داناز عەبدولڕەحمان
میر جەلادەت بەدرخان (٢٦ی نیسانی ١٨٩٣-١٩٥١) سیاسەتمەدار، رۆژنامەڤان و زمانناسی کورد بوو.
میر جەلادەت کوڕی ئەمین عالی کوڕی بەدرخان پاشایە، ٢٦ی نیسانی ساڵی ١٨٩٧ لە ئەستەمبوڵ لەدایکبووە.
ھەر لە پایتەختی ئەوسای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و فێرگەی بەرزی (یاسا)ی تەواو کرد. پاش سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیزم، ئەمین پاشاو سێ کوڕی ناچار بوون بچنە میسرو لەوێ نیشتەجێ ببن. جەلادەتو کامەران-ی برای چوونـە ئەڵمانیاو ئەو ماوەی ھەشت ساڵەی ئەوێی بەفێرۆ نەداو خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کرد.
جەلادەت خۆی گەیاندە شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و دوای شکستی شۆڕشەکە دیسانەوە تورکیای جێھێشتەوە.
رۆژی ٢٥ی ئابی ١٩٣٠ لە سوریا باوکی کۆچیدوایی کرد.
جەلادەت ھەر لەوێ سەرقاڵی دەرکردنی رۆژنامەو گۆڤاری کوردی بوو.
لە ١٥ی ئایاردا گۆڤاری (ھاوار) ی دەرکرد کە تـا ٥ی تەمموزی ١٩٤٣ بەردەوام بوو.
پێشتر گۆڤاری (رۆناھی)ی ھەفتانەی دەردەکرد، جەلادەت بەتەنیا ئەم گۆڤارەی بەرێوەدەبرد بەنووسینو پیت چنینو چاپو بڵاوکردنەوەشی.
بەناوی (نھێنی) نووسینەکانی بڵاودەکردەوە. لە پێشەنگی ئەو کەسانەیە کە پیتی لاتینی-یان بۆ نووسینی کوردی بەکارھێنا، زمانەکانی فـارسی، تورکی، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزیو رووسی زۆر بەباشی زانیوە.
کتێبێکی لەسەر رێزمانی کوردی نووسیوە کە تەنیا بەشێکی چاپکراوەو بەشەکانی دیکەی ھێشتا ھەر دەستنووسن. فەرھەنگێکی بەکوردیو یەکێکی دیکەی کوردی – فەرەنسی ھەیە.
ژمارەیەکی زۆری رووناکبیرانی کورد لە دەوری جەلادەت بەدرخانو گۆڤارەکانی کۆببوونەوە.
جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان رۆژی ١٥ی تەمموزی ١٩٥١ لە شام کۆچیدوایی کرد.