Home / بەشی مێژووی كورد / ئەو زانا کوردەی کە پێش شەرەفخانی بدڵیسی سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کورد و مێژووەکەی نووسی، کێ بوو ؟

ئەو زانا کوردەی کە پێش شەرەفخانی بدڵیسی سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کورد و مێژووەکەی نووسی، کێ بوو ؟

ئەو زانا کوردەی کە نزیکی شەش سەد و پەنجا ساڵ پێش شەرەفخانی بدڵیسی سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کورد و مێژووەکەی نووسی، کێ بوو ؟
سۆران حەمەڕەش
زۆر کەس پێی وایە کە شەرەفخانی بدڵیسی یەکەم مێژوونوسی کورد بووە کە نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر مێژووی کوردی نووسیوە و سەبارەت ڕەچەڵەکی ئەم نەتەوەیە نووسیویەتی. لە ڕاستیدا نزیکی حەوت سەد ساڵ پێش شەرەفخان زانایەکی بێ وێنەی کورد سەبارەت کورد نووسیویەتی لە کتێبێکدا کە بە زمانی عەرەبی لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا نووسراوە. ئەم زانایە ناوی ئەبوحەنیفەی دینەوەریە کە خەڵکی شاری دینەوەری مێژووییە. دینەوەری لە نێوان (٨٢٨ ز-٨٩٦ز) دا ژیاوە و ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبو حەنیفە ئەحمەد کوڕی داودی کوڕی وەنەندی دینەوەری. وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت ناوی باپیری کە وەنەند- ە، هەر کوردی بووە. شاری دینەوەر شارێکی گرنگی ناوچەی سەنتەری دەسەڵاتی میدەکان بووە و ئەم شارە لەسەر ڕێگای ئاوریشم بووە، لەبەر ئەوە ناوەندێکی دەوڵەمەند بووە بە بازرگانی و شوێنی لێکۆڵینەوەی زانست بووە لە ڕابردوودا.

%d8%a6%db%95%d8%a8%d9%88%d8%ad%db%95%d9%86%db%8c%d9%81%db%95%db%8c-%d8%af%db%8c%d9%86%db%95%d9%88%db%95%d8%b1%db%8c

ئەم شارە زۆر جار لە شیعرە کوردیە یارسانیەکاندا باس دەکرێت و لە سەردەمێکدا شارێکی گرنگی کوردستان بووە و سەنتەرێکی ئاینی کوردی بووە. ئەمڕۆ ئەم شارە شتێکی ئەوتۆی لێ بەجێ نەماوە و شوێنەکەی دەکەوێتە نێوان کرماشان و هەمەدانەوە، بەڵام هەر بە ناوە دێرینەکەی و وەک شارۆچکەیەکی بچووک ماوە. چەند کەسایەتیەکی تری دینەوەری کورد هەن کە هەموویان هەمان نازناو بەکاردەهێنن، بەڵام ئەبو حەنیفە لە هەموویان زانا تر و ناسراو تر بووە.
دینەوەری کەسێکی مێژوونوس، ڕووەکناس، کەشناس، ئەستێرەناس، جوگرافیناس، فەلسەفی، ماتماتیکی و زمانەوان بووە. ئەم زانایە کاریگەری زۆری لەسەر زاناکانی سەردەمی خۆی هەبووە و تواناکانی بێ وێنەبوون؛ کتێبی سەبارەت هەموو لایەنێکی زانستی داناوە. خاوەنی چەندین کتێب بووە لە زانستی جیاوازدا. بە داخەوە زۆربەی کتێبەکانی فەوتاون جگە لە دووانیان کە یەکێکیان سەبارەت بە مێژووە، بە ناونیشانی (اخبار الطوال) کە کۆپیەکی لای بەندە هەیە و ئەوەی تریان بەشێک لە شەش بەشی “کتێبی ڕووەک” (کتاب النبات) ی ماوە. یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی بۆ کورد، کە هەتاوەکو ئەمڕۆ بزرە، کتێبێک بووە سەبارەت بە کورد و ڕەچەلەکی کورد لە ژێر ناونیشانی “ڕەچەڵەکەکانی کورد” (انساب الاکراد). بەپێی ئاشناییم بە مێژووی دێرینی کورد، من دڵنیام کە کورد لە ڕابردوودا کتێبی سەبارەت ڕەچەڵەکی خۆی هەبووە بەڵام وەک بەڵگە، کتێبەکەی ئەبوحەنیفەی دینەوەری “ڕەچەڵەکەکانی کورد” (انساب الاکراد) کۆنترین کتێبە کە لە سەدەی نۆیەمی زایین دا سەبارەت بە مێژووی نەتەوەی کورد نووسرابێت.
ناوی هەندێک لە کتێبەکانی:
– کتاب الجبر و المقابلة
– کتاب النبات
– کتاب الکسوف
– کتاب الحساب
– کتاب في حساب الهند
– کتاب الجمع و التفریق
– کتاب الانواء
– اصلاح المنطق
– اخبار الطوال
– کتاب الکبیر و چەندین کتێبی تر
یەکێ لە ئەستێرەناسەکان بە ناوی عەبدولرەحمان سۆفی شیرازی کە نزیکی پەنجا ساڵ لە دوای مردنی دینەوەری، لە سڵی ٩٤٦ ز دا سەردانی شاری دینەوەر دەکات، دەڵێت کە خۆی ژووری ئەستێرەناسی ئەبوحەنیفەی بینیوە و دەگێڕێتەوە کە دەزگاکانی هێشتا لە لایەن قوتابیە بەتەمەنەکانیەوە بەکاردەهێنران و لە ڕاستیدا چەند سەدەیەک دوای خۆی هەر بەکارهاتووە هەتاوەکو هاتنی مەغۆلەکان کە کۆتایی بە گرنگی دینەوەر هێنراوە و بایەخی ئەو شارە دێرینە کوردیەی کەمکردۆتەوە. هەروەها سۆفی شیرازی کە کتێبی کەشناسیەکەی دینەوەری دەبینێت، بە یەکێک لە باشترین کتێب ناوی دەهێنێت لەو بوارەدا.
ئێزەدی دەڵێت یەکێ لەو شتانەی کە سەرنج دەدرێت کە سەرەڕای ئەوەی کە کتێبی ڕوەکەکەی بە زمانی عەرەبی بووە بەڵام ئەبوحەنیفە ناوە کوردیەکانی بۆ ڕوەکەکانی وڵاتەکەی بەکارهێناوە.
واتە کورد نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن زانایەکی خۆیەوە سەبارەت ڕەچەڵەکی نووسراوە لە سەردەمێکدا کە زۆر لە نەتەوە بەناوبانگەکانی ئەمڕۆ هەر ناویشیان لە تۆماری مێژووییدا نەبووە. بە داخەوە ئەم کتێبە بەنرخە هەتاوەکو ئەمڕۆ بزرە و بەدوور نازانرێت کە لە داهاتوودا لە کتێبخانەیەکی وڵاتێکی دراوسێدا ئەم کتێبە یان کتێبی دێرینی تر سەبارەت کورد بدۆزرێتەوە و بە دڵنیایی دۆزینەوەی ئەم کتێبە بەنرخەی دینەوەری، سەردەمێک لە مێژووی کورد ڕوون دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە زۆر مایەی سەرنجە ئەم فەیلەسوف و زانا بێ وێنەیە، ئەمڕۆ کورد بە هیچ شێوەیەک نە ناوی دەهێنێت و نە ئاماژەی پێ دەکات. کە ئەوە بەشێکە لە کێشەی کورد و ئەم نائاشنایییە هەمیشە بۆشاییەکی لە تێگەیشتنی کورد دا دروست کردوە سەبارەت بە ڕابردووی خۆی. بە بۆچوونی من ئەو کارانەی کە ماوەنەتەوە دەبێت لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی سەبارەت بکرێت و بە خوێنەری کورد ئاشنابکرێتەوە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە بابەتێکی پرۆفیسۆر میهرداد ئێزەدی وەرگیراوە و زانیاری زیاتر سەبارەت کەسایەتیە کوردیە مێژووییەکان لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی سۆران حەمەڕەشدا دانراوە.
– ئەو وێنەیەی لای ڕاست کۆپی پەڕەیەکە لە “کتێبی ڕووەک” (کتاب النبات) ی دینەوری زانا و وێنەکەی دەستی چەپ وێنەیەکی خەیاڵیە و پەیوەندی بە ئەبوحەنیفەی دینەوەریەوە نیە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …