Home / بەشی مێژووی كورد / سوارەی حەمیدییە چۆن و لەلایەن کێوە هاتە دامەزراندن؟

سوارەی حەمیدییە چۆن و لەلایەن کێوە هاتە دامەزراندن؟

بەکر شوانی

3

سوارەی حەمیدییە (بە تورکی: حەمیدییە ئاڵایلاری)، دیاردەیەکی هەڵگری باس و خواسی زۆرە لە مێژووی کورددا. لەگەڵ ئەوەیشدا کەمتر بە کوردی و زیاتر بە تورکی نووسین و لێکۆڵینەوە و سەرچاوە لەو بارەیەوە دەستدەکەوێت. نوێترین بابەت سەبارەت بە سوارەی حەمیدییە لێکۆڵینەوەیەکی نووسەر و مێژووناسی تورکیایی خاتوو ئایشە حوڕە کە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی و لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکی تری تورکیدا بڵاو کراوتەوە. ئەوەی لە لیكۆڵینەوەکەی حوڕدا مایەی سەرنجە، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر هەندێک لە لایەنە نەزانراوەکانی چۆنیەتیی دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە کە لە هەر قۆناغێکدا ناوێکی جیاوازی هەبووە.

سوارەی حەمیدییە پرۆژەی سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم بوو

ئایشە حوڕ ڕوونی دەکاتەوە سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم (١٨٤٢-١٩١٨) خاوەنی بیرۆکە و دامەزرێنەری سوارەی حەمیدییە بووە کە لە سەردەمی ئەودا ناوە فەرمییەکەی (تابوورە سووکەکانی سوارەی حەمیدییە) بووە. لەو سەردەمەدا دەوڵەتی عوسمانی خاکی زۆری لە دەست دابوو، بۆیە عەبدول حەمیدی دووەمی ناسراو بە “خەلیفە” دەیویست لە ڕێی کۆکردنەوەی ئیسلام و نوێخوازییەوە ڕێ لە ونکردنی سەرزەمینی نوێ بگرێت و تەنانەت سەرزەمینە لە دەستچووەکانیش بگەڕێنێتەوە. ئەو خوولیایە بزوێنەری سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ناوبراو بوو. ئەو بەباشی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردەکان تێگەیشتبوو. لە دوای شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا لە ساڵی ١٨٧٩دا سوڵتان بۆی دەرکەوتبوو مەحاڵە بتوانێت لە کوردستان بە زەبری چەک دەسەڵات بسەپێنێت. هەروەها گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە بە تورککردنی عەرەب و ئەلبانییەکانیش کارێکی بێهوودەیە. خوولیای دامەزراندنی دەوڵەوتێکی تاک نەتەوەیشی نەبوو. بگرە پلانی وەهابوو کوردە سوونییەکان کە لەگەڵ دەوڵەتدا هاوئاین و هاومەزهەب بوون، پەروەردە بکات و ڕێک بخات و لە ڕێی ئەوانەوە هێزی لە دەستچووی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە. کاری ڕێکخستن ساڵی ١٨٩١ بە دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە و کاری پەروەردە ساڵی ١٨٩٢ بە کردنەوەی قوتابخانەکانی عەشیرەت دەستی پێکرد.

4

باڤێ کوردا

ئایشە حوڕ لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژە دەکات بۆ ئامانجەکانی عەبدول حەمیدی دووەم لە دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە و دەنووسێت بە هۆی ئەوەی عەشیرەتە کوردەکان خاوەن کاریگەری و دەسەڵاتی زۆر بوون، دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی لە کوردستان زۆر لاواز ببوو. بۆیە عەبدول حەمیدی دووەم دەیویست لە ڕێی پەروەردە و ڕێکخستنەوە کوردە کۆچەر و نیمچە کۆچەرەکان کە خاوەن هەستێکی نەتەوەیی گەشەکردوو نەبوون، لە ژێر سەیوانی ئیسلامدا یەک بخات و بەو جۆرە بە دەوڵەتەوە پابەندیان بکات، کۆتایی بە شەڕی نێوان عەشیرەتەکان بهێنێت و کوردەکان وەک سەرباز بخاتە شەڕەکانی دژ بە ئێران و ڕووسیاوە. حوڕ لە شوێنێکی تری لێکۆڵینەوەکەدا دەنووسێت کە ڕوون نییە داخۆ چۆن کوردەکان بە پرۆژەی سوارەی حەمیدییە قایل کراون. بەڵام دواجار عەبدول حەمیدی دووەم سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و بەشێک لە کوردەکان ئەگەر لایەنگری ئیمپراتۆریایش نەبووبن، پابەندبوونی خۆیان بە سوڵتان-خەلیفەوە ڕاگەیاندووە. تەنانەت خۆشەویستیی کوردەکان بۆ عەبدول حەمیدی دووەم گەیشتە ئاستێک کە ناسناوی “باڤێ کوردا – باوکی کوردان” بە باڵایدا داببڕن.

Abdul-Hamid II Sultan of Turkey

 سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم

وەرگرتن تەنیا بۆ  کوردی شافعی بوو

بەپێی نیزامنامەیەک کە ئایشە حوڕ ئاماژەی بۆ کردووە و لە ساڵی ١٨٩١دا دەرچووە، پێویست بووە هەر تابوورێکی سوارەی حەمیدییە هەرە کەم لە چوار یەکینە و هەرە زیاد لە شەش یەکینە پێکبێت. هەر یەکینەیەکیش لایەنی کەم ٥١٢ و لایەنی زیاد ١١٥٢ سوارەی هەبێت. عەشیرەتە گەورەکان مافیان پێ دراوە زیاد لە تابوورێکیان هەبێت و عەشیرەتە بچووکەکانیش بۆیان نەبووە زیاتر لە یەکینەیەک یان دووانیان هەبێت. لە هەر تابوورێکەوە دوو چاوش ڕەوانەی ئیستانبوڵ دەکران، لەوێ لە قوتابخانەی ئاڵای دەخرانە بەر مەشق و دوای دوو ساڵ خزمەتکردن لە ئیستانبوڵ یان شوێنێکی تر بۆ ناو تابوورەکانی خۆیان دەنێردرانەوە. هەروەها لە هەر عەشیرەتێکیش کوڕێک دەخرایە کۆلیژی هێزی سوارە و دوای تەواوکردنی خوێندن و مەشق بە پلەی مولازمەوە دەگەڕایەوە بۆ ناو تابووری عەشیرەتەکەی خۆی. لە نیزامنامەکەدا بەندێکی تایبەت بە ئاین نییە، بەڵام تەنیا کوردی شافعی لە ڕیزەکانی سوارەی حەمیدییە وەرگیراون. بۆ نموونە، لە کاتێکدا عەشیرەتی جوبرانی سوونی لە ناوچەی ڤارتۆ دوو تابووریان دامەزراندووە، مووشیر زەکی پاشای فەرماندەی سەربازیی ناوچەکە ڕەزامەندی پێشان نەداوە بۆ دامەزراندنی تابوورێک بۆ عەشیرەتی خۆرمەکی عەلەوی کە عەشیرەتێکی گەورەی هەمان ناوچە بوون. عەشیرەتەکانی کوردی عەلەوی لە دەرسیم وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە نەدانی تابوور پێیان لە دژی حکوومەت ڕادەپەڕن. عەبدول حەمیدی دووەم بەڵێن دەدات مۆڵەتی دامەزراندنی تابووری سوارەیان پێ بدات، بەڵام دواتر بەڵێنەکەی ناباتەسەر.

عەشیرەتەکان هەڵوەدای وەرگرتنی تابوور بوون

ئایشە حوڕ دەنووسێت لە قۆناغی یەکەمدا ١٣ تابوور هاتە دامەزراندن. کاتێک عەشیرەتە بێ تابوورەکان بینییان عەشیرەتی خاوەن تابوور دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر عەشیرەتەکانی تردا بسەپێنێت، ئەمانیش کەوتنەخۆ بۆ وەرگرتنی تابوور و بەوجۆرە ژمارەی تابوورەکان کە لە سەرەتادا ١٣ بوو، لە ساڵی ١٨٩٥دا گەیشتە ٦٥ تابوور. ٦٢ تابوور بەتەواوی لە کورد پێکهاتبوون، تابوورێک لە کورد و تەرەکەمە، تابوورێک لە کورد و قەرەپاپاک و تابوورێکیش لە کۆچبەرەکانی کافکاسیا بوون. عەشیرەتە کوردەکان دوای ئەوەی بوون بە خاوەن هێز، کەوتنە چەوساندنەوەی یەکدی و کەمینە نەتەوە و ئاینییەکانی کوردستان و تاوانەکانی ڕووتکردنەوە و تاڵان و مرۆڤ ڕفاندن ڕوویان لە زیادبوون کرد. بۆ نموونە، خەڵکی دیاربەکر ساڵی ١٩٠٥ لە دژی سوارەکانی شاکیر ئیبراهیم پاشای سەرۆکی عەشیرەتی میللی (میلان) ڕاپەڕین و بە ناردنی تەلەگراف داوایان لە دەوڵەت کرد ئەو هێزە لە شار دووربخاتەوە. بەڵام عەبدول حەمیدی دووەم لەبری سزادان، خەڵات و نیشانی بە سەرانی هێزەکە بەخشی. ئەمە وای لە خەڵکی دیاربەکر کرد ساڵی ١٩٠٧ بە هێزی خۆیان سوارەی حەمیدییەی میللی لە شار دەرپەڕێنن. بەپێی لێکۆڵینەوەکەی ئایشە حوڕ، سوارەی حەمیدییە سەرەتا بۆ کوردی سوونی و عەلەوی و پاشان بۆ ئەرمەنییەکانیش بوون بە کێشەیەکی گەورە و لە زۆر گوند و ناوچە و شار دەستیان چووە خوێنی کورد و ئەرمەنییەکان.

Ibrahim Pashay Milli

ئیبراهیم پاشای میللی

سوارەی حەمیدییە لە دوای عەبدول حەمیدی دووەم

ساڵی ١٩٠٨ لە دوای ڕاگەیاندنی مەشرووتەی دووەم سوارەی حەمیدییەی ژێر فەرمانی ئیبراهیم پاشی کوڕی شاکیر ئیبراهیم پاشای میللی لە وێرانشەهر لە دەوڵەت هەڵگەڕایەوە. ئیبراهیم پاشا کاتێک لەگەڵ هێزەکانیدا بەرەو ناوچەی شەنگال دەکشایەوە، لە ڕێگە بە نەخۆشیی سکچوون مرد، هێزەکانی پەرتەوازە بوون و کۆتایی بە یاخیبوونەکەی هات. دوای داگرتنی عەبدول حەمیدی دووەمیش لە تەخت لە ٣١ ئاداری ١٩٠٩، ڕێکخراوی ئیتیحاد و تەرەقی لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی سوپادا سوارەکانی حەمیدییەیان بەشێوەیەکی نوێ ڕێکخستەوە و ناوەکەیان گۆڕی بۆ (تابوورە سووکەکانی سوارەی عەشیرەت) و خرانە سەر سوپای ١٩ لە ئەرزەڕووم. ساڵانی دواتر ئیتیحادچییەکان لەوەدا بوون سوارەی عەشیرەت (حەمیدییە) هەڵبوەشێننەوە، بەڵام شەڕی یەکەمی جیهانیی بەسەردا هات و پێویستیان بە کورد بوو. ئەمجار سوارەی عەشیرەتە کوردەکان خرانە سەر سوپای ٣ و ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کران. ساڵی ١٩١٥یش وەک بەشێک لە هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە چەند ناوچەیەک دەستیان هەبوو لە ئاوارەکردن و کوشتنی ئەرمەنییەکاندا. ساڵانی دواتر بە یاسای ژمارە ٣٥٦ کە ساڵی ١٩٢٣ لەلایەن حکوومەتی ئەنقەرەوە دەرچوو، لە چەکدارانی پێشووی سوارەی حەمیدییە یەکینەکانی گوندپارێز هاتنە دامەزراندن. ساڵانی ١٩٢٦-١٩٣٠ هەندێک لە یەکینەکانی گوندپارێز چوونە ڕیزەکانی شۆڕشی ئاگرییەوە و ئەوانەیشی لە بەرەی دەوڵەتدا مانەوە، بەپێی ئارەزووی کۆماری تورکیا بەرەنگاری شۆڕشگێڕانی ئاگری نەبوونەوە. بۆیە دەوڵەت چەک و جبەخانەی لێیان وەرگرتەوە و بەو جۆرە کۆتایی بەو سیستەمە هات. بەڵام دەوڵەت تا ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوویش مووچەی خانەنیشینی دەدا بە کەسوکاری فەرماندە کوژراو و مردووەکانی سوارەی حەمیدییە-عەشیرەت و یەکینەکانی گوندپارێز. ئایشە حوڕ بەدووری نازانێت ئەوە جۆرێک بووبێت لە وەفاداری و هەروەها زەمینە خۆشکردن بووبێت بۆ ئەوەی ئەگەر دەوڵەت لە داهاتوودا پەنا بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی هاوشێوە ببات، کوردەکان بە دەنگییەوە بچن.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …