Home / بەشی مێژووی كورد / بنەچەی کورد

بنەچەی کورد

   لێکۆڵینەوەیەک لەتوێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە

وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

  ئەم توێژینەوەیە بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی تیۆدۆر نۆڵدکە  Theodor Noldeke لەساڵی ١٨٩٨ لە سەردەمێکدا بڵاوکرایەوە کە هەزاران دەقی مێخیی، کە ئێستا لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادان، هێشتا نە دۆزراونەتەوە و نە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و زانستی ئاشوورناسی کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە لە دەقە مێخییەکانەوە هەبووە، هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدا بووە و بەو پێیە توێژەرەکە پشتی بەو سەرچاوانە بەستووە کە لەو کاتەدا لەبەردەستیدا بووە.

لە ڕوانگەی گرنگییە زانستییە گەورەکەی ئەم باسە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد، بەپێویستم زانی بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دووبارە بیخوێنمەوە. بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی نۆڵدکە تێکەڵ نەکەم لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانم لەو بۆچوونانە، ناوی توێژەر نۆڵدکەم ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕا و بۆچوونانەی دانا کە لە وتارەکەیدا خستوویەتیە ڕوو، سەبارەت بەو سەرچاوانەی کە لە لێکۆڵینەوەی ئەم باسەدا پشتم پێیان بەستووە، ئەوە لە پەراوێزەکاندا ئاماژەم پێکردوون.

نۆڵدکە لێکۆڵینەوەکانی بە باسکردنی گەلی کۆردۆ دەست پێدەکات، کە لەلایەن مێژوونووسی یۆنانی زینۆفۆن لە ساڵی ٤٠١ی پێش زاییندا باسی لێوە کراوە، لە شوێنێکدا کە پێی دەوترێت “لەشکرکێشییە دە هەزارییەکە”. زینۆفۆن لە کتێبەکەیدا (ئەناپاسیس) باس لە کوردۆخیۆن دەکات (نۆڵدکە)، کە دانیان بە دەسەڵاتی هەم ئەرمەنەکان و هەم هەخامەنشییەکاندا نەناوە. هەر لەو هەڵمەتەدا سۆفانێتوسی Sophaenetus هاوڕێ جەنگاوەرەکەی ناوی گەلی کوردۆخی هێناوە و پێی وابووە کە دوا پاشگری (خی) پەیوەست بەو ناوەوە، نیشانەی کۆیە لە زمانی ئەرمەنیدا. دواتر ئەم ناوە لەلایەن نووسەرانی دیکەوە بەکارهێنراوە (نۆڵدکە).

ئەوەی نۆڵدکە باسی کردووە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناو لە حاڵەتی تاکدا گوردۆ یان کوردۆیە و زینۆفۆن ناوی کوردۆخییەکان لە ئەرمەنەکانەوە فێربووە. لە کاتێکدا، توێژەری نەمسایی شپایزەر Speiser ، پێچەوانەی ئەوەی نۆڵدکە باسی کردووە سەبارەت بە پاشگری (خی) و پێی وایە کە ڕەگی خووری هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەزارەی دووەمی پێش زایین، لانیکەم و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شێوەزارەکانی خووریدا بەکارهاتووە، وەک خۆی لە دەقەکانی خووریدا لە پایتەختی هیتییەکان، خاتووشا (لە ئێستادا بۆغازکۆیی Boğazköy)، دەربڕینی خاتو – خی Ḫattu-khi ، بە واتای شازادە هیتییەکان و لە دەقەکانی Tell el-Amarna تل العمارنة لە میسر، زاراوەی خورو – خی Ḫurru-Ḫe، بە واتای خووری، دەردەکەوێت بەردەوام باسی لێوە دەکرێت، هەروەها لە دەقەکانی شاری خووریی نووزی (12 کم لە باشووری کەرکووک) ئاماژە بەو زاراوەیە کراوە، کە بە شێوەی کۆ یان فرەیی بە کاشۆ – خی ناودەبرێن بە کاسییەکان (یان کاشییەکان).

نۆڵدکە زێدی سەرەکی کوردۆخەکان لە شاری بۆهتان (بۆتان)، ناوچەی نێوان ڕووباری دیجلە و بۆتان سو (کینتراتیس) و خابووری (بچووک/ فیش خابوور) دەسنیشان دەکات.

نۆڵدکە و لە دوای ئەویش توێژەرانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی کوردۆخییەکان لە نووسینەکانی دواتری یۆنانی و نووسینەکانی ڕۆژهەڵاتناسەکان بە شێوەی دەستکاریکراوی ناوە ڕەسەنەکە هاتووە. کە نووسەرانی ئەسکەندەری مەکەدۆنی (وەک ئاریان، پلوتارخ، کورتیۆس و ئەوانی تر) لە دەستنووسەکانیاندا ناوەکەیان بە شێوەی کۆردیۆس Cordeos بەکارهێناوە، کە ڕەنگە لە گۆردیۆس و گۆردایۆسەوە Gordeos, Gordiaeos وەرگیرابێت و بەو پێیەی لەشکرەکانی ئەسکەندەر پێیان نەخستووەتە ناو وڵاتەکەوە، نۆڵدکە پێی وایە کە ڕەنگە ناوەکەیان لە دراوسێ سامییەکانیانەوە بیستبێت کە – وەک دواتر تێدەپەڕێت ئەوان یەکەم پیتی ناوەکە بە شێوەی (ق) دەڵێنەوە، کە لەلایەن یۆنانیەکان بە شێوەی (خی) دەخوێندێندرایەوە، کە بە تەواوی لەگەڵ دەنگی (ق) ناگونجێت و پیتی قاف بە شێوەی (گ) دەڵێنەوە. (نۆڵدکە).

هاوشێوەی نۆڵدکە، مینۆرسکی دەڵێت کاردۆخییەکان لە ڕۆژهەڵاتی بۆتان   ژیاون و لە سەردەمی زینۆفۆن بەدواوە سەرچاوەکان بەردەوام ئاماژە بە نیشتەجێبوونیان دەکەن لە کەناری چەپی ڕووباری دیجلە، لە نزیک چیای جوودی (نزیکەی ١٥ کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی جزیرەی بۆتان)، کە ناوی ناوچەی بۆتان لە سەرچاوە ئارامییەکان لە شێوەی بێث قاردۆ یان بێث کاردۆ هاتووە. مینۆرسکی دەشڵێت سەرەتای دەستپێکردن بە پیتی (ک) لە ناوەکەدا (وەک لە کۆردوینیدا) هاتووە دەگەڕێتەوە بۆ سەختیی گۆکردنی پیتی (ق) لەلایەن نووسەرانی کلاسیکەوە. نۆڵدکە پێیوایە دەزانێت کە لێکچوون لەگەڵ ناو و ناوی یۆنانی لە ئاسیای بچووکدا (گۆردیۆز، گۆردیاز، گۆردۆس، گۆردویۆن Gordioz, Gordiaz, Gordoz, Gorduion) کە بە باشی لەلایەن یۆنانییەکانەوە ناسراو بوون، کە زۆر وریا نەبوون لەم جۆرە بابەتانەدا، بووە هۆی ئەوەی ناوەکە بەم شێوەیە دەربکەوێت (واتە کۆردیۆس Cordeos) (ئەو فۆرمەی هەیە لەلایەن هێکاتایۆسەوە Hecataeus بەکارهاتووە کە ڕەنگە لە ستیفانیۆسەوە وەریگرتبێت). دەشڵێت، زاراوەی گۆرد Gordلە سەردەمی هێلینیستی و سەرەتای سەردەمی ڕۆمانیدا بە شێوەیەکی باو بەکارهاتووە، لە هەواڵەکاندا سەبارەت بە شەڕی فەرماندەی ڕۆمانی لوکوللۆس و پۆمپیۆسی جێنشینی، کە لەو ماوەیەدا ڕۆمانەکان بۆ یەکەمجار بەرکەوتنیان لەگەڵ ناوچەکەدا هەبووە، ناوی وڵاتی کۆردۆینی و دانیشتوانی کۆردۆینی باسکراوە.

نەخشەیەک کە ئاماژەیە بۆ ئەو مەملەکەتانەی پەیوەست بوون بە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانییەوە لە ساڵی ٣١ی پێش زاییندا و تێیدا سترابۆ Strabo  فۆرمی گۆردیای Gordyiaei و گۆردیایۆس Gordyaius بەکاردەهێنێت، و ناوی    وڵات و خەڵکەکە بە گۆردوزی Gorduz کوڕی تریپتۆلیموس Triptolimus دەبەستێتەوە.  هەروەها ئەرمەنەکان ناوچەی بۆتانیشیان بە کۆردوز ناودەبرد.

ناوەکە لای ستێف Steph بە شێوەی کوردواز (بۆ وەسفکردنی وڵات) و کوردوەی دەردەکەوێت، هەروەها لەگەڵ پاشگری (خی) بۆ کۆی (کوردۆخی). بەڵام ناوەکە بە وردی لەلایەن قەشە بابلییەکەی بێرۆسۆس  Berossus(کە لە سەرەتای سەدەی سێیەمی پێش زایین ژیاوە) ئاماژەی پێکراوە، کە ئیشارەتە بۆ ئەوەی کەشتیی پاڵەوانی لافاوەکە لەسەر چیای کۆردۆین Corduen وەستابوو.  سەرەڕای فرەیی شێواز و فۆرمەکان کە دەرکەوتنی ناوەکەیان تێدا هاتووە، ئەم شێوە یان فۆرمولەیەی کە بێرۆسۆس باسی کردووە چەسپاوە (نۆڵدکە). بەڵام پێدەچێت فۆرمولەی کاردۆخی لەگەڵ ناوی نوێی کۆردۆینی لە بەکارهێناندا مابێتەوە، بۆ نموونە نووسەری ڕۆمانی دیۆدۆرۆسی سیکولۆس Diodorus  Siculus کە لە سەدەی یەکەمی پێش زاییندا ژیاوە ناوی چیاکانی کۆردۆخییان لە بەشی باکووری زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدایە، واتە ناوچەی کۆردۆینی کە سترابۆ باسی کردووە.

مێژوونووسی جوولەکە جۆزێفوس فلاڤیوس Josephus Flavius  (٣٧ – ١٠٠ ز) کە لە سەردەمی ڕۆماندا لە قودس ژیاوە، باس لە کەشتییەکەی نووح دەکات کە لەسەر چیاکانی کۆردیاییان Cordyaeans جێگیر بووە و چۆن خەڵک قیریان لە دارەکانی کەشتییەکە دەرهێناوە و وەک نووشتە بەکاریانهێناوە بۆ پاراستنیان لە دەرد و بەڵا. هەرچەندە لە نەریتەکانی میزۆپۆتامیادا ئەوە جێگیر بووە کە ئەفسانەی لافاوەکە (لە داستانی سۆمەری گیلگامێشدا) پەیوەستە بە چیای نیموشەوە Nimuš کە لەلایەن خەڵکی (لۆلۆبییەکانی) دانیشتووی ناوچەکەوە  بە کینیبا Kiniba ناودەبرا و ئەو شاخەیە کە لە ئێستادا پێی دەوترێت شاخی پیرەمەگروون Shakh-i Pir-a Magrun، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە لە کوردستانی عێراق.

شاخەکە لە وەرگێڕانی ئارامیی کتێبی پیرۆز (تەرگوم یان تەرجوم)دا هاتووە، کە ئۆنکێلۆس  Onkelos وەریگێڕاوە، بە شێوەی قردو هاتووە و ئەو فۆرمەیە کەوا لە وەرگێڕانی عەرەبیشدا دۆزراوەتەوە. سەبارەت بە وەرگێڕانی ئارامیی کتێبی پیرۆز کە بە ئۆرشەلیمی ناسراوە و هەروەها لە کتێبی پیرۆزی سابیئە مەنداییەکاندا (گنزا ڕەبا)، ناوی شاخەکە بە شێوەی قردون هاتووە و ئەمەش بەپێی بۆچوونی درایڤەری ڕۆژهەڵاتناسی ئینگلیزی، دەنگدانەوەی فۆرمولەی کاردینۆسە Kardynos کە لەلایەن دیۆ کاسیۆسەوە Dio Cassius باسکراوە. ناوی وڵاتەکە لە وەرگێڕانەکانی پەیمانی کۆندا بە شێوەی قەردۆ هاتووە و دانیشتوانەکەی بە قەرداوای قەرداوایا Qardawayyā ناودەبرێن و ناوەکەش جارێک لە شێوەی قەردۆدا هاتووە.

لە سەدەی یەکەمی زایینیدا، ناوەکە بە شێوەی کۆردو، کۆردی، لەو سەردەمەدا هاتووە کە ڕۆمانەکان زیاتر ئاشنای ئەو وڵاتە بوون، هەروەک ناوەکە لەلای سالوست بە شێوەی کوردۆینۆس هاتووە. پلینی Plinius (٢٣ – ٧٩ ز) باسی کۆردۆینی کردووە و بە کۆردۆخی پێشوو (نۆڵدکە) وەسفی کردووە، کە لەلایەن سترابۆشەوە پشتڕاست کراوەتەوە و نووسەر پلینی شوێنی هۆزەکانی کۆردۆینی لە ناوچەکانی هەردوو زاب یان زێی سەرەوە و خوارەوە دیاری کردووە. هەروەها کۆردۆینی لەلایەن مێژوونووسی ڕۆمانی ئەمیانۆس مارسێلینۆسەوە هاتووە کە لە ساڵی ٤٠٠ی زایینیدا کۆچی دوایی کردووە، هەروەها لەلایەن قەشە و مێژوونووس مەشیخا زخا (سەدەی شەشەمی زایینی) ناوی هاتووە، کە باسی لە ڕاپەڕینی ناوچەی کۆردۆینی کردووە دژ بە ساسانییەکان و ناوەکەی بە شێوەی قەردو تۆمار کردووە.

  ناوەکە بە شێوەی تر لەلایەن نووسەر بێلینییەوە ئاماژەی پێکراوە کە بریتییە لە کۆردیاییس Cordiaeis و کۆردیایروم Cordiaeorum. لە کاتێکدا ناوەکە لەلایەن دیۆ کاسیۆسەوە بە شێوەی کۆردۆناوی ئاماژەی پێکراوە. ئەم فۆرمەی کە پیتی نون بەکاردەهێنێت دواتر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە بەکارهێنراوە، هەروەک دواتر باسی دەکەین.

ئامیان بە زانیارییەکی زۆرەوە نووسیوێتی کۆردۆینا، کە فۆرمی کۆردوام و کۆردوانای لە ناویدا دەرناکەوێت، لە کاتێکدا ناوەکە لە هاوڕێ چەکدارەکەیدا یۆترۆپ Eutrop بە فۆرمی کۆردۆینی دەردەکەوێت، هاوەڵەکەی دیکەی زۆسیموس ناوەکەی لە فۆرمەکەدا نووسیوە کۆردۆنی Cordonei و هەمان فۆرم لای چەندین نووسەری دیکەی سەردەمی دیۆکلیتیاندا دەردەکەوێت. ناوەکە لە سەرچاوەیەکی تردا (Notitia) بە شێوەی کاردوێنی و کۆردوێنی Cardueni، Cordueni هاتووە. لە دەقێکی جوگرافیدا، ناوەکە لە شێوەی کۆردۆینادا هاتووە و ڕەنگە دوا فۆرم لەلایەن فیلۆستۆرجیۆس Philostorgius زانای ئایینی کەنیسەی بەکارهێنرابێت (نۆڵدکە).

ناوی کۆردۆینی لەلایەن مێژوونووسی کەنیسە، یوسبیۆسی قەیسەری (٢٦٣ – ٣٤٠ زایینی) بە شێوەی کۆردوای Korduae ئاماژەی پێکراوە. مەترانی سلوقیە کتێسیفۆن Ctesiphon (٤١٠ی زایینی) باسی قەشەکانی باکووری میزۆپۆتامیا دەکات، لەنێویاندا قەشەی کاردۆینی، لە سەرەتای سەدەی شەشەمدا (490 – 510 ز) مێژوونووس و دیپلۆماتکاری ڕۆمانی یۆسیموس ناوەکەی بە کاردۆینا هێناوە. پیترۆس پاتریکیۆس کە لە نێوان ساڵانی ٥٠٠ – ٥٦٥ی زایینیدا ژیاوە، ناوەکە بە شێوەی کاردەنێ، کاردوینی، کاردوێنۆی باس دەکات.

وا دەردەکەوێت، لەڕێگەی ئەوەی نۆڵدکە باسی کردوە، زۆر ناو هەیە کە بە کوردۆخییەکان نراوە، ئەم جیاوازییە هەندێکجار بە گوتەی درایڤەر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گرنگیدان و کەمتەرخەمی لەلایەن کتێبنووسەکانەوە و درایڤەر ئەوەش دەڵێت کەوا فۆرمە جیاوازەکانی ناوەکە (کە گەیشتووەتە ٢٢ فۆرم)، کە لەلایەن کتێبنووسەکانەوە لە نێوان سەدەی یەکەمی پێش زاییندا پێنجەمی زایینیدا باسکراون، هەموویان بە وشەی کارد، کۆرد یان گۆرد دەست پێدەکەن و هەموویان ئاماژە بە کورد دەکەن. هەروەها توێژەر فلێچەر Fletcher لە پێش توێژەر درایڤەردا ئاماژەی بە لێکچوونێکی ڕوونی نێوان وشەی کورد و گۆرد و گۆردیائۆروم کردووە و ئەم جیاوازییە بچووکە، بە بۆچوونی ئەو، دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی پیتی (گ) لە زمانە سامییەکان بۆ پیتی (ک).

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەو چیایەی پەیوەستە بە چیرۆکی لافاوەکەوە، لەلایەن قەشەی بابلی بێرۆسۆس ناوی لێنراوە چیای کوردۆ و بەپێی ئەوە و بەگوێرەی نەریتی کۆنی جوولەکەکان و نەریتی سریان خاکی ئاراراتیش دەگرێتەوە کە کەشتییەکەی نووحی تێدایە نیشتووەتەوە و بە شێوەی قەردی باسی لێوە کراوە و ناوەکەش هەندێک جار لە شێوەی قەردیوەی و قەردیوە و قەردین هاتووە، بەڵام فۆم و شێوەی ئاشنا قەردۆ یان قاردۆیە (دەقەکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٤٢٣، ٥٥٣، ٦٠٥ زایینی)، و لە نووسینە سریانییەکاندا بە زۆری دەردەکەوێت (وڵاتەکە ئەبرەشیە یان ئەپستۆریای نەستۆری بووە) و تا سەدەکانی ناوەڕاست لە نووسینە ئارامییەکاندا بەکارهێنراوە و ماوەتەوە.

قەردۆ لە تۆمارە کۆنەکاندا بە “ماری” ناسراوە و سەر بەو ئەپستۆریایەن کە کڵێساکانی لە ناوچەی دیجلە دامەزراندووە و دەقەکان زۆر جار باس لە دروستکردنی دێریک دەکەن لەسەر لوتکەی چیای قەردۆ بۆ بەزیندوو ڕاگرتنی بۆنە و یادی لەنگەرگرتنی کەشتییەکەی نووح. بۆ نموونە لە کتێبی نووسەر دیۆنیسیۆسی تەلمەهری (سەدەی هەشتەمی زایینی) و لە کەتەلۆگی Rosen und Forshall باسکراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٤٤ی زایینی (نۆڵدکە).

لە لێدوانێکدا لەسەر ئەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، لێرەدا بەسوودە ئاماژە بەوە بکەین کە زاراوەی ئارارات کە لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە، بەڵام ئەم ئاماژەیە بۆ لووتکە شاخێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ وڵاتی ئۆرارتۆی شاخاوی شاخاوی (سیفری دروستبوون یان پەیدابوون ٨ : ٤) و دەڵێت کەوا کەشتییەکە “لەسەر شاخەکانی ئارارات … لەنگەری گرتووە” بە واتای چیاکانی مەملەکەتی ئۆرارتۆ، کە دەکەوێتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی    ئاشوور و ناوەندەکەی لە ناوچەی وان بووە. جێگای سەرنجە کە ئویتیکیۆسی Eutychius  پاتریارکی ئەسکەندەرییە (لە سەدەی ١٠ی زایینی) باس لەوە دەکات کەوا کەشتیی نوح لەسەر چیاکانی ئارارات نیشتووەتەوە و بە چیای جودی لە نزیک مووسڵ دەسنیشانی دەکات (مەودای ١٣٠ کم).

گەڕیدەی جوو بنیامین ڤۆن تودێلای Benjamin of Tudela، کە لە سەدەی دوانزەهەمدا سەردانی ڕۆژهەڵاتى کردووە، باس لەوە دەکات کە دوو ڕۆژ گەشتى کردووە بۆ جەزیرەی ئیبن عومەر، کە دوورگەیەکە لە ناو ڕووباری دیجلە لە دامێنی چیای ئاراراتدا، کەوا کەشتییەکەی نووح لەوێ لەنگەری گرتووە. واتە ناوی ئاراراتی لە چیای جوودیی ناوە. سەرچاوە مێژووییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەستۆرییەکان چەندین دێریان لە دەوروبەری چیای جوودی دروستکردووە، لەنێویاندا دێرێک لەسەر لووتکەکەی بە ناوی کەشتیی نووح پێغەمبەرەوە (دێری کەشتی). ناوی ئەم دێرە لە سەرچاوە عەرەبییەکانیشدا هاتووە و لە ساڵی ٧٦٦ی زایینیدا هەورەبرووسکە ئەم دێرەی ڕووخاندووە و دوای ئەوە موسڵمانەکان مزگەوتێکیان لە شوێنەکەیدا دروستکردووە.

لە ساڵی ١٩١٠ خانمە دیپلۆماتکاری بەریتانی، گێرتروود بێڵ Gertrude Bell، بە ناوچەکەدا گەڕا و ڕایگەیاند کە لە چواردەی ئەیلوولی هەموو ساڵێکدا مەسیحی، جوو، موسڵمان، سابیئە و ئێزیدییەکان لەسەر شاخەکە کۆدەبنەوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی قوربانیدانی نووح. ئەم نموونانەی کە ئاماژەمان پێکردووە بە شێوەیەکی لۆژیکی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا ئەو شاخەی پەیوەندیی بە چیرۆکی لافاوەکەوە هەیە، چیای جوودییە و لە گێڕانەوە ئیسلامییەکانیشدا باسی هاتووە.

نۆڵدکە و هەروەها مینۆرسکی باس لەوە دەکەن کە جزیرەی بۆتان بەشێک بو وە لە وڵاتی قوردۆ و بە ناوی جزیرەی قوردۆوە هاتووە و فرە جاریش لەسەر ناحیەی بەیت بازبیدی ئەژمار دەکرا کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای دیجلەوە. ناوی جزیرەکەش بەهەمان شێوە هاتووە، واتە (قوردۆ)، لەلایەن مێژوونووسی سریانی بار هیبرایۆسەوە (إبن العبری) و لە “مێژووی کەنیسەکان” و لە دەستنووسێکیشدا هاتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٣١ (نۆڵدکە).

سەرەڕای ئەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئیبن ئەلعیبری بێجگە لە شێوازی قەردۆ، لە کاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ٦٨٦ی زایینیدا، لە کتێبەکەیدا “مێژووی چەرخ و سەردەم – تاریخ الزمان” شێوەی کاردوی  Kardu بەکارهێناوە و تێیدا ئیبن ئەلعیبری باس لەوە دەکات کە محەمەد شازادەی جزیرەی کاردو هێرشی کردووەتە سەر ڕۆمەکان لە   کەپادۆکیا و شکستی پێهێناون لە نزیکی قەیسەری. هەروەها شێوازی  کاردۆ / گاردۆ لە دۆسێ و فایلەکانی شەهیدانی فارسیشدا دەردەکەوێت.

  تێبینیی دەکرێت کە دەقەکانی دواتر باس لە شێوە یان فۆرمولەی (کارد -کاردۆ) کراوە بۆ ئاماژەکردن بەو ناوچەیەی کە کورد لەو سەردەمەدا تێیدا نیشتەجێ بووە، بۆ نموونە گەڕیدەی ئیتاڵی مارکۆ پۆڵۆ (١٢٥٤ – ١٣٢٤ ز) کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیوە ناوی کوردی بە شێوەی کارد هێناوە. ناوی جزیرەی کاردۆ لە نووسینە ئارامییەکانیشدا هاتووە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٦ – ١٧.

نۆڵدکە نموونەی دیکە سەبارەت بە وڵاتی قەردۆ و چیاکانی قەردۆ باس دەکات، لەوانە ئەوەی لە کتێبی مێژووی شەهید گیوارگیس  Giwargis (سەدەی حەوتەمی زایینی) و تۆماس ئەلمەرگە Thomas Almargā (سەدەی ١٠ی زایینی)دا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها دەستنووسێکی عەرەبی وەرگێڕانی “ئەشکەوتی گەنجینەی” کە تێیدا زاراوەی قەردۆ لە شێوەی قەردوە و قەردا دەردەکەوێت. بە گوتەی نۆڵدکە، عەرەبەکان دوای داگیرکردنی ناوچەکەیان لە ساڵی ٦٤٠ی زایینیدا بەو ناوە ئاشنا بوون (البلادەری ١٧٦٥ و ئەلتەبەری لە ساڵی ٧٩٠، و جوگرافیناسانی سەدەی ٩ – ١٠ وەک ئیبن الفقیە، ئیبن ڕستە و ئیبن خوردازبە و ئەلمەسعووودی و ئیبن حەوقەل و یاقوت الحموی)، بە تایبەتی لە کتێبی إبن الأثیر لە کاتی قسەکردن لەسەر ڕووداوەکانی سەدەی چوارەمی کۆچیدا ئاماژەی پێکراوە).

نۆڵدکە ئاماژە بەوە دەکات کە مێژوونووسی ئەرمەنی موسا خورێناتسی Moses Khorenatsi (لە سەدەی پێنجەمی زایینیدا ژیاوە) باسی کۆردوخی Kordûx کردووە (لە سەدەی حەوتەمدا)، کە لە بەرامبەردا ڕەنگە پشتی بە کتێبی پەتڵیمۆس Ptolemaeus بەستبێت. پاشان دەڵێت کەوا ڕەنگە کاردو ناوێک بووبێت بۆ عەشیرەتێک و دواتر ناوەکە ئاماژەی بە وڵاتەکە کردبێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر شوێنەواری ئەم ناوە لە نێو عەشیرەتە کورد یان ئەرمەنییەکاندا نادۆزینەوە. وەک بەڵگەیەک بۆ بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، لە کۆپیی سریانیی کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە، جگە لەوەش وا هاتووە کە سەر بە ناوی کەنیسەیی بێت (نۆڵدکە).

لە کاتێکدا توێژەری ئەرمەنی ئاساتریان باس لەوە دەکات کە ئەرمەنییەکان پێیان دەگوت کۆردوک Korduk، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەرمەنییەکان لە یەک کاتدا شێوە و فۆرمولەی کۆردوک و کۆردوکیان بەکارهێناوە. جگە لەوەی کە نۆڵدکە سەبارەت بە چیای کاردۆ باسی کردووە، لە پەراوێزدا باسی بەستنەوەی قورئان و سەرچاوە ئیسلامییەکان دەکات بۆ چیرۆکی لافاوەکە بە چیای جوودییەوە (کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی جەزیرەی بۆتان)، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کەوا نۆڵدکە زۆر لەسەر ئەو بابەتە نەوەستاوە، بەتایبەتی کە هەندێک سەرچاوە بەڕاشکاوی ئاماژە بەوە دەکەن کە چیای جوودی و جەزیرەی بۆتان لە وڵاتی کوردانن.

 لێرەوە بەو شتە دەست پێدەکەم بە ژیاننامەی “مار قەرداغ” ناسراوە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە سەردەمی شای ساسانی خوسرەوی دووەم (٥٩٠ – ٦٢٨)دا نووسراوەتەوە، بەڵام پاڵەوانی داستانی قەرداغ لە سەردەمی شاپووری دووەمدا ژیاوە ٣٠٩ – ٣٧٩ کە بە جێگری خۆی (میرزەبان) دایمەزراندووە  لەو ناوچەیەی لە شاری نوسەیبینەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دیالە (تۆرمەرا). لە دەقی ژیاننامەکەدا باس لە ئۆدیشۆی پیاوانی ئایینی مەسیحی دەکرێت، کە پێشتر بنەماڵەکەی لە گوندی خاززا کە ١٢ کم لە باشووری هەولێرەوەیە نیشتەجێ بوون، دواتر لەلایەن بتپەرستەکانەوە لە گوندەکە دەرکراون، بە هۆی پابەندبوونیان بە ئایینی مەسیحییەوە، لەبەر ئەوە بنەماڵەکە بڕیاریان دا  بچنە “گوندی هەشتا لە وڵاتی کوردان”، کە دەکەوتە دامێنی چیای جوودییەوە. لە شوێنێکی تری هەمان ژیاننامەدا، نووسەر باس لەوە دەکات کە مار قەرداغ گەیشتووەتە “خاکی کورد” و کاتێ چاوی هەڵبڕیوە تەماشای کردووە وا ئۆردووگای گەورەی دوژمنەکانی لێیە (واتە ڕۆمانەکان و غەسانییەکان لەوێن) و لە کەناری ڕووباری خابور خێوەتیان هەڵداوە (لێرەدا مەبەست خابووری دیجلەیە یان ئەوەی بە فیشخابوور ناسراوە)، بۆیە قەرداغ هێرشی کردە سەریان و شکستی پێهێنان. واتە دەقەکە ئاماژە بە ناوچەیەکی نزیک شاری زاخۆی ئێستا دەکات کە دەکەوێتە باشووری جەزیرەی بۆتانەوە و ئێرە و ناوچەکانی دەوروبەری قەڵایەکی مێژوویی کورد بوون، بەتایبەتی عەشیرەتی بەختی، کە ناوەکەیان لەلایەن بەشێک لە مێژوونووسانی موسڵمانەوە بە شێوەی ڕەسەنی خۆی هاتووە، لەوانە یاقوت الحموی، کە قەڵای گەردقیل/ حێزدقیل (گورگیل Gurgil) وەک ناوەندی سەرەکییان لەقەڵەم دەدا. بوختی یان بوختو ناوێکی زۆر کۆنە و ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین. لانی کەم مێژوونووسی یۆنانی هیرۆدۆت ٤٢٥ – ٤٨٥ پێش زایین) لە ناوچەیەکدا بە ناوی پێختویخ Pekhtuikh کردووە و دەڵێت کەوا دەکەوێتە ناو ساتراپی (ویلایەتی) سێزدەهەمی دەوڵەتی هەخامەنشییەکان (559 – 331 پێش زایین). نۆڵدکە پێی وایە و کیپەرتیش پشتگیری لێ دەکات، کە بەختویخەکان پەیوەندییان لەگەڵ بۆتانی ئێستا هەیە و بەختیییەکان ئەو کەسانەن کە هێرۆدۆت باسی کردوون کاتێک باسی ئەرمەنییەکان دەکات، لە لایەکی ترەوە. بەڵام مارتن هارتمانMartin Hartmann  گومانی لەم بۆچوونە هەیە بە پشتبەستن بە جیاوازی گۆکردن لە کاتێکدا کەوا بەدلیسی باس و خواسیکی تر دەگێڕێتەوە کە لە ناو کورددا باو بووە: «هەموو گەلانی کورد لە بنەماڵەی بیجنی – بشنۆ و بوخت – بۆتانن».

هەموو ئەو شتانەی کە تازە باسمان کرد، بەبێ گوێدانە ئەو ناوە جیاوازانەی کە جەزیرە بەو ناوە ناسراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناوی جەزیرەی بۆهتان/ بۆتان پەیوەستە بە کوردەوە، و ئەم بابەتەش بەو شتانە پشتڕاست دەکرێتەوە کە لەلایەن مێژوونووس عیززەدین ئیبن شەدداد (١٢٨٥ کۆچی دوایی کردووە) بە گێڕانەوەی ئیبنولوازیح – إبن الواضح (پێدەچێت لە ساڵی ٨٩٨ یان ٩٠٥ی زایینی کۆچی دوایی کردبێت). ….”ئاماژە بەوە دەکات کەوا جزیرەی بۆتان پێش ئەوەی ئیبن عومەر بیگاتێ و بە ناوی ئەمەوە بلکێت بە جەزیرەی کورد ناسرابوو، هەڵبەت ئەمەش وەرگێڕانی عەرەبیی جەزیرەی دۆگاردۆیە کە پێشتر باسیان هاتووە. بەڵام سەبارەت بەو چیایەی کە پەیوەنیدارە بە چیرۆکی لافاوەکەوە و لەلایەن بێرۆسوسی Berossus کاهینی بابلییەوە بە شێوەی چیای کۆردوین باسی کردووە، شوێنەکەی لەلایەن مێژوونووسی یۆنانی سترابۆوە لە نێوان دیاربەکر و مووشدا دیاری کراوە، واتە لە وڵاتی گۆردۆینی  Gordyene کە ناوەندەکەی دیاربەکر بووە، وەک لە سەرەوە باسمان کرد. هەروەها هەندێک سەرچاوەی مەسیحی باس لە چیای کۆردۆین (قاردۆی سریانی و کاردۆخی ئەرمەنی) دەکەن، بەپێی وەرگێڕانە ئارامییەکانی کتێبی پیرۆز، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەریی ڕوونی نەریتی بابلی و گەڕانەوە بۆ گێڕانەوەکانی بێرۆسوس. وەک تازە ئاماژەمان پێدا، عەرەبەکان لە ساڵی ٦٤٠ی زایینیدا کاتێک کە ناوچەی بۆتانیان داگیرکرد، لە مەسیحییەکانەوە ئاگاداری ئەو ناوە بوون و چیای قەردۆیان بە ناوی جوودی ناوبرد کە لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە.

  توێژەر هەن، وەک سترێک Streck و هالۆ Hallo کە پێیان وایە ناوی جوودی لە ناوی گووتییەوە Guti وەرگیراوە، کە یەکێکە لە گەلە کۆنەکانی کوردستان و لە سەرچاوەکاندا تا سەردەمی سلووقییەکان باسی لێوە کراوە. سەرەڕای لێکچوونی فۆرمولەی جوودی لەگەڵ گووتی، بەڵام من ڕاستی و دروستیی بۆچوونی ئەو دوو توێژەرە بە دوور دەزانم، چونکە سەرچاوە مێژووییەکان باس لە درێژبوونەوەی گووتی بۆ ئەو ناوچەیە ناکەن. نزیکترینیان لە ڕاستییەوە، بەڕای من ئەوەیە کە زاراوەی جوودی زیاتر لە گۆردۆیین یان گۆردییەوە وەرگیراوە، بەو پێیەی عەرەبەکان پیتی یەکەمیان بە پیتی (ج) گۆڕیوە و پیتی (ڕ)یان لە دوای بزوێنی (ئۆ) سڕیوەتەوە تا لەگەڵ گۆکردنی عەرەبیدا بگونجێت و بەم شێوەیە ناوی گۆردی گۆڕاوە بۆ جوودی و ئەوەی ئەم بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە یاقووت ئەلحەمەوی ئاماژە بەوە دەکات کەوا ناوی جوودی سەرچاوەی عەرەبیی نییە، بەڵکو وەرگرتنە لە تەورات و لێرەدا بە دڵنیاییەوە مەبەستی نووسراوەکانی جوولەکە و سریانییە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، مێژوونووسی ئینسایکلۆپیدی فەزلوڵڵا ئەلعومەری کە لە سەدەی چواردەهەمی زایینی (١٣٠١ – ١٣٤٩ی زایینی) ژیاوە، جەبەل ئەلجوودی بە “چیای کوردان” ناودەبات بە واتای چیای کۆردۆین. ئەم ناوانە کە هەموومان باسمان کرد بە ڕوونی ئاماژەن بۆ ئەوەی ناوی کوردۆ ئاماژەیە بۆ کورد.

دوای خستنەڕووی بۆچوونەکانی نۆڵدکە و سەرنجدان لەسەریان، ئاماژە بەوە دەکەین کە نۆڵدکە نکووڵی لە بوونی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کورد و کوردۆخییەکان دەکات، بەڵکوو پێی وایە کورد نەوەی ئەو کورتییانەن کە سەرچاوە کلاسیکییەکان باسیان کردووە:

ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: پێشتر لە لایەن توێژەران کیپەرت Kiepert و لێهربوخ Lehrbuch، بە خۆمیشەوە، وا لەقەڵەم دەدرا کە دەستەواژەی کوردۆخ شێوە و  فۆرمێکە لە ناوی کورد. لە ئێستادا توێژەر هارتمان Hartmann بە لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بۆتان باوەڕی وایە کە ناوی کوردۆخ گوزارشت لە سیفەت و تایبەتمەندیی کورد ناکات و ئەمە ئەو بۆچوونەیە کە منیش لە ئێستادا باوەڕم پێیەتی. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی پیتەکان لە دوو شێوەکەی (کۆرد و کارد)دا، بەڵکوو گرنگترین شت ئەوەیە کە کۆتا ژمارە ئاماژەیە بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراو کە ڕووبەرەکەی زۆر گەورە نییە. بەم جۆرە هەم سریانی و هەم عەرەب ناوی قەردۆ و قەردە لەپاڵ ناوی باوی بەربڵاوتری کورد بەکاردێنن، بەبێ ئەوەی هەرگیز لێیان تێکچووبێت. کورد لە وشەی کۆنتری کورتەوە وەرگیراوە کە لە زمانی یۆنانیدا بە ناوی کۆرتۆی تووشی  دەبین و ئەم وشەیە لە لایەن مێژوونووسانی کلاسیکی پۆلیبیۆس و لیڤ (وەک کیرتای یان کیرتی و کیرتیۆرۆم) و سترابۆ هاتووە. ڕەنگە سەرچاوەی ئەم نووسەرانە پۆلیبیۆس (١٢٠ – ٢٢٠ پ. ز) بێت، کە ئاماژەیە بۆ گەلێکی کۆچەری بە ناوی کۆرتۆی، کە لە باکووری میدیا و فارس ژیاون و خەریکی تاڵانکاریی بوون. ئەم ناوە بە وردی ئاماژەیە بۆ ناوچەی ئێستای بڵاوبوونەوەی کوردەکان و ڕەنگە ناوەکە لە بنەڕەتدا ئاماژە بێت بۆ هۆزێکی شاخاویی ئێرانی. هۆکاری کەمیی فۆرمەکە لە ناو نووسەرانی کلاسیکدا ئەوەیە کە ڕۆمانەکان بە دەگمەن لەگەڵ کورددا بەریەکتر کەوتوون. دیسان لە کۆتایی سەدەی شەشەمی زایینی لە “کتێبی پەهلەوی”دا کە ئاماژە دەکات بۆ کارەکانی پاشای ساسانی ئەردەشێری یەکەم (کارناماک ئەردەشیر) (کۆپیی یان وەشانی پێشۆتان Peshotan) دەکات، تووشی ئەو ناوە دەبینەوە. ناوەکە لە کارنامەکدا بە شێوە کۆنەکەی دەردەکەوێت کە بە پیتی ت کۆرتان (کۆرتی تاک) کۆتایی دێت، کە فۆرمی کۆیە و وەک هاوواتایەک بۆ ئەو بابەتانە بەکارهاتووە کە ناوەکەیان بە شێوەی کۆی مادیگانیش Madigan تۆمار کراوە، بەڵام گومانی تێدا نییە هەیە کە نووسەر بە شێوەی کۆردان گۆی کردووە (نۆڵدکە) و ئەمەش وتەکەی نۆڵدکە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەم شێوازە لای کوردی ئێستا ئاشنا و باوە. جێگای سەرنجە ئەو کوردانەی کە لە باکووری دیاربەکر/ ئامەد بە شێوەزاری کوردیی زازایی قسە دەکەن، خۆیان بە کیرد ناودەبەن (لە حاڵەتی کۆدا کیردی) و ئەمەش فۆرمێکی زۆر نزیکە لە کورت و کیرت کە نۆڵدکە باسی لێوە دەکات، لە کاتێکدا بە کوردی قسەکەرانی شێوەزاری کوردی کرمانجی بە کیرداس  ناودەبەن و شێوەزارەکەشیان بە کیرداسی.

لەو شتانەی کە نۆڵدکە سەبارەت بە بەکارهێنانی زاراوەی کورت باسی کردووە، وا دیارە کۆنترین سەرچاوەکان کە نۆڵدکە سەبارەت بەوان باسی کردووە، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی پێش زایین. بەڵام توێژەر هەن کە ئاماژە بە سەرچاوەی زۆر کۆنتر دەکەن. بە گوتەی ئیزەدی، دەقەکانی تل العمارنة دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٤ی پ. ز. ئاماژەیە بۆ بوونی مەملەکەتی شاخاویی قۆرتی یان کۆرتی لە باکووری میزۆپۆتامیا، تا دەگاتە دەریاچەی   وان و لە سیاقی داگیرکردنی لەلایەن پاشاکانی کاشییەوە ئیشارەتی پێکراوە. بەهەمان شێوە لێکۆڵەری نەمسایی هێنەربیشلەر Hennerbichler ئاماژە بە باسکردنیان دەکات لە دەقی هیتییەکان و دەقی پاشاکانی ئاشوور لە سەردەمی ناوەڕاست و سەردەمی ئاشووری مۆدێرن.

توێژەر کۆزاد محەمەد ئەحمەد، لە سەرنجەکەیدا لەسەر ئەوەی کە مێژوونووس محەمەد ئەمین زەکی باسی کردووە سەبارەت بە کورتییەکان لە دەقی تەکلات بێلاسەری یەکەمدا، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کەوا خوێندنەوە مۆدێرنەکانی ناوەکە دەریدەخات کە هەڵەیەک لە خوێندنەوەی کۆنی ناوەکەدا هەیە و بەڵکوو خوێندنەوەی دروستی ناوەکە ثاتخۆیە کە ناوێکی بە ڕەچەڵەک خوورییە و بە واتای شاخاوی دێت و دەکەوێتە باکووری کوردستانەوە. لە کاتێکدا توێژەر هێرزفێڵد  Herzfeld ئاماژە بەوە دەکات کە باب یان پاپ     (شاخ) و پاشگری سەر بە خوورییە (خی) هاوواتای نازناوی کورتی بوون، کە لە تۆمارە هیتییەکان لە خاتووشای پایتەختەکەیانەوە (بوغازکۆیی ئێستا) بە شێوەی گشتی بابانخی دەرکەوتووە و بە دانیشتوانی چیاکانی تۆروس و ئامانۆس وتراوە تا دەگاتە ئاشوور و بەرزاییەکانی ئەرسانیاس و تا دەریاچەی وان، کە ژمارەیەکی زۆریکۆنفیدراسیۆنی خێڵەکیی بچووکی کووتییان لەخۆگرتووە (کووتییەکان لێرەدا هیچ پەیوەندییەکیان بە گوتییەکانی Gutî زاگرۆسەوە نییە).

نۆڵدکە ئاماژە بۆ دەقێکی سریانی دەکات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٥٦٨ کە تێیدا ناوی شوێنێک بە ناوی تێللا دی قوردایێ Tella dē Qurdāyē بە واتای گردی کورد هاتووە لە ناوچەیەکی نزیک دیمەشق. لەو سەردەمەدا پێدەچێت پاسگەیەکی سەربازیی کورد لە سووریا جێگیر بووبێت و لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر بەکارهێنانی فۆرمی کۆنی سریانی ناوی کورد کە بە پیتی قاف دەست پێدەکات (قوردایێ Qurdayê). هەروەها لای هۆفمانیش،         لە کتێبی “شەهیدانی فارسەکان” (٦٨٢ ز) و لە “ئەکتا مارتا” و سەرچاوەکانی تردا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم، ئاماژەی پێکراوە. هێشتا نووسینی ناوەکە بە پیتی قاف تا ئێستاش بەکاردەهێنرێت (نۆڵدکە).

درایڤەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونی نۆڵدکە ئاماژە بە دەقێکی سریانی دەکات بە ناوی ژیانی مار یابلاها و تێیدا هاتووە کە کارتاواییەکان Kartawāyē قوردایەن کەوا عیبرانی و کلدانییەکان پێیان دەڵێن قوردایە Qūrdāyē، فارسەکانیش بە کورد ناویان دەبەن و ئەم قەرداوییانە خەڵکی شاخن ناوی قەردو. ئەم تێبینییە بۆچوونی نۆڵدکە سەبارەت بە ناسنامەی تەل ئەلکورد (تل الکورد) کە دەکەوێتە نزیک دیمەشق پشتڕاست دەکاتەوە.

بە بڕوای نۆڵدکە، عەرەب و فارس ناوی کوردیان بە پیتی قاف نەگوتووە، بەڵکوو پیتی کافیان بەکارهێناوە و نموونەی زۆرمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە. بەهەمان شێوە نووسەرانی سریانی لە سەردەمی ئیسلامیدا ئەو ناوەیان وەک چۆن عەرەبەکان بە پیتی کاف دەیاننووسی، بۆ نموونە یوحەننای نوسەیبینی ناوەکەی بە شێوەی کوردیا نووسیوە. بە هەمان شێوە ئیبن ئەلعیبری و ئەوانی تریش تا ئێستا، وەک لەم فۆرمەدا دەردەکەوێت لە دەقەکانی سەدەکانی ١٥ و ١٧ و ١٨دا. کاتێک ئیبن ئەلعیبری (لە کاتی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی    ٨٢٨ – ٨٢٩) باسی کوردانایێ  Kurdanayêدەکات، لێرەدا سەرچاوەیەکی فارسی پەیڕەو دەکات و فۆرمی کۆ یان فرەیی فارسی (ئان) لە زمانی سریانیدا  دەگرێتەبەر (نۆڵدکە).

بێجگە لەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، ناوی کوردەکان بە شێوەی تریش دەردەکەون لەلایەن ئیبن ئەلعیبرییەوە وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد و لە میانەی باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ٥٥٠دا، إبن العبری باسی هێرشی ئیمپراتۆری ڕۆمانی دەکات لەسەر ناوچەکانی فارسەکان و داگیرکردنی کارداوای واتا وڵاتی کورد.

لەکاتێکدا باسی شۆڕشێک دەکات کە کورد لە ساڵی ٨٢٩ دا بەرپای کردووە دژی خەلافەتی عەباسی (لە سەردەمی مەئموونی خەلیفەی عەباسیدا)، ئیبن ئەلعیبری باسی ئەمانەی خوارەوە دەکات: کورد/ کۆردانایێ موسڵمانەکان لەدژی عەرەبەکان ڕاپەڕین، کاتێک پاشایەک لە نێویاندا دەرکەوت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مەهدیی چاوەڕوانکراوە. ئەم پیاوە سەرپۆشێکی بەسەر دەموچاویدا دا و خۆی بە “مەسیح” و “ڕۆحی پیرۆز” ناوبرد. خەڵک لە دەوری کۆدەبوونەوە و ئۆردووگایەکیان لە چیاکانی وڵاتی کورد کاردەوای دامەزراند و قایمکارییان تێداکرد. مەئموونی خەلیفە ترسی لێنیشت و حەسەنی فەرماندەی سوپای ناردە سەری و لە توور عابدین گەمارۆی دا، لە کاتێکدا کە دێری کارتمینی تاڵان دەکرد. ئەوجا کوردەکان تێکشکان و مەهدی هەڵهات بۆ وڵاتی ئیسحاقی ئیبن ئیهوودی ئەرمەنی، کە لەوێ دەستگیری کرد و سەری بڕی. لە شوێنێکی تردا ئەو ناوە لە لایەن إبن العبرییەوە بە شێوەی کوردایا و کاردۆ هاتووە. لێرەدا تێبینی دەکەین کە إبن العبری لە کاتی وەسفکردنی کورددا بە ڕوونی شێواز یان فۆرمولەی کوردای بەکارهێناوە.

پاشان نۆڵدکە درێژە بە باسکردنی هەندێک دەقی سریانی- نەستۆری دەدات کە تێیاندا کارتێوای و کارتاوای باس دەکرێت و ئاماژە بە تۆماس ڤۆن مارگا Thomas von Marga دەکات کە بەسەرهاتی ململانێ و  خەباتی کەسێکی سریانی باس دەکات لە دژی کارتەوایی کەوا کاری تاڵان و بڕۆیان ئەنجامداوە و زیانیان بە گوندێک گەیاندووە لە بێث باغێش Baghesh Beth، ناوچەیەکە بەشێکی نیشتەجێی سریانەکانە و دەکەوێتە کوردستانەوە، لە بەشی سەرەوەی ڕووباری زێی گەورە. خێڵی کارتێوایێ Kartêwayê کڵێساکەیان لە بێیت ئابی تاڵان کرد کە دەکەوێتە لای خوارەوە و لە نزیک زێی گەورە هەڵکەوتووە و مێژووی ئەم کڵێسایەش لەلایەن تۆماسەوە دەگێڕدرێتەوە کە لە دووتوێشیدا باسی ئەسقوفێتی کەرتێوەی دەکات. هەروەها دەکرێ ئەوەشی بۆ زیاد بکرێت کەوا ئەلمەسعوودی (سەدەی دەیەم) لەگەڵ کوردە مەسیحییەکان ئەو ناوچانە کۆبووەتەوە (نۆڵدکە). پاشان نۆڵدکە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: هەرچەندە نێردەکانی میسیۆنێرە مەسیحییەکان زۆر سەرکەوتوو نەبوون لە بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی لە نێو کوردە ڕەسەنەکاندا، بەڵام دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە مەسیحییەکانی کارتێوای لە ڕاستیدا کوردێکی ڕەسەن بوون، وەک چۆن ئەم بابەتە بە ڕوونی لە ڕێگەی کتێبی بە دوو زمان نووسراوی ئەلیاس ئەلنوسەیبینییەوە دەردەکەوێت و لە دەقە سریانییەکەیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٨٨٠ی زایینی، کارتێوەی بە یاقوبایێ ناوزەد دەکات و بە ئاژاوەگێڕ یان یاخیبووی سەر ڕووباری دیجلە وەسفیان دەکات، بەڵام لە وەرگێڕانی دەقەکەدا بۆ زمانی عەرەبی، ئەلنوسەیبینی شێوەی کوردان بەکاردێنێت (واتە کۆی کورد) لە پێناسەکردنی یاکۆبییەکاندا (واتە کوردە یاکۆبیەکان). هەروەها گێڕانەوە عەرەبییەکان باس لە ئاژاوە و پشێویی یاکۆبییە –  کوردەکان دەکات. إبن الأثیر (لە کاتی باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٥٨ و هەروەها ڕووداوەکانی ساڵی ٢٧٣ی کۆچیدا) و ئەلتەبەری (لە کاتی باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٦٦ کۆچی)، لەم سەرچاوانەدا باسیان تەنها بە شێوەی یاقووبییەکان دێت (نۆڵدکە).

بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە نۆڵدکە باسی کردووە، ئاماژە بەوە دەکەین کەوا گەڕیدە مارکۆ پۆڵۆی ئیتاڵی کە لە ساڵی ١٢٧٢ سەردانی ناوچەکەی کردووە، باسی لە کوردە مەسیحییەکانی مەزهەبی جاکۆبی و نەستۆری لە شاخەکانی مووسڵیش کردووە. زۆر سەرچاوەی تریش هەن کە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە ئایینی مەسیحی لە کوردستان و ئێراندا بڵاوبووەتەوە، لەوانە ئەوەی باسکراوە، بۆ نموونە لە ئەو شوێنەی کە بە “تۆمارەکانی شەهیدانی فارس” ناسراوە، کاتێک باس لە گەمارۆدانی قەڵاکە لەلایەن شای فارس شاپووری یەکەمەوە دەکرێت لە بێت زەبادای (بازبدی)، هەروەها لە کاتی قسەکردن لەسەر شەهیدانی کەرکووک (کەرکە دی بێت سلووک) و دەوروبەری لە سەردەمی پاشای ساسانی یەزدەگورد (سەدەی پێنجەم). سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شای ساسانی خوسرەوی دووەم (٥٩٠ – ٦٢٨) فەرمانی دروستکردنی دێرێکی لە حەلوان لە نزیک کرماشان لە کوردستانی ئێران دەرکردبوو، وەک ڕیز و وەفایەک بۆ شیرین هاوسەرە مەسیحییەکەی. لە میدیا کە ناوەکەی لە “فایلەکانی شەهیدانی فارس” لە شێوەی بێت مادایێدا Madayê هاتووە، گۆڕستانێکی گەورە و بەناوبانگ بۆ شەهیدانی مەسیحی  (بە ناوی مار سێرگیۆس) هەبووە، کە لە سەردەستی ساسانییەکاندا ئیعدام کراون لە ماوەی ڕاوەدووناندا.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە ناو کورددا، بەڵام هێشتا هەندێک داب و نەریت لە ناو کورددا ڕەگیان داکوتاوە، کە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پابەندبوون بە ئایینی مەسیحییەوە، کە هەندێک لە کوردانی غەیرە مەسیحی لە کوردستان هێشتا هەویری نانەکەیان پێ بەرەکەتدار دەکەن بە کێشانی نیشانەی خاچ لەسەری، هەروەها لەسەر هێلکەکان پێش دانانی لە ژێر مریشکە بەکڕدا و ئەو هێلکەیە بە زمانی کوردی پێی دەوترێت مۆتیک Motîk و تا ئەم دواییانە کە منداڵ نەخۆش دەکەوت، نیشانەی خاچی لەسەر تەوێڵ و نێوچاوان دەکێشرا، چوونکە پێیان وابوو کە بەشدارە لە چاکبوونەوەیان لە نەخۆشی و ڕۆحە بەد و خراپەکان دەردەکات.

دیسان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بابەتی کورتییەکان، سەرچاوە سەرەتاییەکان بە گوتەی نۆڵدکە بە کورتێوەیێ ناویان دەبەن و لە کتێبی تەلموودی بابلیشدا بە بە قورتییم ناویان هاتووە و ئەم فۆرمولەیەش جیاوازە لە فۆرمولەی قوردێم کە ئاماژە بە هەمان شت دەکات و جیاوازیی نێوان دەستپێکردن بە پیتی قاف یان کاف سەرنج ڕاناکێشێت، چونکە جیاوازیی گۆکردن دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی سەرچاوەی زانیارییەکان. مایەی سەرنجدانە کەوا ناوەکەیان لە سەرچاوەیەکی عەرەبی لە سەدەی ١٤ بە شێوەی قاف هاتووە، کە سەرچاوەکە ئاماژەیە بۆ ناوی عەشیرەتێکی کورد کە لە نزیک هەولێر دەژین و بە قەرتاوییە وەسفی کردووە. لە ساڵی ١٢٦٢دا زۆرێک لە سریانەکان لە کارتێوەی کوژران. دەقە سریانیەکان بە وردی باسی ململانێ و خەباتی کارتێوێ موسڵمانەکانمان بۆ دەکەن لە دژی دوژمنە سەرسەختەکانیان لە مەسیحییە دڕندەکانی شاخ کە لە کۆتایی سەدەی ١٣ و سەرەتای سەدەی ١٤ لە قەڵای هەولێر گەمارۆ درابوون. (بڕوانە مێژووی ئیبن ئەلعیبری، و ژیاننامەی پاڵەوانی سریانی جابهاڵڵاها Jabhallaha کەوا لێرەدا کورد بە ژمارەیەکی زۆر لە هەموو چین و توێژەکان دەردەکەون، لەو ژمارەیەش ٨٠٠ پیاویان باسکراوە، کە کاری پاراستن دەکەن. هەموو ئەمانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ یەک هۆزدا ناکەین، بەڵکو زیاتر ئەوەیە کە کارتێوەی لێرەدا لە ڕاستیدا وەک گەلێک کوردن، یان لانیکەم “کورد”ی ناوچەی شاخاویی دەراوسێی ئاشووری کۆن. لە ساڵی ١٣٠١ کارتێوەی بۆسەیەکیان بۆ ئەو پەتریارکە دانا کە بەناو چیا کوردنشینەکاندا لە ئەربیلەوە بەرەو مەرگا  Margāلە ئازەربایجان بە ڕێگاوە بوو (جەبهەڵڵاها ١٣٤). بەپێی تێبینییەک کە لە یەکێک لە دەستنووسە زۆر تازەکانی ئەو ژیاننامەیەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا دۆزراوەتەوە، عیبرانییەکان کورد بە کارتێوەیێ ناودەبەن. بەم پێیەش دەتوانرێت وا دابنرێت کە جوولەکەکانی ئارامی زمان لەو ناوچانەدا هێشتا هەر ئەو ناوەیان بەکارهێناوە و ڕەنگە ناوەکە بەتەواوی لای مەسیحییەکانی ئاشووری کۆن هێشتا هەر مابێت و لەناونەچووبێت. لە کۆتایی وتارەکەدا، نۆڵدکە دووپاتی دەکاتەوە کە زاراوەی “کورد” و “کوردۆخ” لە ڕووی زمانەوانییەوە یەکسان نین و پێویستە جیاوازیی لە نێوانیاندا بکرێت (نۆڵدکە).

مینۆرسکی و نۆڵدکە و هارتمان لەسەر پرسی بەستنەوەی کورد بە کیرتی / کیرتیوی هاوڕان و بە گوتەی ئەو، ئەمە لە ڕێگەی بوونی کورد لە ناوچەکانی فارس لە سەردەمی ساسانییەکان دەسەلمێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو پرسیارێک دەخاتە ڕوو سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی هەردوو نۆڵدکە و هارتمان سەبارەت بە بوونی هەر پەیوەندییەک لە نێوان دەستەواژەی “کورد” و “قاردۆ”دا: لەو شوێنەی کە خۆی دەڵێت، پرسی ڕەتکردنەوە وەڵامی پرسیارێکی زۆر گرنگی نەدایەوە، کە چۆن کێرتییەکان گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای زاگرۆس و لە وڵاتی قەردۆ و چیاکانی تۆروس و باکوری سووریا نیشتەجێ بوون، پاشان دەشڵێت داگیرکاریی ماد و فارس بووەتە هۆی جموجۆڵی گەورە بۆ گەلانی ئێران، هەروەک چۆن لە بزووتنەوەی ئاساگارتی / ساگارتییەکان Asagarty/Sagartians لە ناوچەکانی سیستانەوە هاتووەتە ئاراوە. لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا ئەم ساگارتییانە لە ناوچەکانی میدیا (زێکەرتۆ یان زاکروتی) دەژیان، بەڵام لە نەخش و نووسراوی بێستوون لە سەردەمی داریووشەوە پایتەختەکەیان بووە بە شاری ئەربیل (هەولێر)، لە نێوان ساڵانی ٢٢٠ – ١٧١دا دەبینین کەوا کیرتییەکان بەشدارییان کردووە لە جەنگی نێوان ڕۆمان و سلووقییەکان و پاشاکانی پێرکامۆندا.

سەرچاوە ئەرمەنییەکان لە سەدەی حەوتەمەوە ئاماژە بە کۆرچیخ Korçîx دەکەن کە لە کۆرتج – ئیخ Kortiç – eyx وەرگیراوە، کە کۆرتیچ بە واتای کورد دێت وەک ئەترۆپاتیچ Etropatiç کە بە واتای دانیشتوانی ئەترۆپاتین (ئازەربایجان) دێت. لە سەدەی چوارەمدا کۆرچیخ هەرێمێک بووە لە نزیک سەڵماس. کۆرچیخ وەک هەرێمێک لە جووڵەمێرگەوە تا جەزیرەی ئیبن عومەری گرتووەتەوە و ئەم ناوچانەی لەخۆگرتبوو: کوردۆخ، ئیکارخ، موتۆفۆخ (ئوتوفهان)، ئورسراوخ، گەرەتۆنیخ (سەرەپۆنێخ)، جاهوک و ئەڤپاکی بچووک. لە کاتێکدا مێژوونووسی بەڕەچەڵەک ئەرمەنی، ئەندراس، ناوەکە بە شێوەی کۆرچایک باس دەکات کە لە کۆرتی- ئێیکەوە Korti-eyik وەرگیراوە. توێژەر نیکۆڵاس ئادونتس ئاماژە بەوە دەکات کە کیرتییەکان لەگەڵ ماردیەکان پێکەوە دەژیان، لە نێوان چیای زاگرۆس و نیفات Nifat دا و لە ناوچە سنوورییەکانی ئەرمینیا، لە باشووری ماردییەکان، لەو ناوچەیەی کە دواتر بە ناوی خۆیان کۆرچایک Korçayk ناوزەد کرا، و بە گوتەی توێژەر بۆزاند لە سەڵماس هەڵکەوتووە.

  لە کاتێکی دواتردا مینۆرسکی هۆشداری داوە لە پرسی بەستنەوەی گەلێکی وەک گەلی کورد بە یەک بنەچەی هاوبەشەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەرهەمی یەکگرتنی چەند گەلێکی جیاوازن کە وەک باپیرانیان باسی کردووە. سەرەنجام ئەم گەل و هۆزە جیاوازانە بوونە یەک گەل و تا نزیکەی سەردەمی ئیسلامی، دەستەواژەی کورد وەک یەک زاراوەی ئیتنیکی بەکار دەهێنرا بۆ ئاماژەدان بە هەموو ئەو هۆزە جیاوازانەی کە گەلی کوردیان لێ پێکهاتوووە.

هەروەها درایڤەر ڕەخنەی توندی لە بۆچوونەکانی نۆڵدکە گرتووە سەبارەت بە بەستنەوەی کورد بە یەک ڕەچەڵەکەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کەوا نۆڵدکە نەیتوانیوە بزانێت کە زاراوەی جیاواز لە بنەڕەتدا، بە تایبەت ئەوانەی کە ئاماژە بە باپیرانی کورد دەکەن، زۆرجار بە شێوەیەکی گۆڕاو بەکاردەهێنرێن بۆ ئیشارەتدان بە کورد (وەک خەڵکە ئازا و بوێرەکانی شاخەکانی زاگرۆس- تۆرووس). بە بۆچوونی درایڤەر، ناوی ئێستای کورد دەگەڕێتەوە بۆ گۆکردنی یان وشەی فارسی کورد یان گورد Gurd، کە بە ڕۆڵی خۆی بە ڕەچەڵەک بابلییە و لە قەردا وەرگیراوە، کە هەمان مانای وشە فارسییەکەی هەیە، واتە ئازا / جەنگاوەر، فارسەکان بە پیتی (گ) قەرەبوویان کردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی پیتی (قاف) لە زمانەکەیاندا.

درایڤەر وڵاتی کاردای بەوە دەسنیشان کردووە کە لە تەنیشت خەڵکی سو کە لە باشووری دەریاچەی وان دەژین، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، دۆزییەوە و ئەگەری بەستنەوەی وڵاتی کاردای بە کورتییەکانەوە بینی، کە لە لایەن پاشای ئاشووری تەکلات – پیلاسەری یەکەمەوە شەڕیان کرد (١١١٥، ١١١٦، 1076 پ. ز) لە ناوچەی شاخاوی ڕۆژئاوای دەریاچەی وان. بە گوتەی درایڤەر، ئەوە بوو ئەم بۆچوونە لەلایەن پێنج لە شەش ڕۆژهەڵاتناسەوە وەرگیرا کە هاوچەرخی ئەو بوون، مینۆرسکی لەنێویاندا بوو. ئەم پەیوەندییەی نێوان کورد و کاردۆ لەلایەن زۆرێک لە لێکۆڵەرانەوە ئاماژەی پێکراوە، وەک جوگرافیناسی ئەڵمانی کیپەرت، ڕۆژهەڵاتناس و جوگرافیناسی نەمسایی ویلهێلم تۆماشێک (١٨٨٤)، کە ئەمی دووەمیان هەروەها وەک درایڤەر پێیانوابوو، کە دەستەواژەی کورد بنەچەیەکی سامیی هەیە و دەبێ لە کاردۆ/ قەردۆی سامییەوە وەرگیرابێت و لە کورد یان گوردی ئێرانییەوە وەرنەگیرابێت. بەڵام لانگدۆنی زمانناس، زێدی کاردای لە دەوروبەری چیای زاگرۆس دەستنیشان کردووە و بە وڵاتی مێژوویی کورد وەسفی کردووە. لە کاتێکدا، شپایزەر کوردەکانی بە نەوەی خێڵە گووتییەکان دەزانی کە لە ناوچەکانی چیاکانی تۆروس و زاگرۆس لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی میزۆپۆتامیا دەژیان و وایبۆدەچوو کە کیرتییەکان/ کورتییەکان پەیوەندییان لەگەڵ کورددا هەیە و گووتیی دانیشتووانی کۆنی کوردستانی بە خێڵێکی کورتی دادەنا، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دوو ناوە کورتی و کۆتی لە سەدەی ١٣ی پێش زایین لە دەقە مێخییەکاندا بەکارهێنراون. (لە هەندێک بۆنەدا) بە شێوەیەکی هاوشێوە و گۆڕاو، ئاماژە بە هەمان گەل یان خەڵک دەکات بە بەڵگەی ئەوەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشای ئاشووری توکوڵتی – نینورتای یەکەم (١٢٥٠ پ. ز). لەو شوێنەی کە پاشای ئاشوور لەو دەقەدا باسی خەڵکی کوتی کردووە، کە پێشتر دۆڵەکانی ڕووباری زابیان کردبووە نیشتەجێی خۆیان. پاشان لە هەمان دەقدا ئەوەشی دەخاتە سەر کە زێدی ئەم گەلەی دیاریکردووە و لە تابلێتێکی تردا ناوی لێناوە کۆرتی یان قوردی. بێجگە لە شێوە یان فۆرمولەی کورتی و گۆردی، بابلییەکان لە ساڵی ٦٥٣ پێش زایینەوە فۆرمۆلەی (قوتیل)یان بەکارهیناوە بۆ ئاماژەدان بە چیاکانی کوردستان و دانیشتووانی بە مادەکانیشەوە.

لەم دواییانەدا توێژەری نەمسایی فێردیناند هێنەربیشلەر Hennerbichler چەندین توێژینەوەی لەسەر بنەچەی کورد بڵاوکردەوە، لەوانە بابەتێکی دوورودرێژ کە تیایدا بە وردی باس لە زاراوەی کاردا دەکات و تیایدا کورتەیەک لەو بۆچوونە جیاوازانە باس دەکات کە زمانناسان و شوێنەوارناسان سەبارەت بە دەستەواژەی کاردا و کورد خستوویانەتەڕوو. لەو شوێنەی کە لێکۆڵەر پێی وایە کە بنەچەی کورد لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا پەیوەستە بە کۆردەی (کورتی/ کۆرهی) سۆمەری و کاردا و قاردۆ و قەردۆی سامی (کوردا لە باکووری میزۆپۆتامیا لە سەدەی ٢٣ی پ. ز، و کاردا لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە سەدەی ٢١ی پ. ز)، کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گووتییەکانی پێ ناوزەد دەکرا . زاراوەکانی “کورتی”  و “قرتی” لە قۆناغێکی بەراییدا، لە ماوەی سەدەی ١٣ و ١٢ی پێش زایین، لە سەرچاوە ئاشوورییەکاندا، ناوبانگێکی کاتیی بەدەستهێنابوو. لە سەدەکانی نێوان بیست و سێ و دوانزەی پێش زاییندا سۆمەرییەکان ناوی کورتی و کوردایان لە دانیشتوانی باکووری وڵاتی میسۆپۆتامیا ناوە، لە کاتێکدا ئەکەدییەکان زاراوەی ڕەگ ئەکەدیی (کاردا)یان بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە دانیشتوانی ناوچە دوورەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی باکووری ڕۆژئاوای ئێران (ئەمڕۆ). دواتر و بەتایبەتی لە نووسینەکانی نووسەرانی یۆنانی و ڕۆمانیدا، زۆرێک لە زاراوەگەلێک کە لە   “و-” و “ئە-” پێکهاتبوون، بە شێوەیەکی ناڕێک و لەبریی یەکتر و شێواو بەکاردەهێنران (ئەمەش ئەوەیە کە درایڤەر پێشتر ئئیشارەتی پێکردووە) و بەندە بەو دەربڕینانەوە کە قسەکەرانی ناوخۆیی/ ناوچەیی جۆراوجۆر بەم نووسەرانەیان گەیاندووە کەوا (سامی و ئێرانیە کۆنەکان و ئەرمەن و ئەوانیتر بوون) و هەروەها ئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بووە.

هێنەربیشلەر لە لێکۆڵینەوەکەیدا بەناونیشانی “بنەچەی کورد” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە داتا و زانیاریی ترشەڵۆکی ناوکیی بەردەست (دی ئێن ئەیDNA ) ئاماژە بەوە دەکەن ڕوون و ئاشکرا و هاوزەمان بوونیان سەلمێنراوە لە پەڕی باکووری (ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات، لە باکووری میسۆپۆتامیاوە) و پەڕی باکووری ڕۆژهەڵات (زاگرۆس و دەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئەمڕۆدا) و هیچ ئاماژەیەکی بۆماوەیی (ئیتنیکی) نییە کە کورد نە لە    ئەنەدۆڵ و نە لە ناوچەکانی زاگرۆسەوە (کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتەوە تا باکووری ڕۆژئاوای ئێران درێژ دەبێتەوە) سەریهەڵدابێت. بێجگە لەوەش، ناکرێت بڵێین کەوا لە پیاوێک یان دوان یان خێڵ و هۆزێکی دیاریکراوەوە هاتبێتە ئاراوە، تەنانەت ئەگەر زاراوە تاکەکانی زمانیش ئاماژە بەوە بکەن، هەروەها لە ڕووی جوگرافییەوە ناکرێ بڵێین کە تەنها لە شوێنێک یان ناوچەیەکەوە سەرچاوەی گرتبێت.

  جگە لەو بەڵگە و بۆچوونانەی کە باسمان کردن و دەریدەخەن کە زاراوەکانی کاردا، کاردۆ ، کورتی و ئەوانیتر کە تێکڕایان ئاماژە بە گەلی کورد دەکەن، لێرەدا وا چاکە لە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە کوردستانی ئێستا بووە، بەهۆی بارودۆخی گونجاوی کەشوهەوا و جوگرافیاوە، بەو پێیەی ئەوەی بە چەرخی بەردینی کۆن ناسراوە Palaeolithic پەناگەیەک بووە بۆ مرۆڤی سەرەتایی. کوردستانیش سەرهەڵدانی و پەیدابوونی یەکەم گوندەکان بەخۆوە بینیوە      (لە هەزارەی دوانزەهەمی پێش زایینەوە) و سەرهەڵدانی کشتوکاڵ لە هەزارەی نۆهەمی پێش زایینەوە و بەم پێیەش سەرهەڵدانی یەکەم شارستانییەتەکانی ناوچەکە لەپاڵ ناوچەکانی تری نیوەمانگ یان کەوانەی بەپیتدا و دواتریش، خاکەکەی سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەت و میرنشین و فیدراسیۆنی خێڵەکی و سیاسیی بەخۆوە بینیوە، وەک خۆرییەکان، ئۆرارتییەکان، گۆتییەکان، کاسییەکان، لولوبییەکان، میتانییەکان، مادەکان، مانییەکان، سکیتییەکان و هیتریش و باسوخواسی هەندێک لەو گەلانە بۆ هەزاران ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوام بووە. هیچ دەقێکی مێژووییش نییە کە ئاماژە بە کۆچکردنی ئەو گەلانە لە کوردستان یان لەناوچوونیان بکات.

  کێشەی سەرەکی بەردەم توێژەران لە نەدۆزینەوەی دەقە نووسراوەکاندایە بە زمانەکانی ئەو گەلانە (بێجگە لە خووری و ئۆرارتییەکان) و ئەوەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە لە هەندێک وشەسازی، زاراوە، ناوی هەندێک کەس و ناوی خوداوەندەکان و هەندێک شوێنی جوگرافی تێناپەڕێت، بۆیە زمانناسان ئەستەمە بتوانن لە زمانەکانی ئەو گەلانە بکۆڵنەوە و ڕادەی پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر و پەیوەندییان بە زمانەکانی گەلانی ناوچەکەوە تا ئاستی یەکلاییکردنەوە، بەڵکوو تەنها زمانی ماد یان میدییەکان بە دڵنیاییەوە پۆلێن کراوە کە لە لقی باکووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکانەوە بێت، واتە وەک زمانەکانی کوردی، فارسی و زمانەکانی بەلووچی. بەڵام لەوانەیە ئەو زمانانە لە یەکترەوە نزیک بووبن. حەموورابیی پاشای بابل لە یەکێک لە دەقەکانیدا باسی دەکات: کووتیوم (گووتی)، سوبارتۆ، توکریش (مەملەکەتی خووری)، شاخەکانیان دوورن و زمانەکانیان لێکتر دەچن. لێرەدا دەقەکە ئاماژەیە بۆ لێکچوونی زمانی خووری و گووتییە و بە ئەگەرێکی زۆریشەوە لولوبی، چونکە دەقەکانی فارە (شوروپاکی کۆن) ئاماژەیان بەوە کردووە کە دانیشتوانی سوبارتۆ هەمان لولوبیەکانن (لولوبییە سوبارییەکان)، هەروەها سپایزەریش، بە پشتبەستن بە ناوی کەسەکان و ناوی جوگرافی، ئیشارەت بە پەیوەندیی نێوان زمانی لولوبی و گووتی دەدات و پێیوایە هەردوکیان سەر بە گرووپی ئیلامی بن، بەڵام هەندێک پێیان باشە ئەم زمانانە بە قەوقازی ناوببەن و لەنێویاندا پێدەچێت (کاشی)یش بێت، لەکاتێکدا توێژەر فۆرنێت، لە وتارێکیدا کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە زمانی کاشی، پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان کاشی و خۆری-ئۆرارتیدا دەدۆزێتەوە. سەبارەت بە زمانی مانییەکان کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی باشووری گۆلی ورمێدا دەژیان و ناوی پاشاکانیان کە لە دەقە ئاشوورییەکاندا هاتووە، هەندێکیان بە ئێرانی دەچن هەندێکی دیکەشیان بە خووری و گووتی. ئەوەی کە تازە باسمان کرد، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زمانی گەلانی کۆنی کوردستان بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەیەکتر چوون پێش ئەوەی توخمە هیندۆئەوروپییەکە لە دوای حوکمڕانیی مادەکانەوە زاڵ بێت بەسەریاندا.

لە ئێستادا زۆربەی توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن کە گەلی ئێستای کورد نەوەی ئەو میللەت و گەلانەی کۆنی کوردستانن کە تازە باسمان لێوەکردن و ئەم مەسەلەیە لە لۆژیکەوە نزیکترینە ئەگەر باسکردنی ئەو گەلانە لە دەقی مێخییدا لەبەرچاو بگرین بۆ سەردەمێکی نزیک لە مێژوو کۆن، بۆ نموونە: من لێرە بەدواوە باسی گووتی و لولوبی و کاشی و میتانییەکان دەکەم.

گۆتی یان گووتییەکان: ئەوانەی لە سەرەوەباسمان کردن، لە هەزارەی سێهەم و دووەم و یەکەمی پێش زاییندا لە ناوچەکانی زاگرۆسدا ڕۆڵێکی سیاسیی بەرچاویان هەبووە. لە دەقەکاندا بە بەردەوامی باسیان لێوە کراوە تا سەدەی سێیەمی پێش زایین.

 لولوبیەکان: هاوشێوەی گۆتییەکان، لە دەقە مێخییەکان لە هەزارەی سێیەمەوە تا سەدەی شەشەمی پێش زایین باسکراون.

  کاشییەکان: لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایینەوە لە سەرچاوە مێخییەکان باس لە کاشییەکان دەکرێت و تا سەردەمی هێلینیستی و ڕۆمانی لە دەقەکاندا ناویان هاتووە و باسیان لێدەکرێت.

میتانییەکان: پاش لەناوچوونی مەملەکەتی خوریی – میتانی لە سەدەی سێزدەهەمی پێش زایین و دوای ئەوە میتانییەکان بە شێوەی جیاواز لە لایەن مێژوونووسانی یۆنانی و ڕۆمانییەوە باس دەکرێن. بۆ نموونە هێرۆدۆت (سەدەی پێنجی پێش زایین) و دوای ئەویش سترابۆ (ساڵی ٢٤ی زایینی مردووە) باس لە گەلی یان خێڵی ماتینی Matiene دەکەن کە لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ نیشتەجێ بوون، واتە لە ناوچەی پێشووی مانییەکان و سترابۆ بە دەریاچەی دەریاچەی ماتیانی ناوی دەهێنێت. ئەم فۆرمولەی ناوەیان زۆر نزیکە لە فۆرمولەی مەیتانی کە لەسەر مۆری شوتارنای پاشایان ئاماژەی پێکراوە. هێرۆدۆت باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی میدی یان مادەکاندا شوێنێکی تر هەبووە دیسان ناوی ماتینی بووە، بەدرێژایی کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری هالیس. ئێمە دەزانین کە ڕووباری هالیس بە گوتەی هێرۆدۆت سنووری نێوان مادەکان و لیدییەکان بووە. هێرۆدۆت ئەوەش دەڵێت کەوا ماتییەکان هەمان ئەو جلوبەرگانەیان پۆشیوە کە بابلی و گۆتییەکان لە سوپای ماد و فارسدا لەبەریان دەکرد. مێژوونووسی ئەرمەنی مۆسێس خورێناتسی           (493 کۆچی دوایی کردووە) ناوی میتانییەکانی بە شێوەی کۆنەکەی خۆی هێناوە، جگە لەوەی لە کتێبەکەیدا ناوی میتانیاییەکان هێناوە و لە زیاتر لە شوێنێکدا جیاوازی لە نێوان مادەکان و میتانییەکاندا ناکات، بۆ نموونە خۆریناتسی   باس لەوە دەکات کەوا جارێکیان  باروێری کوڕی زەبەلاحەکان بووە بە پاشای ئەرمینیا لەبەرانبەر یارمەتیدانی بۆ ڤاریاکی پاشای میدی لە سەندنەوەی مەملەکەت لە ساردانابێلا پاشای ئاشوور و لە کاتی گێڕانەوەکەدا دەڵێت ڤاریاک میتانی بووە و لەشکرێکی کردووە و دەستی بەسەر تەختی نەینەوا و ئاشووردا گرتووە و پایتەختی پاشاکەی گواستووەتەوە بۆ خاکی ماری، واتە وڵاتی میدیا. بە پێی ئەم باسە بێت وا دیارە ڤاریاک پادشای ماد، کیاکسارێسە، کە ئیمپراتۆریەتی ئاشووری لەناوبردووە. هەمان شت لە  شوێنەکانی دیکەی کتێبەکەدا دووبارە بووەتەوە، ئەوەی لە کتێبی هێرۆدۆتۆسدا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها خورێناتسی، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە لە نێوان  (میدی) مادەکان و میتانییەکاندا هەیە. ڕەنگە مادەکان هۆزێکی میتانی بووبێتن کە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی میتانی لە سەدەی ١٣دا ڕوویان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبێت، واتە لەو قۆناغە چاوەڕوانکراوەی کە تێیدا توخمە هیندۆئەوروپییەکان دەرکەوتوون، کە خۆیان ماد و فارسەکاندا بینیوەتەوە، لە ناوچەکانی ئێرانی ئێستادا.

لە هەموو حاڵەتێکدا سەرچاوە جۆراوجۆرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زاڵبوونی توخمە هیندۆئەوروپییەکە بەسەر زمانی کوردیدا لە دوای دەرکەوتنی    مادەکان و نەهێشتنی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری لە نێوان ساڵانی ٦١٢ – ٦٠٩ پێش زاییندا دەستیپێکردووە، کە مادەکان توانیویانە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بسەپێنن لە ئەنجامی ڕۆڵی سیاسی و فراوانبوونی جوگرافییاندا و بڵاوبوونەوە زمانەکەیان هیندۆئەوروپییەکەیان لە ناوچەکانی زاگرۆس و ئەنەدۆڵدا. بەڵام نازانین ئاخۆ کاشییەکان، گووتییەکان، خوورییەکان، لولوبییەکان و دانیشتوانی کۆنی دیکەی کوردستان وازیان لە زمانە ڕەسەنەکانی خۆیان هێناوە و زمانی مادەکانیان بەکارهێناوە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا و لەگەڵیان تێکەڵ بوون، یان ئەم حاڵەتە لە قۆناغەکانی دواتر و وردە وردە ڕوویدا.

هەندێک توێژەر هەن کە ئاماژە بە بوونی پەیوەندی لە نێوان کورد و سکیتی/ پارسییەکان (هیندۆئەوروپییەکان) دەکەن. لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە دەزانین کە سکیتییەکان لە سەدەی حەوتەمی پێش زایینەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەبووە و ڕۆڵیان بینیوە لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکەدا و توانییان بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ وڵاتی میدیا داگیر   بکەن و بوونیان لە ناوچەکەدا لە دوای ئەم مێژووەوە نەبچڕاوە و بەردەوام بووە، چونکە پارثییەکان، کە خێڵێکی سکیتی بوون لە ساڵی ٢٤٩ پێش زایینەوە توانیویانە کۆنترۆڵی ناوچەکانی میدیا بکەن و پاشان دەست بگرن بەسەر   ئێران و میزۆپۆتامیا و چەند بەشێکی ئەنەدۆڵدا و مەملەکەتێکی بەهێز دابمەزرێنن کە تا ساڵی 226ی زایینی بەردەوام بووە. توێژەر لودویگ پاوڵ Ludwig Paul پێی وایە زمانی پارسی فۆرمێکی سەرەتایی زمانەکانی ئێرانی ڕۆژئاوایە کە زمانی کوردی یەکێکە لە لقەکانی و هەندێک لە زاناکانی زمان ئاماژەیان بە بوونی پەیوەندییەک کردووە لە نێوان زمانی پارسی و شێوەزاری زازایی –  هەورامی/ گۆرانیدا.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لێکۆڵینەوە لە بنەچەی گەلی کورد ناکرێ تەنها لە لایەنی زمانەوانیدا سنووردار بکرێت، بەڵکوو پێویستە لایەنی جوگرافی و مێژوویی و بزووتنەوەی گەلانی کۆنیش بگرێتەوە بێجگە لە زانستی جینەنەکان DNA / HLA، کەوا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی کەوا تایبەتن بە ڕەگ و بنەچەی گەلان. بۆ نموونە لێکۆڵینەوە نوێیەکانی پەیوەست بە زانستی جینەکان DNA / HLA ئاماژە بە پەیوەندیی جینیی نێوان کورد و خوورییەکان و هەروەها جۆرجییەکان دەکەن. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ جۆرجییەکان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەیوەستە بە هاتنی خوورییەکان لە ناوچەکانی قەفقاسەوە (کە شوێنی نیشتەجێی جۆرجییەکانە) و بە شێوەیەکی سەرەکی جێگیربوونیان لە ناوچەکانی کوردستانی ئێستادا و پاشان هاوبەشی کردنی دواتریان لەگەڵ گەلانی کۆنی کوردستان لە پێکهێنانی گەلی کورددا.

سەرچاوە: کتێبی الأقليات والقوميات فی السلطنة العثمانية بعد 1516

منشورات الجمعية التاريخية اللبنانية… مجموعة باحثين

تیۆدۆر نۆڵدکە

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …