Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ‌

ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ‌

ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ‌

1468914691372

مەجید ساڵح 

به‌شی دووه‌م
تەنها ملکەچی دەوڵەت یان تاج بن
مەکداوڵ هۆکاری ناکۆکییەکانی شێخ مەحمود و مێجەر سۆن بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە شێخ مەحمود بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەماندا بمێنێتەوە، دەبوو لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پشت بە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی خۆی ببەستێ، ئەمەش دژی بۆچونەکانی سۆن بوو کە دەیویست پشت بە خەڵکانی شارەزا و تەکنۆکرات ببەستێ:
«لەلایەک ململانێ هەبوو لە نێوان حکومەتی موئەسەساتی کە فەرمانبەران لەسەر ئەساسی توانا و شارەزایی و لێهاتوییان دامەزرێن و تەنها ملکەچی دەوڵەت یان تاج بن، لەولاکەی ترەوە شێوازی ئەوپەڕی حکومەتی تاکڕەوی کە پشتی بە مەحسوبیەت  دەبەست، هێشتا لە ناو چینی ئاینی و خێڵەکی کۆمەڵگای کوردیدا ئەو جۆرە ملکەچیە بەرقەرارە».( دیفید مکداول، ل ٢٥١.)
میجه‌ر سون هەوڵیدا بەشێک لە سەرۆک هۆزەکان قەناعەت پێ بهێنێ پشت لە شێخ مەحمود بکەن. لەوەشدا تا رادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام هەر نەیتوانی مەرامەکەی خۆی کە بەرکەنارکردنی شێخ مەحمودە بێنێتە دی، ویڵسن دان بەوەدا دەنێ: «سەرەڕای هەموو هەوڵدانێکی شێخ مەحمود، بەڵام هێشتا شوێنکەوتوانی لەو کاتەدا زۆر بوون. لەوێ لە کوردستانی باشور  بەرامبەر بە هەر کەسێک کە دژی دانانی شێخ بوو بە سەرۆکی حکومەت، چوار کەسی دیکە هەبوون دانیان بە سەرۆکایەتی ئەودا دەناو پێشوازییان لێ دەکرد».( سێر ئارنۆڵد ویڵسن، ل ١٨٤.)
ئینگلیزەکانی بە دیل گرت
«شێخ» هەستی کرد سۆن هاتووە دەسەڵاتەکانی لێ داماڵێ، بۆیە دەستەوەستان دانەنیشت لە ٢٣ی ئایاری ١٩١٩ لە رێگەی هێنانی مەحمود خانی دزڵیەوە بە بیانوی سەردانی مەرقەدی کاک ئەحمەد لەشکرەکەی دەستی بەسەر سلێمانیدا گرت و ئینگلیزەکانی بە دیل گرت. بە رێکەوت (مێجەر سۆن) لەو کاتەدا لە کەرکوک بوو. شێخ مەحمود ئاڵای ئینگلیزەکانی داگرت و ئاڵای کوردستانی هەڵکرد کە هیلالێکی سور بو لە ناو لاکێشەیەکی سەوزدا.
بەڵام زۆری نەبرد دوای نزیکەی مانگێک لە ئازادکردنی سلێمانی، ئینگلیزەکان بە هاوکاری بەشێک لەو هۆزانەی کە ئامادە نەبون بچنە ژێر رکێفی حوکمداری کوردستانەوە، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩١٩ لە جەنگە بەناوبانگەکەی دەربەندی بازیاندا هێزەکانی شێخ مەحمودیان تێکشکاند و خۆشیان بەدیل گرت و رەوانەی بەغدایان کرد، دوای دادگایی کردن فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرکرد، دواتر حوکمەکە گۆڕا بۆ دورخستنەوە بۆ هیندوستان. بەمجۆرە کۆتاییان بە یەکەم حوکمدارێتی ئەو هێنا.
گەڕایەوە بۆ سلێمانی بۆ دڵنەوایی و ئارام کردنەوەی خەڵکی شارەکە
مێجەر سۆن کە لەو ماوەیەدا لە کەرکوک بوو، گەڕایەوە بۆ سلێمانی، بۆ دڵنەوایی و ئارام کردنەوەی خەڵکی شارەکە هەندێ هەنگاوی هەڵنا. رۆژنامەی «پێشکەوتن»ی بە زمانی کوردی دەرکرد و دەستی دایە دروستکردنی رێگەوبان و کردنەوەی قوتابخانەو دروستکردنی خەستەخانە و چەند قەزا و ناحیەیەکی تازەی دروست کرد. لە رووی کلتوریشەوە، دەستی کرد بە هاندانی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە فەرمانگە فەرمیەکان و قوتابخانەکان. لە رێگەی دامەزراندنی پۆلیسەوە ئەمن و ئاسایشی بەرپا کرد.( عبد الرحمن ادریس، ص١٦٠.(
ویڵسن کە باس لەم قۆناغە دەکات، دەڵێ: «سلێمانی لە ناو دەستە بەهێزەکانی (میستەر سۆن)دا هێمن بوو، ئەو پێی راگەیاندبوون کە کاتی تەنگانە بەسەرچووە»( سێر ئارنۆڵد ویڵسن، ل١٢٨).
بەڵام ئەو دەستە ئاسنینە و چاکسازییەکانی کاریان نەکردە سەر لایەنگرانی شێخ مەحمود و داوای گەڕانەوەیان دەکرد. کەمال مەزهەر لەو بارەوە دەنوسێ «ئینگلیزەکان بەوردی ئاگاداری ئەوەش بوون کە هەست ونەستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەلای شێخ و دروشمەکانیدایە»( کەمال مەزهەر ئەحمەد، ل٨٤).
داوای مۆڵەتێکی شەش مانگی کرد
بارودۆخی سلێمانی رۆژ لە دوای رۆژ لە کۆنترۆڵی ئینگلیزەکان دەردەچوو. تا دەهات تورکەکانیش لە ناوچە کوردییەکاندا لایەنگری زیاتریان پەیدا دەکرد. مێجەر سۆن کە بینی بارودۆخەکە بە ویستی ئەو ناچێتە پێشەوە، داوای مۆڵەتێکی شەش مانگی کرد، دوای رەزامەندی سەروی خۆی ٥/٣/١٩٢١ سلێمانی جێهێشت. رۆژنامەی (پێشکەوتن) هەواڵی دەرچوونی سۆن و هاتنی «گۆڵد سمیس»ی بەم جۆرە بڵاو کردوەتەوە:
«جەنابی میجەر سۆن دوو ساڵ زیاترە کە خەریکی خزمەتی ئەم وڵاتە بوو، رۆژی شەمە، پێنجی ئەم مانگە بە ئیزنی شەش مانگ لە سلێمانی بزووت، تەشریفی فەرموو بۆ لۆندەنه‌وه‌. هەموو کەس ئەزانی بۆ بەرز بوونەوەی ئێمە و وڵاتمان، چەند هەوڵی دا و چۆن تێکۆشا (لەم سەفەرە درێژە هەمومان ساغی و سەلامەتی خۆشی ئەو صاحیبەمان دەوێت) لە جێگای جەنابی میجەر سۆن – جەنابی «گۆڵد سمیس» بۆ حاکمی لیوای سلێمانی تەشریفی هێناوە لە هەوەڵی ئەم مانگی مارتەوە دەستی کردووە بە ئیش- جەنابی «گۆڵد سمیس لەمەو پێش حاکمی حیلە و خانەقین و هەنێ جێگای تر بووە».( پێشەکەوتن، ژمارە ٤٦، ل ٣.(
سۆن لەوە تێگەیشتبوو کە بریتانیا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی سلێمانی، ناچارە شێخ مەحمود بگەڕێنێتەوە، بە هۆی ئەو ناکۆکیە قوڵەی کە لە نێوان هەردووکیاندا هەبوو، نەدەکرا دوو پادشا لە یەک شاردا فەرمانڕەوا بن، بۆیە بە ناچاری پرۆژەکانی بە نیوە ناچڵی بە جێ دەهێڵێ و دەستبەرداری سلێمانی دەبێ و بەرەو وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە، لەو کاتەی کە لە بریتانیا دەبێ فەرهەنگێکی زمانی کوردی دادەنێت. بە هۆی قورس بوونی نەخۆشیەکەیەوە دکتۆرەکانی پێی دەڵێن بۆ چارەسەر سەردانی شاری «بنزرت»ی تونس بکات، بەڵام لە کاتی گەڕانەوە لە ٢٤/٢/١٩٢٣ لە ناو دەریای سپی ناوەڕاست، بە هۆی نەخۆشی سیل کۆچی دوایی دەکات.
لەبەر جوێبونەوەی لە کوردستان، دوچاری نەخۆشی دیق و سیل بوو
 ژۆناڵ سێزال بەم جۆرە باسی مردنەکەی دەگەڕێتەوە: «مێجەر سۆن گەلێک حەزی لە کوردستان دەکرد، کوردی زۆر خۆش دەویست، لەبەر جوێبونەوەی لە کوردستان، دوچاری نەخۆشی دیق و سیل بوو، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٣دا بەدەردی فیراقی کوردستانەوە مرد».( حوسێن حوزنی موکریانی ل ٥٣٨).
سمیس پێشنیاری کرد بۆ ئارام کردنەوەی دۆخەکە و رێگری لە هاتنەوەی تورکەکان، شێخ مەحمود بگەڕێنرێتەوە بۆ سلێمانی و دۆخەکە وەک جارانی لێ بکرێتەوە.
پێش ئەوەی شێخ مەحمود بگەڕێتەوە منەوەرانی سلێمانی، کەسایەتییە دیارەکانی بیریان لە دامەزراندنی جەمعیەتێک کردەوە بۆ رێکخستنی کاروباری سلێمانی و یەکخستنی داواکارییەکانی کورد. ئەوە بوو لە ٢١/٧/١٩٢٢دا لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا لە مزگەوتی «سەید حەسەنی موفتی» بە سەرۆکایەتی مستەفا پاشا یامولکی بڕیار لە سەر دامەزراندنی «جەمعیەتی کوردستان درا، ئەمانەش دەستەی بەڕێوەبەرانی جەمعیەتەکە بوون: مامۆستا رەفیق حیلمی، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ، ساڵح قەفتان، فایەق بەگی مارف بەگ، حاجی ئاغا فەتحوڵڵا، عیزەت بەگی عوسمان پاشا، ئەدهەم ئەفەندی، ئەحمەد بەهجەت، شێخ محەمەدی گولانی، شێخ عەلیی سەرکار، عەلی باپیر ئاغا، عەبدوڵڵا ئەفەندیی محەمەد ئەفەندی و شوکری ئەلەکە.
بۆیە ئەم گۆڕانکارییە هەلێکی باش بوو بۆ دەرکردنی رۆژنامەیەکی باش کە لە حکومەت نەبێت، حاجی مستەفا پاشا ئەم هەلەی بەباش زانی، داوای رۆژنامەیەکی سیاسی لە گۆڵد سمس کرد، زۆر بە ئاسانی رێگەی بە پاشادا بۆ دەرکردنی رۆژنامەیەکی تازەی سیاسی لە جێگای پێشکەوتن.
ئاڵای کوردستانی سەربەخۆی هەڵکرد
حکومەتی دووەم:
٣٠ ئەیلولی ١٩٢٢ شێخ مەحمود گەیشتەوە سلێمانی، جارێکی دی (مێجەر نوئێل)ی هاوڕێی دێرینی وەک راوێژکار لە گەڵیدا گەڕایەوە بۆ کوردستان، لە دوای ئەو گەڕانەوە‌ سەرکەوتووە لە ١٠ تشرینی دووەمی ١٩٢٢دا شێخ مەحمود خۆی وەکوو مەلیکی کوردستان ناساند و ئاڵای کوردستانی سەربەخۆی هەڵکرد، کابینەی دوەمی خۆی کە لە هەشت کەس پێکهاتبوو، راگەیاند، ئەمجارەش بەشی زۆری رەئیسەکان لە خزمەکانی خۆی پێکهاتبوو.
بەڵام لە کابینەکەدا خەڵکانی شارەزای وەک مستەفا پاشای یامولکی کردە رەئیسی مە‌عاریف و ئە‌ویش خزمە‌تێکی زۆری پرۆسەی پەروەردەی کرد لە کوردستان، چەند قوتابخانە‌‌یەکی تازەی کردە‌وە. کەریمی عەلەکە کە (مەسیحی) بو کرا بە رەئیسی مالیە، لیوا صدیق قادری(احمد قاچی، ص٣٠٤.).دوایی بە فەرمانێکی ملوکانە ڕۆژنامە‌ی بانگی کوردستان گۆڕا بۆ(ڕۆژی کوردستان)، شێخ نوری شێخ ساڵح بو بە خاوەن ئیمتیازو سەرنوسەری.
شێخ مەحمود پێچەوانەی خواستی ئینگلیزەکان جوڵایەوە، کە دەیانویست بیکەن بە گژ تورکەکاندا، بەڵام ئەو بەرنامەیەکی دیکەی هەبوو، هەر زۆر زوو دەستی لەگەڵ تورکەکاندا تێکەڵ کرد، لەوبارەوە کەمال مەزهەر دەڵێ «مێژووی پەیوەندی نێوان شێخ مەحمود و کەمالییەکان لە ئەیلولی ١٩٢٢ دەست پێدەکات، واتە لەو رۆژەوەی شێخ مەحمود پێی نایەوە خاکی کوردستانەوە، دوای ئەوەی لە هیندستان ئازاد کرا».( کەمال مەزهەر ئەحمەد، ل ١٠٩).
مێجەر نوئێل کە زانی شێخ مەحمود زیاتر بەلای تورکەکاندا دەیشکێنێتەوە «نامەیەک بۆ مەندوبی سامی لە بەغدا دەنوسێ و رایدەگەیەنێت کە مەحاڵە سود لە شێخ مەحمود ببینین»( عبدالرحمن البیاتی، ص ٢٢٠.) و ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ سلێمانی جێهێشت. (کابتن چاپمان)ی لە جێگەی خۆی دانا، دوای مودەتێک ئەویش لەبەر هەمان هۆکار بە دوایدا دەڕوات و سلێمانی جێدەهێڵێت.

 

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …