Home / بەشی مێژووی كورد / یاداوەرییەکانی راپەرین: لە سجنەکەی سلێمانییەوە بۆ بەردەمی مۆزەخانەی گشتیی

یاداوەرییەکانی راپەرین: لە سجنەکەی سلێمانییەوە بۆ بەردەمی مۆزەخانەی گشتیی

یاداوەرییەکانی راپەرین: لە سجنەکەی سلێمانییەوە بۆ بەردەمی مۆزەخانەی گشتیی

FB_IMG_1488989094668

(بەشی سێھەم)

 

یەکەمین رۆژی راپەرین لە سلێمانی، بەیانییەکەی زوو، من و بەختیار لە خەو ڕابووین، کە دەستمان کرد بە نانخواردنی بەیانیی ھێشتا بەشێک لە چاوەروانییەکانی شەوی پێشومان تێدامابووەوە، بەڵام ئەو دۆستەی کە بەنیازبوو دەمانچەکانمان بۆ بێنێت نەگەرایەوە. دوای نانخواردن ھەردووکامن لە ماڵ چووینە دەرەوە، ئێستا نایەتە یادم کاتژمێری چەند بوو، بەڵام سەرلەبەیانیەکی زوو بوو. کە ھاتینە دەرەوە نیازمان وابوو بەرەو مەعھەدەکە بکەوینەڕێ، سەرەتا کە گەیشتینە فولکەی ”کاوەی ئاسنگەر“ لەسەر ڕێی توی مەلیک، بینیمان بارەگا گەورەکەی حیزبی بەعس، کە ھاوکات بارەگای جەیشی شەعبیش بوو، ئەگەر بەھەڵەدا نەچووبم ناوی بارەگای شەھید عوسمان بوو، وە لە پاڵ فولکەکەدا بوو، ئازاد کرابوو. دووکەڵ لە ھەندێک لە پەنجەرەکانی بیناکەوە دەھاتە دەرەوە. چەند کەسێک لەسەر بانی بنکەکەوە بە ئاسماندا تەقەیان دەکرد و کەسانی تریش بە شتومەکی بەتاڵانبراوی ناو بیناکەوە بەرەو دەرەوە دەھاتن. ھەبوو کورسییەکی پێبوو، ھەبوو قەنەفەیەکی ڕادەکێشا، ھەبوو کاغەز و فایل و ئەلبومیان بەدەستەوەبوو. سەیرترین دیمەنی ئەو باینییە دیمەنی پیاوێک بوو موبەریدەیەکی زۆر گەورەی خستبووە سەرپشتی خۆی و بە تاقی تەنھا خەرکی گواستنەوەی بوو. ئەو پیاوە لەژێر قورسایی ق قەبارەی موبەریدەکەدا ھێندە چەمابووەوە سنگی خەریک بوو بەر زەویی سەرجادەکە دەکەوت. لەگەڵ بەخیتاردا سەیرێکی پیاوەکەمان کرد و ھەردووکمان دەستمانکرد بە پێکەنین.

ئێمە لەسەر شەقامەکە ماینەوە و نەچووینە ناو بارەگاکە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر ھەم دەچوونە ژوورە و ھەم دەھاتنە دەرەوە. دوای چەند چرکەیەک ڕاوستان لەبەردەم ئەو بینا ڕاگارکراوەدا درێژەمان بە رێگەکەمان دا بەرەو مەعھەدەکە. لەسەر ھەمان ئەو شەقامە کە ئێستا بەناو بەشی سەرەوەی زانکۆی سلێمانی جاراندا تێدەپەڕێت ڕۆیشتین. ئێمە چەند زیاتر بەو ئاراستەیە بڕۆیشتینایە ھێندە زیاتر دەنگی تەقەی تفەنگ، بەتاک و بە ریز، زیاتری دەکرد. دیاربوو لە دەوروبەری گەڕەکی مامۆستایان و گردەکەی ریعایە و ناوچەکانی دەوروبەری شەڕبوو. دواتر زانیمان ئەریوانی عومەر دەوڵەت لەو ناوەدا شەھید بوو. لەگەڵ بەختیاردا گەڕاینەوە بۆ فولکەکەی کاوەی ئاسنگەر و بە شەقامەکەدا چووینە خوارەوە بەرەو سجنە سەرەکییەی سلێمانی. ھەرزوو دەرگای سجنەکەمان بە کراویی بینی، خەڵک لەسەر شەقامەکەوە دەچوونە ناو سجنەکە و لەناو سجنەکەشەوە چەندان دەھاتنە دەرەوە. ھەندێک لە زیندانەییەکان تازە دەھاتنە دەرەوە، یەکێکیان کە لە نیزکەوە بینیمان بەتانیەکی سەربازی سەوزی پێبوو کە چوارگۆشەی سپیی تێدابوو، کوڕێکی گەنج بوو بە بیجامەوە ھاتبووەدەر و رادیۆیەک و جانتایەکی بچووکی پێبوو. کەمەکێک ڕیشی ھاتبوو، چلکن دیاربوو. من پێشتر زۆرجار سەرم لەو سجنەی سلێمانی دابوو. لە کۆتایی ھەفتاکاندا، کاتێک مامە بورھانم لە بەغداوە ڕایکرد و بوو بە پێشمەرگە لە ریزەکانی یەکێتیدا، رژێمی بەعس خێزانەکەی مامیان و یەکێک لە مناڵەکانیان گرت و لەو زیندانەدا سجنیان کردن. ئەو ڕۆژگارە بەعس کەسوکاری ئەو کەسانەی دەگرت کە دەچون دەبوون بە پێشمەرگە، ھەندێک لەو ئافرەتانەی کە دەگیران سکیانپڕبو و لەناو زیندانەکانی بەعسدا مناڵەکانیان دەبوو. من ھەفتەی جارێک ژەمێک نان و کەبابم بۆ ئامۆژنم دەبرد و لەبەردەرگای زیندانەکەدا ئەمدایە دەستی پاسەوانەکان تا بیدەن پێی. دواتر کە ئامۆژنم بەربوو ھەواڵی نان و کەبابەکانم لێپرسیی، لە وەڵامدا ووتی ھیچ ژەمە خواردنێکی لەوجۆرەی بەدەست نەگەیشتوە.

رۆژی یەکەمی ڕاپەڕین و لەو بەیانیە زووەدا ئەو زیندانە ئازادکرابوو، بەھەمان شێوەی بارەگاکەی سەرەوە، خەڵک شت و مەکی ناو زیندانەکەیان دەھێنایە دەرەوە و دەبرد. من و بەختیار کەمەکێک وەستاین و لە نزیکەوە سەیری دیمەنەکەمان دەکرد، کاتێک لە شۆستەکەی ئەو بەری زیندانەکەوە تەرمی کەسێکمان بینی بە کوژراوی بەجێھێڵدرابوو، چوینە ئەوبەر بۆئەوەی لە نزیکەوە بیبینین. کواژراوەکە. پیاوێک بوو تەمەنی دەوروبەری چل ساڵێک دەبوو. ئەوانەی لەوێدابوون کەسیان کوژراوەکەیان نەدەناسیی، بەڵام کۆمەڵێک پێنج دنیاریی و دە دیناریی خزێنرابووە ناو کونی لوت و بەینی ددانەکانی پیاوە کوژراوەکەوە، بیست و پێنج دینارییەکیش لەسەر سکی و لەبەینی دوو قۆپچەی کراسەکەیدا بەجێھێڵدرابوو. دیاربوو بکوژەکان ویستبویان پەیامێک لەدوای خۆیانەوە بەجێبھێڵن: ئەم پیاوە لە پێناوی پارە و مادەدا خۆی بەبەعس فرۆشتوە. ئەوە یەکەمین و دواھەمین کوژراوی ئەو رۆژە بوو کە ئێمە بینیمان.

دوای ماوەیەک سجنەکەمان بەجێھێشتو بە شەقامەکەدا چووینە خوارەوە بۆ بەردەرکی سەرا. سەر شەقامەکە و ناو کۆڵانەکانیش زۆر قەرەباڵع بوو، خەڵکێکی زۆر ھاتبوونە دەرەوە و بەو ناوەدا دەسوڕانەوە. لەسەر شەقامەکە ئۆتۆمۆبێلێکی پۆلیسی نەجدمەمان بینی کەوتبووە دەستی خەڵکەکە، ناو ئۆتۆمۆبێلەکە پربوو لە کوری گەنج و ھەموو دەرگاکانی ئۆتۆمۆبێلەکەیان کردبووەوە، بەدەرگای لای شۆفێرەکەشەوە. لە ھەریەکێک لەو دەرگایانەوە کەسێک یان دوو کەس ملی ھێنابووە دەرەوە، تەنانەت دەرگای لە دەرگای لا شۆفێرەکەدا کەسێک لە دیوی دەرەوە لەپاڵ شۆفێرێکەدا دانیشتبوو گۆرانی دەوت و خۆی با ئەدا. ھەموو ئەوانەی لەناو ئۆتۆمۆبێلەکەدابوون گۆرانیان ئەوت. ھەرگیز لە ژیانمدا دیمەنی لەو جۆرەم نەدیبوو، ئەو ھەموو زەلامە چۆن لەناو ئەو ئۆتۆمۆبێلەدا شوێنیان بووبووەوە. دەنگی گۆرانیگوتن و دیمەنی خۆبادانی سەرنشینە زۆرەکانی ناو ئۆتۆمۆبێلەکە سەرنجی ھەموو ئەوانەی ڕاکێشابوو کە لەسەر شەقامەکە بوون، ئۆتۆمبۆبێلەکە ھێندە پڕ و قورس بووبوو خەریک بوو بەشی ژێرەوەی لە زەویەکە ئەخشا. ئەمیش رێک وەک ئەو پیاوەی لێھاتبوو کە موبەریدە گەورەکەی خستبوە سەر پشتیی و سنگی خەریکبوو بەر زەویەکە دەکەوت. ئۆتۆمۆبێلەکە بەخێراییەکی زۆر خاو بە شەقامەکەدا بەرەو بەردەرکی سەرا دەچووە خوارەوە و خەڵکێکی زۆریش لە پێشەوە و لەدوایەوە دەڕۆیشتن. ئێمەش لەگەڵ خەڵکەکەدا بەرەو بەردەرکی سەرا کەوتینەڕێ. لەبەردەرکی سەرا دەنگی تەقەی لای بیناکەی حەسیب سالحی جاران، سلێمانی پاڵاسی ئێستا، دەبیسترا. لەناو قەرەباڵغیەکەی بەردەرکی سەرادا چەند کەسێک دەیانگوت ھیچ نییە ھەمووی یەک دوو کەسێکن لەناو بیناکەدا ماونەتەوە و بەرگریی دەکەن، ئێستا ئەوانیش دەکوژرێن. بەردەرکی سەرا زۆر قەرەباڵغ بووبوو، پڕبوو لە کوڕی گەنج، ژن و ئافرەتی گەنجی لێنەبوو. کاتێک ئێمە گەیشتینە بەردەمی بیناکەی حەسیب ساڵح، ئەوێش ئازادکرابوو. چەندکەسێک لەبەردەمی بیانکەدا حیکایەتی دۆشکەبەدەستێکیان دەگێڕایەوە کە گوایە بەتاقی تەنھا لەسەر بیناکە بەرگرییەکی زۆری کردوە، بەڵام خەڵک لە خوارەوە بۆی چوون و کوشتویانە.

لەگەڵ بەختیاردا لە حەسیب ساڵەحەوە بەرو خوار و ڕوو لە شەقامی سالم، کەوتینە ڕێ. لەلای کارگەی جگەرەکە و ناوەندی وەتەن و کانێسکان، کۆمەڵێک دەزگای ئەمن و ئیستیخباراتی بەعس ھەبوو کە بەدرێژایی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا ترس و بیمێکی زۆریان لەو شەقامەدا چاندبوو. من منداڵ بووم کە بەعس باوکمیان گرت  و لە یەکێک لەو بینایانەدا ماوەیەک ھێشتیانەوە. تا ئێستاش لە بیرمە چۆن بە مەبەستی خۆپاراستن لەو ژمارە زۆرە لە سەرباز و ئەمن و ئیستیخبارات لەو شەقامەدا، من چەندان جار ڕێگاکەی خۆمم گۆڕیوە و بەو بەشەی شەقامی سالمدا نەڕۆشتووم. ئەو بەیانییەی ڕاپەڕین ئەو شەقامە و ھەموو بیناکانی ڕژێم ڕزگارکرابوون. خەڵکێکی زۆر نووسین و فایل و مەلەفیان بەدەستەوە بوو کە ھەموویان لەو بینایانە ھێنابووە دەرەوە. کاتێک کەمەکێک چووینە خوارتر و گەیشتینە بەردەمی مۆزەخانەی سلێمانی، کە لە خوار قوتابخانەی سەناعەی سلێمانییەوە بوو، کورێکی دەمامکدار و چەکدارمان لێپەیدابوو کە ھەم بەختیار و ھەم منی دەناسیی. رووی تێکردین و ووتی تکایە ئێوە ھەوڵبدەن مۆزەخانەکە بپارێزن. بەر لەوەی ھیچ بڵێین کڵاشینکۆفێکی پێداین بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە. من کڵاشینکۆفەکەم لێوەرگرتوو لەگەڵ بەختیاردا لەبەردەم دەرگای مۆزخانەکەدا وەستاین. مۆزەخانەکە دوو دەرگای ھەبوو، یەکێکیان لەسەر شەقامە گشتییەکە بوو، ئەمەیان ئەوە بوو کە من و بەختیار تیادا بە کڵاشینکۆفەکەوە ڕاوەستاین. دەرگاکەی تریان لە کۆمەڵانە فەرعیەکەی خوارەدا بوو، لەوێدا پیاوێکی بەساڵاچوو بە تێڵایەکەوە ڕاوەستابوو. لای ئێمەوە ھیچ کەسێک ھەوڵی نەدا بچێتە ناو مۆزەخانەکە، بەڵام لە کۆمەڵانەکەدا پیاوە تێڵابەدەستەکە ژمارەیەک خەڵکی لە مۆزەخانەکە دوور خستەوە. ئێمە زیاد لە سەعاتێک لەوێدا ماینەوە، بیرم دێت من بە بەختیارم ووت نەمانی دەسەڵات لەشارەکەدا دەشێت دەرگا لەسەر فەوزا و کوشتن و بڕینێکی زۆر بکاتەوە، چونکە لە ساتەوەختی شۆشکردندا تەنھا شۆڕشگێڕەکان چالاک نابن، بەڵکو تاوانبار و چەورە و شەقاوە و پیاوکوژەکانیش چالاکدەبن. شۆڕش لەیەککاتدا دەرگا لەسەر چالاکبوونی ئەم دوو گروپە دەکاتەوە. بەختیار وتی ”لێگەڕێ خەڵک ئازادبێت، دوای ماوەیەکی تر ماکس ڤێبەر بەخۆی دەزگا بیرۆکراسییەکانییەوە دەگەڕێتەوە“. ھەروەھا وتیشی “ئەم ساتەوەختەی ئێمە لە ئێستا تیایدا دەژین ساتەوەختێکی مارکۆزەییە، لە ھێربێرت مارکۆزەوە، درەنگ یان زوو دەچینەوە ناو دونیاکەی ماکس ڤێبەر“. من قەناعەتم بە قسەکان نەبوو، بەڵام چونکە شیعریەتێکی زۆریان تێدابوو لێیان بێدەنگبووم. دوای تێپەڕینی ئەو ماوەیە ئەو کوڕ دەمامکدارەی کڵاشینکۆفەکەی دا بە ئێمە گەڕایەوە و کوڕێکی چەکداریشی لەگەڵ خۆی ھێنابوو. کوڕە چەکدارەکە لە شوێنێکەی ئێمەدا وەستا و ئێمەش کڵاشینکۆفەکەمان دایەوە بە دۆستە دەمامکدارەکەمان.

لەو ماوەیەدا کە ئێمە لەبەردەرگای مۆزەخانەکەدا بووین، خەڵک تا دەھات بەرەو خوارەوە دەڕۆیشت، ھەندێک چەکدار و زۆرینەش بێچەک. سەربازگە سەرەکییەی ناو شار ئازادکرابوو، بەڵام لە ئەمنە سورەکە شەڕ بوو. دەنگی تەقە لەو ناوەدا بەگەرمی دەبیسترا. من و بەختیار دوای بینینی ئەو ھەموو دیمەن و ڕووداوە دەگمەنانە تەواو ماندوو بووبووین، بڕیارمان دا بچین بۆ ماڵی مامۆستا شێرزاد حەسەن لە گردەکەی عەلی ناجی. بەڵام ھەر زوو لە بڕیارەکە پەشیمان بووینەوە و بەرەو بەردەرکی سەرا و شەقامی پیرەمێرد بەڕێکەوتینەوە. نزیک عەسر گەیشتینەوە ماڵی بەختیار لە توی مەلیک.

 

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …