆنیاڵیزم نەک هەر پاساودارە، بەڵکو پێویستیشە وەک بەشێك لە پرۆسەی دوورودرێژی سەدەکانی گەیشتن بە ئازادی” (ستۆن، ٢٠١٧: ٢٤٨، ٢٥٥).
لەلایەکی ترەوە، گەلە نائەوروپییەکان ستراتیجگەلێکی جیایان داهێنا بۆ بەرگری کە لە شیعر هۆنینەوەوە دەست پێدەکات تا شۆڕشی چەکدارانە دژ بە کۆڵۆنیاڵە ئەوروپییەکان و هاوکارە ناوخۆییەکانیان. ئاشکراترین نموونەش بۆ ئەمەی دواییان بە بێ دوودڵی شۆڕشی ١٧٩١ی هایتییەکانە، کە گەورەترین یاخیبوونی کۆیلەکانە تا ئێستا لە مێژووی جیهاندا. کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوایی مۆدێرن و ڕەنگدانەوە نائەوروپییەکانی بەرەوڕووی ڕەخنەی توند بووەوە لە لایەن دەبلیو. ئی. بی. دوبۆی و ئایمێ سێسێر و فرانز فانۆن و ئەلبێر مێمی و ئێدوارد سەعید و ئێدواردۆ گالیانۆ و نگویجی ثیۆنگۆ و بێڵ هووکس و ئیسماعیل بێشکچییەوە. دەستەیەکی سرووشبەخش و بەرچاوی توێژەران دەستێوەردانێکی هێجگار بەنرخیان کردووە لەسەر فۆرمی جیاجیای پەیوەندیی نێوان    کۆڵۆنیکار و کۆڵۆنیکراو لە ڕۆژاوا و بەولاوەتریش. لەم ڕووەوە دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ نموونەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی عوسمانی (مەقدیسی، ٢٠٠٢)، کۆڵۆنیالیزمی عوسمانی (دێرینگل، ٢٠٠٣ ؛ کوهن، ٢٠٠٣ ؛ میناوی، ٢٠١٦)، پان ئاسیایی ژاپۆنی (ئێزنبێڵ، ٢٠٠٤)، بەڕۆژئاواییبوونی چینی (چێن، ١٩٩٢)، پەروەردەکردن و شیاندنی ڕۆشنبیریی ئاسیایی (دیرلیک، ١٩٩٦) و “داگیرکراوی داگیرکەر” (پاوێڵ، ٢٠٠٣).  بە پشتبەستن بە ئاوها “دنیابینییەکی جیهانی” (فرانک، ١٩٩٨: ١٥) و ڕەخنەی پۆست – کۆڵۆنیاڵ، ئەم بەشە باس و خواسێک دەڕەخسێنێت لەسەر کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی لە ماوەی نێوان دوو جەنگدا. نموونە هێنانەوەی “خەبات و تێکۆشان دژی کۆڵۆنیالیزم … لەلایەن گەلە ڕەسەنەکانەوە لە ناوچە سنوورییەکاندا (یۆنگ، ٢٠٠١ : ٣ – ٤؛ هەروەها بڕوانە دیرلیک، ٢٠٠٢: ٤٣٩)، مەسەلەی کورد بەپێی چەمکگەلی وەک “کۆڵۆنیی نێودەوڵەتی” تاقیکراوەتەوە (بێشکچی، ١٩٩٠؛ موحەممەدپوور و سولەیمانی، ٢٠١٩)، “کۆڵۆنیی ناوخۆیی” (گوینەش و زەیدانلیئۆغڵوو، ٢٠١٤؛ کورت، ٢٠١٩؛ سولەیمانی و موحەممەدپوور، ٢٠١٩)، “کۆڵۆنیی دایکانە” (تورکیلماز، ٢٠١٦) و “کۆنتراکتی تورکبوون” (ئونڵوو، ٢٠١٨)١. قەناعەتی بنەڕەتیی ئەم بەشە ئەوەیە کە ناکرێ مێژووی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش شی بکرێتەوە بە بێ ڕەچاوکردنی دروستکردنی جیهانی نوێ لەلایەن کۆڵۆناڵیزمی ئەوروپی و ڕواڵەتە “ناوخۆییە” جۆراوجۆرەکانیەوە.  پێش دەستبەکاربوون لە ڕووپێوییەکدا بۆ پەرەسەندنە سەرەکییەکانی ماوەی نێوان دوو جەنگ، پێویستە ڕۆشنایی بخرێتە سەر چەندین سەرنج و تێبینی. یەکەم، ئەوە بوو کە جەنگی جیهانیی یەکەم کۆتایی بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان هێنا (ئەندەرسن، ١٩٩١: ١١٣) و بواری ڕەخساند بۆ هەژموونی پرەنسیپی سیاسی ناسیۆنالیزم کە دروشمی یەکسانی و وەکیەکیی هەڵگرتووە لەنێوان مەسەلە سیاسی و نەتەوەیی/ نیشتمانییەکاندا (گێلنەر، ١٩٨٣: ١). لەم دۆخ و سەروبەرگرتنە سیاسییە نوێیەدا کوردەکان کەوتنە ئەو بارەوە کە لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا و یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوودا بژین. ئەوان بەزۆری وا تەماشا دەکران کە نەکوڵۆک و نەگونجاون لەگەڵ دەوڵەتدا و بەو پێیەش ئاژاوەگێڕن. بە پێی ماندێتی بەریتانی لەنێوان ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٢دا، عێراق وەک کەمینیەکی ئیتنیکی دانی بە کوردەکاندا ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بژارەیەی بەریتانیا بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی عەرەبیی هەڵبژاردە لە ئەفسەرە سونییەکان و کەسایەتییە شارستانییە ناودارەکان (سڵاگلێت، ٢٠٠٧: ٥) بوو بە هۆی بەردەوامیی ململانێ لەنێوان کوردەکان و دەوڵەتدا. بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سووریا بەتوندی کۆنترۆل کرابوو لەلایەن ماندێتی فەرەنسیی تائیفیی (سێکتاریزمی) سەر بە کریستیانەکانەوە. یەکێتیی سۆڤیێت، کەوا کەمترین ژمارەی کوردی بەرکەوتبوو یەکەمجار بە “نەتەوەیەکی بچووک” وەسفی دەکردن، بەڵام دواتر بە “نەتەوەیەکی دژ” پۆلینی کردن.لە نێو ئەم پێنج دەوڵەتەدا تورکیا و ئێران زیاتر دەرکەوتوون لەسۆنگەی ئەو هاوشێوەییەی کە لە نێوانیاندایە سەبارەت بە بە سیاسەتەکانیان دەرهەق بە کورد. بێگومان ئەوە ئێران و تورکیان کەوا گەورەترین ژمارەی کوردیان تیدایە لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا و نکووڵی لە شوناسی کورد دەکەن و زۆر بەتوندی پەیڕەویی سیاسەتەکانی نکووڵی کردن و تواندنەوە و سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی زۆرەملێ دەکەن. بەگشتی ئەوە سەلمینراو و قبووڵکراوە کە یەکەم شۆڕش و بەرخودانی کورد کەوا ڕەهەندی نیشتمانیی بووبێت (ئۆڵسن، ١٩٩١؛ ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ٣٣٠ [n. 2])٢، شۆڕشی ساڵی ١٨٨٠ی شێخ عوبەیدوڵڵا بووە، کە لەسەر سنووری ئێران و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی هەڵگیرساوە. ڕەزاشا لەو تاقە سەردانەی دەرەوەیدا کە بۆ تورکیا کردی٣ ئەتاتورکی کردە مۆدێلێک بۆ بەرنامەی نوێکردنەوەکەی (کێددی، ٢٠٠٣: ٩٢). بە هەمان شێوە ستێفانی کرۆنین تێبینیی ئەوە دەکات، کە وەک مستەفا کەمال ئەتاتورک، “رەزاشایش هەستەوەرییەکی تایبەتی هەبووە لەوەی کە وێنەی وڵاتەکەی لای ڕۆژاوا بە شێوەی چۆلەوانی و خێڵی کۆچەر بکەوێتەوە و ئەمەش بەتایبەتی نیگەرانی دەکرد کە لای گەشتیارە ئەوروپییەکان وا کەوتووەتەوە” (کرۆنین، ٢٠٠٩: ٣٦٤ – ٣٦٥).   دووەم، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا نەک هەر لە ڕووی سیاسییەوە پێکدەهات و گەڵاڵە دەبوو بەڵکوو لە ڕووی ئابووریشەوە هەر وابوو.لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵی ئابووریی پیشەسازیی سەرمایەداریی جیهانی کرا کە چەقی ئەوروپای ڕۆژئاوا بوو. لەو دەمەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وردە وردە تێکەڵ بەم ئابوورییە جیهانییە کرا وەک دابینکارێکی کەرەستەی خاو و هاوردەکارێکی بەرهەمە پیشەسازییەکانی ڕۆژاوا (ئیساوی، ١٩٨٢). ئەو ئیمتیازە ئابورییانەی دەبەخشرانە بازرگانە ڕۆژاواییەکان هاوکار بوون لەوەی کە پیشەگەر و بازرگانە ناوخۆییەکان لاواز ببن و گڵۆلەیان بکەوێتە لێژی، کە بە ڕۆڵی خۆیان بزووتنەوە نەتەوایەتییەکانیان بەهێز دەکرد لەپاڵ چەسپاندنێکی توندی سنوورە    ئیتنیکی و تائیفییەکاندا.  پەیدابوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە هۆی ئەوەی بواری قاچاخی چالاکیی سەرەکیی ئابووری بێت لە دۆخ و سیاقی کورددا.  مارتن ڤان بروونەسن ئەم پرۆسەیە ناودەنێت بە پەیدابوونی پیشەی قاچاخچێتی، کە وای مەزەندە دەکات ریزبەندیی سێهەمی وەرگرتبێت لە ئابووریی کوردیدا، لەپاش کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردن (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٩٠).  سێهەم، نە کوردەکان و نە دەوڵەتە تازە دروستبووەکان هاوچەشن و قەوارەی جێگیر و چەسپاو نەبوون. کوردەکان بە پێی هەل و مەرجی شار و دێهات، چینی کۆمەڵایەتی، جەندەر، زمان، ئاین، ئایدیۆلۆجی و خێڵ دابەش بووبوون. هەروەها توانەوەی لەسەرخۆ و قۆناخ بە قۆناخیان لە دەوڵەت – نەتەوە تازە دروستبووەکاندا چینێکی تری دابەشبوونی خستەسەر. بە هەمان شێوە ساڵانی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیش ماوەیەک بوو کە هێشتا سنوورەکان تێیدا دەڵەمە بوون و بەتەواوی نەچەسپیبوون. لەکاتێکدا کە کێشەی مووسڵ لە ساڵی ١٩٢٦دا چارەسەر کرا، بەڵام سنووری تورکیا و ئێران لە ساڵی ١٩٣٢دا ئەم شێوەیەی ئێستای وەرگرت. سنووری سووریا و عێراقیش گۆڕانکاریی بەسەردا هات کاتێ کە ناوچەی سنجاری کوردنشین درا بە عێراق بە پێی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٣٣ی نیوان سووریا و عێراق (تێجێل، ٢٠٠٩: ١١). مەسەلەی سنووری ئێران – عیراقیش لە ساڵی ١٩٣٧دا بەتەواوی جێگیر بوو (تریپ، ٢٠٠٠: ٩٠)، لەکاتێکدا کۆماری هەتای لە دوادوایی ساڵی ١٩٣٩دا بوو بە بەشێک لە تورکیا (مەبەستی ویلایەتی ئەسکەندەروونەیە کە دەبوو بخریتە سەر سووریا – وەرگێڕ).  چوارەم، ماوەی نێوان هەردوو جەنگەکە خاسییەتی شۆڕش و یاخیبوونی چەکدارانەی کوردی لەخۆگرتبوو لە تورکیا و ئێران و عێراقدا. بەزۆری ئەم شۆڕش و یاخیبوونانە جموجووڵی ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکان بوون کەوا فرەجار لەلایەن شێخەکان و سەرۆک خێڵەکان و مەلاکانەوە سەرکردایەتی دەکران یان ڕێکدەخران، بێجگە لەوە لەلایەن ئێنتێلێجێنتسیا (ڕووناکبیران) و ئەفسەرانی لە ڕۆژاوا خوێندووشەوە رابەرایەتی دەکران. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت کاردانەوەی کورد کەم بکرێتەوە تەنها بۆ ڕاپەڕینە چەکدارییەکان لەدژی دەسەڵاتە زاڵ و باڵاکان، چونکە هەندێ لە خێڵ و هۆز و تاکەکەسانیش هاوکاریی دەوڵەتیان دەکرد (هامێلینک و باریس، ٢٠١٤: ٤٨). بۆ نموونە، عادیلە خانمی سەرۆکی هۆزی جاف، کە یەکێک بوو لە سەرۆکە دڵسۆزەکان بۆ بەریتانییەکان، چووە پاڵ بەریتانیا لەدژی شێخ مەحموود کاتێ کە خۆی وەک مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند (ڤان بروونەسن، ٢٠٠١: ٩٦ – ٩٧).  پێنجەم، چوار ئەکتەری کارای حکوومی و ناحکوومی هەن کەوا دۆخ و سیاقی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری پێکدینن بە ڕەچاوکردنی: بەریتانیا و   فەرەنسا و کۆمەڵەی گەلان؛ دەوڵەتە تازە دروستبووەکانی تورکیا و ئێران و یەکێتیی سۆڤیێت؛ دەستەبژێری “نەریتی” و مۆدێرنی کورد و خەڵکی هەڕەمەکیی کورد. پێویستیش نییە بوترێت کەوا ئەم چوار پۆلێنکردنە بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت کە بلۆکێکی هاوچەشن و پتەو پێکدێنن. بۆ ڕوونکردنەوەش، دەتوانیت بۆچوونی دژبەیەک لەنێوان بەرپرس و کاربەدەستانی پایتەختەکان و ئەوانەی لەجێدان و لەسەر زەوی ببینیت. خاڵی شەشەم، لەبارەی پێویست بوونەوەیە بە تێگەیشتنێکی وردی بەرگریی کورد، کە بەزۆری پەیوەستە بە شۆڕش و یاخیبوونە چەکدارییەکانەوە. پێدەچێت ئەم تەرکیز کردنە گونجاو نەبێت چونکە ئەو ڕێگایانە ڕەچاو ناکات کە خەڵکە ئاساییەکە کاردانەوەیان لە بەرانبەردا سەپاندنی سنوور و شوناس و زمانە نیشتمانییەکاندا هەیە. بۆ نموونە، لە شۆڕشی چیای ئاراراتدا، ئافرەتان تەنها لە پشتی هێڵی بەرەی شەڕەوە هەلهەلەیان نەکێشاوە (یوکسەڵ، ٢٠١٦: ٦٦٦)، بەڵکو چالاکانە بەشداریش بوون لە پێکدادانی چەکداریدا (فۆربێس، ١٩٣١: ٢٦٤). کوردەکان لە عێراقدا، بێجگە لە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لە مانگی ئەیلوولی ١٩٣٠دا (حەسەنپوور، ١٩٩٢: ١٠٩)، ژمارەیەک برووسکەی ناڕەزاییان نارد بۆ کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٣٠دا، سەبارەت بە مافەکانیان (سڵاگلێت، ٢٠٠٧ : ١٢٩ – ١٣٠). دواجاریش، هێزە ئەوروپییەکان و دەوڵەتان و دەستەبژێرە کوردەکان شەڕی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی کوردبوونیان دەکرد. بۆ نموونە، رووناکبیرانی کورد لە ڕێگەی پەندی پێشینانەوە داواکاریی نەتەوەییان دەردەبڕی لە جۆرناڵی ژینی کوردیی عوسمانیدا لە دوادوایی ساڵی ١٩١٨ و سەرەتای ١٩١٩دا (کڵەین، ٢٠٠٠). لەلایەکی ترەوە، ناسیۆنالیستە تورک و ئێرانی و عێراقییەکان “ڕکابەرییان دەکرد بۆ تێکەڵ کردن و تواندنەوەی کوردەکان لە نێو ئایدیۆلۆجییە ناسیۆنالیستییەکانی خۆیاندا (ڤیجدانی، ٢٠١٥: ١٣٣). لەکاتێکدا کەوا کوردەکان لە تورکیادا بە “تورکی شاخاوی” ناودەبران (ئەلفینستن، ١٩٤٩: ٩٧)، لە ئێراندا وا تەماشا دەکران کە ئێرانیی ڕەسەنن و بە درێژایی مێژوو بەرگرییان لە ئێران کردووە دژ بە داگیرکەرانی بێگانە (ڤیجدانی، ٢٠١٥: ١٣٣)، ئەمە و ئەگەر یەک لە “ڕەگەزە خێڵەکییەکانی” ئێران نەبووبێتن (وێننەر، ١٩٦٣: ٦٩). بەڵام بەریتانی و فەرەنسییەکان کوردیان وەک خێڵە سەرەتاییەکان دەبینی و یەکێتیی سۆڤیێتیش وای ڕیزبەند کردبوون کە یەکێکن لەو “گەلانەی لە ڕووی کولتوور و فەرهەنگەوە دواکەوتوون”.  تورکیا پەیماننامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠خاکی جارانی دەوڵەتی عوسمانیی لە نێوان هاوپەیماناندا دابەش کرد٤ و داوای دروستکردنی دەوڵەتی بۆ کورد و ئەرمەن کرد. لە ساڵی ١٩١٩ش بەملاوە، مستەفا کەمال جەنگی ڕزگارکردنی تورکیای ڕێکخست دژ بە داگیرکردنی ڕۆژاوا، شان بە شانی جەنگی جیهانیی یەکەم، جەنگی سەربەخۆیی تورکیا بوونی دانیشتوانی گریک و ئەرمەنی لە ئەنەدۆڵدا کۆتایی پێهێنا (گينگێراس، 2011). لێرەدا جێی سەرسوڕمان نییە کەوا ئەو نامانەی مستەفا کەمال لە ساڵی ١٩١٩دا ناردنی بۆ سەرۆکە کوردەکان  و ئاماژەی  بۆ  “هەڕەشەی ئەرمەن” کردووە و ئەمانی بە هۆکاری ڕزگارکردنی سەڵتەنەت و خەلافەت داناوە (ئەتاتورک، ٢٠٠٠: ٩٣٧ – ٩٤٥). مستەفا کەمال، لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆیدا پێش ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٣دا، دەڵێ:”بەپێی دەستوورمان، جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی دەبێ بدرێت. بەو جۆرە، ئەو ویلایەتانەی کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە بە شێوەیەکی سەربەخۆیی حوکمی خۆیان دەکەن … ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە نوێنەرانی هەردوک کورد و تورک پێکدێت و ئەم دوو گەلە بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان یەکخستووە (یادرگی، ٢٠١٧: ١٦٣)”.هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە ساڵی ١٩٢٤دا لەلایەن کەسایەتییە دیندار و ناودارەکانی کوردەوە وا لەقەڵەمدرا کە “کۆتایی ئەو تاکە زەمینە هاوبەشەیە کەوا لەنێوان کورد و تورکدا ماوەتەوە (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٨: ٣٣٨). ئەوجا بە دوای ئەمەدا، ژمارەیەکی زۆری شۆڕش و یاخیبوونی کورد بەرپاکرا لە ساڵی ١٩٢٤وە بۆ ساڵی ١٩٣٨. مەتی تۆنجای تێبینیی ئەوە دەکات کەوا ناوچەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوان ساڵانی ١٩٢٤ و ١٩٣٨دا لە حاڵەتێکی هاوشێوەی جەنگی ناوخۆییدا بووە (تونجای، ١٩٩٩ : ١٣٤). سێ ساتەوەختە گرنگەکە بریتی بوون لە شۆڕشی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥دا و شۆڕشی چیای ئاراراتی ساڵی ١٩٢٧ – ١٩٣٠ و “دامرکاندنەوەکەی” ناوچەی دەرسیمی ساڵانی ١٩٣٦ – ١٩٣٨. لە ساڵی ١٩٢٣دا “دەستەبژێری شار و ئەریستۆکراتە خۆشگوزەرانەکان و ڕۆشنبیران و گەورە کاربەدەستانی ئەستەمبووڵ و هەندێ کەسایەتیی ئاینی” هاوشان لەگەڵ “ئەفسەرانی سوپادا”، “جڤاتا ئازادیی کورد” (کۆمەڵەی ئازادیی کوردیان) دامەزراند و هاوکاریی ئامادەسازیی شۆڕشی شێخ سەعیدیان کرد (هیچنس، ٢٠١٨: ٢٥ – ٢٦). شۆڕشەکە لە ماوەی دوو مانگدا تێکشکێنرا و شێخ سەعید و سەرکردەکانی لە حوزێرانی ١٩٢٥دا لە دیاربەکر لەسێدارە دران. لە ماوەی دادگایی کردنیاندا ئەحمەد سورەیا ئۆرگیڤرنی داواکاری گشتی، ئیسمەت ئینۆنۆی سەرۆک وەزیرانی ئاگادار کردەوە لەبارەی بۆچوونیەوە سەبارەت بە دەستەبژێری سیاسیی کورد و دەڵێت: “ئەوە پیرۆزترین ئامانجی ئەم ڕۆحەیە کە بمرێت یان بکوژرێت. بەو پێیە تەواوی ئەو کەسە زیانبەخشانەی دەکرێ ببنە سەرکردە لە کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک نابێ ببەخشرێن” (ئەنگۆر، ٢٠١١: ١٣٠). لەکاتێکدا کە شەپۆل لە دوای شەپۆلی ئەو کورد و ئەرمەنانەی مابوونەوە هەڵدەهاتن بۆ ناوچەی جەزیرەی سووریا (ئەڵتوغ، ٢٠١١: ٧٥)، ئەوە هەزارانیان سەرلەنوێ نیشتەجێ دەکرانەوە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیادا.   شۆڕشی چیای ئارارات (لە ئەدەبیاتی کورددا زیاتر بە شۆڕشی ئاگری داغ باس دەکرێت – وەرگێڕ) لەلایەن ڕێکخراوی خۆیبوونی نەتەوەییەوە ڕێکخرابوو کە بنکەکەی لە سووریا بوو. شۆڕشەکە لەسەر سنووری تورکیا و ئێران    بەرپاکرا و بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی هەردوو دەوڵەت لەناوبرا. عیسمەت ئینۆنۆی دووەم سەرۆک کۆماری تورکیا، شۆڕشی چیای ئارارات بە “بزووتنەوەیەکی کوردستانی” ناودەبات (یوکسەڵ، ٢٠١٦: ٦٦٠). سێهەم بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لە دەرسیم بەرپابوو. لە کاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا لە دەرسیم ساڵانی ١٩٣٦ – ١٩٣٨، هەزاران کەس کوژران و هەزارانی تریش ڕاگوێزران بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیا و لەوێ سەرلەنوێ نیشتەجێ کرانەوە (بێشکچی، ١٩٩٢). ئەو کچەی کە ئەتاتورک بە منداڵی هەڵیگرتبووەوە، بە ناوی سەبیحە گوێکچەن، یەکەم ژنی فڕۆکەوانی سەربازیی تورکیا بوو و یەکەم فڕۆکەوانی جەنگیش بووە لە جیهاندا، کە ئەمیش چالاکانە بەشداری کردووە لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا (ئاڵتينای، 2004: 33- 58).دەوڵەتی تورکیا، لەپاڵ پرۆژە سەبازییەکەیدا، هەوڵی ئەوەشی دەدا کە سەرلەنوێ مەسەلەی کوردبوون و تورکبوون دابڕێژێتەوە. لە دوای چەندین مانگ لە سەرکوتکردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعید نەخشە و پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵات ئامادە کرا (شەرق ئیسڵاحات پلانی). پلانەکە کۆمەڵێکی بەرفراوانی ئیجرائاتی خوێندن و فێرکردن و دیمۆگرافی و کارگێڕیی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە کەوا لەو ناوچانەدا جێبەجێ بکرێت کە کوردیان تێدا نیشتەجێ بوو (بەیراک، ٢٠٠٩). ئەوجا لەبەر ئامانجی گشتگیری بە تورککردنی پلانەکە، مەسعوود یەغەن بە شێوەیەکی گونجاو ناوی دەنێت “دەقی ڕێنماییکاری کۆمار لە سیاسەتە کوردییەکەیدا” (یەغەن، ٢٠٠٩: ١٤). ئاراسی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نۆڤەمبەری ١٩٣٠دا بە نوێنەرانی بەریتانیی کۆمەڵەی گەلانی وتووە لە جنێڤ لەبارەی “ئەگەری بوونی کۆڵۆنی کردنێکی تورکیی چڕەوە لە پاشەڕۆژدا بۆ خنکاندنی کورد لە ناو ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی تورکدا” (یادیرگی، ٢٠١٧: ١٨٠). سەرباری ئەوەش، زمانی کوردی بەئاشکرا قەدەغە    کرا و کورد بە بەشێک لە گەلی تورک لەقەڵەم درا (ئایتورک، ٢٠١١: ٣١٢).   سەبارەت بە بنیاتنانی تورکبوون، کۆماری کەمالی هەوڵی ئەوەی دەدا نەتەوەیەکی تورکیی هەموار و هاوچەشن دروست بکات و بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵەی مێژووناسیی تورک و کۆمەڵەی زمانی تورکی دامەزران و ئەلفبێی لاتینی بۆ زمانی تورکی قبووڵ کرا. هەروەها بوارەکانی مێژوو، ئەنسرۆپۆڵۆجی و ئارکیۆلۆجیش بڵاوکرایەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەگەز و کولتوور و مێژووی تورک (بێشکچی، ١٩٩١؛ هۆستۆن، ٢٠٠٩؛ مەقسوودیان، ٢٠١٦). “تێزی مێژووی تورک          ” و “تیۆریی زمانی خۆر Sun – Language Theory” پێدەچێت کاری خۆیان کردبێت بۆ سەرکەوتن بە سەر گرێی کەمیی لە بەرانبەر ڕۆژاوادا لە ڕێگەی سەلماندنی ئەوەوە کە ڕەگەزی تورک دامەزرێنەری شارستانییەکانە (فانۆن، 1967). ئافێت ئینان یەکێک بووە لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی پەرەپێدانی تێزی مێژووی تورک. ئەم خانمە مامۆستای مێژوو بووە و لە ساڵی ١٩٣٩دا لە زانکۆی جنێڤ بە سەرپەرشتیی ئیوجین پیتارد دکتۆرای وەرگرتووە (ئەتاکومان، ٢٠٠٨: ٢٢٣، ٢٢٥). لە نمایشێکیدا کە لە یەکەم کۆنگرەی مێژووی تورکیادا بەڕێوەچوو، لە ٢ – ١١ی تەمووزی ١٩٣٢، ئینان تێبینیی ئەمەی خوارەوەی کردووە: “ڕەگەزی ڕاستەقینەی دایکی ئەو گەلە شارستانییانەی بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە تورکە (ئەتاکومان، ٢٠٠٨: ٢٢١). لە ماوەی شۆرش و یاخیبوونەکاندا، وا تەماشای کوردبوون دەکرا وەک ئەوەی نوێنەرایەتیی دڕندەیی و دواکەوتوویی بکات لە بەرانبەر ئیتنیکی تورکیدا کە وا تێیدەڕوانرا نوێنەرایەتیی شارستانییەت و شۆڕش دەکات (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٢: ٤٤٨). بەو پێیەش، “نکووڵی کردن و سەرکوت کردنی شوناسی ئیتنیکیی کورد” وا لێکدەدرایەوە کە “پێویستییەکی نیشتمانی و شارستانییە” (زەیدانلی ئۆغڵوو، ٢٠٠٨). لە ساڵی ١٩٢٨ و سەرەتایەکی زووی کۆماری تورکیادا، لە لایەن خالیدە ئەدیبەوە ڕۆمانێک بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی Zeyno’nun O˘glu واتە (کوڕەکەی زەینۆ)، کەوا کارێکی ئەدەبیی دەرکەوتوو بوو لەم بوارەدا و ئەو ڕووداوانە باس دەکات کە لە دیاربەکردا ڕوویانداوە لەپێش شۆڕشەکەی شێخ سەعیددا. ڕۆمانەکە لە گەلێ شوێندا کورد دەشوبهێنێت بە ئاژەڵ (ئەدیڤار، ٢٠١٠). لەکاتێکدا وتارێک لە ڕۆژنامەی جمهوورییەتی ڕۆژانەدا لە ١٣ی تەمووزی ١٩٣٠دا بڵاوکراوەتەوە، کە کورد بە هاوشانی “ئاژەڵی ئاسایی” و “بەربەرییە ئەفریقییەکان” دادەنێت (ئونگۆر، ٢٠١١: ١٤٨؛ هەروەها بڕوانە ئوێزبیلگە، ٢٠٢٠: ٨٩ – ١٤٠)، زنجیرەیەک نووسین و وتار بڵاوکراوەتەوە لەلایەن یوسف مەزهەری ڕۆژنامەنووسی نەتەوەپەرستەوە لە هەمان ڕۆژنامەدا لە ئابی ١٩٣٠دا کە   باس و خواسی زۆری پێیە لەبارەی کوردەوە و نووسیوێتی: “هەرچەندە ڕەنگە ئەوان بەهێز و بەتواناتربن لە سوورپێستەکانی ئەمریکا، بەڵام تا بڵێی دڵڕەق و بە خوێن تینوون و لەمەدا مێژوو شایەتمە … ئەوان بەتەواوی بێبەرین لە هەستی ئەرێنی و مۆراڵی شارستانی و ئەوە چەندین سەدەیە ئەمانە درم و پەتان بۆ ڕەگەزی ئێمە … ئەمانە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا نەیاندەهێشت لە چیاکان دابەزنە خوارەوە، چونکە هیچ ژیانێکی مرۆڤانە و شارستانییان نەدەگوزەراند و بەو پێیە ئەم مەخلووقانە بەڕاستی هیچ مەیل و خواستێکیان نیە کە سوود لە شارستانییەت ببینن… بە ڕای من ڕۆحی تەڵخ و تاریک و حاڵەتی ئەقڵیی کرچ و کاڵ و خوو و ڕەوشتی بەدی ئەم بۆرە کوردە مەحاڵە چاک ببێت (ئونگۆر، ٢٠١١: ١٨٤)”
سدیقە ئاڤاری بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی ئێلازیغ بۆ کچان، چووە پاڵ بەرەی ئەدەبی و ئایدیۆلۆجی و میلیتاریی ژنانی تورکی وەک خالیدە ئەدیب و ئافێت ئینان و سەبیحە گوێکچەن. ئەو هەر دوابەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دەرسیم، ئینستیتیوتی ئێلازیغی بۆ کچان کردەوە بۆ بەشارستانی کردن و بەتورککردنی کچانی دەڤەری دەرسیم. کاتێ ئەم پرۆژە تایبەتە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بەراورد لەگەڵ قوتابخانە زۆرەملێکانی کچانی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئوسترالیا و ئەمریکا، زەینەب تورکیلماز ڕاوبۆچوونی وابوو کە سدیقە ئاڤار نموونەیەکی ڕەسەنی ژنە قارەمانێکی نەتەوەییە لە “پرۆژە سیمبۆڵییە توندوتیژەکەی کۆڵۆنیالیزمی دایکایەتیدا” (تورکیلماز، ٢٠١٦: ١٦٢).

 


ئێران
لە سەدەی نۆزدە و بەملاترەوە، ڕووسیا و بەریتانیا بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لە ئێراندا هێندە بەهێز بوو کە وایکردبوو سەربەخۆیی ئێران “تەنها هەر بە فەرمی بێت” (کێددی، ٢٠٠٣:٣٤، لە بنەڕەتدا جەختی لەسەر کراوە). دەسەڵات گرتنەدەستی ڕەزاشا لە نیوەی یەکەمی ١٩٢٠کاندا لەگەڵ ماوەیەکدا یەکدەگرێتەوە کە دەسەڵاتێکی سیاسیی ناوەندی لەئارادا نەمابوو٥. بۆ نموونە، سەرکردەی بەلووچ دۆست محەممەد خان سکەی پارەی بە ناوی خۆیەوە لێدابوو (کرۆنین، ٢٠٠٩: ٣٦٤). پێدەچێت ئەمەش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی ڕەزاشا بەتوندی پابەندی ناوەندێتی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی بووبێت (پەهلەوی، ١٣٨٦ / ٢٠٠٧).
گرنگترین بزووتنەوەی کوردی لە ئێراندا لەلایەن ئیسماعیل ئاغای شکاکەوە، کە بە سـمکۆ ناسرابوو، سەرکردایەتی کرا و سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکیی شکاک بوو (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٧٤ – ٧٥). ئامانجی سمکۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی جەعفەر ئاغای برا گەورەی بوو کە “تەرمەکەیان پارچە پارچە کرد و بە دەروازەی سەربازگەی شاردا هەڵیانواسیبوو” (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٨٢). سمکۆ لای کورد بە سەرۆکێکی جەربەزە و گرنگ دادەنرا و بە هەمان شێوەش لەلای حکوومەتەکانی سۆڤیێت و تورکیا و ئیرانیش (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٧٥). سمکۆ، کە لە ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢٢حکوومەتێکی سەربەخۆی دامەزراندبوو لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری دەریاچەی ورمێدا و سوپایەکی بەهێزی پیکەوەنابوو و چەندین جار ڕووسیا و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی بەزاندبوو. هەروەها پەیوەندییەکی بەردەوامی هەبوو لەگەڵ کەسایەتییە کوردە کاریگەرەکانی وەک شێخ تەهای کوڕەزا و جێگرەوەی شێخ عوبەیدوڵڵا. لە ساڵی ١٩١٨دا لەگەڵ مار شەمعوونی سەرۆکی ئاشوورییەکاندا کۆبووەتەوە بۆ قسەکردن لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی داهاتوویان دژ بە تورکیا و ئێران بەڵام لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا مار شەمعوون و هەر سەد و پەنجا پیاوەکەی کوشتووە (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٧٦ – ٧٧). سمکۆ هەفتەنامەیەکی بە زمانی کوردی و فارسی دەرکردووە بە ناوی ” کورد” (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٨٠ – ٨١). ئامانجە نەتەوەییەکانی سمکۆ دەکرێت لەم سەرنج و تێبینییانەی خوارەوەدا ببینرێن:
“بڕوانە چۆن نەتەوە بچووکەکانی جیهان، کە بە قەد چواریەکی قەبارەی خێڵە کوردەکان نابن، سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتووە لە حکوومەتە گەورەکانی وەکو ئەڵمان. ئەگەر ئەم گەلە مەزنەی کورد مافەکانی خۆی لە ئێران وەرنەگرێت، ئەوە مردنی زۆر باشترە لە ژیان و خۆ ئەگەر حکوومەتی ئێران ئەو مافە بدات یان نە ئەوە ئێمە کوردستان دەکەینە دەوڵەتێکی سەربەخۆ (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣: ٨٥ – ٨٦)”.
هەوڵدانی یەک لە دوای یەکی سمکۆ بۆ گێڕانەوەی هێز و دەسەڵات نەهاتە بەر و لە ساڵی ١٩٢٩دا لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بانگهێشت کرا و لە بۆسەیەکی دەوڵەتیشدا کوژرا (ڤان بروونەسن، ٢٠٠٦: ٩١).
دووەم بەرەنگاربوونەوەی گرنگی چەکدارانە، شۆڕشی چیای ئارارات بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئیحسان نوورییەوە سەرکردایەتیی دەکرا، کەوا ئەفسەرێکی پێشتری عوسمانی بوو. ڕێکخراوی نەتەوەیی خۆیبوون لەلایەن دەستەبژێرانی “نەریتی” و مۆدێرنی کوردەوە ساڵی ١٩٢٧ لە بەیروت دروستکرا (تێجێل، ٢٠٠٩: ١٧). کۆمەڵەی خۆیبوون، شانبەشانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە حکوومی و ناحکوومییەکاندا و بە دیاریکراویش ئۆپۆزسیۆنی ئەرمەنی و تورکی لە سووریادا، “بوو بە ئەکتەرێکی بنەڕەتیی هەرێمی لە ماوەی شۆڕشی چیای ئاراراتدا (گۆرگاس، ٢٠١٤ : ٨٤٦ ؛ بە هەمان شێوەش بڕوانە ئەڵەکۆم، ٢٠١١). هەروەها لەم شۆڕشەدا سەرکردەی ئەفسانەیی وەک فەرزەندە بەشدار بوون کە بەیت و باوی دەماودەمی لەبارەوە دەهۆنرایەوە. شۆڕشی ئارارات بە شێوەیەکی تایبەتی یەکلاکەرەوە بوو و سنووری ئەمڕۆی نێوان تورکیا و ئێران ئەنجامی ئاڵوگۆڕی زەویی نێوان هەردوو لا بوو بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی یاخیبووان بکەن. بێجگە لەوەش، تورکیا و ئێران هاوکاریی یەکتریان دەکرد بۆ سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەی ئەو کوردانەی لەسەر سنوورەکان و لە ناوچەکانی ناوەوە دەژیان، بۆ ئەوەی ڕێگە لە “کێشەی” زیاتر بگرن (پەهلەوی، ١٣٨٦ / ٢٠٠٧: ٢٢٥، ٢٢٨ – ٢٢٩، ٢٣٣، ٢٤٦، ٢٤٧، ٢٤٩). لەولاشەوە سۆڤیێتیش هێزەکانی خۆیان لە بەرانبەر چیای ئاراراتدا مۆڵ دا بۆ دڵنیابوون لەوەی کەوا کوردەکان ناپەڕنەوە بۆ ناو خاکی ڕووسیا (یوکسەڵ، ٢٠١٦: ٦٦١). دواجار هەر تەنها سەرکردەکانی شۆڕشەکە دوور نەخرانەوە و زیندانی نەکران، بەڵکو ژنەکانیشیانی گرتەوە و لەوانە روبابیی ژنی برۆ حەسۆ و بیسرای ژنی فەرزەندە و منداڵەکانیشیان خرانە ژێر چاودێرییەوە لە ئێران (بەیات، ١٣٤٧ / ١٩٩٥ : ١٧٩ – ١٨٠).
هەروەها ڕاپەڕینی تریش بەرپاکران لە مەودا و ئاستی بچووکتردا. لە کانوونی دووەمی ١٩٢٩دا، بە دەوری باشووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێدا، سەرکردەیەکی ئاینی بە ناوی مەلا خەلیل دەستی دایە چەک و ڕاپەڕی. ئەم شۆڕشەی مەلا خەلیلیش کە پان کوردی و نەتەوەیی بوو. ڕاپەڕینەکە کە مەزەندەی هێزەکەی بە پانزە هەزار پیاو دەکرا لە کانوونی دووەمدا (کرۆنین، ٢٠٠٧ : ١١٦)، تا حوزێرانی ١٩٢٩ بەردەوام بوو و پاشان هاتە کۆتایی، چونکە زەخیرە و فیشەک و تەقەمەنیی هاتە کەمی و پشتیوانیی بەرفراوانیشی نەبوو (کرۆنین، ٢٠٠٧ : ١١٦).
بڕێکی ڕوولەزیادی باس و توێژینەوەی ڕەخنەگرانە لەبارەی مێژووی نوێی ئێرانەوە هەیە، کە لە دروستبوونی ئێرانی نوێ دەدوێت لە پەراوێزەوە. توێژینەوەکان پەردە لەسەر دیاردەی جۆراوجۆری ناسیۆنالیزمی ئێرانی لادەدەن وەک پرۆژەیەکی ڕەگەزپەرستی ئاریایی و ڕۆژهەڵاتی بۆ ملکەچ کردنی کۆمەڵگە غەیرە فارسەکان بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی کەوا چەقی شیعەگەرای فارسی بێت  (ئەسغەرزادە، ٢٠٠٧ ؛ ئێلینگ، ٢٠١٣، محەممەدپوور و سولەیمانی، ٢٠١٩، ساڵح، ٢٠١٣، وەزیری، ١٩٩٣). سەردەمی ڕەزاشا لەپێشەوە دێت بۆ دروستکردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی. مەسەلەکە وا دەگەیەنێت کە هاوتەریب لەگەڵ مۆدێرنیزە کردن و بەناوەندی کردن، ناسیۆنالیزم یەکێک بووە لە سێ ئامانجەکەی کەوا مۆرکی سەردەمی ڕەزاشا بووە (ماتهی، ٢٠٠٣: ١٢٨). بە پێی ئەم دیدگایە: “دەوڵەتی نوێی ئێران کۆمیونیتیی فارس بەوە دەسنیشان دەکات کە نەتەوەی ئیتنۆ- کولتووری چەق و بنەڕەتییە لەم پرۆسەیەدا و بە شێوەیەکی کاریگەرانە کۆمیونیتییە ئیتنیکییەکانی تری پەراوێز خستووە لە ئێراندا (کابی، ٢٠١٧ : ٢). لەکاتێکدا بەکارهێنانی زمانەکانی کەمینە قەدەغە کرا و جل و پۆشاکی ئیتنیکیش بوو بە نایاسایی (کلێڤلاند و بونتۆن، ٢٠٠٩ : ١٨٩). بۆ نموونە، ئوستانداری کرماشان لە کوردستان، لە سالی ١٩٣٦دا ڕینماییەکی بۆ ناوچەکان ناردووە و هۆشداریی داونەتێ لەسەر ئەو “نەریتە دزێوەی” پۆشینی ڕووبەند لە ناو ژنانی شارستاندا و داوا لە  کاربەدەستانی حکوومەت کراوە کە جەخت لەسەر ئەوە بکەن کەوا “ژنە جووتیارەکانی ناوچەی کرماشان) دەبێ وەک ژنانی شارستانیی جیهان دەربکەون” (شەهابی، ١٩٩٣: ٢٢٦)٦. هەروەها ناسیۆنالیزمەکەی ڕەزاشا لەوەشدا دەبینرا کە “هەموو شتێکی فارسیی بە فەرمی سەپاندبوو وەک پۆشاکی یونیفۆرم و تەنها بەکار‌هێنانی زمانی فارسی لە سیستەمی خوێندندا” و “ئاهەنگ گێڕانی شۆڤێنی بە مێژووی دێرینی وڵات و ڕابوردووی شکۆدار (ماتهی، ٢٠٠٣ : ١٣٧، ١٣٩).
وەک لە حاڵەتی حوسەین کازمزادە ئیرانشەهردا دەردەکەوێت و ڕۆژنامەکەیدا کە ناوی لێ نابوو ئیراشەهر، دەستەبژێرە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیش بەشدار بوون لە پرۆژەی بنیاتنانی نەتەوەی ئێرانیدا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و چاپەمەنییەکانیانەوە (کێددی، ٢٠٠٣: ٨٣). هەروەها دەسەبژێرە ناسیۆنالیستەکان خێڵ و هۆزەکان و کۆچەرەکان و غەیرە فارسەکانیشیان دەستنیشان کردبوو لە پرۆژەکانی بەشارستانی کردن و بنیاتنانی نەتەوەدا. ئەوان کۆچەر و هۆزەکانیان وا لەقەڵەم دەدا کە “دژبەری مۆدێرنیزەن” و بە هەمان شێوە وەک “خەڵکی سەرەتایی و سیمبۆڵی دواکەوتوویی ئێرانیان دادەنان” (کرۆنین، ٢٠٠٩: ٣٦٤). وەک کەمال سولەیمانی مشتومڕی لەسەر دەکات، گوتاری دانانی کۆچەر و هۆزەکان و کوردەکان وەک هێزگەلێکی پێش مۆدێرنیزەی دژ بە نوێخوازیی دەوڵەت، ئەمانە دەخاتە دەرەوەی گوتاری دەسەڵات و “ئەو میکانیزمانە کورت دەکاتەوە کە لەلایەن هاوکاران و پشتیوانانی کۆڵۆنیالیزمەوە بەکارهاتوون کاتی کە پشتیان بەست بە ڕۆشنگەریی گوتارە ئەوروپییەکان بۆ پاساودانی پەیامە شارستانییەکانیان” (سولەیمانی، ٢٠١٧: ٩٥٩).

 


عێراق
عێراق، کە دروستکراوی کۆڵۆنیاڵیی بەریتانیا بوو لە ساڵی ١٩٢٠دا، لە هەر سێ ویلایەتی مووسڵ و بەغدا و بەسرە پێکهاتووە. دانیشتووانی لە (عەرەبی) شیعە و سوننە و کورد و تورکمان و ئاشووری و جوو پێکهاتبوو. بەرژەوەندییەکانی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا لە عێراق بەو ئاڕاستەیە ڕێکخرابوو کە “هاتوچۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هندستان و ڕێگەی ئاسمانیی ئیمپراتۆرییەت و پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتی فارس و عێراق دابین بکات” (سڵاگلێت، ٢٠٠٧: ٦). داگیرکردنی بەریتانیا بۆ عێراق بەرەوڕووی بەرگرییەکی زۆر توند بووەوە و تێکشکاندنی شۆڕشی ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن بەریتانیاوە خەرج و تێچوونێکی بەشەری و مادیی هێجگار گەورەی ویست (کلێڤلاند و بونتۆن، ٢٠٠٩ : ٢٠٥). ماندێتی عێراق (لەلایەن بەریتانیاوە – و)، لە ساڵانی ١٩٢٠ – ١٩٣٢، لەلایەن چوار کۆمیسیاری باڵاوە بەڕێوەبرا، کە بریتی بوون لە سێر پێرسی کۆکس و سێر هێنری دۆبس و سێر گیلبەرت کڵەیتۆن و سێر فرانسیس هامفەریس. کەسایەتییەکی سەرەکیش هەبوو لە دامەزراندنی عێراقدا کە کاربەدەستێکی ژن بوو بەناوی گێرتروود بێڵ و سکرتێری ڕۆژهەڵاتیی کۆمیسیۆنی باڵابوو، هەروەها کەمینەیەکی عەرەبی سوننەش لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو. لەپاش دەرکردنی فەیسەڵ لە سووریا، لە ساڵی ١٩٢١دا کرا بە مەلیکی عێراق. حکوومەتی ماندێتی عێراق نزیکەی بەتەواوی پێکهاتبوو لە ئەندامانی سوننەی عەرەب، کەوا کەمتر بوون لە ٢٥%ی تێکڕا دانیشتووان (سڵاگلێت، ٢٠٠٧: ٦).
بەریتانییەکان دوو هەڵوێستی دژ بەیەکیان بووە سەبارەت بە کورد: خەتی فەرمیی لەندەن و خەتی کاربەدەستانی مەیدانی (ئەسکەندەر، ٢٠٠١ : ١٧٨). لەکاتێکدا کەوا وینستۆن چەرچڵی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان، پێی باش بوو دەوڵەتێکی کوردیی ناوبەین دروست بکرێت بەڵام پێرسی کۆکسی کۆمیسیاری باڵا پشتیوانیی لەوە دەکرد کە کوردستان بلکێنرێت بە دەوڵەتی عێراقەوە (ئەسکەندەر، ٢٠٠١ : ١٥٣). شایانی باسە کەوا هەردوو بۆچوونەکە بایەخیان بە بەرژەوەندیی داگیرکاریی بەریتانیا دەدا. لە ساڵی ١٩٢٣دا، بۆچوونی کۆکس بردیەوە بە پاڵپشتیی بۆمبی گازی و بۆردمانی فڕۆکە بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لەلایەن هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانییەوە (ئەسکەندەر، ٢٠٠١ : ١٧٦).  لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٣دا، فەیسەڵ و کۆکس دانیان بە مافەکانی کورددا نا لە چوارچێوەی سنووری عێراقدا (فۆنتانا، ٢٠١٠ : ١٠). بەو پێیە کورد بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕووی یاساییەوە دانی پێدانرا و زمانی کوردی بوو بە زمانی کارگێڕی و خوێندن (ئەدمۆنز، ١٩٦٨: ٥١٣). عەبدولموحسین ئەلسەعدوونی سەرۆک وەزیران لە سەرنج دەربڕینێکیدا لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٦دا مەبەستی خۆیان دەخاتەڕوو لە ئاوێتە کردنی کورددا وەک “توخم و ڕەگەزێکی عێراقی” و دەڵێ:
“بەڕێزان! ئەم ‘ئوممەتە’ ژیانی بۆ دەستەبەر نابێت ئەگەر هەموو    توخم و ڕەگەزەکانی عێراق مافی خۆیان نەدرێتێ … دەبێت چارەنووسی تورکیا وانەیەک بێت بۆ ئێمە و ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە پێشتر حکوومەتی عوسمانی پەیڕەویی دەکرد. سەبارەت بە کوردەکان ئێمە پیویستە لەسەرمان مافی خۆیان بدەینێ. دەبێ کاربەدەستەکانیان لەخۆیان بێت و زمانەکەیان زمانی فەرمییان بێت و پێویستە منداڵەکانیان بە زمانی خۆیان بخوێنن لە قوتابخانەکاندا. ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو ڕەگەزەکاندا بکەین و مافی خۆیانیان بدەینێ، سا موسلمان بن یان غیرە موسلمان (سڵاگلێت، ٢٠٠٧: ١٢٤).
لە ساڵانی ١٩٢٢ – ١٩٢٣دا شەڕی دیبلۆماسی لەسەر مووسل بەردەوام بوو لە کۆنفرانسی ئاشتیی لۆزاندا و ئەمە وای لە تورکیا و بەریتانیا کرد کە یاریی بە کورد بکەن “لەپێناوی بەهێزکردنی هەڵوێستی دانوستانیان لە کۆنفرانسەکەدا (عەلی، ١٩٩٧: ٥٢٤). هەر کە دواجاریش لە ساڵی ١٩٢٦دا کێشەکە چارەسەر کرا، دۆبسی کۆمیسیاری باڵا داوای لە تورکیا کە سەرئاسوودە و دڵنیا بێت لەوەی کە پرسی سەربەخۆیی کورد لەئارادا نییە” و ئەوەشی خستەسەر کەوا کوردەکان پاشەڕۆژێکی پرشنگداریان لە عێراقدا دەبێت (“داهاتووی عێراق”، ١٩٢٦: ٢٧٦)، ئەمەش ئەو ‌هەڵەیە دەسەلمێنێت گوایە دەسەڵاتدارانی   بەریتانی و عێراقی ئەو پابەندییەی خۆیان پشتگوێ خستووە کە داویانە بە کۆمەڵەی گەلان (دۆج، ٢٠٠٦).
نیگەرانییەکی بەهێز هەبوو لای کورد کە ببنە بەشێک لە عێراق و لە راپرسییەکەی ساڵی ١٩٢١دا: “زۆربەی زۆری کوردەکانی باشوور ڕەتیانکردەوە کە وەک مەلیکی خۆیان دەنگ بە فەیسەل بدەن و هەروەها عێراقیش وەک دەوڵەتی خۆیان” (ئەسکەندەر، ٢٠٠١: ١٦٣). بێجگە لەوەش، ئەدەبیاتی نەتەوەیی کورد بە درێژایی سەدەی بیست بەزۆری وا ئاماژە دەکات بۆ عێراق کە “داگیرکەرێکی عەرەبییە” (رەفعەت، ٢٠١٦: ٤٩٢ – ٤٩٣). تۆفیق وەهبیی پاریزگار (موتەسەڕیف)ی سلێمانی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠کاندا و لە ساڵی ١٩٣١دا باس لەوە دەکات کە:
“کوردستانی باشوور نیشتمانێکی مێژوویی کورد بووە و هیچ کاتێ بەشێک نەبووە لە خاکی عەرەب و هەرگیز لەلایەن عەرەبەوە حوکم نەکراوە تەنانەت لە سەردەمی خەلافەتیشدا. ئەو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لکاندنی کوردستان بە عێراقەوە ناڕەوا و بێ پاساو بووە و ناڕەزایی لەسەر ئەوە دەربڕیوە کە کوردیان بە عیراقی داناوە و ڕوونیکردووەتەوە کە ئەژمارکردنی کورد بە عێراقی هێندەی ئەوە هەڵەیە کەوا کەسێکی ئێرلەندی بە “ئینگلیز” لەقەڵەم بدەیت (ڕەفعەت، ٢٠١٦: ٤٩٢)”.
هەروەها لە بەرگریی کورد دژ بە بەریتانییەکان و عێراق چەک بەکارهێنرا. گرنگترین بزووتنەوەی سیاسی لەلایەن شێخ مەحموودی بەرزنجییەوە سەرکردایەتی دەکرا “کەوا کاریگەرترین سەرکردەی نەتەوەیی بوو لە باشووی کوردستاندا” (ڤان بروونەسن، ٢٠٠٦: ٩١). لە ١ی دیسەمبەری ١٩١٨، ئارنۆڵد ویڵسنی جێگری کۆمیسیاری مەدەنی لەگەڵ شێخ مەحموود و شەست سەرۆکی کورددا کۆبووەوە لە سلێمانی و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کەوا نزیکەی کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە “نابێت تورک بگەڕێتەوە و بەگشتی پێ لەوە دەنێن کە پێویستیان بە پارێزگاریی بەریتانییە” (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ١٥٢). شێخ مەحموود بە حوکمداری کەرتی division سلێمانی دامەزرا (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ١٥٦)، بەڵام کە ویستی دەسەڵاتی خۆی بگەیەنێتە کەرکووک و کفری (گۆرگاس، ٢٠١٨ : ٧) ڕووڕووبوونەوەی سەربازی بەدواداهات و بەریتانییەکان هێزە کوردییەکانی شکست پێهێنا. پاشان لەلایەن بەریتانییەکانەوە لابرا و دوورخرایەوە بۆ سەیلان (ئەلفینستن، ١٩٤٦ : ٩٨). دواتر و لەکاتێکدا شوێنکەوتە نەتەوەییەکانی هەندێ لە ئەفسەرانی بەریتانییان کوشت، پیاوماقووڵانی کورد تکاکارینامەیەکیان بەرزکردەوە و داوای گەڕانەوەیان کرد (ئەسکەندەر، ٢٠٠١: ١٦٦) و لە بەردەوامیی ئاژاوە و پشێوی و داواکاریدا، شێخ مەحموود گەڕێنرایەوە و لە ساڵی ١٩٢٢دا کرا بە حوکمداری کوردستان و ئەویش خۆی بە مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند:
“لەمڕۆوە من چاودێریی دەوڵەتم لەئەستۆگرت و جەختم لەسەر بەرپرسیاریی پارێزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کردەوە. ئەوە خولیا و ئاواتی منە کە ئێوە لە هەوڵ و کۆششدابن بۆ بەردەوامیدان بەم ڕۆژە پڕ شکۆیە لەپێناوی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی گەل و نەتەوەدا. کوردە! ئێستا ڕۆژی تۆیە بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی وەک یەک خێزان کار بکەیت بۆ پتەوکردنی ڕیزەکانت و پاراستنی مافە نەتەوەییەکانت کە ئێمە دەستەبەرمان کردووە (ئەسکەندەر، ٢٠٠١: ١٧٤)”.
شۆڕشە نەتەوەییەکەی شێخ مەحموود تا ساڵی ١٩٣٢ی خایاند و لەکۆتاییدا تێکشکا (ئەلفینستن، ١٩٤٦: ٩٨).
لە ساڵانی ١٩٣١ – ١٩٣٢دا، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفای براشی یاخیبوون بەڵام هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانی زیاد لە نیوەی ماڵ و خانووەکانی ناوچەی بارزانی وێران کرد و ناچاری کردن ڕەو بکەن بۆ چیاکان (میسەڵاس، ٢٠٠٨: ١٥٢). کاتێکیش گەیشتنە سنووری تورکیا شێخ ئەحمەد لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بە دیل گیرا و گەلێ لە پیاوەکانی لەسێدارە دران. دواجار هەموو خۆیان دا بەدەستەوە و ناچار کران لە دوورخراوەیی ناوخۆدا بژین (میسەڵاس، ٢٠٠٨: ١٥٢). شیاوی باسە کەوا لە تێکشکاندنی ئەم یاخیبوونانەدا عێراق لە هەردوک ئێران و تورکیاوە هاوکاریی سەربازی دەکرا (حەسەنپوور، ١٩٩٢ : ١١٢).
شانبەشانی بەرەی سەربازیش، شەڕ لە بەرەکانی تریشەوە هەر درێژەی دەکێشا. سوننییە ناسیۆنالیستەکانی عێراق، ساڵی ١٩٢٠ لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ویڵسندا پێیانڕاگەیاندووە کەوا شیعە و کوردەکان “جووتیاری نەزانن و دەکرێ بە ئاسانی لە شوێنی خۆیان بهێڵرێنەوە (فۆنتانا، ٢٠١٠: ٥). کۆکسیش سەرنجی داوە کەوا “بەپێچەوانەی عەرەبەکانەوە، کوردەکان نە هەستیان بە نەتەوەبوون کردووە و نە متمانەی سیاسیشیان هەبووە” (ئەسکەندەر، ٢٠٠١: ٢٥٨). ئەو بە هەمان شێوە شوێنکەوتووانی شێخ مەحموودیشی بە خەڵکی “نەزان و دەمارگرژ” دادەنا (ئەسکەندەر، ٢٠٠١: ١٧٦). ئەمەی خوارەوە لەو یاداشتە وەرگیراوە کە بەریتانیا بۆ کۆمەڵەی گەلانی نووسیوە لە ساڵی ١٩٣٠دا:
“کوردەکانی عێراق، ئەگەرچی دەبێ پێ لەوە بنێین کەوا گەلێ خاسییەتی باشیان هەیە، بەڵام بەتەواوی هەژارن لە خاسییەتی یەکگرتوویی و پتەویی سیاسیدا کە پێویستە بۆ خۆبەڕێوەبردنی سەرکەوتوو. ئەوان خۆڕێکخستن و خولیا و چاوەڕوانییان لەبنەڕەتدا خێڵەکییە و هیچ نەریتێکی خۆبەڕێوەبردن و هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی خۆحوکمکردنیان نییە و شێوازی ژیانیان سەرەتاییە و بەزۆریش نەخوێندەوار و سادە و ساویلکەن، ناڕازین لە دەسەڵات و هەستکردنیان نییە بە دیسپلین یان بەرپرسیارێتی (حەسەنپوور، ١٩٩٢: ١١٢)”.
لە دوادوایی سەردەمی عوسمانی و بەملاوە ڕۆژنامەگەریی کوردی میراتێکیان بەجێهێشت لەسەر هەردوک ناسیۆنالیزم و خوێندنی نوێ. کوردەکان بەئاگابوون لە سیمبۆڵ و بیری مۆدێرنی ئایدیۆلۆجیی ناسیۆنالیستی. شێخ مەحموود لە یەکەم حکوومەتیدا ئاڵایەکی نیشتمانیی کوردیی هەڵکردبوو (گۆرگاس، ٢٠١٨: ٧)، هەروەها “بە یارمەتی و هاوکاریی گەورە ڕووناکبیران و شاعیرانی سلێمانی” کەوتە دەرکردنی ڕۆژنامەی “ڕۆژی کوردستان”، کە بیر و ئایدیای نەتەوەیی بڵاودەکردەوە (گۆرگاس، ٢٠١٨ : ٧ – ٨)٧”.
هەڵبەت سەردەمی نێوان دوو جەنگیش لە کوردستاندا گەشەکردنی کارە ئەدەبی و زمانەوانی و مێژووییەکانی گەلێ کەسایەتیی دەرکەوتووی بەخۆوە بینی چەشنی پیرەمێرد و عەبدوڵا گۆران و تۆفیق وەهبی و ئەمین زەکی. ئینتێلێجێنتسیا یان ڕووناکبیرانی کورد بەرەنگاری پەراوێزخستنی کورد بوونەوە لەلایەن ناسیۆنالیستە بەریتانی و عێراقییەکانەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەسەلەیەش، یەک لەو ڕەخنانەی ئەمین زەکی ورووژاندبووی دژ بە “یاسای زمانە ناوخۆییەکانی” ساڵی ١٩٣١، ئەوەبوو کە دەبێت سیفەتی “ناوخۆیی” لاببرێت (حەسەنپوور، ١٩٩٢: ١١٧). ئەم دێڕانەی خوارەوە لە چامە شیعرێک بە ناونیشانی “بۆ کۆمەڵەی گەلان” کە هۆنراوەی سەلام ئەحمەد عازەبانیی شاعیرە (١٨٩٢ – ١٩٥٩) رەنگدانەوەی نائومیدیی کورد دەردەبڕێت لە خیانەتی ڕۆژاوا:
“مەنشەئی فیتنە! کۆمەڵی تەزویر!
وا ئەدەی حەقی ئەقوامی سەغیر؟
کارخانەی فەساد، کۆمەڵی میحەن!
کوتەکی دەستی میستەر هەندەرسەن!”
(حەسەنپوور، ١٩٩٢: ١١٣).

(زۆر سوپاس بۆ مامۆستا سدیق ساڵح لە بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین کە دەقی ئەم چەند دێڕە شیعرەی لە دیوانەکەی سەلامی شاعیر بۆ ناردم – وەرگێڕ).

 


سوریا
ڕێککەوتننامەی نهێنیی سایکس –  پیکۆی ساڵی ١٩١٦، سووریا و لوبنانی تەرخان کردبوو بۆ فەرەنسییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ماندێتی فەرەنسا پاش کۆتاییهاتنی مەملەکەتە عەرەبییەکەی فەیسەڵ دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٢٠دا، کەوا بەریتانیا پشتگیریی دەکرد (خووری، ١٩٨٧: ٣٥ – ٤١). بەو باوەڕەی کە ئەمە ناڕەوایە، زۆرێک لە سوورییەکان لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە، کە ژن و پیاو تێیدا بەشدار بوون، بەرهەڵستیی فەرەنسییەکانیان دەکرد، سەرەڕای بایکۆت و زنجیرەیەک ڕاپەڕینی چەکدارانە (خووری، ١٩٨٧ : ٤، ١٢٤، ١٣٢).شۆڕشی گەورەی ساڵانی ١٩٢٥ – ١٩٢٧زۆرترین وێرانکاریی لێکەوتەوە (کلێڤلاند و بونتۆن، ٢٠٠٩ : ٢٢٣). ماندێتی فەرەنسییەکان لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگەکەدا لەلایەن ئەم کۆمیسیارە باڵایانەوە ڕایی دەکرا: جەنەراڵ گۆرۆ، جەنەراڵ وەیگان، جەنەراڵ سەڕەیڵ، هێنری دی جۆڤێنێڵ، ‌هێنری پۆنسۆ، دامیان دی مارتێڵ، گابرێڵ پۆکس (وایت، ٢٠١١ : ١٠). سەربازانی باکووری ئەفریقا، مەدەگەشکەر، سەنیگال بە فەرماندەیی ئەفسەرانی فەرەنسی قەوارەی مرۆیی سوپای شامیان پێکهێنابوو (خووری، ١٩٨٧: ٧٩).
دانیشتووانی سووریا جۆراوجۆر بوون و پێکهاتبوون لە موسڵمانی سوننە و عەلەوییەکان و دورزییەکان و ئیسماعیلییەکان و تایەفە جۆراوجۆرەکانی مەسیحی و جوولەکە و کورد. داواکاریی فەرەنسا بۆ سووریا و لوبنان، سەرەڕای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی، پشتی بە ئیددیعای مۆراڵی دەبەست سەبارەت بە پەیامی شارستانی mission civilisatrice (خووری، ١٩٨٧: ٢٧ – ٣٢)، بێجگە لەوەش پارێزەری کریستیانەکان بوون (ئاڵتووغ، ٢٠١١ : ٧٧). لەکاتێکدا کە فەرەنسییەکان بەگشتی تێڕوانینێکی نزمیان هەبوو بۆ عەرەبە   موسڵمانەکان و کوردەکان و دورزییەکان، بەڵام وایان دەڕوانییە کریستانییەکان کە “زیرەکترن و مێشکیان کراوەترە” (خووری، ١٩٨٧: ٧١). ئەوان لە جێبەجێ کردنی ئەرکە شارستانییەکەیاندا، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییان ئەو کەمینە کریستیانە دەبێت، کە لە ڕووی کولتوورییەوە باڵادەستن، دژ بە “موسڵمانە دەمارگرژ و بیرتەسک و دواکەوتووەکان لە ڕووی کولتوور و ڕۆشنبیرییەوە” (خووری، ١٩٨٧: ٢٨). تائیفییەتی فەرەنسیی مەیلدار بە لای کریستیانەکاندا لەو باس و گێڕانەوە زارەکییە جۆراوجۆرەی کورددا ڕەنگدەداتەوە لە مێژووی ئەو سەردەمە کە وەک “دەوڵەتێکی مەسیحی” ڕیزبەندی دەکەن (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٢٠٤).
دوابەدوای ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان لە پاش شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعید و لەو کاتەشدا – کە لە یادەوەریی ناوخۆدا وەک دووەم فەرمان دەگێڕدرێتەوە – هەزاران کورد و ئەرمەن و کریستیانەکانی تر هەڵاتن بۆ ناوچەی جەزیرەی ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٧٥). لە سەرەتای ١٩٣٠کاندا، ئاشوورییەکانی کە لە عێراقدا بوون پەنایان بردە بەر ناوچەی جەزیرەی فەرەنسی. ئەم بەلێشاو ڕۆیشتنە بەرەو جەزیرە ناڕەزاییەکی توندی پەیداکرد لای عەرەبە نەتەوەییەکان، کە وەک “پێشێل کردنی پیرۆزیی نەتەوەیی/ نیشتمانیی سووریا” تەماشایان دەکرد (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٧٧). سەبارەت بە ناسییۆنالیزمی کوردیش لە سووریا ئەوە “ئەلئەییام”ی ڕۆژنامەی عەرەبە ناسیۆنالیستەکان لە بابەتە نووسینێکی ساڵی ١٩٣٢دا دەڵێ کەوا:
“ئێمە دەمانەوێت کە ئەوان سەربەخۆیی خۆیان لە “کوردستانی” نیشتمانی خۆیاندا بنیات بنێن [دیارهم]، نەک لە جەزیرەی عەرەبیدا کە شوێنی دایکزادی [موطن] شەممەر و عەنەزە و تەی و جبوور و خێڵە گەورەکانی عەرەبە. چونکە جەزیرە لانکەی عەرەبایەتی بووە[مهد العروبة] لەپێش داگیرکردنی ئیسلامیشدا (وایت، ٢٠١٠: ٩١٣ – ٩١٤)”.
لێرە نیشتەجێ کردنی ئەرمەن بە نیشتەجێ کردنی زایۆنی دەشوبهێنرا لە فەلەستین و وا تەماشا دەکرا کە پرۆژەیەکە لەلایەن فەرەنسا و کۆمەڵەی گەلانەوە بۆ دروستکردنی نیشتمانێک بۆ ئەرمەن (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٢٢٠). تەنانەت ڕۆژنامەی “ئەلشەعب”یش هەڕەشەی لە ئەرمەنەکان کردووە: “ئێمە هۆشداری دەدەینە ئەرمەنەکان کەوا ژیانی داهاتوو لە سووریادا، بە تەنیشت “عەرەبی تووڕەوە” ئارام و سەلامەت نابێت” (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٧٨). بە پێی هۆشداریی بەردەوام لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە، “ئەوە ئەرمەنە کریستیانەکان و کوردەکان نەبوون کە لە پانتایی پەنجا کیلۆمەتری ناوچەی سنوور نیشتەجێ کراون” (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٧٨).
لە کاتێکی پێشتردا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێکخراوی خۆیبوونی نەتەوەیی کورد بنکەی لە سووریا بوو و هەر ئەمیش بوو شۆڕشی چیای ئاراراتی ڕێکخست. هەروەها سووریای ماندێتی فەرەنسیش گرنگ بوو بۆ گەشەکردنی بزووتنەوەی کولتووری کوردی لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا (گۆرگاس، ٢٠٠٧؛ تێجێل، ٢٠٠٩: ٢١ – ٢٣). جەلادەت بەدرخان لە نێوان ساڵانی ١٩٣٢ – ١٩٣٥ و ١٩٤١ – ١٩٤٣دا جۆرناڵیکی کوردیی – فەرەنسی دەرکرد بە ناوی “هاوار”. ئامانجی هاوار “پەرەپێدانی یەکێتیی کوردەکان بوو … لەسەر بناغەی ئەلفبێیەکی یەکگرتوو و زمانێکی هاوبەش” (یوکسەڵ، ٢٠١١: ٢٥١). هەروەها ڕەوشەن بەدرخانی ژنەکەی جەلادەت، لە ساڵی ١٩٤١دا هاوکاریی “هاواری”کردووە و لە دوو نووسینیدا جەختی لەسەر ڕۆڵ و بایەخی ئافرەتی کورد کردووەتەوە وەک دایکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێری کوردی بکەن (یوکسەڵ، ٢٠١١: ٢٦٠ – ٢٦١). گۆڤار و ڕۆژنامەکانی تر کە لە لایەن هەردوو برا جەلادەت و کامەران بەدرخانەوە دەردەکران لە نیوەی یەکەمی ساڵانی ١٩٤٠کاندا “ڕوناهی، ڕۆژا نوو، ستێر” بوون. بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی تورکیای کۆماری لیستێکی بەربڵاوی لەخۆگرتووە لەبارەی ئەو کتێب و تۆمارە کوردییانەوە کە لە سووریا و لوبناندا بڵاوکراونەتەوە و بەرهەمهاتوون ((یوکسەڵ، ٢٠١١: ٢٧١ – ٢٧٢). هەوتەریب لەگەڵ بڵاوکراوەکاندا، کۆمەلە و ڕێکخراوە کوردییەکانیش دامەزران (تێجێڵ، ٢٠٠٩: ٢٣). ئۆسمان سەبریی نووسەر و شاعیری نەتەوەیی قوتابخانەیەکی کوردیی لە گەڕەکی کوردان لە دیمەشق دامەزراند کە بە زمانی کوردی تێیدا دەخوێنرا(وایت، ٢٠١١: ١١٥).
لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو کوردەکان تێکەڵ بە ناسیۆنالیزمی کوردی نەبوون، بەڵکوو سەرکردە کوردەکانی کوردداغ “داوای شوناسێکی تورکییان دەکرد و دەیانویست ناوچەکەیان بخرێتە سەر تورکیا” (وایت، ٢٠١١: ٩١٣، جەختکردنەوە لە بنەڕەتدایە). خالید بەکداش کوردێکی ترە کە سەرکردەی پارتی کۆمۆنیستی سووریا بووە و ئەو وای دەبینی کە چالاکییە کوردییەکان لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیمپریالیزمی فەرەنسادایە (وایت، ٢٠١١: ١١٦). بەکداش لە ناکۆکی و ململانێیەکی تونددا بوو لەگەڵ ئۆسمان سەبریدا کە پرۆپاگەندە دژە کۆمۆنیستەکانی لە ناو لاوانی کورددا بوون بە هۆی ئەوەی کەوا گەلێکیان ڕیزەکانی ئەو حیزبە بەجێبێڵن و بەو پێیە بەکداش و هاوڕێکانی هێرشیان دەکردە سەری و بە سیخوڕی فەرەنسییەکانیان ناودەبرد(وایت، ٢٠١١: ١١٦ – ١١٧).
جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد لە سووریادا لەژێر چاودێریی فەرەنسییەکاندا بوو (گۆرگاس ، 2014: 846)، کە فەرەنسییەکان بەپێی بەرژەوەندیی کۆڵۆنیاڵیی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد. یارمەتی و هاوکاریی دارایی چاپ و بڵاوکردنەوەی “‌هاوار” هاوشان بوو لەگەڵ “سەپاندنی میکانیزمی سەختی کۆنترۆڵ کردندا” (گۆرگاس، ٢٠١٤: ٨٥٠). شاعیر و نووسەری نەتەوەیی ئۆسمان سەبری دوورخرایەوە بۆ مودەغشەقەر (ئاڵتووغ، ٢٠١١: ٨٠). وەک بەریتانییەکان لە عێراق، فەرەنسییەکانیش “کارتی کوردیان” لە کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ تورکیا (گۆرگاس، ٢٠١٤: ٨٤٦). بێجگە لەوەش، دەسەڵاتدارە فەرەنسییەکان هانی هەردوو ئەفسەری لاویان دا، کە پێیەر ڕۆندۆ و ڕۆجەر لێسکۆ بوون، کە هاوکاری بکەن لەگەڵ سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی کورددا “بۆ ئەوەی چاوێکیان لەسەر جووڵانەوەی کورد” (گۆرگاس، ٢٠١٤: ٨٥١). پێیەر ڕۆندۆ لە یاداشتی ڕۆژانەی خۆیدا دەڵێ: “من ڕۆڵی ئەوانم یاری کرد و نهێنییەکانیانم پاراست و هاوبەشیان بووم (گۆرگاس، 2014: 852).

 


یەکێتیی سۆڤیێت
لەپاش شۆڕشی بەلشەڤیکی ساڵی ١٩١٧، ڕووسیا لە جەنگ کشایەوە و دەسبەرداری ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی ڕژێمی پێشوو بوو لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا (کلێڤلاند و بونتۆن، ٢٠٠٩: ١٦٢). لە ماوەی دوای جەنگدا بەرژەوەندیی بەلشەڤیکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەردەوامیی پشتیوانی کردنی خەبات و تێکۆشانی دژە ئیمپریالیستی بوو. بڵاوکراوەی لینین بە زمانی عەرەبی ساڵی ١٩٢٠ لە حەڵەبدا دابەش دەکرا و داوای لە حەڵەبییەکان دەکرد بچنە سەر ڕێبازی کۆمۆنیزم لە شەڕکردن و ململانێیاندا دژ بە فەرەنسییەکان (خووری، ١٩٨٧: ١٠٧). بەو پێیە “ئابڵووقەدانی هەڕەشەی بەلشەڤیک” بوو بە یەکێک لە ستراتیجییەکانی بەریتانیای دوای جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (عەلی، ١٩٩٧ : ٥٢١).
بەپێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٢٦ی یەکێتیی سۆڤیێت، نزیکەی ٧٠ هەزار کورد لە سۆڤیێتدا بووە (پۆهڵ، ٢٠١٧: ٣٥) و لە کۆمارەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان و جۆرجیادا ژیاون. ئەوان هەرچەندە هیچ کۆمارێک نەبووە بە ناویانەوە، بەڵام ناوچەیەکی ئیداری بووە بە ناوی کوردستانی سوورەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٢٣ و ١٩٢٩دا (ییڵماز، ٢٠١٤: ٨٠١ – ٨٠٤). ئەزموون و تاقیکردنەوەی کورد لە قەوقازی سۆڤیێتیدا لە ساڵانی ١٩٢٠کاندا سیاسەتی جێگیرکردنی korenizatsiia  پێکیهێنابوو. وەک جەی. ئۆتتۆ پۆهڵ J. Otto Pohl
ڕایدەگەیەنێت کەوا:
” سياسەتی جێگیرکردنی سۆڤیێتی (کۆرێنیزاتسیا) بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 1923دا دەستی پێکرد و هەوڵی دەدا مۆرکی بە سۆڤیێت بوون بدا بە نەتەوە غەیرە ڕووسەکان بە پاڵپشتی کردنی گەشەکردنی نیشتمانی/ نەتەوەییان لە چوارچێوەی سۆشیالیستیدا. ئەم پشتیوانی کردنەش دەزگا و دامەزراوەکانی پێخوێندن و کولتووریی دەگرتەوە بە زمانی ڕەسەنی خۆیان، شان بە شانی سیاسەتەکانی زیادکردنی ئەندامێتییان لە ئۆرگانەکانی حیزب و دەوڵەتی سۆڤیێتیدا و لە نێو کرێکارانی پیشەسازیدا (پۆهڵ، ٢٠١٧: ٣٢)”.
لە ساڵی ١٩٢٩دا، ستالینیش جەختی لەسەر گرنگیی خوێندنی سەرەتایی گشتگیر کردەوە بە زمانی دایک بۆ هەر نەتەوەیەک (مارتن، ٢٠٠١: ١٦٣ – ١٦٤)
لە دۆخ و سیاقی سەرەتای سیاسەتی بەلشەڤیکدا سەبارەت بە نەتەوەکان٨، کورد بە “نەتەوەیەکی بچووک” دادەنرا و پاڵپشتی دەکرا بۆ “دروستکردنی زمانی نووسینیان و پەرەپێدانی خوێندن و فێرکردن بە زمانی دایکییان” (لیزنبێرگ، ٢٠١٥: ٧٤٨). بەم پێیە، دەکرا چاپی کتێبی کوردیی قوتابخانەی سەرەتایی و فۆلکلۆری کۆکراوە و ئەدەبی منداڵان ببینرێت، بە هەمان شێوەش ڕۆژنامەیەک بە زمانی کوردی بە ناوی “ڕیا تازە Riya Teze” لە کۆماری ئەرمینیادا دەردەچوو. هەروەها خوێندنی سەرەتایی بە زمانی کوردی دابینکرابوو. لە ساڵی ١٩٣٤دا کۆنفرانسێکی کوردۆلۆجی  لە یەریڤان بەسترا (لیزنبێرگ، ٢٠١٥: ٧٥٨ – ٧٥٩). ڕۆشنبیرە پێشەنگەکانی کوردی یەزیدی بەشدارییان دەکرد لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی و هەروەها فێرکردن و وانە وتنەوە لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا، چەشنی جاسمێ جەلیل و قەناتی کوردۆ و حاجیێ جوندی و ئەمینێ عەڤداڵ (یوکسەڵ، ٢٠١١: ٣٠٩ – ٣١٨)٩.
پاشان سیاسەتی بایەخدان بە ڕەسەنایەتی و جێگیرکردنی نەتەوەکان گۆڕا بۆ پاکتاوکردنی رەگەزی. وەک لیزنبێرگ تێبینی دەکات کەوا “کوردەکان وەک نەتەوەیەکی بچووک نەمانەوە” و کەوتنە بەر سیاسەتی تواندنەوە لە ناو ئازەربایجان و ئەرمینیای سۆڤیێتیدا (لیزنبێرگ، ٢٠١٥: ٧٥٦). پۆهڵیش وایبۆدەچێت کە زانیاریی ئامار شایەتحاڵی بارودۆخی بێبەشبوونی     کوردەکانە و بە ئاماژەکردن بە کەمکردنی ژمارەی فەرمیی کورد لە ٤١١٩٣ لە ئازەربایجان لە سەرژمێریی گشتیی سالی ١٩٢٦دا بۆ ٦٠٠٥ لە سەرژمێریی گشتیی ساڵی ١٩٣٩دا، دەڵێ:
“ئەم دابەزینە هێجگار زۆرەی ژمارە فەرمییەکان بە پلەی یەکەم لەوەوە هاتووە کە لە ساڵی ١٩٢٦دا بە کورد تۆمار کراون بەڵام لە ساڵی ١٩٣٩دا بە ئازەری نووسراون. پێدەچێت کەوا ئەم دوو ڕاستییە ئەنجامی شۆڤێنییەتێکی نەتەوەیی بەهێزی سەرکردایەتیی ناوخۆ بووبیت لە کۆماری ئازەربایجاندا بۆ قۆرخ کردنی سوود و قازانجی سیاسەتی نەتەوەکانی سۆڤیێت لە بەرژەوەندیی تورکە ئازەرییەکان و دوورخستنەوەی کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکانی کۆمار چەشنی کورد (پۆهڵ، ٢٠١٧: ٣٦)”.
بارودۆخی کورد هەر تەنها بەوەوە نەوەستا کە بە “نەتەوەیەکی بچووک” دانران، بەڵکوو بە “نەتەوەیەکی دوژمنیش” لەقەڵەم دران لەپاڵ پۆڵەندی و ئەڵمان و فنلەندی و ئیستۆنی و لاتڤی و کۆری و چینی و ئێرانی لە ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٣٨دا (مارتن، ٢٠٠١: ٣١١). مارتن وای بۆدەچێت کەوا سێ فاکتەرەکەی “ترس و تۆقینی سۆڤیێت لە بێگانە، دەستە و تاقمی ناوچە سنوورییەکان و ئەو سیاسەتەی لە کۆچکردن و ئاوارەبوون ئاڵاوە” پێویستە ڕەچاو بکرێت لە کاتی گواستنەوەدا لە “تەشەنە کردنی ئیتنیکییەوە” بۆ “پاکتاوکردنی ئیتنیکی” (مارتن، ٢٠٠١: ٣١٣). لەکاتێکدا کە لە کۆتایی ١٩٣٧دا، زیاد لە هەزار خێزانی کورد ڕاگوێزران (مارتن، ٢٠٠١: ٣٣٥)، ژمارەیەکی گەورەتری کورد لە جۆرجیاوە ڕاگوێزران بۆ کازاخستان و ناوەڕاستی ئاسیا لە ساڵی ١٩٤٤دا (پۆهڵ، ٢٠١٧: ٣٢). بە بەراورد کردنی سیاسەتەکانی بەرانبەر بە تورکەکان و کوردەکان پەیڕەوی دەکران لەژێر سایە و دەسەڵاتی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی بوڵگاریا و تورکیادا لە دامەزراندنیانەوە تا ساڵانی ١٩٤٠کان، توێژینەوەیەک وای بۆدەچێت کە تورکیا لەکاتێکدا وەک ” دەوڵەتێکی نیشتمان” بۆ تورکەکانی بوڵگاریا ڕەفتاری دەکرد، ئەوە کوردەکان “دەوڵەتێکی نیشتمانیی پارێزەری خاکیان” نەبووە (کوێکسەڵ، ٢٠٠٦: ٥٠٥، ٥١٣). کوردەکانی قەوقازی سۆڤیێتی، نەک هەر دەوڵەتێکی نیشتمانییان نەبوو، بەڵکوو ئەوانیش ئەزموونی پاکتاوی رەگەزییان کردووە بە هۆی “پەیوەندیی ئیتنیکیی گوماناویی پشت سنوورەکانەوە” (مارتن، ٢٠٠١: ٣٤٢).
کوردەکان لە ئایدیۆلۆجیای فەرمیی سۆڤیێتیدا زۆربەی کات گرێدراوی فیوداڵیزم و دواکەوتوویی و نەخوێندەواری و توندڕەوی و دەمارگرژیی ئاینی و چەوسانەوەی ئافرەت بوون. بەو پێیە لەکاتێکدا وا تەماشای حکوومەتی سۆڤیێتی دەکرا کە “گۆڕهەڵکەنی فیوداڵیزمی کوردییە”، شێخ سەعید وا لەقەڵەم دەدرا کە کرێگرتەیەکی ئیمپریالیزم بێت” (ییڵماز، ٢٠١٤: ٨٠٨، ٨١٠). کوردەکان و “کورد ئێزید Kurd – ezid” لە لیستی فەرمیی تێکرای ئەو نەوەد و حەوت “نەتەوەیە بوون کە لە ڕووی کولتوورییەوە دواکەوتوو بوون (مارتن، 2001: 167). هەندێک خاسییەتی ئەم گەلانە ئەمانەی خوارەوە بوون: “ستەم کردن لە ئافرەت، دەمارگرژی و توندڕەویی ئاینی، خێڵەکیتی و کۆچەرێتی، دوژمنایەتیی ڕەگەزی، تۆڵکردنەوەی عەشایەری و تاد” (مارتن، ٢٠٠١: ١٦٦).
لە ساڵی ١٩٨٩دا، حکوومەتی سۆڤیێتی پرۆسەی ڕاگواستنی ڕژێمی ستالینی سەرزەنشت کرد دانی نا بە کۆری و ئەڵمان و قەرەچای و کاڵمیک و چیچان و ئینگوش و باڵکار و تاتارەکانی کریمیا و تورکە مەسخەتییەکان و گریک و کورددا وەک “گەلانی سەرکوتکراو  و ستەملێکراو” (پۆهڵ، 1999: 7). لێرە بەدواوە ڕیزبەندیی “نەتەوەی بچووک” و “نەتەوەی دواکەوتوو لە ڕووی فەرهەنگ و کولتوورەوە” و “نەتەوەی دوژمن” سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە و کوردەکانی یەکێتیی سۆڤیێتی جاران بە چەمک و تێگەیشتنی “گەلی سەرکوتکراو” لەقەڵەم دران.

 


ئەنجام
هەر لە داگیرکردنی فەرەنساوە بۆ میسر لە ساڵی ١٧٩٨دا تا هەڵگیرسانی جەنگی گەورە لە ساڵی ١٩١٤دا، مۆدێرنیتیی ئەوروپای ڕۆژاواش بە شێوەیەکی ڕادیکاڵی لەژێر هەڕەشەی چەکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتەوە. ئەو دەمە بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیا و دواتریش ئەڵمانیا لە ململانێیەکی بەردەوامدا بوون بۆ زیادکردنی پشکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەستەبژێر و خەڵکە ئاساییەکە چالاکانە لەکاردا بوون بۆ دەستەبەر کردنی هەر شت و هۆکارێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. بەهەرحاڵ، تێڕوانین بۆ هاوسەنگیی ئەم قۆناخە هەر لە جوغزی دوالیزمی داگیرکەر و داگیرکراودا نامێنێتەوە. توێژینەوەی نوێ لە سەر کەش و باری سەدەی نۆزدەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سوودبەخشە و سەرنج بە لای زۆر شتدا ڕادەکێشێت دوور لە پارادۆکسی مێژوویی نەتەوەیی و بە دەوری مرۆڤدا دەسووڕێتەوە.
هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ڕۆژنامەی ” کوردستان” لە ساڵی ١٨٩٨دا لە قاهیرە تا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و سەرهەڵدانی ئەو دەستەبژێرە کوردە نوێیەی کە لە ڕۆژاوا خوێندنیان تەواوکردبوو، کەوتنە داواکاریی کولتووری و سیاسی بۆ کورد و ئەمەش نەبووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم. ماوەی نێوان دوو جەنگە جیهانییەکە تا چ مەودایەک پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوە بووە لە تورکیا و ئێران و عێراقدا بۆ کورد، لە گەوهەر و ناوەرۆکدا پرۆسەش بووە بۆ “تێکشکاندنی نەتەوە”١٠ و لە سێنتراڵیزە بوون و مۆدێرنیزە بوون و تواندنەوە و “بەشارستانی بوون” و کۆڵۆنیزە کردندا دەردەکەوێت. لەم پرۆسەیەدا، کوردەکان ئامانج و بابەتیشن، بە هەمان شێوە دوژمن و هاوپەیمانیشن. بێجگە لەوەش. سەرباری ئەوەش، هیچ کاتێ یەکگرتوو نەبوون. گێڕانەوەیەک کەرت و پەرت بوونی کورد دەردەخات و لەم باس و گێڕانەوەیەدا ناوی چوار ژنی کورد شان بە شانی یەکتر دێت کە پێشتر باسکراون و ئەوانیش بیسری و روبابی و عادیلە خانم و ڕەوشەن بەدرخانن. بەهەرحاڵ، سەرەڕای داڕووخان و کەرت و پەرت بوون، قۆناخی نێوان دوو جەنگەکە خاڵی سەرەکییە بۆ ئاماژەی سیاسی و مێژوویی هەر مشتومڕ و گفتوگۆیەک لەسەر کورد. لەکۆتاییدا، خەبات و ململانێی کورد لە ماوەی نێوان ئەو دوو جەنگەدا میراتێکی جێهێشتووە کە نەک هەر تەنها بۆ کورد بەڵکوو بۆ ئەو دەوڵەتانەش کە بەرەنگاریان بوونەتەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

پەراوێز
* پێم خۆشە سوپاسی ئەو کەسانە بکەم کە لێرەدا ناوم هێناون بۆ بەدەمەوە هاتنم و   سەرنج و تێبینییان لەسەر پرسیار و داواکارییەکانم لە قۆناخە جیاجیاکانی نووسینی ئەم باسەدا و ئەوانیش: حەمید بۆزئەرسەلان، کەمال سولەیمانی، فوئاد دوندار، سەدا ئاڵتووغ، سەبری ئەتەش، مەزهەر یوکسەڵ، ستێفانی کرۆنین.
١. توێژینەوەیەکی نوێ پێکهاتەی هەردوک تورکبوون شی دەکاتەوە لە سینەمای تورکیدا لە ساڵانی ١٩٥٠کانەوە و لە دید و بۆچوونێکەوە کە پشت بە ڕەخنەی ڕۆژهەڵاتناسی و کۆڵۆنیالیزم دەبەستێ (شەن، ٢٠١٩).
٢. هەردوو شێوە تێڕوانینەکە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بڕوانە وەلی (٢٠١٤) و ئوێزئۆغڵوو (٢٠٠٤).
3. تۆمارێکی ڤیدیۆیی کورتی گفتوگۆی نێوان دوو سەرکردە لە کاتی سەردانەکەدا، بڕوانە تەلەفزیۆنی مانۆتۆ  (٢٠١٤).
٤. بۆ نەخشەکە، بڕوانە کلێڤلاند و بونتۆن (٢٠٠٩: ١٦٥).
٥. سەرچاوەیەکی یەکەم دەستی نایاب لەسەر شێوازی ژیانی کۆچەرییەکی عەشیرەتی بەختیاری لە ساڵی ١٩٢٤دا (زوکۆر و لاسکی، ١٩٢٥).
٦. بۆ هەمان سیفەت و خەسڵەت کە لە گوتاری ناسیۆنالیستیی تورکیداچەسپیوە لەگەڵ سەرنج و تێبینییەکی تایبەتی لە سەر ڕووبەندی ژنان لە سەرەتای تورکیای کۆماریدا، بڕوانە یەغەن ئۆغڵوو (١٩٩٨: ١٣١ – ١٣٦).
٧. بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، کە ساڵی ٢٠٠٤ لە سلێمانی دامەزراوە، سەرلەنوێ ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییانەی چاپکردووەتەوە کە لە سەردەمی کۆڵۆنیاڵیی عێراقدا دەرچوون، وەک “تێگەیشتنی ڕاستی، ژیان و گەلاوێژ”. بڕوانە بنکەی ژین بۆ بەڵگاندن و توێژینەوە، https://zheen.org/blawkrawe/.
٨. فرانسین هیرش باسێکی بەپێزی هەیە لەبارەی پەیوەندیی نێوان زانیاریی ئیتنۆگرافی و دروستکردنی نەتەوەکان لە یەکێتیی سۆڤیێتدا (هیرش، ٢٠٠٥). من زۆر منەتباری ماشا سێرۆڤیکم بۆ ئاگادارکردنەوە و سەرنج ڕاکێشانم بۆ ئەم کارە گرنگە لە “ڕووسکورد وۆرکشۆپ RusKurd Workshop” کە لە ١٢ – ١٣ی دیسەمبەری ٢٠١٩ لە ئەستەمبووڵ بەسترا.
٩. بۆ کارێکی گشتگیر بە ناساندنی کەسایەتییە کوردە ناودار و دەرکەوتووەکان لە بواری بەرهەمهێنانی کولتووری و زانستیی کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێتی جاراندا، بڕوانە (بۆییک، ٢٠١٩). ١٠. من ئەم تێرمەم لە تێڕی مارتن وەگرتووە، کە بۆ دۆخ و سیاقی یەکێتیی سۆڤیێتی ساڵانی ١٩٣٠کان بەکاریهێناوە (مارتن، ٢٠٠١: ٣١٢).   سەرچاوە: کتێبی، کوردەکان – مێژووی کامبریج. هەڵبژاردن و ڕێکخستنی: حەمید بۆزئەرسەلان و جەنگیز گوینەش و وەلی یادیرگی، چاپی یەکەم – ٢٠٢١، لاپەڕە ٢٠٥ – ٢٢٨.ناوی بابەت: کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی لە ماوەی نێوان دوو جەنگی جیهانیداناوی نووسەر: مەتین یوکسەڵ
Kurds and Kurdish Nationalism in the Interwar Period
Metin Yuksel
Pages (205 – 228)
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS

Edited by
HAMIT BOZARSLAN
Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales
CENGIZ GUNES
The Open University
VELI YADIRGI
School of Oriental and African Studies, University of London.*  مەتین یوکسەڵ، ساڵی ٢٠١١ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهیناوە لە بەشی     زمان و شارستانییەتی ۆژهەڵاتی نزیک لە زانکۆی شیکاگۆ. پرۆفیسۆری هاوکارە لە زانکۆی حاجی تەپە – بەشی زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی گشتی و لەوێ وانەی مێژووی جیهان، کۆڵۆنیالیزم / پۆست کۆڵۆنیالیزم، کۆمەڵگە و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێتەوە. لێکۆڵینەوەکانی لەسەر مێژووی کۆمەڵایەتی و کولتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ چڕبووەتەوە لەگەڵ بایەخدانێکی تایبەت بە ئەدەبی تورکی و کوردی و فارسی. کارەکانی لە    کتێب و گۆڤاری جۆراوجۆری وەک توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و         جیهانی ئیسلامی توێژینەوە ئێرانییەکان و گۆڤاری نووسینی پۆست کۆڵۆنیاڵ و دەروازە و گۆڤاری لێکۆڵینەوەی فۆلکلۆر و ئەرشیفی ڕۆژهەڵاتناسیدا بڵاوبوونەتەوە.

 


Bibliography                                            بیبلۆگرافی
Adıvar, H. E. (2010). Zeyno’nun O˘glu. Istanbul: Can.کوڕەکانی زەینۆ…
Alakom, R. (2011). Hoybûn Örgütü ve A˘grı Ayaklanması. Istanbul: Avesta.ڕێکخراوی خۆیبوون و شۆڕشی ئاگری داغ
Ali, O. (1997). The Kurds and the Lausanne Peace Negotiations, 1922 – 1923. Middle Eastern Studies, 33 (3), 521– 34.
کوردەکان و دانوستانی ئاشتیی لۆزان …
Altinay, A. G. (2004). The Myth of the Military-Nation: Military, Gender, and Education in Turkey. New York: Palgrave
ئەفسانەی دەوڵەت – نەتەوەی سەربازی: میلیتاری و جەندەر و خوێندن.
Altug, S. (2011). Sectarianism in the Syrian Jazira: Community, land and violence in the memories of World War I and the French Mandate (1915 – 1939). Unpublished PhD thesis, University of Utrecht. تائیفییەت لە ناوچەی جەزیرەی سووریادا: کۆمەڵگە و خاک و توندوتیژی لە یادەوەرییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و ماندێتی فەرەنسا (١٩١٥ – ١٩٣٩).تێزی دکتۆرا
Anderson, B. (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. London and New York: Verso. کۆمەڵگەکانی خەیاڵ: ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەگ و ڕیشە و بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم. -Asgharzadeh, A. (2007). Iran and the Challenge of Diversity: Islamic Fundamentalism, Aryanist Racism, and Democratic Struggles. New York: Palgrave. ئێران و چاڵێنجی جۆراوجۆری: ئوسووڵیی ئیسلامی و شیکاریی ڕاسیزم خەباتە دیموکراتییەکان
Atakuman, Ç. (2008). Cradle or crucible: Anatolia and archaeology in the early years of the Turkish Republic (1923 –1938). Journal of Social Archaeology, 8 (2), 214 – 35.
لانکە یان کووپەڵە: ئەنەدۆڵ و شوێنەوارناسی لە ساڵانی بەرایی کۆماری تورکیادا        (١٩٢٣ – ١٩٣٨).
Atatürk, M. K. (2000). Nutuk I, II, III. Istanbul: Milli E˘gitim Bakanlıgı Yayınları.نوتق ١، ٢، ٣ : بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردەی نیشتمانی
Aytürk, I. (2011). The racist critics of Atatürk and Kemalism, from the 1930s to the 1960s. Journal of Contemporary History, 46 (2), 308 . ڕەخنەگرتن لە ڕەگەزپەرستیی ئەتاتورک و کەمالیلە ساڵانی ١٩٣٠کان بۆ ١٩٦٠کان.
–   Bayat, K. (1374/1995). Shoorash – e Kordha-ye Torkiya va Tasir – e              an bar  Ravabet – e Khariji-ye Iran(1307–1311).  Tehran:  Nashr – e Tarikh – e Iran. شۆڕشی کوردەکانی تورکیا و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران

–  Bayrak, M. (2009). Kürtlere Vurulan Kelepçe: ¸Sark Islahat Planı. Ankara: Özge.
کۆت و پێوەند هەڵگرتن لەسەر کورد: پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵات
Be¸sikçi, I · . (1990). Devletlerarası Sömürge Kürdistan. Istanbul: Alan.کوردستان کۆڵۆنیی نێودەوڵەتی
Be¸sikçi, I · . (1991). Türk Tarih Tezi, Güne¸s – Dil Teorisi ve Kürt Sorunu. Ankara: Yurt Kitap – Yayın. .
تێزی مێژووی تورک و تیۆری خۆر و زمان و مەسەلەی کورد
Be¸sikçi,I · . (1992). Tunceli Kanunu (1935) ve Dersim Jenosidi. Ankara: Yurt Kitap Yayın. یاسای ساڵی ١٩٣٥ی تونجەلی و جینۆسایدی دەرسیم.
Boyîk, E. (2019). Çanda Kurdên Sovêtê. Istanbul: Peywend
شاندا کوردێن سۆڤیێتی
Bozarslan, H. (2002). Kürd Milliyetçili˘gi ve Kürd Hareketi (1898 – 2000).گەلی کورد و بزووتنەوەی کورد
In T. Bora (ed.), Modern Türkiye’de Siyasi Düsü nce: Milliyetçilik          (pp. 841–70). Istanbul:I · leti¸sim. بیری سیاسی لە تورکیای نوێدا…
Bozarslan, H. (2008). Kurds and the Turkish state.کورد و دەوڵەتی تورکیا In R. Kasaba (ed.), The Cambridge History of Turkey, Vol. 4: Turkey in the Modern World (pp. 333 – 56). Cambridge: Cambridge University Press.
Buck – Morss, S. (2000). Hegel and Haiti. Critical Inquiry, 26 (4), 821– 65.
Cabi, M. (2017). Clash of national narratives and the marginalization of Kurdish – Iranian history. Contemporary Review of the Middle East, 4 (4), 1 – 21.ناکۆکی و بەریەککەوتنی گێڕانەوە نەتەوەییەکان و پەراوێزخستنی مێژووی کوردی ئێران.
Chakrabarty, D. (2000). Provincializing Europe: Postcolonial Thought and Historical Difference. Princeton, NJ: Princeton University Press. بەهەرێم بوونی ئەوروپا: بیری پۆست کۆڵۆنیاڵ و جیاوازی مێژوو.
Chehabi, H. E. (1993). Staging the emperor’s new clothes: Dress codes and nation – building under Reza Shah. Iranian Studies, 26 (3/4), 209 – 29.ڕێکخستنی جل و پۆشاکی نوێی ئیمپراتۆر: کۆدی پۆشاک و بنیاتنانی نەتەوە / نیشتمان لە دەورانی ڕەزاشادا.
Chen, X. (1992). Occidentalism as counter discourse: ‘He Shang’ in postMao China. Critical Inquiry, 18 (4), 686 – 712.
بەڕۆژئاوایی بوون وەک گوتارێکی پێچەوانە: هی شانگ لە پاش ماو.

Cleveland, W. L. and Bunton, M. (2009). A History of the Modern Middle East. Boulder, CO: Westview Press.مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
Cronin, S. (2007). Tribal Politics in Iran: Rural Conflict and the New State, 1921 – 1941. London and New York: Routledge.
سیاسەتی هۆزەکان لە عێراقدا: ململانێی دێهات و دەوڵەتی نوێ، ١٩٤١ – ١٩٢١.
Cronin, S. (2009). Re – interpreting modern Iran: Tribe and state in the twentieth century. Iranian Studies, 42 (3), 357– 88.
سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئێرانی نوێ: خێڵ و دەوڵەت لە سەدەی بیستەمدا.
Crosby, A. W. (2009). Ecological Imperialism: The Biological Expansion of Europe, 900 – 1900. Cambridge: Cambridge University Press. ئیمپریالیزمی ژینگەیی: بەرفراوان بوونی ئەوروپا…
Dehnavi, N. (1386/2007). Esnadi az Ravabet-e Iran va Torkiya (1922 – 1937). Tehran: Markaz- e Esnad va Tarikh- e Diplomasi.پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا
Deringil, S. (2003). ‘They live in a state of nomadism and savagery’: The late Ottoman Empire and the post – colonial debate. Comparative Studies in Society and History, 45 (2), 311– 42. ئەوان لە دەوڵەتێکی کۆچەرێتی و سەرەتاییدا دەژین: دوادوایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و مشتومڕی پاش کۆڵۆنیاڵی.
Dirlik, A. (1996). Chinese history and the question of Orientalism. History and Theory, 35 (4), 96 – 118. مێژووی چین و مەسەلەی ڕۆژهەڵاتناسی.- Dirlik, A. (2002). Rethinking colonialism: Globalization, post – colonialism, and the nation. Interventions: International Journal of Postcolonial Studies, 4 (3), 428 – 48.
سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە کۆڵۆنیالیزم: جیهانگیری و پۆست کۆڵۆنیالیزم و نەتەوە/ نیشتمان.
Dodge, T. (2006). The British Mandate in Iraq ماندێتی بەریتانیا لە عێراقدا 1920 – 1932. The Middle East Online Series 2:Iraq1914 – 1974. Cengage Learning.
Edmonds, C. J. (1968). The Kurdish war in Iraq: The constitutional background. The World Today, 24 (12), 512 – 20.
جەنگی کورد لە عێراقدا: پاشخانی دەستووری
Elling, R. C. (2013). Minorities in Iran: Nationalism and Ethnicity after Khomeini. New York: Palgrave.
کەمینەکان لە ئێراندا: ناسیۆنالیزم و ئیتنیک لە پاش خومەینی
Elphinston, W. G. (1946). The Kurdish question. International Affairs, 22 (1), 91–103. مەسەلەی کورد
Esenbel, S. (2004). Japan’s global claim to Asia and the world of Islam: Transnational nationalism and world power, 1900 –1945. The American Historical Review, 109 (4), 1140 – 70.
داواکاریی گڵۆباڵی ژاپۆن بۆ ئاسیا و جیهانی ئیسلام: ناسیۆنالیزمی بان نەتەوەیی و هێزی جیهانی، ١٩٠٠ – ١٩٤٥.
Eskander, S. (2001). Southern Kurdistan under Britain’s Mesopotamian Mandate: From separation to incorporation, 1920 – 23. Middle Eastern Studies, 37 (2), 153 – 80.
باشووری کوردستان لە بندەستی ماندێتی بەریتانیادا بۆ میسۆپۆتامیا.
Fanon, F. (1967). Black Skin, White Masks. New York: Grove.
پێست ڕەش و دەمامکە سپێیەکان.
Fontana, G. (2010). Creating nations, establishing states: Ethno – religious heterogeneity and the British creation of Iraq in 1919 – 23. Middle Eastern Studies, 46 (1), 1 – 16.
دروستکردنی نەتەوەکان و دامەزراندنی دەوڵەتان: ناهەمواریی ئیتنۆئاینی و دروستکردنی عێراق لە لایەن بەریتانیاوە، ١٩١٩ – ١٩٢٣.
Forbes, R. (1931). Conflict: Angora to Afghanistan. London: Cassell. شەڕ و ململانێ: ئەنگۆرا بۆ ئەفغانستان
Frank, A. G. (1998). Re – Orient: Global Economy in the Asian Age. Berkeley, CA: University of California Press.
سەرلەنوێ ئاڕاسەکردنەوە: ئابووریی جیهانی لە چەرخی ئاسیادا.
Gellner, E. (1983). Nations and Nationalism. Oxford: Blackwell.
نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم.
Gelvin, J. L. (2011). The Modern Middle East: A History. Oxford: Oxford University Press.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ: مێژوویەک.
Gingeras, R. (2011). Gangsters, kidnappers, killers and other patriots: The writing of a new social history of the Turkish War of Independence. ڕێگران و ڕفێنەران و بکوژان و نیشتمانپەروەرانی تر: نووسینی مێژوویەکی کۆمەڵایەتیی نوێی جەنگی سەربەخۆیی تورکیا.
In G. D. Brockett (ed.), Towards a Social History of Modern Turkey: Essays in Theory and Practice (pp. 39 – 57). Istanbul: Libra Kitap.
لە کتێبی، بەرەو مێژوویەکی کۆمەڵایەتیی تورکیای نوێ: بابەتەکانی تیۆری و پراکتیک.
Gorgas, J. T. (2007). Le Mouvement Kurde de Turquie en Exil: Continuités et Discontinuités du Nationalisme Kurde sous le Mandat Français en Syrie et au Liban (1925 – 1946). Oxford: Peter Lang.
جووڵانەوەی کوردی تورکیا لە دوورخراوەییدا: بەردەوامی و هەڵوەستە کردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەژێر ماندێتی فەرەنسی لە سووریا و لوبناندا…
Gorgas, J. T. (2014). The Kurdish cultural movement in mandatory Syria and Lebanon: An unfinished project of ‘national renaissance’, 1932 – 46. Iranian Studies, 47 (5), 839 – 55.
بزووتنەوەی کولتووریی کورد لە سووریا و لوبنانی ژێر ماندێتدا: پرۆژەیەکی تەواونەکراوی “ڕێنیسانسی نەتەوەیی/ نیشتمانی”…..
Gorgas, J. T. (2018). Making borders from below: The emergence of the Turkish – Iraqi frontier, 1918 – 1925. Middle Eastern Studies, 54 (5), 811 – 26.
دروستکردنی سنوور لە خوارەوە: چێکردن و دەرکەوتنی سنووری تورکیا و عێراق.
Guha, R. (2002). History at the Limit of World – History. New York: Columbia University Press.
مێژوویەک لە سنووری مێژووی جیهاندا …
Gunes, C. and Zeydanlıo˘glu, W. (2014). Introduction: Turkey and the Kurds پێشەکی: تورکیا و کوردەکان . In C. Gunes and W. Zeydanlıo˘glu (eds), The Kurdish Question in Turkey: New Perspectives on Violence, Representation, and Reconciliation (pp. 1–20). New York: Routledge.
لە کتێبی، مەسەلەی کورد لە توکیادا: تێڕوانینی نوێ بۆ توندوتیژی و نوێنەرایەتی کردن و ئاشتەوایی …
Hall, S. (2008). The West and the rest: Discourse and power
ڕۆژئاوا و ئەوانیتر: گوتار و دەسەڵات
In S. Hall and B. Gieben (eds), Formations of Modernity (pp.  275 – 320).           New Hampshire: The Open University.
لە کتێبی، پێکهاتن و نوێگەری …
Hamelink, W. and Baris, H. (2014). Dengbêjs on borderlands: Borders and the state as seen through the eyes of Kurdish singer – poets. Kurdish Studies, 2 (1), 34 – 60.
دەگبێژانی خاکی سەر سنوور: سنوورەکان و دەوڵەت وەک چۆن لە چاوی بەندبێژانەوە دەبینرێن…
Hassanpour, A. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918 – 1985. San Francisco, NC: Mellen Research University Press.
ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستان…
Hirsch, F. (2005). Empire of Nations: Ethnographic Knowledge and the Making of the Soviet Union. Ithaca, NY, and London: Cornell University Press.
ئیمپراتۆرییەتی گەلان: زانیاریی ئیتنۆگرافی و پێکهاتەی یەکێتیی سۆڤیێت
Hitchins, K. (2018). Kurdish elites and nationhood in Anatolia, 1890s – 1938.دەستەبژێری کورد و گەل/ نەتەوە لە ئەنەدۆڵدا…
In H. Bozarslanand C. Scalbert – Yücel (eds), Joyce Blau: l’éternelle chez les kurdes (pp. 81–99). Istanbul: Institut français d’études anatoliennes.  هەتاهەتایی لە ناو کورددا…
Hodgson, M. G. S. (1970). The role of Islam in world history. International Journal of Middle East Studies, 1 (1), 99 –123.
ڕۆڵی ئیسلام لە مێژووی جیهاندا …
Houston, C. (2009). An anti – history of a non – people: Kurds, colonialism, and nationalism in the history of anthropology. Journal of the Royal Anthropological Institute, 15, 19 – 35.
دژە مێژوویەکی بە گەل نەبوویەک: کوردەکان و کۆڵۆنیالیزم و ناسیۆنالیزم لە مێژووی ئەنسرۆپۆڵۆجیادا…
Issawi, C. P. (1982). An Economic History of the Middle East and North Africa. New York: Columbia University Press.
مێژووی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
Keddie, N. R. (2003). Modern Iran: Roots and Results of Revolution. New Haven, CT, and London: Yale University Press.
ئێرانی مۆدێرن: رەگ و ڕیشە و ئەنجامەکانی شۆڕش …
Khoury, P. S. (1987). Syria and the French Mandate: The Politics of Arab Nationalism, 1920 – 1945. Princeton, NJ: Princeton University Press.
سووریا و ماندێتی فەرەنسا: سیاسەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی
Klein, J. (2000). Proverbial nationalism: Proverbs in Kurdish nationalist discourse of the late Ottoman period. The International Journal of Kurdish Studies, 14 (1/2), 7 – 26.
ناسیۆنالیزمی پەندئامێز: پەند لە گوتاری نەتەوەیی کوردی دوا سەردەمی عوسمانیدا …
Köksal, Y. (2006). Minority policies in Bulgaria and Turkey: The struggle to define a nation. South – east European and Black Sea Studies, 6 (4), 501 – 21.
سیاسەتی کەمینەکان لە بوڵگاریا و تورکیاداخەبات لەپیناوی پێناسە کردنی نەتەوە/ نیشتمانێکدا ….
Koohi – Kamali, F. (2003). The Political Development of the Kurds in Iran: Pastoral Nationalism. New York: Palgrave.
پەرەسەندنی سیاسیی کورد لە ئێراندا: ناسیۆنالیزمی شوانکارەیی …
Kühn, T. (2003). An imperial borderland as colony: Knowledge production and the elaboration of difference in Ottoman Yemen, 1872 – 1918. The MIT Electronic Journal of Middle East Studies, 3 (Spring), 4 – 16.
خاکێکی سنووریی ئیمپراتۆرییەت وەک کۆڵۆنی: بەرهەمهێنانی زانیاری و چاککردنی جیاوازی لە لە یەمەنی عوسمانیدا ….
Kurt, M. (2019). ‘My Muslim Kurdish brother’: Colonial rule and Islamist governmentality in the Kurdish region of Turkey. Journal of Balkan and Near Eastern Studies, 21 (3), 350 – 65.
“برای کوردی موسڵمانم”: یاسا و ڕێسای کۆڵۆنیاڵی و حکوومەتداریی ئیسلامی لە ناوچەی کوردیی تورکیادا …
Leezenberg, M. (2015). ‘A people forgotten by history’: Soviet studies of the Kurds. Iranian Studies, 48 (5), 747 – 67.
“لەبیرکردنی گەلێک لەلایەن مێژووەوە”: توێژینەوە سۆڤیێتییەکان لەبارەی کوردەوە …
Loomba, A. (2005). Colonialism / Post – colonialism. London and New York: Routledge.کۆڵۆنیالیزم و پۆست کۆڵۆنیالیزم…
Makdisi, U. (2002). Ottoman Orientalism. The American Historical Review, 107 (3), 768 – 96.ڕۆژهەڵاتناسیی عوسمانی…
Maksudyan, N. (2016). Türklügü Ölçmek: Bilimkurgusal Antropoloji ve Türk Milliyetçili˘ginin Irkçı Çehresi 1925 –1939. Istanbul: Metis.
پێوەری تورکی: ئەنسرۆپۆڵۆجیای خەیاڵی زانستی و نەتەوەی تورک ڕوخسارێکی ڕەگەزپەرستییە …
Manoto TV. (2014). Mostanad: Reza Shah. [Documentary film.] موستەنەدی ڕەزاشا ]فیلمێکی بەڵگەنامەییە[ …
Martin, T. (2001). The Affirmative Action Empire: Nations and Nationalism in the Soviet Union, 1923 – 1939. Ithaca, NY, and London: Cornell University Press.
ئیمپراتۆرییەتی کاری ئەرێنی: نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم لە یەکێتیی سۆڤیێتدا.
Matthee, R. (2003). ‘Transforming dangerous nomads into useful artisans, technicians, agriculturalists’: Education in the Reza Shah period.”گۆڕینی خێڵەکییە کۆچەرە مەترسیدارەکان بۆ پیشەگەر و تەکنیکی و کشتیاری سوودبەخش”: خوێندن و فێرکردن لە دەورانی ڕەزاشادا …
In S. Cronin (ed.), The Making of Modern Iran: State and Society under Riza Shah, 1921 – 1941 (pp. 128 – 51). London and New York: Routledge.
لە کتێبی، دروستکردنی ئێرانی نوێ: دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ژێر دەسەڵاتی ڕەزاشادا،       ١٩٢١ – ١٩٤١….
McDowall, D. (2004). A Modern History of the Kurds. London and New York: I.B. Tauris.مێژووی هاوچەرخی کورد…
Meiselas, S. (2008). Kurdistan: In the Shadow of History (Historical Introductions by Martin van Bruinessen). Chicago, IL, and London: The University of Chicago Press.
کوردستان لە سێبەری مێژوودا (پێشەکییە مێژووییەکانی لەلایەن مارتن ڤان بروونەسنەوەیە)…
Mikhail, A. (2016). Climate and the chronology of Iranian history. Iranian Studies, 49 (6), 963 – 72.
کەس و بار و کرۆنۆلۆجیای مێژووی ئێران …
Minawi, M. (2016). The Ottoman Scramble for Africa: Empire and Diplomacy in the Sahara and the Hijaz. Stanford, CA: Stanford University Press.
کشانی عوسمانی بەرەو ئەفریقا: ئیمپراتۆرییەت دیبلۆماسی لە دەڤەرەکانی سەحرا و حیجازدا …
Mohammadpour, A. and Soleimani, K. (2019). Interrogating the tribal: The aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East. The British Journal of Sociology, 70 (5), 1799 –824.
هێنانە دواندنی خێڵەکی: گوزارشی “خێڵگەرایی” لە توێژینەوەی سۆسیۆلۆجیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا…
Olson, R. (1991). Five stages of Kurdish nationalism,1880 – 1980. Institute of Muslim Minority Affairs Journal, 12 (2), 391 – 409.پێنج قۆناخی ناسیۆنالیزمی کوردی …
Özbilge, N. (2020). Çekirgeler, Kürtler ve Devlet: Erken Cumhuriyet Dönemine Yeniden Bakmak.Istanbul: Tarih Vakfı Yurt Yayınları.
کوللە و کورد و دەوڵەت: پێداچوونەوەیەک بۆ سەردەمی سەرەتای کۆمار
Özo˘glu, H. (2004). Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries. Albany, NY: SUNY Press.
ناودارانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی: شوناسی پەرەسەندوو، ڕکابەری لە دڵسۆزیدا، گۆڕانکاری لە سنووردا…
Pahlavi, R. S. (1386 / 2007). Safarha-ye Reza Shah-e Pahlavi bih Khuzistan va Mazandaran. Tehran: Kamal-e Andishah.
گەشتەکانی ڕەزاشای پەهلەوی بۆ خووزستان و مازندەران…
Pehlivan, Z. (2020). El Niño and the nomads: Global climate, local environment, and the crisis of pastoralism in late Ottoman Kurdistan. Journal of the Economic and Social History of the Orient, 63, 316 – 56.
ئێلنینۆ و خێڵە کۆچەرەکان: کەشوهەوای جیهان و ژینگەی ناوچەکە و قەیرانی  شوانکارەیی لەم دواییەی کوردستانی عوسمانیدا…
Pohl, J. O. (1999). Ethnic Cleansing in the USSR, 1937 – 1949. Westport, CT, and London: Greenwood Press.
پاکتاوی ڕەگەزی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا…
Pohl, J. O. (2017). Kurds in the USSR, 1917 – 1956. Kurdish Studies, 5 (2), 32 – 55. کورد لە یەکێتیی سۆڤیێتدا…
Powell, E. M. T. (2003). A Different Shade of Colonialism: Egypt, Great Britain, and the Mastery of the Sudan. Berkeley, CA: University of California Press.
سێبەری جیاوازی کۆڵۆنیالیزم: میسر و بەریتانیای مەزن و دەستباڵایی سوودان .
Rafaat, A. (2016). The fundamental characteristics of the Kurdish nationhood project in modern Iraq. Middle Eastern Studies, 52 (3), 488 – 504.
خاسییەتە بنەڕەتییەکانی پرۆژەی نەتەوەسازیی کورد لە عێراقی نوێدا…
Saleh, A. (2013). Ethnic Identity and the State in Iran. New York: Palgrave.شوناسی ئیتنیکی و دەوڵەت لە ئێراندا…
Sluglett, P. (2007). Britain in Iraq: Contriving King and Country. London and New York: I.B.Tauris.
بەریتانیا لە عێراقدا: مەلیک و وڵاتێکی دەسکرد…
Soleimani, K. (2017). The Kurdish image in statist historiography: The case of Simko. Middle Eastern Studies, 53 (6), 949 – 65.
وینەی کورد لە زانستی نەگۆڕی مێژوودا: حالەتی سمکۆ …
Soleimani, K. and Mohammadpour, A. (2019). Can non – Persians speak? The sovereign’s narration of ‘Iranian identity’. Ethnicities, 19 (5), 925 – 47.
ئاخۆ غەیرە فارس قسە دەکەن؟ گێڕانەوەی سەرەکیی “شوناسی ئێرانی”…
Stone, A. (2017). Hegel and colonialism. Hegel Bulletin, 41 (2), 247 – 70.هیگڵ و کۆڵۆنیالیزم…
¸Sen, S. (2019). Gemideki Hayalet: Türk Sinemasında Kürtlü˘gün ve Türklügün Kurulusu. Istanbul: Metis.
تارماییەکە لەسەر پشتی کەشتییە: چەسپاندنی کوردبوون و تورکبوون لە سینەمای تورکیدا.
Tejel, J. (2009). Syria’s Kurds: History, Politics and Society. London and New York: Routledge.کوردەکانی سووریا: مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگە…
‘The Future of Iraq’. (1926). Advocate of Peace through Justice, 88 (5), 277 – 9.”داهاتووی عێراق”، داکۆکی کردن لە ئاشتی لە ڕێگەی دادپەروەرییەوە …
Tripp, C. (2000). A History of Iraq. Cambridge: Cambridge University Press.مێژووی عێراق…
Trouillot, M.- R. (1995). Silencing the Past: Power and the Production of History. Boston, MA: Beacon Press.
بێدەنگی لە ڕابردوو: هێز و دەسەڵات و بەرهەمهێنانی مێژوو …
Tunçay, M. (1999). Türkiye Cumhuriyeti’nde Tek – Parti Yönetimi’nin Kurulması (1923 – 1931). Istanbul: Tarih Vakfı Yurt Yayınları.
دامەزراندنی ئیدارەدانی تاک حیزب لە کۆماری تورکیادا …
Turkyilmaz, Z. (2016). Maternal colonialism and Turkish woman’s burden in Dersim. Journal of Women’s History, 28 (3), 162 – 86.
کۆڵۆنیالیزمی دایکانە و باری گرانی ژنانی تورکیا لە دەرسیمدا…
Üngör, U. Ü. (2011). The Making of Modern Turkey: Nation and State in Eastern Anatolia, 1913 – 1950. Oxford: Oxford University Press.دروستکردنی تورکیای نوێ: نەتەوە و دەوڵەت لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵاتدا…
Ünlü, B. (2018). Türklük Sözle¸smesi: Olu¸sumu, I·¸sleyi¸si ve Krizi. Ankara: Dipnot Yayınları.
ڕێککەوتننامەی تورکی: پێکهاتن و کار و قەیرانی …
Vali, A. (2014). Kurds and the State in Iran. London and New York: I.B. Tauris. کورد و دەوڵەت لە ئێراندا…
van Bruinessen, M. (1992). Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed Books.
ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا …
van Bruinessen, M. (2001). From Adela Khanum to Leyla Zana: Women as political leaders in Kurdish history.لە عادیلە خانمەوە بۆ لەیلا زانا: ئافرەت وەک سەرکردەی سیاسی لە مێژووی کورددا.
In S. Mojab (ed.), Women of a Non – state Nation: The Kurds (pp. 95 – 112). Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.
لە کتێبی شەهرەزاد موجاب، ژنانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت: کوردەکان …
-van Bruinessen, M. (2006). A Kurdish warlord on the Turkish -Persian frontier in the early twentieth century: Isma’il Agha Simko.
ئیسماعیل ئاغا سمکۆ: میرێکی جەنگی کورد لە سەر سنووری تورکیا و ولاتی فارس لە سەرەتای سەدەی بیستدا
In T. Atabaki (ed.), Iran and the First World War: Battleground of the Great Powers (pp. 69 – 93). London: I.B. Tauris.
لە کتێبی تی. ئەتابەکی، ئێران و جەنگی جیهانیی یەکەم: جێ شەڕی زلهێزەکان …
Vaziri, M. (1993). Iran as Imagined Nation: The Construction of National Identity. New York: Paragon House.
ئێران وەک گەل/ نەتەوەیەکی وێناکراو: بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی/ نیشتمانی …
Vejdani, F. (2015). Making History in Iran: Education, Nationalism, and Print Culture. Stanford, CA: Stanford University Press.
ئامادەکردنی مێژووی ئێران: خوێندن و ناسیۆنالیزم و مۆرکی کولتوور …
Wenner, L. M. (1963). Arab – Kurdish rivalries in Iraq. Middle East Journal, 17 (1/2), 68 – 82. ڕکابەری عەرەب و کورد لە عێراقدا- White, B. T. (2010). The Kurds of Damascus in the 1930s: Development of a politics of ethnicity. Middle Eastern Studies, 46 (6), 901 – 17.
کوردەکانی دیمەشق لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا: پەرەسەندنی سیاسەتی ئیتنیکی …
White, B. T. (2011). The Emergence of Minorities in the Middle East: The Politics of Community in French Mandate Syria. Edinburgh: Edinburgh University Press.
دەرکەوتنی کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: سیاسەتی کۆمەڵگە لە سووریای ماندێتی فەرەنسادا…
Wolf, E. R. (2010). Europe and the People without History. Berkeley, CA: University of California Press.ئەوروپا و گەلی بێ مێژوو …
Yadirgi, V. (2017). The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. Cambridge: Cambridge University Press.
ئابووریی سیاسیی کوردەکانی تورکیا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا…
Ye˘gen, M. (2009). ¸Sark Islahat Planı: Cumhuriyetin Rehberi.
شەرق ئیسڵاحات پلانی: ڕەهبەریی کۆمار
In M. Bayrak (ed.), Kürtlere Vurulan Kelepçe: ¸Sark Islahat  Planı (pp. 11 – 17). Ankara: Özge.
لە کتێبی م. بەیراک، کۆت و پێوەند کردنی کورد: شەرق ئیسڵاحات پلانی (نەخشەی چاکسازیی ڕۆژهەڵات) …
Ye˘geno˘glu, M. (1998). Colonial Fantasies: Towards a Feminist Reading of Orientalism. Cambridge: Cambridge University Press.
ئەندێشە و خەیاڵی کۆڵۆنیاڵی: بەرەو خوێندنەوەیەکی فێمینیستانەی ڕۆژهەڵاتناسی.
Yılmaz, H. (2014). The rise of Red Kurdistan. Iranian Studies, 47 (5), 799 – 822.سەرهەڵدانی کوردستانی سوور…
Young, R. J. C. (2001). Post – colonialism: An Historical                  Introduction. Oxford: Blackwell. پۆست کۆڵۆنیالیزم: دەسپێکێکی مێژوویی…
Yuksel, M. (2011). Dengbêj, mullah, intelligentsia: The survival and revival of the Kurdish – Kurmanji language in the Middle East, 1925 –1960. Unpublished PhD thesis, University of Chicago.
دەنگبێژ و مەلا و ڕۆشنبیر: مانەوە و ڕکابەری کردنی زمانی کوردیی – کرمانجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ١٩٢٥ – ١٩٦٠ (تێزی دوکتۆرای    بڵاونەکراوە).
Yuksel, M. (2016). On the borders of the Turkish and Iranian nation – states: The story of Ferzende and Besra. Middle Eastern Studies, 52 (4), 656 – 76.
لەسەر سنوورەکانی هەردوو دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا و ئێران. چیرۆکی فەرزەندە و بیسرە.
Zeydanlıoglu, W. (2008). ‘The white Turkish man’s burden’: Orientalism, Kemalism, and the Kurds in Turkey.
“بارگرانیی سەر پیاوی تورکی سپی”: ئۆریانتالیزم و کەمالیزم و کورد لە تورکیادا.
In G. Rings and A. Ife (eds), Neo – colonial Mentalities in                Contemporary Europe? Language and Discourse in the                   Construction of Identities (pp. 155 – 74). Newcastle:Cambridge Scholars Publishing.  لە کتێبی، ئەقڵییەتە نیۆکۆڵۆنیاڵییەکان لە ئەوروپای هاوچەرخد. زمان و گوتاری بنیاتنانی شوناسەکان…
Zheen Documentation and Research Center. https://zheen.org/blawkrawe/. بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین
Zukor, A. and Lasky, J. L. (1925). Grass: A Nation’s Battle for Life. [Documentary film]گژوگیا: شەڕی نەتەوەیەک لەپێناوی ژیاندا، (فیلمێکی بەڵگەنامەیی).

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …