Home / ناوداران / شەهیدی سەركردەی ڕێبازی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی لە كوردستان جەمال حەیدەری 1926-1963

شەهیدی سەركردەی ڕێبازی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی لە كوردستان جەمال حەیدەری 1926-1963

18644583_1425642930851149_738808580_n

بببب
ئا: كەریم شارەزا

پێشەكی:
بنەماڵەی حەیدەرییان لە هەریرو ماوەران‌و هەولێرو بەغدا گەلێك زانای ناوداریان لێ هەڵكەوتووەو خزمەتێكی زۆری نەتەوەی كوردیان كردووە. لەو كاتەی كە لە سەردەمی كۆندا گەلێك زانای بلیمەتی وەكو حەیدەری یەكەم‌و ئیبراهیم حەیدەری كوڕی حەیدەری دووەمی هەریرییان لەناوچەی سۆران‌و شارۆچكەی هەریر لێهەڵكەوتووەو لە بەغداش زانای مەزنی وەك سبغەتوڵڵای هەرە گەورەو عوبەیدوڵڵای كوری ئیبراهیم فەسیح حەیدەری ناوبانگی زاناییان بەهەموو دونیای ئیسلامیدا بڵاوبۆتەوەو لە گوندی (ماوەران)یش صبغەتوڵڵای گەورەی ماوەرانی ‌و لە هەولێرێش شەیخولئیسلام ئیبراهیم حەیدەری كوڕی عاصم كوڕی ابراهیم حەیدەرییان لێ پەیدابووەو ناوبانگی زانایی‌و گەورەییان بە هەموو لایەكی كوردستانی مەزنداو وڵاتانی ژێر حوكمی دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوبۆتەوە(1).
لەو كاتەی كە لە ڕابردوودا ئەم بنەماڵەیە ئەو پێشەوایانەیان لێهەڵكەوتووە، دەبینین لەو سەردەمەشماندا بێشەكەیان بێ شێر نەماوەتەوەو، كە جاران پێشەوای ئایین‌و زانستیان پەروەردە كردبێ، دەبینین لەم سەردەماندا شێری سیاسەت‌و خەباتی شۆڕشگێڕیان پێگەیاندووەو لە مەیدانی تێكۆشانی نیشتمانیدا قوربانیی زلیان داوەو گەڵێ ڕۆڵەی وەكو عاصم حەیدەری‌وصالح حەیدەری ‌و پێشەوای سیاسی وەكو جەمال حەیدەری نەمریان خستۆتە ڕێزی پێشەوەی كاروانی خەباتی شۆڕشگێری كورد.

شەهیدی سەركردە جەمال حەیدەری:
شەهیدی ڕێبازی ماركسی لەكوردستاندا جەمال كوڕی حەیدەر، حەیدەری كوڕی عاصم حەیدەری كوڕی صبغەتوڵڵای حەیدەری ماوەرانی لە پایزی ساڵی 1926 دا لەشاری هەولێری دێرین چاوی ژیانی هەڵێناوە‌و لەتەمەنی (7) ساڵیدا لەبەر خوێندن دانراوەو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندیی‌و ئامادەیی لە شارەكەی خۆیدا تەواو كردووە. ئینجا چووەتە بەغدا بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵاتری‌و لە (خانەی باڵای مامۆستایان)- بەشی ئینگلیزی وەرگیراوە. بەڵام كە لە پایزی 1946دا بەشداریی لە خۆپیشاندانێك لەدژی حكوومەتی نووری سەعید دەكات دەگیرێ‌و 3مانگ بەند دەكرێ‌و لەخوێندنەكەی فەسڵ دەكرێ‌و دەگەڕێتەوە هەولێر لەگەڵ(ئەنوەر فەیزی)ی هاوڕێی دوكانێك دادەنێن.
ئەگەر بمانەوێ بزانین كەی شەهید جەمال حەیدەری شەیدای خەباتی سیاسی بووەو كەوتووەتە پاڵ بزووتنەوەی نیشتیمانی‌و خەباتی چینایەتی، وا چاكە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1941 كەبۆ یەكەم جار بەبیروباوەڕی ماركسی گەیشتووە كە هێشتا خوێندكاری قۆناغی ناوەندی بووە لە هەولێر. لە ماوەی چەند مانگێكدا هۆشیارییەكی سیاسی پێشكەوتنخوازی چاكی وەدەستهێناوەو لە كۆتایی ساڵی 1944دا لەگەڵ دامەزراندنی (حزبی شۆرش)كە بە (حزبی شیووعی كوردستانی عێراق) دادەنرا، بووەتە ئەندامێكی چاڵاك لەو ڕێكخراوە ماركیسییەو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی (حزبی شۆرش)یش چووەتە ناو حزبی شیووعی عێراق‌و لەبەر هۆشیاری سیاسی‌و شارەزایی لەبیروباوەڕی ماركسی، لە ماوەیەكی كەمدا دەورێكی سەركردایەتی وەردەگرێ‌و دەبێتە لێپرسراوی یەكەمی لێژنەی محەلی هەولێر.
لەدوای دامركاندنەوەی هەڵچوونە شۆڕشگێڕییە جەماوەرییەكەی سەردەمی ڕاپەڕیینەكەی كانوونی دووەمی 1948ی گەلی عێراق‌و لە كۆتایی مانگی مایسی ئەوساڵەدا لەگەڵ دانانی حوكمی عورفی بە بیانووی پاراستنی پاشكۆی سوپای عێراق كە بەشی زۆری بەرەو فەڵەستین چووبوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل تازە دامەزراو لە ڕۆژی 15/5/1948دا، دەستەیەكی چاڵاك لە تێكۆشەرانی حیزبە پێشكەوتنخوازەكان دەگیرێن‌و لەهەولێر جەمال حەیدەری لەگەڵ هاوڕێییانی وەك عاصم حەیدەری‌و عادل سەلیم‌و شێخ محەمەدی ناسراو بە (شێخەشەل)‌و فایق نادرو عەلی عەبدوڵڵای ڕەواندزی‌و شێخ سولەیمان‌و حەسەن‌و حوسینی حاجی تاهیر‌و ئەنوەر محەمەد نەورۆز‌و پارێزەر عەونی یوسف‌و ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی‌و صادق جەمیل ئاغای حەوێزی‌و ڕۆستەم حەوێزی‌و مەجید كاكەیی حاجی مەحموود‌و عەبدولرەحمانی مەحموود ئاغای حەوێزی‌و مەلا مەجیدی موفتی‌و فایق جەلیل حەوێزی هەموویان دەگیرێن‌و لە گرتووخانەی هەولێر توند دەكرێت‌و شەهید جەمال حەیدەری كاروباری حەپسەكان ڕێك دەخات‌و دەورێكی سەركردەیی دەنوێنێ‌و لەپاڵ پتەوبوونی بیروباوەڕی ماركسیشی بەهرەی شاعیریی لەلای سەرهەڵدەدا وەك لە دواییدا لێیەوە دەدوێن. لەمانگی حوزەیرانی ئەوساڵەی 1948دا گیراوەكان دەدرێنە دادگای عورفی‌و شەهید جەمال چی لەسەر ئیسپات نابێ‌و بەردەدرێ‌و دەگەڕێتەوە شاری هەولێرو دەبێتەوە بە لێپرسراوی یەكەمی لێژنەی محەلی حزبی شیووعی‌و بۆ پایزی ئەو ساڵەش دەگوێزرێتەوە بۆ كەركووك‌و لەگەڵ تێكۆشەران نافیع یونس‌و ئەحمەد غەفوور دا كاروبای لقی كوردی حیزبی شیووعی عێراق لەو شارەدا بەڕێوەدەبەن بەڵام كاتێك كە (مالیك سیف)وەك بەرپرسی حزبی شیووعی عێراق دەگیرێ‌و نهێنییەكانی ڕێكخستنەكانی حزب دەدركێنێ‌و ناوی ئەو سێ تێكۆشەرەش دەدات بۆیە لەشەوێكی مانگی كانوونی یەكەمی 1948دا ئەم سێ سەركردەیە دەگرێن‌و دەدرێنە دادگای عورفی عەسكەری بە سەرۆكایەتی عەبدوڵڵا نەعسانی‌و بە لێپرسراوی سەركردە دادەنرێت‌و بە 7 ساڵ حوكمی بەندكردن‌و 3 ساڵیش خستنە ژێر چاودێری پۆلیس حوكم دەدرێت‌و دوور خستنەوەشیان لەكوردستان.
شەهید جەمال حەیدەری لەبەندیخانەشدا عونسرێكی سەركردە دەبێ، كەهاوڕێی بەهائەدین نووری دەبێتە سكرتێری یەكەمی حزبی شیووعی عێراق لەساڵی 1953دا، دەستەیەك لەئەندامە قیادییەكان لەحزب دوور دەخاتەوە بۆیە ئەوانیش لەحزب جیادەبنەوەو ، هەر بەناوی حزبی شیووعی عێراقەوە ئیش دەكەن‌و ڕۆژنامەیەك بەناوی (رأیە الشغیلە) =(ڕای كارگەران)ەوە دەردەچووێنن، بۆیە پێیان دەگوترا جەماعەتی (ڕایە الشغیلە)..
شەهید جەمال حەیدەری بیر لەڕاكردن لەبەندیخانە دەكاتەوە ڕۆژێكیان بەناوی نەخۆشی دەیبەن بۆ (نەخۆشخانەی مەجیدیە) كەئێستا نەخۆشخانەی كۆمارییە، لەوێوە هاوبیرانی دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنن‌و ڕادەكات‌و لە دەرەوە لەگەڵ حەمزە سەلمان‌و عەبدوڵڕەزاق ئەلصافی (رأیە الشغیلە) دەردەچووێنن كە حەیدەری لێپرسراووی یەكەمی ئەو باڵەبووەو بەزمانی كوردیش ڕۆژنامەیەك بەناوی (ڕێگا) دەردەچووێنن.
لەدوای یەكگرتنەوەی حزبی شیووعی عێراق لە حوزەیرانی 1956‌و تێكەڵ بوونەوەی (رأیە الشغیلە) لەگەڵ باڵە سەرەكییەكەی حزب، هاوڕێ جەماڵ حەیدەری دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزب‌و، پێش بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958یش دوو جار سەردانی یەكێتی سۆڤییەتی كردووە‌و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشەكەش دەورێكی سەركردەیی گێڕاوە ‌و بووە بە لێپرسراوی هێلی كرێكارانی عێراق.
شەهید جەمال حەیدەری بە فەرمانی حزب لە 1/9/1959دا چووە بۆ مۆسكۆ بۆ خوێندن لە خوێندنگای (لینینی عالەمی)- بەشی فەلسەفە) تاكو مانگی كانوونی یەكەمی 1961 لەوێ ماوەتەوەو بە پلەی (زۆر باشە) دەرچووە، ئینجا گەڕاوەتەوە عێراق‌و بووەتە سەركردەیەكی كارایی حزبی شیووعی‌و لەگەڵ بەرپا بوونی شۆڕشی ئەیلوول لە كوردستانی باشوور لە 11/9/1961دأ، دەورێكی دیارو گەورەی گێڕاوە لە ڕەسم كردنی سیاسیەتی حیزبی شیووعی لەكێشەی كوردو چارەسەركردنی‌و تەنانەت ڕەشنووسی ڕاپۆرتی مانگی ئاداری 1962ی حزبی شیووعی عێراق بەدەستی ئەو نووسراوەو لەكاتی ووتووێژكردن لەسەری كەمێك ڕووتووش كراوە.
لەدوای لەناوبردنی سكرتێری یەكەمی حزب هاوڕێی نەمر سەلام عادیل بەدەستی بەعسیە فاشستەكان لە 9ی ئاداری 1963دا ، هاوڕی جەمال حەیدەری بووە لێپرسراوی یەكەمی حزب‌و لەگەڵ هاوڕێ محەمەد ساڵح عەبەللی دووبارە كاروباری حزبیان رێكخستنەوەو یەكەم بەیاننامەی لێژنەی مەركەزی حزبیان نووسی‌و بڵاوكردەوەو كودەتا شومەكەی 8ی شوباتی 1963ی بەعسی فاشیستان مەحكووم كرد.
كە حكوومەتی بەعسی لە 10ی حوزەیرانی 1963 بەیانی شەڕ دەستپێكردنەوەی لەكوردستاندا بڵاوكردەوە، هاوڕێ جەمال حەیدەری سەركردە بۆ ڕۆژی 11ی حوزەیرانی بەیانێكی گرنگی حزبی بۆ پشتگیری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەرچوواند‌و لەدژی دەستپێكردنەوەی شەڕەكە وەستا.
لەدوای جولانەوە شۆڕشگێرییەكەی 3ی تەمووزی 1963 ی (ئۆردگای ڕەشید)لە بەغدا كە هەندێ ئەفسەرو سەربازی شیوعی ئەنجامیان دا، لەڕۆژی 19/7/ 1963 دا حەیدەری سەركردەی حزب گیراو لەئەنجامی ئەشكەنجەو ئازاردانێكی یەكجار زۆر لەڕۆژی 20/7/1963دا شەهید كراو بۆ ڕۆژی 21/7/1963 لە دەنگوباسی كاتژمێر دووی نێوەڕۆدا بە بەیانێكی حاكمی عەسكەری گشتی هەواڵی لە سێدارەدانی بڵاوكرایەوە(2)‌و میللەتی كوردو سەرجەم گەلی عێراق نیشتمانپەروەرێكی دڵسۆز‌و پێشەوایەكی ماركسی مەزنی كوردی لەدەست چوو‌و ئەوەی شیاوی باسە شەهید جەمال حەیدەری لە ساڵی 1960دا ژنی هێناوەو ناوی (نەرجس ڕەزا سەففار) بوەو تەنیا 3 ساڵی ژیانی هاوسەری لەناو ئەو ئاووهەوا ترسناكەی خەباتی ژێر زەمینی لەگەڵدا بەسەر بردووەو لەساڵی 1961‌و 1963دا دوو كچی بووەو، ئێستا هەردووكیان ماون:
1-دكتۆرە لەیلا 2-نادیە
بەڵام دایكیان كۆچی دوایی كردووە ئەویش لەكۆڕی خەباتدا تێكۆشەرێكی ماركسی بەجەرگ بووە.

شەهید جەمال حەیدەریی نووسەرو شاعیر:
شەهید جەمال حەیدەری هەر خەباتێگڕێكی شۆڕشگێر‌و سەركردەیەكی شیووعی بەجەرگ نەبوو، بەڵكو لەهەمان كاتدا زمان زان‌و وەرگێڕێكی باشی ئینگلیزی‌و ڕووسی بوو زمانەكانی كوردی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی‌و ڕووسی بەچاكی دەزانی ‌و هەموو فەلسەفەی ماركسی‌و بەرهەمەكانی ماركس‌و ئەنگلیزو لینینی بەڕووسی خوێندبووەوەو بەچاكی هەزمی كردبوون. لەو كاتەی كەنووسەرێكی بەتوانابووە بەتایبەتی بەزمانی كوردی ‌وعەرەبی، لەهەمان كاتیشدا شاعیرێكی شیعری سیاسی بووەو‌ولێرەدا چەند نموونەیەك لە شیعرەكانی دەخەینە ڕوو:
سروودی ڕەنجبەرین (3)
رەنجبەرین، جەنگاوەرین
هێزی ژیانین، قارەمانین
نەبەزین‌و نابەزین
ئێمە چینی كارگەرین
لەڕێی گەل‌و نیشتمان
تێدەكۆشین بێ وچان
دەبڕین ڕێگەی هەوارزو دوور
تا بەدی دەكەین ئاسۆی سوور!
هاوینی 1948

ئەوەی شیاوی باسە ئەم هۆنراوەیەی لە ناو گرتووخانەی هەولێر داناوەو بۆ هاوڕێكانی لەو گرتووانەی لەگەڵی دابوون خوێندۆتەوەو وەك ناوەڕۆك پەسەندیان كردووەو كراوە بە سروود‌و لەگەڵ سروودەكانی (گەنجی وریا ڕاپەڕین)‌و (هێزی یەكێتی)ی دڵزارو (ئازادی خوای كوردین ئێمە)ی هەردی لەلایەن گرتووەكانەوە گوتراون(4).
شەهید جەمال حەیدەری هۆنراوەیەكی دیكەی بەناونیشانی (دڵزار…هاوار) داناوە كە مەبەستی دڵزاری شاعیری هاوڕێ بووە‌و لەگەڵدا لەگرتووخانە بووەو دەڵێ:
دڵزار هاوار(5)
من بەشەرم
بەشەرێكی دڵ پڕ ژان‌و
پر كەسەرم
برسی‌و ڕووت‌و دەربەدەرم
لێم كەنەوە دەرگە كەتان
تاقە شەوێ
جێگام ئەوێ
زامەكانم تیمار ئەكەم
سەر لەبەیانی بارئەكەم!
جەمال حەیدەری شاعیرێكی هاوادار بووە، هەندێ جار حەزی كردووە ئەوەی بەبیرو ئەندێشەیدادێ بەشیعر دایڕێژی‌و پارچە هۆنراوەی لێ دروست بكات.
(ئەحمەد دڵزار)ی شاعیری هاوڕێی لەبارەی شاعیرییەتی حەیدەرییەوە نووسیوویەتی :”هاوڕێ جەمال دەستی شیعر دانانیشی هەبوو، هەر لەگرتووخانەدا چەند سروودێكی گەرم‌و گوڕی داناو لەم چەند ساڵانەی دوایشدا حزب چەند هەڵبەستێكی هاوڕێ جەماڵ حەیدەری بڵاوكردەوە، كە لە یەكێكیاندا هاوار بۆ من دێنێ‌و چەندجار ئەمە دووبارە دەكاتەوە دەڵێ: (دڵزار هاوار….دڵزار هاوار)(6).
ئینجا دڵزار لە بیرەوەرییەكانیدا دەڵێ: لەڕاستیدا جەمال حەیدەری شیووعییەكی بەڕێزو مەزن بوو، خۆرایی نەبوو كە هاوڕێ عەرەبەكان لە بەندیخانەدا پێیان دەگووت(رجل الشمال)‌و منیش لەكاتی خۆیدا كە دیوانی (خەبات‌و ژیان)م ئامادەكرد بۆ چاپ ئەم بڕە شیعرەم كردە پێشەكی:
پێشكەشی ئەو كەسانەبێ كە باشترین تێكۆشەرن.
بۆ جەستەی میللەتی هەژار، دڵ‌و چاوو دەست‌و سەرن!
مەبەستی یەكەمم جەمال حەیدەری بوو، ئینجا هاوڕێیانی تر. “(7)
هەزار سڵاو لە گیانی پاكی جەمال حەیدەریی شەهیدی بیروبڕوای ماركسی‌و فیداكاری چینی چەوساوەی میللەتەكەی‌و نموونەی سەركردەیەكی شیووعی رەق‌و بە جەرگ‌و خۆڕاگر.

سەرچاوەو پەراوێز:
1-گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ- ژمارە(108) بەغدا 1985، ل 220.
2-دانیشتنێك لەگەڵ مامۆستا صالح حەیدەری‌و مومتاز حەیدەری لە ڕۆژی 6/6/ 1995دا.
3- ڕۆژنامەی بیری نوێ ساڵی (4) ژمارە (185) شەممە 3/4/1976.
4-ئەحمەد دڵزار- بیرەوەرییەكانی ڕۆژانی ژیانم- ستۆكهۆڵم –سوێد 1991، ل 76.
5-ڕۆژنامەی بیری نوێ- ژمارە(185) 3/4/1976.
6-ئەحمەد دلزار- هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 77.
7-هەمان سەرچاوە- هەروەها (دیوانی خەبات‌و ژیان-ی دڵزار- پێشەكی- بەغدا 1959.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …