Home / ناوداران / عەبدوڵڵا گۆران(١٩٠٥- ١٩٦٢)

عەبدوڵڵا گۆران(١٩٠٥- ١٩٦٢)

goran-shair

عەبدوڵڵا گۆران
عەبدوڵڵا بەگ ناسراو بە عەبدوڵڵا گوران (لەدایک بوون ١٩٠٥- کوچی دوایی ١٩٦٢) . گوران ‌ شاعیر و فەرھەنگ‌دۆستی بەناوبانگی کورد لە شاری ھەڵەبجە ھاتە دوانیاوە. لەبەر ھەستە نیشتمانپەروەرەکەی تووشی کێشەی زۆر بوو دەگەڵ حکومەتی کاتی عێراق بەڵام بە ھۆنراوەکانی خزمەتێکی بێ‌وێنەی بە ئەدەب و فەرھەنگی گەلی کورد کرد. گۆران لە شاری سلێمانی و بەھۆی نەخۆشینی شێرپەنجە کۆچی‌دوایی کرد.
گۆران، یان عەبدوڵڵا بەگ، کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگ بوو. ھەردوو باوک و باپیری لە شیعر و ئەدەب‌دا بەھرەیان بووە و بە کوردی و بە فارسی نووسیویانە و شێعریان وتووە؛ بە تایبەتی عەبدوڵڵا بەگی باپیری، کە گۆرانی بە ناوەوە ناونراوە لە زمان و ئەدەبی فارسی‌دا دەستێکی درێژی بووە و ھەر بۆیەش بە کاتبی فارسی ناوبراوە.

گۆران لە ١٩٠٤ یا لە ١٩٠٥ دا لە شاری ھەڵەبجە لە دایک بووە. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی «میران بەگی» بوون لە ناوچەی مەریوان و عینایەتوڵڵا بەگی کوڕی ئەمانوڵڵا بەگیان بە خۆی و خێزانیەوە دێتە سلێمانی و لە ناوچەی قەرەداغ ماوەیەک دائەنیشێ. زۆری پێ ناچێ کۆچی دوایی ئەکا، عەبدوڵڵا بەگی کوڕی -باپیری گۆران- لەگەڵ ھەموو خێزانەکەیاندا کە لە برایەکی بچوکی و دایکی و ژنەکەی و منداڵەکانی خۆی پێکھاتووە ڕوو ئەکەنە ھەڵەبجە چۆنکە خۆیان بە جاف زانیوە و لەوێ جێگیر ئەبن. لەو سەفەرەدا دایکی عەبدوڵڵا بەگ و براکەی بە سێبەڕو ئەمرن و ئەمێننەوە عەبدوڵڵا بەگ و منداڵەکانی خۆی کە ئەمانە بوون :مستەفا بەگ، نووری بەگ، نەفێ خان، سلێمان بەگ، حەبیبە خان. لەمانە نەفێ‌خان شوو ئەکا بە مەجید بەگی عوسمان پاشا. حەبیبە خانیش شو ئەکا بە یەکێ لە شێخانی خانەقای لای پاوە. مستەفا بەگ و نوری بەگیش کەسیان لە پاش بەجێ نامێنێ. بەڵام سلێمان بەگ ئەم مناڵانەی ئەبێ: عەلی، شەمسە،‌ محەمەد و عەبدوڵڵا. عەلی و شەمسە بە لاوی مردوون. محەمەدیش کە مەشھوور بووە بە «حەمە بەگە ڕووشە» پاش مردنی باوکی بە دوو ساڵ ئەکوژرێ. بەم چەشنە لەم بنەماڵەیە ھەر عەبدوڵڵا -گۆرانی دواڕۆژ- ئەمێنێتەوە.

گۆران لای باوکی قورئان و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە «مزگەوتی پاشا»ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ و تەنانەت ماوەیەکیش بە «فەقێ عەبدوڵڵا» ناسراوە.

لە دوا ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیھانی و سەرەتای ھاتنی بەڕیتانیەکان، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ ئەبێت و خەڵک ڕوو ئەکەنە لادێکانی دەور و پشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩وە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوو ئەکەنە چەمی بیارە و لەوێ لە باخێکدا ھەوار ئەخەن و بۆ پاییز ئەوسا ئەگەڕێنەوە بۆ ھەڵەبجە.

گۆران خۆی بۆ ماموستا رەفیق حیلمیی گێڕاوەتەوە :‍

لە بیرمە کە یەکەم قۆتابخانەی زەمانی تورک لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیرام، کە مۆدیرەکەمان، بە ڕەحمەت بێ، تاھیر ئەفەندیی مەلا ئەمینی جەففار، پێی ئەوت پۆلی ئیحتیات».

وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە دەوامی لە قۆتابخانەی «رەسمی»یشدا پچڕ‌پچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لە لایەن بەڕیتانیاوە تەواو کردووە.

لە ١٩١٩دا سڵێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی ئەکات. پاشان لە ١٩٢١دا محەمەد بەگی برای. بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبدولواحید نووریی خاڵۆزایدا ئەیاننێرێ بۆ قۆتابخانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن، بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەمەد بەگی برایشی ئەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وای نامێنێ گۆزەرانی خوێندنی خۆی و ژیانی دایکی ببابەڕێوە، لەبەر ئەوە دەست لە خوێندن ھەڵ‌ئەگرێ و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەستتەنگی ئەچێژێ.

گۆران بۆ یەکەم جار لە ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قۆتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە و تا ١٩٣٧ لە قۆتابخانەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە. پاشان گوێزراوەتەوە بۆ ئەشغاڵ بەشی کاروباری ڕێگاوبان و تا گیرانی یەکەمی لە ١٩٥١دا، جگە لەو چەند ساڵەی کە لەگەل چەند ڕۆشنبیرێکی‌تری کورددا ئەچێ بۆ یافا لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم بەشی کوردستان ئەکەنەوە، لە ئەشغاڵدا ئەمێنێتەوە.

لە تەشرینی دووھەمی ١٩٥٢دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و ئەبێ بە بەرپرسی ڕۆژنامەی «ژین». تا ئەیلوولی ١٩٥٤ لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوە. لە ١٧ مانگی یەکی ١٩٥٤دا بۆ جاری دووھەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتیخوازانی سلێمانی ئەگیرێ و حۆکمی ساڵێ بەند و ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی، بەسەرا ئەدرێ. ماوەی حەپسەکەی لە سلێمانی و کەرکووک و کووت و بەعقووبە و نوگرە سەلمان و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەر ئەبا.

لە ١٢مانگی ٩ ساڵی ١٩٥٦ ئەم حۆکمە تەواو ئەکا و بەرئەبێ و ئەچێتە بەغدا. چەن ڕۆژێک لەوێ لە پڕۆژە حوکوومەتیەکانی بینادا ئەبێ بە چاوەش عەمەلە. زۆری پێ ناچێ دیسانەوە لە ھێرشی میریدا بۆ سەر نیشتمان‌پەروەران بەبۆنەی دەسدرێژییە سێقۆڵییەکەی سەر میسرەوە، ئەگیرێتەوە و لە١٧مانگی ١١ ساڵی ١٩٥٦ دا دادگای عورفی لە کەرکووک حۆکمی یا سێ ساڵ بەندی یا بە بارمتەدانانی ھەزار دیناری نەختی ئەدا کە تا سێ ساڵ ورتەی وای لەدەم دەرنەیەت و کردەوەی وای لێ‌ نەوەشێتەوە کە میری پێی دڵگران ببێ…..گۆران نە ھەزار دینارەکەی ئەبێ و نە ئەشیەوێ گفتی‌وا بە میری بدا، بۆیە ئەخرێتەوە بەندیخانە و تا یەکەمی مانگی ٨ ساڵی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی پیرۆزی ١٤ی تەمووز تیا ئەھێڵرێتەوە. گۆران ئەم ماوەیەی لە بەندیخانە کەرکووک و بەعقووبە بەسەر بردووە.

پاش بەر بوونی لە زیندان ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بۆ ماوەیەک لەگەڵ وەفدێکی میللی سەر لە یەکێتی سۆڤیەت و چینی میللی و کۆریای دیمۆکراتی ئەدا. لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بەناوی بەیان دەری ئەکا و لە ئیسکانی سلێمانیش دائەمەزرێ و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ کاری تیا ئەکا. ئەنجا بە بیانووی ئەوەوە کە گۆیا بێ‌پرس کاری بە جێ ھێشتووە – کار بە جێ‌ھێشتنەکەی بۆ چوون بۆ شەقڵاوە بووە بۆ بەشدار بوون لە کۆنگرەی دووھەمی مامۆستایانی کورد- لەسەر کار لای ئەبەن.

لە ناوەڕاستی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە مۆحازەردەر لە بەشی کوردیی کوللییەی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.

لە سەرەتای ١٩٦٢دا ژانەسک زۆری بۆ ئەھێنێ. دەر ئەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێر پەنجە بووە؛ نەشتەرگەریەکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ ئەکرێ، بەڵام بە داخەوە پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەریە لە نیساندا ئەڕوات بۆ مۆسکۆ، سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆریی «بەرڤیخە» بەسەر ئەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ عێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم، نەخۆشییەکەی سەر ھەڵ‌ئەداتەوە و تەنگی پێ ھەڵ‌ئەچنێ. لە بەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ.

لە سەعات نۆ و نیوی سبەینێی ١٨ی مانگی ١١ ساڵی ١٩٦٢دا چاوی یەکجاری ئەنێتەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …