Home / بەشی مێژووی كورد / قەڵاو قۆنگرو شوراکانی سەر زنجیرە چیای (ئاسۆس)

قەڵاو قۆنگرو شوراکانی سەر زنجیرە چیای (ئاسۆس)

wdefrgthyjm

قەڵاو قۆنگرو شوراکانی سەر زنجیرە چیای (ئاسۆس)
نوسین و توێژینەوە: ئاوات سەید ئەحمەد _ پشدەر
ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد
زنجیرە چیای ئاسۆس یەکێک لە زنجیرە چیاو ئالۆزو گەورەو ئەستەمەکانی باشوری کوردستانە، ئەم زنجیرە چیایە لە ناوچەکانی سەردەشتەوە دەست پێدەکات و لە دەربەندەوە لە بەرامبەر زنجیرە چیای کێوەڕەش کۆتایی دێت و بەرترین لوتکە چیاشی پێی دەگوترێت(کوریس).
ئەم زنجیرە چیایە لەو بەشەی دەکەوێتە باشوری کوردستان هەردوو ناوچەی مەرگەو پشدەر لەیەکتری جیادەکاتەوەو خاڵی جیاکەرەوەی نێوان هەردوو ناوچەکەیە.
لەسەر ناوچە بەرزو ستراتیژیەکانی ئەم زنجیرە چیایە هاوشێوەی ناوچەکانی تری کودستان کۆمەڵێک قەڵا(قۆنگر)و شوارو دیوارو قولە بەرچاو دەکەون، کە بەخاڵێکی جیاکەرەوەی نێوان دوو دەوڵەت یان دوو دەسەڵاتداری جیا دادەنرێن، بە وردوبونەوەمان لە قەڵاو شوراکانی سەرچیای ئاسۆس دەتوانین گریمانەی ئەوە دابنێین کە ئەو قەڵاو شوارانە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان دەسەڵاتی ناوچەی مەرگەوە پشدەر بوون، بەو پێیەشی کە شوێنەواری دەرگای چونە ناوەوەی قەڵاکان بە ئاراستەی ناوچەی (مەرگە)یە، بۆیە پێدەچێت کە ئەو قەڵاو قولگەو شورا سەربازیانە قەڵاو قوڵگەی دەسەڵاتدارانی ناوچەی مەرگە بووبن لە بەرامبەر دەسەڵاتدرانی ناوچەی پشدەر دا، ئامانجیش پاراستنی ناوچەی مەرگە بووە لە دەسەڵاتدارانی ناوچەی پشدەر.
ئەم قەڵاو قۆنگرانە لە چیاکانی پێنجوێنەوە تا زنجیرە چیای ئاسۆس و تا دەربەند، لەبەرامبەر زنجیرە چیای ئاسۆس لەوێشەوە بۆ زنجیرە چیای کێوەڕەش و تا (کۆڕاشەڵ) لە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی(دێرێ)ی ئاکۆیەتی ڕانیە شۆڕبۆتەوە، لە کۆتایی شۆڕبونەوەکەشدا شوێنەواری شوراو قەڵایەکی بەردین بەرچاودەکەوێت کە بە (گردەزاڵ) ناسراوە.
ڕوانگەی مێژوویی:
یەکێک لە تایبەنتمەندیەکانی مێژووی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایی لە ناوچەکانی کوردستان بریتی بوو لە بنیاتنانی قەڵاو قولگەو شوارە سەربازیەکان لەهەمان کاتدا خاڵێکی گرنگ بوون بە مەبەستی پاراستنی سنورەکانیان لە هێرش و پەلاماری هێزە بێگانەکان، هەربۆیەش لە بەشێک لەناوچەکانی کوردستاندا کۆمەڵێک قەڵاو شواری سەربازی بەرچاودەکەون، بەشێک لەو قەڵاو شورا گرنگانەش دەکەونە سەر زنجیرە چیای ئاسۆس، بەپێی بۆچوونی(مەلاسمایلی نورەدینی) شارەزا لەبواری شوێنەواری ناوچەکە مێژووی دروستکردنی ئەم قەڵاو شورانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بووەیهیەکان لەماوەی نێوان ساڵانی (٩٣٠_١٠٦٠)زاینی، کە ناوچەکانی باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی بووەیهیەکاندا بوون.
فەرمانڕەوایی بووەیهیەکان لەسەر دەستی (ابو شجاع بووەیهی) دامەزراوە، بەڵام دوای مردنی کێشە لەنێوان نەوەکانی لەسەر فەرمانڕەوایەتی سەرهەڵدەدات، گوایە دوو لە نەوەکانی کە برای یەکتری بوون ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان بۆیەش هەوڵی جیاکردنەوەی سنوری دەسەڵاتداریەتیان دا لە نێوان خۆیاندا و دەرەنجام ئەو قەڵاو قوڵگەو شورانە لەلایەن ئەو نەوەیەوە دروستکراوە کە لایەنگری خەلافەتی عەباسی بووەو سنوری جیاکەرەوە بووە بەڕووی براکەی تریدا کە سنوری قەڵەمڕەویەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگەیشتە ناوچەکانی پشدەر.
جیا لەوە یەکێک لە لوتکەکانی چیای ئاسۆس بە لوتکە چیای(کۆلارە)ناسراوە، لەهەمان کاتیشدا گوندێک هەیە لە پشدەر بەناوی کۆلارە، کە ناوی ئەم چیایە کۆلار لە دەقە بزماریەکانی ئاشوری نوێدا هاتووە، هەروەها لە باشوری گوندی (سەرچیا)ی چیای ئاسۆس گۆڕاییەک هەیە لە شێوەی دەشتێکی بچوکی بەرد بەرداوی ناسراوە بە (گۆڕکاکل). هەر لە زنجیرە چیای ئاسۆس دوو لوتکە چیا هەن کە بە لوتکەکانی(بابلی گەورەو بابلی بچوک) ناسراون.
گۆڕکاکل لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئاشوریەکاندا ڕێگەیەکی هاتووچۆی کاروانە بازرگانیەکان بووە لەنێوان کەرکوک و ئورمیەدا و بە دیوی باکوری (گۆڕکاکل)ی ئاسۆس واتا دیوی پشدەر دوای پەڕینەوەی کاروانە بازرگانیەکان لە زێی بچووک گەیشتونەتە قەڵاتی(دینکە) لە گوندی نورەدینی پشدەر کە شوێنی وەرگرتنی باج بووە.
لایەنی هونەری:
لە ڕووی هونەری ئەندازەیی و بنیاتنانەوە، قەڵاکان بە بەکارهێنای قسڵ و بەردی قەبارە جیاواز دروستکراون، گەورەترین بەرد کە لەبنیاتنانای ئەو قەڵایانەدا بەکارهاتووە پێدەچێت نزیکەی ٤تەن بێت، بەو پێیەش لە دروستکردنی ئەو قەڵایانەدا تواناو هێزێکی زۆر بەکارهاتووە لەهەمان کاتدا تواناو هیزی مرۆڤی ئەو کات و بایەخ و گرنگی ئەو قەڵایانە دەردەخات،
لەلایەکی ترەوە لە ڕووی سەربازیەوە ئەو قەڵایانە لە شوێنی ستراتیژی سەر چیای ئاسۆس دروستکراون، قەڵاو قولەکان بشێویەیەک دروستکراون کە هەرچەند قەڵایەک کۆنتڕۆڵ و سەیتەرەیان بەسەر یەکەوە هەبووە، دووری نێوان قەڵاو قولەکان لەیەکتری جیاوزەو بەشێوەیەکی گشتیش دەتوانین بڵێن دووری نێوان نزیکترین قەڵاو قولەکان لەیەکتری بەنزیکی ٥٠٠م و دورترینیان بە ١کیلۆمەتر دابنێین، بەشێویەکیش بنیات نراون کە هەرچەند قەڵا بەیەکەوە ئاگاداری جموجۆڵەکانی یەکتری بوون و دەنگیان بە ئاسانی گەیشتۆتە یەکتر.
جیاوازی هەیە لەنێوان گەورەیی قەڵاو قولەکاندا، هەرچەندە بەهۆی زۆری ژمارەی قەڵاکان و کەشوهەواو ئەسەتمی هەندێک لە ناوچەکان نەمناتوانی ڕوپێوی بۆ زۆربەی قەڵاکان بکەین، بەڵام دوو لە قەڵا گرنگەکان کە لە سەر لێوارەکانی زنجیرە چیای ئاسۆس و لە سەر ڕێگای بازرگانی (گۆڕکاکل) لە نێوان پشدەرو مەرگە دروستکراوە درێژیەکەی ١٢مەتر و پانیەکەیان نزیکەی ٧مەترە، دووری نێوان ئەم دوو قەڵایە لەیەکتری نزیکەی ١ کیلۆمەترە، گەورەترین قەڵای سەر زنجیرە چیای ئاسۆس درێژیەکەی ٤٥مەتر و پانیەکەی ٢٣مەترە. پانی دیوارەکانیشی ٣مەترە، کە پێدەچێت ناوەندێکی گرنگی سەربازی ئەو ناوچەیە بوبێت، لەهەمان کاتدا بچوکترین قولەیان درێژیەکەی ٤ مەتر و پانیەکەی ٣مەترە. لە دەوروبەری قەڵاو قولەکانیش شوێنەواری چەند چاڵێک بەدیدەکرێن کە پیدەچێت (بیری ئاو)بوبن.
لە نێوان هەردوو قەڵای ئەم بەرەو بەری (گۆڕکاکل) شوێنەواری شورایەک بە درێژایی نزیکەی ١کیلۆمەتر بەدیدەکرێت کە هەردوو قەلاکەی بەیەک گەیاندووەو لەناوەڕستی گۆڕکاکل و شوراکەدا شوێنەواری دەرگایەک بەدیدەکرێت کە دەرگایەک بووە بۆ تێپەڕینی ئەو کاروانە بازرگانیانەی لەناوچەکانی مەرگەوە بەرەو ناوچەی پشدەر چوون و بە پێچەوانەشەوە، چونکە لەو قۆناغەدا ڕێگای سەرەکی بازرگانی (کەرکوک _ ئورمیە) بەو ناوچەیەدا بووە.
جێگەی ئاماژە بۆکردنە قەڵاو قولەکانی سەر چیای ئاسۆس بۆیەکەم جار لەلایەن تیمێکی شوێنەواری فەرەنسی بەسەرۆکایەتی (د. جێسیکا جیرارد) لەساڵی ٢٠١٣ لە ڕێگەی بەڕێوەبەڕێتی شوێنەواری سلێمانی و بە هاوکاری (مەلاسمایلی نورەدینی) کاری ڕوپێوی و تۆمارکردنیان بۆ کراوەو لەساڵی ٢٠١٦ دوو کەناڵی فەرەنسی و ئەڵمانی بەهاوبەشی فلیمێکی دۆکیۆمێنتارییان لەسە تۆمارکردوون.
سەرچاوەکان:
١_ گە باقر _ فٶاد سفر، المرشد الی مواگن الاپار و الحیچارە، بغداد، ١٩٧٠
٢_ چاوپێکەوتنی (مەلا سمایلی نورەدینی)، سەرچیای ئاسۆس، گۆڕکاکل، ٢٥/٢/٢٠١٧ .
٣_ چاوپێکەوتنی مەلاعومەر بنگردی، بنگرد، ٢٤/٢/٢٠١٧
٤_ سەردانی مەیدانی و ڕوپێوکردنی نوسەر بۆسەر چیای ئاسۆس، ٢٥/ ٢ / ٢٠١٧

 

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …