Home / مێژووى جیهان / چیرۆكی ئەو رۆژەی عودەی لەدایكبوو و سەدام لە زینداندا بوو

چیرۆكی ئەو رۆژەی عودەی لەدایكبوو و سەدام لە زینداندا بوو

sadam-w-udai

چیرۆكی ئەو رۆژەی عودەی لەدایكبوو و سەدام لە زینداندا بوو

ئەحمەد عەبدوڵا

عودەی سەدام حسێن 54 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 18 حوزەیرانی 1964 دا لە تكریت لە دایكبووە، لەكاتێكدا باوكی لە زینداندا بووە. پاشان و لەسەردەمی دەسەڵاتی باوكیدا بووە یەكێك لە گەنجە ناسراوە شەڕانی و توڕەكان و مەترسی لەسەر ئایندەی دەسەڵاتی باوكی و تەنانەت عێراقیش دروستكرد.

عودەی دوای ساڵێك لە هاوسەرگیری سەدام حسێن و ساجیدە خێروڵای خاڵۆزای لەدایكبووە، چونكە دوای كودەتای بەعسی و نەتەوەیەكان”لە 8ی شوباتی 1963″ دا، سەدام حسێن لە میسرەوە گەڕایەوە بۆ عێراق، و هاوسەرگیری لەگەڵ ساجیدە تولفاحی خاڵۆزیدا كرد.

سەدام حسێن لە ئۆكتۆبەری 1959 دا عێراقی جێهێشت، دوای ئەوەی لەگەڵ چەند گەنجێكی بەعسیدا بەشداری لە هەوڵی كوشتنی عەبدولكەریم قاسمدا كرد و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو.

فواد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق و یەكێك لەو كەسانەی لەو كاتەدا لە میسر بووە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی”شەرق لئەوسەت”، كە لە ساڵی 2015 دا بڵاوكراوەتەوە، باسی لەوەكردووە، كە هەمووان بەچاوی خۆشەویستەوە سەیری سەدامیان دەكرد، چونكە پێیانوابوو كەسێكی نیشتیمانییە.

تەنها ساڵێك دوای گەڕانەوەی سەدام، پەیوەندی بەعسییەكان و قەومییەكان تێكچوو و سەدام و چەند هەڤاڵێكی تری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە دەستگیركران و زیندانی كران، چونكە عەبدولسەلام عارف، سەرۆك كۆماری عێراق لەوكاتەدا پێیوابوو، كە بەعسییەكان دەیانەوێت كودەتای بەسەردا بكەن و ببنە تەنها دەسەڵاتداری عێراق.

ساڵی 1964 و لەوكاتەی لە رۆژی 16ی حوزەیرانی 1964 دا، عودەی لە تكریت لەدایكبوو، سەدام لەزینداندا بوو، بەڵام پاش ماوەیەك توانی لە زیندان هەڵبێت و بچێتەوە تكریت و كوڕە تازە لەدایكبوەكەی ببێنێت.

عودەی هەر لەسەرەتاوە كەسێكی شەڕانی و توند و هەڵچوو بوو، یەكەم سەرەتای دەركەوتنی ئەو كاتە بوو، كە باوكی بۆ بە سەرۆك كۆماری عێراق و بەپێی گێڕانەەوەی بەشێك لە سەرچاوەكانی مێژوو، عودەی و قوسەی برای بەشداریان لە كوشتنی چەندین ئەندامی بەعسدا كرد، كە سەدام بە خیانەتكار و جاسوس تۆمەتباری كردن.

عودەی لەگەڵ قوسەی برای

ساڵانی هەشتاكان عودەی زیاتر وەك كاراكتەرێكی سیاسی و ئەمنی دەركەوتوو و لە تەلەفزیۆنی عێراقیشەوە پیشاندەدا، بەتایبەتی لەگەڵ باوكیدا دەچووە بەرەكانی جەنگ لەگەڵ ئێران و ئەوەیش جۆرێك لە ئامادەكاری بوو بۆ هێناپێشەوەی عودەی و وێناكردنی وەك حاكمی داهاتووی عێراق، بەڵام لەپڕ هاوكێشەكە بە قازانجی قوسەی برای هەڵگەڕایەوە.

كەسانی نزیك لە سەدام حسێن لە بیرەوەرییەكانیاندا زۆربەیان تەئكیدیان لەوەكردۆتەوە، كە عودەی خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێزی سیاسی و عەقڵانی نەبوو، زیاتر وەك پیاوێكی توند و ئارەزووباز دەركەوتووە و شەوانی بە ئاهەنگ و خواردنەوە و بەسەربردنی كاتی خۆش كوشتووە.

پەیوەندییەكانی سەدام حسێن و عودەی كوڕی لە ئۆكتۆبەری ساڵی 1988 دا تێكچوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی عودەی”كامیل یوحەننا”یەكێك لە ئەفسەرەكانی گاردی كۆماری و هاوكاری سەدام حسێنی لە ئاهەنگێكدا كوشت، صونكە پێیوابوو كە ناوبراو، نێوەندگیری كردووە و سەمیرە شابەندەر”ژنی دووەمی سەدام”ی بە سەدام حسێن ئاشناكردووە و ئەوەیشی وەك جۆرێك لە سوكایەتی بە دایكی وەسف كردبوو.

بەپێی راپۆرتێك كە دەزگای هەوڵگری عێراق بۆ سەدام حسێنی نوسیووە، عودەی لەلایەن عەدنان خێروڵای خاڵییەوە، لە شوێنێكی نهێنی حەشاردربوو، هەروەها پلانی كودەتایەكیان دژ بە سەدام رێكخستووە، بەتایبەتی لەوكاتەدا بەهۆی تێكشكانی سوپای عێراق و داتەپانی ئابوری عێراقەوە ناڕەزایەتی زۆر لە نێو هێزە چەكدارەكان و خەڵكدا دژ بەو سەدام دروستبوبوو.

پاش ماوەیەك عودەی ئاشكرابوو و خرایە زیندانەوە و حوكمی 10 ساڵی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام بەناوبژیوانی شا حسێنی ئوردن دوای سێ‌ مانگ ئازاد كرا.

لە ساڵانی نەوەدەكاندا، عودەی چەند پۆستێكی ئەمنی و ررۆشنبیری وەرگرت و سەرپەرشتی تەلەفزیۆنی شەباب و لیژنەی ئۆلۆمپیشی دەكرد و لە رۆژنامەكاندا وتاری دەنوسی و وەك گەنجێكی رۆشنبیر دەردەكەوت.

عودەی كۆلیژی ئەندازیاری لە زانكۆی بەغداد تەواوكردووە و بە پلەی یەكەم دەرچوە لە نێو 77 فێرخوازدا، هەرچەندە بەپێی گێڕانەوەی هاوكارەكانی لەوكاتەدا عودەی زۆر بەكەمی دەوامی زانكۆی كردووە و زیاتر بۆ بەسەربردنی كاتی ئاسایی سەردانی زانكۆی كردووە.

رۆژی 12ی كانوونی یەكەمی 1996، چەند چەكدارێكی نەناسراو لە شەقامی رەشید، لە بەغداد تەقەیان لە عودەی كرد و بە سەحتی برینداریان كرد، هەرچەندە تائێستا بەفەرمی نەزانرا كێی بوون، بەڵام بەپێی گێڕانەوەكان پلانێك بووە لەلایەن خودی سەدامەوە بۆ سنوردانان بۆ فراوانخوازییەكانی عودەی و دواتریش كەسایەتی قوسەی گەورەتركرا و لە ساڵی 2000 دا، بە فەرمی بۆ شوێنگرتنەوەی باوكی دیاریكرا.

Airborne_and_Special_Forces_Uday-Qusay_raid_2003
دیمەنێك لە شەڕی هێزێكی ئەمریكا و عودەی و قوسەی لە موسڵ

رۆژی 22ی تەمووزی 2003 و دوای نزیكەی سێ‌ مانگ لە داگیركردنی عێراق لە شاری موسڵ، عودەی و قوسەی و مستەفای كوڕی قوسەی لە رووبەڕبوونەوەیەكدا لەگەڵ هێزێكی ئەمریكا كوژران و بەوەش پێش تەواوبوونی تەواوەتی دەسەڵاتی سەدام حسێن، خۆری كوڕ و نەوەكانی ئاوابوو.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …